گرینگی ئەنجومەنی فیدڕاڵی بۆ کورد و عێراقییەکان

سلێمان مستەفا حەسەن

دوێنێ



سلێمان مستەفا حەسەن

چوارچێوەی دەستوری ئەنجومەنی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران بە هەردوکیان ماڵی یاسادانان پێکدەهێنن، وەک لە ماددەی (٤٨) دەستوری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥دا هاتووە، دەسەڵاتى ياسادانانى فيدرالى لە ئەنجومەنى نوێنەران و ئەنجومەنى فيدرالى پێكدێت.

هەروەها بەپێی ماددەی (٦٥) ئەنجومەنێكى ياسادانان پێكدەهێنرێت كە بە (ئەنجومەنى فيدرالى) ناودەبرێت،  نوێنەرانى هەرێم و ئەو پارێزگايانە لە خۆدەگرێت كە ناكەونە سنوورى هيچ هەرێمێكەوە، پێكهاتە و مەرجەكانى ئەندامێتى و بوارى تايبەتمەندێتى ئەم ئەنجومەنە و هەرچى پەيوەنديدارە بەم بوارەوە بە ياسا ڕێكدەخرێت بە زۆرينەى دوو لە سێى 3/2 دەنگى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران.

لەو دوو ماددەیەی سەرەوە پرسیارێک دێتە پیشەوە، بۆچی تا ئێستا ئەم ئەنجومەنە هەڵنەبژێردراوە؟ ئەی دەسەڵاتی یاسا دانان چۆن کاری کردوە؟ ماددەی(١٣٧) دەستور وەڵامی ئەو پرسیارەی داوینەتەوە کە دەڵیت (كاركردن بە حوكمى ئەو مادانەى تايبەتن بە ئەنجومەنى فيدراليەوە لەهەر شوێنێك لەم دەستوورەدا ئاماژەى بۆ كرابێت دوادەخرێت تا كاتى  دەرچوونى بڕيارێك لە ئەنجومەنى نوێنەرانەوە بە زۆرينەى دەنگى (3/2)ى ئەندامانى لە خولى دووەمى هەڵبژاردنى خۆيدا كە پاش كارابوونى ئەم دەستوورە دەيبەستێت)، بەدەر لەوە ئەنجومەنی نوێنەران لە زۆر پرسی تردا ئیهمالی و خۆشاردنەوەی لەبەرمبەر چەندین ماددەی دەستور کردوە، دادگاکان و ڕای گشتیش بێ دەنگی هەڵبژاردوە .

دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ ئێستا پرۆژە یاساکەی ئەنجومەنی فیدراڵی خراوەتە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی نوێنەران :

لەخشتەی کارنامەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ رۆژی چوراشەممە ٤ /٢/ ٢٠٢٥ پرۆژە یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی خراوەتە بەرنامەی کار بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.

فەلسەفەی دوانەیی ئەنجومەنی یاسادانان یەکێکە لە پایە گرینگەکانی سیستەمی فیدراڵی بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی پێکهاتە و هەرێمەکان و پاراستنیان لە هەژموون و زۆرینە و پێدانی زەمانەت و دڵنیایی بۆ پتەوکردنی بنەمای وەک یەکبوون.

لە نوسیەنەوەی دەستوری عێراقدا کورد هەوڵی زۆری داوە بۆ دەستەبەرکردنی مافە دەستوریەکانی بەڵام لەو سەروبەندەیشدا شیعە زۆر توند بوە بەرامبەر بە مافی پێکهاتەکان، چونکە لایان وابوو بەنەمانی سەدام هاوپەیمانیەتی کورد و شیعە تەواو بوە، هەر چەندە دەستوری عێراق کاری بەو بنەمایە کردوە بەڵام بەداخەوە چوارچێوەی یاسایی ئەنجومەنی فیدراڵی باس نەکردوە و دەسەڵاتەکانی دیارینەکردوە، بەمەش سپاردویەتی بە ئەنجومەنی نوێنەران کە یاسایەکی بۆ دەربکات بە دەنگی زۆرينەى دوو لەسەر سێى 3/2 دەنگى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران.

ئەوەی گرینگە لە دەرکردنی ئەم یاسایەدا:

دەسەڵاتی ئەنجومەنی فیدراڵی، ئایا دەسەڵاتی فیتۆی دەبێت بۆ پرۆژە یاساکان، چۆنیەتی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەن، ڕێژەی نوێنەرایەتی ئەندامانی هەر پارێزگایەک، چۆنیەتی بڕیاردانی ئەنجومەن، ماف و دەسەڵاتی ئەندامانی پارێزگاو هەرێمەکان، دەوری ئەنجومەنی فیدراڵ بەسەر ئەنجومەنی نوێنەراندا، دەوری ئەنجومەنی فیدڕاڵ لە چاودێری و ئەو دەسەڵاتانەی بە ئەنجومەنی نوێنەران دراون لە ماددەی (٦١) دەستور، ئایا بەو پێیەی دەسەڵاتی یاسادانان لە دوو ئەنجومەن پێکدێت هاوبەش دەبێت لە پیادەکردن و بەشداریکردنی ئەو دەسەڵاتانەدا؟ چونکە لە ماددەی (٦٥) دەسەڵاتەکەی داوەتە ئەنجومەن بە یاسا دەسەڵات و پێکهاتەی ئەم ئەنجومەنە رێکبخات.

گرینگی یاساکە بۆ کوردو شیعە و سونە و پێکهاتەکانی تر:

ئەمڕۆ عێراقی دوای ساڵی  ٢٠٠٥ عێراقی هەژموونی شیعەیە، گرنگە بە وەرگرتنی دەرس و پەند لە ڕابردوو زۆرینەی شیعە زەمانەت و دڵنیایی بدات بە گەلی کورد، ئەمەش بەپێدانی دەسەڵاتی تەواو بە ڤیتۆشەوە بۆ هەرێمەکان، لەبەرامبەر زۆرینەی شیعە عێراقێکی ئارامی دەست دەکەوێت، ئەوە بۆ پێکهاتەکانی تریش ڕاستە.

لە لایەکی ترەوە ئەرکی پێکهاتەی سونەشە پشتی داواکاریەکانی کورد بگرێت لەم پرسەدا چونکە لە کۆتاییدا بە قازانجی خۆشیان دەشکێتەوە، بۆیە دەرفەتە بۆ زیندوکردنەوەی هیوای پێکەوژیان و وەک یەکبوون.

لە کۆتاییدا گەر دەسەڵاتی تەواو نەدرێت بەم ئەنجومەنە بۆ دڵنیایی پێکهاتەکانی گەلی عێراق بە گشتی و گەلی کورد بەتایبەتی ئەوا دروست نەکرێت باشترە، چونکە ئەم ئەنجومەنەش دەبێتە باگرانی بەسەر شانی گەڵانی عێراقەوە.

وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە پرۆژە یاسای ئەنجومەنی فیدراڵ خراوەتە بەرنامەی کاری کۆبونەوەی  رۆژی چوراشەممە ٤ /٢/ ٢٠٢٥ پرۆژە یاساکە لە (٢٤) ماددە پێکهاتوە، بۆیە دەبێت بە گرینگیەوە بڕوانینە ئەو پرۆژە یاسایە، زەمانەت و دڵنیایی و پارێزبەندی  لەم یاسایە دەستەبەر بکەین، گرینگە فراکسیۆنە کوردستانیەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن. دڵنیام هەموو دەرگاکان کراوەدەبن بۆ پرسە نیشتیمانیەکان.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار