ئایا چەکدانان بەمانای تەسلیمبوون دێت؟ خوێندنەوەیەک بۆ "پەیامی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی"

شەوکەت حەمەدئەمین

7 كاتژمێر لەمەوپێش



شەوکەت حەمەدئەمین

کۆمەڵگەی ئێمە تێگەیشتنێکی هەڵە و نادروستی بۆ چەمکی بەرخۆدانی ئاشتیانە هەیە، بۆیە چەکدانان بەمانای تەسلیمبوون بە دوژمن لێکدەداتەوە، چونکە لەدیدی کۆمەڵگەی کوردی بەرخۆدان یەک فۆرمی هەیە ئەویش فۆڕمی چەکداری و توندوتیژییە.

بەرخۆدانی ئاشتیانە دوژمن وەک دوژمن دەبینێت تەنها جیاوازی لە ئامرازەکاندا هەیە.

بەرخۆدانی ئاشتیانە ئەو ئامرازانە هەڵدەبژێرێت کە گونجاوترینن لەگەڵ دۆخی گەلێکی لاواز کە بەهۆی ئەو ناهاوسەنگییە زەبەلاحەی لە هاوسەنگی هێزی ئابووری و سەربازی و پەیوەندی دیبلۆماسیدا هەیە، حیساباتی واقیع لەبەرچاو دەگرێت.

بێگومان بەرخۆدانی ئاشتیانە کاریگەرترە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی فاشیست و ستەمکار لەبەر ئەم هۆکارانە:

 

١ــ بەدەستهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی: بەرخۆدانی ئاشتیانە زۆرجار هاوسۆزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕای گشتی بەدەست دەهێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی فشاری نێودەوڵەتی لەسەر دەسەڵاتی فاشیت. بێگومان کۆمەڵگاکان پشتیوانی بەرخۆدانی مەدەنی دەکەن کە بە شێوەی ئاشتیانە بەرەنگاری ستەمکاریی دەبنەوە و خۆیان لە توندوتیژی بەدوور دەگرن و کارەکانیان بە ڕەوا دەزانن.

٢ــ لاوازکردنی شەرعیەتی دەسەڵاتی فاشیست: کاتێک دەسەڵاتی ستەمکار توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە یان هەڵمەتی ئاشتیانە بەکاردەهێنێت، وەک دەسەڵاتێکی ستەمکار و ناڕەوا دەردەکەوێت، ئەمەش شەرعیەتی خۆی لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا کەمدەکاتەوە.

٣ــ یەکێتی کۆمەڵایەتی: بەرخۆدانی ئاشتیانه زۆرجار گرووپه جیاجیاکانی ناو کۆمەڵگه کۆدەکاتەوه و بەرەو ئامانجێکی هاوبەشیان دەبات، ئەمەش هێزی ڕێکخراوەیی و دەسەڵاتیان له ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاریدا زیاتر دەکات. توندوتیژی ناوخۆیی یەکێتی کەم دەکاتەوە لە کاتێکدا بەرخۆدانی ئاشتیانە بەهێزی دەکات.

 

٤ــ پەروەردە و هۆشیاری: بەرخۆدانی ئاشتیانە بەشدارە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لای خەڵک سەبارەت بە مافەکانی خۆیان و گرنگی سەربەخۆیی، ئەمەش بەرخۆدانێکی فیکری دروستدەکات کە پێش بەرخۆدانی سیاسی بێت یان پاڵپشتی دەکات.

٥ــ بەردەوامبوون و زیانی کەم و کاریگەری زۆر: بەگشتی بەرخۆدانی ناتوندوتیژی کەمتر تێچووی هەیە و کەمتر مەترسیدارە بۆ تاکەکان بە بەراورد بە توندوتیژی چەکداری، ئەمەش وا دەکات بۆ ماوەیەکی درێژتر بەردەوام بێت، هەروەها ڕێگە بە خەڵکێکی زیاتر دەدات بەشداری تێدا بکەن.

نموونە مێژووییەکانی وەک سەربەخۆیی هیندستان بە سەرۆکایەتی مەهاتماگاندی و خەبات دژی ڕەگەزپەرستی لە باشووری ئەفریقا بە سەرۆکایەتی نیلسۆن ماندێلا نیشانی دەدەن کە چۆن بەرخۆدانی ئاشتیانە دەتوانێت ئەنجامێکی بەرچاو لە بەرامبەر ڕژێمی فاشیزم و ستەمکاردا بەدەست بهێنێت، ئەگەرچی نەیارەکە لە ڕووی سەربازییەوە بەهێزترە.

لەم ڕوانگەیەوە پەیامی ئاشتی  ڕێبەر ئۆجالان زۆر گرنگە، دەرگا بە ڕووی ئاشتی و دیموکراتیدا دەکاتەوە، بێگومان ئاشتی پێشمەرجی دیموکراتییە، کاتێک ئاشتی بەرقەرار دەبێت دیموکراتی و ئازادی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی لێ بەرهەم دێت. ئەم پەیامە دەرخەری بیری قوڵی ئۆجالان و زیندوێتی بیری ئەو پیشان ئەدات، کە تاکی کورد لە باشوری کوردستان هێشتا ماویەتی لێی تێبگات.

پرسیارێک بۆ ئەوانەی رەخنەیان لە پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالان هەیە لە پەیوەند بە چەکدانان و کۆتایهێنان  بە قۆناغی شۆڕشی چەکداری؛ ئایا دەستکەوتەکانی شۆڕشی چەکداری چین لە کوردستانی باکور؟ ئایا دوای نزیکەی نیوسەدە لە بێبەرهەمبوونی شۆڕشی چەکداری بەس نییە بۆئەوەی بیر لە فۆمێکی  دیکەی خەبات بکرێتەوە؟

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار