خامنەیی: ئەمریکا هەڵەیەک بکات گورزی کوشندەی بەردەکەوێت

یەک هەفتە لەمەوپێش
عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ هەینی، لەمیانی پێشوازیكردنی لە ژمارەیەك هاوڵاتیانی ئێران و بەرپرسان، بەبۆنەی جەژنی نەورۆزو ساڵی نوێی هەتاوی رایگەیاند، لە ململانێی نێوان هەق و ناهەقدا سەرکەوتن بۆ هەقە، بەڵام بەرەی هەقیش باج دەدات و گومان لەوەدا تێدا نییە، ئەم بەرهەڵستكارییە دواجار دەبێتە هۆی شکستی دوژمن و قەوارەی زایۆنی.
عەلی خامنەیی وتیشی: دەبێت ئەمریکییەکان بزانن، بە هەڕەشەکردن لە گەلی ئێران ناتوانن هیچ دەستکەوتێک بەدەست بهێنن، دەبێت ئەوەش بزانن ئەگەر هەر کارێکی خراپەکارانە لە دژی نەتەوەی ئێران ئەنجام بدەن، گورزێکی توندیان پێدەگات.
ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد هەڵەیەکی گەورە لە لایەن سیاسەتمەدارە ئەمریکی و ئەوروپییەکانەوە دەکرێت کە ناوەندەکانی بەرخۆدانی ناوچەکە بە هێزی بە وەکالەتی ئێران دەزانن و سوکایەتییان پێدەکەن. وتیشى: نەتەوەی یەمەن پاڵنەری خۆى هەیە ئێران پێویستی بەوەنییە جێگرەوەی هەبێت.
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە، 15ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر حووسییەکان کرد، پێگەی حووسییەکان لە 6 پارێزگای یەمەن کرانە ئامانج.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە ئێران: "پێویستە دەستبەجێ پشتیوانیکردنی حووسییە تیرۆریستەکان بوەستێت و ئەگەر ئێران هەڕەشە بۆ ئەمریکا دروست بکات، ئەوا ئەمریکا بە بەرپرسیاریان دەزانێت و نەرمیش نابێت".
ئەو هێرشانە لەکاتێکدان، ترەمپ دەستی بە زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر ئێران کردووە، لە کاتێکدا داوای دانوستاندنیش لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە دەکات.
دۆناڵد ترەمپ دوو هەفتە لەمەوبەر رایگەیاند، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی نووسیوە و تێیدا داوای لێکردووە دانوستاندن بکەن.
بەڵام رۆژی شەممە، خامنەیی گوتی: "هەندێ حکومەتی کەڵەگا پێداگری لەسەر دانوستاندن دەکەن، ئامانجی دانوستاندنیان چارەسەرکردنی کێشەکان نییە، ئامانجیان سەپاندنە."
لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ سیاسەتی، "ئەوپەڕی گوشار"ـی لە دژی ئێران نوێکردەوە کە لە خولی یەکەم لە دژی بەکاریهێنابوو.
لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا، ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە.
رێککەوتنەکە لە ساڵی 2015 لە نێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوادا واژۆکرابوو. بە پێی ئەو رێککەوتنە، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵوەشێنرابوونەوە و تارانیش بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار کردبوو.
لەم چەند مانگەی دواییدا، تاران دەستی بە هەوڵی دیپلۆماسی کردووە لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆ ئەوەی کێشە ئەتۆمییەکان چارەسەر بکەن.
