ئەمریکا بۆ ئیسرائیل: حوسییەکان بۆ ئێمە جێبهێڵە

یەک هەفتە لەمەوپێش



 

ئەمەریکا داوای لە ئیسرائیل کردووە حوسییەکان لە یەمەن بۆردومان نەکات و ئەو ئەرکە بۆ ئەوان بەجێبهێڵێت، ئەوەش دواى ئەوەى رۆژى پێنج شەممە دوو موشەک لە یەمەنەوە ئاڕاستەى ئیسرائیل کران.

ڕۆژنامەکانی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت و ئۆرشەلیم پۆستى ئیسرائیلى بڵاویانکردەوە، ئەمەریکا داوای لە ئیسرائیل کردووە خۆی لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر حوسییەکانى یەمەن بەدوور بگرێت، لەکاتێکدا ئیسرائیل تاوتوێى وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەکییەکانى ئەم دواییەى لە یەمەنەوە دەکرد.

بەپێی ئۆرشەلیم پۆست، پێدەچێت ئیسرائیل لەم قۆناغەدا ئەو داوایەی ئەمەریکا قبوڵ بکات و ئەرکەکە بۆ واشنتۆن جێبهێڵێت، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەستپێکردنی هەڵمەتێکی سەربازی گەورەی دژی حوسییەکان ڕاگەیاند.

رۆژی پێنجشەممە، دوو مووشەک لەیەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل کران، ئەوەش بۆ یەکەمجاربوو لە ماوەی دوو مانگدا حوسییەکان ئەو وڵاتە بکەنە ئامانج کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل بەرەنگاریان بووەوە.

رۆژی هەینی ئەمەریکا بە ئامانجگرتنى حوسییەکانى لە یەمەن دەستپێکردەوە، دواى دەستپێکردنەوەى هێرشە مووشەکییەکانی ئەو گروپە بۆ سەر ئیسرائیل.

سەرچاوە خۆجێییەکان لە یەمەن دەڵێن، هێرشەکانی ئەمەریکا باشوری پارێزگای حودەیدەیان لەسەر دەریای سوور کردووەتە ئامانج.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار