ئێران: دانوستانى ناڕاستەوخۆمان لەگەڵ واشنتن پێباشە

یەک هەفتە لەمەوپێش



 

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری عەباس عراقچیی وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە دەڵێت، هەندێک شت هەن پێویستە بگۆڕدرێن، ئەمجا ئێران دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ واشنتندا دەستپێبکات.

لەم مانگەدا تاران نامەیەکی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای پێگەشتووە، تێیدا ماوەی دوو مانگ دیاریکردووە، کە ئێران بتوانێت تێیدا بگەڕێتەوە و گفتو لەبارەی هەوڵە ئەتۆمییەکانی خۆیەوە بکات. دەبێت لەم دوو مانگەدا ئێران خۆی یەکلاییبکاتەوە، ئایا دەتوانێت گفتوگۆ بکات، یان ئەوەتا دەبێت چاوەڕوانی سزای زۆر قورسی ئەمریکا بکات.

عەلی خامنەئیی رێبەری باڵای ئێران لە رووی پرەنسیپەوە ئەنجامدانی گفتوگۆی لەگەڵ ئەمریکادا رەتکردۆتەوە، بەڵام عراقچیی وەزیری دەرەوەیان گوتی ئێران لە ماوەیەکی نزیکدا وەڵامی هەڕەشەکان و ناوەڕۆکی نامەکەش دەداتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە جارێکی دیکە عراقچی گوتی هۆکاری رەتکردنەوەی گفتوگۆ لەلایەن ئێرانەوە، سەرسەختیی ئەم وڵاتە نییە، بەڵکو ئەنجامی ئەزموون و مێژووە، پێش ئەوەی تاران ببێت بە لایەنی گفتوگۆکردن، دەبێت واشنتن سیاسەتەکانی خۆی چاک بکاتەوە.

رؤژى هەینی 21-03-2025، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بە گرژییەکانی ساڵی رابردووی هەتاوی لە ناوچەکە کرد و رایگەیاند، ''ساڵێکی پڕ رووداو بوو و تێچووی زۆرمان داوە، هەڵبەت دەبێت بەو روانگەیەوە سەیری بکرێت کە بەرەی حەق لەو بەرەنگارییانەدا تێچووش دەدات.''
 
عەلی خامنەیی وێڕای ئاماژەدان بە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران گوتی، ''لە بەرەنگاربوونەوەی حەق و ناحەقدا، سەرکەوتن لەگەڵ حەقە، بەڵام ئاساییە، بەرەی حەقیش هەموو کات تێچوو دەدات''.

ساڵی رابردووی هەتاوی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵێکی سەخت بوو، حەسەن نەسڕوڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، ئیسماعیل هەنیە و یەحیا سینوار رێبەرانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و چەندین فەرماندەی پلە باڵای سوپای پاسداران لە شەڕ و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل کوژران، ئەوە جیا لە رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا کە هاوپەیمانی ئێران بوو.
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: ''تێچووەکانی ساڵی رابردوو لە چوارچێوەی سەرکەوتنی کۆتاییدا بوون، راستە چەندین کەسایەتیی ئێرانی، لوبنانیی گەورەمان لەدەستدا و ئەوە کارەسات بوو بۆ ئێمە، بەڵام بۆ سەرکەوتنی حەق بەسەر ناحەقدا ئەم تێچووانە پێویستە.''
 
عەلی خامنەیی گوتیشی، ''گومانتان نەبێت ئەنجامی ئەو خۆڕاگرییانەی خەڵکی ئێران شکستی دووژمنان دەبێت، شکستی رژێمی ناپاک و گەندەڵی زایۆنی''.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار