خامنەیی: پێویستە هەمووان کار بۆ لەناوچوونی ئیسرائیل بکەین

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

ڕێبەری شۆڕشی ئێران رایگەیاند، هەڵوێستەکانمان هەر وەک جارانە، ئەمەریکا و ئیسرائیل هەڕەشەمان لێدەکەن، بەڵام وەڵامی توند وەردەگرنەوە.

عەلی خامنەیی، رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە وتاری نوێژی جەژنى ڕەمەزان لە تاران ڕایگەیاند، ئیسرائیل ئەگەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت جینۆساید دەکات و خاکی وڵاتانی دیکە داگیردەکات، وەک ئەوەی ئێستا سوریای داگیرکردوە.

وتیشی: دەبێت بونی ئیسرائیل لە فەڵەستین بنەبڕ بکرێت و هەموان هەوڵبدەن بۆ نەهێشتنی ئەو قەوارەیە لە ناوچەکە، دوژمنایەتیمان بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا نەگۆڕە.

خامنەیی راشیگەیاند، "ئەمەریکا و ئیسرائیل هەڕەشەمان لێدەکەن، ئێمە هەڵوێستەکانمان هەروەک جارانە، ئەگەر هەر خراپەیەک بەرامبەر تاران بکرێت، بە دڵنیاییەوە وەڵامی بەهێزمان بۆیان دەبێت".

باسی لەوەشکرد، "ئەگەر دوژمنان بەنیازی دروستکردنی فیتنەبن لە ناوخۆی وڵاتەکەمان، ئەوا گەلی ئێران خۆی وەڵامیان دەداتەوە".

ڕێبەری ئینقلاب بە ئاماژە بە سەقامگیریی هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ناوچەکە وتی: هەڵوێستەکانمان سەقامگیرن و دوژمنایەتیی نێوان ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستیش هەر وەک ڕابردووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر بە گفتوگۆ چارەسەرێک بۆ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نەدۆزنەوە، ئەوا "شتی زۆر زۆر خراپ بەسەر ئێران دێت."
 
ترەمپ رۆژی هەینی لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێران لە ریزی سەرەوەی ئەو شتانەیە کە چاودێرییان دەکەم."
 
ترەمپ 12ی ئادار لە رێگەی ئەنوەر قەرقاش، دیپلۆماسی باڵای ئیماراتەوە نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران نارد. 
 
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "بەم دواییانە نامەیەکەم بۆ ئەوان نارد و پێم گوتن، پێویستە بە رێگەیەک لە رێگەکان بڕیار بدەن؛ یان بە گفتوگۆ چارەسەرێک دەدۆزینەوە یانیش شتی زۆر زۆر خراپ بەسەر ئێران دێن. بەڵام من نامەوێت ئەوەی دووەم رووبدات."
 
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها هۆشداریدا: "لە پێگەی هێز و لاوازییەوە قسە ناکەم، بەڵام حەزی گەورەی من ئەوەیە کە لەگەڵ ئێران بگەینە چارەسەر. ئەگەر چارەسەری نەکەین، ئەوا شتی زۆر خراپ بەسەر ئێران دێت."
 
میدیای فەرمیی ئێران رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردەوە، تاران بە فەرمی وەڵامی نامەکەی داوەتەوە.
 
ئاژانسی ئیرنا لە زاری عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، وەڵامی ئێران رۆژی چوارشەممە "بە شێوەیەکی گونجاو لە رێگەی عومانەوە نێردراوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار