وەزیری دەرەوەی ئێران: ئامادەین بۆ وتووێژ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەمان

2 ڕۆژ لەمەوپێش
سەرەڕای هەڕەشەکان و پەرەسەندنی قسە و باسەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئێران پابەندبوونی بە دانوستان دووپاتکردەوە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکیدا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕوونی کردەوە کە وەڵامی تاران بۆ پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ناوەڕۆکەکەیدا یەکدەگرێتەوە و دەرفەتی گفتگۆو کارى دیپلۆماسی پاراستووە.
ناوبراو پێی وابوو کە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنێک کە پابەندی هەڵوێستی دژبەیەک بێت و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز بکات، هیچ سوودێکی نییە.
هەروەها لەبەشێکى دیکەى لێدوانەکەیدا وەزیرى دەرەوەى ئێران ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی ئامادەیە بەردەوام بێت لە گفتوگۆ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و هەڵگرتنی سزاکان، لەسەر بنەمای لۆژیکی دروستکردنی متمانە.
ئێوارەی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە فرۆكە سەرۆكایەتییەكەیەوە، كاتێك پرسیاری ئەوەیان لێكرد ئایا بە پێشنیازی ئێران بۆ گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ ڕازی دەبێت، وەڵامی دایەوە و وتی "باشترە گفتوگۆە ڕاستەوخۆ بەڕێوەبچێت، دەزانم بەرپرسانی ئێران خواستی گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان هەیە، بەڵام دوودڵن و هەست بە لاوازی دەكەن، من نامەوێت لەو دۆخەدا بیانبینم".
وتەكانی ترەمپ لەكاتێكدایە، ئێران ئامادەیی بۆ گفتوگۆ دەربڕیوە، بەڵام ڕەتیدەكاتەوە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەژێر فشاردا ئەنجام بدات.
