لەبەرامبەر بڕیارەكانی ترەمپ عێراق چوار هەنگاو دەگرێتەبەر

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد سەبارەت بە كاریگەرییە ئابوری و بازرگانییەكانی بڕیاری ئەمەریكا سەبارەت بە زیادكردنی باجی گومركی، بڕیاریدا چوار هەنگاو بگرێتەبەر.

بەپێی هەواڵێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، باس لەو رێوشوێنانە كراوە كە ئەمەریكا بۆ باج خستنەسەر كاڵای وڵاتان پەیڕەوی دەكات، كاریگەرییەكانی لەسەر ئابوری جیهان و عێراق تاوتوێ كراوە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی سودانی "داتاكانی وەزارەتی بازرگانی خراوەتەڕوو، كە رێژەی بەرزكردنەوەی باجی گومركی ئەمەریكا لەسەر كەلوپەلی عێراق ئاشكرادەكات، كە لەسەر بنەمای جیاوازی هاوسەنگی بازرگانی نێوان دوو وڵات دیاریكراوە، نەك بەهۆی باجی گومركی عێراق لەسەر كەلوپەلی ئەمەریكی".

"لەرێگەی داتاكانەوە دەركەوتووە زۆربەی هاوردەی عێراق لە كەلوپەلی ئەمەریكی لەرێگەی بازاڕی وڵاتانی دیكەوەیە، ئەویش بەهۆی ئەو سیاسەتەی بەشێك لە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا بەرامبەر عێراق دەیگرنەبەر، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو داتایانە و بۆ گرەنتیكردنی رێرەوی گەشەی ئابوری عێراق، سەرۆك وەزیران فەرمانیدا بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست كە لەبەرژەوەندی ئابوری عێراق بێت". نوسینگەكەی سودانی وا دەڵێت.

یەكەم: كاركردن بۆ گەشەپێدانی پەیوەندی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات، لەرێگەی كردنەوەی دەروازە بۆ دابەشكەران و كۆمپانیا بازرگانییەكانی ئەمەریكا، چالاككردنی بریكارە بازرگانییەكانی عێراق، مامەڵەی ڕاستەوخۆی كەرتە هاوشێوەكان لەگەڵ ئەمەریكا.

دووەم: كاركردن بۆ گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە بانكییەكان لەنێوان كەرتە بانكیی و ئابورییەكانی عێراق و ئەمەریكا، كە بەشێوەیەك بێت بەرژەوەندی ئابوری هەردوولا بپارێزێت.

سێیەم: ئاراستەكردنی تیمی دانوستانكار لەگەڵ لایەنی ئەمەریكی بۆ چاوپێخشاندنەوە بە بنەماكانی بازرگانی لەگەڵ ئەمەریكا، بە ئامانجی باشتركردنی.

چوارەم: وەزارەتەكانی دەرەوە، دارایی، بازرگانی و لایەنی پەیوەندیدار ئەركدار دەكرێن بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئەمەریكی بە ئامانجی گەشەپێدانی پەیوەندی بازرگانی، چاودێریكردنی بازاڕی ئابوری و بەرزكردنەوەی راپۆرتی هەفتانە.

نیوەشەوی چوارشەممە (2ـی نیسانی 2025)، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، بەرزكردنەوەی پێناسی گومرگی و باجی لەسەر زۆربەی وڵاتانی جیهان راگەیاند و رۆژەكەی ناوناو رۆژی رزگاریی و ئازادبوونی ئابوری و بازرگانی ئەمەریكا و زۆرترین پێناسی گومرگی و باجی خستە سەر كاڵا و شمەكی وڵاتانی دەرەوە.

بەپێی بڕیارە نوێیەكەی ئەمەریكا، پێناسی گومرگی و رێژەی باجی 39% دەسەپێنێت سەر كاڵای هەناردەكراوی عێراق بۆ ئەمەریكا، ئەوەش دوەم بەرزترین رێژەیە لەناو وڵاتانی عەرەبی و كەنداودا كە دوای سوریا دێت، كە رێژەی پێناسی گومرگی سەر كاڵای سوریی بە رێژەی 41% دیاری كرد، كەمترین رێژەش كە بۆ وڵاتانی جیهان دیاریكراوە رێژەی 10% دانراوە، كە توركیا و زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی دەگرێتەوە.

لەكاتی راگەیاندنی بڕیارەكەیدا كە لە باخچەی كۆشكی سپی بەڕێوەچوو، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: ئەمڕۆ رۆژێكی مێژوییە، رۆژی رزگاریی ئابوریی ئەمەریكایە، پێناسی گومرگی دەسەپێنین بەسەر ئەو وڵاتانەدا كە گومرگ لەسەر كاڵاكانی ئێمە دادەنێن.

بەپێی بڕیارەكە كەمترین پێناسی گومرگی سەپێنراو بەسەر كاڵاكاندا 10% دەگرێتەوە، بۆ سەر كاڵای چین بە رێژەی 34% و 20% بۆ سەر وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیكەی جیهانیش بە رێژە و بڕی جیاواز.

كۆشكی سپی ئەمەریكا بڵاوی كردەوە، سەپاندنی پێناسی گومرگی بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، قۆنای یەكەم رۆژی 5ـی نیسان و قۆناغی دووەم لە 9ـی نیسانی 2025 دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار