نرخی نەوت زیاتر دابەزی

17 كاتژمێر لەمەوپێش
نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە بە رێژەی 3.5٪ دابەزی و دابەزینە گەورەکانی هەفتەی رابردووی خۆی قووڵکردەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 2 دۆلار و 28 سەنتی دیکە دابەزی و بە 63 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 2 دۆلار و 20 سەنت دابەزی و بە 59 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەر دوو نرخی نەوتی سووکی تەکساس و برێنت لە کەمترین ئاستەکانی خۆیان لە دوای مانگی 4 ـی ساڵی 2021ـەوە مامەڵەیان پێوەدەکرێت.
نرخەکانی نەوت رۆژی هەینی دوای ئەوەی چین بەسەپاندنی 34٪ پێناسی گومرکی وەڵامی ئەمریکای دایەوە، بە رێژەی 7٪ دابەزیبوون.
لە هەفتەی رابردوودا، نرخی نەوتی برێنت 10.9٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 10.6٪ـی بەهای خۆیان لەدەستداوە.
ساتۆرۆ یوشیدا، سەرۆکی بەشی کاڵاکان لە کۆمپانیای راوێژکاریی (راکوتن سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی جیهان بەهۆی شەڕی بازرگانییەوە، گوشاری بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە."
یوشیدا پێیوایە، جگە لەو شەڕە بازرگانییەی کە ترەمپ هەڵیگیرساندووە، پلانی گرووپی ئۆپێک پڵەس بۆ زیادکردنی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕدا، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی نەوتە.
