عێراق: باجى گومرگیى ئەمریکا کاریگەریى لەسەر نەوت نابێت

2 ڕۆژ لەمەوپێش
وەزارەتى بازرگانیى عێراق، رایگەیاند، بڕیارى باج خستنەسەر عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، هەناردەى نەوتى عێراق بۆ ئەمریکا ناگرێتەوە.
پاشئەوەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، حکومەتى عێراقى ئاگادار کردەوە، کە لە 1ـى ئابى داهاتووەوە، باجى گومرگى بەرێژەى لە 30% دەخاتەسەر هەر بەرهەمێکى عێراق، هاوردەى ناوخۆى ئەمریکا بکرێت، وەزارەتى بازرگانیى عێراق، روونیکردەوە، ئەو بڕیارەى ترەمپ، هەناردەى نەوتى عێراق بۆ ئەمریکا ناگرێتەوە و لێخۆشبوونى بۆ کراوە.
رۆژى چوارشەممە، 9ـى تەمموز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، نامەیەکى ئاڕاستەى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق کرد و تیایدا لەبارەى پێناسی گومرگیى ئەمریکا، عێراقى ئاگادار کردووەتەوە، کە واشنتن لە 1ـی ئابەوە باجی گومرگی بەرێژەی %30 بەسەر هەر بەرهەمێکی عێراقدا دەسەپێنێت، کە هەناردەی ئەمريکا دەکرێت، ترەمپ لە دەقی نامەکەيدا ئاماژەی بەوەکردووە، نامەکە هێزی پەيوەندييە بازرگانييەکانی نێوان عێراق و ئەمريکا پيشاندەدات، هەرچەندە ئەمريکا بازرگانييەکی کەمی لەگەڵ عێراق هەيە.
رۆژی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی نامەوە 14 وڵاتی ديکەی ئاگادارکردەوە لە سەپاندنی باجی گومرگی بەرێژەی %40 بەسەر کاڵای هاوردەی ئەو وڵاتانەدا لەنێویاندا بەنگلادیش، ژاپۆن و کۆریای باشوور.
