یونیسێف: بەدخۆراکی لە غەززە گەیشتوەتە ئاستێکی کارەساتبار
.jpg)
24 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕێکخراوى یونیسێفى نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت بارودۆخی غەززە لەوپەڕى خراپتریندایەو هاوڵاتیانى ئەو کەرتە بەدەست برسێتیەو بەدخۆراکیەوە دەناڵێین و ئەوە بەشە خۆراکەی دەچێتە ناو کەرتی غەززە بەس نییە.
ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە خەڵکی کەرتی غەززە بارودۆخیان خراپترینە و ئەوانەی لە بۆمبەکان ڕزگاریان بووە، ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، 2.1 ملیۆن کەس لە 12%ی کەرتی غەززە بەبێ خواردن و ئاوی پاک ماونەتەوە.
هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو، نەخۆشخانەکان لەژێر فشارى زۆرى نەخۆش و منداڵانى بەدخۆراکەوە خەریکە دەڕووخێن و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان لەبەردەستدا نییە.
هەروەها ئاژانسەکە داوای کردووە "گەمارۆکە هەڵبگیرێت و ڕێگە بە UNRWA بدرێت خۆراک و دەرمان بهێنێتە ناوەوە".
هەر لە هەمان چوارچێوەدا سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) ڕایگەیاند کە بڵاوبوونەوەی بەدخۆراکی کوشندە لە نێو منداڵانی کەرتی غەززەدا خەریکە دەگاتە ئاستێکی کارەساتبار.
ڕێکخراوەکە زیادی کردووە، لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی "X"، برسێتی لە غەززە بڵاودەبێتەوە، خەڵک دەمرن، خۆراک بە شێوەیەکی مەترسیدار کەم بووە، ئاوی پاکیش لە خوار ئاستی فریاگوزارییەوەیە.
یونیسێف لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هاوکارییەکان بە توندی سنووردارکراون و دەستڕاگەیشتنیان مەترسیدارە.
سەرچاوە پزیشکییەکان ڕۆژی سێشەممە هەواڵی گیانلەدەستدانی سێ منداڵیان لە کەرتی غەززە بە هۆی بەدخۆراکی و برسێتی ڕاگەیاند، بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی وافا.
دۆخی مرۆیی لە غەززە گەیشتووەتە "ئاستێکی بێوێنەی تێکچوون"، بەپێی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی کەرتی غەززە بۆ چەند ڕۆژێک لە خۆراک بێبەشن.
هەروەها بەرنامەی جیهانی خۆراک پشتڕاستی کردەوە کە نزیکەی ٩٠ هەزار منداڵ و ژن بەدەست بەدخۆراکییەکی توندەوە دەناڵێنن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە کۆتایی مانگی ئایارەوە نزیکەی ٨٠٠ کەس لە کاتی چاوەڕوانی یارمەتیدان کوژراون.
