وەزارەتى داراى: 120 ملیار دینار ڕادەستى بەغداد کرا

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ بڕی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان خێرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق لە هەولێر.
لەڕاگەیەندراوێکیدا وەزارەتى دارایی هەرێم دەڵێت: ڕۆژی سێ شەممە ( ٢١ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ ) بەشی گەنجینەی فیدراڵی لەداهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی ئابی ساڵی ( ٢٠٢٥) کە بڕەکەی (١٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سەدو بیست ملیار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند:"دوێنێ دووشەممە پاش کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ، حکومەتی عێراق بە فەرمی داوای داهاتی نانەوتیی لە هەرێمی کوردستانی کردووە، پاش داواکارییەکە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بانکی منارەی راسپاردووە بۆ کۆکردنەوە و وەرگرتنی داهاتی نانەوتی لە هەر سێ پارێزگاکەوە (سلێمانی و هەولێر و دهۆک) لە ئەنجامدا هەرسێکیان پارەکانیان ناردەووە، بەجۆرێک لە سلێمانی بڕی 48 ملیار و لە هەولێر و دهۆکیش بڕی 72 ملیار دینار ئامادەکراوە و رادەستی بانکی منارە کراوە لە هەولێر.
لەلایەکی دیکەوە بەپێى زانیاریەکان هەر ئەمڕۆ بڕیارى خەرجکردنى مووچەى مانگی ئابى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دەدرێت، بەڵام خەرجکردنى دەکەوێتە سەرەتاى هەفتەى داهاتوو.
هەروەها ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانى، بە زارەکی، تەیف سامى ڕادەسپێرێت بۆ خەرجکردنى مووچەى مانگی ئابى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان و سبەى چوار شەممە لە ڕێگەى ئەمنیداریەتیى ئەنجوومەنى وەزیرانەوە ڕێکارەکانى خەرجکردنى مووچە دەستپێدەکات و بە ئەگەرێکى زۆرەوە ڕەنگە خەرجکردنى مووچە بچێتە ڕۆژى یەکشەممەى هەفتەى داهاتوو.
