بەغدا موچەى مانگى ئابى نارد

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تەمویلی مووچەی مانگی ئاب (هەشت)ـی فەرمانبەران، لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکەیان. 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

تەمویلی مووچەی مانگی ئاب خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.

ڕۆژی یەک شەممە ( ٢٠٢٥/١٠/٢٦ )  ( ٩٤٥،٨١٧،٠٠٠،٠٠٠ ) نۆ سەدو چل و پێنج ملیارو هەشت سەدو حەڤدە ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری

سەرچاوەیەک لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراقیش ڕاگەیاندووە "پارەی پێویستمان لە بەردەستە و هیچ کێشەیەکی سیولەمان نییە. چاوەڕێین وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئاگادارمان بکاتەوە، تا پارەکە بخەینە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان."

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاب (8)ـی ساڵی (2025) کە بڕەکەی 120 ملیار دینار بوو، بە شێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار