لێدان لە کارەبای ٢٤ کاتژمێری

2 كاتژمێر لەمەوپێش



نەریمان سابیر 

کارەبا
خۆشبەختانە لەپاش ڕاپەڕینەوە بۆیەکەمجارە چەند مانگێک بەسەریەکەوە کارەبای هەرێمی کوردستان بووە بە ٢٤ کاتژمێری کە ئەوە مافێکی سەرەتایی و خەونێکی ٣٤ ساڵەی بەدیهاتووی هاوڵاتیانی هەرێمی کورستانە 

دژایەتی کارەبا 
هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی پرۆژەی ڕووناکی لێرەولەوێ هەندێک لایەن بۆ مەرامی سیاسی بەبێ ئەوەی بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاوبگرن دژی پرۆژەکە وەستانەوە بەجۆرێک پشتگیری مۆلیدە و کارەبای ٨ سەعاتیان دەکرد.

کرێی کارەبا 
یەکێک لەو قسە و قسەڵۆکانە لەسەر کارەبای ٢٤ کاتژمێری ئەوەیە گوایە نرخەکەی گرانە.
ئەوەی مەبەستمە لەسەر ئەم بڕگەیە شایەتیەک بدەم بە حوکمی ئەوەی ماوەیەک لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی کارەبا کارم دەکرد چەند پلانێک هەبوون بۆ ئەوەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری دابین بکرێت یەکێک لەوانە دانانی جۆزەی سنووردار بوو سەری نەگرت 

یەکێکی تر لە پلانەکان زیادکردنی نرخی زیاد بەکارهێنانی کارەبا بوو کابینەی حکومی ئەو ئەو کاتە بوێری ئەو بڕیارەی نەبوو بەڵام لەم کابینەیەدا بڕیاری لێدرا. 
ڕاستی بڵێم وەک ماڵی خۆم باسی دەکەم جگە لە پارەی ( پاوەربانک، پاوەر ستەیشن، سۆلارپاوەر و مانگانە نزیکە ٥٠ هەزار دیناری مۆلیدەم دەدا هێشتا کارەبامان ٢٤ کاتژمێر نەبوو بەڵام ئەوە ٣ مانگە کارەبامان بووە بە ٢٤ کاتژمێری و مانگانە نزیکەی ٢٥ هەزار کرێم بۆ دێتەوە، سەرباری هەندێک کەموکوڕی دەتوانرێت بووترێت پرۆژەکە سەرکەوتووە و شایەنی پشتیوانییە نەک دژایەتیکردنی.

لێدان لە سەرچاوەی کارەبا
دواجار دژایەتییکردن و لێدان لە کارەبای ٢٤ کاتژمێری گەیشتە لوتکە و شەوی ڕابردوو هێرشێکی تیرۆرستت کرایە سەر کێڵگەی ‌گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ کە سەرچاوەی سەرەکییە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان بەمەش زیانێکی زۆر بەر کۆگاکانی کێڵگەکە کەوتن و بووە هۆی نەمانی بەشێکی زۆر لە کارەبای هەرێمی کوردستان 

ئەنجام 
زیانلێکەوتووی یەکەم لەو هێرشە تیرۆرستییە و بچڕانی کارەبا، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانن 
نابێت ڕێگەبدرێت وەک هەر کەرتێکی تر کەرتی کارەباش بخرێتە ناو ململانێی سیاسییەوە و پێویستە هەموو لایەک کۆک بن بە هەر شێوەیەک و لە هەر دۆخێکدابێت پارێزگاری لەو دەستکەوتە بکەن و بیبارێزن و شەرمەزارییە بۆ هەر کەس و لایەنێک دژی یەکێک لە گرنگترین کەرتەکانی ژیاری و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بن.

خۆلاسەی کەلام 
دەبێت بزانرێت ئەوەی ڕوویداوە جوڵەی سیاسی بەکردەوەی تیرۆرستی هەڕەشەیە لە ژیان و ئابووری و ئارامی تاک بە تاکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
نابێت هیچ تاکێکی کورد بکەوێتە دۆخی کەری دێزەوە تۆپینی خۆی لەبەر زەرەری ساحێبی بوێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار