وەزارەتی کارەبا: نازانین کەى دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە
کاتژمێرێک لەمەوپێش
پێدانی کارەبا بۆ نزیکەی پێنج کاژێر لە شەو و رۆژێکدا کەم بووەتەوە و زۆرینەی موەلیدەکانیش کار ناکەن. بەرپرسێک لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، چاوەڕێی بەرپرسانی کێڵگەی کۆرمۆر دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی گاز و زیادکردنی کاژێرەکانی کارەبا بە پلەبەندی تاوەکو دەگاتەوە 24 کاژێر.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دۆخی کێڵگەی کۆرمۆر ئاسایی بووەتەوە و زۆرینەی کارمەندان و تەکنیکارانی کێڵگەکە گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان، بەڵام بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا دەستیپێنەکردووەتەوە.
بەرپرسێک لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا لە کۆرمۆرەوە ئاگادار نەکراوینەتەوە کەی ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا دەستپێدەکاتەوە، بۆیە ناتوانین هیچ کاتێکی روون بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبا دیاری بکەین".
شەوی چوارشەممە 26ـی مانگی 11، نزیک کاژێر 11:30، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە، بەهۆیەوە کارەبای نیشتمانی 80% کەمیکردووە.
ئەو بەرپرسەی کارەبا کە ئاگاداری دۆخەکەیە گوتی: "لەگەڵ دەستپێکردنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا، پێدانی کاژێرەکانی کارەبا زیاتر دەبێت، بەڵام بۆ گەڕانەوەی دۆخی ئاسایی بۆ پێش هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، 72 کاژێر پێویستە".
لە دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، پێدانی کاژێرەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی پێنج کاژێر کەم بووەتەوە، بەهۆی کارەبای 24 کاژێریی پڕۆژەی رووناکیشەوە، لە زۆرینەی سەنتەری پارێزگاکان موەلیدەکانیش کار ناکەن.
ئەو کێڵگەیەی هێرشی کراوەتەسەر، ناوەندی سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانە، بەگوتەی ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بۆ رووداو، بەهۆی هێرشەکەوە نزیکەی 80%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان کوژاوەتەوە.
