رەنگدانەوەی ئەنفال لە قووڵایی ویژدانمان

6 ساڵ لەمەوپێش



ئەحمەدی مەلا

ئێمە مێژوویەکی زۆر تێکچڕژاومان هەیە، لەزۆر رووەوە تێکەڵوپێکەڵ کراوە، مێژووی نەتەوە و ئاین لە زۆر جەمسەرەوە یەک دەگرنەوە، لە ناو سیستەمێکی وشکهەڵاتوودا دەژین، دەست لە چی دەدەی شتێکی دیکە بەردەبێتەوە. ئەمە مێژووی ١٤٠٠ ساڵی ئێمەیە. بۆیە "ئەنفال" یش یەک روخساریی نییە، یەک جەستەی نییە، کارییگەرییەکانی پەنهانانە کارلەسەر ئێمە دەکەن. ئەم رووداوە، لە شەڕی "بەدر"ەوە تاکو ئێستا دووپات دەبێتەوە. مێژووی ئەم شەست حەفتا ساڵەی رابورد، بە چەندین بیچم "ئەنفال" دووپات دەبێتەوە و هیچ رێگریی و بەربەستییەکیش دروستنەکراوە تاکو رێگەی دووبارەبوونەوەی لێ بگیرێ : فەرهوود، حەرەس قەومی، ئەنفالەکانی ١٩٨٨ و کردەوەکانی شەنگالی ئەم دواییە، درێژکراوەی "ئەنفالی یەکەمن" کە سوورەتێک لەقورئان بەو ناوەوە نراوە کە لە رووی زمانەوانییەوە واتە "تاڵانکردن"، لە رووی ئەقیدەشەوە دەشێ چەندین لێکدانەوەی بۆ بکرێ، کەچی هیچ لەو لێکدانەوانە نەیتوانی و ناتوانێ رێگە لە کارەساتەکانی جێنۆسایدی ئێزدییەکان بگرێ هەر بۆ نموونە. جگە لە روخسارە هەمەجییەکەی، ئەنفال روخسارێکی دیکەشی هەیە کە دەشێ پێی بگوترێ "سۆفت ئەنفال" کە بوو بە مایەی لە ناو بردنی ئەوەی دیکەی نا موسڵمان؛ لە وڵاتانی وەکو میسر دژ بە قیبتییەکان تاکو ئێستا کار و کردەوەی ناڕەوا دەکرێ، لە عێراق و سوریا دژ بە مەسیحییەکان بە شێوەیەکی نەرم شاربەدەر و دواتر وڵات بەدەر دەکرێن. لە هەموو دزێو و ناشرینتریش ئەوەیە کە هێزی براوە و سەرکەوتوو، دوای لەناوبردنی "بێهێز" شتێکی جودا تر بنیات نانێ. تەنها وێرانەیەکی دیکە دەخاتە سەر وێرانەکان پێشوو ؛ لە ناوبردنی ئەوەی دیکە پرۆژەیەکی رووتە.

لە رووی ئەقائیدیییەوە بەرەورووی گرفتێکی گەورە دەبینەوە، چونکە لە دەقە ئەسڵییەکەی قورئاندا، خودا خۆی وەکو ئەکتەرێک دێتە سەر شانۆی رووداوەکان و گەردنی ئەکتەرە مرۆییەکان ئازاد دەکا و دەیداتە پاڵ خۆی، وەک چۆن لەم ئایەتەدا زۆر بە روونیی دەردەکەوێ :"فَلَمْ تَقْتُلُوهُمْ وَلَكِنَّ اللَّهَ قَتَلَهُمْ وَمَا رَمَيْتَ إِذْ رَمَيْتَ وَلَكِنَّ اللَّهَ رَمَى وَلِيُبْلِيَ الْمُؤْمِنِينَ مِنْهُ بَلاء حَسَنًا إِنَّ اللَّهَ سَمِيعٌ عَلِيمٌ( سورەتی ئەنفال ٨ ئایەتی ١٧)" واتە ئێوە، ئەی باوڕداران، ئەوە ئێوە نین کە دەکوژن، بەڵکو ئەوە خودایە، ئەوە ئێوە نین کە تیر دەهاوێژن بەڵکو ئەوە خودایە...بۆیە، لە رووی ئاینییەوە، مرۆڤ نابێتە لێپرسراو، بەڵکو خودا خۆی بەم کارە هەڵدەستێ. جگە لە سیاقە مێژووییەکەی کە ئایەتەکەی لەمەڕ داڕێژراوە، لە رووداوی دیکە و شوێن وکاتی دیکەدا، جارێکی دیکە فەرهوود کە دژ بە جووەکانی عیراقی سەردەمی شا ئەنجام درا، یەکێکە لەبیچمەکانی ئەنفال، یا دژ بە کوردەکان لە سەرەتای بە ئیسلامکردنیان و دواتر لە سەردەمی سەددام حوسێندا، لە نێوان ساڵانی ١٩٨٨ و ١٩٨٩ هەمان تراژیدی لە ژێر سێبەری هەمان سوورەت دووبارە دەبێتەوە، لە سەرەتای سەدەی بیستەم عوسمانییەکان جێنۆساید دژ بە ئەرمەنییەکان لە ژێر سایەی هەمان ئەقڵییەتدا رووداوێکی دڵتەزێنی دیکە دووبارە دەکەنەوە هتد. سەرهەڵدانەوەی داعش یا پێشتریش ئەلقاعیدە هەر هەمان مێتۆد و لەسەر پێگەی هەمان زیهنییەت کار دەکات، هەمان مێتۆد کارەساتەکان دووبارە دەبنەوە...بە واتەیەکی دیکە ئەنفال بە درێژایی مێژووی ئەم هەزار ساڵە بەسیما و بیچمی جوداوە خۆی دووبارە دەکاتەوە. کەواتە، بە بێ تاوتوێکردنێکی ورد و دروست ئێمە ناتوانین هێزی مەناعە دژ بە دووپاتکردنەوەی ئەنفال لەسەر پێی خۆی راوەستێنین.

پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە چۆن ئەم کردەوەیە ویژدانی ئێمەی جولاند و دەیجوڵێنێ؟ ئەم کارەساتە چۆن لە بواری ئافراندنی ئەدەبی و هونەریی رەنگی داوەتەوە و لە بواری رووبەری دووبارە دوواندنەوەی ئەنفال چۆن دێتەوە مەیدان؟ ئەم پرسیارە، بە بۆچوونی من پەیوەندیی بە بەشی یەکەمەوە هەیە کە لە سەرەوە ئاماژەیەکی خێرام بۆ کرد، واتە بە بێ پێداچوونەوەیەکی شێلگیرانە بۆ سەرجەم کەلەپووری ئاینیی ئێمە، هیچ ئاسەوار و کاریگەرییەکی وا لە ویژدانی ئێمەدا جێناهێڵێ کە رەهەندێکی مێژوویی وەرگرێ و کە بتوانێ ئاسۆی نوێ هەم لە هزرماندا یەکئاڵا بکاتەوە، هەم بەرەو ئایندە هێڵە گشتییەکانمان بۆ بنەخشێنێ. نووسینی رۆمانێک، یا دیوانە شیعرێک، یا سروودێک، یا مۆزەخانەیەک، یا چەند تابلۆیەک بە هیچ شێوەیەک لە ئاستی "کردە تراژیدی ئامێز"ەکە نین. ئەمە وەک ئەوە وایە تووشبوویەکی شێرپەنجە بە حەبی ئەسپرین چارەسەر بکرێ. ئەوەی جێی سەرنجە، ئەم رووداوە دەبێتە بۆنە، وەکو نەورۆز و جەژنی کرێکاران و رۆژی دایکان و هتد لێ دێ، کەچی لە جەوهەردا وا نییە، چونکە ئەم خوێنداچۆڕینە بە دووپاتکردنەوەی بۆنە چارەسەر ناکرێت.  رەنگە نمایشکردنی ئەنفال وەک بۆنەیەکی ساڵانە، جۆرە ئارامییەک ببەخشێتە ویژدانمان، بەڵام دیسانەوە دووبارەی دەکەمەوە ناچێتە ئاستی رووداوەکە.

لە نێو ئەم هاوکێشەیەدا، ئەقڵییەتی باڵادەست خاوەنی مێژووە، خاوەن تێکڕای مێژووە، ئەم خاوەندارییەتە شەرعییەتی ئاسمانی هەیە، ئەمە هاوکێشەیە تاکو رۆژی ئەمڕۆمان تاقە تەفسیر و تاقە خوێندنەوەی دنیای لە لایە. گەر شێلگیرانە و بە بوێرییەوە سەرکۆنەی قڕکردنی ئەرمەنییەکان کرابا، چ لە ئاستی دەوڵەتی تورکیی، چ لە ئاستی نێونەتەوەییدا، ئەودەم دەبوو بە خاڵێکی وەرچەخان، دەبینین دوای سەت و چواردە ساڵ ئینجا وڵاتێکی وەکو ئیتالیا ئەم دەسپێشخەرییە دەکات و جێنۆسایدی ئەرمەنییەکان بە تاوان دەناسێنێ ؛ بەڵام ئەمە زۆر درەنگە، درەنگە لە ئاستی نێوەنەتەویی. ئەگەر دەوڵەتی تورکیی دان بەم جینۆسایدە نەنێت وەک چۆن فەڕەنسییەکان سەبارەت بە وڵاتانی داگیرکراو کردیان ئەوە مەحاڵە ببێ هەنگاوێکی ئەرێنی. واتە دەبێ سەرەتا تاوانبار دان بە تاوانەکەی بنێ بۆ ئەوەی برینی قوربانی بەرەو سارێژبوون بچێ. چونکە "ئەوی دیکە" لە ئەقڵیەتی باڵادەستدا، هەمیشە لە زۆنی دوو و سێ دا دەژی، تەنانەت وەکو نیمچە مرۆڤ سەیر دەکرێ، هەر بۆ نموونە کاتێک ئەولیای چەلەبی لە سەدەی حەڤدە سیاحەتنامەکەی دەنووسێ چۆن باسی ئێزدییەکانی کردووە؟ وەک نیمچە مرۆڤ وەسفی کردوون. زۆرێک لە نووسەرانی موسڵمان، بە سوننە و شیعەیانەوە چۆن باس و وەسفی کوردییان کردووە؟ ئایا نەیانداونەتە پاڵ نەوەکانی جنۆکە و تاکو ئێستاش وەک گوتارێکی باڵادەست ئامادەیی نییە؟ دەبێ پێداچوونەوە بۆ ئەم کەلەپوورە بکرێ و سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی بۆ بکرێ و خاڵەکان لەسەر پیتەکان دابنرێن. دەبێ ئەم کەلەپوورە لەسەرجەمی ئەو خڵتانە پاک بکرێتەوە و لەسەر بنەمای هێزی ئەقائیدیی سەیری مرۆڤ نەکرێ، بەڵکو لەسەر بنەمای جاڕی مافەکانی مرۆڤ کە مرۆڤەکان هەموو یەکسانن، کەلتوور و رەنگی پێست و زمان و ئاین و مەزهەب نابێت بنەماکانی ئەو یەکسانییە تێکبشکێنن، چونکە مرۆڤ سەر بە یەک رەگەزە ئەویش رەگەزی مرۆڤە. ئێدوارد سەعید لە رۆژهەڵاتناسیی پەنجە دەخاتە سەر ئەم برینە، بەڵام ئەو دید و ئەندێشەی رۆژئاوا لە خوێندنەوەی رۆژهەڵاتدا تاوتوێ دەکات، رۆژئاوا چۆن سەیری رۆژهەڵاتی، چۆن ئەندێشەی کردووە ؛  ئێمەش دەبێ بە هەمان مێتۆد تاوتوێی مێژووی ئیسلام بکەین لە خوێندنەوەی ئەوەی دیکەی نا موسڵمان یا غەیرە عەرەب.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار