ئەمریکا بەردەوامە لەهاوکارییە سەربازییەکانی بۆ یەپەگە

لەماوەی پێنج مانگدا دوو هەزارو سەد بارهەڵگری چەک‌و تەقەمەنی نێردراوە بۆ یەپەگە

5 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

لەسەروبەندی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە باکوری سوریا لەنێوان واشنتۆن و ئەنقەرە، هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا هێشتا بەردەوامە بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات و تەنانەت لەدوای ڕووخانی خەلافەتی داعشیش یارمەتییەکان نەوەستاون.

مانگانە دوو بۆ سێ جار دەستەیەکی نوێ لە بارهەڵگر دەنێردرێن بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات کە پێک دێت لە هەمەر، ئۆتومبیلی زرێپۆش، چەک، جبەخانە، هاریکاری لۆجیستی.

لەکۆتایی ئازاری ئەمساڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل دواین پێگەی داعشیان لە شارۆچکەی باغۆز کۆنترۆڵکرد و سەرەتای مانگی نیسانیش ئەمریکا بەفەرمی کۆتایهاتنی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام راگەیاند. سەرەڕای نەمانی داعش لە سوریا بەڵام هاوکارییەکانی واشنتۆن نەوەستاون بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەلەوە بەڕێوەدەبرێت.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سوریا، دوای ڕووخانی داعش نزیکەی دوو هەزارو 100 بارهەڵگەر لەتێکرایی ٢٢ دەستە نێردراون بۆ ئەو ناوچانەی بەدەست هێزەکانی سوریای دیموکراتەوەیە کە زۆربەیان  لەڕێی خاڵی سنوری سمێڵکای نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان گەشتوون.

ئەشتۆن کارتەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە ١٧ی ئازاری ٢٠١٦ واتە ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ئیدارەی خۆبەڕێوبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن یەپەگەوە، لە وەسفی ئەو هێزە چەکدارە کوردییەدا وتی، «سەلماندوویانە کە هاوکار و هاوبەشی ناوازەی ئێمەن لە رووبەڕووبونەوەی داعش، ئێمە سوپاسگوزارین بۆ ئەو هەماهەنگی و هاوکارییە و نیازمان وایە بەردەوام بین لەسەری».

تەنها لە دوو- پێنجی مانگی ئابی ئەمساڵدا نزیکەی ١٧٠ بارهەڵگر لە خاڵی سنوری سمێڵکا و سوەیدییە گەشتوونەتە دەست یەپەگه کە پێک هاتوون لە چەک و تەقەمەنی، جبەخانە، ئۆتومبیلی زرێپۆشی هەمەر، تانک، هاوەن، هاریکاری لۆجیستی.

تورکیا کە لە هەوڵی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارامە بەهاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا لە باکوری سوریا، یەپەگە بە «هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی» هەژمار دەکات و دەیەوێت بەهۆی ناوچەی ئارامەوە لە باکوری سوریا وەدەری بنێت. تا ئیستا بەفەرمی هەردوولا درێژی و قوڵی ناوچە ئارامەکەیان ڕانەگەیاندووە بەڵام واشنتۆن پۆست لە راپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات  واشنتۆن ڕێککەوتنێکی پێشکەش کردووە بە ئەنقەرە کە خۆی دەبینێتەوە لە دروستکردنی ناوچەکە بەدرێژایی ١٤٠ کم و قوڵایی ١٤ کم.

هاندەرەکان لە پشت هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ یەپەگە دوای ڕووخانی داعش ڕوون نییە بەڵام ئاماژە بەوە دەکرێت لەترسی هێرشی تورکیا بێت بۆ سەر باکور و  ڕۆژهەڵاتی فورات کە لەئێستادا ١٤ هەزار سەربازی ئامادەکردووە بۆ هەڵمەتەکە لەسەر سنوور.

هەرچەندە ئەردۆغان مانگی ڕابردوو هەڕەشەی هێرشی کرد بۆ سەر ئەو ناوچانەی بەدەست یەپەگەوەیە بەڵام لە ١٤-١٧ی هەمان مانگ ٤٨٠ بارهەڵگری هاوکاری ئەمریکا گەشتن بەدەستی هەسەدە لە چەک و هەمەر و جبەخانە.

هەروەها لە ڕۆژی ١٠-١٢-١٧ حوزەیران نزیکەی ٣٨٠ بارهەڵگری هاوکاری لەڕێی خاڵی سنوری سمێلکاوە گەشتونەتە ئەو ناوچانەی بەدەست هەسەدەوەیە. مانگی ئایاریش سێ باری جیاوازی هاوکاری سەربازی لۆجیستی بەخۆیە بینیوە بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات و شار و شارۆچکەکانی پارێزگای حەسەکە. هەسەدە لە ٢-٦-١٠ی ئایار زیاتر لە ١٨٠ بارهەڵگری بەدەست گەشتووە. لە ٢٧ی نیساندا ٧٠ بارهەڵگر کە هەڵگری کەلوپەلی جیاوازی سەربازی، ئەمبولانس، کەرەڤان بوون لە هەرێمی کوردستانەوە بەدەست هەسەدە گەشتوون کە لەنێویاندا ١٥ تەنکەری پڕ لە سووتەمەنی بوونی هەبووە. لە ٢٢ی هەمان مانگیشدا نزیکەی ١٠٠ بارهەڵگر گەشتونەتە عامودە و حەسەکە لەکاتێکدا ١٥٠ بارهەڵگر لە ١٩ی نیساندا سنوری سمێلکایان بڕیوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات. نزیکەی ٩٥ بارهەڵگر کە هەڵگری ئۆتومبیلی زرێپۆشبوون لە ١٥ی نیساندا گەشتوونەتە خاکی سوریا کە بەشێکیان بەرەو عەینلعەرەب بەڕێکراون و بەشێکی تریشی بەرەو شارۆچکەی ئەلشەدادی پارێزگای حەسەکە نێردراون. لە ڕۆژانی ٨-٦- ١ ی نیسان نزیکەی ٤٠٠ بارهەڵگر کە هەڵگری هەمەر، تانکی زرێپۆش، چەک، ١٠ تەنکەری سووتەمەنی بوون  بەسەر ناوچەکانی دێرەزوور، شەدادییە، عەینلعەرەب، تەل تەمر دابەشکراون.

هەر بەپێی ئاماری ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە سوریا لە سێ مانگی یەکەمی ٢٠١٩دا هاوکاری بەردەوامی هەسەدە کراوە لەلایەن ئەمریکاوە بە ناردنی سەرباز، هێرشی ئاسمانی، بارهەڵگری چەک و ئۆتومبیلی زرێپۆش، تەنانەت پێشکەشکردنی مەشقی سەربازی بە چەکدارەکانی یەپەگە.

لە جەنگی دژی داعش تەنها ٢٥٠٠ سەربازی ئەمریکی لە سوریا بوونیان هەبوو لەگەڵ ٦٠ هەزار سەربازی  هەسەدە، کە زیاتر ئەمان بەرەی پێشەوەیان گرتبوو بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش. دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ لە کانونی یەکەمی ٢٠١٨ بۆ کشانەوەی لەسەرخۆی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، لەئێستادا تەنها هەزار سەربازی ئەمریکی لە وڵاتەکەدا بوونیان هەیە.

هاوپەیمانی ئەمریکا و یەپەگە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دەستی پێکرد کاتێک یەپەگە لەسەروبەندی گرتنەوەی کۆبانێدا بوو. هێزەکانی ئەمریکا بە هێرشی ئاسمانی هاوکاری یەپەگە بوون لە ئازادکردنی کۆبانێدا. لە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ پنتاگۆن بڕیاریدا ١٢٠ تەن سندوقی پڕ هاوکاری سەربازی لەڕێی ئاسمانییەوە بگەیەنێتە ناوچەکانی ژێر دەستی هەسەدە.

ساڵی ٢٠١٦ هێزەکانی ئەمریکا چەندین مەشقی سەربازیان بە سەربازانی هەسەدە کردووە و چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان ئەنجامداوە لە بەرەکانی پێشەوەی جەزیرە، تێل عەبیاد، ڕۆژئاوای ئەلباب، حەسەکە، ڕەققە.

سەرەتای ٢٠١٧ چەندین تانکی زرێپۆش بەدەست هەسەدە گەشتوون کە ژمارەیان دەگاتە ٥٠ دانە. تاوەکو ناوەراستی تەمووزی ٢٠١٧ ، هەشت هەزار و  ٥٠٠ سەربازی هەسەدە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە مەشقیان پێکراوە و ژمارەی ئۆتومبیلە زرێپۆشەکانیش گەشتوونەتە ٤٠٠ دانە لەگەڵ کەلوپەلی سەربازی. ڕێکخراوی تاوان و گەندەڵی لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە  لە سەرەتای دەستپێکردنی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هەسەدە تا کۆتایی ٢٠١٧، پنتاگۆن بە بەهای دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار چەکی ڕەوانەی ناوچەکانی دەسەڵاتی هەسەدە کردووە.

لە ١٢ی شوباتی ٢٠١٨ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بودجەی تایبەت بە هاوکارییەکانی هەسەدەی بڵاوکردەوە بۆ ساڵی ٢٠١٩ کە دەگاتە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار.

لە نیسانی ٢٠١٩دا و دوای ڕووخانی داعش مایکڵ مولڕۆی، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا پێشبینی مانەوەی درێژخایەنی هێزەکانی ئەمریکای کرد و هەماهەنگی هێزەکانی ئەمریکا و هەسەدەی بە مۆدێلیک وەسف کرد کە دەبێت بەردەوامی پێ بدرێت بۆ داهاتوو وەک هەماهەنگی هێزەکانی ئەمریکا و پێشمەرگە لەدژی سەدام حوسەین یان هاوپەیمانی باکور لە ئەفغانستان دژی بزوتنەوەی تاڵیبان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار