ئەرکە خوداییەکەی تاکە رزگاربووەکەی کۆمەڵکوژی کوردان
«لەبەرچاوی خۆمدا بینیم دایکم دەکوژرێت، نەمتوانی بیپارێزم. دوای ئەوە دوو خوشکم هەر لەبەرچاوی خۆمدا کوژران»
تەیمور عەبدوڵا
5 ساڵ لەمەوپێش
ڕاپۆرتی: بی بی سی
وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا
«لەبەرچاوی خۆمدا بینیم دایکم دەکوژرێت، نەمتوانی بیپارێزم. دوای ئەوە دوو خوشکم هەر لەبەرچاوی خۆمدا کوژران».
تەیمور عەبدوڵا ئەحمەد بیر لەئێوارەی ئایاری ١٩٨٨ دەکاتەوە کاتێک وەک ١٢ ساڵێک، ئەوو چەندەها منداڵ و ژنی دیکە ناچاردەکران بۆ نێو چاڵە بیابان و سەربازە عێراقییەکان دەستڕێژی گولەیان لێدەکردن.
تاوانەکەیان - کوردبوون لەعێراقی سەددام حوسەیندا.
«دڵم لەو گۆڕەدا لەگەڵ دایکم و خوشکەکانمدا مرد».
«رووداوەکانی ڕابردووم وەک پاشڕوان (فلاشباک) بۆ دێتەوە. کاتێک دەخەوم بیری لێدەکەمەوە»، تەیموری ٤٣ ساڵ وادەڵێت کە بەوردی ئەو وێنانەی بیرە چۆن گولەکان دایک و دوو خوشکەکەی کوشتون.
ئەو بڕوایوایە خوشکەکەی دیکەی لەچاڵێکی نزیک ئەواندا کوژراوە. لەئێستادا تەیمور بەدوای دادپەروەریدا وێڵە بۆ کەسوکارەکەی.
ئەو کوشتوبڕانە بەشێک بوون لەکەمپینێکی سزای کۆکراوە کە بە «ئەنفال›› ناسراوە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە دژی گەلی کورد لەباکوری وڵاتەکە. دەسەڵاتدارانی ئەوکات بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کۆتایی بەیاخیگەرییەک دەهێنن دوای ئەوەی هەندێک کورد لەگەڵ دوژمندا یەکیان گرتووە لەکاتی جەنگی عێراق-ئێران لە ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨.
ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ دەڵێت کە زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس کەزۆربەیان مەدەنی بوون لەپاکتاوی سیستیماتیکی نەژادیدا کوژراون، کە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی تێدا بووە. سەرچاوە کوردییەکان ئەو ژمارەیە بەزیاتر لە ١٨٠ هەزار دادەنێن.
لەوکاتەدا تەیمور، دایک و باوکی، لەگەڵ خوشکەکانی لەکوڵەجۆ دەژیان کە گوندێکی دوورە دەست بووەو شوێنی نیشتەجێبوونی نزیکەی ١١٠ کەس بووە کەهەمویان بەشێک بوون لەخانەوادەیەکی گەورە.
«دۆزینەوەی گوندەکەی ئێمە قورس بوو»، تەیمور وای وت. بەڵام ئەو دەشڵێت ئەو کوردانەی هاوکاری ڕژێمەکەی سەددامیان دەکرد هێزەکانی عێراقیان ئاراستەی ئەوێ کرد لەنیسانی ١٩٨٨.
خەڵکی گوندەکە کۆکرانەوەو بران بۆ کەمپێکی سەربازی کەپیاوەکان لەژن و منداڵەکان جیاکرانەوە. ئەوە ئەوکاتە بوو کە تەیمور بۆ دواینجار باوکی بینی.
دوای مانگێک تەیمورو ئەوانی دیکە خرانە نێو بارهەڵگرەوە و بەرەو باشور بردران.
«کاتێک دەرگاکان کرانەوە سێ چاڵم بینی لە تەنیشت یەکەوە. دوو سەربازی عێراقیم بینی کڵاشینکۆفیان پێبوو».
ژن و منداڵەکان - کە هەندێکیان ساوا بوون لەباوەشی دایکیاندا - بەزۆر هێنرانە دەرەوەی بارهەڵگرەکان و دواتر بۆ ناو چاڵەکان.
«لەپڕێکدا سەربازەکان دەستڕێژی گولەیان لێکردین».
گولەیەک بەر قۆڵی چەپی تەیمور دەکەوێت. «گولە لەتەنیشت سەرم، شانم، هەروەها قاچمەوە گیڤەی دەکرد. سەرتاسەری زەوییەکە دەلەرزی. هەموو چاڵەکە پڕبوو لە خوێن. دوو فیشەکی تریش بەر پشتم کەوت، چاوەڕێی مردنی خۆمم دەکرد».
موعجیزە ئاسا تەیمور ڕزگاری بوو، خۆی کرد بەمردوو هەتا سەربازەکان ڕۆشتن. دواتر توانی لەناو لاشەکاندا خۆی بێنێتە دەرەوە و لەشەودا دەرباز ببێت.
لەکۆتایدا چووە خێمەی خێزانێکی بەدەوی کە چاودێریان کردو بەخێویان کرد. بۆ ماوەی سێ ساڵ لەگەڵیان مایەوە هەتا پەیوەندی لەگەڵ چەند خزمێکی کەمی رزگاربووی خۆیدا بەست و گەڕایەوە بۆ باکور [کوردستان]. کە لەوێشدا دەبوو خۆی حەشاربدایە لەترسی دەسەڵاتداران.
ساڵی ١٩٩٦ مافی پەنابەرێتی پێبەخشرا لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو ئێستاش هەر لەوێ دەژی.
ساڵی ٢٠٠٩، دوای ڕووخانی سەددام حوسەین، تەیمور گەڕایەوە بۆ عێراق و ناوچەی کۆمەڵکوژییەکەی دۆزییەوە.
«کاتێک گۆڕەکانم بینی دەلەرزیم، دەگریام»، تەیمور وا دەڵێت.
«پەیوەندیم بەحکومەتی عێراقییەوە کردو پێموتن کە دەبێت ئاگاداربکرێمەوە لەهەر بڕیارێک کە لەبارەی ئەو گۆڕانەوە دەدرێت».
بەڵام لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا دەستیانکرد بەهەڵکەندنی چاڵەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی ئەو. پلانیان وایە لاشەکان لە هەرێمی کوردستان بنێژنەوە.
کاتێک تەیمور لەهاوڕێکانییەوە دەربارەی رووداوەکە دەبیستێت، دەستبەجێ لەئەمریکاوە دەگەڕێتەوە.
تائێستا زیاتر لە ١٧٠ لاشە لە گۆڕەکاندا دەرهێنراون بەڵام تەیمور دەڵێت ئەوانەی گۆڕەکان هەڵدەکەنن ئێسک و پروسکیان بەجێهێشتووە لەگەڵ چەندین کەلوپەل.
لەئێستادا تەیمور لەکێشەدایە لەگەڵ حکومەت و سکاڵای بەرزکردوەتەوە دژیان تا ڕێگریان لێبکات لەهەڵکەندنی گۆڕەکە کەبڕوایوایە لاشەی دایکی و دوو خوشکەکەی تێدایە.
ئەو دەڵێت تەنها کاتێک دەبێت گۆڕهەڵکەندنەکە بەردەوام بێت، ئەوکاتەی رازیدەبن کارەکەیان بە دروستی و «بەڕێزەوە» ئەنجامبدەن لەگەڵ فەراهەمکردنی داواکارییەکانی دیکە وەک دادگایکردنی ئەوانەی بەرپرسیار بوون لەو کۆمەڵکوژییە.
هەروەها تەیمور دەشیەوێت کۆمەڵکوژییەکە بەجیهان بناسێنێت. «دەمەوێت کامێراکان زوومەکانیان نزیک بکەنەوە لەلاشەی ئەو منداڵە بێتاوانانەی کەهەڵوەدای باوەشی دایکیانە رێک پێش ئەو ساتەی تەقەیان لێدەکرێت».
«تەنانەت وێنەی دایک و خوشکەکانم نییە، دەمەوێت لەگەڵ پاشماوەکانیان وێنە بگرم»، تەیمور وا دەڵێت.
بەرپرسانی عێراقی دەڵێن ئەو بابەتە دەکەوێتەوە سەر دەسەڵاتی کوردی تا پەیوەندی بەکەسوکاری قوربانییەکانیانەوە بکەن.
فواد عوسمان تەها، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوەزارەتی شەهیدان دەڵێت دەبێت لەپاشماوەکان بکۆڵنەوە و نیشانەی ناسینەوەی بدۆزنەوە پێش ئەوەی پەیوەندی بەکەسوکارەکانەوە بکەن.
«ئێمە بەڵگە کۆدەکەینەوە و دەینێرین بۆ دادگای تایبەتمەند کەبەرپرسە لە دادگایکردنی ئەوانەی تاوانبارن»، فواد عوسمان وای وت.
تەیمور نیازیوایە لەنزیک گۆڕە بەکۆمەڵەکە بمێنێتەوە تا ئەوکاتەی داخوازییەکانی جێبەجێ دەکرێت.
«هەست دەکەم خودا ویستویەتی لەبەر تاکە هۆکارێک رزگارم بێت. خودا ئەرکێکی گەورەی پێ راسپاردووم و ئەو ئەرکەش ئەوەیە باسی چیرۆکی ئەو کەسە بێتاوان و بەریئانە بکەم کە چیتر ناتوانن خۆیان بدوێن»، تەیمور وای وت.