هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد لە ماوەی دوو هەفتەدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی نرخی هەرسێ جۆرەکەی بەنزین 50 دینار بەرزبوونەتەوە، شارەزایەکی بواری نەوتیش دەڵێت، "ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتریش هەیە". ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی حوزەیرانی 2024، بەهجەت ئەحمەد، شارەزا لە بواری نەوت لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەگەر هەیە نرخی بەنزین لە هەفتەی داهاتووەوە زیاتر بەرزبێتەوە، ئەگەر ئیدارەی سلێمانی رێکاری جدی نەگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین". ئەو شارەزایە وتی، "دەبێت ئیدارەی سلێمانی کار ئاسانی زیاتر بکات بۆ کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی بەنزین لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، هەروەها هاوردەکردنی بەنزین لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان". پێشی وایە، دەبێت پاڵاوگەکانی سنووری سلێمانی ئاستی بەرهەمهێنانی بەنزین زیاتر بکەن، بە تایبەتی لە ئێستادا کە نەوتی خاو زۆرە. ئەو شارەزایەی بواری نەوت هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی بۆ کەمبوونی بەنزین لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان گەڕاندەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە رۆژانی جەژندا گەشتیارێکی زۆر لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتبوونە هەرێمی کوردستان. وتیشی، "هۆکارێکی دیکە ئەوەیە لە ئێستادا وەرزی گەشت لە عێراق دەستیپێکردووە و جوڵەی هاوڵاتییان زیاتر بووە و خواست لەسەر بەنزین زیادیکردووە، بەڵام لە عێراق بەهۆی نرخی پاڵپشتیکراوەوە نرخی بەنزین بەرزنابێتەوە".

هاوڵاتی پیاوێکی تەمەن 33 ساڵ لە شاری سلێمانی کە پیشەی ئاژەڵدارییە تووشی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بووە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ی حوزەیرانی 2024، دکتۆر سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، توشبوویەکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە سلێمانی تۆمارکراوە و تووشبووەکەش پیاوێکی تەمەن 33 ساڵە کە پیشەی ئاژەڵداری بووە. ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە و دۆخی تەندروستیی جێگیرە. جێگای ئاماژەیە، ئەمە چوارەم حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونە کە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و یەکێکیان گیانیلەدەستداوە.

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا 38 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددەی هۆشبەر لە عێراق دەستگیرکراون؛ زۆرترین بازرگانیکردنیش بە ماددەی هۆشبەری کریستاڵە و دواتر کاپتاگۆن دێت. ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی حوزەیرانی 2024، فازڵ غەراوی سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ماوەی سێ ساڵدا 38 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددە هۆشبەرەکانی دەستگیر کردووە. سەبارەت بە ئاماری دەستگیرکراوان و کەرەستە دەستبەسەردا گیراوەکان، جۆرەکەی ئاماژەی بەوەدا، ساڵی 2022، 17 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراوە کە 123 کەسییان بیانی بوون، هەروەها بڕی ئەو کەرەستەیەی دەستی بەسەرداگیراوە نیو تۆن لە هەموو جۆرەکانی ماددەی هۆشبەر بووە، لەگەڵ 18 ملیۆن حەب. ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی 2023، 7 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و 12 تۆن ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیراوە. ئامارەکە بۆ ساڵی 2024 بەم جۆرەیە، 7 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون، هەروەها 12 تۆن ماددەی هۆشبەر و مادەی دەروونی دەستی بەسەردا گیراوە. سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی لەوەکرد، رێژەی مامەڵەکردنی خراپ لە ناوچە هەژار نشینەکاندا گەیشتووەتە 17% و تەمەنی تۆمەتباران لە نێوان 15-30 ساڵی بووە. زۆرترین ماددەی خراپی هۆشبەری بەکارهێنراو لە عێراق بریتی بووە لە کریستاڵ کە 37.3%، بووە، هەروەها کاپتاگۆن 34.35% و جۆرەکانی دیکە 28.35% بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی 2022دا، 5 هەزار تۆن ماددەی هۆشبەر و ماددە دەروونییەکان و 54 ملیۆن حەبی هۆشبەر و 31 هەزار دەرزی و 9 هەزار بوتڵی ماددەی هۆشبەر لەناوبراون. فازڵ غەراوی جەختی کردەوە، لە ساڵی 2023دا بڕی دوو تۆن و 118 کیلۆگرام و 396 گرام ماددەی هۆشبەر، هەروەها چوار ملیۆن و 934 هەزار و 132 حەبە هۆشبەرەکان لەناوبراون. سەبارەت بە ساڵی 2024، سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەوەی خستەڕوو، بڕی 42 کیلۆ و 322 گرام و 380 میلیگرام ماددەی هۆشبەر لەناو براون، هەروەها 772 حەبیش لەناوبراوە. لە کۆتایی قسەکانیدا غەراوی داوای لە حکوومەت کرد رۆژی 26ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی نیشتمانی بۆ خۆپاراستن لە مەترسیی ماددە هۆشبەرەکان دیاری بکات. ئەوەشی گوت، هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ رێگریکردن لە مەترسی ماددە هۆشبەرەکان دەست پێبکات، هەروەها بەهێزکردنی هاوکاری نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و یاسای ماددە هۆشبەرەکانیش هەموار بکرێتەوە.  

هاوڵاتی دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر لە دروستبوونی کێشە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، هەر ئەمڕۆ دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.   ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر لە دروستبوونی کێشە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، هەر ئەمڕۆ دۆخەکە ئاسایی دەبیتەوە. دەشڵێت، بەهۆی پەستانی گازەوە لە کێڵگەی کۆرمۆر ناچار بووین یەکە یەکە، یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بکوژێنینەوە لە ئێستادا دەست بە گواستنەوەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی کارەبا کراوە و لە ماوەی دوو کاتژمێری داهاتوودا، دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.   ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی کێشە تەنیکییەکەی کێڵگەی کۆرمۆرەوە، دوو هەزار مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە، ئەگەر کێشەکان لەلایەن تیمی دانەگازەوە زوو چارەسەر نەکرێن 70%ی کارەبای هەرێمی کوردستان دەکوژێتەوە. جێگەی ئاماژەیە، 30ی تشرینی دووەمی 2023، کارەبای نیشتمانیی سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کوژایەوە و رۆژی دواتر وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، "بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە، کوژانەوەی گشتی لە سیستمی کارەبای هەرێمی کوردستان روویدا.

هاوڵاتی وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، “پارتیمان دەستدەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان". دەشڵیت، "هیوادارین هەڵبژاردنێکى دیموکراسیانە و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت کە ئاکامەکەى لە بەرژەوەندیى خەڵکى کوردستان دابێت". دوای ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، مەحمود محەمەد، وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "پارتیمان دەستدەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان". پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، دواى راگەیاندنى وادەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن سەرۆکى هەرێمى کوردستان، دەستدەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان. دەقی راگەیێندراوی پارتی دیموکراتی کوردستان: لە ساڵى 2022 پارتیمان زۆر هەوڵى دا کە پێش تەواوبوونى وادەى یاسایى پەرلەمانى کوردستان ڕێکارەکانى پێویست بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دەست پێبکرێت، بەڵام بەداخەوە زۆر ئاستەنگ دروستکران، کە ئەو ئاستەنگانە بە زیانى پرۆسەى سیاسى و یاسایى بۆ هەرێمى کوردستان شکانەوە و رەنگدانەوەى خراپیان بەرامبەر دەسەڵات و مافەکانى هەرێمى کوردستان بەدواى خۆدا هێنا. لە دواى ئەوەش هەوڵماندا ئەو پێشنیارانەى هەبوون، بۆ پەرلەمانى هەڵبژێردراو جێبێڵین بۆ چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکى یاسایى کە ئەمەش ڕێگرى لێکرا. بۆیە لە 18ی 3ی 2024 پارتیمان هەڵوێستى خۆى بۆ جەماوەرى تێکۆشەرى کوردستان ڕاگەیاند لەگەڵ دیاریکردن و ئاماژەدان بەو کەموکوڕى و نا دادپەروەریانەى کە هەبوون چ لە مافى پێکهاتەکان هەتا کێشەى پەنجەمۆر و هەوڵى بێبەشکردنى سەدان هەزار کەس لە دەنگدان. ئەمانە و چەندین بابەتى دیکەى پەیوەندار بە رێکارەکانى پرۆسەى هەڵبژاردنەوە، کە دواى ئەم هەڵوێستەى پارتیمان بەشێک لەو تێبینى و کەموکوڕیانە چارەسەرکران و بەشێکیشیان لە چارەسەرکردن دان، هەرچەندە هەموو چارەسەریەکان لەسەدا سەد نەبوون بەڵام بەشێک لە مافەکان بۆ پێکهاتەکانى کوردستان گەڕایەوە و، بابەتەکانى دیکەش بەشێکی باشیان چارەسەرکراون، بۆیە دواى ڕاگەیاندنى وادەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن بەرێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پارتیمان دەستدەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمان. هیوادارین هەڵبژاردنێکى دیموکراسیانە و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت کە ئاکامەکەى لە بەرژەوەندیى خەڵکى کوردستان دابێت. مەحموود محەممەد گوتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان 26-6-2024

هاوڵاتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشوازی لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و دەڵێت، کاتەکە زۆر گونجاوە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ی حوزەیرانی 2024، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەنووسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق رایگەیاند، راگۆڕینەوە لەنێوان کۆمیسیۆن و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەبووە بۆ دیاریکردنی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، لە ئەمڕۆوە دەست بە کارەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی لەو وادەیە هەڵبژاردن بکرێت. جێگای ئاماژەیە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ی حوزەیرانی 2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکایەتیی هەرێم 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کارەباى سلێمانى ئاشکرایکرد، بەهۆى کوژانەوەى گشتى، ناتوانن بەرنامەى دابەشکردنى کارەبا جێبەجێ بکەن و لە ئێستادا فیدەرەکان کوژاونەتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ی حوزەیرانی 2024، غالب مارف بەرێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، كاتژمێر 9:00ی بەیانی ئەمڕۆ لەكۆمپانیای دانە گاز بەهۆكارێكی نادیار كوژاندنەوەی گشتی بەهۆی دابەزینی پەستانی گاز روویداوە و بەو هۆیەشەوە بەرهەمهێنانی كارەبا كەمبووەتەوە و ناتوانرێرت بەرنامەی دابەشكردنی كارەبا جێبەجێ بكەن. ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا زۆربەی فیدرەكان كوژاونەتەوە بە هۆڵەكانی تاقیكردنەوەشەوە تا ئەوكاتەی كێشەی دانە گاز چارەسەردەبێت و بەرهەمهێنانی كارەبا ئاسایی دەبێتەوە

هاوڵاتی دابینیکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان راگیرا و کارەبای گشتیی هەرێمی کوردستان کوژایەوە.  ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ی حوزەیرانی 2024، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژى وەزارەتى کارەبا رایگەیاند، لە کۆمپانیاى دانەغازەوە دابینکردنى سووتەمەنى بۆ وێستگەکانى کارەبا وەستاوە. ئاماژەى بەوەشکردووە، بەهۆى ئەوەوە کارەباى گشتیى هەرێمى کوردستان کوژاوەتەوە و نزیکەى سێ هەزار مێگاوات کارەبا کەمیکردووە. وتیشی، نزیکەی سێ هەزار وات کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەم بووەتەوە.  

هاوڵاتی جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە بەغدا مووچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەکان پێکەوە بنێرێت. ئەمڕۆ سێشەممە، 25ی حوزەیرانی 2024، ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە رووداوی راگەیاندووە، "وەزارەتی دارایی عێراق بە هەمان میکانیزمی مانگەکانی رابردوو، مووچەی هێزە ئەمنییەکان خەرج دەکات". لەمیانەی لێدوانەلەیدا دلێمی ئاماژەی بەوەداوە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە مووچەی مانگەکانی 5 و 6ـی هێزە ئەمنییەکان بەیەکەوە خەرج بکرێن". ئەم داواکارییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە بەغدا مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی خەرجکردووە، بەڵام تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ وادەیەکی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکان دیارینەکردووە.

هاوڵاتی هێزی كۆماندۆی كوردستان ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ سنووری گەرمیان ئەنجامدا و ژمارەیەك حەشارگەی داعشیان لەو ناوچانە خاپوور كرد. ئەمڕۆ سێشەممە، 25ی حوزەیرانی 2024، هێزی کۆماندۆی کوردستان رایگەیاند، "بەپشت بەستن بە زانیارییەكانی تۆڕی هەواڵگریی سەر بە فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان و پشتیوانی هاوپەیمانان بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند تیمێكی شەڕكەری کۆماندۆ لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ سەر ژمارەیەك حەشارگەی داعش لە ناوچەی تاوێرکەوە لە سنووری گەرمیان ئەنجام دا". بەپێی راگەیەندراوەکەی هێزی کۆماندۆ بێت، لە کاتژمێر 2:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی تیمێكی یەكەی هاوەنی هێزەکانیان ژمارەیەك حەشارگەی داعشیان خاپوور كردووە. ئەوەشخراوەتەڕوو، هێزەکانیان دەستیان بە كێوماڵ كردنی ناوچەكە كردووە، كە تیرۆریستان ناو بەناو وەك شوێنی كۆبوونەوە و دانانی پیلانی هێرشكردن بەكاریان دەهێنا، كە ئامانجی سەرەكی ئۆپراسیۆنەكەش خاپووركردنی ئەو شوێنانە بوو. هێزی کۆماندۆ بۆمبێکی چێنراوی تیرۆرستانی لەلایەن تیمێكی (E.O.D)ی كۆماندۆی كوردستانەوە پۆچەڵكردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنەكەش لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی کۆتایی هاتووە.

هاوڵاتی لە شاری دهۆک گەنجێک بە تۆمەتی سووتانی خوشکەکەی دەستگیرکراوە کە ئاگری لە جەستەی خوشکەکەی بەردەواوە و لە %80ی سووتاوە. ئەمڕۆ سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند، کە لە خوشکەکەی داوە و ئاگری لە جەستەی بەرداوە، بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیس بێت، "گەنجەکە دوای رووداوەکە رایکردووە". وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دوای ئەوەی ئەو ژنەیان گەیاندووەتە نەخۆشخانە، دەست بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کراوە، پاش چوار کاژێر تۆمەتبارەکە لە ناحیەی چەمانکێی سەر بە قەزای ئامێدی دەستگیرکراوە". پۆلیسی دهۆک روونیکردووەتەوە، "ژنەکە 80%ی جەستەی سووتاوە و ئێستا لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە بۆئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکرێت". بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیس بێت،  ئەو ژنەی کە سوتێنراوە دایکی سێ منداڵە.

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەستگیرکردنی چەند قاچاخچیەکی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، کە پەیوەندییان بەکەیسی ژێرئاوکەوتنی بەلەمی کەناراوەکانی ئیتاڵیاوە هەبووە، رادەگەیەنێت. ئەمڕۆ سێشەممە، 25ی حوزەیرانی 2024، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پاش بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو تۆمەتبارانەی دەستیان هەبووە لەناردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بەلەمە نوقمبووەکەی ئیتاڵیا، چوار قاچاخچیان دەستگیرکردووە. لە راگەیێنراوەکەی دەزگای ئاسایشدا هاتووە، بە فەرمانی بەڕێز دادوەری ئاسایش، توانراوە ئەمڕۆ چوار تۆمەتباری گەورە قاچاخچیی بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە بەناوەکانی (ح،ح،ع)، (ب،س،م)، (م،ج،أ) و (د،ع،س) دەستگیربکەین. لە رووداوی نقومبوونی ئەو بەلەمەدا 64 کەس گیانیان لەدەستدا، کە بەشێکیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون. راگەیێنراوەکە دەڵێت، دەزگای ئاسایشی هەرێم، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، هەوڵ و بەدواداچوونەکانمان بەردەوامە و لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکان هەر کەسێکیتر ناوی بێت و بەشداربێت لەتاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە ناوخۆ یان لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان، دەستگیردەکرێن و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.   ئاماژەش بەوەکراوە، ئێستا تۆمەتباران بەیاسای ژمارە 28ی ساڵی 2012، دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.

هاوڵاتی بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان کۆببێتەوە و لەسەر سێ بڕگە گفتوگۆ بکات. بڕیارە سبەینێ چوارشەممە، 26ی حوزەیرانی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە و لەسەر سێ بڕگە گفتوگۆ بكات، ئەوانیش پرسی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان و خزمەتگوزارییەکانی كارەبا و رەوشی حاجییانن. لە بڕگەی یەكەمدا رەوشی خزمەتگوزاری كارەبا لە هەرێمی كوردستان و پێشنیازی داشكاندنی رێژەی %50ی پارەی كەڵەكەبووی كارەبا لای هاوڵاتییان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. لە بڕگەی دووەمدا خستنەرووی راپۆرتی وەزارەتی ئەوقاف سەبارەت بە رەوشی حاجییان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. بڕگەی سێیەمیش بریتییە لە بابەتی پەیوەندیدار بە لیستی مووچە و بە بانكیكردنی مووچە و هاوكاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە.  

هاوڵاتی تاوەکو ئێستا کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان چارەسەر نەکراوە و لە چەند رۆژی داهاتووشدا لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانەی بەغدا دەکرێت. ئەمڕۆ سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ 8ی راگەیاند، تاوەکو ئێستا کێشەى مووچەى هێزە ئەمنییەکان چارەسەر نەکراوە. دەشڵێت، لیستى مووچەى مانگى شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا رەوانەى بەغدا دەکرێت. لەبارەى مووچەى مانگى حوزەیرانى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان ئەوەی خستۆتەڕوو، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی ئایاریش نەنێردراوە.    

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، سلێمانی ئەمڕۆ کاتژمێر هەشتی ئێوارە بە کاتی هەولێر پەخشی کەناڵی زووم دەستپێدەکات. بەڕێوبەری تۆڕە میدیاییەکە بە هاوڵاتی گوت، ئەوان کەناڵێکی بێلایەن نین و لایەنگری خەڵکن. رۆژی سێشەممە 25-6-2024، تۆڕی میدیای زووم دەست بە پەخشی تەلەفزیۆنی دەکات و بارەگای سەرەکیی تۆڕەکە لە گەڕەکی کەڕادەی بەغدا دەبێت. هەروەها لە هەولێر و سلێمانیش نوسینگە و ستۆدیۆیان دەبێت. هێمن مەحمود، بەڕێوبەریی گشتی تۆڕی میدیای زووم بە هاوڵاتی گوت، زووم کەناڵێکی ئاسمانیی هەواڵی دەبێت، بەڵام جگە لەوەش، لایەنەکانی کلتوور، ئابووری، وەرزش و تەندروستی بەشێک لە بەرنامە و کارەکانی کەناڵەکە پێکدەهێنن. بە گوێرەی بەڕێوبەری گشتیی زووم، رۆژانە پەخشی راستەوخۆی کەناڵە ئاسمانییەکە لە 8:00ی بەیانییەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 12:00ی شەو بەردەوام دەبێت. لە شەویشەوە تاوەکو بەیانی بەرنامەکانیان دووبارە دەکرێتەوە، واتە 16 کاتژمێر پەخشی راستەوخۆیان هەیە و 8 کاتژمێریش پەخشی ئاسایی دەکەن. هاوڵاتی لەبارەی پۆرتاڵی تۆڕی زوومەوە پرسیاری لە هێمن مەحمود، کرد. پێی راگەیاندین، ماڵپەڕی زووم بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی بەردەست دەبێت بۆ خوێنەران و لە ماوەیەکی نزیکدا بەشی عەرەبیش دەکەنەوە. لەبارەی تۆڕی پەیامنێرانی زوومەوە هێمن مەحمود، گوتی، "ئێمە پەیامنێرمان لە سلێمانی، هەولێر، کەرکوک، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین هەیە". لەبارەی بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە گوتی، لە رۆژئاوای کوردستان لە هەریەک لە شارەکانی قامیشلۆ و کۆبانی پەیامنێریان هەیە. هەر لەبارەی تۆڕی پەیامنێرانی تەلەفزیۆنی زوومەوە هێمن مەحمود، گوتی، لە پلانیاندایە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، باکووری کوردستان، ئێران و تورکیاش پەیامنێر دابنێن. هەروەها باسی لەوەکرد، لە ئەمریکا و ئەوروپا و ژمارەیەک شوێنی دیکەی جیهانیش لە داهاتوودا پەیامنێر دادەنێن و کاریان لەسەری کردووە. ئەو بەڕێوبەرەی زووم بە هاوڵاتی گوت، ئەوان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە هاریکاریی داراییان دەکرێت و یەکێک لەو کۆمپانیا سەرەکیانەش کە هاریکاریانە کۆمپانیای مەعادل زەهەبییە. هاوڵاتی لەبارەی لایەنگیری کەناڵەکەوە بۆ پارتە کوردستانییەکان پرسیاری لە هێمن مەحمود، کرد و لە وەڵامدا گوتی، ئەوان سەر بە هیچ پارتێکی سیاسی دیاریکراو نین. زیاتر روونیکردەوە و گوتی، "ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، ئەوان ئامادەن رێکلام بۆ هەر بەربژێرێکی پەرلەمان و لیستێک بکەن کە خواستی رێکلامکردنی لە زووم هەبێت". لەبارەی بڵاوکراوەی کەناڵەکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڕێوبەری گشتیی زووم گوتی، لە تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییە باوەکانی هەرێمی کوردستان لاپەڕەی تایبەتییان دەبێت و پێشتریش هەر هەیانبووە.