هاوڵاتی وتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، دوو پارتى نوێ ئامادەیى خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربڕیوە. جومانە غەلاى، وتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا تەنها دوو لایەنی نوێ ئامادەیى خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دەربڕیووە". ئاماژەی بەوەشکرد "20 بەربژێرى دیکەى سەربەخۆش ناوى خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە تۆمارکردووە و پرۆسەکەش بەردەوامە و لەناو ئەو حزبانەى بایکۆتى هەڵبژاردنیان کردبوو تاوەکو ئێستا تەنیا پارتى دیموکراتى کوردستان ئامادەیى پیشانداوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، هەروەها تاوەکو ئێستا بەربژێرانى کۆتا ناوى خۆیان بۆ پێنج کورسیى کۆتاکان تۆمار نەکردووە". کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان رۆژى 5ى ئەیلولى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان پێشنیارکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان وادەی هەڵبژاردنی دیارینەکردووە.

هاوڵاتی بڕیارە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام لەسەرەتای ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی ئایاری هێزە ئەمنییەکانى هەرێمی کوردستان دابەشبکرێت. بەپێی زانیارییەکان بێت، لیستى مووچەى مانگی ئایاری هێزە ئەمنییەکانى هەرێمی کوردستان هەموو رێکارەکانى بڕیوە و بڕیارە لەگەڵ دەستپێکردنەوەى دەوامدا پارەکە بنێردرێت و دەست بە دابەشکردنى مووچەکانیان بکرێت. دابەشکردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بەهۆی ئەو کێشانەی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵییەوە بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دروستکران بۆ زیاتر لە دوو مانگ دواکەوت، پێش جەژن مووچەی مانگی چواریان وەرگرت.  

هاوڵاتی لە قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر کەسێک هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی دراوسێکەی و تەقەی لێدەکات و برینداری دەکات، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی و مانەوەی بۆ چەند کاتژمێرێک بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.  بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 21ی حوزەیرانی 2024، له‌ قه‌زاى خه‌بات له‌ هه‌ولێر هاوڵاتییه‌ك به‌ چه‌ك هه‌ڵیكوتاوه‌ته‌سه‌ر دراوسێكه‌ى و ته‌قه‌ى لێكردووه‌، له‌ ئه‌نجامدا به‌ سه‌ختى بریندار بووه‌ و براوەتە نەخۆشخانە. بەپێی زانیارییەکان، ئەوکەسەی برینداربووە ئەمشەو به‌هۆى سه‌ختى برینه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانى له‌ده‌ستدا، هەر به‌پێى زانیارییه‌كان "تۆمه‌تبار و قوربانییه‌كه‌ به‌ ره‌گه‌ز نێرن و هۆكارى رووداوه‌كه‌ شه‌ڕى نێوان منداڵى هه‌ردوو خێزانه‌كه‌یه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوو مانگ پێش ئێستا".

هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ گەنجێکی تەمەن 21 ساڵان کە خەڵکی شنگالە لە رووباری خابووردا خنکا و تەرمەکەی دۆزرایەوە. ئەمڕۆ هەینی 21ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی شارستانیی زاخۆ لە راگەیەندراوێکدا کە بۆ هاوڵاتی نێردراوە رایگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی چەمسیرمۆی رۆژهەڵاتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، گەنجێکی ئاوارەی شنگال بە ناوی (ف، ش، ا) تەمەن 21 ساڵان لەناو رووباری خابووردا خنکا". ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەو گەنجە دانیشتووی کەمپی چەمشکۆیە و تەرمەکەی لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە دۆزراوەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە".

هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ، لە سنووری هەورامان و بەرزاییەکانی تەتە تەقە لە کاروانێکی کۆڵبەران کراوە و کۆڵبەرێک کوژرا. بەپێی هەواڵێک کە بە هاوڵاتی گەیشتووە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی 21ی حوزەیرانی 2024، هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە سنووری هەورامان و بەرزاییەکانی تەتە، تەقەیان لە کاروانی کۆڵبەرەکان کردووە کۆڵبەرێک کوژراوە. هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو کۆڵبەرەی کوژراوە ناوی "ئەرکان محەمەد"ە بە ئەرکان بالوسە ناسراوە و خەڵکی ئاوایی جەلیلەی سەر بە شاری مەریوانە.

هاوڵاتی بەگوێرەی ئامارێکی دەزگای لوتکە، لەماوەى 10 ساڵى رابردوو 591 کۆچبەر بوونەتە قوربانى، کە 343 کۆچبەریان گیانیان لەدەستداوە و 248 کەسى دیکەش بێسەر و شوێنن. ئەمڕۆ هەینی 21ی حوزەیرانی 2024، بەگوێرەى ئامارى دەزگاى لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران کە خستوویەتیەڕوو رایگەیاند، ئەوانەى تەمەنیان لەسەروو 18 ساڵییەوەیە، لە ساڵى 2015 تاوەکو کۆتایى مانگى ئایارى ئەمساڵ، 750 هەزار و 498 کۆچبەرى عێراقى بە هەرێمى کوردستانیشەوە گەیشتوونەتە وڵاتانى ئەوروپا و داواى مافى پەنابەرێتییان لەو وڵاتانە کردووە. دەشڵێت، لەماوەى 10 ساڵى رابردوودا 750 هەزار کۆچبەرى عێراقى بە هەرێمى کوردستانیشەوە گەیشتوونەتە وڵاتانى ئەوروپا. سەبارەت بە گیان لەدەستدان و بێسەر و شوێنبوونی کۆچبەران ئەوە خراوەتەڕوو، لەماوەى 10 ساڵى رابردوودا 591 کۆچبەر بوونەتە قوربانى کە 343 کۆچبەریان گیانیان لەدەستداوە و 248 کەسى دیکەش بێسەروشوێنن. لەم بارەیەوە ئارى جەلال، سەرۆکى دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران وتی، کۆچبەرانى عێراق بە هەرێمى کوردستانەوە بەردەوامن لە کۆچکردنیان بۆ دەرەوەى وڵات و گەیشتن بە وڵاتانى ئەوروپا". جێگای ئاماژەیە، هەفتەى رابردوو نزیکەی 20 کۆچبەرى کورد لە نقومبوونی دوو یەختدا لە نزیک کەناراوەکانى کالابریای ئیتاڵیا گیانیان لەدەستدا. بەگوێرەى پێشبینییەکانى دەزگاى لوتکە، چاوەڕواندەکرێت 75 هەزار کۆچبەرى دیکە لەمساڵدا لە رێگەى یۆنانەوە بگەنە وڵاتانى ئەوروپا.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی 21ی حوزەیرانی 2024، مەریوان کەریم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ رایگەیاند، لە رۆژانی جەژندا هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازەکەیان بەردەوام بووە و 20 هەزار کەس هاتوچۆیان کردووە. دەشڵێت، لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا 15 هەزار کەس لە دەروازەکەیانەوە چوونەتە ئێران. ئاماژەی بەوەشدا، لەو 20 هەزار کەسە، پێنج هەزار کەسیان لە وڵاتی ئێرانەوە لە دەروازەکەی ئێمەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و 15 هەزار کەسەکەی دیکە چوونەتە ئەو وڵاتە.

هاوڵاتی لە سلێمانی نرخی هەر سێ جۆری بەنزینی نۆرماڵ و موحەسەن و سوپەر گۆڕانکاری بەسوردا هاتوو هەریەکێکیان 25 دیناری خرایە سەر. ئەمڕۆ هەینی 21ی حوزه‌یرانی 2024، نرخی هەسێ جۆرەکەی بەنزین لە سلێمانی 25 دیناری خراوەتە سەر، بە جۆرێک بەنزینی نۆرماڵ بوە بە 825 دینار و موحەسەن بە 1025 دینار و سوپەریش بە 1175 دینارە. بەپێی چەند سەرچاوەیەک هۆکاری گرانبوونی نرخی بەنزین بۆ رۆژانی جه‌ژنی قوربان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ خواستێكی زۆر له‌سه‌ر به‌نزین هه‌بووه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی بڕه‌كه‌ی. جێگای ئاماژەیە، چەند رۆژێکش پێش ئێستا لە هەولێر و دهۆک نرخی بەنزین 50 دیناری چوەته‌سەر.

هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی 21ی حوزەیرانی 2024، محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا راگەیاند، دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ ئێران توانی ئەو بەستەلەکە بتوێنێتەوە. سەرۆکی پارتی سۆسیالست دەڵێت، دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەڕێم بۆ ئێران توانی ئەو بەستەلەکە بتوێنێتەوە کە ماوەیەک بوو لە پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان هەستی پێدەکرا.  وتیشی، ئەو پێشوازییەی ئێران لە سەرۆکی هەرێمی کرد، وە بینینی ڕەهبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دڵنەوایی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بەتایبەت بۆ بۆردومانکردنی ماڵی پێشرەو دزەیی، چونکە بۆ بەشێک لە سەرۆکی وڵاتانی تر ئاسان نیە ڕەهبەری کۆماری ئیسلامی ببینن بەڵام بینیمان سەرۆکی هەرێم چۆن پێشوازی لێکراو و بینی. ئاماژەی بەوەشدا، بە دڵنیاییەوە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ تاران هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی لە 10ی حوزەیارن دواخست، چونکە وەک دەزانرێت ماوەیەکی زۆر کێشە هەبوو لەناو هەرێمدا لەسەر بابەتی هەڵبژاردن وە بەغداد و کۆمسیۆنیش سوربوون لەسەر هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا. دەشڵێت، کە سەرۆکی هەرێم سەردانی تارانی کرد، هێشتا لە ئێران بوو کە لە بەغدادەوە هەڵبژاردن دواخرا و وە کۆمسیۆنیش ئەو پۆستەرانەی ناردی بۆ ئیمارات لە چاپکردنی وەستاندی. دەربارەی سەرەوەری عێراق و پاراستنی لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت” ئێستا عێراق وەکو دەوڵەت وجودی نیە و سەروەری نیە، گەورەترین بنکەی سەربازی تورکیا لە بەعشیقەیە ڕۆژانە فڕۆکە و ئۆتۆمبێلی سەربازی هاتووچۆ دەکەن، لە هەر وڵاتێکدا یەک سەربازی ئەو وڵاتە لە وڵاتێکی تر بێت و سنوری بەزاندبێت، سەرۆکی وڵاتی داگیرکار پێشوازی لێناکرێت تا نەکشێتەوە، کەچی عێراق شەش مانگ حەفلەی کرد لەبەرئەوەی ئەردۆغان سەردانی کرد”.

هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، رەحمان خانی بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێم رایگەیاند، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاستی ئاو لە بەنداوەكانی هەرێم لە ئەمساڵدا زیاترە. دەشڵيت، لە بەنداوی دوكان ئاستی ئاو پێنج مەتر زیاترە، لە دەربەندیخان 6 مەتر لە دهۆك 13 مەتر و نیو بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاترە و بەشێك لە بەنداوە بچووکەكانیش پڕبوون. ئاماژەشی بەوەکرد، ئومێدەوارین بەپێی ئەو پلانەی دانراوە بتوانین ئەمساڵ بڕی ئاوی پێویست بۆ هاوڵاتییان دابینبكرێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی رەوتی بەرەی گەل رایگەیاند، هاوڵاتییان لەبەر نائومێدیان لەم دەسەڵاتە ڕێگەی مەرگ دەگرنەبەر و کاتی ئەوەیە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە گۆڕانکاری دروست بکەن.  لاهور شێخ جەنگی وتی، هەبوونی خەلەلێک وادەکات هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان سەر هەڵگرن و ئەم وڵاتە بەجێ بهێڵن. دەشڵێت، دەبێت لەمەودوا خەڵک هۆشیار بێتەوە، چیتر بەم شێوەییە نەژی و کاتی ئەوە هاتووە گۆڕانکاری بکەن دژی ئەم دەسەڵاتە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، تا دێت هەڵبژاردن شەرعیەت لەدەست دەدات ئەوەتا بەچاوی خۆمان دەی بینین ڕۆژانە چەندین کەس ڕێگای مەرگ دەگرنەبەر و لەبەر نائومێدیان لەم وڵاتە دەڕۆن.    

هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێم چەند ڕێنماییەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەبارەت خۆپارێزی هاوڵاتییان لە هاتنی وەرزی هاوین و گرتنەبەری خۆپارێزی بۆ ئەوەی دووربن لە رووداوی نەخوازراو. بۆ رێگریکردن لە ئەگەری روودانی سووتانی ئۆتۆمبێل لە وەرزی هاویندا دەڵێت، کە لە کاتی وەستانی ئۆتۆمبێلدا، نابێت چەند کەرەستەیەک لەناو ئۆتۆمبێلدا جێبهێڵرێن، وەک، خواردنەوە گازییەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە، چەرخ، بتڵی ئاو، بۆن، پاوەربانک و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بە گشتی. ئەوەشی خستەڕوو، لەکاتی وەستانی ئۆتۆمبێلدا، پێویستە کەمێک جامی ئۆتۆمبێلەکە بکرێتەوە، هەروەها تانکی سووتەمەنیش پڕنەکرێت و تایەی ئۆتۆمبێلیش زیاد لەپێویست پڕهەوا نەکرێت، بەتایبەتی لەکاتی گەشت و رێگا دوورەکاندا. دەشڵێت، بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی شلەمەنی لە لەشدا، پێویستە بڕێکی زۆر لە ئاو و شلەمەنی بخورێتەوە و بەکارهێنانی چەتری پارێزەر لە تیشکی بەتینی خۆر دروستترین ڕێکارە بۆ سەلامەتیی پێستی مرۆڤ. جەخت لەوەشکراوەتەوە، لەبەر تیشکی خۆردا بتڵی غازی چێشتلێنان دادەنرێت، هەروەها پێویستە دڵنیابنەوە لەوەی سویچی کارەبا لۆدی زۆریان لەسەر نەبێت، ئامێری فێنککەرەوە تەنیا لە شوێنی پێویستدا کاربکات و وایەرەکانی کارەبا لۆدی زیاد لە توانای دیاریکراوی خۆیان نەخرێتە سەر و تەقسیمی کارەبایی بۆ چەند ئامێرێک بەکار نەهێنرێت. لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە، داوا لە هاووڵاتیان دەکات، کە لە ئەگەری روودانی حاڵەتی نەخوازراودا پەیوەندیی بکەن بە ژمارە 115ی کۆنترۆڵی بەرگریی شارستانییەوە.

هاوڵاتی بە هۆکاری سووتانی 500 دۆنم پووش و پاوان و زیانگەیاندن بە نزیکەی 60 هەزار دار هاوڵاتییەک لە ناحیەی عەربەت دەستگیرکرا. ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، "لە ئەنجامی ئەم ئاگرەی کەوتەوە لە سنووری گوندەکانی (وێلەکەو دەربەندفەقەرە) لە سنوورى ناحیەی عەربەت 500 دۆنم پووش و پاوان سووتاوە و بەپێی زانستی دارستان هەر دۆنمێک 120 داری سروشتی تێدابووە کەبووە بەهۆی زیاندگەیاندن بە 60 هەزار داری سروشتی". ئاماژە بەوەکراوە، "دوای ئاگادارکردنەوە لەبوونی کەوتنەوەی ئاگر لە سنووری ئاماژەبۆکراوی سەرەوە دەستبەجێ مەفرەزەیەک لەکارمەندانی (بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت) گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە بەمەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکەو بەدواداچوون بۆ هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەکاتی ڕووداوەکە هاوڵاتییەک بە تۆمەتی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستگیرکرا". ئەوەشخراوەتەڕوو، "سەرەنجام بەهاوکاری (تیمی فڕۆکەوانی پارێزگای سلێمانی ) و بنکەکانی بەرگری شارستانی (عەربەت + ئازادی + تانجەرۆ ) و هاووڵاتیانی سنوورەکە توانرا ئاگرەکە لەماوەی چوار کاتژمێر کۆنترۆڵ بکەن". لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە لە بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی".

هاوڵاتی رۆژی چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، ژمارەی ئەو حاجیانەی کە بە هۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 922 کەس، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە حاجییەکانیش بێسەروشوێنن و بنەماڵەکانیان نیگەرانن. دیپلۆماتێکی عەرەب بە پەیامنیری فەرەنسای راگەیاندووە، "1400 حاجی خەڵکی میسر بێسەروشوێنن و لەو ژمارەیە 600 کەسیان گیانی لە دەستداوە و پێش بینی دەکرێت ژمارەی حاجییە میسرییەکان کە گیانیان لە دەستداوە زۆر زیاتر بێت". بەشی زۆری ئەو حاجیانەی لە حەجی ئەمساڵدا گیانیان لە دەستداوە، بە ڤیزەی حەج سەردانی سعودیەیان نەکردووە.  جگە لە میسر، ژمارەیەکی زۆر حاجی لە مەراسیمی حەجی ئەمساڵ گیانیان لە دەستداوە، لە ئەمساڵدا 19 حاجی لە هەرێمی کوردستان گیانیان لە دەستداوە. هەروەها 11 حاجی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لە دەستداوە. 68 حاجی خەڵکی هێندستان، 20 حاجی خەڵکی ئەردەن، هەروەها ژمارەیەک حاجی لە وڵاتانی ئەندۆنزیا، توونس، سەنگال گیانیان لەدەستداوە. ساڵی رابردوو 200 حاجی لە مەراسیمی حەجدا گیانیان لە دەستدا کە زۆربەیان خەڵکی ئەندۆنوزیا بوون.

هاوڵاتی ئەمڕۆ لە رێگەی نێوان شاریا و چیای زاوا لە سنووری پارێزگای دهۆک تەرمی پیاوێک لە ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزرایەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، لە رێگەی نێوان شاریا و چیای زاوا لە سنووری پارێزگای دهۆک تەرمی پیاوێک لە ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزرایەوە و هێزە ئەمنییەکان چوونە شوێنی رووداوەکە. بەپێی زانیارییەکان بێت، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی "ئەحمەد حەیدەر ئیلیاس"ە و تەمەنی 70 ساڵە، خەڵکی شنگالە، بەڵام دانیشتووی ناحیەی فایدە بووە، دوای سێ رۆژ لە بێسەروشوێنبوونی، تەرمەکەی دۆزراوەتەوە. هەروەها بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بێت، ئەو هاولاتییە بەهۆی جەڵتەوە گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە.