هاوڵاتی وهزارهتی خوێندنی باڵای فیدراڵی، نووسراوێكی فهرمی دهركرد، تێیدا به گوێرهی پرنسیپی چۆن مامهڵهم لهگهڵ دهكهیت ئاوا مامهڵهت لهگهڵ دهكهم، دانپیانانی به زانكۆ و كۆلیژه ئههلییهكانی ههرێمی كوردستانی ههڵوهشاندهوه. ئهمڕۆ ههینی 14 حوزهیرانی 2024، لیژنهی خوێندنی باڵا له پهرلهمانی عێراق، هۆكارهكانی دانپێدانهنانی به زانكۆ و پهیمانگه ئههلییهكان له ههرێمی كوردستان ئاشكرا كرد. لهم بارهیهوه حهیدهر ئهلمهتێری ئهندامی لیژنهی وهزارهتی خوێندنی باڵا له پهرلهمانی عێراق، له لێدوانێكیدا بۆ "بهغداد ئهلیوم" رایگهیاند،"له ماوهی رابردوودا، لیژنهكهمان پهیوهنیدی كرد به یاریدهدهری ئهمینداری وهزارهتی خوێندنی باڵا بۆ كاروباری زانستی، بۆ زانینی ئهو هۆكارانهی وایكردووه، وهزارهتی خوێندنی باڵا له عێراق، دان به زانكۆ و پهیمانگه ئههلییهكانی ههرێمی كوردستاندا نهنێت. ئهمەش لە کاتێکدایە، دوای ئهوهی ماوهی دوو مانگه، له لایهن خوێندكارانی پارێزگا جیاوازهكانی عێراقهوه، داواكاری و سكاڵایهكی زۆر لهسهر ئهو بابهته گهشتووهته لیژنهكهمان". حهیدهر ئهلمتێری ئەوەیخستۆتەڕوو، وهزارهت وهڵامی داینهوه ناتهواوییه سهرهكییهكه بۆ وهزارهتی خوێندنی باڵا له ههرێمی كوردستان دهگهڕێتهوه، ئهوان رازینابن دان به ههندێك زانكۆ و كۆلێژی ئههلیدا بنێن كه لهلایهن بهغدادهوه دانیان پێدانراوه، خۆی مهسهلهكه وا دهخوازێت، پێویسته ئهوهی وهزارهتی خوێندنی باڵا له عێراق دانیپێدادهنێت، ههرێم پێوهی پابهندبێت". حهیدهر دەشڵێت. "له روانگهی ئهوهی چۆن مامهڵهم لهگهڵ دهكهیت ئاوا مامهڵهت لهگهڵ دهكهم، وهزارهتی خوێندنی باڵای فیدراڵی، نووسراوێكی فهرمی دهركرد، تێیدا به گوێرهی پرنسیپی چۆن مامهڵهم لهگهڵ دهكهیت ئاوا مامهڵهت لهگهڵ دهكهم، دانپیانانی به زانكۆ و كۆلیژه ئههلییهكانی ههرێمی كوردستانی ههڵوهشاندهوه، ئهمه دوای ئهوهی وهزارهتی خوێندنی باڵا له ناوهند، ماوهیهكی زۆر چاوهڕوانی وهڵامی ههرێم بوو، بهڵام ههرێم وهڵامی نهدایهوه". لێرهوه له بهرواری 23ی ئابی ساڵی 2023، وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی له ناوهند، به ئهنجومهنی راژهی فیدراڵی راگهیاند رازی نییه دهرچووانی زانكۆكانی ههرێمی كوردستان دامهزرێنێت، ئهگهر حكومهتی ههرێمی كوردستان، پابهند نهبێت به دانپیانان به زانكۆ ئههلییهكانی عێراق كه ههولێر رازینابێت ئیعتیرافیان پێبكات. ئهم ههڵوێسته نوێیه، لهژێر رۆشنایی ناكۆكییهكی چارهسهرنهكراوی نێوان بهغدا و ههولێر دێت كه مێژووهكهی دهگهڕێتهوه بۆ ساڵانێك لهمهوبهر. بهو پێیهی وهزارهتی خوێندنی باڵا له ههرێم، رهتیدهكاتهوه دان به زانكۆ ئههلییهكانی عێراقدا بنێت. ئهمه وایكرد وه خوێندنی باڵای فیدراڵی، رێكهوتنێك واژۆ بكات كه تێیدا ههردوولا دان بهیهكتردابنێن. واته بهغداد دان به زانكۆكانی ههرێمدا دهنێت، له ههمانكاتدا ههولێر دان به زانكۆكانی عێراقدا بنێت. ههرچهنده بهغداد دانی به سهرجهم زانكۆكانی ههرێمداناوه، كهچی حكومهتی ههرێم بهردهوامه له خۆغافڵكردن و رهتیدهكاتهوه دان به زانكۆ ئههلییهكانی عێراقدا بنێت. ئهم بڕیاره نوێیهی وهزارهتی خوێندنی باڵای فیدراڵی، رێگری دهكات لهوهی له میانهی ئهنجومهنی راژهی فیدراڵی، ههزاران دهرچووی زانكۆكانی ههرێمی كوردستان دابمهزرێن. ئهمهش كێشهیهكی گهوره بۆ حكومهتی ههرێمی كوردستاندا دروست دهكات.
هاوڵاتی راوێژکاری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات پێشوازیی لە لاهور شێخ جەنگی کرد و لەدیدارێکدا گفتوگۆیان لەسەر چەند پرسێکی گرنگ کرد. رۆژی چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، شێخ سوڵتان بن حەمید ئال نەهیان، راوێژکاری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات پێشوازیی لە لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل کرد. لە دیدارێکدا گفتوگۆکرا دەربارەی رێوشوێنەکانی هاریکاری ئابووری و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بیر و را ئاڵوگۆڕکرا دەربارەی بواری وەربەرهێنا و چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە توانا و ئەزموونی هەردوولا لە بوارە جیاوازەکاندا.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی هەرێم رایگەیاندوە، بەهۆی هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبونەوەی پلەی گەرما و ئەگەری ئاگرکەوتنەوە و ڕوداوی خنکان لە چەمو ڕوبارەکان، پێویستە هاوڵاتیان پابەندی ئەم رێنماییانە بن: 1- نابێت به هيچ شێوەیەك ئاگر لە پوش و پەڵاشی پێش ماڵ ياخود له دەشتودەر و و گۆڕستان و باخ و بێستانەكان بەر بدەن. 2- نابێت له كاتى گەشت و سەيران ئاگر له دەشت و چيا و شوێنی گشتی بكرێتەوه، كه قەبارەى ئاگرەکە گەوره بێت يان پاشماوەى ئاگر بەجێ بھێڵین، چونكه بەھۆی (با)وە ئەو ئاگرە بڵاو دهبێتەوە. 3-فڕێنەدانی جگەره و بەجێنەھێشتنی پاشماوەی خەڵوزى نێرگەلە. 4- بەكارنەھێنانی ياريی ئاگرین له كاتى سەيران، بهتايبەتى لە لایەن منداڵانهوه. 5- نيشانەدانەنان و تەقەنەكردن به چەكى ئاگرین، به تايبەت له دەشتەکان. 6- فڕێنەدانى بتڵی شوشه و دەبەى ئەو پاشماوه ياخود مادده سوتێنەرەكان، وەک گاز و بەنزين و نەوت و ئەو مادده جەلییانەی بۆ گەشانەوەى خەڵووز (ڕەژوو) بهكاردێت. 7- شۆفێری دەڕاسە نابێت له ناو دەغل و پاوان دەڕاسەكەی چاك بكات يان لەحيم و كۆسەرە بەكار بھێنێت، ياخود ئاگر بكاتەوە به مەبەستى خواردن دروست كردن. 8- نابێت ئەوانەی دەچنە نزیك چەم و ڕووبار و بەست و بەنداوەكان، مەلە بكەن يان ڕێگه به منداڵەكانيان بدەن مەله بكەن. 9- ئاگهداری ئەو منداڵانە بن كه خاوەنپێداویستیی تايبەتن، يان نەخۆشیی ئۆتیزمیان هەیە؛ نزیك نەكەونەوه له ئاوی چەم و ڕووبارەكان. 10- گەشتيارى بيانى و خوارووی عێراق دەبێت ئاگهداری ئەو شوێنانە بن كه گەشتى بۆ دەكەن، يان سەردانى دەكەن، تاكوو تووشى ھەڵدێران و خنكان نەبن، چونكه ئاوی كوردستان سارده هەر چەنده مەلەوانيش بن، بە ھۆی ساردیی ئاوەکان، دەبێتە ھۆی گرژبوونی دەمار و خنكانيان.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رەوشی کەشوهەوای ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ هەینی 14ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوی دوێنێ". ئاماژە بەوەشکراوە، "سبەینێ شەممە 15ی حوزەیرانی 2024، ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەینێ: هەولێر : 43 سلێمانی : 38 دهۆک : 40 کەرکوک : 44 هەڵەبجە : 43 زاخۆ : 42 سۆران : 40 حاجی ئۆمەران : 28 گەرمیان : 46
هاوڵاتی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە کۆتایی ئەم مانگەدا کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگای سلێمانی بە تەواوی دادەخرێت. ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی رایگەیاندووە، "لە 30 مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگای سلێمانی بە تەواوی دادەخرێت کە لە ئێستدا تەنها سێ هەزار خێزانی تێدا ماوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێشتا رێگری لە بەردەمان بوونی هەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی هەولێر و دهۆک بەو پێیەی کارمەندانی وەزارەتەکەمان ناتوانن بچنە ناو کەمپەکان بۆ ئەوەی فۆڕمێکی تایبەت بە ئاوارەکان پڕ بکەنەوە کە تێیدا خێزانەکان سەرپشک دەکرێن بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان یاخود مانەوە". وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، "28 هەزار ئاوارە لە عێراقدا بونی هەیە کە سەرجەمیان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن".
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماری سەرژمێری ئەزموونی دانیشتوانی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق كەمترین قەبارەی ئەندامانی خێزانی هەیە كە ژمارەیان چوار كەسە. وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەشڵێت، قۆناغی ئەزموونی سەرژمێری دانیشتوان لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق و كوردستان كۆتاییهات و تیایدا ئاماری زیاتر لە 45 هەزار خێزان كۆكرایەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامیشدا دەركەوت 91%ی سەرۆك خێزانەكان پیاوبوون و 9%ی تریشیان ژن بوون، هەروەها 50.1%ـی خێزانەكان لە رەگەزی نێر و 49.9% شیان لە كچان و ژنان پێكهاتوون. شوان جەبار یاریدەدەری سەرۆكی ژووری ئۆپەراسیۆنی سەرژمێری لە هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای سلێمانیش رایگەیاند، بەگوێرەی سەرژمێری ئەزموونی تێكڕای قەبارەی خێزان لە عێراق شەش كەسە، كە بەرزترینی لە پارێزگاكانی باشوری عێراقە و تێكڕای قەبارەی خێزان لەوێ حەوت كەسن. وتیشی، پارێزگای سلێمانیش لەسەر ئاستی عێراق كەمترین قەبارەی خێزانی هەیە كە بە چوار كەس پێوانەكراوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024، لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل لەگەڵ رێبوار حامید حاجی غالی دەرکەوت. دەرکەوتنی لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ رێبوار حامید حاجی غالی لە کاتێکدایە ئەمڕۆ 100 پاسەوانیان لە لالەزارەوە ئیزنداوە کە سەر بە هێزەکەی رێبوار حامید بوون. بەپێی سەرچاوەکان، لە لالەزارەوە باس لەوە دەكەن بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەستیان بە جوڵەكردووە لەناو پاسەوانەكان، بۆیە ژمارەیەك پاسەوان چەكەكانیان لێوەرگیراوەتەوە ئیزن دراون و رۆیشتوون بەرەو دەباشان. لە رووداوەكانی 8ی تەمووزی 2021 لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی ئەوكاتی یەكێتی لەناو یەكێتی دوورخرایەوە، یەكێتی ساڵی رابردوو كۆنگرەی كردو بافڵ تاڵەبانی كرا بە سەرۆكی یەكێتی. جێگای ئاماژەیە، لاهور شێخ جەنگی لە ئێستادا حزبی (بەرەی گەل)ی راگەیاندووەو بە لیستی بەرەی گەلی بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا دەكات.
هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستبەسەر کارگەیەکی پێکەوەنانی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و بڕاوە دەگرێت و دەستگیرکردنی 10 تۆمەتباریش ڕادەگەیەنێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی رایگەیاند، دوای بەدواداچوون و چاودێری وورد، لەچالاکییەکەدا ڕۆژی 2ی حوزەیرانی 2024، بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی بازگەکان، توانیان لەناوچەی ( چیمەن )ی نزیک شاری کەرکوک، دەستبگرن بەسەر کارگەیەکی پێکەوەنان و لەحیمکردنەوە. دەشڵێت، 17 ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بڕاوە بەڕێگای نایاسایی لەشاری بەسرەوە هێنرابوون و تۆمەتباران بەنیازبوون دوای چاکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان لە کوردستان ساغیبکەنەوە، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش سەرجەم تۆمەتباران دەستگیرکران. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە ئێستادا تۆمەتباران بەماددەی 240 لەیاسای سزادان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.
هاوڵاتی بە تۆمەتی كوشتنی كەسێك بنكەی پۆلیسی عەربەت سێ تۆمەتباری دەستگیركرد. ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی لە گوندی خەراجیان مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی عەربەت ئاگادار كرانەوە لە بوونی تەرمێك لەناو ئۆتۆمبێلێكدا ، دەستبەجێ مەفرەزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكەو كەشف و هێلكاری بۆ شوێنی ڕوداوەكە كرا. دەشڵێت، لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتباران بەردەوام بوو تا ئەوەی گومان خرایە سەر هاوسەرو دوو منداڵی كوژراوەكە ، سەرنجام و كەمتر لە چوار سەعات لێكۆڵینەوەكان دەریان خست كە هاوسەرو دوو منداڵی كوژراوەكە بكەری تاوانەكە بوون و لە بەردەوام دادوەری لێكۆڵینەوەدا دانیان ناوە بە تاوانەكەیاندا. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا هەرسێ تۆمەتبار ( ج،ف،ح لەدایكبووی 1987 ، ه،ه،م لە دایكبووی 2008 ، ه،ه،م لە دایكبووی 2006 ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون .
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم، نزیکەی 50 هەزار فەرمانبەر لە پارێزگاری هەولێر مووچەکانیان لەڕێگەی پرۆژەی ‘هەژماری من’ـەوە وەرگرت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچە لە رێگەی هەژماری منەوە رایگەیاند” لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی 50 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی لە پارێزگاری هەولێر مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لەڕێگەی پرۆژەی ‘هەژماری من’ـەوە وەرگرت، ژمارەی سودمەندان دوو هێندەی مانگی ڕابردوو بوو، ئەمەش دوای ئەوە هات کە لەماوەی ڕابردوودا خۆیان لە پرۆسەی بە بانکیکردن تۆمارکردبوو. دەشڵێت،”ئامانج لە پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە کەوا هەژمارێکی بانکی پارێزراو و سەلامەت بۆ فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بە شێوازێکی هاوچەرخ دابین بکات کە خۆیان خاوەندارییەتی تەواوییان بەسەریەوە هەبێت. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەگەڵ فراوانبوونی زیاتری پڕۆژەکە، هاوڵاتییانمان خۆیان دەتوانن ئەزموونی ئەو کارئاسانییە بکەن و متمانەیەکی زیاتر لایان درووست ببێت، چونکە پرۆژەی هەژماری من دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە لەژێر ڕەزامەندی و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق، هەڵدەستن بە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری و بەرهەمە بانکییەکان بە هەرزانترین تێچوو لەسەر ئاستی عێراقدا. ئاماژەی بەوەشکرد،”تا کۆتایی ئەمساڵ و لەڕێگەی پرۆژەی هەژماری من، سەرجەم مووچەخۆران کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار دەکرێن، هەربۆیەش بەوپەڕی توانامانەوە هەموولایەک هان دەدەین تاوەکو لەم گۆڕانکارییە وەچەرخانەی “هەرێمی کوردستان بەشداربن.
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رێنمایی تایبەت بە تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بڵاوكردەوە و دەڵێت، هەر خوێندكارێك رەفتاری نابەجێ ئەنجامبدات رێكاری لەدژ دەگیرێتەبەر، ئەو ساڵەشی بە كەوتوو بۆ هەژماردەكرێت. راشیگەیاند، "دەستدرێژیکردن بۆ سەر مامۆستا لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەی، بە دەستدرێژیکردن سەر فەرمانبەری دەوڵەت دادەنرێت". ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویستە سەرپەرشتیار، بەڕێوەبەر و یاریدەدر چاودێریی هۆڵەکانی خوێندن بکەن و کەشێکی گونجاو بۆ قوتابییان و خویندکاران دابین بکەن". لە خاڵێکی رێنماییەکاندا هاتووە، بردنە ژوورەوەی هەموو جۆرە ئامێرێكی ئەلیكترۆنی بۆ ناو ناوەندەكانی خوێندن قەدەغەیە، هەروەها پێویستە سەرپەرشتیار و مامۆستایانی چاودێریش لە هۆڵەكانی تاقیكردنەوەدا كەشێكی گونجاو بۆ خویندكاران دابینبكەن. بڕیارە رۆژی 23ی ئەم مانگە تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.
هاوڵاتی لە چەند رۆژی رابردوودا و لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە، هەزاران هێکتار (هەر هێکتارێک چوار دۆنمە) لە دارستانەکانی زاگرۆس، لە ئیلام و ئەیوان و داڵاهۆوە بگرە تا دەگاتە جوانڕۆ و پاوەو مەریوان ئاگری گرتووە. هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و وشکبوونی پووش و پاوەنەکان، بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی زاگرۆس دەسووتێت. سووتانی دارستانەکانی زاگرۆس بووە بە پرسێکی گرنگی ژینگەیی. ئەنجومەنی "چیای سەوزی مەریوان" لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە تێلگرام رۆژی سێ شەممە 11ی حوزەیران رایگەیاند کە دارستانەکانی نزیک ئاوایی سەردۆشی سەر بە شاری مەریوان ئاگری گرتووەو بە هەوڵی ژینگەدۆستان توانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت. رۆژی چوارشەممە 12ی حوزەیران ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان رایگەیاند، "دارستانەکانی دەورووبەری ئاوایی "نەچێ" سەر بە شاری مەریوان ئاگری گرتووەو بە دەستی ژینگەپارێزە خۆبەخشەکان و خەڵکانی ناوچەکە توانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت". دارستانەکانی دەورووبەری پاوەو جوانڕۆ لە 5ی حوزەیرانەوە ئاگری گرتووە، ژینگە پارێزەکان لە پاوەو جوانڕۆ و شوێنەکانیترەوە روویانکردۆتە ناوچەکە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بەڵام تا ئێستاش سووتانی دارستانەکانی پاوە هەر بەردەوامە و ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٣ی حوزەیران توانراوە ئاگری دارستانەکانی جوانڕۆ کۆنتڕۆڵ بکرێت. دەوری هێزە خۆبەخش و ژینگەپارێزەکان عەدنان حسەینی، یەکێک لە ئەندامانی بەشی راگەیاندنی چیای سەوزی مەریوان بە هاوڵاتی راگەیاند، "نیگەرانین لە سووتاندنی دارستانەکانی کوردستان، لە هەمانکاتدا هەوڵ و ماندوو بوونی ژینگەپارێزەکانی بەرز دەنرخێنین کە ماندوونەناسانە و خۆبەخشانە هەوڵ دەدەن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان". حسەینی لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی، "ژینگەپارێزەکان لە راستیدا پارێزەرانی دارستانەکانی کوردستانن. دارستانەکانی کوردستان سەرمایەیەکی گەورەی سروشتی ئێمەن، بەڵام هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما بە پلانەوە ئیش ئەکرێت بۆ نەهێشتنی دارستانەکان". ژینگەپارێزکی دیکەش بۆ هاوڵاتی دواو وتی، "ئێمە لە بەردەم جینۆسایدی ژینگەییداین. ئەم جینۆسایدی ژینگەییە زیاتر لە دوو دەیەیە لە کوردستان دەستی پێکردووە، ئێمە خۆنەویستانە و سەرەڕای هەموو کێشەکان، سەرەڕای ئەوەی گیانمان ئەکەوێتە مەترسییەوە، بەڵام سوورین لەسەر ئەوەی دارستانەکان بپارێزین". ئەندامێکی ژینگەپارێزی شاری "پاوە" لەم بارەوە بە هاوڵاتی راگەیاند، " ئەمساڵ لە 4ی حوزەیرانەوە دارستانەکانی بووزین ئاگری گرتووە, تائێستاش نەمانتوانیوە بە هۆی رژدی رێگاکە و چڕی دارستانەکانەوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەین، بەڵام هەر بەردەوامین و خەڵک خۆبەخشانە لە هەموو شوێنەوە بە هانامانەوە هاتوون". ئەم ئەندامە ئەنجومەنی ژینگەپارێزی "ژیوا"ی شاری پاوە بە ئاماژە بە سێ کەس لە ژینگەپارێزەکانی پاوە کە 29ی حوزەیرانی 2020 لە دارستانەکانی " بووزین " و "مەرەخێڵ" گیانیان لەدەستدا، وتی "نزیک چوار ساڵ لەوە پێش سێ کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی "ژیوا"ی پاوە بە ناوەکانی "موختار خەندانی" ، "یاسین کەریمی" و "بیلال ئەمینی" لە کاتی ئاگرکوژاندنەوەدا گیانیان لە دەستدا". هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە عەدنان حسەینی، ئەندامی ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان، چەند هۆکاری دیاریکردووە بۆ کەوتنەوەی ئاگرەکان. ئەو لای وایە ئاگرەکان سروشتی نین. هەم دەستی لایەنی سەربازی و حوکمی تێدایە و هەم دەستی کەسانێکی بەرژەوەندیخواز کە دەیانهەوێت بە سووتاندنی دارستانەکان، دەست بە سەر ناوچەکەدا بگرن. حسەینی دەڵێت، "زیاتر باس لە سووتانی دارستانەکان ئەکرێت، بەڵام تەنها سووتاندن نییە. لە وەرزە جیاوازەکاندا بڕێنەوەی دارستانەکان هەیە. بە رۆژی روون بە بەرچاو ناوەندە حکوومەتی و بەرپرسەکانەوە دارستانەکان تاڵان ئەکرێن، بەڵام کەس ناپرسێتەوە". لایەنێکی سەربازی، خۆی نەیشاردووەتەوە هۆکارە بەوەی ئاگر لە دارستانەکان ئەکەوێتەوە. چ لە کاتی نمایشی سەربازی وەک ئەوەی ساڵی پار روویدا، یان بە شێوەیتر وەک دەڵێن دەیانهەوێت بتوانن توانای کۆنتڕۆڵی ناوچەکەیان هەبێت. ئەندامە ژینگەپارێزەکەی ئەنجومەنی "ژیوا"ی پاوە کە نەیویست ناوی ببرێت بە هاوڵاتی وت، "بە ئاشکرا دەستی حکوومەت لە سووتاندنی دارستانەکاندا ئەبینرێت. سوپای پاسداران هەموو ساڵێک ئەم ئاگرانە ئەخاتەوە. خەڵکانیتریش کەدەستیان هەیە لەو ئاگرەدا ، پلانەکانی سوپای پاسداران جێبەجێ ئەکەن". کەسێکی ژینگەپارێزی شاری جوانڕۆ بە هاوڵاتی راگەیاند، "هەموو کەس ئەوە ئەزانێت ئەم ئاگرانە بۆ کەوتوونەتەوەو ئەکەونەوە. ئەوان زەوی سووتاویان ئەوێت. دەیانهەوێ قڕمان بکەن. بەس ئێمە ناهێڵین". یارمەتییە حکوومەتییەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە حسەینی لەمبارەوەیەوە دەڵێت، "ناتوانین بڵێین لایەنە حکوومەتییەکان لە سەدا سەد هیچ کارێک ناکەن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان. بەڵام کەمتەرخەمن. تا ئێستاش نەبووە کۆپتەرێکی ئاگرکوژێنەوە بەکاربهێنرێت بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان. خەڵک بە پاچ و پێمەڕە و باوشە داری تەڕەوە رووبەڕووی ئاگر ئەبنەوە.حکوومەتیش کە ئاگرەکە تەواو بو دەردەکەون". ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەی "ژیوا" ئەوەشی وت، "ئەوانەی کە دێن بە هانای بانگەوازەکانمانەوە خەڵکانی دڵسۆزن. ژیانیان بۆ ئەم ژینگەیە تەرخان کردووە. بە ژن و پیاوەوە، بە کوڕ و کچەوە، هەر یەکەو بە گوێرەی تواناییەکانی خزمەتکردنن، حکومەت نەیویستووەو نایهەوێت یارمەتیمان بدات. بەڵام ئێمە بەردەوامین و واز ناهێنین".
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان له كارگۆی فڕۆكهخانهی ههولێر دهستیان بهسهر بڕێكی زۆر دهرمانی قاچاخدا گرتووە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان KMCA رایگەیاند، "تیمی بنکەی KMCA لە کارگۆی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دەستیگرت بەسەر بڕێکی زۆر لە دەرمانی قاچاخ". ئاماژە بەوەشکرابوو، "دەرمانە دەستبەسەرداگیراوەکان هۆڕمۆنیی بوون، قاچاخچییەکان لەناو کارتۆنی بەرهەمی جوانکاریدا شاردبوویانەوە بۆئەوەی فێڵ لە تیمەکانی پشکنینی فڕۆکەخانە بکەن تاوەکو رێگەیانپێبدرێت کە دەرمانەکان لە فڕۆکەخانە ببەنە دەرەوە، بەڵام تیمی KMCA لە کارگۆی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە ئەزموون و شارەزایی خۆیان، پاکەتی بەرهەمەکانیان پشکنی، دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت کە بەرهەمەکان دەرمانی هۆڕمۆنین، دەستیانبەسەرداگرتن". بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە هاوڵاتییان دەکات، تەنها دەرمانی بە ستیکەر بکڕن و خۆتانبەدووربگرن لە دەرمانی بێ ستیکەر و نایاسایی، چونکە دەرمانە نایاساییەکان بە رێگە و رێکاریی زۆر مەترسیدار هاوردەدەکرێن کە تەندروستیتان دەخەنە مەترسییەوە.
هاوڵاتی سلێمانی، 13ی حوزەیرانی 2024: سەنتەری میترۆ ئیدانەی هەڵسوكەوتی هێزە ئەمنییەكانی شاری سلێمانی دەكات بەرامبەر پەیامنێری دەزگاكانی راگەیاندن و بەشداربووانی چالاكی تیمی (گۆیژە بپارێزە) كە پێچەوانەی یاساكانی رێكخستنی خۆپیشاندان و رۆژنامەگەرین. بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024 تیمی (گۆیژە بپارێزە) كە لە كۆمەڵێك چالاكوانی مەدەنی و رۆژنامەنوس پێكهاتوون، لە شاری سلێمانی چالاكییەكی جەماوەری هەمەڕەنگ و هونەری و مۆسیقی و ئەدەبی ئەنجامبدەن، بەمەبەستی وەستان بەرامبەر ئەو دەستدرێژییە ژینگەییانەی لەلایەن كۆمپانیاكانەوە دەكرێتە سەر ژینگەی سروشتی شاخەكە. لەكاتی گەشتنی چالاكوانان بۆ بەردەم پرۆژەكە، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕێگریان لێكرا ، توندوتیژی جەستەییان بەرامبەر كردن و دەستیان گرت بەسەر مۆبایلی هەندێك لە رۆژنامەنووس و چالاكوانەكان و وێنەكانیان سڕیوەتەوە. نەیانهێشت كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ( ئێن ئارتی، كەی ئێن ئێن، زووم، مایك)روماڵی چالاكییەكە بكەن. هێزە ئەمنییەكان بەوەشەوە نەوەستان، هێزێكیان چاودێری ئۆتۆمبێلی چالاكوانەكانی دەكرد تا گەیشتنە ناو پاركی ئازادی، كە بە گەیشتنی بەشداربووان و رێكخەرانی ئەو چالاكییە، كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیان رێكخست. لەم بارەیەوە بەهار عەبدولكەریم پەیامنێری كەی ئێن ئێن بە میترۆی راگەیاند هێزێكی ئەمنی زۆری دەمامكدار و چەك بەدەست تەنها بەس چاویان دیار بوو لەوێ بوون، رێگرییان كرد روماڵ بكەین ووتی "مایكو كەلوپەلی رۆزنامەوانییەكانیان لێسەندین و كردیانە سەیارەكانی خۆیانەوە" جەختیكردەوە " كۆدی مۆبایلەكانیان پێكردینەوە وێنە و ڤیدۆكانیان سڕیوەتەوە و هەڕەشەیان لێكردم هەر ڤیدیۆیەك بڵاوبكەیتەوە بانگت دەكەین بۆ ئاسایش" بە پێی شایەتحاڵەكان ئەو هێزە پەلاماری دووچالاكوانیان داوە، ئازاریان پێگەیشتووە و كەوتونەتە سەر زەوی، پاشان دەستیان بەسەر سەكۆی چالاكوانەكان گرتوەو كردویانەتە سەیارەی هێزە ئەمنیەكان و بردوویانە. وە دواتر دوای دوو کاتژمێر لە وەستانی رۆژنامەنووسان و چاوەڕێ كردنیان و بڵاوەپێكردنی چالاكوانان كەل و پەلەكانیان یاونەتەوە. سەنتەری میترۆ ئیدانەی هەڵسوكەوتی هێزە ئەمنییەكانی شاری سلێمانی دەكات بەرامبەر پەیامنێری دەزگاكانی راگەیاندن و بەشداربووانی چالاكی تیمی (گویژە بپارێزە) و دژ بە ئازادی خۆپیشانی ئاشتیانە و ئازادی كاری راگەیاندنكارانە. بە پێی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان ئەركی هێزی ئەمنی پاراستنی بەشداربووانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و گردبونەوەكانە نەك سەركوتكردنی. بە پێی یاسای رۆژنامەگەری، رۆژنامەنوس مافی روماڵكردنی چالاكی گشتی هەیە و نابێ رێگریان لێبكرێت.
هاوڵاتی ئەو کەسەی لە رووداوی ئاگرەکەی دوێنێی گەڕەکی ئاشتی شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا خەڵکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاورایگەیاند، "ئەو وەستایەی کە دوێنی لە سلێمانی گیانی لەدەستداوە ناوی حەسەن فەرهادنیایە و تەمەنی 45 ساڵە، خەڵکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە". دوێنێ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، تەنکییەکی گاز لەسەربانی باڵەخانەیەکی گەڕەکی ئاشتی شاری سلێمانی تەقییەوە و بەهۆیەوە وەستایەک کە لەو شوێنەدا کاری دەکرد گیانی لەدەستدا
