هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، رەحمان خانی بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێم رایگەیاند، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاستی ئاو لە بەنداوەكانی هەرێم لە ئەمساڵدا زیاترە. دەشڵيت، لە بەنداوی دوكان ئاستی ئاو پێنج مەتر زیاترە، لە دەربەندیخان 6 مەتر لە دهۆك 13 مەتر و نیو بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاترە و بەشێك لە بەنداوە بچووکەكانیش پڕبوون. ئاماژەشی بەوەکرد، ئومێدەوارین بەپێی ئەو پلانەی دانراوە بتوانین ئەمساڵ بڕی ئاوی پێویست بۆ هاوڵاتییان دابینبكرێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی رەوتی بەرەی گەل رایگەیاند، هاوڵاتییان لەبەر نائومێدیان لەم دەسەڵاتە ڕێگەی مەرگ دەگرنەبەر و کاتی ئەوەیە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە گۆڕانکاری دروست بکەن.  لاهور شێخ جەنگی وتی، هەبوونی خەلەلێک وادەکات هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان سەر هەڵگرن و ئەم وڵاتە بەجێ بهێڵن. دەشڵێت، دەبێت لەمەودوا خەڵک هۆشیار بێتەوە، چیتر بەم شێوەییە نەژی و کاتی ئەوە هاتووە گۆڕانکاری بکەن دژی ئەم دەسەڵاتە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، تا دێت هەڵبژاردن شەرعیەت لەدەست دەدات ئەوەتا بەچاوی خۆمان دەی بینین ڕۆژانە چەندین کەس ڕێگای مەرگ دەگرنەبەر و لەبەر نائومێدیان لەم وڵاتە دەڕۆن.    

هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێم چەند ڕێنماییەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەبارەت خۆپارێزی هاوڵاتییان لە هاتنی وەرزی هاوین و گرتنەبەری خۆپارێزی بۆ ئەوەی دووربن لە رووداوی نەخوازراو. بۆ رێگریکردن لە ئەگەری روودانی سووتانی ئۆتۆمبێل لە وەرزی هاویندا دەڵێت، کە لە کاتی وەستانی ئۆتۆمبێلدا، نابێت چەند کەرەستەیەک لەناو ئۆتۆمبێلدا جێبهێڵرێن، وەک، خواردنەوە گازییەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە، چەرخ، بتڵی ئاو، بۆن، پاوەربانک و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بە گشتی. ئەوەشی خستەڕوو، لەکاتی وەستانی ئۆتۆمبێلدا، پێویستە کەمێک جامی ئۆتۆمبێلەکە بکرێتەوە، هەروەها تانکی سووتەمەنیش پڕنەکرێت و تایەی ئۆتۆمبێلیش زیاد لەپێویست پڕهەوا نەکرێت، بەتایبەتی لەکاتی گەشت و رێگا دوورەکاندا. دەشڵێت، بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی شلەمەنی لە لەشدا، پێویستە بڕێکی زۆر لە ئاو و شلەمەنی بخورێتەوە و بەکارهێنانی چەتری پارێزەر لە تیشکی بەتینی خۆر دروستترین ڕێکارە بۆ سەلامەتیی پێستی مرۆڤ. جەخت لەوەشکراوەتەوە، لەبەر تیشکی خۆردا بتڵی غازی چێشتلێنان دادەنرێت، هەروەها پێویستە دڵنیابنەوە لەوەی سویچی کارەبا لۆدی زۆریان لەسەر نەبێت، ئامێری فێنککەرەوە تەنیا لە شوێنی پێویستدا کاربکات و وایەرەکانی کارەبا لۆدی زیاد لە توانای دیاریکراوی خۆیان نەخرێتە سەر و تەقسیمی کارەبایی بۆ چەند ئامێرێک بەکار نەهێنرێت. لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا هاتووە، داوا لە هاووڵاتیان دەکات، کە لە ئەگەری روودانی حاڵەتی نەخوازراودا پەیوەندیی بکەن بە ژمارە 115ی کۆنترۆڵی بەرگریی شارستانییەوە.

هاوڵاتی بە هۆکاری سووتانی 500 دۆنم پووش و پاوان و زیانگەیاندن بە نزیکەی 60 هەزار دار هاوڵاتییەک لە ناحیەی عەربەت دەستگیرکرا. ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، "لە ئەنجامی ئەم ئاگرەی کەوتەوە لە سنووری گوندەکانی (وێلەکەو دەربەندفەقەرە) لە سنوورى ناحیەی عەربەت 500 دۆنم پووش و پاوان سووتاوە و بەپێی زانستی دارستان هەر دۆنمێک 120 داری سروشتی تێدابووە کەبووە بەهۆی زیاندگەیاندن بە 60 هەزار داری سروشتی". ئاماژە بەوەکراوە، "دوای ئاگادارکردنەوە لەبوونی کەوتنەوەی ئاگر لە سنووری ئاماژەبۆکراوی سەرەوە دەستبەجێ مەفرەزەیەک لەکارمەندانی (بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت) گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە بەمەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکەو بەدواداچوون بۆ هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەکاتی ڕووداوەکە هاوڵاتییەک بە تۆمەتی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستگیرکرا". ئەوەشخراوەتەڕوو، "سەرەنجام بەهاوکاری (تیمی فڕۆکەوانی پارێزگای سلێمانی ) و بنکەکانی بەرگری شارستانی (عەربەت + ئازادی + تانجەرۆ ) و هاووڵاتیانی سنوورەکە توانرا ئاگرەکە لەماوەی چوار کاتژمێر کۆنترۆڵ بکەن". لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە لە بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی".

هاوڵاتی رۆژی چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، ژمارەی ئەو حاجیانەی کە بە هۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 922 کەس، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە حاجییەکانیش بێسەروشوێنن و بنەماڵەکانیان نیگەرانن. دیپلۆماتێکی عەرەب بە پەیامنیری فەرەنسای راگەیاندووە، "1400 حاجی خەڵکی میسر بێسەروشوێنن و لەو ژمارەیە 600 کەسیان گیانی لە دەستداوە و پێش بینی دەکرێت ژمارەی حاجییە میسرییەکان کە گیانیان لە دەستداوە زۆر زیاتر بێت". بەشی زۆری ئەو حاجیانەی لە حەجی ئەمساڵدا گیانیان لە دەستداوە، بە ڤیزەی حەج سەردانی سعودیەیان نەکردووە.  جگە لە میسر، ژمارەیەکی زۆر حاجی لە مەراسیمی حەجی ئەمساڵ گیانیان لە دەستداوە، لە ئەمساڵدا 19 حاجی لە هەرێمی کوردستان گیانیان لە دەستداوە. هەروەها 11 حاجی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لە دەستداوە. 68 حاجی خەڵکی هێندستان، 20 حاجی خەڵکی ئەردەن، هەروەها ژمارەیەک حاجی لە وڵاتانی ئەندۆنزیا، توونس، سەنگال گیانیان لەدەستداوە. ساڵی رابردوو 200 حاجی لە مەراسیمی حەجدا گیانیان لە دەستدا کە زۆربەیان خەڵکی ئەندۆنوزیا بوون.

هاوڵاتی ئەمڕۆ لە رێگەی نێوان شاریا و چیای زاوا لە سنووری پارێزگای دهۆک تەرمی پیاوێک لە ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزرایەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024، لە رێگەی نێوان شاریا و چیای زاوا لە سنووری پارێزگای دهۆک تەرمی پیاوێک لە ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزرایەوە و هێزە ئەمنییەکان چوونە شوێنی رووداوەکە. بەپێی زانیارییەکان بێت، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی "ئەحمەد حەیدەر ئیلیاس"ە و تەمەنی 70 ساڵە، خەڵکی شنگالە، بەڵام دانیشتووی ناحیەی فایدە بووە، دوای سێ رۆژ لە بێسەروشوێنبوونی، تەرمەکەی دۆزراوەتەوە. هەروەها بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بێت، ئەو هاولاتییە بەهۆی جەڵتەوە گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە.  

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد دەستەی گەشتوگوازی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، ئەو پلانەی دانرابوو بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژندا سەرکەوتووبووە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی حوزەیرانی 2024،  ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "دوای کۆکردنەوەی ئامارەکان لە رۆژانی داهاتوودا رێژەی هاتنی گەشتیاران لە رۆژانی جەژندا بۆ هەرێمی کوردستان بڵاودەکەینەوە، بەڵام پێش جەژن پێشبینیمان کردبوو کە لە رۆژانی پشووی جەژندا زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار بێتە هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بازگەکان وەرمانگرتووە پێدەچێت ژمارەکە لەوەزیاتربێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو پلانەی دەستەی گشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران داینابوو لە پشووەکانی رۆژانی جەژندا بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان پلانەکە بە سەرکەوتووی جێبەجێکراوە و بەشێوەیەکی زۆرباش پێشوازی لە گەشتیاران کراوە".

هاوڵاتی لەدوای جەژن کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەڕێوەدەچێت و ئامانج لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، چالاک کردنەوەی ئەنجومەنەکەیە. ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، د. ئەحمەد کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایگەیاند، لەدوای کۆتایی هاتنی جەژنی قوربان دەبێت یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجامبدرێت، بۆ ئەمەش رێکەوتنێکی سەرەتایی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی شارەکەدا کراوە. ئاماژەی بەوەشکردوە، کۆبوونەوەکە بۆ چالاک کردنەوەی ئەنجومەنەکەیە، لەدوای ئەوە لایەنە براوەکان 30 رۆژیان لەبەردەمدایە بۆ رێکەوتن لەبارەی یەکلاکردنەوەی پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگاکە و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیەتی پارێزگای کەرکوک.  

هاوڵاتی وەفدێک لە لایەن حوکمەتی هەرێمی کوردستانەوە رۆیشتە ئیتاڵیا بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە رووداوی بەلەمە ژێر ئاو کەوتووکە. ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەفدێکی ڕەوانەی ئیتاڵیا کرد بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕووداوی بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی سنوری ئاویی ئیتاڵیا. فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ حکومەتی ھەرێم وەفدێکی ڕەوانەی ئیتاڵیا کرد، بۆ ئەوەی بە ھەماھەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لەو وڵاتە پەیوەندی بە دامەزراوە ڕەسمییەکانی ئیتاڵیا بکەن و سەردانی شوێنی ڕووداوەکە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا بکەن. ئاماژە بەوەشکراوە، وەک حکومەتی ھەرێم کەسوکاری قوربانیان و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەنەوە ھەموو ھەوڵێک دەخەنە گەڕ بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی قوربانیان، ھاوکات ئامادەی ھەموو ھاوکاری و ھەماھەنگیەکن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، داواش لە ھاووڵاتیان دەکات زانیاری دەربارەی ئەم ڕووداوە تەنھا لە لایەنی ڕەسمی وەربگرن.

هاوڵاتی بەرەی گەل، بێدەنگی و بێهەڵوێستی حکومەت و دەسەڵات، بەرامبەر بە یەختەکەی کەناراوەکانی ئیتالیا مایەی شەرمەزارییە ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، بەری گەل راگەیەندراوێکی بڵاوکردوە و رایگەیاند، جارێکی تر و لە هەواڵێکی تری جەرگبڕ و کارەساتاویدا ، هەواڵی ژیان لە دەستدانی چەندین هاونیشتیمانی هەرێمی کوردستان لە یەختێکدا نزیک کەناراوەکانی ئیتاڵیامان پێ گەیشت. دەشڵێت، لە کاتێکدا هاوخەمی خۆمان بە کەس و کاری ئەو قوربانیانە رادەگەیەنین و بەشداری پرسە و ماتەمیانین، لە هەمان کاتدا ئیدانەی بێدەنگی و بێ هەڵوێستی بەرپرسانی حکومەت دەکەین. ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو بێدەنگی و بێ هەڵوێستییەی حکومەت و دەسەڵات، مایەی شەرمەزارییە و پێویستە دەستبەجێ بەدەم کەس و کاری ئەو قوربانیانەوە بڕۆن و هاوکاریان بن لە هێنانەوەی تەرمەکان. کارەساتی لەمجۆرە پێویستی بە بەدەمەوەچوونی خێرا و دەستبەجێ هەیە، ئەوەی رودەدات لە خەمساردی لوتکەی نابەرپرسیارێتییە بەرامبەر هاونیشتیمانیان. سەبارەت بە کۆچکردنی هاوڵاتیان ئەوەی خراوەتەڕوو، ئەو خێزانانە لە دەسەڵاتی خراپی پارتی و یەکێتی رادەکەن، لە هەرێمێک را دەکەن کە خوای گەورە هەموو جۆرە سەرچاوەیەکی بۆ ژیانێکی شایستە و شەرەفمەندانە پێ بەخشیوە بەڵام گەندەڵی و تاڵانی و چەتەیی و هەموو جۆرەکانی بەدکاری وایکردوە خەڵک رێگای مەرگ بگرنە بەر و وڵاتەکەی خۆیان و دۆست و کەس و کاریان بە دوای ژیانێکدا کە شایستەی ژین بێت جێدەهڵێن. لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدادەڵێت، جارێکیتر پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەس و کاری قوربانیەکان دەکەین ، خوای گەورە سەبوری کەس و کاریان بدات.

رۆژی هەینی 21ی حوزەیران، قەدەغەی ڕاوکردنی ماسی لە ھەرێمی کوردستان ھەڵدەگیرێت و ڕاوکردنی ماسی دەستپێدەکاتەوە. ئەمڕۆ چورشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم رایگەیاند، ڕۆژی 20ی حوزەیران دوایین وادەی وەرزی قەدەغەی ڕاوکردنی ماسییە لە ھەرێم و تا ئێستا ھیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی وادەکە نەدراوە، بەو پێیەش ڕۆژی ھەینی ڕاوکردنی ماسی دەستپێدەکاتەوە. جێگای ئاماژەیە ساڵانە لە 15ی ئادارەوە بەھۆی دانانی گەرا و ھێلکە لەلایەن ماسییەکانەوە، ڕاوکردنی ماسی لە ھەرێم تاوەکو 15ی حوزەیران قەدەغە دەکرێت، بەڵام ئەمساڵ وادەکە بۆ 20ی حوزەیران درێژکرایەوە.  

هاوڵاتی یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 22ی حوزەیرانی 2024، لە شاری مەککەی پیرۆزەوە بەرێ دەکەون. ئەمەڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ڕۆژی 22ی حوزەیران یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و دواین کاروانیش لە 30 حوزەیران دەبێت. دەشڵێت، یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 22-6-2024 لە شاری مەککەی پیرۆزەوە بەرێ دەکەون. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان بەرێگەی ئاسمانی لە رۆژی 24ی حوزەیرانی 2024، لە رێگەی هەردوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی دەگەنەوە هەرێمی کوردستان. ئەوەشخراوەتەڕوو، دواین کاروانی حاجیانی کوردستان لە رۆژی 30ی حوزەیرانی 2024 لە رێگەی هەردوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی دەگەنەوە هەرێمی کوردستان و کۆتایی بە پرۆسەی حەجی ئەمساڵ دێت. بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیندراوەکەدا، داوا لە کەسوکاری حاجیان دەکات کە بە هیچ شێوەیەک سەردانی فرۆکەخانەکان نەکەن بە مەبەستی پێشوازیکردن لە حاجیان چونکە پاسی تایبەت بۆ گواستنەوەیان ئامادەکراوە و بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لە فرۆکەخانەکان دروست نەبێت و هاوکاری دەزگا پەیوەندارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن تاوەکوو حاجیان بە سەلامەتی دەگەڕێنەوە ناو کەسوکارەکانیان.  

هاوڵاتی بەرگریی شارستانیی هەولێر و پۆلیسی هەولێر لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکانی هەولێر روونکردنەوە دەدەن و هۆشداری دەدەن. ئەمشەو سێشەممە 18ی حوزەیرانی 2024، موقەدەم شاخەوان محەمەد، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمشەو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەداخەوە چەند رۆژێکە چەندین ئاگری نەخوازراو لەناو هەولێر و دەوروبەری دەکەونەوە، هەندێکیان بەدەستی ئەنقەستن و هەندێکیشیان بەهۆی کەمتەرخەمی دەکەونەوە، ئەمڕۆش لە چیای سەفین چەند گەشتیارێک ئاگریان کردەوە و کارەساتی لێکەوتەوە". وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، هۆشداریدا لەوەی هەندێک کەس لە بری تیمەکانی شارەوانی هەڵدەستن بە سووتاندنی پووش و پاشماوە و خاشاک، ئەمانەش هەمووی کاری خراپن، پێچەوانەی ڕێنماییەکانن و پێویستە هاونیشتمانیان خۆیان لەم کارانە بەدووربگرن. لای خۆشییەوە، نەقیب کارزان ساڵح، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، "هەر کەسێک پووش و پەڵاش بسووتێنێت، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و سەرجەم ئەو کەسانەی ئەمڕۆ پوش و پەڵاشیان سووتاند دەستگیرکراون".  

هاوڵاتی كەشناسیی عێراق پێشبینیدەكات لە كۆتایی ئەم هەفتەیە، ئەو شەپۆلی گەرمایەی ناوچەکەی گرتووەتەوە بەرەو نزمبوونەوە بڕوات. ئەمڕۆ سێشەممە 18ی حوزەیرانی 2024، عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق رایگه‌یاند، "ئەو شەپۆلی گەرمایەی عێراقی گرتووەتەوە پەیوەندیدارە بەو نزم پاڵەپەستۆ گەرمییە وەرزییەی كە لە باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیاوە هاتوەو بەوەش بەرزترین پلەكانی گەرما لەنێوان 45 بۆ 51 پلەی گەرمیدان لە ناوچە جیاجیاكانی وڵات". ئاماژەی بەوەکرد، "لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا كاریگەی ئەو شەپۆلە گەرمایە  كەمببێتەوە"، هەروەها پێشبینی كردوە كە لە دو رۆژی داهاتودا پلەكانی گەرما لە بەغدا 50 پلەی سەدی بن. بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی پێشبینییەكانی كەشوهەوا چەند رۆژی داهاتو خۆڵبارینی تێدا نابێت.

هاوڵاتی پارێزەری نێرگز محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2023، و چالاکی مافی مرۆڤ کە لە ئێستادا لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامییە، رایگەیاند، سزایەکی نوێ بۆ ئەم چالاکەی مافی مرۆڤ بڕاوەتەوەو جگە لە سزایەک کە پێشتر بۆی بڕابووەوە، یەک ساڵیتر زیندان بە سزاکەی زیاد کرا. مستەفا نیلی، پارێزەری نێرگز محەمەدی رۆژی سێشەممە 18ی حوزەیران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "نێرگز محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ بە تۆمەتی  چالاکی دژی دەسەڵاتلە لایەن لقی 29ی دادگای شۆڕشی تارانەوە یەک ساڵی دیکە سزاکەی زیادکرا". باسی لەوە کردووە، هۆکاری ئەوەی یەک ساڵ زیندان بە سزای ئەم چالاکی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵە زیاد کراوە ئەوەیە کە نێرگز محەمەدی باسی لە دەستدرێژی سێکسی بەرپرسانی زیندان کردووە بۆ سەر " دینا قاڵیباف" رۆژنامەنووسی دەستبەسەرکراو، هەروەها لە زیندانەوە داوای لە خەڵک کردبوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە 1ی ئازاری 2024 بەڕێوەچوو بایکۆت بکەن. هەروەها نامەی بۆ پەرلەمانی سوید و نۆروێژ نووسیوە دەربارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران. بەپێی وتەی پارێزەرەکەی، دانیشتنی دادگایی کردنی ئەم چالاکەی مافی مرۆڤ بە بێ ئامادەبوونی خۆی و پارێزەرەکەی رۆژی 8ی حوزەیران بەڕێوە چووەو 1 ساڵ زیندان بە سزاکەی زیاد کراوە. نێرگز محەمەدی لە سێ ساڵی رابردوودا شەش جار دادگایی کراوەو بە گشتی سزای 13 ساڵ و3مانگ زیندانی و 154 قەمچی و دوورخستنەوە و 4 مانگ خۆڵڕێژی و کەناسی لە سەرشەقامەکانی بەسەردا داسەپاوە. نێرگز محەمەدی بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین و باسکردن لە دەستدرێژی سێکسی و ئەشکەنجەی زیندانییە سیاسییەکان لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە 4 جار دادگایی کراوە. نێرگز محەمەدی دوای دەستگیرکردنی دینا قاڵیباف لە نیسانی 2024 دا بە ناردنە دەرەوەی نامەیەکی دەنگی لە زیندانەوە وتبووی، "دینا قاڵیباف، رۆژنامەنووس، تۆزێ لەوەپێش بە جەستەی شین هەڵگڕاوەوە لە حاڵێکدا دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەری، هێنرایە بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین".