هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت، لە ئەمڕۆوە پلەی گەرما نزمبوونەوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ کەشوهەوا بە فێنکی دەمێنێتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی حوزەیرانی 2024، پشتیوان ئیبراهیم، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند، "لە ئەمڕۆوە بەهۆی دابەزینی بارستە هەوایەک بۆسەر دەریایی سپی ناوەراست و گەیشتنی هەندێک شێ لە ناوچە عەرەبەیەکان ئەگەری بارانی کورتخایەن هەیە لەگەڵ هەورەتریشقە لە ناوچەشاخاوییەکانی هەرێم و هەندێ لە ناوسەنتەری شارەکانیش بە دیاری نەکراوی بگڕێتەوە، هەروەها بای باشووری رۆژئاوایش چالاک دەبێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "لە رۆژی دووشەممە 24/6/2024 پلەکانی گەرمی 3 بۆ 5 پلە لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نزم دەبێتەوە ئەم نزم بونەوە بۆماوەی 72 کاتژمێر بەردەوام دەبێت زیاتر کاریگەری بۆ ناوچە شاخاوییەکان دەبێت".
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد چەکی بانکی مووچەی مانگی پێنج و ئەو هاوکارییەی کە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لیوا هاوبەشەکانی دیاریکردووە درایە ژمێریارەکان. ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی حوزەیرانی 2024، سەرچاوەیەک کە نەیوست ناوی ئاشکرا بکرێت لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەمڕۆ بانکەکان چەکی مانگی پێنج و ئەو هاوکارییەی کە هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ لیوا هاوبەشەکانی دیاریکردووە دراوە بە ژمێریارەکان". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمڕۆ تەنها چەک وەردەگیرێت و سبەینێ مووچەی لیوا هاوبەشەکان و هاوكارییەکەش پێکەوە دابەشدەکرێت". وتیشی، "هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەکی لیوا هاوبەشەکان 432 هەزار دینار وەک پاداشت پێدەدرێت کە ئەم پارەیە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانانە بۆ پێشمەرگە".
هاوڵاتی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هیچ کەسێک نابوورن کە یاری بە هەستی قوتابیان و خوێندکاران بکەن. ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی حوزەیرانی 2024، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "كۆی ئهو قوتابییانهی بهشداری تاقیكردنهوه گشتییهكانن بریتین لە 122،015 قوتابین و بهسهر دوو ههزار و 115 هۆڵدا دابهش كراون". ئاماژەی بەوەشکرد، "پێش تاقیکردنەوەکان هیچ حاڵەتێکی گزیکردن نەبووە و دوای ئەوەی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان دەس تپێ دەکات، هەر حاڵەتێک هەبووبێت کە هەر باندێک ویستبێتی قوتابیان فریو بدات، لە دووساڵی ڕابردوو بە پێی پلانێکی ورد لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان، لە ئاسایشی سلێمانی و هەولێر و دهۆک، لە هەموو ئیدارە سەربەخۆکانیش، هاوکاری وەزارەتی پەروەردە بوون". وتی، "بە بەردەوامی هەماهەنگی لەگەڵ دەزگاکانی ئەمنییەکان هەیە، هەر کەسێک هەر کارێک بکات، ئێمە تیمێکی چاودێرمان هەیە لە وەزارەتی پەروەردە، ئەو تیمە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایش، تەواوی ئەو پێگە و تۆڕە کۆمەڵایەتییانەی ئەوان هەیانە، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت وهەر کەسێکیش دزە بە پرسیارەکان بکات، دەدرێت بە ئاسایش و وەزارەتی پەروەردەش بەفەرمی سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکات". ئەوەشی خستە ڕوو، "پێش تاقیکردنەوەکان و لەناو هۆڵی تاقیکردنەوەکان رێکارەکان دەگیرێتەبەر، ئێمە لە هیچ کەسێک نابوورین کە یاری بە هەستی قوتابیان و خوێندکاران بکەن و هانی فریودانیان بدەن". له سهرجهم پهروهردهكانی پارێزگای ههولێر له بهشه جیاوازهكانی زانستی، وێژهیی و پیشهیی 39 ههزار و 547 قوتابی بهشداری تاقیكردنهوهكان دهكهن و بهسهر 680 هۆڵ دابهش كراون. ههروهها له پارێزگای سلێمانی 27 ههزار و 376 قوتابی له 423 هۆڵ، له پارێزگای دهۆك 28 ههزار و 285 قوتابی له 525 هۆڵ، له گهرمیان پێنج ههزار و 635 قوتابی له 98 هۆڵ، له ههڵهبجه ههزار و 794 قوتابی له 39 هۆڵ، له سۆران حهوت ههزار و 294 قوتابی له 130 هۆڵ، له ڕاپهڕین پێنج ههزار و 749 قوتابی له 105 هۆڵ و له زاخۆ شهش ههزار و 335 قوتابی له 115 هۆڵ بهشداری تاقیكردنهوهكان دهكەن.
هاوڵاتی ئالان حەمە سەعید، بۆ تاقیكردنەوە نیشتمانییەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی، هەماهەنگیمان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان و هەندێك وەزارەتدا كردووە و دەشڵێت، " كارەبای بەردەوام بۆ هۆڵی تاقیكردنەوەكان دابیندەكرێت". ئەمڕۆ شەممە 22ی حوزەیرانی 2024، د. ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، بۆ تاقیكردنەوە نیشتمانییەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی، هەماهەنگیمان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان و هەندێك لە وەزارەتەكاندا كردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، بەر لە جەژنی قوربان وەزیری كارەبای هەرێم لە سەردانێكیدا ئامادەیی هەموو جۆرە هاوكارییەكی بۆ دابینكردنی كارەبا بۆ هۆڵی تاقیكردنەوەكان دەربڕی و كاركراوە كە كارەبای بەردەوام بۆ هۆڵی تاقیكردنەوە نیشتمانییەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی دابینبكرێت
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی شۆفێران ئاگاداردەکاتەوە كە فلاشەری پۆلیس لە ئۆتۆمبێلەكانیان نەبەستن. ئەمڕۆ شەممە 22ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، نابێت شۆفێران بەهیچ شێوەیەك فلاشەری پۆلیسی لە ئۆتۆمبێلەكانیان ببەستن لەبەرئەوەی قەدەغەیە و لە مەفرەزەكانی هاتوچۆدا لێپێچینەوە لە كەسی سەرپێچیكاردەكرێت و رووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێنەوە. دەشڵێت، ئەم جۆرە فلاشەرانە تەنها بۆ ئۆتۆمبێلەكانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزە تایبەتەكانی وەزارەتی ناوخۆیە، هیچ لایەن و دامودەزگایەك بۆی نییە دایبنێت و دانانی كارێكی قەدەغەیە و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.
هاوڵاتی لە گەرمیان ژنێک بەپەت خۆی هەڵواسی و گیانی لە دەستدا . ئەمڕۆ شەممە 22ی حوزەیرانی 2024، علی جمال قدووری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەمە لەگوندی عەوڵاقوت سەربەناحییەی سەرقەڵاوە تەرمی ئافرەتێک بەناوی گ - د - ب لەدایکبووی 1960 هێنرایە پزیشکی دادوەری قەزای کەلار کە بەهۆی خنکان بەپەت گیانی لەدەستدابوو. دەشڵێت، بەوتەی کەسوکاری ناوبراو نیوەڕۆی ئەمڕۆ خۆی هەڵواسیوەو گیانی لەدەستداوە. ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی لەسەر هۆکارو چۆنێتی ڕوداوەکە کردۆتەوە.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت، پلەکانی گەرما دادەبەزنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەشێک ناوچەش ئەگەر تاوە باران و هەورە بروسکە هەیە. ئەمڕۆ شەممە 22ی حوزەیرانی 2024 شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند، "بەهۆی کارتێکردنی بارستە هەوایه کی فێنکی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست پێشبینی دەکرێت لە رۆژی دووشەممەوە بۆ کۆتایی هەفتە پلەکانی گەرما لەسەرجەم ناوچەکان بەڕێژەی 3 بۆ 4 °پلەی سیلیزی دابەزێتەوە ئەگەر هەیە لە هەندێک ناوچەی شاخاویش تا 5 پلە دابەزین بەخۆووە ببینێت، بە تایبەت ناوچە شاخاوی و سنووریەکان". ئاماژەی بەوەکردووە، "هاوکات بەهۆی هاتنی هەور بۆ سەر ناوچەکە ئەگەری چڕ بوونەوەی هەیە و لەئارادایه هەندێ کات تا کۆتایی هەفتەکە بەزۆریش سنووری ناوچەی شاخاوی هەولێر و راپەرین و بادینان له بەرامبەر گونجانی بارودۆخ ئەگەر هەیە، هەندێک شوێنی تریش بروسکە و بارانی کەم بیگرێتەوە". ئەوەشی خستەڕوو، "لە ئەمڕۆوە تا کۆتایی هەفتەکەش ئەگەری چالاکبوونی بای شەماڵ هەیە ناو بەناو بۆ سەرجەم ناوچەکان بەخێرایی 15 تا 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا کە خۆی دەبینێتەوە لەبای باکوورو باکووری رۆژئاوا کە ئەم بایە هۆکارە بۆ دابەزینەوەی پلەکانی گەرما لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، هاوکات لەوانەیە دوای ئه م دۆخە تۆپەڵە هەوایەکی گەرمی لاوازی باکووری ئەفریقی کورت خایەن کارتێکەر بێتەوە بەدوایدا ئەگەر هەیە دوای ئەمەش چەند بارستە هەوای فێنکی باڵادەست کاتێکەر ببنەوە لەسەر ناوچەکە لە رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە و وە دەریای ناوەڕاستەوە".
هاوڵاتی سەرچاوەیەکی حکومی ژمارەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات کە پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆشیان تێدایە. ئەمڕۆ شەممە 22ی حوزەیرانی 2024، سەرچاوەیەکی حکومی بە ئاژانسی هەواڵی "بغداد الیومی" راگەیاندووە، "ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە 114 هەزار و 749 کەسە، هەروەها هەشت هەزار و 682 کەسە". ئاماژە بەوەشکراوە، "ژمارەی هێزەکانی ئاسایش سەر بە پارتی و یەکێتی 33 هەزار و 832 کەسن، هەروەها ژمارەی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلیسی خۆجێی و باقی پێکهاتەکان 149 هەزار و 748 کەسە".
هاوڵاتی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێكی تایبەتی بە ساڵی نوێی خوێندنی 2024 بۆ 2025 دەركرد. بەپێی بڕیارەكان كە بە نووسراوی ژمارە (186) لە (2024/6/10) دەرچووە و ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان كراوە، كارگێڕی ناوەندەكانی خوێندن لە 24 تا 29ی ئاب خوێندكاران بەسەر هۆڵەكانی خوێندندا دابەشدەكەن. بڕیاریشی داوە کە لە 31ی ئاب تا 5ی ئەیلول خشتەی هەفتانەی وانەكان دادەنرێت و بەشەوانەی مامۆستایان دیاری دەکرێت، ڕۆژی دووشەممە 1ی ئەیلوول ڕۆژی پەیوەندیكردنەوەی مامۆستایانە بە ناوەندەكانی خوێندن. لە ماوەی وەرزی هاوینیشدا كارگێڕیی ناوەندەكانی خوێندن رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممە لە دەوامدا دەبن.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد حكومەتی عێراقی سەرقاڵی دانانی دووخاڵی گومرگییە لەنێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق کە یەکێکیان دەکەوێتە پارێزگای موسڵ نزیك لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل و ئەوەی دیكە دەكەوێتە پارێزگای دیالە لە نزیك مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان هەرێمی كوردستان بە پارێزگاكانی دیكەی عێراقەوە دەبەستنەوە. ئەمڕۆ شەممە 22ی حوزەیرانی 2024، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان لەبارەی دانانی ئەو دوو خاڵە گومرگییەوە بە هاوڵاتی راگەیاند، "دانانی ئەو دوو خاڵە گومرگییە هەنگاوێکی تەواو نایاساییە کاریگەری گەورە دروست دەکات لەسەر جوڵەی بازرگانی دەروازەکانی ھەرێمی کوردستان و جوڵەی بازرگانی نێوان ھەرێم و بەغدا". جگە لە باشماخ و پەروێزخان، دوو دەروازەی دیکەی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان هەن؛ لە پارێزگای هەولێر دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و لە دهۆکیش دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، دەروازەکانی کێلێ، سەیرانبەن، پشتە و شووشمێ هەن و تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراون. داهاتی خاڵە گومرگییەکان دەروازەکانی هەرێمی مانگانە لە نێوان 110 – 130 ملیار دینارە، بەپێی یاسای بودجە بێت دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکی داهاتی خاڵە گومرگییەکان بداتە حکومەتی عێراق. ساماڵ عەبدولڕەحمان باسی لە نیگەرانی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لەبارەی بڕیاری کردنەوەی دووخاڵی گومرگی لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە و وتی، "لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ئەم بریارە پەسەند نییە و لەسەر ئاستی باڵا کار دەکرێت بۆ ھەڵپەساردنی و جێبەجێ نەکردنی ئەو بڕیارە".
هاوڵاتی وتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، دوو پارتى نوێ ئامادەیى خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربڕیوە. جومانە غەلاى، وتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا تەنها دوو لایەنی نوێ ئامادەیى خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دەربڕیووە". ئاماژەی بەوەشکرد "20 بەربژێرى دیکەى سەربەخۆش ناوى خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە تۆمارکردووە و پرۆسەکەش بەردەوامە و لەناو ئەو حزبانەى بایکۆتى هەڵبژاردنیان کردبوو تاوەکو ئێستا تەنیا پارتى دیموکراتى کوردستان ئامادەیى پیشانداوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، هەروەها تاوەکو ئێستا بەربژێرانى کۆتا ناوى خۆیان بۆ پێنج کورسیى کۆتاکان تۆمار نەکردووە". کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان رۆژى 5ى ئەیلولى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان پێشنیارکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان وادەی هەڵبژاردنی دیارینەکردووە.
هاوڵاتی بڕیارە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام لەسەرەتای ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی ئایاری هێزە ئەمنییەکانى هەرێمی کوردستان دابەشبکرێت. بەپێی زانیارییەکان بێت، لیستى مووچەى مانگی ئایاری هێزە ئەمنییەکانى هەرێمی کوردستان هەموو رێکارەکانى بڕیوە و بڕیارە لەگەڵ دەستپێکردنەوەى دەوامدا پارەکە بنێردرێت و دەست بە دابەشکردنى مووچەکانیان بکرێت. دابەشکردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بەهۆی ئەو کێشانەی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵییەوە بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دروستکران بۆ زیاتر لە دوو مانگ دواکەوت، پێش جەژن مووچەی مانگی چواریان وەرگرت.
هاوڵاتی لە قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر کەسێک هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی دراوسێکەی و تەقەی لێدەکات و برینداری دەکات، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی و مانەوەی بۆ چەند کاتژمێرێک بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 21ی حوزەیرانی 2024، له قهزاى خهبات له ههولێر هاوڵاتییهك به چهك ههڵیكوتاوهتهسهر دراوسێكهى و تهقهى لێكردووه، له ئهنجامدا به سهختى بریندار بووه و براوەتە نەخۆشخانە. بەپێی زانیارییەکان، ئەوکەسەی برینداربووە ئەمشەو بههۆى سهختى برینهكهیهوه له نهخۆشخانه گیانى لهدهستدا، هەر بهپێى زانیارییهكان "تۆمهتبار و قوربانییهكه به رهگهز نێرن و هۆكارى رووداوهكه شهڕى نێوان منداڵى ههردوو خێزانهكهیه و دهگهڕێتهوه بۆ دوو مانگ پێش ئێستا".
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ گەنجێکی تەمەن 21 ساڵان کە خەڵکی شنگالە لە رووباری خابووردا خنکا و تەرمەکەی دۆزرایەوە. ئەمڕۆ هەینی 21ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی شارستانیی زاخۆ لە راگەیەندراوێکدا کە بۆ هاوڵاتی نێردراوە رایگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی چەمسیرمۆی رۆژهەڵاتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، گەنجێکی ئاوارەی شنگال بە ناوی (ف، ش، ا) تەمەن 21 ساڵان لەناو رووباری خابووردا خنکا". ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەو گەنجە دانیشتووی کەمپی چەمشکۆیە و تەرمەکەی لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە دۆزراوەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە".
هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ، لە سنووری هەورامان و بەرزاییەکانی تەتە تەقە لە کاروانێکی کۆڵبەران کراوە و کۆڵبەرێک کوژرا. بەپێی هەواڵێک کە بە هاوڵاتی گەیشتووە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی 21ی حوزەیرانی 2024، هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە سنووری هەورامان و بەرزاییەکانی تەتە، تەقەیان لە کاروانی کۆڵبەرەکان کردووە کۆڵبەرێک کوژراوە. هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو کۆڵبەرەی کوژراوە ناوی "ئەرکان محەمەد"ە بە ئەرکان بالوسە ناسراوە و خەڵکی ئاوایی جەلیلەی سەر بە شاری مەریوانە.
