هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024، ئاری هەرسین, بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، دژی هەڵبژاردن نەبووین بەڵكو دژی پیلانگێڕی بووین. دەشڵێت، ھەوڵی ئێمە لە ڕابردوو دژی ھەڵبژاردن نەبوو، بەپێچەوانەوە دژی ئەو پیلانگێڕیە بوو، ھۆکارەکانمان دیاری کردبوو، وتمان بەو شێوەیە بەشداری ھەڵبژاردن ناکەین. ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەو سیاسەتە حەکیمانەیەی سەرۆک لەسەر بنەمای خۆ نەچەماندن, چەندین جار ئەمەی بەرجەستە کردووە لە ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتی خۆیدا و سەرکەوتنی بەدەستھێناوە. باسی لەوەشکرد، زۆر کەس گرەوی لەسەر ئەوە کردبوو ئەگەر پارتی بەشداری ھەڵبژاردن نەکات ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ و ھەڵبژاردن ھەر دەکرێت، دواجار سەلمێنرا کە پارتی وەکو گەورەترین پارتی سیاسی لە کوردستان ژمارەیە و بەبێ پارتی ھیچ ناکرێ و ئەو ئەنجامەی دەستکەوت سەرکەوتنێکی گەورەبوو، پشکی شێری ئەو سەرکەوتنەش بەر جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەوێت. ئاماژەی بەوەشکرد، دادگای فیدڕاڵی بە حیساباتی خۆیدا چوویەوە و چووە ناو گۆڕانکارییەکان و دەبینین ئێستا چاوەڕێی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ دیاری کردنی وادەی نوێی ھەڵبژاردن.  

هاوڵاتی دوای راگیرانی بۆ ماوەی دوو رۆژ، بڕیارە سبەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە سایلۆکان دەستپێبکاتەوە.  ئەمڕۆ دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024، نەسرین ئەحمەد عەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی رایگەیاند، لە بەرژەوەندی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بڕیارمانداوە لە سبەیەوە لە سایلۆکانەوە دەستبکەینەوە بە وەرگرتنی گەنم. وتیشی، وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە 6ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و بەهۆی پشووەکانی جەژنەوە لە دوێنێوە سایلۆکان گەنمیان وەرنەگرتووە.   نەسرین ئەحمەد ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 44 هەزار و 375 تۆن و 540 کیلۆ گەنمی جووتیارانیان وەرگرتووەتەوە. بەگوێرەی دابەشکاریی وەرگرتنی گەنم لەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن وەردەگیرێت، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت. ساڵی رابردوو 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022 بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو. بەگوێرەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق ئەمساڵ 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دیناری دەداتە جووتیاران.   بەپێی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەم ساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرترینە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زاخۆ دۆزینەوەی تەرمی هاوڵاتییەکی لە رووبارێکدا راگەیاند. ئەمشەو یەکشەممە 16ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند، "ئەمڕۆ تەرمی هاوڵاتییەکی تەمەن 73 ساڵ لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە لە رووباری خابیردا دۆزرایەوە". لە راگەیەندراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زاخۆ ئەوەشی ئاشکراکرد، "ماوەی چوار رۆژ بووە ئەو هاوڵاتییە بێسەروشوێن بووە و ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزراوەتەوە".

هاوڵاتی لە سنووری قەزای کۆیە شەڕەتەقە روویدا و پێنج کەس بە برینداری گەیەندرانە نەخۆشخانە و یەکێکیان گیانی لەدەستدا. لە ناوچەی گەشتیاری سماقۆڵی لە سنووری قەزای کۆیە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی حوزەیرانی 2024 شەڕە تەقە دروستبوو، بەپێی وتەی د. نەشئەت ئەحمەد، پزیشکى نەخۆشخانەى شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە بێت، پێنج بریندار گەیەنراونەتە نەخۆشخانە و یەکێکیان گیانى لەدەستداوە و برینى یەکێک لە بریندارەکانیش سەختە. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی بڕیاری رەشیدە و ئەو کەسانەی شەڕەکەیان کردووە ئامۆزای یەکتری بوون، پۆلیس چووەتە شوێنی رووداوەکە و دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان کەشوهەوای ئەمرۆ و سبەی بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور وە لە ناوچەکانى باکوور نیمچە هەوردەبێت، پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ". ئاماژە بەوەکراوە، "سبەینێ دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ پەیدابوونى هەندێک پەڵەهەور و پلەکانی گەرماش کەمێک نزمتر دەبێتەوە بەراورد بە ئەمڕۆ". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: - هەولێر : 42. - سلێمانی : 40 - دهۆک : 41 - کەرکوک : 44 - هەڵەبجە : 42 - زاخۆ : 42 - سۆران : 38 - حاجی ئۆمەران : 28 - گەرمیان : 46

هاوڵاتی سەرۆکی بەرەی گەل بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی حوزەیرانی 2024، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل لە پەیامێکدا رایگەیاند، "بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی خوشک و برا مسوڵمانەکانمان دەکەم لە هەرێمی كوردستان و عێراق و جیهان". دەشڵێت، " پەروەردگاری مەزن نزای هەمووان قبووڵ بکات، جەژنێکی پڕ لە خێر و خۆشی و بەرەکەت بێت بۆ گەلەكەمان".  

هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە 15ی حوزەیرانی 224، د. فازڵ نەبی بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، حكومەتی عێراق داوای ناوی هەموو هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی کوردستان دەكات و بە دوای بیانوودا دەگەڕێت كە كێشە بۆ ناردنی مووچە دروستبكات. د. فازڵ نەبی بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، پێشتر رێككەوتن كرا بۆ ناردنی مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەكان، بەڵام حكومەتی عێراق داوای ناوی هەموو هێزە ئەمنییەكان داواكات و تا ئەم ساتە وەختەش چارەسەری ریشەیی بۆ بە بانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و داهاتی ناوخۆ نەدۆزراوەتەوە. فازڵ نەبی ئەوەشی خستەڕوو، بابەتی نەوتی هەرێم كێشە بۆ مووچەی مووچەخۆران دروستناكات، بەڵام دەبێت لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت هەرێم و بەغداد بگەنە رێككەوتنی كۆتایی چونكە حكومەتی عێراق بە دوای بیانوودا دەگەڕێت كە كێشە بۆ ناردنی مووچە دروستبكات.  

هاوڵاتی سەرۆكی لێژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی سلێمانی، هەر دوکاندارێک نرخی کاڵاکان بەرز بکاتەوە ئەوە سزا دەدرێت، هەروەها زیاتر لە 40 لێژنە چاودێری بازاڕ دەکەن. ئەمڕۆ شەممە 15ی حوزەیرانی 2024، گۆران قادر، سەرۆكی لێژنە هاوبەشەكانی قایمقامییەتی سلێمانی، رایگەیاند، سەردان و بەدواداچوونەکانمان چڕتر دەکەینەوە تا درەنگانی شەو بۆ ئەوەی نرخ لە بازاڕ بەرز نەکرێتەوە، هەروەها لە بۆنە پشووەکانیشدا بەردەوام چاودێری بازاڕ دەکەین. دەشڵێت، هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە کە کاڵا و شتوومەکەکانیان لەو شوێنانە بکڕن کە فەرمین و مۆڵەتی کارکردنیان هەیە. ئەوەشی خستەڕوو، نزیکەی دوو تۆن نیو چەرەزات دەستی بەسەردا گیراوە، کە ماوەبەسەرچوو بوو، دانرابوو بۆ جەژن لە بازاڕ ساغبکرێتەوە، هەروەها رێگەنادەین هیچ خاوەن دوکانێک بۆنە ئایینی، نیشتمانیی و نەتەوییەکان بقۆزێتەوە و یاری بە نرخی کاڵاکان بکات.

هاوڵاتی .سەرۆکی هەرێمی کوردستان،  له‌ ژيانى ڕۆژانه‌ و په‌يوه‌ندييه‌كانماندا تازه‌ بكه‌ينه‌وه‌ و لاپه‌ڕه‌ى نوێ له‌ ڕێز و خۆشه‌ويستى و نيازپاكى و گيانى هاريكارى له‌گه‌ڵ يه‌كتردا بكه‌ينه‌وه‌. ئەمڕۆ شەممە 15ی حوزەیرانی 2024، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رایگەیاند بەبۆنەی جەژنەی قوربانەوە پەیامێکی پیرۆزبای بڵاوکردەووە و رایگەیاند، له‌م بۆنه‌يه‌دا با چه‌مك و ماناكانى جه‌ژن له‌ گه‌ردن ئازادى و لێبوردن و پێكهاتنه‌وه‌، له‌ ژيانى ڕۆژانه‌ و په‌يوه‌ندييه‌كانماندا تازه‌ بكه‌ينه‌وه‌ و لاپه‌ڕه‌ى نوێ له‌ ڕێز و خۆشه‌ويستى و نيازپاكى و گيانى هاريكارى له‌گه‌ڵ يه‌كتردا بكه‌ينه‌وه‌. دەقی پەیامەکە... جه‌ژنى قوربان به‌ گه‌رمى له‌ هاووڵاتيانى خۆشه‌ويستى كوردستان و ته‌واوى موسڵمانان له‌ عێراق و جيهان پيرۆز ده‌كه‌م. هيوادارم جه‌ژنى خێر و كامه‌رانى بێت و بۆ هه‌موو لايه‌ك ئارامى و ئاسووده‌يى له‌گه‌ڵ خۆيدا بهێنێت، هيواى سه‌لامه‌تى و پشوويه‌كى خۆش بۆ هه‌مووان ده‌خوازم. له‌م بۆنه‌يه‌دا با چه‌مك و ماناكانى جه‌ژن له‌ گه‌ردنئازادى و لێبوردن و پێكهاتنه‌وه‌، له‌ ژيانى ڕۆژانه‌ و په‌يوه‌ندييه‌كانماندا تازه‌ بكه‌ينه‌وه‌ و لاپه‌ڕه‌ى نوێ له‌ ڕێز و خۆشه‌ويستى و نيازپاكى و گيانى هاريكارى له‌گه‌ڵ يه‌كتردا بكه‌ينه‌وه‌. يه‌زدانى مه‌زن وڵات و گه‌له‌كه‌مان بپارێزێت. جه‌ژنى هه‌مووان پيرۆز بێت، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى.

هاوڵاتی لەگوندی شێخ لەنگەر سەربەناحییەی کوڵەجۆوە منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان بەناوی ( محمد دڵشاد باقی) خنکا و گیانی لەدەستدا. ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 15ی حوزەیرانی2024، علی جەمال قدووری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان راگەیاند، لەگوندی شێخ لەنگەر سەربەناحییەی کوڵەجۆوە تەرمی منداڵێکی دوو ساڵان بەناوی ( محمد دڵشاد باقی) هێنرایە پزیشکی دادوەری قەزای کەلار کەبەهۆی خنکان بەئاو گیانی لەدەستدابوو. دەشڵێت، بەوتەی کەسوکاری کەدانیشتووی قەزای کفرین و بەسەردان هاتبوونە گوندی ناوبراو منداڵەکەیان لەماڵ دەرچوەو کەوتۆتە مەشروعی ئاوەوە کەنزیکی ماڵەکەیان بوەو لەئەنجامدا گیانی لەدەستداوە. ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆکراوەتەوەو پۆلیس دەستی بەلێکۆڵینەوە کردوە.  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای سبەی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ شەممە 15ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سبەی یەکشەممە 16ی حوزەیرانی 2024  ئاسمان ساماڵ دەبێـت لەگەڵ درووسبونی هەندێ پەڵە هەور، لە دوایی نیوەرۆ لە ناوچە شاخاویە سنوورییەکان ئەگەری بارینی تاوە بارانێکی کورت خایەن هەیە و پلەکانی گەرما نزیک دەبێت لە تۆمارکراوی ئەمرۆ". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەینێ یەکشەممە: هەولێر : 43   سلێمانی : 39   دهۆک : 41  کەرکوک : 45 هەڵەبجە : 41  زاخۆ : 42  سۆران : 38 حاجی ئۆمەران : 27 گەرمیان : 46  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ هۆبەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان هاوڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە لەبارەی چوونی ئۆتۆمبێلێک بۆ ئێران. ئەمڕۆ شەممە 15ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ هۆبەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان رایگەیاند، "ئاگاداری بۆئەو گەشتیارە بەڕێزانەی کە بە ئۆتۆمبیلی تایبەتی خۆیان گەشت دەکەن بۆ وڵاتی ئێران لە بەرواری (2024/6/16) دەبێت تابلۆی ئۆتۆمبیلەکانیان (تابلۆی ژمارەکانیان تازەکان) بێت واتا تابلۆ کۆنەکان کاریان بۆ ناکرێت لە دیوی ئێران  و رێگەیان پێ نادرێت گەشتەکەیان ئەنجام بدەن". ئاماژە بەوەشکراوە، "بۆیە داواکارین لە گەشتیاران و هاووڵاتیانی خۆشەویست پابەندبن بەڕێنماییەکانەوە ئەم بڕیارەش لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بڕیاری لەسەردراوە".  

هاوڵاتی  حامد تورکاشوەند لە شارى کرماشان لەلایەن ژمارەیەک چەکدارى نەناسراوەوە کوژراوە. ئەمڕۆ شەممە 15ی حوزەیرانی 2024، مەهدی قەنادی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دادگای شۆرشی پارێزگای کرماشان رایگەیاندووە، "ژمارەیەک چەکداری نەناسراو کاتژمێرێک پێش هاتنەدەرەوەی حامید لە ماڵەکەی بۆسەیان بۆ داناوەو لەگەڵ هاتنە دەرەوەیدا چوار گوللەی پێوە دەنێنن و دەستبەجێ دەکوژرێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "چەکدارەکان هەڵهاتوون و بە بریاری دادوەر لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی بکوژەکان دەستیپێکردووە".  حامد تورکاشوەند بەرپرسی بەشی ئەمنی و سزای بازاڕەکانی شاری پاوەیەو ماڵەکەی لە شارى کرماشان بووەو لەوێ نیشتەجێ بووە.

هاوڵاتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت گەڕی دووەمی چەکی پارەی گەنمی جوتیاران گەیشتووە. ئەمڕۆ شەممە 15ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بڕی 20 ملیار دینار وەک گەڕی دووەمی چەکی پارەی گەنمی جوتیاران گەیشتووە و لە دوای جەژنی قوربانیش دەست بە رێکارە کارگێرییەکانی دابەشکردنی دەکرێت بەسەر جوتیاراندا". ئاماژە بەوەشکراوە، "لەو 20 ملیار دینارە 10ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی سنوری سلێمانیییە و شەش ملیار دیناریشی پارەی گەنمی سنوری هەولێرە و چوار ملیار دیناریش پارەی گەنمی جوتیارانی دهۆکە".

هاوڵاتی كامەران عوسمان، بەتەنیا لەمساڵدا هەشت هاووڵاتی مەدەنی، بەهۆی بۆردومان و لەشكركێشییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێم شەهیدبوون. ئەمڕۆ هەینی 14ی حوزەیرانی 2024، كامەران عوسمان لێپرسراوی بەشی مافی مرۆڤ لە ڕێكخراوی سی پی تی ئەمریكی رایگەیاند، زۆرترین هێرشی سوپای توركیا بۆ ناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك بووە. دەشڵێت، هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی رابردوودا بەم جۆرە بووە، پارێزگای دهۆك 365 هێرش و بۆردومان، پارێزگای هەولێر 356 هێرش و بۆردومان، پارێزگای سلێمانی 102 هێرش و بۆردومان و لە پارێزگای نەینەواش 10 هێرش و بۆردومان ئەنجامدراوە. ئاماژەی بەوەشکرد، بەتەنیا لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای توركیا 27 بۆردومانی بۆ سەر زنجیرە چیای مەتینا و گەلی ڕەشاڤا لە قەزای ئامێدی، چیای ساوێن لە بناری قەندیل، لوتكەی كوڕاشەڵ و بناری چیای كێوەڕەش لە ڕانیە، چیای جاسوسان لە قەزای پشدەر، گوندی كانی میرانی كۆماری و نزارە لە قەزای پێنجوێن ئەنجامداوە. کامەران عوسمان ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا توركیا 27 جار چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستانی بۆردومانكردووە، لەمساڵیشدا 833 هێرشی ئەنجامداوە و بەوهۆیەوە هەشت هاووڵاتی شەهیدبوون