هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی حوزەیرانی 2024، ئەو ژنەی لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن براکەیەوە سوتێنرا و رێژەی سووتاویەکەی لە %80 بوو بەیانیی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا. رۆژی سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند، کە لە خوشکەکەی داوە و ئاگری لە جەستەی بەرداوە. کوفان نوری، ئەو ژنەی کە سوتێنرا و گیانی لەدەستدا، دایکی سێ منداڵە و تەمەنی 35 ساڵ بوو و لە گەڕەکی مالتا لە دهۆک نیشتەجێ بووە.
هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا هەر کەسێک ڤیدیۆی تەقەکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بکاتەوە دەدرێتە دادگا. ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هەر کەسێک ڤیدیۆی تەقەکردن لە تیک تۆک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بڵاوبکاتەوە، لەلایەن داواکاریی گشتیی سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت و دەدرێتە دادگا". میرانی ئەوەشی وت، "بەسەدان کەس لەسەر ئەوەی چەکی بێ مۆڵەتیان لابووە، پێبژاردنی دارایی (غەرامە) و بەندکراون و کەیسەکانیان لای دادگایە".
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد شارەزایەکی کەشناسی ئاماژە بەوەدەدات، پلەی گەرما زیاتر دادەبەزن و تەوژمە هەوایەکی دیکەی فێنکی دەریای ناوەڕاست کاردەکاتە سەرناوچەکانمان. ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند، "ماوەی چەند رۆژێکە پلەکانی گەرما کەمێک دابه زینی بەخۆوە بینیوە لە ئەنجامی کشانەوەی تۆپەڵە هەوای گەرمی باکووری ئەفەریقی و لاوازبوونی نزمە پاڵە پەستۆی گەرمی وەرزی زەریای هیندی، لەئەنجامی لاواز مانەوە و کەمبوونەوەی نزمە پاڵە پەستۆی گەرمی وەرزی زەریای هیندی و هاتنی تەومە هەوایه کی تری فێنکی دەریای ناوەڕاست لە رۆژانی داهاتوودا پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن". ئەوەشی وت، "رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە پلەی گەرما بە رێژەی 1 تا 3 پلەی سیلیزی و بۆ سێشەممەو چوارشەممە تا 4 بۆ 5 پلە دادەبەزێت". بەپێی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە بێت، بەدرێژایی ئەم هەفتەیە با چالاکە ناو بەناو بە زۆریش بای شەماڵ زیاتر کاتەکانی دوانیوەڕۆ بەولاوە بەخێرایی 15 تا 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد بەرپرسی لقی دهۆکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەبوونی تورکیا لە دەڤەری بادینان مەترسییەکی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەشدەکات، تورکیا دەوڵەتێکە لەسەر بنەمای داگیرکاری بەردەوامی بە بوونی خۆی دەدات ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، سگڤان ئەرتیسی، بەرپرسی لقی دهۆکی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لەبارەی داگیرکارییەکانی تورکیا لە سنووری قەزای ئامێدی و ناوچەکانی بادینان بە هاوڵاتی راگەیاند، "هەبوونی تورکیا لە دەڤەری بادینان مەترسییەکی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان و بە زەبر نەبێت زەحمەتە تورکیا ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان چۆڵ بکات کە لەئێستادا تێیدان". ئەو بەرپرسەش پێی وایە، ئەگەر حزبە دەسەڵاتدارەکان بەرژەوەندیی خۆیان لەبەرچاونەگرن و ببنە یەک دەنگ و یەک دەست و بابەتی نەتەوەیی بهێنە پێشەوە، دەتوانن رێگری لەم داگیرکارییەی تورکیا بکەن، بەڵام حزبەکان لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان یەکتری تۆمەتبار دەکەن. وتیشی، "تورکیا لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوڵەتێکی داگیرکەرە، دەوڵەتێکە لەسەر بنەمای داگیرکاری بەردەوامی بە بوونی خۆی دەدات، هەروەها تورکیا هەر جێگەیەک داگیربکات بە ئاسانی دەستبەرداری نابێت، کولتوور و هونەر و زمانی خۆی دەسەپێنێت بەسەر ئەو ناوچەیەدا". ماوەی چەند رۆژێکە سوپای تورکیا بەشێوەیەکی فراوان دەستیان بە لەشکرکێشی کردووە لە ناوچەکانی قەزای ئامێدی و سنووری بادینان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر ئەم لەشکرکێشییە بێدەنگی هەڵبژاردووە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، 20 ملیار دینار پارەی گەنمی جوتیاران گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی راگەیاند، "چەکی 20 ملیار دینار پارەی گەنمی جوتیاران گەیشتووەتە ھەرێمی کوردستان". بەپێی وتەی نەوزاد شێخ کامیل بێت، لەو پارەیە 10ملیار دیناری بۆ پارێزگای سلێمانی و شەش ملیار دیناری بۆ ھەولێر و چوار ملیار دیناریشی بۆ پارێزگای دھۆکە. ئەوەشی خستووەتەڕوو، "رێککارە کارگێڕییەکانی دابەشکردنی پارەکە تەواوکراوە و لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت". تائێستا لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان بڕی 292 ھەزار و 760 تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە و پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمیش بەردەوامە.
هاوڵاتی لەبەر چەند هۆکارێکی سیاسی و هونەری تاوەکو ئێستا کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان چارەسەر نەکراوە. ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ی راگەیاند "تاوەکو ئێستا لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی داراییە و وردبینیکردن تیایاندا بەردەوامە و پێیان رانەگەیاندووین هۆکارى نەناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان چییە و چ تێبینییەکیان لەسەر لیستەکە هەیە". ئاماژەی بەوەشکردوە، "وردبینی لیستی مووچە لە وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی لە بنەڕەتدا سێ بۆ چوار رۆژی پێدەچێت، بەڵام زیاتر لە 10 رۆژە لیستی هێزە ئەمنییەکانیان بەدەست گەیشتووە، بەڵام وردبینی تیایدا تەواو نەبووە". لەبارەى هۆکارى دواکەوتنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان، ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی راگەیندووە، هۆکارەکان سیاسی و هونەرییە، هۆکارە سیاسییەکان بەهۆى پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدادەوە و هۆکارى هونەرییەکانیش بەهۆی ئەو لیستەوەیە کە نێردراوە کە پێدەچێت جیاوازیی هەبێت لەگەڵ لیستەکانی پێشوودا". ئەوەشی خستۆتەڕوو، "ئەگەر وردبینی لیستی هێزە ئەمنییەکان بۆ مانگی ئایار تەواوبێت، پێناچێت بۆ مانگەکانی داهاتوو ئەم کێشەیە دووبارەبێتەوە و بۆ مانگەکانی دیکە مووچەی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی خۆیدا دەنێردرێت".
هاوڵاتی ماڵی سەید ئەحمەدی خانەقا لە شاری كەركوك ئەو ماڵەی سرودی ئەی رەقیبی تێدا تۆماركرا روخێنرا، کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 300 ساڵ دەگەڕێتەوە. دەستەی داكۆكیكار لە شاری كەركوك لەسەر روخانی خانوەكە هاتنە دەنگ و داوا دەكەن لێكۆڵینەوەی لە هۆكاری روخانی خانووەكە بكرێت، چونكە شوێنەواری شارەكە ماڵەكەی كڕیبویەوە بۆ ئەوەی نۆژەنی بكاتەوە و تابلۆیەكی لەسەر خانوەكە هەڵواسیبوو، كە نابێت هیچ كەسێك دەستكاری بكات، بەڵام روخێنراوە. هاووڵاتیانی كوردی شارەكە داوا دەكەن بە زووتریت كات خانوەكە چاكبكرێتەوە و بكرێتە مۆزەخانە، چونكە ناسنامەی كورد و شارەكەیە. جێگەی ئاماژەیە، ئەم خانووە، لە چلەکانی سەدەی رابردوو لەلایەن هەریەک لە دڵداری شاعیر و شێخ حسێن بەرزنجی ئاوازی سرودی نیشتمانی ئەی رەقیبی تێدا دانراوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی زاخۆ رایگەیاند، كاتژمێر 11:30 خولەكی شەوی رابردوو لە رێگەی سەرەكیی باتیڤا و لە نزیك كامپی بێرسڤێ دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەكانی تۆیۆتا و كرۆلا و كیا و سیراتۆ پێكیاندادا. ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەهۆی رووداوەكەوە دوو كەس گیانیان لەدەستدا و هەشت كەسی دیكەش برینداربوون، زیانی ماددی زۆریش بە هەردوو ئۆتۆمبێلەكە گەیشت. هاتووچۆی زاخۆ دەشڵێت، دووان لەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە باوك و كوڕن. بە پێی زانیارییەکان، ژمارەی قوربانییانی رووداوەکە بۆ سێ کەس بەرزبۆتەوە.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە. ئەمشەو هەینی 28ی حوزەیرانی 2024، د. سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە". ئەوەشی وت، "تووشبووەکە گەنجێکە تەمەنی 18 ساڵە و خەڵکی قەزای رانیە-یە و پیشەی قەسابە، لەئێستادا لە نەخۆشخانەی شار لە پارێزگای سلێمانی خەوێندراوە و چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت و دۆخی تەندروستی جێگیرە". بەپێی ئەو ئامارەبێت کە د.سەرکار سورچی خستیەڕوو، ئەمە پێنجەم حاڵەتی نەخۆشی تای خوێنبەربوونە لە ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان تۆماردەکرێت، کە دوو حاڵەتیان لە سنووری پارێزگای دهۆک و سێ حاڵەتیش لە سنووری پاریزگای سلێمانی تۆمارکراون.
هاوڵاتی سەرۆکایەتیی شارەوانی دارەتوو رایدەگەیەنێت، سبەینێ درۆنێک بە ئاسمانی ناحیەکەدا دەسووڕێتەوە و پێویست بە دڵەڕاوکێی هاوڵاتییان ناکات. ئەمڕۆ هەینی 28ی حوزەیرانی 2024، لە راگەیێندراوێکدا سەرۆکایەتیی شارەوانیی دارەتوودا، داوا لە هاووڵاتیانی ناحیەی دارەتوو لە سنووری پارێزگای هەولێر دەکات هیچ کاردانەوەیەکیان نەبێت بەرامبەر ئەو درۆنەی سبەینێ لە ئاسمانی گوندی باغمرەشهاب دەبینرێت. ئەوەشخراوەتەڕوو، درۆنەکە بە فەرمی مۆڵەتی فڕینی لە لایەنی ئەمنی وەرگرتووە، تەنها بۆ مەبەستی رووپێویکردن بەکاردەهێنرێت، بەپێچەوانەوە بەرامبەر هەر سەرپێچی کارێک کاردانەوەی یاسایی دەگیرینەبەر.
هاوڵاتی لەسەر داوای ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 19 کەناڵی لەشفرۆشی لە تێلیگرام داخران کە خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقی تێدا بووە. ئەمڕۆ هەینی 28ی حوزەیرانی 2024، سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، لەسەر داواکارییەکی ئەو ئەندام پەرلەمانە کە ئاڕاستەی وەزیری پەیوەندیی عێراقی کردووە 19 کەناڵی لەشفرۆشی لە تێلیگرام داخران کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەرچاوەی لەشفرۆشی بوون. وەک ئەو ئەندام پەرلەمانی ئاماژەی پێکردووە، لەو کەناڵانە وێنەی هەزاران ژنی شارەکانی کورد و عەرەبی تێدابوو بەکاردەهێنران بۆ بانگەشەی لەشفرۆشی.
هاوڵاتی بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە گوندێک لە سنوری ئامێدی چۆڵکرا و ئاگر لە گوندێکی تریش کەوتەوە، ھێزێکی زۆری سوپای تورکیاش لە ناوچەکە بڵاوەیانپێکراوە. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 28ی حوزەیرانی 2024، جارێکی دیکە فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا، زنجیرە چیای مەتینایان لە سنوور ئامێدی بۆردومانکرد و بەھۆیەوە، بناری چیای گوندی دەرگەلێ چۆڵکرا و ئاگر لە گوندی نھێلێیش کەوتەوە. لە چوارچێوەی لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆ سەر ئامێدی، ھێزێکی زۆری سوپای تورکیا لە سنووری زنجیرە چیای مەتینا بڵاوەیپێکراوە. جێگای ئاماژەیە، ئەو گوندەی چۆڵکراوە، چوار خێزانی تێدابووە و لەئێستادا روویان لە گوندەکانی دیکەی ناوچەکە کردووە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی 28ی حوزەیرانی 2024، لە قەزای كۆیە باوكێک بە هەڵە بە ئۆتۆمبێلەکەی بەسەر کچە سێ ساڵانەکەی دا دەڕوات، بەهۆیەوە کچەکە گیان لە دەست دەدات. جێگای ئاماژەیە، روەداوەکە لە گەڕەکی شەوگێڕی سەنتەری قەزای کۆیە روویداوە. لە کاتێکدا باوکەکە بە ئۆتۆمبێلەکەی گەڕاوەتەوە دواوە و ئاگاداری ئەوە نەبووە، کە کچەکەی لە دواوەی ئۆتۆمبێلەکەیەتی. لەم بارەیەوە هاوکار عەلی گوتەبێژی تەندروستی كۆیە، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە، "منداڵەكە تاوەكو گەیێندراوەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە". كچەکە ناوی بریا سۆران باوەدینە و تەمەنی سێ ساڵە، تەرمەكەی براوەتە پزیشكیی دادی كۆیە.
هاوڵاتی لەسەر سکاڵاکەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کە لە دژی هەرێم تۆماری کردووە یەکشەممەی داهاتوو دادگەی فیدراڵی بڕیار دەدات. یەکشەممەى داهاتوو 30ى حوزەیران دادگاى فيدراڵیى عێراق دانیشتنێکى دیکە لەبارەى ئەو سکاڵایەوە دەکات کە ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەران تۆماریکردووە، لەسەر هەریەکە لە سەرۆکی هەرێمى کوردستان و سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ. ئیڤان فایەق، داوایکردووە سکاڵا لێکراوان پەیوەست بکرێن بە داخستنى کەمپى ئاوارەکان و پێکهێنانى لیژنەیەک لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 24007ى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە بارەى داخستنى کەمپى ئاوارەکان. لەم بارەیەشەوە، عەلى جیهانگیر، وتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند، دوو بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق هەن بۆ داخستنى کەمپەکان، یەکەمیان 30ى حوزەیرانى دیاریکردبوو، بەڵام بڕیارى دواتر کە تایبەت بوو بە میکانیزمى داخستنیان وادەکەى بۆ 30ى تەممووز درێژکردەوە. سەبارەت بە یەکلایکردنەوەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی وتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران، دەڵێت، بەگوێرەى ئەوەى پێمانگەیشتووە، ئەو دانیشتنەى دادگەى فیدراڵى لە 30ى حوەزیران یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ دۆسیەکە.
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی سهر به وهزارهتی گواستنهوهی ههرێم رایگهیاند كه ئهمڕۆ و سبهینێ ئاسمان ساماڵ دهبێت لهگهڵ بوونی تۆزێكی سووك، پلهكانی گهرما بهرزتر دهبێتهوه. ئەمڕۆ هەینی 28ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەمڕۆ پلەکانی گەرمی بەرزدەبنەوە. لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆوە کەشناسیی هەرێم دەڵێت، ''ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی کەم بەڵام لە باشووری هەرێم رێژەی تۆزەکە زیاتر دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرمی بە شێوەیەکی گشتی کەمێک بەرزتر دەبنەوە بەڕێژەی یەک بۆ دوو پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ''. سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ ئاماژەی بەوە کردووە، ''ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بەردەوام بوونی تۆزێکی کەم بە گشتی لە شارەکانی هەرێم و پلەکانی گەرمیش نزیک دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ''. راشیگهیاند كه بهرزترین پلهكانی گهرمای پێشبینیكراو به پلهی سیلیزی بهمشێوهیه دهبێت: ههولێر : 43 سلێمانی : 40 دهۆك : 39 كهركوك : 44 ههڵهبجه : 40 زاخۆ : 40 سۆران : 40 حاجی ئۆمهران : 26 گهرمیان : 46
