وەزارەتێکی ئێران ئاشکرای دەکات کێشانی جگەرە زۆر بوە و بەشێک لە جگەرەکانیش بە قاچاخ هاوردەی وڵاتەکە دەکرێن. وەزارەتی پیشەسازیی ئێران بڵاوی کردوە؛ لە یەک ساڵدا نزیکەی 73 ملیارد جگەرە لە وڵاتەکە کێشراوە کە بەراور بە رابردو نزیکەی 20 ملیارد زیادی کردوە. ئاماژە بەوە کراوە؛ لە ساڵی 2017 نزیکەی 55 ملیارد جگەرە لە ئێران کێشراوە بەڵام ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2022 بۆ 73 ملیارد بەرزبوەتەوە. لە راپۆرتی ئەو وەزارەتەدا هاتوە؛ لە ساڵی 2020 نزیکەی 62 ملیارد و 475 دانە جگەرە لە وڵاتەکەدا بەرهەم هێنراوە و نزیکەی 11 ملیارد جگەرەش بە قاچاغ هاوردە کراوە و هیچ جگەرەیەک بە فەرمی هاوردەی ئێران نەکراوە. توتنی بەرهەمهاتوی ساڵی 2021 لە ئێران چوار هەزار و 886 تۆن بوە کە 600 تۆنی هەناردە کراوە و چوار هەزار و 300 تۆنی لە ناوخۆی وڵاتەکە کراوە بە جگەرەوە و نێرگەلە. بە پێی راپۆرتی وەزارەتی پیشەسازیی ئێران لە ساڵێکدا بە بەهای زیاتر لە یەک ملیارد و 600 هەزار دۆلار توتن و جگەرە لە وڵاتەکەدا کڕدراوە.

ناوەندنی ئاماری تورکیا بڵاوی کردەوە؛ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەو وڵاتە و ئێران دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و کەمبونەوەی هاوردە و بەهای غاز هۆکاری سەرەکیی دابەزینەکە بوە. ئەو ناوەندە ئاشکرای کردوە لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی 2023 ئاڵوگۆڕی بازرگانیی تورکیا و ئێران یەک ملیارد و 725 ملیۆن دۆلار بوە لە کاتێکدا ئەو بڕە لە چوارمانگی ساڵی 2022 زیاتر لە دوو ملیارد و 173 ملیۆن دۆلار بوە. لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە؛ رێژەی ئاڵوگۆڕیی بازرگانیی نێوان ئە دوو وڵاتە لە چوارمانگی ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردو 20% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. هاوردەی تورکیا لە ئێرانەوە لە یەک ملیارد و 231 ملیۆن دۆلارە بۆ 821 ملیۆن دۆلار لەو چوار مانگەی ئەمساڵدا کەمی کردوە کە زۆربەی هاوردەکە غازی ئێران بوە و بە گشتی هاوردە تورکیا لە ئێرانەوە 33% دابەزیوە. ئاماژەی بەوە کراوە؛ هاوکات لەگەڵ کەمبوەنەوە هاوردەی غاز لە ئێرانەوە بەهاکەشی بەڕێژەی 40% دابەزینی بەخۆیەوە بینوە. لە ئامارەکاند ئەوە خراوەتەڕو کە سەرجەم هەناردەی تورکیا لەو ماەیەدا گەیشتوەتە زیاتر لە 80 ملیارد دۆلار و هەناردەی وڵاتەکەش 124 ملیارد دۆلار بوە و زیاترین هەناردەی بۆ وڵاتانی ئەڵمانیا و روسیا بوە.  

هاوڵاتی هەدەکە، کەجەدە، هەدەپە، دەبەپە و پارتی چەپی سەوز ئەنجامی یەکەم کۆبونەوەی خۆیان دوای هەڵبژاردن، ئاشکرا کرد. هاوسەرۆک و هاووتەبێژانی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی (کەجەدە)، کۆنگرەی دیموکراتی گەلان (هەدەکە)، پارتی هەرێمەکانی دیموکراتی (دەبەپە)، پارتی چەپی سەوز و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵبسەنگێنن و نەخشەڕێگەی قۆناغی نوێ دیاری بکەن، کۆبونەوە. دوای کۆبونەوەکە لایەنەکان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و وتیان، " پێویستە بێمۆڕاڵ و چاوترسێن نەبین. لە ئاییندەدا قۆناغی نوێ، بۆ پێکهاتەکانمان و دەزگاکانمان و گەلەکەمان بە فراوانی شیدەکەینەوە. دۆخەکە لەبەرچاو دەگرین. لەدژی ئەم رژێمەی دوژمنی رەنج، ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی، سروشت، گەنج و ژیانە، هەنگاوێکیش بەرەو دواوە نانێین. پێویستە کەس گۆمانی نەبێت و بێگۆمان تێکۆشانمان فراوانتر دەکەین." پارتی چەپی و سەوز و هاوپەیمانەکانی لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاردا، ٦١ کورسی پەرلەمانیان بەدەست هێنابوو. لەلایەکی دیکەوە، پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) کە هاوپەیمانی پارتی چەپی سەوزە ٤ کورسی بە دەست هێنا.

هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیای راگەیاند کە 14ی ئایار بەڕێوەچووبوو. بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان کورسی لایەنەکان لە پەرلەمانی تورکیادا بەم شێوەیەیە: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ٢٦٨ کورسی پارتی گەلی کۆمار (جەهەپە) ١٦٩ پارتی چەپی سەوز ( یەسەپە) ٦١ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست ٥٠ پارتی باش (ئیی پارتی) ٤٣ پارتی رەفاحی نوێ ٥ پارتی کرێکارانی تورکیا ٥ لەنێو پێکهاتەی فراکسیۆنی ئاکەپەدا، ٤ پەرلەمانتاری هوداپار هەیە کە پارتەکە درێژکراوەی حزبوڵای تورکیایە و لە ساڵانی نەوەتەکاندا، دەستیان لە کوشتنی هەزاران هاوڵاتی کوردی باکوری کوردستاندا هەیە. لەلایەکی دیکەوە لەنێو پێکهاتەی فراکسینی جەهەپەدا، ١٥ پەرلەمانتاری پارتی دیموکراسی و پێشەکوتن (دەڤا) بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان، ١٠ پەرلەمانتاری پارتی ئاییندە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داودئۆغلۆ، ١٠ پەرلەمانتاری پارتی سەعادەت بە سەرۆکایەتی تەمەل قەرەمەلائۆغلۆ و ٣ پەرلەمانتاری پارتی دیموکرات بە سەرۆکایەتی گولتەکین ئویساڵ هەن.

هاوڵاتی ئەردۆغان لەگەڵ وەزیری پێشووی ئابوری تورکیا کۆبووە و ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکات. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ محەمەد شیمشەک وەزیری پێشووی ئابوری تورکیا کۆبووەتەوە و هەرچەندە لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە، هیچ زانیاریەکی فەرمی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام دەگوترێت کە ئەردۆغان ئامادەکاری پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکات. لە کاتێکدا کە تورکیا لەنێو قەیرانێکی گەورەی ئابوریدایە، داوا کە محەمەد شیمشەک دەکرێت ببێتە وەزیری ئابوری. بەر لە هەڵبژاردنەکانیش ئەردۆغان لەگەڵ شیمشەک کۆببووە. هەروەها باسی ئەوە دەکرێت کە ئەردۆغان رۆژی هەینی یان شەممە کابینەی نوێی حکومەت ئاشکرا دەکات و گۆڕانکاریەکی بەرچاو لە کابینەکەی پێشوودا ئەنجام دەدات. بەگوێرەی زانیاریەکانی میدیاکانی تورکیا، چاوەڕێ دەکرێت، ئەردۆغان هاکان فیدان کە ١٣ ساڵە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیایە (میت) بکاتە وەزیری ناوخۆ و ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆککۆماریش بکاتە وەزیری دەرەوە. هەروەها دەوترێت ئەردۆغان بەنیازە، وەزیری بەرگری، بەڕێوەبەری دەستەی ئاسایشی نیشتیمان و وەزیری وزە گۆڕێت. سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا لەکاتێکدایە کە رێژەی بێکاری ١٠٪ی تێپەڕاندووە، هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی ئۆپۆزسیۆن رێژەی هەڵاوسانیش ١٠٥٪ـە. هەروەها رێژەی هەژاریش لەخوار ١٢ هەزار لیرە تۆمار کراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە موچەی کارمەندێکی ئاسایی حکومەتی ناگاتە ١٠ هەزار لیرە. هەروەها بە گوێرەی ئامارە فەرمیەکان، تورکیا ٢٣٠ ملیار دۆلار قەرزارە و بۆیەش ئەردۆغان لە هەنگاوی یەکەمدا، دەستی بۆ بواری ئابوری بردووە و دەیەوێت محەمەد شیمشەک کە کوردێکی شاری وان باکوری کوردستانە، لە بوژاندنەوەی ئابوری تورکیادا هاوکاری بکات.

بەهۆی بەرزبونەوەی خواست لەسەر غاز و نەبونی بودجە بۆ چاکسازیی لە سیستمی بەرهەمهێنان و بەکارهێناندا، ئێران روبەڕوی قەیرانی غاز دەبێتەوە و بەڵگەکانیش ئاشکرای دەکەن ئەگەر ئەو وڵاتە چاکسازیی نەکات ناچارە غاز هاوردە بکات. بە پێی ئەو بەڵگە نهێنییانەی کە گروپێکی هاککەر لە پێگەی ئەلیکترۆنی سەرۆکایەتی کۆماری لە ئێران دزەیان پێکردوە، نۆژەنکردنەوە ئامێرەکانی کێلگە و پاڵاوگەکانی نەوت و غازی وڵاتەکە پێویستی بە 25 بۆ 30 ملیارد دۆلار هەیە و هەر بەو هۆیەوە چەند ساڵێکە بەرهەمهێنانی غاز زیادی نەکردوە. لەو بەڵگانەدا دەرکەوتوە؛ ناهاوسەنگیی لە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی غازی رۆژانە لە ئێران گەیشتوەتە 350 ملیۆن مەترسێجا و ئەگەر تا سێ ساڵی داهاتو ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بەرز نەکرێتەوە و چاکسازیی لە شێوازی بەکارهێنانی ئەو سوتەمەنییەدا نەکرێت، وڵاتەکە ناچارە غاز لە دەرەوە هاوردە بکات. غاز سەرچاوەیەکی سەرەکی سوتەمەنیی بزوێنەری کارگە و ئۆتۆمبێلەکانە لە ئێران و زۆرینەی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتەش بە مەبەستی گرمکردنەوە لە وەرزی زستاندا سودی لێوەردەگرن. بڵاوبونەوەی ئەو بەڵگانە لە کاتێکدایە ئێران خاوەنی 44 تریلیۆن سێجا غازە و بەوە دووەم وڵات دوای روسیا  ئەژمار دەکرێت کە خاوەنی 21%ی یەدەگی غازی جیهانە.    

هاوڵاتی وەزارەتى پلاندانانى عێراق بڕیاری دا سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان بۆ ساڵى 2024 دوابخات، لەکاتێکدا بڕیار بوو کۆتایی ئەمساڵ بکرێت. بڕیاربوو سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لە عێراق کە ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت  لەوبارەیەوە ماھر حەمماد جوھان بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمیی ئاشکرای کردوە کە بەھۆی دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە، وەزارەتەکەیان ناتوانێت سەرژمێری گشتیی لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام بدات. راشیگەیاندوە وەزارەتی پلاندانان، وادەیەکی نوێی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی دیاری کردوە و وتی: "بەپێی وادە نوێیەکە، دوای تەواوکردنی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان، سەرژمێری گشتیی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024 ئەنجام دەدرێت". پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق لە لیژنەى دارایی و بەهۆى ناکۆکى لەبارەى ماددەکانى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان ئاڕاستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان نەکراوە، بۆ ئەوەى وادەیەک بۆ دەنگدان لەسەرى دیاری بکات.     دوایین سەرژمێریى دانیشتووان لەساڵى 1997 لە عێراق کراوە، بەڵام پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانى نەگرتووەتەوە. بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ماھر حەمماد جوھان ئاماژەی بەوەیشداوە، بەپێی ئامارە بەراییەکان کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە تۆمارکراوە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق، گەیشتووەتە 43 ملیۆن  و 248 هەزار و 883 کەس.

بەرپرسێک ئاشکرای دەکات لە دوو ساڵی رابردودا زۆرترین پزیشک لە ئێران کۆچیان کردوە و ئەوەشی کەمیی پزیشکی پسپۆڕی لێکەوتوەتەوە. حسێنعەلی شەهریاری، سەرۆکی دەستەی تەندروستی و دەرمان و پەروەردەی پزیشکی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ لە دوو ساڵی رابردودا نزیکەی 10 هەزار پزیشکی پسپۆڕ بە مەبەستی کۆچ و چونەدەرەوە لە وڵاتەکە داوای مۆڵەتی تایبەتیان کردوە. بە وتەی شەهریاری، کۆچی ئەو پزیشکە پسپۆرانە دەبێتە هۆی کەمبونەوەی توانای پەروەردە و راهێنانی پزیشکانی نوێ لە وڵاتەکەدا و ئەوەش بە قەیرانێکی تەندروستیی لەقەڵەم دەدرێت. بە پێی سیستمی رێکخستنی تەندروستیی حکومەت لە ئێران موچەی مانگانەی زۆرینەی پزیشکانی پسپۆڕ بەهۆی زیادکردنی باج لەسەریان ناگاتە 30 ملیۆن تمەن کە لە ئێستادا دەکاتە نزیکەی 500 دۆلار ، ئەوە وای کردوە پزیشکان بە ئامانجی داهاتی زیاتر وڵاتەکەیان جێبهێلن. پێشتر رۆژنامەی (دنیای ئیقتیساد) لە ئێران بڵاوی کردبوەوە کە بەهۆی کۆچەوە وڵاتەکە پێویستی بە 70 هەزار پەرستار هەیە و حکومەت رازیی بوە بە دامەزراندنی 25 هەزار پەرستار بەڵام کەمترین داواکاریی بۆ دامەزراندن پێشەکەش کراوە. ناوەندی چاودێریی کۆچ لە ئێران ئاشکرای کردوە؛ 73%ی پزیشکان و پەرستاران بەهۆی دۆخی ئابورییەوە هەوڵی کۆچکردن دەدەن و هەندێک ئاماریش دەریدەخەن لە ساڵێکدا نزیکەی 30 هەزار پەرەستار و خوێندکاری بواری تەندروستیی ئێرانیان جێهێشتوە.  

هاوڵاتی هاوڵاتییەکی بیانی دوای ئەوەی هەوڵیدا 37 هەزار دۆلار بە قاچاغ بباتە دەرەوەی وڵات دەستگیرکرا ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گومرگی فڕۆکەخانەى بەسرە دەستگیرکردنی گەشتیارێکی بیانی ڕاگەیاند کە بڕێکی زۆر پارەی پێبوو کە ویستویەتى لە فڕۆکەخانەی بەسرەوە بە قاچاغ بیباتە دەرەوە. بەپێى راگەیەنراوى پۆلیس، کەسە بیانییەکە کە لەشێوەى گەشتیار خۆى ناساندووە بڕى 37 هەزار و 500 دۆلارى پێبوە کە لەناو جانتایەکدا شاردویەتییەوەو ویستویەتى بەقاچاغ بیباتە دەرەوە.  

هاوڵاتی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای بودجە و یەکلاکردنەوەی ماددەکانی پەیوەست بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە سەرکردەکانی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغداد لە کۆبوونەوەدایە و دواپێشھاتەکانی پەیوەست بە پڕۆژەیاسای بودجە و ناکۆکییەکان لەسەر ماددەکانی ( ١٣ و ١٤)کە پەیوەستن بە پشکی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت. ھاوکات مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاندووە، یەکێتی بە پاڵپشتی ئەوان بڕگەی گەڕاندنەوەی ١٠%ی پاشەکەوتی ناچاریی مووچەی فەرمانبەرانی زیادکردووە، بەڵام پارتی داوای لابردنی ئەو ماددەیەی کردووە و رایگەیاندووە، ئەوە بابەتێکی ناوخۆییە، کە رەنگە ھێزە سیاسییەکان وەڵامی داواکەی پارتی بدەنەوە. هەروەها  سالم عەنبەکی پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە چاوەڕێی وەڵامی کوردە.

هاوڵاتی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات، پەلە بکات لەدیارکیردنی رۆژێک بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە و راشیدەگەیەنێت، "ئەم یاسایە گرنگییەکی گەورە و هەستیاری هەیە کە پەیوەندی بە بەهێزی گەلی عێراق و کاریگەرییە ئابوری و ئیداری و کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە". عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە: دوای گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمان و هەوڵدان بۆ پێگەیشتن بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بپارێزێت و مافەکانی خەڵکی ئازیزمان مسۆگەر بکەین، داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین بەپەلە بڕیاری دانیشتنی دەنگدان لەسەر یاساکە بدات لەم هەفتەیەدا." ئاماژەی بەوەشکردوە، "جەختکردنەوەمان لەسەر گرنگی خێراکردنی پەسەندکردنی بودجەی گشتی لە پێناو دەستپێکردنی پلانی گەشەپێدان، نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری، بەردەوامبونی چاکسازی ئابوری، گرنگیدان بە پڕۆژە لەپێشینەکان بەتایبەتی تەندروستی، نیشتەجێبون، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، پشتیوانیکردن لە وەبەرهێنان و کەرتی تایبەتە". سەرۆکی لیژنەی دارای ڕاشیگەیاند، "داوا لە دەستی هێزە سیاسییەکان دەکەین بەسەر جیاوازییەکانیاندا زاڵ بن و بە ڕۆحێکی نیشتمانی کاربکەن بۆ بەدیهێنانی ئەم مافە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی لەلایەن پەرلەمان و نوێنەرانی خەڵکەوە دراوە بۆ خزمەتکردنی وڵات ."

گروپێکی هاککەر پێگەی ئەلیکترۆنی و سێرڤەرەکانی تایبەت بە سەرۆکایەتی کۆماری ئێران هاک دەکات و زانیارییە نهێنیەکانیش بڵاو دەکاتەوە و بەرپرسانی ئێرانیش رەتی دەکەنەوە سایتەکە هاک کرابێت. گروپی سەرهەڵدان تا روخان (قیام تا سرنگونی) بڵاوی کردوەتەوە سەرجەم پێگە ئەلیکترۆنییەکان و 120 سێرڤەری سەرۆکایەتی کۆماری ئێرانی هاک کردوە کە سەدان بەڵگەنامەی نهێنی کۆماری ئیسلامی لەخۆدەگرێت. لە بەشێک لەو بەڵگەنامە نهێنییەدا نامەکانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان و بەرپرسانی سوپای پاسدارن بڵاو کراوەتەوە کە فەرمانی بە سەرکوتی توندی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی کردوە. ئەو گروپە سەرجەم بەڵگەکانی لە ئەژماری تێلێگرامی خۆی بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردوە؛ سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران چاوەڕوانی ئەوەیان نەکردوە کە ناڕەزایەتییەکان بەوشێوەیە بەرفراوان بن و سەرجەم دامودەزگا هەواڵگریی و ئەمنیی و سەربازییەکا راسپێردراون بۆ سەرکوتی توندی خۆپیشاندەران بە تایبەت لە زانکۆکان. لە بەشێکی دیکەی ئەو زانیارییە نهێنییانە دەرکەوتوە کە تا ساڵی 2020 رژێمی سوریا بڕی 11 ملیارد دۆلاری ئێران قەرزدار بوە. گروپی سەرهەڵدان تا روخان زانیارییە نهێنییەکانی 25 پاسەوانی ئیبراهیم رەئیسی بڵاو کردوەتەوە. ئەو گروپە هاککەرە کە سەر بە رێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێرانە لە کاتی هاککردنی پێگەکانی سەرۆک کۆماریدا وێنەی سەرکردەکانی رێکخراوەکە لە لاپەڕەی یەکەمی پێگە ئەکلیترۆنییەکان داناوە. پێشتریش ئەو گروپە پێگەکانی تایبەت بە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی هاک کردبو و دوای چەند رۆژێک لە وەستان دەستی بەکارەکانی کردەوە.

هاوڵاتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، وەرگرتنی گەنم ئازاد دەکرێت لە سایلۆکان و هەر جوتیارێك چەند بەرهەمی هەبێت دەتوانێت ڕادەستی بکات. بێگەرد تاڵەبانی ئەمڕۆ دوشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە، "بۆ لەمەودوا وەرگرتنی گەنم ئازاد دەکرێت لە سایلۆکان، جوتیاران دەتوانن گەنمەکانیان راستەوخۆ بەرهەمەکانیان تەسلیمی سایلۆکان بکەن، بەپێی ئەو پشتیگریەی لە فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆیان دەکرێت". ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاردرا بە کردنەوەی دەروازەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق بەرووی هەناردنی بەرهەمی خۆماڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان. ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو د. حەیدەر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی دانەوێڵەی عێراق وتى: لە ئێستادا بڕیار دراوە 375 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانى هەرێمى کوردستان وەربگیرێت، ئەگەر ئەو بڕە وەرگیرا و بەرهەمەکان زیادتر بون ئەوا بە دڵنیاییەوە بڕى وەرگرتنەکە زیاد دەکەن و هەوڵدەدەن تەواوى بەرهەمى جوتیارانى هەرێمى کودستان بۆ ئەمساڵ وەربگرین. وتیشی، "جوتیار لەگەڵ رادەستکردنی گەنمەکەی پارەکەی رادەست دەکرێت و دەوامی سایلۆکانیش تاوەکو کاتژمێر 10:00ی شەو بەردەوام دەبێت لەسەرجەم پارێزگاکاندا بۆ ئەوەی خاوەن بارهەڵگرەکان بۆماوەیەکی درێژ نەمێننەوە".  

هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ھەر بازرگانێک بە دۆلار مامەڵە بکات، روبەڕووی سزای زیندانی کردن بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەبێتەوە. حسێن تەمیمی، بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەکانی تاوانی رێکخراو لە وەزارەتی ناوخۆى عێراق رایگەیاند: لە ناوەراستی مانگی رابردو، بەهاوکاری بانکی ناوەندی بریاریانداوە لە گشت پارێزگاکانی عێراق جگە لەهەرێمی کوردستان مامەڵەکردن لەلایەن خاوەن ناوەندە بازرگانیەکان، پیشانگاکانی ئۆتۆمبێل لەبری دۆلار بەدینار بێت و وتیشی: تائێستا خاوەن ناوەندە بازرگانییەکان وەڵامیان بۆ بریارەکە ئەرێنی بوە، بەڵام سەرەڕای بەردەوامی هەڵمەتی چاودێری تائێستا هەندێک لە بازرگانان بەردەوامن لە سەرپێچیکردنی بریارەکە. حسێن تەمیمی جەختیشکردەوە هەر بازرگانێک ببێتە سەرپێچیکارى ئەو بڕیارە سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێندرێت.

هاوڵاتی دەسەڵاتدارانی فرەنسا رایانگەیاند، لە دوو شەوی رابردودا 63 کەس لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بریتانیا بە بەلەمی بچوک لە دەریاوە لە نۆکەندی ئینگلیزی  رزگارکران. سەنتەری ئۆپەراسیۆنە ناوچەییەکان بۆ چاودێری و ڕزگارکردن لە گرێ-نی (باکوری فڕەنسا) لە دو شەوی رابردو دو ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی لە گەروی پاس دی کالای ئەنجامدا. 46 کەس لە کۆچبەرەکان لەلایەن کەشتییەکی کۆمەڵگەی نیشتمانیی فریاگوزاری دەریایی فەرەنساوە رزگارکراون کە لە بەلەمێکدا بوون و بزووێنەرەکەی لەکارکەوتووە؛ 17 کۆچبەرەکەی دیکەشیان دوای شکانی بەلەمەکەیان رزگارکردووە. ئۆپەراسیۆنی گەڕانەکان چەند رۆژێک دێت لە سزادانی 5 ئەفسەری دەریایی فەرەنسا، بە تۆمەتی خەمساردی لە رزگارکردنی 27 کۆچبەر بەهۆی نقومبوونی بەلەمەکەیانەوە لە نۆکەندەکەدا لە ساڵی 2021 کە بووە هۆی خنکانی کۆچبەرەکان. سەرەڕای مەترسییەکانی بەزاندنی یەکێک لە قەرەباڵغترین ڕێگا دەریاییەکانی جیهان، کۆچبەرانیش تادێت زیاتر لە کەناڵەکە دەپەڕنەوە نزیکەی 46  هەزار پەناخواز لە ساڵی 2022دا کەناڵەکەیان بەزاندوە کە زۆربەیان ئەفغانی و ئێرانی و ئەلبانی بون و هەشت هەزار پەناخوازیش لە ئاوەکانی فڕەنسا ڕزگارکراون.