هاوڵاتی هەپەگە ناسنامەی پێنج گەریلای شەهیدی بڵاوكردەوە، كە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٠دا لە ناوچەی وان شەهید بوون و ڕایگەیاند، ئێمە تێكۆشانی ئازادی ئەو هاوڕێ قارەمانانەمان بە سەركەوتن تاجدار دەكەین. ئەمڕۆ لە ڕاگەیەنراوێكدا ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ناسنامەی پێنج شەهیدی بڵاوكردەوە، كە ڕۆژی ٢٤ی ئەیلولی ٢٠٢٠ لە گۆڕەپانی وان شەهیدبوون. لە ڕاگەیەنراوەكەدا هەپەگە ئەو گەریلا شەهیدانەی بە ڕێزەوە بە بیرهێناوەتەوە و ڕایگەیاندوە، “ئەو هاوڕێ قارەمانانەمان بە ژیان و هەڵوێستی خۆیان لە تێكۆشاندا بوونە جەنگاوەری نمونەیی ئاپۆیی”. لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە گۆڕەپانی وان، كە دوژمن هێرشی كرد ئەندامی فەرماندەیی پارێزگای وان، باهارین كەنداڵ و هاوڕێیانی شیار ساسۆن، فایەق، شیار كۆبانێ و سیدار شەهید بوون. هەپەگە هەروەها سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی ئەو پێنج شەهیدە و تەواوی گەلی كردستان كردووە و جەختیش دەكاتەوە، ئێمە تێكۆشانی ئازادی ئەوان بە سەركەوتن تاجدار دەكەین. ناسنامەی ئەو پێنج شەهیدە بەم جۆرەیە: ناسناو: باهارین كەنداڵ ناو و پاشناو: دەلال عەلی شوێنی لەدایكبوون: كۆبانێ ناوی دایك- باوك: حەنیفە- عەلی كات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٤ی ئەیلولی ٢٠٢٠/ وان ****** ناسناو: شیار ساسۆن ناو و پاشناو: حەمید تریاكی شوێنی لەدایكبوون: ئێلیح ناوی دایك- باوك: ساریا- حسێن كات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٤ی ئەیلولی ٢٠٢٠/ وان ****** ناسناو: فایەق عەفرین ناو و پاشناو: شەرڤان مامۆ شوێنی لەدایكبوون: عەفرین ناوی دایك- باوك: ئەڵماس- محەمەد كات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٤ی ئەیلولی ٢٠٢٠/ وان ****** ناسناو: سیدار جانفەدا ناو و پاشناو: رەشید ئۆروك شوێنی لەدایكبوون: وان ناوی دایك- باوك: سۆنی- نیزام كات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٤ی ئەیلولی ٢٠٢٠/ وان ****** ناسناو: شیار كۆبانێ ناو و پاشناو: ئەسغەر قۆردۆیمیلان شوێنی لەدایكبوون: ماكۆ ناوی دایك- باوك: توران- عیرفان كات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٤ی ئەیلولی ٢٠٢٠/ وان
سوپای تورکیا لە هێرشەکانیدا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان زیاتر شاروچکەی عەین عیسا دەکاتە ئامانج و لە ١٠ رۆژی رابردوودا ٢٠٠ گولە تۆپ بەر شاروچکەکە کەوتوون. ئاژانسی هاوار نیوز, ئاماری هێرشەکانی سوپای تورکیای بۆسەر شاروچکەی عەین عیسای رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە کە سوپای تورکیا و چەکدارەکانی لە هەموو شوێنێک زیاتر هێرش دەکەنە سەری. بەگوێرەی ئاماری ئاژانسەکە، لە ٢٦ی تشرینی دووەمەوە تاوەکو ئێستا، ٢٠٠ گولە تۆپ بەر شاروچکەکە کەوتوون. جگە لە تۆپبارانکردنی ناوەندی عەین عیسا و گوندەکانی، مزگەوتی گوندی تروازیەی سەر بە شاروچکەکە، لە رێگەی ١٣ گولە تۆپەوە وێرانکراوە. هەرچەندە لە هێرشەکاندا هیچ زیانێکی گیانی دروست نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆری مادی بەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان کەوتووە. لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ گوندی تەل لەبەنی سەر بە تەل تەمری سەر بە حەسەکە تۆپبارانکراوە و بووەتە هۆی ترسێکی زۆر لەنێو هاوڵاتیاندا. مەرسەدی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤیش رایگەیاند، لە شاروچکەی عەتاریبی باکوری رۆژئاوای حەلەبیش، ئۆتۆمبێڵێکی زرێپۆشی سوپای تورکیا دایک و کچێکی کردووەتە ژێرەوە و هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە.
هاوڵاتی لەڕاگەبەندراوێکدا ئاسایشی راپەڕین ئاشكرایكردووە، بكوژی ناسكە قادر كە ماوەیەك لەمەبەر تەرمەكەی بە سوتێنراوی دۆزرایەوە دانی بە تاوانەكەیدا ناوە و بەپێی یاسا راگیراوە. ئاسایشی راپەڕین لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، لە دوای ئەوەی هاوڵاتییەكی دانیشتووی ناحیەی چوارقورنە بە ناوی ناسكە قادر پیرۆت تەمەن 47 ساڵ لە رێكەوتی 13ی 11ی 2022 دیارنەمابوو و دواتر لە رێكەوتی 24ی 11 لە ناو كێڵگەیەكی نزیك بەنداوی دوكان تەرمەكەی بە سوتێنراوی دۆزرایەوە، توانرا لە ماوەیەكی كەمدا چەند كەسێك لەسەر دۆسیەكەی دەستگیربكرێن. رونیشكراوەتەوە، لە دوای دەستكەوتنی بەڵگەی تەواو یەكێك لە تۆمەتبارەكان تەمەن 39 ساڵ دانی بە كوشتنەكەیدا ناوە، لە ئێستادا بە پێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.
سورێژە لە کەمپی تەل سەمیم، لە نێو کۆچبەرانی گرێ سپی رۆژئاوای کوردستاندا بە خێرایی بڵاودەبێتەوە. باسی ئەوە دەکرێت کە بەهۆی بێ دەرمانیەوە، ناتوانرێت کۆتایی بە نەخۆشەکە بهێنرێت و زیاتر لە ٤٠ منداڵ تووشی نەخۆشیە بوون. ئاژانسی هاوار نیوز رایگەیاند، نەخۆشی سورێژە بە شێوەیەکی خێرا لەنێو ئاوارەکانی کەمپی تەل سەمیم بڵاوبووەتەوە کە ژمارەیان شەش هەزار و ٥٠٠ کەسە و هەمووان خەڵکی شاری گرێ سپین کە لە ساڵی ٢٠١٩دا لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە. بەگوێرەی ئاژانسەکە، دوو بنکەی تەندروستی لە کەمپەکەدا هەوڵی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە دەدەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە، بە تەنیا تێستیان بۆ دەکرێت و نەخۆشیەکە بە شێوەیەکی خێرا بڵاودەبێتەوە و تاوەکو ئێستا ٤٠ منداڵ تووشی سورێژە بوون کە ژمارەیەکیان دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە. سورێژە نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە و نیشانەكان سەرەکیەکەی هەڵامەتە، چونكە ڤایرۆسەکە تووشی كۆئەندامی هەناسە دەبێت. زیاتر لەنێو منداڵاندا بڵاودەبێتەوە کە سەرەتا تووشبووەکە كۆكە دەگرێت و لوت و چاوی ئاو دەکات. دوای پێنج رۆژ، پەڵەی سوور لەسەر پێست پەیدا دەبن. نەخۆشەكە توانای گواستنەوەی ڤایرۆسەكەی هەیە بۆ كەسانی دیکە. ئەو پرژانەی لەگەڵ كۆكە و پژمین و لەڕێگەی بۆری هەناسەوە دەردەچن، هۆكاری گواستنەوەی نەخۆشییەكەن، هەروەها بەركەوتنی راستەوخۆش هۆکارێکی دیکەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکەیە.
فەرەنسا داوا دەکات بەبەشدارى وڵاتانى ناوچەکە، لوتکەیەک دژى هێرشەکانی تورکیا بۆسەر عێراق و سوریا ببەسترێیت تورکیاش دەڵێت: هەر لوتکەیەک بە بێ ئێمە ئەنجامى نابێت. تۆڕى هەواڵى (یۆرۆ نیوز) بڵاوی کردەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى فەڕەنسا و محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا رێککەوتون لەسەر ئەنجامدانى لوتکەیەک بە بەشدارىی سەرۆکانى وڵاتانى ناوچەکە دژى هێرشە ئاسمانییەکانى تورکیا بۆسەر عێراق و سوریا. ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە ئەو لوتکەیە بڕیارە پێش هاتنى ساڵى نوێ لە عوممانى پایتەختى ئوردن ساز بکرێت، بەڵام دەربارەى ئەو وڵاتانەى بەشدار دەبن هیچ زانیارییەک ئاشکرا نەکراوە. لە بەرامبەردا باڵێۆزخانەى تورکیا لە پاریس دەربارەى ئەم هەوڵەى ماکرۆن راگەیەنراوێکى بڵاو کردوەتەو و دەڵێت: هەر کۆبونەوە و لوتکەیەکى ناوچەیی بەبێ تورکیا ئەنجامى نابێت. فەڕەنسا لەبارەى هێرشە ئاسمانییەکانى تورکیاوە بۆسەر رۆژئاواى کوردستان هەڵوێستى خۆى یەکلایی کردوەتەوە و دەڵێت: ئەم هێرشانە هەوڵەکانى روبەڕوبونەوە و لەناوبردنى داعش لاواز دەکات.
هاوڵاتی وەزارەتی بەرگریی کەنەدا بڕیاری دا ئەو کۆچبەرانەی هاووڵاتیی کەنەدا نین و خاوەن مافی مانەوەی هەمیشەیین لە ریزی سوپا وەربگیرێن. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاو کراوەتەوە، بەهۆی بڕیارەکانەوە کە لەبارەی حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی و دواتریش بڕیاری وەرگرتنی ڤاکسین بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە، کێشەی کەمیی کارمەند لە سوپای کەنەدا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز. وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لەمەودوا، ئەو کۆچبەرانەی خاوەن مافی مانەوەی هەمیشەیین دەتوانن داواکاری پڕ بکەنەوە بۆ چوونە ریزەکانی سوپا و گرنگی بەوەیش نادرێت کە ئەو کەسانە لەلایەن سوپایەکی بیانی مەشق و راهێنانیان پێ کراوە یاخود نا. لە راگەیەندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە هێشتا بۆشایی زیاتر لە هەشت هەزار سەرباز هەیە لە هێزە دەریایی، ئاسمانی و وشکانییەکان، ئاماژە بەوە دراوە کە زۆر دوورن لە هێنانەدی ئامانجی زیادکردنی پێنج هەزار و ٩٠٠ سەربازی دیکە بۆ سوپا لە ئاداری ٢٠٢٣.
محەمەد شیاع سوودانی: "گرنگە بەپێی دەستوور کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بکرێن"
هاوڵاتی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە گرنگە بەپێی دەستوور کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر چارەسەر بکرێن. نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردۆتەوە کە لە میانی کۆبوونەوەیەکدا، رەوشی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لەسەر ئاستی نیشتمانی، ھەروەھا ئەو ئاڵنگارییانەی کە بەرەوڕووی پلانەکانی چاکسازی و گەشەپێدان بووەتەوە، تاوتوێ کراوە، باسی لەوەشکردووە کە محەمەد شیاع سوودانی گرنگی پشت بەستن بەدەستوور وەکوو مەرجەعی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشە ھەڵپەسێردراوەکان و تەگەرەکانی پێش کاری ھاوبەشی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە. ھەروەھا ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای یەکخستنی ھەوڵەکانی کردووە بۆ تەواوکاری کاری پەرلەمانی لە چاودێریکردن و یاسادانان لەگەڵ ھەوڵەکانی حکوومەت بۆ چاکسازی و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە پێناو بەدیھێنانی خواستەکانی ھاووڵاتییان لەسەرانسەری وڵاتدا. راشیگەیاندووە کە محەمەد شیاع سوودانی جەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستی کارکردن بۆ بەھێزکردنی بەرەی ناوخۆیی، ھەروەھا دابینکردنی پاراستنی ھەموو پێکھاتە و چینەکانی گەلی عێراق، بەمەبەستی بەرجەستەکردنی ژیانێکی ھاوبەش و ئاشتی کۆمەڵایەتی.
ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی داکۆک؛ ڕۆژی دووشەمە ٥ / ١٢ ڕێکخراوی داکۆک بۆ ماف وئازادی لە هەرسێ شاری لەندەن و بێرمینگهام و مانجستەر ساڵیادی تیرۆر کردنی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی بەرز ڕاگرت . لە هەرسێ شارەکەدا بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕەوەندی کوردی لەسەعات یەکی پاش نیوەڕۆو بەکاتی بەریتانیا مەراسیمەکان دەستی پێکرد . بەدەر لەبەشداری هەندێ لە ئامادەبوان لە هەرسێ شارەکە لەلایەن ئەندامانی داکۆکەوە ، وتاری ڕێکخراوی داکۆک و وتاری بنەماڵەی کاوە گەرمیانی و کورتەیەک لە ژیانی کاوە گەرمیانی خوێندرایەوە . لەگەڵ داگیرساندنی مۆم و دانانی گوڵ لەسەر وێنەی کاوە گەرمیانی درودو سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی قەڵەم و تیرۆرکراوانی دەستی غەدرو ستەم نێردرا ،نەفرەت لە تاریکخوازان و تیرۆرستان و دوژمنانی ئازادی کرا . هەر لەم یادەدا دووبارە جەخت لەسەر ئیدانە کردنی هێشتنەوەی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی بادینانو بەرتەسک کردنەوەی ئازادی و ڕێگەگرتن لە خۆپیشاندان کرایەوە . ڕاگەیەندراوی ڕۆژنامەوانی ڕێکخراوی داکۆک بۆ ماف وئازادی
هاوڵاتی ساروخان ئولوچ سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە دانیشتنی پەرلەمانی تورکیادا رایگەیاند، ئاکەپە دەیەوێت کۆبانێ لەناوببات و ئەم هەنگاوەش ئەوپەڕی دوژمنایەتیکردنی کوردە. دانیشتنی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوامە کە بڕیارە دوو حەفتە بخایەنێت. لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا فوئاد ئوکتای جێگری سەرۆککۆماری تورکیا، شارەوانیەکانی هەدەپەی بەوە تۆمەتبار کرد کە داهاتی شارەوانیەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان دەنێرن. 'سیاسەت لە رێگەی درۆکردن' ساروخان ئوکتای سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە دانیشتنەکەدا وڵامی فوئاد ئوکتای جێگری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیای دایەوە و وتی، " ئێوە سیاسەت لە ریگەی درۆکردنەوە دەکەن. چوار ساڵە ئێمە لەم پەرلەمانەدا بەبیرتان دەهێنینەوە کە لە رێگەی درۆکردنەوە سیاسەت سەرکەوتوو نابێت. یەک شارەوانیشمان نییە کە بەهۆی گەندەلی و بەهەدەردانی پارەی گەلەوە تۆمەتبار کرابێت. ئێوە قەیومتان لە شوێنی سەرۆک شارەوانیەکانی کورددا داناوە. دەستتان بەسەر ئیرادەی گەلی کورددا گرتووە. گەندەلکار و دزەکان قەیومەکانی ئێوەن. قەیومتان هەیە کە چوار جار بەهۆی دزی و گەندەڵی دەرکراوە. ئێوە دێن و ئەمە دەشارنەوە، بەڵام ئێمە تاوانبار دەکەن." 'ئێوە دوژمنی سوێندخواردووی کوردن' ساروخان ئوکتای باسی لە دۆسیەی کۆبانێ کرد کە لە ئیستادا لە دادگایە و چەندین پەرلەمانتار و سیاسەتمەداری کورد لە چوارچێوەی ئەم دۆسیەیەدا دادگایی دەکرێن و ئاماژەی بەوەدا، "ئێوە هەوڵی داخستنی پارتەکەمان دەدەن. چەندین سیاسی ئێمەتان دەستگیرکردووە و لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری ئازادکردنیانیداوە، بەڵام ئازاد ناکرێن. لەم وڵاتەدا چەندین دەسەڵاتی دوژمنی کورد هاتن و رۆیشتن، بەڵام هیچیان وەک ئێوە دوژمنی سوێندخواردووی کورد نین. ئێوە دوژمنی، کوردستانی عێراق، رۆژئاوای کوردستانن. ئێوە دەتانەویت شاری کۆبانێ لەناوببەن کە دڵی گەلی کوردە. باشە لەمە زیاتر دوژمنایەتیەک لەدژی کورد هەیە." بە گۆرانی مەگری مەگری ناتوانیت خۆت وەک دۆستی کورد پیشان بدەیت سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە باسی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ شاری روحای باکوری کوردستان و وتنی گۆرانی کوردی 'مەگری مەگری' لەگەڵ ئیبراهیم تاتلیسەس کرد و وتی، " ئاکەپە وادەزانێت کە دەتوانێت حەوت ملیۆن دەنگی کورد بۆلای خۆی رابکێشێت. ئێوە ناتوانن هەدەپە لەناوببەن. دەچن دەف لێدەدەن و گۆرانی 'مەگری مەگری' دەڵێن. بەم شێوەیە ناتوانن خۆتان وەک دۆستی کورد نیشان بدەن. ئێوە هەوڵ دەدەن بەم شێوەیە پارتەکەمان لە سیاسەت دوور بخەنەوە. نە گەلی کورد و نە لایەنە دیموکراتەکانی تورکیا رێگە بەم کارە ئێوە نادەن. لە کۆتاییدا ئەنجامی سیاسەتی دوژمنکارانەتان لەدژی کورد دەبینن."
ئەفسەرێکى باڵای سوپاى تورکیا بەپلەى رائید لە ئۆپەراسیۆنى (پەنجە قوفڵ) لە هەرێمى کوردستان کوژرا. وەزارەتى بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە؛ دوێنێ دوشەممە لە ناوچەى ئۆپەراسیۆنى پەنجە-قوفڵ لە هەرێمى کوردستان ئەفسەرێکى سوپاکەیان کوژراوە. ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە ئەو ئەفسەرەى سوپاى تورکیا کە لەناو خاکى هەرێمى کوردستان کوژراوە پلەى رائیدى هەبوە و فەرماندەى هێزى کۆماندۆ بوە. ئۆپەراسیۆنى (پەنجە - قوفڵ) لە رۆژى 17 نیسانى ئەمساڵ لە ناوچەکانى زاپ و ئاڤاشین و مەتینا لە سنورى پارێزگاى دهۆک لەناو خاکى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە دەستى پێکردوە، بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى بەرگرىی تورکیا زیاتر لە 80 سەرباز و پلەدارى سوپاى تورکیا تا ئێستا کوژراون و ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەلیش ئاماژە بە کوژرانی لانیکەم دو هەزار سەربازی ئەو وڵاتە دەکەن.
بەرپرسێکی ئەمریکا رایگەیاند دەسەڵاتی ئێران بەردەوامە لە سەرکوتی خەڵک و خۆپیشاندەران و ئەوە ئاماژەیەکی رونی لاوازیی ئەو دەسەڵاتەیە نەوەک بەهێزبونی. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفیزیۆنی -سی ئێن ئێن- رایگەیاند دەسەڵاتی ئێران بۆ پاشەکشێکردنی خەڵک و خۆپیشاندەران، توندوتیژیی و سەرکوت بەکاردەهێنێت کە هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاست داواکارییە رەواکانی خەڵکدا. بلینکن وتیشی: ئەمریکا پشتیوانی لە داوای رەوا و ئاشتیخوازنەی خەڵکی هەر وڵاتێک دەکات جا لە چین بێت یان ئێران. پێشتر وتەبێژێک بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی (فڕانس پرێس)ی راگەیاندبو؛ هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنی لە هەڵسوکەوت و مامەڵەی دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەدی ناکرێت و ئەوەش وا دەکات تاران لە روی نێودەوڵەتی زیاتر لە رابردو پەراوێز بخرێت.
ئەمڕۆ راپرسیەکی دیکە لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا و دەنگی لایەنە سیاسیەکانی ئەنجامدرا، جارێکی دیکە راپرسیەکە باس لە دۆخی خراپی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دەکات. کۆمپانیای (ئارتی بیر) کە تایبەتە بە ئەنجامدانی راپرسی، ئەنجامی راپرسیەکەی ئاشکرا کرد کە لەنێوان ٢١ و ٣٠ی تشرینی دووەمدا ئەنجامیداوە و لە ٢٦ شاری تورکیا و باکوری کوردستان، رای هەزار و ٥٠٠ کەس وەرگیراوە. لە راپرسیەکەدا چەند پرسیارێک لە بەشداربووان کراوە کە بەم شێوەیەیە؛ ئەگەر ئەم یەکشەممەیە هەڵبژاردن بێت دەنگ بە چی پارتێک دەدەیت؟ ئەنجامەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە بووە. ئاکەپە (٣٠.٤٪)، جەهەپە (٢٧.٩٪)، پارتی باش (١٤.٧٪)، هەدەپە (١١.٨٪)، مەهەپە (٥.٤٪)، دەڤا (٤.٨٪)، پارتی دوارۆژ (١.٣٪)، سەعادەت (١.٢٪)، پارتی ئاشتی تورکیا (١.١٪)، پارتی سەرکەوتن (٠.٨٪)، پارتی رەفاحی نوێ (٠.٣٪)، پارتی نیشتیمان (٠.٣٪). بەگوێرەی راپرسیەکە هاوپەیمانی کۆماری کە لە ئاکەپە و مەهەپە پێک دێت (٣٥.٨٪)ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت و هاوپەیمانی گەلیش کە لە جەهەپە، پارتی باش، سەعادەت، پارتی دیموکرات، دەڤا و دوارۆژ پێک دێت، نزیکەی (٥٠٪)ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت. هەروەها پرسیار لە بەشداربووان کراوە کە ئایا دەنگ بە ئەردۆغان دەدەن. (٥٢.٣٪) وڵامی نا و (٣٥.١٪) وڵامی بەڵێیان داوەتەوە. لە راپرسیەکەدا پرسیارێکی دیکەش لەبارەی خۆکاندیدکردنی کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە بووە کە بەم شێوەیەیە؛ (٤٩.٣٪)ی بەرشداربووان ئامادەن کە دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ بدەن و (٣٧.١٪) بەشداربووانیش رەتیان کردووتەوە دەنگی پێبدەن.
رۆژی دوشەممە جارێکی دیکە مانگرتن و داخستنی دوکان و بازاڕەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەستی پێکردەوە و خوێندکاران و زانکۆ و مامۆستایان بە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەشدارییان لەو مانگرتنە سەرتاسەریەدا کرد کە بڕیارە دو رۆژی دیکە بەردەوام بێت. 80رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت، جارێکی دیکەش مانگرتنی سەرتاسەریی چین و توێژە جیاوازەکان لەو وڵاتە دەستی پێکرد کاسبکاران بە نەکردنەوەی دوکانەکانیان ناڕەزایەتیان دەربڕی ، خوێندکارانی زانکۆش بەردەوامن لە بایکۆتی خوێندن و دەسەڵاتدارانی تارانیش بەردەوامن لە ناردنی هێزی سەربازیی بۆ شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. دوکان و بازاڕی شارەکانی سنە و مەهاباد و کرماشان و ورمێ و ئیلام و زۆرینەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکرانەوە و هاوشانی ئەو شارانەش دوکان و بازاڕەکانی تارانی پایتەخت و تەبرێز و ئەسفەهان و بەندەرعەباس و دەیان شاری دیکە لە باکور و باشور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئێران نەکرانەوە. رێستۆرانی عەلی دایی یاریزانی، ناوداری تۆپی پێی لە ئێران بەهۆی پشتگیریی لە مانگرتنەکان لە لایەن حکومەتەوە داخرا. سوپای پاسداران ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکی هەڕەشەئامێزدا رایگەیاند چیتر چاوپۆشی لە خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەران ناکەن و ناڕەزایەتییەکانی رابردو زیانێکی گەورەیان لە کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتەکە داوە کە قەرەبو ناکرێتەوە. وتەبێژێک بە ناوی ئیدارەی ئەمریکا بە ئاژانسی هەواڵی (فڕانس پرێس)ی راگەیاند؛ هیچ ئاماژەیەکی باشبونی هەڵسوکەوت و مامەڵەی دەسەڵاتدارانی ئێران لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکە بەدی ناکرێت. لەگەل مانگرتنەکان، ئەمڕۆ جەماوەرێکی زۆر لە شاری سنە چونە گۆڕستانی بەهەشتی محەمەدی لە شارەکە و رێوڕەسمی چلەی مەرگی محەمەد شەریعەتی یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکە بەڕێوچو. بۆ نۆیەمین رۆژ مانگرتنی بارهەڵگرەکان لە رۆژهەڵات و ئێران بەردەوام بو مانگرتنیش لە کۆمپانیای سایپا بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل دەستی پێکرد کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە وڵاتەکە. دەیان کارگەی بچوک و گەورەی دیکەش هەر ئەمڕۆ مانگرتنیان راگەیاند. شەوی دوشەممە لە ئیلام و شارەکانی تاران، زەنجان،مەشهەد و ئەسفەهان چەند شارێکی دیکە گردبونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوچو و دروشم دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران وترایەوە. بەپێی دوایین ئامار لە ناڕەزایەتییەکانی 79 رۆژی رابردوی ئێراندا 471 کەس کوژراون و هاوکات لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش لانیکەم 117 کەس کوژراون بۆیە پێدەچێت ئەو مانگرتنە ئاماژەیەکی رون بێت بۆ ناڕەزایەتیی لە کوژرانی خۆپیشاندەران و بەکارهێنانی توندوتیژیی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە دەسەڵاتی وڵاتەکە بە بەردەوامی هێزی سەربازیی رەوانەی ئەو بەشە لە کوردستان دەکات و ئەوەش بوەتە مایەی مەترسیی چونکە ئەو هێزانە ئامانجیان سەرکوتی گەنجان و دانیشتوانی رۆژهەڵاتە. سەرەڕای ئەوەی مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی ئێران بەرفراوان بون بەڵام رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی 80 رۆژدا زیاتر لە 20 جار مانگرتنی سەرتاسەرییان راگەیاندوە و شەوانەش گەنجان بەردەوامبون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی لەسەر شەقامەکان بە تایبەت کە ئەو بەشە لە کوردستان زیاترین کوژراوی بەراورد بە ناوچەکانی ئێران هەبوە بۆیە زۆرجار لە شارەکانی دیکەوە دروشمی پشتیوانیی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەوترێتەوە
پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، دەسەڵاتی تورکیا بۆ رووخاندنی کۆبانێ دەچێتە سوریا، بەڵام کۆبانێ بە ئاسانی ناکەوێت. ئەمڕۆ گفتگۆی لایەنەکانی تورکیا لە پەرلەمان لەبارەی بودجەی ساڵی داهاتوو دەستی پێکرد و لەگەڵ ئەوەی پەرلەمانتارانی پارتە سیاسیەکان بۆچوونی خۆیان لەبارەی بودجەی ساڵی داهاتووی تورکیا دەربڕی، هەروەها لایەنەکان پرسی دیکەشیان وروژاند. پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە میانەی قسەکانیدا، باسی لە لەشکرکێشیەکانی سوپای تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان کرد و وتی، " کۆبانێ بە ئاسانی ناکەوێت." پەروین بوڵدان لە بەردەوامی قسەکانیدا ئەوی خستەڕوو کە تورکیا بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات و دەسەڵاتی ئاکەپەش بە هێرشکردنە سەر رۆژئاوا دەیەوێت خۆی بەهێز بکات و وتی، " دەسەڵاتی تورکیا لەسەر دەسەڵات نامێنێت، بەڵام کۆبانێ دەمێنێت و پێویستە ئەمە قبوڵ بکەن. ئێمە باش دەزانین ئامانجی دەسەڵات چییە. ئامانجی ئەوەیە کە کورد لە رۆژئاوا نەبێتە خاوەنی قەوارەیەکی دیموکراتی. بۆ ئەوەیە کە کورد نەتوانێت لەگەڵ گەلانی دیکە دوارۆژێکی هاوبەشی دیموکرات بنیات بنێت." هاوسەرۆکی هەدەپە دەشڵێت، پێویستە هەموو گەل بزانێت. ئەنجامی هەر جۆرە ئۆپراسیۆنێک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، وێرانکاری، مردن و ئاوارەبوونی هەزاران کەسی دیکەیە بۆ تورکیا و دەورەبەری. دەسەڵاتی تورکیا ناتوانێت لەسەر بێقەوارەهێشتنی کورد، قەوارەکەی بپارێزێت."
هاوڵاتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، لە ماوەی ٨٠ ڕۆژی ڕابردووی خۆپیشاندانەکانی شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان زیاتر ٣٠٠ منداڵ لەلایەن ھێزەکانی ئێرانەوە ڕفێندراون کە تائێستا ناسنامەی ١٣٠ کەسیان ئاشکرابووە. بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوەکە، زۆرترین ژمارەی منداڵانی ڕفێندراو لە شاری سنە تۆمارکراوە کە ١٧ حاڵەت بووە. دواتر لە شاری جوانڕۆ ١٥ حاڵەت و لە شاری سەقز ١٤ حاڵەت. ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆی ئەو ١٣٠ کەسەی کە ناسنامەیان ئاشکرا کراوە، ٢٧ کەسیان کچ و ١٠٣ کەسیشیان کوڕن. رێکخراوی ھەنگاو دەڵێت، ژمارەیەک لەو منداڵە ڕفێندراوانە پاش تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ و ھەفتەیەک لە ناڕوونیی چارەنووسیان، بە شێوەیەکی نایاسایی بەڵێننامەیان پێ پڕ کراوەتەوە و پاشانیش کۆمەڵێکیان بە بارمتە ئازاد کراون. بە پێی بەدواداچوونەکانی ھەنگاو، تا ئێستا دۆسیەی کۆمەڵێک لەو منداڵانە بۆ لقەکانی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی نێردراون.
