بەرپرسێکی ئەمریکا رایگەیاند دەسەڵاتی ئێران بەردەوامە لە سەرکوتی خەڵک و خۆپیشاندەران و ئەوە ئاماژەیەکی رونی لاوازیی ئەو دەسەڵاتەیە نەوەک بەهێزبونی. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفیزیۆنی -سی ئێن ئێن- رایگەیاند دەسەڵاتی ئێران بۆ پاشەکشێکردنی خەڵک و خۆپیشاندەران، توندوتیژیی و سەرکوت بەکاردەهێنێت کە هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیی کۆماری ئیسلامی ئێران  لە ئاست داواکارییە رەواکانی خەڵکدا. بلینکن وتیشی: ئەمریکا پشتیوانی لە داوای رەوا و ئاشتیخوازنەی خەڵکی هەر وڵاتێک دەکات جا لە چین بێت یان ئێران. پێشتر وتەبێژێک بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی (فڕانس پرێس)ی راگەیاندبو؛ هیچ ‌ئاماژەیەکی ئەرێنی لە هەڵسوکەوت و مامەڵەی دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەدی ناکرێت و ئەوەش وا دەکات تاران لە روی نێودەوڵەتی زیاتر لە رابردو پەراوێز بخرێت.

ئەمڕۆ راپرسیەکی دیکە لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا و دەنگی لایەنە سیاسیەکانی ئەنجامدرا، جارێکی دیکە راپرسیەکە باس لە دۆخی خراپی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دەکات. کۆمپانیای (ئارتی بیر) کە تایبەتە بە ئەنجامدانی راپرسی، ئەنجامی راپرسیەکەی ئاشکرا کرد کە لەنێوان ٢١ و ٣٠ی تشرینی دووەمدا ئەنجامیداوە و لە ٢٦ شاری تورکیا و باکوری کوردستان، رای هەزار و ٥٠٠ کەس وەرگیراوە. لە راپرسیەکەدا چەند پرسیارێک لە بەشداربووان کراوە کە بەم شێوەیەیە؛ ئەگەر ئەم یەکشەممەیە هەڵبژاردن بێت دەنگ بە چی پارتێک دەدەیت؟ ئەنجامەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە بووە. ئاکەپە (٣٠.٤٪)، جەهەپە (٢٧.٩٪)، پارتی باش (١٤.٧٪)، هەدەپە (١١.٨٪)، مەهەپە (٥.٤٪)، دەڤا (٤.٨٪)، پارتی دوارۆژ (١.٣٪)، سەعادەت (١.٢٪)، پارتی ئاشتی تورکیا (١.١٪)، پارتی سەرکەوتن (٠.٨٪)، پارتی رەفاحی نوێ (٠.٣٪)، پارتی نیشتیمان (٠.٣٪). بەگوێرەی راپرسیەکە هاوپەیمانی کۆماری کە لە ئاکەپە و مەهەپە پێک دێت (٣٥.٨٪)ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت و  هاوپەیمانی گەلیش کە لە جەهەپە، پارتی باش، سەعادەت، پارتی دیموکرات، دەڤا و دوارۆژ پێک دێت، نزیکەی (٥٠٪)ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت. هەروەها پرسیار لە بەشداربووان کراوە کە ئایا دەنگ بە ئەردۆغان دەدەن. (٥٢.٣٪) وڵامی نا و (٣٥.١٪) وڵامی بەڵێیان داوەتەوە. لە راپرسیەکەدا پرسیارێکی دیکەش لەبارەی خۆکاندیدکردنی کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە بووە کە بەم شێوەیەیە؛ (٤٩.٣٪)ی بەرشداربووان ئامادەن کە دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ بدەن و (٣٧.١٪) بەشداربووانیش رەتیان کردووتەوە دەنگی پێبدەن.

رۆژی دوشەممە جارێکی دیکە مانگرتن  و داخستنی دوکان و بازاڕەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەستی پێکردەوە و خوێندکاران و زانکۆ  و مامۆستایان بە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەشدارییان لەو مانگرتنە سەرتاسەریەدا کرد کە بڕیارە دو رۆژی دیکە بەردەوام بێت. 80رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت، جارێکی دیکەش مانگرتنی سەرتاسەریی چین و توێژە جیاوازەکان لەو وڵاتە دەستی پێکرد کاسبکاران بە نەکردنەوەی دوکانەکانیان ناڕەزایەتیان دەربڕی ، خوێندکارانی زانکۆش بەردەوامن لە بایکۆتی خوێندن و دەسەڵاتدارانی تارانیش بەردەوامن لە ناردنی هێزی سەربازیی بۆ شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.   دوکان و بازاڕی شارەکانی سنە و مەهاباد و کرماشان و ورمێ و ئیلام و زۆرینەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکرانەوە و هاوشانی ئەو شارانەش دوکان و بازاڕەکانی تارانی پایتەخت و تەبرێز و ئەسفەهان و بەندەرعەباس و دەیان شاری دیکە لە باکور و باشور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئێران نەکرانەوە. رێستۆرانی عەلی دایی یاریزانی، ناوداری تۆپی پێی لە ئێران بەهۆی پشتگیریی لە مانگرتنەکان لە لایەن حکومەتەوە داخرا. سوپای پاسداران ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکی هەڕەشەئامێزدا رایگەیاند چیتر چاوپۆشی لە خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەران ناکەن و ناڕەزایەتییەکانی رابردو زیانێکی گەورەیان لە کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتەکە داوە کە قەرەبو ناکرێتەوە. وتەبێژێک بە ناوی ئیدارەی ئەمریکا بە ئاژانسی هەواڵی (فڕانس پرێس)ی راگەیاند؛ هیچ ئاماژەیەکی باشبونی هەڵسوکەوت و مامەڵەی دەسەڵاتدارانی ئێران لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکە بەدی ناکرێت. لەگەل مانگرتنەکان، ئەمڕۆ جەماوەرێکی زۆر لە شاری سنە چونە گۆڕستانی بەهەشتی محەمەدی لە شارەکە و رێوڕەسمی چلەی مەرگی محەمەد شەریعەتی یەکێک لە کوژراوانی ناڕەزایەتییەکە بەڕێوچو. بۆ نۆیەمین رۆژ مانگرتنی بارهەڵگرەکان لە رۆژهەڵات و ئێران بەردەوام بو مانگرتنیش لە کۆمپانیای سایپا بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل دەستی پێکرد کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە وڵاتەکە. دەیان کارگەی بچوک و گەورەی دیکەش هەر ئەمڕۆ مانگرتنیان راگەیاند. شەوی دوشەممە لە ئیلام و شارەکانی تاران، زەنجان،مەشهەد و ئەسفەهان چەند شارێکی دیکە گردبونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوچو و دروشم دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران وترایەوە.  بەپێی دوایین ئامار لە ناڕەزایەتییەکانی 79 رۆژی رابردوی ئێراندا 471 کەس کوژراون و هاوکات لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش لانیکەم 117 کەس کوژراون بۆیە پێدەچێت ئەو مانگرتنە ئاماژەیەکی رون بێت بۆ ناڕەزایەتیی لە کوژرانی خۆپیشاندەران و بەکارهێنانی توندوتیژیی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە.   سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە دەسەڵاتی وڵاتەکە بە بەردەوامی هێزی سەربازیی رەوانەی ئەو بەشە لە کوردستان دەکات و ئەوەش بوەتە مایەی مەترسیی چونکە ئەو هێزانە ئامانجیان سەرکوتی گەنجان و دانیشتوانی رۆژهەڵاتە.   سەرەڕای ئەوەی مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی ئێران بەرفراوان بون بەڵام رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی 80 رۆژدا زیاتر لە 20 جار مانگرتنی سەرتاسەرییان راگەیاندوە و شەوانەش گەنجان بەردەوامبون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی لەسەر شەقامەکان بە تایبەت کە ئەو بەشە لە کوردستان زیاترین کوژراوی بەراورد بە ناوچەکانی ئێران هەبوە بۆیە زۆرجار لە شارەکانی دیکەوە دروشمی پشتیوانیی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەوترێتەوە

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، دەسەڵاتی تورکیا بۆ رووخاندنی کۆبانێ دەچێتە سوریا، بەڵام کۆبانێ بە ئاسانی ناکەوێت. ئەمڕۆ گفتگۆی لایەنەکانی تورکیا لە پەرلەمان لەبارەی بودجەی ساڵی داهاتوو دەستی پێکرد و لەگەڵ ئەوەی پەرلەمانتارانی پارتە سیاسیەکان بۆچوونی خۆیان لەبارەی بودجەی ساڵی داهاتووی تورکیا دەربڕی، هەروەها لایەنەکان پرسی دیکەشیان وروژاند. پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە میانەی قسەکانیدا، باسی لە لەشکرکێشیەکانی سوپای تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان کرد و وتی، " کۆبانێ بە ئاسانی ناکەوێت." پەروین بوڵدان لە بەردەوامی قسەکانیدا ئەوی خستەڕوو کە تورکیا بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات و دەسەڵاتی ئاکەپەش بە هێرشکردنە سەر رۆژئاوا دەیەوێت خۆی بەهێز بکات و وتی، " دەسەڵاتی تورکیا لەسەر دەسەڵات نامێنێت، بەڵام کۆبانێ دەمێنێت و پێویستە ئەمە قبوڵ بکەن. ئێمە باش دەزانین ئامانجی دەسەڵات چییە. ئامانجی ئەوەیە کە کورد لە رۆژئاوا نەبێتە خاوەنی قەوارەیەکی دیموکراتی. بۆ ئەوەیە کە کورد نەتوانێت لەگەڵ گەلانی دیکە دوارۆژێکی هاوبەشی دیموکرات بنیات بنێت." هاوسەرۆکی هەدەپە دەشڵێت، پێویستە هەموو گەل بزانێت. ئەنجامی هەر جۆرە ئۆپراسیۆنێک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، وێرانکاری، مردن و ئاوارەبوونی هەزاران کەسی دیکەیە بۆ تورکیا و دەورەبەری. دەسەڵاتی تورکیا ناتوانێت لەسەر بێقەوارەهێشتنی کورد، قەوارەکەی بپارێزێت."

هاوڵاتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، لە ماوەی ٨٠ ڕۆژی ڕابردووی خۆپیشاندانەکانی شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان زیاتر ٣٠٠ منداڵ لەلایەن ھێزەکانی ئێرانەوە ڕفێندراون کە تائێستا ناسنامەی ١٣٠ کەسیان ئاشکرابووە.   بە پێی راپۆرتێکی رێکخراوەکە، زۆرترین ژمارەی منداڵانی ڕفێندراو لە شاری سنە تۆمارکراوە کە ١٧ حاڵەت بووە. دواتر لە شاری جوانڕۆ ١٥ حاڵەت و لە شاری سەقز ١٤ حاڵەت. ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆی ئەو ١٣٠ کەسەی کە ناسنامەیان ئاشکرا کراوە، ٢٧ کەسیان کچ و ١٠٣ کەسیشیان کوڕن. رێکخراوی ھەنگاو دەڵێت، ژمارەیەک لەو منداڵە ڕفێندراوانە پاش تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ و ھەفتەیەک لە ناڕوونیی چارەنووسیان، بە شێوەیەکی نایاسایی بەڵێننامەیان پێ پڕ کراوەتەوە و پاشانیش کۆمەڵێکیان بە بارمتە ئازاد کراون. بە پێی بەدواداچوونەکانی ھەنگاو، تا ئێستا دۆسیەی کۆمەڵێک لەو منداڵانە بۆ لقەکانی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی نێردراون.

هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی نەوت بڕی هەناردەکراوی غازی لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا راگەیاند، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە بەنیازە لەم مانگەدا ٣ بار لە غاز سروشتی هەناردە بکات.  "سوڵتان مالیکی" بەڕێوەبەری دەستەی بازرگانی لە کۆمپانیای غازی بەسرەی سەر بە وەزارەتی نەوت ،بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند"تا یەکەم ڕۆژی مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ کۆمپانیاکە 27 باری لە غازی چڕ بە (کەشتی) هەناردە کردووە،کە دەکاتە 438,000 تۆن.  ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد"کۆمپانیاکە لە پرۆسەی هەناردەکردنی 3 باری غازی خەستدایە لەم مانگەدا،کەدەکاتە 16 هەزار تۆن بۆ هەر بارێک.  

هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دەورەی کۆماری ئێسلامیی ئێران ڕایگەیاند عێراق بۆ جێگیر کردنی هێزەکانی حکوومەتی ناوەندیی وڵاتەکەی لەسەر سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان جیددیە. بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناسر کەنعانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هەفتانەدا سەبارەت بە دەستکەوتەکانی سەردانەکەی سوودانی بۆ تاران و ئاسایشی سنووری ئێران و عێراق وتی: سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی بۆ تاران، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەفەرێکی گرنگ بوو کە لە چوارچێوەی بانگهێشتی فەرمی سەرۆک کۆماری ئێراندا ئەنجام درا. ناوبراو ڕاشیگەیاند لەو سەردانەدا پرسە جۆراوجۆرەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە بواری هاوکاری دوولایەنە و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا تاوتوێ کران هەروەها گفتوگۆی بەرهەمدار و بەسوود لە بوارە جیاجیاکان بە تایبەت لە بواری هاوکاریی ئابووری و بازرگانیدا ئەنجامدرا. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاند: دۆسیەی سنوورەکان یەکێکە لە نیگەرانییە جدییەکانمان و ئاسایشی سنوورەکان بۆ ئێمە گرنگە، لەم سەفەرەدا جارێکی دیکە جەخت لەسەر جێبەجێ کردنی ئەنجامی گفتوگۆکانی پێشووی شاندی پسپۆڕی هەردوو وڵات کرایەوە، و حکوومەتی عێراق بەڵێنی بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە دا. ناوبراو ئاشکرای کرد: "خۆشبەختانە لەم ڕۆژانەدا هەواڵێکی خۆشمان بیست کە حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە هێزەکانی حکوومەتی ناوەند لەسەر سنوورە هاوبەشەکانی دوو وڵات بە تایبەت بەدرێژایی سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق جێگیر بکات". کەنعانی زیادی کرد: بەدڵنیاییەوە جێبەجێ کردنی ئەم کارە دەتوانێت هەنگاوێکی زۆر ئەرێنی و بەرەوپێشەوە بێت بەرەو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە سنوورە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات.

هاوڵاتی راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆلتز رەخنەی لە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین گرت کە وڵاتەکەی خستۆتە سەر لێوارێکی خلیسک و کارەساتبار. ئۆلاف شۆلتز لە گوتارێکیدا کە لە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی ماریۆن دۆنهۆف بۆ لێکتێگەیشتن و ئاشتەوایی نێودەوڵەتی بە رێکخراوی "میمۆریاڵ" تایبەت بە مافی مرۆڤ لە رووسیا پێشکەشی کرد گوتی: ''پوتین فەرمانی خراپترین تاوان دەدات دەرهەق بە ئۆکراینا. لە هەمان کاتدا وڵاتەکەی خۆی خستۆتە سەر لێوارێکی خلیسک و کارەساتبار''. راوێژکاری ئەڵمانیا باسی لەوە کرد کە سەرۆکی رووسیا لە جەنگی دژبە ئۆکراینا بێئومێدانە رێگای بزرکردووە و رایگەیاند: ''مووشەکبارانکردنی خەڵکی مەدەنی بێ چەک، منداڵان، ژنان و کەسانی بەتەمەن تەنیا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان نییە، بەڵکو لەهەمان کاتدا دەبێتە هۆی هەڵدێرێکی نائەخلاقی کە ناچێتە عەقڵەوە''. ئۆلاف شۆلتز بەپێویستی زانی ئۆکراینا جەنگەکە نەدۆڕێنێت و باسی لەوە کرد کە بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی کیێڤ تا ئەو کاتەی رووسیا سەربازانی دەکشێنێتەوە. راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆلتز ئاماژەی بەوە کرد کە پچڕانی تەواوی گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین هەڵەیەکی گەورە دەبێت، لەبەرئەوە سەرلەنوێ بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانی گفتوگۆ و گوتی: ''گرنگ نییە گفتوگۆکان چەندە درێژە بکێشن، هەر بەردەوامی پێ دەدەم''.

هاوڵاتی پژاک ناسنامەی گەریلایەکیان بڵاودەکەنەوە کە لە بۆردوومانێکدا لە چیای ئاسۆسی شارباژێڕ بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا شه‌هیدبووه‌.   رۆژی دووشەممە 5-12-2022، یەكینەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ناسراو بە یەرەکە، کە سەر بە (پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان - پژاک)ە راگەیێندراوێکی لەبارەی گیانلەدەستدانی یەکێک لە گەریلاکان بڵاوکردەوە و دەڵێت: "سیپان سلێمان حەسەن ناسراو بە سەرحەد رۆژئاوا لە رۆژی 29ی تشرینی یەكەم لە بۆردوومانێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا لە چیای ئاسۆس لە سنووری شارباژێڕ شەهید بووە."   پژاک زانیاریی زیاتری لەبارەی ئەو کەسە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لە ساڵی 2019ـەوە لەگەڵ ئەوانەدا بەشداریی چالاکییەکانی کردووە و ساڵی 2022 لە چیای ئاسۆس گیانی لەدەستداوە.    رۆژی هەینی رابردووش 2-12-2022 زنجیرە چیای ئاسۆس لە سنووری قەزای ماوەت لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە بۆردوومان کرا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.      سیپان سلێمان حەسەن ناسراو بە سەرحەد رۆژئاوا

هاوڵاتی دوای بەرزبوونەوەی بەهاری دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا بڕی خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕەکاندا زیاتر بکات. له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا، بانكی ناوه‌ندیی عێراق ئاشكرایكرد له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆكوه‌زیران و به‌ مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیریی نرخ و ڕێگریی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی زیاتری نرخی دۆلار، له‌مڕۆوه‌ خستنه‌بازاڕی دۆلار زیاد ده‌كات. به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ ماڵپه‌ڕی بانكی ناوه‌ندییشدا هاتووه‌، ئه‌مڕۆ بانكه‌كه‌ 140 ملیۆن و 70 هه‌زار و 601 دۆلار ده‌خاته‌ بازاڕه‌وه‌ كه‌ به‌راورد به‌ دوێنێ نزیكه‌ی 11 هه‌زار دۆلار جیاوازیی هه‌یه‌. ئەمەشلەکاتێکدایە دوای ئەوەی دوێنێ به‌ر له‌ داخستنی بازاڕه‌كانی دراوی نێوخۆیی، نرخی هه‌ر دۆلارێكی ئه‌مریكی له‌ به‌رانبه‌ر دراوی عێراقی بۆ 1500 دینار به‌رز بووه‌وه‌ و هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی فرۆشی دۆلار له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندییه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ جۆرێك كه‌ دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌، بانكی ناوه‌ندیی ته‌نها 129 ملیۆن و 301 هه‌زار و 909 دۆلاری به‌ 1460 دینار بۆ هه‌ر دۆلارێك خستووه‌ته‌ بازاڕه‌وه‌. هەربۆیە دوای بەرزبووبوونەوەی بەهای دۆلار، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگهێشتی سەرۆکی بانکی ناوەندی کرد بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و داوای لێکرد بەزووترین کات دۆلاری زیاتر بخاتە ناو بازاڕەوە. دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندی عێراق بۆ فرۆشتنی دۆلاری زیاتر، ئەمڕۆ به‌های دۆلاری ئه‌مریكی به‌رامبه‌ر به‌دینار دابەزی و 100 دۆلار به‌رامبه‌ره‌ به‌ 149 هه‌زار و 400 دینار، به‌های تمه‌نیش جێگیره‌ و 100 دۆلار به‌رامبه‌ره‌ به‌ سێ ملیۆن و 600 هه‌زار تمه‌ن.

بەگوێرەی نوێترین راپرسی یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی تورکیا، هاوپەیمانی کۆمار (ئاکەپە و مەهەپە) لە هەڵبژاردنەکاندا شکست دەهێنن. ئەرتان ئاکسۆی خاوەنی کۆمپانیای راپرسی و لێکۆلینەوەکانی ئاکسۆی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی جومهوریەتی تورکی ئامارێکی تازەی لەبارەی دەنگی پارتە سیاسیەکانی تورکیا بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا کە لەنێوان ٢٤ – ٢٩ی تشرینی دووەمدا ئەنجامدراوە، ئەم جارە جیاواز لە جارانی پێشوو، رای هاوڵاتیان وەرنەگیراوە، بەڵکو لێکۆلینەوە لەبارەی هەموو ئەو راپرسیانە کراوە کە پێشتر ئەنجامدراون. بەگوێرەی راپرسیەکە: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) (٣٢.٩٪) پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) (٢٨.٧٪) پارتی باش (١٣.٩) پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) (١١٪) پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (٧.٨) لایەنەکانی دیکە (٦.٧٪) بەگوێرەی راپرسیەکە ئاکەپە و مەهەپە کە هاوپەیمانن دەتوانن نزیکەی ٤١٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنن و لەبەرامبەردا هاوپەیمانی گەل کە لە جەهەپە، پارتی باش، دەڤا، دوارۆژ و سەعادەت و پارتی دیموکرات پێک دێت زیاتر لە ٤٥٪ دەنگەکان بەدەست دەهێنن. ئەگەر پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە بەگوێرەی راپرسیەکە ١١٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت، دەنگ بە کاندیدی شەش لایەنەکەی هاوپەیمانی گەل بدات، ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت بە شێوەیەکی بەهێز دەسەڵات تێکبشکێنێت. لە لایەکی دیکەوە عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دەڤا کە پارتەکەی سەر بە هاوپەیمانی گەلە رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئێستا لە دۆخێکی خراپدایە و بەدوای هاوبەشێکی بەهێزدا دەگەڕێت و هیوای بە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست نەماوە.

هاوڵاتی بەهۆی لێچوونی غاز کافتریای کەمپی تازای زانکۆی سلێمانی و ھۆڵەکانی دەوروبەری چۆڵکران. بە گوێرەی زانیارییەکان کافتریای ناوەند زانکۆی سلێمانی کە لە سێ نهۆم پێک هاتووە، لە کاتژمێر ١١ بەدواوە هەست بە بۆنی غاز کراوە و لە کاتژمێر ١١:٣٠ خولەک چۆڵکراوە، لەلایەن ئەو کەسانەی سەرپەرشتی چاککردنەوەی سیستەمی غاز دەکەن زوو خوێندکارانی زانکۆ دوورخراونەتەوە. لە ئێستادا، تیمەکانی بەرگری شارستانی و ئەو کۆمپانیایەی بەرپرسە لە سیستەمی غاز لە زانکۆی سلێمانی سەرقاڵی ئەوەن دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن، بۆ ئەوەی رووداوی دیکەی لێنەکەوێتەوە.  

ئاستی هەڵاوسانی ئابوری مانگی رابردوی تورکیادا 84٪ی تێپەراندوە  و گروپێکی سەربەخۆش دەڵێت: ئاستی راستەقینەی هەڵاوسان لەو وڵاتەکە گەیشتوەتە 170٪. دەزگای ئاماری تورکیا کە سەر بە حکومەتی وڵاتەکەیە بڵاوی کردەوە لە مانگی رابردودا رێژەی هەڵاوسانی ئابوری گەیشتوەتە 84.39٪  کە بەراورد بە مانگەکانی پێشوتر، هەڵاوسان لەو وڵاتە بە رێژەی 2.88٪  بەرزبوەتەوە. لەبەرامبەردا گروپی ئەناگ کە پێکهاتوە لە ژمارەیەک کەسایەتی ئەکادیمی و ئابوریناس رایانگەیاندوە؛ لە مانگی رابردودا رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا 170٪بوە و بەراورد بە مانگی رابردوش بەرزبونەوەی هەڵاوسان 4.24٪بوە. لە لایەکی دیکەوە پەرلەمانی تورکیا دەستی بە گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 دەکات و بڕیارە لە ماوەی 12 رۆژدا گفتوگۆکان لەبارەی کۆی پڕۆژەیاساکە ئەنجام بدرێن. بودجەکە خەرجییەکانی ساڵی 2023ی بە زیاتر لە 446 ملیار دۆلار خەمڵاندوە و داهاتەکانیش بریتین لە 381 ملیار دۆلار بەمشێوەیەش کورتهێنانی بودجەی ساڵی 2023ی تورکیا زیاتر دەبێت لە 60 ملیار دۆلار. ئەمەش لەکاتێکدایە ئابوری تورکیا بە خراپترین دۆخی خۆیدا تێدەپەڕێت و تادێت رێژەی هەڵاوسان بەرزتر دەبێتەوە و بێکاریی و هەژاری  لە وڵاتەکەش لە  هەڵکشاندایە.  

هاوڵاتی ئەمڕۆش خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژی بەشێک لە ناوچەکان بەڕێوەچوو و ئاماژەیان بەوەدا، "بایکۆتیان کردووە و بەردەوام دەبن لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان تا ئەو کاتەی دەکرێن بە هەمیشەیی." ئەمڕۆ دوشەممە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان و قەزای کۆیە و چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێم، بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ درێژەیان بە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دا و لەبارەی داواکارییەکانیشیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێن، داوای دامەزاراندن دەکەن و بڕیاریشیانداوە لەبەردەم پەروەردەکان درێژە بە بایکۆت و خۆپیشاندان بدەن. ئاماژە بەوەش دەکەن، هۆکاری خۆپیشاندانەکەش دەگەڕێتەوە بۆ "بێباکی و خەمساردی حکومەتی هەرێم لەئاست مافە ڕەواکانمان". مامۆستایانی وانەبێژ داوا لە هەردو وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەروەردە دەکەن کە کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ  بە دامەزراندن چارەسەر بکەن، ئەوان دەڵێن، "دامەزراندن ئەو گرێیەیە کە هەمو گرێ بچوکەکانی دیکەی مامۆستایانی وانەبێژ دەکاتەوە". ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی پێشوشدا مامۆستایانی وانەبێژ چەند جارێک گردبوونەوە و داوای دامەزراندیانیان کرد و باسیان لەوەکرد ئەوان تەنانەت مۆڵەتی دایکایەتی و نەخۆشیشیان نییە و بەشێکی زۆری کەلێنەکانی کەرتی پەروەردەیان پڕکردووەتەوە بەڵام حکومەت گوێ لە داواکارییەکانیان ناگرێت.

ئێران رایگەیاند عێراق بەڵێنی داوە هێزەکانی لە نێوان سنوری دو وڵاتەکەدا جێگیر بکات و ئەو وڵاتە سورە لەسەر توندوتۆڵکردنی سەقامگیریی ناوچەکە. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دوشەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران لەسەر داوای رەسمی سەرۆک کۆماری ئێران بوە و ئەو سەردانەشی ئاماژەی ئەرێنیی پەیوەندییەکانی تاران و بەغدایە. کەنعانی ئاماژەی بەوە کردوە کە بەغدا بەڵێنی داوە هێزە سەربازییەکانی عێراق لە سنورەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران جێگیر بکات بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ئەو سنورانە. ئەو وتوشیەتی عێراق سورە لەسەر توندوتوڵکردنەوەی ئاسایشی سنورەکانی لەگەڵ ئێران. لێدوانی کەنعانی لە کاتێکدایە، یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکە و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایسپاردون، بە جێگیر کردنی هێزەکانی پاسەوانی سنور لەسەر هێڵى سنورى نێوان عێراق و ئێران و تورکیا. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە بەغدا و تاران کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی کە پێشتر لە نێوان دو وڵاتەکەدا واژۆ کراوە.