هاوڵاتی / سكای نیوز ئه‌ڵمانیا به‌ره‌سمی پشتیوانی خۆی بۆ ئۆكرانیا ده‌ربڕی و به‌ڵێنی هاوكاری سه‌ربازی و خۆراك ده‌دات.  وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا به‌سه‌ردانێك گه‌یشته‌ كیڤی پایته‌ختی ئۆكرانیان و له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ئۆكرانیا كۆبوه‌وه‌.  له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نالیا بیربوك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا به‌ ره‌سمی پشتیوانی وڵاته‌كه‌ی بۆ حكومه‌ت و گه‌لی ئۆكرانیا ده‌ربڕی و به‌ڵێنی هاوكاری سه‌ربازی به‌سوپاو خۆراكی بۆ گه‌لی ئۆكرانیا دا.

هاوڵاتی ڕەوتی سەدر لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نادەستووری و نایاساییە و پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە. لە کاتێکدا هەوڵدەدرێت  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنەکانی دەست پێبکاتەوە، رەوتی سەدر کە موقتەدا سەدر سەرۆکایەتی دەکات، ڕایگەیاند لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی رەتکردۆتەوە ، بەڵام نایاسایی بوونی ئەنجومەنەکەی پشتڕاستکردووەتەوە. جەختیشی لەوە کردۆتەوە لە ئێستا بەدواوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھەر بڕیارێکی تر دەربکات جگە لە ھەڵوەشاندنەوەی خۆی نادەستووریی و نایاساییە.

هاوڵاتی لە ڕاگەیەندراوێکدا هەپەگە ڕایگەیاند لە ئەنجامی ١٣ چالاکییاندا توانیویانە شەش سەربازی سوپای تورکیا بکوژن کە یەکێکیان پلەدارەو سەنگەرێک و درۆنێکیش تێکبشکێنن. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند " لە ڕۆژانی 7 و 8 و 9 ی ئەیلول، شەش سەربازی تورکیا کوژراون کە یەکێکیان پلەدارە و سەنگەرێک و درۆنێکیش تێکشکان". لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە" سوپای تورکیا بە بۆمبی ئەتۆمی و چەکی کیمیایی، فڕۆکەی شەڕ، هێلیکۆپتەری هێرشبەر و هاوەن و کاتیوشا گۆڕەپانەکانی بەرخۆدان بۆردومان دەکات ". هەروەها "سوپای تورکیا هەموو توانا ئابووری، سەربازی و سیاسییەکانی بۆ شکاندنی بەرخۆدانی گەریلاکان بەکاردەهێنێت". لە کۆتای ڕاگەیاندراوەکەدا هەپەگە باسی لەوەشکرد، "سوپای تورکیا ئەخلاقی شەڕ و یاسا ناناسێت و بە بەرچاوی دنیاوە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدان بۆردومان دەکات".

هاوڵاتی ڕوسیا ڕەتی دەکاتەوە هاوردەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی لە ئێران و کۆریای باکور کردبێت ڤاسیلی نێبێنزیا، نوێنەری ڕوسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە هاوردەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئێران و موشەک و تۆپخانە لە کۆریای باکور ڕایگەیاند کە ڕوسیا هیچ چەک وپێداویستیەکی جەنگی لەو وڵاتانە نەکڕیوەوداوای کرد ئەمەریکاو بەریتانیا هەچ بڵگەیەکیان هەیە بیخەنە ڕوو. ڕاشیگەیاند، ئەو دوو وڵاتە با بەڵگەکانیان لەبارەی کڕینی چەک ئاشکرا بکەن، یاخود دانبنێن بەوەی کە زانیاریی ناڕاستیان بڵاوکردووەتەوە. جێگەی باسە ئەمریکا بەردەوام ڕوسیا تۆمەتبار دەکات بە کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێران. هەروەها ھەفتەی ڕابردووش ھەواڵگیری ئەمریکا رایگەیاند، روسیا ملیۆنان مووشەک و ھاوەنی لە کۆریای باکور کڕیوە.

هاوڵاتی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، واشنتۆن سزای نوێ دەسەپێنێت بەسەر سوپای پاسداران و ژمارەیەک لە کۆمپانیا ئێرانییەکاندا، بەهۆی دابین کردنی فرۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ ڕوسیا. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، کە ئەمەریکا بڕیاری داوە هەموو ئەو سزایانەی بەسەر ڕوسیادا سەپاندوێتی بەسەر ئێرانیشدا بیسەپێنێت بەهۆی هاوکاری کردنی ڕوسیا لە شەڕی ئۆکرانیادا بە ناردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆیان. هەروەها باسی لەوەشکرد کە سزاکان بە تایبەت دژی سوپای پاسداران دەبێت، کە واشنتۆن وەک قەوارەیەک خستوویەتیە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە. وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕاشیگەیاند ، سزاکان ھەموو ئەو کۆمپانیایانەش دەگرێتەوە، کە تێوەگلاون لە بەرھەمھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران و ئەو کۆمپانیایەش کە فڕۆکەکانی بۆ روسیا گواستووەتەوە.

هاوڵاتی بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیۆرک تایمز سەرەڕای بەرزبونەوەی نرخی نەوت له‌جیهاندا،  به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و ناپسپۆڕیی وه‌زاره‌ته‌كان و لاوازی حكومه‌ت لە عێراق ره‌وشی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كانی خه‌ڵك تا بێت خراپتر دەبێت. نیۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا باس لە خراپی ڕەوشی هاوڵاتیانی عێراق دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە لەگەڵ ئەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان لە بەرزبونەوەدایە باڵام هاوڵاتیانی عێراق سودمەندنین لێی بە هۆی ئەو گەندەڵییە زۆرەی لە سێکتەرە جیاوازەکانی حوکمەتی عێراقیدا دەکرێت . بەتایبەت كه‌رته‌كانی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی، كه‌ له‌كه‌رته‌ هه‌ره‌ خراپترینه‌كانن. هەروەها باسی لەوەش کردووە تاکە هۆکار کە عێراق لەسەر پێی خۆی وەستاوە نەتەوەکەیەتی لە کاتێکدا هاوڵاتییەکانی له‌سوودی نه‌وت بێبه‌رین و به‌ده‌ست نه‌بوونی كاره‌با، وێرانه‌یی قوتابخانه‌كان و نه‌بوونی چاودێری ته‌ندروستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن. پێشتریش عه‌بدولزه‌هره‌ هینداوی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق رایگه‌یاندبوو، به‌پێی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی بانكی نێوده‌وڵه‌تی كراوه‌، رێژه‌ی هه‌ژاری له‌ ٢٤،٨% بۆ ٢٥% به‌رزبووه‌ته‌وه‌. جێگەی باسە ژماره‌ی هه‌ژاران له‌ عێراق گه‌یشتووه‌ته‌ ١٠ ملیۆن كه‌س.

هاوڵاتی دوای ئەوەی دوێنێ ئێوارە شاژنە ئێلیزابێسی دووەم لە تەمەنی ٩٦ ساڵیدا کۆچی دووای کرد ڕۆژنامەی  ئیندپێندێنتی به‌ریتانی، چه‌ند زانیارییەکی له‌باره‌ی ژیانی شاژنه‌وە بڵاوكرده‌وه‌. لە رۆژنامەی ئیندیپێندێنتا هاتووە کە شاژن له‌ ساڵی 1947، له‌گه‌ڵ شازادە فلیپ هاوسه‌رگیری كردووه‌ و خاوه‌نی چوار كوڕبوون، كه‌ شازادە چارلس كوڕی گه‌وره‌یانەو له‌دوای خۆی وه‌ك جێنشینی فه‌رمی بووه‌ پادشای به‌ریتانیا‌. هەروەها شاژن  فەرمانڕەوای 15 وڵات بووه‌ له‌ یه‌كێتی كۆمێنوێلس، كه‌ له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایه‌تی سیسته‌می پاشایه‌تی به‌ریتانیادان. شاژنە ئیلیزابێس مۆڵەتی شۆفێری نەبووە چونکە بە پێی یاساکانی بەریتانیا هیچ کەس نەیتوانییوە داوای مۆڵەتی شۆفێری لە شاژن بکات وسکاڵای لەسەر تۆمار بکات. ئاماژەشی بەوە کرد کە شاژن لە ماڵەوە لەگەڵ خوشکەکەی شازادە مارگرێت خوێندوێتی بە سەرپەرشتی دایک و مامۆستا تایبەتەکانی کە وانەکانیان زیاتر دەربارەی مێژوو زمان وئەدەب و موزیک بووە واتە وەک کەسانی کە لە خوێندنگەدا نەیخوێندووە. یەکەم شاژن بووە کە زۆرترین سەردانی وڵاتانی دیکەی کردووە ،کە لە ماوەی حکومڕانیدا گەشتی بۆ  زیاتر لە ١٢٠ وڵات کردووە .هەروەها کەنەدا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی زۆرترین گەشتی بۆ کردووە لە دەرەوەی بەریتانیادا. هەروەها کاتێک نیڵ ئه‌رمسترۆنگ كه‌شتیوانی ئاسمانیدەچێتە سەر مانگ، نامه‌یه‌كی شاژنه‌ ئه‌لیزابێسی لەگەڵ خۆی بردووەو له‌وێ بە جێیهێشتووە ، کە شاژن تێیدا نووسیبووی: "به‌ نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی به‌ریتانیا، رێز و شكۆ بۆ ئازایه‌تی مرۆڤ ده‌نێرم، كه‌ توانیان بگه‌ن به‌سه‌ر مانگ، به‌هیوام هه‌وڵی زیاتر له‌ پێناو خۆشگوزه‌رانی مرۆڤ بده‌ن". لە ڕۆژنامەکەدا باس لەوەش کراوە کە لەسەر لاپەرەکانی یەکەمی پاسپۆرتی هاوڵاتیانی بەریتانیا نوسراوە وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا بەناوی شاژنی بەریتانیاوە داواده‌كات، هەڵگری ئەم پاسپۆرتە ، بێ ڤیزا گه‌شت ‌بكه‌ن،و داوەدەکرێت رێزیان لێبگیرێت و هاوكاری و پاسه‌وانی بكرێن لە کاتی پێویستیدا". جێگەی باسە کە شاژنە ئێلیزابێس ماوه‌ی زیاتر له‌ 70 ساڵ، له‌سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی به‌ریتانیا مایه‌وه‌، كه‌ بووه‌ درێژترین ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی پاشاكانی به‌ریتانیا له‌ مێژوودا.

هاوڵاتی به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوێکی ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌کانی عێراق لە رۆژی پێنجشەممە 8ى ئەیلوول 333 هەزار و 364 کەس لە شەش دەروازەی سنوورییەوە هاتوونەتە ناو عێراقەوە. لەکاتێکدا لە 14ى ئاب تاوەکو 7ى ئەیلوول، زیاتر لە یەک ملیۆن و 262 هەزار زیارەتکارى دیکە هاتوون بەمەبەستى بەشداریکردن لە مەراسیمەکانى چلەى ئیمام حوسێن.   رۆژی هەینی 9ى ئەیلوولی 2022، عەلائەددین قەیسی، گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق رایگەیاندووه‌: رۆژى پێنجشەممە 8ى ئەیلوولی 333 هەزار و 364 زیارەتکار لە شەش دەروازەى سنوورییەوە هاتوونەتە ناو عێراق.  له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێرانیش لە سەردانێکیدا بۆ دەروازەی مێھران داوای لە زیارەتکارانی وڵاتەکەی کرد پەلە نەکەن لە رووکردنە دەروازەکانی عێراق تا ئەو کاتەی کێشەی گواستنەوەی زیارەتکاران لە ناوخۆی عێراق چارەسەر دەکرێت. وتیشی، ھەر کاتێک لێپرسراوانی عێراق ئامادەیی زیاتری پێشوازیان ھەبوو، دەتوانن رێگە بە چوونی زیارەتکارێکی زۆرتر بدەن بۆ ناو خاکی عێراق.  حکومەتی عێراق 13 دەروازەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا هەیە، کە شەشیان لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێرانە.   بەگوێرەى ئامارێکى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق لە 14ى ئاب تاوەکو 7ى ئەیلوول، یەک ملیۆن و 262 هەزار و 13 زیارەتکار بە مەبەستی بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێندا هاتوونەتە نێو خاکی عێراقەوە.   چلەى ماتەمینى ئیمام حوسێن لە 17ى ئەیلوول بەڕێوەدەچێت و چەندین مەراسیم لە پارێزگا زۆرینە شیعەکانى عێراق بەو بۆنەیەوە رێکدەخرین، زیارەتکاران دەچنە پارێزگاى کەربەلا کە مەزارى ئیمام حوسێنى لێیە.

ئەو ژنە کوردە 80 ساڵەی بە تۆمەتی هاوکاری کردنی PKK، چوار مانگ لە پارێزگای وان زیندانی کرا بە بڕیاری دادوەر و بە مەرجی دادی ئازادکرا. مەقبوولە ئۆزەر-ی تەمەن 80 ساڵ و هادی ئۆزەر-ی هاوژینی کە تەمەنی 79 ساڵە. پێشتر لە 24ی تەممووزی 2018 لەلایەن تیمەکانی پۆلیس لە شارۆچکەی ئارتەمێتان سەر بە پارێزگای وانی کوردستانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ سەر ماڵەکەیان، لەگەڵ منداڵەکانیاندا دەستبەسەر کران. ئەو دوو هاوژینە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پەکەکە سکاڵایان لەسەر تۆمارکرا، بۆیە رۆژی دووشەممە 9ی ئایاری 2022 دەستبەسەرکران و هەمان رۆژ بە بڕیاری دادگەی خۆجێیی وان بە تۆمەتی هاوکاری کردنی پەکەکە بە 2 ساڵ و 1 مانگ زیندانی کردن سزادران. رۆژی سێشەممە 10ی ئایاری 2022، دادگەی باڵای وان بڕیاری دادگەی خۆجێی پەسندکرد، هەمان رۆژ مەقبوولە و هاوژینەکەی بە بڕیاری دادگەی خۆجێیی وان خرانە زیندانەوە. رۆژی 26ی ئابی 2022، مەقبوولە ئۆزەر کە زیاتر لە چوار مانگ لە زیندان بوو، نەخۆش دەکەوێت و دەبرێت بۆ نەخۆشخانە. بەڵام بەهۆی ئەوەی زمانی تورکی نەزانیوە، وەرگێڕی کوردیشی بۆ دابین نەکراوە، بەبێ ئەوەی بە زمانی خۆی گوزارشت لە ئازارەکانی بکات، لەسەر بنەمای راپۆرتێکی تەندروستیی کە پێشتر ئامادە کراوە، چارەسەری بۆ نووسراوە و رەوانەی زیندان کراوەتەوە. بەپشت بەستن بە راپۆرتی دادپزیشکی پارێزگای وان، کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، مەقبوولە ئۆزەر دۆخی تەندروستیی خراپە و پێویستی بەچاودێری بەردەوامە و ئەو چاودێرییە تەندروستییەش لە گرتووخانەکاندا نییە. بۆیە دادگەی باڵای سزا قورسەکانی پارێزگای وان، بڕیاری ئازادکردنی ئەو ژنە بەمەرجی دادی و دواخستنی سزاکەی بۆ ساڵێک دەرکرد. دوای دوو کاژێر لە بڕیاری دادگەکە، مەقبوولە ئۆزەر لە زیندان هاتە دەرەوە.

هاوڵاتی دوای کۆچی دوایی شاژنە ئێلیزابێز، یەکێک لەو بابەتانەی سەرنجی خرایەسەر سامانەکەی بوو. شاژنە ئێلیزابێز بە بەهای نزیکەی سێ ملیار دۆلار خشڵ و زێڕی هەبوو، هەروەها موڵکەکانی بە 370 ملیۆن پاوەند مەزەندە دەکرێت. موڵکەکانی شاژنی کۆچکردوو بە 370 ملیۆن پاوەند مەزەندە دەکرێت، کە دەکاتە زیاتر لە 420 ملیۆن دۆلار، ئەوەش بەس نەبوو بۆ ئەوەی جێگەی خۆی لە "لیستی دەوڵەمەندان"ـی گۆڤاری سەندەی تایمز بکاتەوە، کە تایبەتە بە دەوڵەمەندترین 250 کەسی بەریتانیا. سامانەکەی شاژنە ئێلیزابێزی دووەم، کە رۆژی پێنجشەممە لە تەمەنی 96 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، بەراورد بە سامانی پاشاکانی دیکە کەمتر بوو؛ سامانی بنەماڵەی شاهانەی تایلەند بە 50 بۆ 70 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، لە کاتێکدا سامانی شا سەلمانی پاشای سعودیەش 18 ملیار دۆلارە. کەواتە؛ شاژنە ئەلیزابێسی دووەم چۆن پارەکەی پەیدا کردووە و چۆن خەرجی کردووە؟   خەرجییە فەرمییەکان بەشێک لە باجەکان دەچنە خزمەتی خێزانی شاهانەوە، جگە لە داهاتی موڵکە تایبەتە زەبەلاحەکان، کە هێشتا وردەکارییەکانیان بە تەواوەتی نازانرێت. خەرجییەکانی شاژنە ئێلیزابێزی دووەم و ئەو کەسانەشی نوێنەرایەتیی دەکەن لەڕێی مینحەیەکی ساڵانەوە دابیندەکرێت کە حکومەت دابینی دەکات و پێی دەگوترێت بەخششی سەروەری. لە ساڵی 2020 بۆ 2021، بڕی ئەو بەخششە سەروەرییەی بۆ شاژنە ئێلیزابێزی دووەم خەرجکرا گەیشتە نزیکەی 86 ملیۆن پاوەند، لەنێویشیدا 34 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوەی بەردەوامی کۆشکی بەکینگهام لە شاری لەندەن. بەخششی سەروەری هاوتای 15٪ـی کۆی قازانجەکانی کۆمپانیای خانووبەرەی شاهانەیە کە زەوی، موڵک و سەروەتەکانی دیکەی وەک کێڵگە دەگرێتەوە و لەلایەن خێزانی شاهانەوە خاوەندارێتیی دەکرێن، بەڵام بەشێوەیەکی سەربەخۆ بەڕێوەدەبرێن. بەپێی رێککەوتنێک کە لە ساڵی 1970 مۆرکراوە، پوختەی داهاتی خانووبەرەی خێزانی شاهانە رادەستی گەنجینە دەکرێت.   داهاتی تایبەت  داهاتی تایبەتی خێزانی شاهانە پێی دەگوترێت 'جزدانی نهێنی'، کە بەشی زۆری لە خانووبەرەی لانکاستارەوە سەرچاوە دەگرێت و لە سەردەمی ناوەڕاستەوە لەلایەن خێزانی شاهانەوە خاوەندارێتیی دەکرێت؛ موڵکەکانی خانووبەرەکە بریتین لە زەوی، وەبەرهێنانی دارایی و چەند موڵکێکی دیکە کە بەهاکەیان زیاتر لە 500 ملیۆن پاوەندە. موڵکەکان لە 315 موڵکی نیشتەجێبوون و موڵکی بازرگانی لە نێوەڕاستی لەندەن و هەزاران هێکتار زەویی کشتوکاڵی پێکدێن. لە ساڵی 2020 بۆ 2021، داهاتی پوختەی موڵکەکانی شاژنە ئێلیزابێزی دووەم زیاتر لە 20 ملیۆن پاوەند بووە. لەو ساڵەدا شاژن بەشێکی ئەو داهاتەی بەخشییە کەسە نزیکەکانی و باجی ئەو بڕەی پێ دابینکرد، کە لە ئەرکە فەرمییەکاندا خەرجنەکرابوو. دێڤد ماکلێر، نووسەری کتێبی 'بەهای راستەقینەی شاژن' کە باس لە خەرجیی دارایی شاژنە ئێلیزابێزی دووەم دەکات، دەڵێت: "شاژن ئەو پارەیە بەکاردەهێنێت بۆ پێدانی شایستەکانی بەڕێوەبردنی کۆشکەکانی بالمۆراڵ و ساندرینگهام کە زۆر گرانبەهان."  هەردوو کۆشکی بالمۆراڵ و ساندرینگهام راستەوخۆ لەلایەن خودی شاژنە ئێلیزابێزی دووەمەوە خاوەندارێتیی دەکران.  ماکلێر دەشڵێت، "شاژن ئەو پارەیە وەک پاڵپشتیی داراییش بۆ ئەو ئەندامانەی خێزانی شاهانە بەکاردەهێنێت کە پارەیان لە بەخششی سەروەری بۆ دابین ناکرێت." ئەو کەسانەی پارەکەیان پێدەدرێت پێکدێن لە؛ شازادە ئاننێ، شازادە ئێدوارد و سۆفیێی هاوژینی و شازادە ئاندرێو، کە کوڕی دووەمی شاژنە ئێلیزابێسە.   موڵکی تایبەت لەکاتێکدا زۆربەی کۆشکەکانی شاهانە لەلایەن دامەزراوەی خانووبەرەی شاهانەوە خاوەندارێتیی دەکرێن، بەڵام خودی شاژنە ئێلیزابێزی دووەم خاوەن دوو موڵکی تایبەتە؛ کۆشکی بالمۆراڵ و سکۆتلاند، کە بەهاکەیان بە 100 ملیۆن پاوەند دەخەمڵێنرێت، بەهای کۆشکی ساندرینگهامیش بە نزیکەی 50 ملیۆن پاوەند دەخەمڵێنرێت.  هاوکات، شاژنە ئێلیزابێزی دووەم خاوەندارێتیی تایبەتی بەشێک لە موڵکەکانی 'سەرمایەی شاهانە'ـش دەکات، لەوانە موڵکەکانی پاشا جۆرجی چوارەم، کە بەهاکەیان دەگاتە 100 ملیۆن پاوەند.  بەپێی ماڵپەڕی مای رەیسینگ، کە تایبەتە بە ئەسپسواری، داهاتی شاژنە ئێلیزابێزی دووەم لە پێشبڕکێکانی ئەسپسواریدا زیاتر لە 7 ملیۆن پاوەند بووە. جگە لەوانە، شاژن بە بەهای زیاتر لە 3 ملیار پاوەند خاوەنی خشڵ و زێڕە، کە دوای مردنی، خاوەندارێتییەکەیان راستەوخۆ بۆ شوێنگرەوەکەی دەگوازرێتەوە. سەرچاوە/ ڕووداو

  ئێران: ئەمریكا جێی متمانە نییەو بەدیلی رێككەوتنەكەمان هەیە ئیسرائیل گروپێكی دیبلۆماسی بۆ شكستپێهێنانی رێكەوتنەكە پێكدەهێنێت   هاوڵاتی   ئەگەرچی واشنتۆن رایگەیاندووە دوایین وەڵامی تاران بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی، گەڕانەوەیە بۆ دواوە، بەڵام ئیسرائیل دەڵێت لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی لەهەفتەی داهاتوو ئەمریكا و ئێران دەگەنە رێككەوتن، لەبەرامبەریشدا بەرپرسانی ئێرانی ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن ئەگەر ئەمریكا ویستی هەبێت لەماوەی سێ رۆژدا رێككەوتنی ئەتۆمیی كارادەكرێتەوە. لەئێستادا دوای ئیسرائیل گەورەترین كێشەی ئێران ئەوەیە كەئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان چاوپۆشیی لەو دۆسیەو گومانانە بكات كە 22 ساڵە بووەتە كێشە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكە. ئەمریكا رایگەیاندووە نابێت ئێران كاراكردنەوە یان زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 بەبابەتی لێكۆڵینەوەكانی ئاژانسی ئەتۆم گرێبداتەوە. رۆژنامەی (هائارتز)ی ئیسرائیلی بڵاویكردووەتەوە بەرپرسانی وڵاتەكەیان بێوچان لەهەوڵدان تا ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییەی ئێران و وڵاتانی 5+1 كارا نەكرێتەوە.   ئیسرائیل بەدوای مەرگی رێككەوتنی ئەتۆمییەوەیە بەرپرسانی ئیسرائیل بەمیدیاكانی وڵاتەكەیان راگەیاندووە جۆو بایدن، سەرۆكی ئەمریكا دەیەوێت زۆر بەخێرایی رێككەوتنی ئەتۆمیی بە رێككەوتن و لێكتێگەیشتن لەگەڵ ئێران جارێكی دیكە كارابكاتەوە، بەڵام پێدەچێت هەوڵەكان بۆ كاراكردنەوەی رێككەوتنەكە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكانی كۆنگرێسی ئەمریكا لەمانگی نۆڤەمبەر. یائیر لاپید، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رۆژی یەكشەممە (4/9/2022) رایگەیاند: تەلئەبیب بەردەوامە لەفشارەكانی دژی تاران و بەرنامە ئەتۆمییەكەی و هەر لەو چوارچێوەشدا هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی واشنتۆن رازیی نەبێت بەكاراكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی و دواكارییەكانی ئێران، بەوتەی لاپید كاراكردنەوەی رێككەوتنەكە بێڕێزیی و سوكایەتییە بەپێگەی ئەمریكا لەجیهاندا. كەناڵی (24)ی ئیسرائیل هاوكات لەگەڵ هەڵوێستی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی ئاشكرای كردووە كە تەلئەبیب هەر بەمەبەستی پاشگەزكردنەوە وڵاتانی بەشداربووی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەساڵی 2015 گروپێكی دیپلۆماسیی و چالاكی دروستكردووە و لەو چوارچێوەیەشدا بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی لەگەڵ جۆ بایدن كۆبووەتەوە. ئەوە لە كاتێكدایە پێشتر بێنی گانتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەگەڵ راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریكا كۆبوەوەو لەڕابردووشدا لەگەڵ بایدن مەترسییەكانی كاراكردنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی بەئێران راگەیاندوەو وتوویەتی: واشنتۆن بەو رێككەوتنە دەبێتە مایەی ئەوەی تاران بە بیانووی بەرنامەی ئاشتیخوازانەی ئەتۆمیی پلانەكانی بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمیی ئاسانتر جێبەجێ بكات و ئەو رێككەوتنە دەبێتە دەرگایەك بۆ دەربازبوونی ئێران لەژێر فشارە نێودەوڵەتییەكان.   وەڵامی ئێران و چاوەڕوانیەكانی ئەوروپاو ئەمریكا دوای ئەوەی ئێران رۆژی پێنجشەممەی رابردوو دوایین وەڵامی خۆی لەسەر زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی رادەستی وڵاتانی بەشداربووی رێككەوتنی ئەتۆمیی كرد لەئەوروپا، هاوكات ئەمریكا رایگەیاند؛ وەڵامەكەی تاران بۆ رێككەوتنەكە ئەرێنیی نەبووە. لەدوای ئەو وەڵامەی تاران زۆربەی میدیاكانی ئەمریكاو ئەوروپا بەبێ ئەوەی ناوی بەرپرسەكان ئاشكرابكەن، بڵاویانكردووەتەوە وەڵامەكەی ئێران پێچەوانەی ئەو وەڵامانەیە كە لە 15ی مانگدا رادەستی نوێنەری ئەوروپای كردبوو. هاوكات نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەبێ ئەوەی هیچ وردەكارییەك ئاشكرابكات، رایگەیاند واشنتۆن وەڵامەكەی تارانی بەدەستگەیشتووە، ئەو وەڵامەش ئەرێنی نییەو لەئێستادا تاووتوێ دەكرێت. بەپێی زانیارییەكان، تاران داوایكردووە لێكۆڵینەوەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم كە لەساڵی 2000وە گومان لەبەرنامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتە دروستدەكات، راگیرێت و چیتر لێپێچینەوە لەتاران نەكرێت لەسەر چۆنیەتیی پڕۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەماوەی ساڵانی رابردوودا یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسێ دامەزراوەی ئێران دۆزیوەتەوە كەپێشتر وەك وێستگەی ئەتۆمیی تۆمار نەكرابوو. لەكاتێكدا گەورەترین ناكۆكی لایەنە بەشداربووەكانی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەسەر لێكۆڵینەوەكانی ئاژانسی ئەتۆمییە، ئەمریكا رایگەیاندووە پەیوەندیی بەو لێكۆڵینەوانەوە نییە كەئاژانسەكە ئەنجامی دەدات، تەنانەت نابێت چارەنووسی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بەدۆسیەی نێوان ئاژانسی ئەتۆم و تارانەوە گرێ بدرێتەوە. ئێران داوایكردووە لە رووی نێودەوڵەتییەوە سەرجەم ئەو تۆمەتانەی لەسەر لاببرێت كە لەلایەن ئەنجومەنی ئاژانسی ئەتۆمیی ئاڕاستەی كردووە و بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتەی خستووەتە ژێر گومانەوە، بەزمانێكی دیكە ئەو وڵاتە داوای ئەستۆپاكی دەكات. هەربۆیە محەمەد مەرەندی راوێژكاری تیمی دانوستانكاری ئەتۆمیی ئێران لەڤیەننا، لە پاش وەڵامی وڵاتەكەی بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی، رایگەیاند ئەگەر ئەمریكا مەیلی هەبێت دەتوانێت لەسێ رۆژدا ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییە زیندوبكرێتەوە. مەرەندی بەكەناڵی (جەزیرە)ی قەتەری راگەیاندووە ئەو دۆسیانەی ئاژانسی ئەتۆم لەدژی ئێران كردوونیەتەوە سیاسییەو بۆیە دەبێت بەمەبەستی كاراكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی و پیشاندانی نیازپاكیی پێویستە ئەو دۆسیەو تۆمەتانە دژی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران بۆ هەمیشە دابخرێن. مەرەندی لەپەیامێكی دیكەدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویەتی: «زستان نزیكەو یەكێتی ئەوروپا رووبەڕووی قەیرانی ئیفلیجكەری سووتەمەنی دەبێتەوە» ئەو پەیامەی مەرەندی بەو واتایە كەئێران كە بەدووەم وڵاتی غازیی جیهان دوای روسیا ئەژماردەكرێت دەتوانێت لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئەتۆمیدا غاز بەئەوروپا بفرۆشێت.   ئێران: پەنجەمان لەسەر پەلەپیتكەیە لەدوای ئەو رۆژەی ئێران وەڵامەكانی رادەست كردووە لێدوانی بەرپرسانی وڵاتەكە توندتر بووە لەڕابردوو و رایانگەیاند؛ تاران بژاردەی پێچەوانەی كاراكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەسەر مێزە چونكە لەئێستادا واشنتۆن زیاتر لەهەر لایەنێكی دیكە پێویستی بەڕێككەوتنە. مەحمود عەباس زادە، ئەندامی دەستەی ئاسایشی نیشتیمانی لەپەرلەمانی ئێران بەمیدیای وڵاتەكەی راگەیاندووە؛ ئەمریكا لەڕابردودا سەلماندوویەتی جێی متمانە نییەو پابەندی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان نابێت، بۆیە بەردەوام تاران ئامادەیە بۆ بەدیل و جێگرەوەی ئەو رێككەوتنە، واتە پەنجەی لەسەر پەلەپیتكەیە كەجێگرەوەی ئەو رێككەوتنە بخاتەڕوو هاوشێوەی ئەوەی لەساڵی 2018 كەپیتاندنی یۆرانیۆمی لە 5%ەوە بۆ 60% بەرز كردەوە.   ئێران جەخت لەوەڵامەكانی دەكاتەوە ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە (5/9/2022) رایگەیاند یەكێك لەمەرجە سەرەكەییەكانی تاران بۆ كاراكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی داخستنی ئەو دۆسیانەیە كەئاژانسی ئەتۆمیی دژی بەرنامەو دامەزراوە ئەتۆمییەكان كردوویەتییەوە. وتیشی: هۆكاری پێداگریی تاران لەداخستنی ئەو دۆسیانە ئەوەیە كە وەك كارتی سیاسیی بەكارنەهێنرێت بۆیە بۆ ئەوەی كاراكردنەوەی رێككەوتنەكە رووبەڕووی كەموكوڕیی نەبێتەوە لەدوایین وەڵامدانەوەدا جەخت لەو بابەتە كراوەتەوە. بەوتەی كەنعانی وەڵامەكانی ئەم دواییانە جۆرێكە لەدڵنیایی بۆ تاران كەبتوانێت لە رووی سیاسی و ئابورییەوە سوودی تەواو لەئەنجامەكانی رێككەوتنەكە وەرگرێت. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەشكردوە كە ئەگەر ئەو رێككەوتنە كارابكرێتەوەو سزاكان لەسەر تاران هەڵگرن ئەوا ئێران دەتوانێت بەشێكی بەرچاو لەسوتەمەنی و وزەی پێویستی ئەوروپا دابین بكات. لەكۆتایی لێدوانەكانیدا ناسر كەنعانی رایگەیاند ئیسرائیل بەشێوەیەكی نایاسیی سەرقاڵی بەرنامەی ئەتۆمییەو ئەندامی ئەنجومەنی بڕیاری ئاژانسی ئەتۆمیی نییە، بۆیە نابێت دەستوەردان لەبەرنامە ئەتۆمییەكانی تاران بكات. نزیكەی ساڵێكە وڵاتانی 5+1 و ئێران بەدەستپێشخەریی ئەمریكا هەوڵی زیندوكردنەوەی رێككەونی ئەتۆمیی دەدەن و بەپێشنیارە نوێكانی ئەوروپا نزیكبوونەوە روویدا، بەڵام وەڵامەكەی رۆژی پێنجشەممەی رابردووی ئێران جارێكی دیكە ناكۆكییەكانی قوڵكردەوە. لەگەڵ ئەوەی هیواكان بۆ گەیشتن بەڕێككەوتن كەمبووەتەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندووە بەپێی بەڵگەنامەیەكی نهێنیی كەدەستیان كەوتووە، ئەگەری ئەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی زیندوبكرێتەوە زۆر بەهێزترە لەهەڵوەشانەوەو هەڵپەساردنی چونكە ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا سورە لەسەر ئەوەی تەنها ئامرازێك كە بتوانێت رێگەنەدات ئێران بۆمبی ئەتۆمیی دروست بكات، زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمییە.  

هاوڵاتی دوای رزگاکردنی شەنگال لەژێر دەستی داعش، ئێزدییەکان لەسەر حسابی خۆیان مەزارگه‌کانیان نۆژەن دەکەن، تەنها لەناوەندی شەنگال 8 مەزارگه‌ نۆژەن یان کردوە. فاخر خەلەف، سەرپەرشتیاری نوژەنکردنەوەی مەزارگەکانی شەنگال به هاوڵاتی ی وت" هەندێک مەزارگا لەلایەن رێکخراوەکان نۆژەنکراونەتەوە وبەشێکی زۆر کەسانی خێرخواز لەناو ئێزدییەکان پارەیان خەرجکردوە بۆ نوژەنکردنەوە، تا ئێستا 8مەزارگه‌ لەناوەندی شەنگال و دەوروبەری نوژەنکراون، سێ مەزارگه‌ی تر ماون کە هێشتا دەستمان پێ نەکردوە، لە پاڵ ئەمەشدا دوو مەزارگه‌ی نوێ دروستمانکردوە". فاخر خەلەف،فەرمانبەرە بەناونیشانی خلمەتکار لەمەزارگه‌ی سوڵتان ئێزی لەناوەندی شەنگال،زیاتر وتی"بەداخەوه حکومەتی عیراق هیچ پارەیەکی بۆ ئێمە خەرج نەکردوە لەکاتێکدا مافی ئەوانە پارە خەرج بکەن چونکە داعش وێرانی کردوون، چوون پارە بۆ نوژەنکردنەوەی پرۆژەکان خەرج دەکەن دەبێت بۆئێمەش خەرج بکەن". بەپێی ئاماری نۆسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزیدی داعش 68 مەزارگه‌ و شوێنی پیرۆزی ئێزیدی تەقاندوەتەوه

هاوڵاتی كەرتی تەندروستی ئێران بەهۆی كۆچی پزیشك و پەرستارانەوە رووبەڕووی كێشە بووەتەوەو بەوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە ساڵانە چوار بۆ پێنج هەزار پزیشك و كارمەندی تەندروستیی وڵاتەكە جێدەهێڵن و لەئێستاشدا نزیكەی 20 هەزار پزیشك وازیان لەپسپۆڕیی و كارەكانیان هێناوە. وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاندووە وڵاتەكەیان پێویستی بە 18 هەزار پزیشك و 100 هەزار پەرستار هەیە و جگە  لەپزیشكەكانیش رۆژانە نزیكەی 100 پەرەستار وڵاتەكە جێدەهێڵن بەرەو وڵاتانی جیهان كۆچ دەكەن. بەپێی ئامارەكان هەر 10 بۆ 20 هەزار كەسی دانیشتوی ئێران تەنها یەك پزیشكی گشتییان بۆ دابینكراوە، ئەوەش پێنج هێندە لەپێوەرە پزیشكییەكانی جیهان كەمترە واتە كەمترین پزیشك بۆ دانیشتوانی ئێران هەیە كە بەمەترسییەكی گەورەی سەر تەندروستیی كۆمەڵگەی ئەو وڵاتە ئەژمار دەكرێت چونكە بەشێكی بەرچاو لەپزیشكان بەهۆی دۆخی ئابورییانەوە بەرەو وڵاتانی دیكە كۆچ دەكەن و ژمارەیەكی زۆریشیان لەشارە گەورەكانی ناوخۆی وڵاتەكە جێگیر دەبن. تەندروستی ئێران ئاشكرایكردوە 42%ی پزیشكانی پسپۆر لەو وڵاتە لەپێنج شاری (تاران، تەبرێز، شیراز، ئەسفەهان، مەشهەد) جێگیر بوون ئەوەش بەواتای لاوازبوونی سیستمی تەندروستییە لەناوچەكانی دیكە سەرەڕای ئەوەش ئەو ژمارە لەپسپۆڕە بەراورد بەدانیشتوانی ئەو پێنج شارە هەر كەمە. بۆچی پزیشك و كارمەندانی تەندورستی ئێران جێدەهێڵن؟ محەمەد عەلی موحسینی، ئەندامی دەستەی پزیشكی و دەرمان لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە: كۆچی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستیی وڵاتەكە بووەتە مەترسییەكی گەورەو وڵاتانی رۆژئاواو بەتایبەت ئەوروپا بەبانگەشەی ژیانی باشترو موچەی زیاتر هانی پزیشكانی وڵاتانی دیكەی جیهان دەدەن لەوڵاتەكانیانەوە بەرەو رۆژئاوا كۆچ بكەن. موحسینی ئاماژەی بەوەكردووە: ئەگەر كۆچی پزیشكان و كارمەندانی تەندورستیی ئێران بۆ وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكاو تەنانەت قەتەرو ئیمارات و عەممان بەردەوام بێت ئەوە كارەسات لەكەرتی تەندورستیی وڵاتەكە روودەدات، بۆیە دەبێت حكومەت هانی پزیشكان و پەرستاران بدات كە لەوڵاتەكەی خۆیاندا خزمەت بكەن و رێی كۆچ نەگرنەبەر. روونیشیكردەوە: هەر پزیشكێكی پسپۆر لەئێران نزیكەی یەك لەسەر سێی  تەمەنی خۆی بۆ بەدەستهێنانی زانستی پزیشكی لەئاستی باڵادا تەرخان دەكات، بۆیە ناكرێت حكومەت بێباك بێت لەوەی ئەو پزیشكانە وڵاتەكەیان جێدەهێڵن ئەوەش ئاماژەیە كەپێویستە گوێ بۆ داواكارییەكانی ئەو چینە لەكۆمەڵگە بگیرێت و داواكارییەكانیان جێبەجێ بكرێت بۆ ئەوەی پێگەی ئێران لەئاستی ناوخۆو نێودەڵەتیدا لەبواری پزیشكی دابەزین بەخۆیەوە نەبینێت. محەمەد رەئیسی زادە، سەرۆكی گشتی رێكخراوی پزیشكی ئێران بەمیدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندووە؛ ئەگەر بێتو سیاسەتی پزیشكیی ئێستای ئێران بەو شێوەی ئێستا بەردەوام بێت ئەوا وڵاتەكە ناچاردەبێت پزیشك و كارمەندی تەندروستی لەوڵاتانی بەنگلادش و پاكستان و هندستان-ەوە بێنێت. رەئیسی زادە ئاشكرایكردووە: كە لەساڵی 2020 زیاتر لەچوار هەزار  پزیشك لەئێران داوای بەڵگەنامەی ئەستۆپاكییان كردووە كەئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو پزیشكانە دەیانەوێت وڵاتەكەیان جیبهێنڵن، چونكە بەڵگەنامەی ئەستۆپاكی بۆ ئەو پزیشكانەیە كە دەیانەوێت لەوڵاتانی دەرەوە كاربكەن. لەماوەی یەك ساڵی رابردودا تەنها لەشاری ئەهواز لەباشوری ئێران 300 بەڵگەنامەی ئەستۆپاكیی یان (Good standing) دراوەتە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی كەئەوەش بەئامارێكی مەترسیدار بۆ سەر كەرتی تەندروستی شارەكە و ئێرانیش وەسف دەكرێت، چونكە ئەو ئامارە تەنها بۆ یەك شارە لەوڵاتێكی 84 ملیۆن كەسیدا. رەئیسی زادە هۆشداریی داوە ئەگەر ئێران ناچار بێت پزیشكی پسپۆر لەهەندێك بواردا لەوڵاتانی بیانییەوە بهێنێت ئەوا دەبێت موچەكانیان بەپێوەرە جیهانییەكان 10 هێندەی پزیشكانی پسپۆڕی ناوخۆی ئێران بێت، ئەوەش بەو واتایەیە كە بەشێكی بەرچاو لەبودجەی تەندروستیی بۆ هێنانی پزیشك دەڕوات لەكاتێكدا وڵاتەكە گیرۆدەی قەیرانی ئابووریشە. لەبەیاننامەیەكی رێكخراوی پزیشكی ئێراندا ئاماژە بەوە كراوە  لەساڵانی پێش 1979 واتە پێش رووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی زیاتر لەچوار هەزارو 500 پزیشكی پسپۆڕی وڵاتانی رۆژئاواو جیهان لەئێران جیگیربوون، بەڵام لەئێستادا كۆچی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستیی ئێران بۆ رۆژئاوا وایكردووە مەترسیی پاشەكشێی لەكەرتی تەندورستیی وڵاتەكە رووبدات كەزیاتر لە 30 ساڵە كاری بۆدەكرێت. لەڕاپۆرتی ناوەندی چاودێریی كۆچ لەئێران دەركەوتووە 73%ی پزیشكان و پەرستارانی ئەو وڵاتە خواستی كۆچیان هەیە و هاوشانی ئەوانیش زیاتر لە 60%ی مامۆستایانی زانكۆ دەیانەوێت كۆچ بكەن بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا. لەزانیارییەكانی  ناوەندی كۆچدا دەركەوتووە 59%ی خوێندكارانی زانكۆ، 69%ی مامۆستایانی زانكۆ تەنها بەهۆی دۆخی ئابورییەوە دەیانەوێت ئێران جێبهێڵن و بەرەو وڵاتانی دیكە كۆچ بكەن. بەرزی موچەی مامۆستای زانكۆ هاندەرە بۆ كۆچ بەپێی راپۆرتی دەستەی پزیشكی و تەندروستی ئێران ئەو دكتۆرایانەی لەزانكۆكاندا لەبواری پزیشكی وانە دەڵێنەوە تەنها  37 ملیۆن تمەنی ئێرانیان هەیە كەدەكاتە هەزارو 100 دۆلار لەكاتێكدا هەر ئەو پسپۆڕییە لەبواری زانستیی لەزانكۆكانی جیهان نزیكەی 10 هەزار دۆلار وەردەگرێت كەئەوەش وای لەپسپۆران و مامۆستایانی زانستی پزیشكیی ئێران كردووە كە هەوڵی جێهێشتنی وڵاتەكەیان بدەن بەهیوای موچەو مافی زیاتر. كۆچی پزیشكانی  ئێران ئامارەكانی ناوخۆی ئێران دەریانخستووە زۆرترین پزیشكی گشتی و هەناوی وڵاتەكە مەیلی كۆچیان هەیەو زۆرترین پزیشكیش روو لەوڵاتانی (كەنەدا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئوسترالیا، نیوزلەندا، دانیمارك، سویدو نەرویج) دەكەن سەرەڕای ئەوانەش وڵاتانی كەنداو هاندرێكی باشن بۆ كۆچی پزیشكانی ئێران. رۆژنامەی (هەمشەهری) ئێران بڵاویكردووەتەوە لانیكەم رۆژانە دوو بۆ 10 پزیشكی وڵاتەكە ئەو بەڵگەنامانە دەردەهێنن كە پێویستیانە بەئامانجی كۆچكردن بۆیە بەپێی ئەو ئامارانەی كە بڵاوكراوەتەوە تەنها لەساڵی رابردوودا چوار هەزارو 500 پزیشكی ئێران كۆچیانكردووەو وڵاتەكەیان بەئامانجی دەستبەكاربون لەوڵاتیكی دیكەو باشتربوونی دۆخی ژیانیان جێهێشتووە. تووێژەرانی كۆمەڵایەتیی لەئێران بڕوایان وایە بەهۆی ئەوەی ئاستی زانستی پزیشكی لەوڵاتەكەدا لەئاستێكی باڵادایە و لەجیهانیشدا خاوەنی پێگەیەكی باشە چاوەڕواندەكرێت ئاستی بژێویی و مافەكانی ئەو پزیشك و پسپۆرانە لەئاستی لانیكەمی جیهاندا بێت، بەڵام بەو شێویە نییەو تەنانەت مافەكانی پزیشكێك لەئێران لەپزیشكێكی هاوتا لەبەنگلادیش زۆر كەمترە لەكاتێكدا ئاستی پێگەو متمانەی كۆمەڵایەتیی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی لەكۆمەڵگەی ئێران دوای مامۆستایان دووەم چینن كەزۆرترین رێزیان لەئاستی جەماوەردا هەیە، بەڵام لە لایەن حكومەت و میدیاكانی دەسەڵاتەوە بەبەردەوامی تۆمەتبار دەكرێن بەوەرگرتنی پارەی زۆرو نابەرپرسیاریەتی لەئاستی پیشەكەیان.    

هاوڵاتی سەرچاوەیەك لەدادگای سلێمانی كەنەیویست ناوی بهێنرێت لە لێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت: ئەو كەسانەی  بەبڕیاری دادوەر دەستگیركراون لەسەر مەسەلەی داگیركاری زەوی و زارو سپیكردنەوەی پارەو بەبڕیاری دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایش بووە و نزیكەی 15 كەسن. ئەو كەسانەی كاری سپیكردنەوەی پارەیان كردووە بەتەوافوق چەكی بانكییان كڕیوە و لەبانكەكان ئاسانكارییان بۆ كراوە و پارەیان بۆ خەرجكراوە بەوەش قازانجێكی زۆریان كردووە. چەندین كەسیی دیكەش سكاڵایان لەسەرەو بەبڕیاری دادوەر دەبێت دەستگیربكرێن بەڵام تائێستا بەشێكیان دەستگیرنەكراون و بەشێكیشیان هەرێمی كوردستانیان جێهێشتووە.

هاوڵاتی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ درێژترین حوكمڕانی سەر تەختی پادشایەتی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لەتەمەنی ٩٦ ساڵیدا لەشاری بالمۆرال ی سكۆتلەند، کۆچی دوایی کرد. خێزانی دەسەڵاتی شاهانە لەئیستادا هەمویان لەسکۆتلەندا کۆبوونەوە، دوای ئەوەی پێشتر پزیشكەكانی شاژن، نیگەرانییەکان لەبارەی تەندروستییەوە بۆ ئاستی زۆر مەترسیدار بەرزکردبۆوە. شاژن لە ساڵی ١٩٥٢ هاتۆتە سەرتەخت و شاهیدی زۆرترین گۆڕانکاریە گەورەكانی بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری جیهان بووە. بەژیانئاوای شاژن، ڕاستەوخۆ کوڕە گەورەکەی، (چارڵز)کەشازادەی پێشووی وێڵز بووە، لەماوەی ماتەمینی ووڵاتدا، وەك پادشا، سەركردایەتی وڵاتەکەی و ١٤ دەوڵەتی ناوچەی كۆمۆنوێڵس دەکات. لەبەیاننامەیەکدا کۆشکی باکینگهام ڕایگەیاندووە: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاژن لەشاری بالمۆرال بەشێوەیەکی هێمنانە کۆچی دوایی کردوە. بڕیارە ئەم شەو، پادشاو تەرمی شاژن، هەرلەسكۆتلەنداو لەبالمۆراڵ بمێنەوەو سبەی دەگەڕێنەوە لەندەن. لەماوەی چەند كاتژمێری داهاتووشدا، پلانی ماتەمینی سەرتاسەریی و چۆنیوتی ڕێوڕەسمی بەخاك سپاردنی بڵاو دەكرێتەوە، كەپێدەچێ بەیەكێك لەگەورەترین مەراسیمی ماتەمینی ماڵئاوا لەم سەدادا دابنرێت.