فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێک لە شارۆچکەی عامودا لە رۆژئاوای کوردستان دەکەنە ئامانج و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا. ئاژانسی هاوار نیوز بڵاوی کردەوە شەوی شەممە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێک لە گوندی سنجاقی شێخ لە عامودایان بۆردومان. لەلایەکەی دیکەوە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە؛ ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە فەرماندەیەکەی ئەو هێزە و شۆفێرەکەی کوژراون و دو کەسی دیکەش دیکەش بریندار بون. لە (20/11/2022) تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی چنگ-شمشێر لە دژی رۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردوە و دەیان کەس بەهۆی هێرشەکانی ئەو وڵاتەوە کوژراوە.

هاوڵاتی داواکاری گشتی ئێران ئاشکرای کرد کارەکانی پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە راگیراوە و کۆتایی بە ئەرکەکانی هێنراوە. محەمەدجەعفەر مونەتەزری، سەرۆکی داواکاری گشتی ئێران رایگەیاند؛ پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە هیچ کاتێک پەیوەندیی بە دەزگای دادەوە نەبوە و ئەو شوێنەی دایمەزراندوە ، کۆتایشی بە کارەکانی هێناوە. پۆلیسی ئەخلاقی ئێران لە ساڵی 2006 لە ئێران دامەزروە و بە وتەی بەرپرسانی ئەو دامەزراوەیە، ساڵانە زیاتر لە 30 هەزار کەسیان بە تۆمەتی نەگونجابونی جلوبەرگ یان هەڵسوکەوت دەستگیر کردوە. لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ پۆلیسی ئەخلاق لە شاری تاران ژینا ئەمینی بە تۆمەتی نەگونجاوبونی جلوبەرگەکەی دەستبەسەر کرد و ئەو روداوەش بوە هۆی گیانلەدەستدانی و نزیکەی 80 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی مەرگی ژینا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە. لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان کە لە ئەنجامی مەرگی ژینا ئەمینی بەهۆی پۆلیسی ئەخلاق لە ئێران رویدا لانیکەم لە رۆژهەڵاتی کوردستان 114 کەس و لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە 469 کەس کوژران.

سەربازگەی سوپای تورکیا لە ناوچەی زیلکانی سەر بە موسڵ موشەکباران کرا و لیوای ئەحرار العراق بەرپرسیاری هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت. ئەمشەو سەربازگەی سوپای تورکیا لە ناوچەی زیلکانی باکوری موشەکباران کرا. بەپێی سەرچاوەکان چوار موشەک ئاراستەی سەربازگەکە کراون. هێزەکانی “بەرگریی ئیسلامیی، لیوای ئەحرار ئەلعێراق” بەرپرسیارێتی ‌هێرشەکەی لەئەستۆ گرت. بەرگریی ئیسلامیی، لیوای ئەحرار ئەلعێراق ئاشکرای کرد کە چوار موشەکی ١٢٢ ملیمیان ئاراستەی سەربازگەکەی سوپای تورکیا کردووە و لە ناوەڕاستی سەربازگەکە کەوتوونەتە خوارەوە. بەیاننامەی بەرگریی ئیسلامیی، لیوای ئەحرار ئەلعێراق لەبارەی هێرشەکە.

ئەمساڵ ‌هێزە ئەمنیەکانی تورکیا نزیکەی ٢١٩ هەزار و ٤٩٥ پەنابەریان دەستگیر کردووە و لەو ژمارەیە نزیکەی ١١٠ هەزاری دیپۆرت کردووتەوە. بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا رایگەیاند، ئەمساڵ بە گشتی ١٠٩ هەزار و ٨١٦ کۆچبەر دیپۆرت کراونەتەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە لەچاو ساڵەکانی رابردوودا، دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران چەندین جار زیادی کردووە. ئاماژەشی بەوەکرد کە لە ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١دا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و راگرتنی گەشت و کەرەنتینە، رێژەی پەنابەران لە تورکیا زۆر کەمی کردبوو و هەردوو ساڵەکە بە تەنها ١٢٢ هەزار پەنابەر لە تورکیا دەستگیرکراون. وتیش، بەڵام ئەمساڵ هێزە ئەمنیەکان نزیکەی ٢١٩ هەزار و ٤٩٥ پەنابەریان دەستگیر کردووە و لەو ژمارەیە بە گشتی ١٠٩ هەزار و ٨١٦ کۆچبەر دیپۆرت کراونەتەوە. بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا دەشڵێت، لەو ژمارەیە ٦١ هەزار و ٦١٧ هاوڵاتی ئەفغانی و ١٢ هەزار و ٩١٤ هاوڵاتی پاکستانی بۆ وڵاتەکانیان دیپۆرتکراونەتەوە. تورکیا بەهۆی پێگەی جیۆپۆلیتیکی وەک پردێکی سەرەکی کۆچی نایاسایی لە وڵاتانی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا دادەنرێت. لە ساڵانی رابردوودا، حکومەتی تورکیا زۆر جار پرسی پەنابەرانی وەک کارتێکی فشار لەدژی وڵاتانی رۆژئاوا بەکارهێناوە و بە تایبەتی لە ساڵەکانی ٢٠١٤، ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا، حکومەتی تورکیا رێگەی پەنابەرانی بۆ وڵاتانی ئەوروپا کردەوە و بە دەیان هەزار کەس خۆیان گەیاندە ئەوروپا. بەڵام ئێستا بەهۆی ژمارەیەک رێککەوتنی نێوان تورکیا و ئەوروپا، رێگە بە پەڕێنەوەی پەنابەران نادرێت.

هاوشێوەی زیاتر لە 70 رۆژی رابردو لە زۆربەی زانکۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران مانگرتن و گردبونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو و داواکرا لە رۆژی خوێندکار (7/12/2022) خوێندکارانی زانکۆکان بەشداریی مانگرتنی سەرتاسەریی بکەن هاوکات لە ژمارەیەک پایتخەتی وڵاتانی ئەوروپا رێپێوانی بەرفراوان بۆ پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان و دژایەتی دەسەڵاتی ئێران بەڕیوەچو. ژمارەیەک لە کچە خوێندکارانی شاری سنە ئەمڕۆ وەک 78ەمین رۆژی ناڕەزایەتییەکان رژانە سەر شەقامەکان و دروشمیان بۆ ئازادای وتەوە. دادگای تاران سزای سێدارەی بەسەر کەسێکی دیکە بە ناوی سەهەند نورمحەمدزادە-دا سەپاند کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا دەستگیر کرابو. بۆ یەکەمجار ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران دانی نا بە کوژرانی 200 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە کاتێکدا ناو و ناسنامەی 469 کوژراوی ئەو ناڕەزایەتییانە لە لایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە پشتڕاست کراوەتەوە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان ناوی ژمارەیەک خوێندکاریان بڵاو کردوەتەوە کە لە دێولان و کرماشان و سنە و سەقز و ورمێ دەستگیرکراون و چارەنوسیان نادیارە. هاوکات ئەو رێکخراونە ئاشکرایان کردوە تا ئێستا هەڵمەتی هەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و دەیان کەسی دیکە رۆژی شەممە لەو بەشە لە کوردستان دەستگیرکراون. لە شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەسوکاری دەستگیرکراوان چونە بەردەم دادگای شارەکە و هێزە ئەمنییەکانیش هێرشیان کردە سەر کەسوکاری دەستگیرکراوەکان. رۆژی شەممە لە زانکۆی خارەزمی تاران داوای دەستلەکارکێشانەوەی راگری زانکۆکە کرا و لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەردەوامبو و داوای ئازادکردنی بەهرۆز چەمەن ئارا، مامۆستای ئەو زانکۆیە کرا. میترا حەججار، یەکیک لە خانمە ئەکتەرە ناودارەکانی ئێران دوای پێنج کاتژمێر دەستبەسەربون بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و پارێزەرەکەشی رایگەیاندوە هۆکاری دەستگیرکردنەکە رون نییە ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی رابردودا زۆربەی ئەو هونەرمەند و ئەکتەرە ناودارانەی کە پشتیوانیان بۆ ناڕەزایەتییەکان دەربڕیوە دەستبەسەرکراون و تەنها ژمارەیەکیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.     ژمارەیەکی لە دانیشتوانی کورد و چالاکوانانی ئێران لە وڵاتی سوید لە شاری گۆتنبرێگ رێپێوان و گردبەونەوەیان بۆ پشتیوانیی ناڕەزایەتییەکانی دژی دەسەڵاتی ئێران دەربڕی. هاوکات لە شاری ئۆکلاند لە نیوزلەندا بە هەمان شێوەی گۆتنبرێک ناڕەزایەتیی بەڕیوچو. لە شاری مێلبۆرن لە وڵاتی ئۆسترالیا چالاکی و گردبونەوەی ناڕەزایەتیی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچو. چالاکوانانی ئێران  و دانیشتوانی کورد لە شاری فرانکفۆرت لە وڵاتی ئەڵمانیا گردبونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و پشتیوانیی خۆیان بۆ ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دوپات کردەوە. لە ئیتاڵیا هاوشێوەی وڵاتانی دیکە گردبونەوەی ناڕەزایەتیی لە شاری رۆما-ی پایتەختی وڵاتەکە بەڕێوەچو. لە شاری ئیستانبوڵ لە تورکیا دانیشتوانی کورد و پەنابەرانی ئێران گردبونەوەی ناڕەزایەتییان وەک هاوپشتی بۆ خۆپیشاندەرانی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕی و دروشمیان دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران وتەوە. لە وڵاتی بەلژیک و لە شاری برۆکسێل  و لە شاری ڤیەننا-ی نەمسا و لە شاری لەندەن لە بەریتانیا خۆپیشاندان و گردبونەوەی بەرفراوان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوچو.

هاوڵاتی لە شاری پونتا دێل ئێستێی ئۆرۆگوای بە بەشداریی نزیکەی 2000 شارەزا و چالاکڤانی ژینگە لە 160 وڵاتی جیاوازەوە کۆنفرانسی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی پلاستیک لە جیهان بەڕێوەدەچێت.  ئیگنەر ئاندرسن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "پێویستە بەرهەمێکی نوێ دروستبکەین کە بتوانێت تەواوی کێشەی پلاستیکمان بۆ چارەسەر بکات و دڵنیاش بینەوە لەوەی هەموو وڵاتێک هاوئاهەنگە لەگەڵمان. کاری زۆر ماوە بیکەین. پێویستە هەموو ئەو بەرهەمە پلاستیکیانەی پێویست نین وەلایان بنێین."  یەکێک لەو مژارە سەرەکییانەی لە کۆبوونەوەکەدا باسکرا، زیادکردنی گوژمەی ریسایکلکردنەوەی پلاستیک بوو کە ئێستا تەنیا 9%ی تەواوی پلاستیکی جیهان ریسایکل دەکرێتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەوێت تاوەکو ساڵی 2060 ئەو رێژەیە بۆ 17% بەرزبکاتەوە. 40%ی ئەو پلاستیکەی بەرهەمدەهێندرێت پلاستیکی یەکجار بەکارهێنراوە کە بە قەبارەی مایکرۆپلاستیک بەسەر زەویدا بڵاوبوونەتەوە. زانایانیش کە توێژینەوەیان لەوبارەیەوە کردووە، زانیاری شۆکهێنەر دەخەنەڕوو.  لوسی ووداڵ، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت، "توێژینەوەکەمان ئەوەی پیشاندا کە لە هەر جێگەیەک بە شوێن مایکرۆپلاستیکدا گەڕابین، دۆزیومانەتەوە. مایکرۆپلاستیکمان لە جەمسەری باکوور دۆزیوەتەوە کە لە شوێنی ژیانی ئێمەوە دوورە. بەڕاستی ئەمە پەیامێکی گرنگە بۆ هەموومان کە دەبێت بەیەکەوە کار بۆ کەمکردنەوەی ئەم پاشماوەیە بکەین."  بەگوێرەی دوایین توێژینەوەی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ ساڵانە 460 ملیۆن تۆن پلاستیک لە جیهاندا بەرهەم دەهێندرێت. ئەگەر رێگەی لێنەگیرێت، لە 2060دا ئەو بڕە دەگاتە 1.2 ملیۆن تۆن، واتە سێ بەرامبەر دەبێت. ساڵانە 44 ملیۆن تۆن پلاستیک بە قەبارەی مایکرۆ دەچێتە نێو زەوییەوە و 14 ملیۆن تۆن دەچێتە نێو دەریا و زەریاکانەوە؛ 22%ی تەواوی گازی زیانبەخشی جیهانیش بەهۆی سووتاندنی پلاستیکەوە دەچێتە بەرگەهەوا.  نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە 38 وڵاتی گەورە بەرهەمهێنی پلاستیک کردووە، تاوەکو 2060، 20%ی بەرهەمهێنانی ئەو مادەیە کەمبکەنەوە، بەو جۆرەش پاشماوەی پلاستیک لە جیهاندا بە رێژەی 33% لە جیهاندا کەمدەبێتەوە و تێکەڵبوونیشی لەگەڵ سرووشتدا لە سفر نزیکدەبێتەوە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرە لە وەزارەتی دارایی دەڵێت: "حکومەت بە هیچ شێوەیەک باجی لەسەر هاووڵاتییان زیاد نەکردووە و ئەوەی ئێمە کردوومانە تەنیا جێبەجێکردنی یاسای باجە" و لەبارەی داهاتی باجی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "ئەو پارەیەی لە باج کۆکراوەتەوە 80% لە کۆمپانیاکان وەرگیراوە؛ لەو رێژەیەش 95%ی لە 250 کۆمپانیای گەورە وەرگیراوە، ده‌شڵێت  داهاتی باج له‌پارێزگای سلێمانی نزیکەی له‌ 40% زیادیکردووە, رۆژی شەممە 03-12-2022، د. کەمال وەرتێ، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرە لە وەزارەتی دارایی به‌ که‌ناڵی ڕووداوی رایگەیاند: "لەم کابینەیەی حکومەتدا باجمان رێکخستووەتەوە و هەوڵمانداوە یاسا و رێنماییەکانی تایبەت بە باج جێبەجێ بکەین. ئەو باجەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت هەمان ئەو باجەیە کە ساڵانی رابردوو وەرگیراوە و بەهیچ شێوەیەک زیادی نەکردووە."  د. کەمال وەرتێ گوتی: "باجی خانووبەرە بەپێی یاسا 9%ـە و لای ئێمە زیادنەکراوە. یاساکەش یاسای ساڵی شەستەکانە و باجی داهاتیش یاساکەی ساڵی 1982 پەسندکراوە و تا ئێستا زیادنەکراوە. ئێمە رێگری لە خۆدزینەوە لە باج دەکەین و رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرینەبەر کە دەیانەوێ خۆیان لە باج بدزنەوە."  بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرە لە وەزارەتی دارایی دەڵێت: "سەدان کۆمپانیا بەهۆی خۆدزینەوە لە باج دراونەتە دادگە و زیاتر لە دوو هەزار کۆمپانیاش سزای پێبژاردنی داراییان بەسەردا سەپێندراوە. لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە دوو هەزار کەس دراونەتە دادگە بەهۆی ئەوەی خۆیان لە باج دزیوەتەوە کە زۆربەیان کۆمپانیاکانن."  بە گوتەی د. کەمال وەرتێ، 20% داهاتی باجی هەرێمی کوردستان لە دووکاندار و کاسبکاران وەرگیراوە و دەشڵێت: "ئەو داهاتەی لە باج کۆکراوەتەوە، 80%ی باجی کۆمپانیاکانە و 95%ی ئەو پارەیەش لە 250 کۆمپانیای گەورە وەرگیراوە، واتا زۆربەی هەرە زۆری داهاتی باج لە هەرێمی کوردستان لە کۆمپانیا گەورەکان وەردەگیرێت."  بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرە لە وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات کە: "سەرۆکوەزیران فەرمانی کردووە کۆمپانیا گەورەکان موڵکی هەرکەسێک بن نابێت لە وەرگرتنی باج چاوپۆشییان لێبکرێت، بۆیە هیچ کۆمپانیایەک لە هەرێمی کوردستان نییە کە بەپێی یاسا باجی لەسەر دانرابێت و باجی لێ وەرنەگیرابێت."  لەبارەی کۆکردنەوەی باج لە پارێزگای سلێمانی، د. کەمال وەرتێ رایگەیاند: "کۆکردنەوەی باج لە پارێزگای سلێمانی تا ئاستێکی باش رێکخراوەتەوە و لە مانگی تشرینی دووەم داهاتی باج لەو پارێزگایە نزیکەی 40% زیادیکردووە."  بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرە لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، لە وەگرتنی باج لە کاسبکاران و دووکانداران، داهات و باری خێزانی رەچاو دەکەن و دەشڵێت: "لە بەڕێوەبەرایەتیی باج و دەرامەتی یەکی هەولێر 50 هەزار کەس سەردانیان کردووە و لەو ژمارەیە 20 هەزار کەس باج نەیگرتووەتەوە، لەبەرئەوەی قازانجیان لەو ئاستەدا نەبووە کە باجیان لێ وەربگیرێت."  سەبارەت بە باجی هاوردەکردنی جگەرە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرە لە وەزارەتی دارایی گوتی: "جگەرە بەپێی پێناسی گومرگی باجی لەسەر زیادکراوە و لەکاتی هاوردەکردنی 50%ی پارەکەی بە قازانج هەژمار دەکرێت و لەو رێژەیەش 15%ی وەک باج وەردەگیرێت. ئێستا ئێمە پێشنیازمان کردووە رێژەی باجەکە زیاتر بکرێت و چاوەڕوانین وەڵاممان بدرێتەوە." 

هاوڵاتی له‌لێدوانێکی ڕۆژنامه‌نوسیدا به‌رپرسێک له‌ دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاندووه‌، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی و بردنی سامانی گشتی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ٧ ھەزار و ٧٣٩ تۆمەتبار کراوە کە ٣٩یان وەزیرن.   عەلی محەمەد بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکرایکرد، لە چوارچێوەی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە و  لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران، دەستەکەیان توانیویەتی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لەسەر نۆ ھەزار و ٥٥٧ تۆمەت، لێکۆڵینەوە لەگەڵ حەوت ھەزار و ٧٣٩ تۆمەتبار بکات کە لە نێویاندا ٣٩ وەزیر ھەیە.  ھاوکات ٥٠ فەرمانی دادوەری بۆ ٤٧ دۆسیەی تاوانکاری دەرچووە. رونیشیکردەوە، لە ٣٧١ دۆسیەی تاوانکاری ٤٠٣ فەرمان بۆ ٢٤١ تاوانباری خاوەن پلەی تایبەت و دوو بەڕێوەبەری گشتی و پلەداری تر  دەرچووە و پێداچوونەوەش کراوە بۆ ٣٤ ھەزار و ٢٠٩ ھەواڵ و ئاگادارینامەی دادوەری.

هاوڵاتی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا هەپەگە ڕایگەیاند، لە چالاکییەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی گەریلاکاندا دوو سەربازی تورکی داگیرکەر کوژراون. هاوکات شەهیدبوونی گەریلایەکیشی ڕاگەیاند، کە لە چالاکییەکەی ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمدا شەهیدبوو. ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیەندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی چالاکییەکانی ٢٤ کاتژمێر ڕابردووی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بڵاوکردەوە، کە لە ناوچەی زاپی باشووری کوردستان ئەنجامیانداوە. هەپەگە ڕایگەیاندووە، لەو چالاکییانەدا دوو سەربازی تورکی داگیرکەر سزادراون. هاوکات سوپای تورکی داگیرکەر حەوت جار بە فڕۆکەی جەنگیی و ٢٢ جار بە هێلیکۆپتەر و دەیان جاریش بە تۆپ و هاوەن، بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچەکانی بەرخۆدانی کردووە. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، هەپەگە شەهیدبوونی گەریلایەکی بەناوی مەدیا ئۆزگور ڕاگەیاند، کە لە ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕییەکەی ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم لە گردی جودی دژی سوپای تورک شەهیدببوو، کە تێیدا ١٩ سەربازی تورکی داگیرکەر کوژرابوون. هەپەگە دەڵێت:”هاوڕێمان مەدیا کە بەشێوەیەکی فیداییانە بەشداری ئەو چالاکییە بوو و شەهیدبوو، میراسێکی گەورەی تێکۆشانی لەدوای خۆی بەجێهێشت، بووە میلیتانێکی خۆشەویستی پەکەکە، هەڤاڵ مەدیا بۆ هەمیشە ڕێگای تێکۆشانی ئێمە ڕووناک دەکاتەوە”. هەپەگە ناسنامەی شەهید میدیا ئوزگوری بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە؛ ناسناو: میدیا ئوزگور ناوی دووانی: حەوا ئالکان شوێنی لەدایکبوون: ئامەد ناوی دایک و باوک: ئانبەر، ڕەگیپ کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٠-١١-٢٠٢٢ / زاپ هەپەگە بەبۆنەی شەهیدبوونی ئەو گەریلایەوە، سەرەخۆشیی ئاڕاستەی گەلی کوردستان و خانەوادەی شەهید میدیا ئوزگور دەکات و بەڵێنی درێژەدان بە ڕێبازەکەی دەدات.

هاوڵاتی میدیاکانی ئێران بڵاویانکرده‌وه‌ که‌ ئه‌و وڵاته‌ دەستی بە دروستکردنی وێستگەیەکی نوێی وزەی ئەتۆم بەتوانای ٣٠٠ مێگاوات لە پاریزگای خوزستانی باشووری رۆژئاوای وڵاتەکەکردووه‌. بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی فەرمی ئێران، لە میانی رێوڕەسمێکدا و بە بەشداریی جێگری سەرکۆمار و سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران، محەمەد ئیسلامی، بەردی بناغەی وێستگەی ئەتۆمی "قارون" لە ناوچەی دارخۆڤین سەر بە پارێزگای خوزستان، داندرا. توانای ئەم وێستگە ئەتۆمییە ٣٠٠ مێگاواتە و لە رێی سیستمی فشاری ئاوەوە کار دەکات، بەگوێرەی پلانی حکوومەتی تاران ماوەی دروستکردنی وێستگەکە هەشت ساڵ دەخایەنێت و تێچووەکەی دوو ملیار دۆلارە. لە هەواڵەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەو یۆرانیۆمە پیتێندراوەی وێستگەکە کاری پێدەکات لە سەدا چواری یۆرانیۆمی خامە.

تیدرۆس ئادهانۆم گیبریسوس سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، لەسەدا ٩٠ی دانیشتوانی جیهان ئاستێکی دیاریکراوی بەرگریان بەرامبەر کۆڤید-١٩ بەدەستهێناوە، بەڵام ئەگەری سەرهەڵدانی جۆری دیکەی ڤایرۆسەکە هەیە. لە راگەیەندراوێکدا، تیدرۆس ئاماژەی بەوەدا کە ئاستی بەرزی بەرگری لەبەرامبەر ڤایرۆسی کۆڤید١٩، دەتوانێت ببێتە هۆی دەرکەوتنی جۆرێکی نوێی پەتاکە و جێگەی جۆری ئۆمیکرۆن بگرێتەوە کە لە ئێستادا لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە. تێدرۆس وتی: بەگوێرەی لێکۆلینەوەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەسەدا ٩٠ی دانیشتوانی جیهان لە رێگەی تووشبوونەکانی پێشوو یان ڤاکسینەوە، تا رادەیەک ئاستی بەرگریان لەمەرامبەر ڤایرۆسەکە بەدەست هێناوە و وتی: دەتوانین بڵێین لە کۆتایی قۆناغی نائاسایی پەتاکە نزیکتر بووینەتەوە." تێدرۆس دەڵێت: "کەلێنەکانی بەدواداچوون، تاقیکردنەوە، ڕێکخستن و کوتان، ئەگەری بەهێز بۆ سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسەکە دروست دەکات کە دەتوانێت ببێتە هۆی مردنی بەشێکی زۆر لە مرۆڤەکان." سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە بیریهێنانەوەی کە هەفتەی رابردوو هەشت هەزار و ٥٠٠ کەس لە سەرانسەری جیهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ گیانیان لەدەستداوە و وتی، " لەکاتێکدا کە ئامرازی زۆرمان هەیە بۆ رێگریکردن لە تووشبوون و رزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان، شتێکی قبوڵکراو نییە دوای سێ ساڵ لە پەتاکە، بەم ئەندازەیە مرۆڤ لە جیهاندا گیانیان لەدەست بدەن". لە جیهاندا نزیکەی ٦٤٠ ملیۆن حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون و زیاتر لە شەش ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. زۆر رێکخراو دەڵێن، رەنگە ئەم ئامارەکان لە خەمڵاندنەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر بن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەندێک وڵات وەک پێویست لە ئاشکراکردنی ئامارەکاندا شەفاف نین. لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ لیژنه‌ی ته‌ندروستیی نیشتمانی چین له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماری نوێی تووشبووانی كۆرۆنای بڵاوكرده‌وه‌ و به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، ٣٣ هه‌زار و ٧٣ حاڵه‌تی نوێی كۆرۆنا له‌و وڵاته‌ تۆماركراون، سێ هه‌زار و ٩٨٨ له‌و حاڵه‌ته‌ نوێیانه‌، نیشانه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێدا ده‌ركه‌وتووه‌ و ٢٩ هه‌زار و ٨٥ حاڵه‌تی دیكه‌ش نیشانه‌كانیان تێدا ده‌رنه‌كه‌وتوون.

هاوڵاتی تۆڕی هاوبەشی رێکخراوەکان له‌باره‌ی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەى مادەى 18ی یاسای هەموارى جێبەجێکردنى یاساى بارى کەسێتى، كه‌ تیایدا هاتوه‌، "ئەگەر مێرد ژنێکى دیکەى هێنا، ژنى یەکەمى مافى جیابونەوەى دەبێت"، ده‌ڵێت، "دژی ناحه‌قی و نادادپه‌روه‌رین، ئێمه‌ كۆشش و خه‌باتی خۆمان به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێ نه‌كرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك". تۆڕی هاوبەشی رێکخراوەکان لەساڵڕۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ به‌یاننامه‌یه‌كیان خوێنده‌وه‌ كه‌ تیایدا  له‌باره‌ی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەى مادەى 18ی یاسای هەموارى جێبەجێکردنى یاساى بارى کەسێتى،  هاتوه‌، "ئەگەر مێرد ژنێکى دیکەى هێنا، ژنى یەکەمى مافى جیابونەوەى دەبێت"، تۆڕی هاوبەشی رێکخراوەکان ده‌ڵێت، "ئێمه‌ یه‌كین له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ خوشكه‌كانمان له‌ وڵاتان و دژی ناحه‌قی و نادادپه‌روه‌رین، ئێمه‌ كۆشش و خه‌باتی خۆمان به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێ نه‌كرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك". تۆڕی هاوبەشی رێکخراوەکان ڕایانگەیاند "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆمان به‌ به‌شێك ده‌زانین له‌ بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كورد و هاوخه‌بات و تێكۆشانی براكانمان بوین له‌ هه‌مو خه‌بات و قۆناغه‌ سه‌خته‌كاندا كه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان پیادا تێپه‌ڕبوه‌ و به‌شداربوین له‌ هه‌مو گۆڕانكاریه‌ سیاسی و ئابوریه‌كان بۆ به‌دیهێنانی ئازادی و دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، ده‌بینین ئێستا پێشێلكاری به‌رچاو هه‌یه‌ له‌ مافه‌كانی ژنان به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك كه‌ سه‌رجه‌م بابه‌ته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كان ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌". وتیشیان، "ئه‌مڕۆ تراژیدیای تیرۆركردنی كچان و ژنان یان ناچاركردنیان به‌ خۆكوشتن به‌رده‌وامه‌ و رۆژ به‌ رۆژ له‌ هه‌ڵكشاندایه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه‌ نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر مافی ژنان وه‌كو مرۆڤ به‌ڵكو له‌سه‌ر سامانه‌ مرۆییه‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان و ئاسایش و ئارامی كۆمه‌ڵگه‌."  

هاوڵاتی لیژنه‌ی ته‌ندروستیی نیشتمانی چین له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماری نوێی تووشبووانی كۆرۆنای بڵاوكرده‌وه‌ و به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، 33 هه‌زار و 73 حاڵه‌تی نوێی كۆرۆنا له‌و وڵاته‌ تۆماركراون . ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 3ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، لیژنه‌ی ته‌ندروستیی نیشتمانی چین له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماری نوێی تووشبووانی كۆرۆنای بڵاوكرده‌وه‌ و به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، 33 هه‌زار و 73 حاڵه‌تی نوێی كۆرۆنا له‌و وڵاته‌ تۆماركراون، سێ هه‌زار و 988 له‌و حاڵه‌ته‌ نوێیانه‌، نیشانه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێدا ده‌ركه‌وتووه‌ و 29 هه‌زار و 85 حاڵه‌تی دیكه‌ش نیشانه‌كانیان تێدا ده‌رنه‌كه‌وتوون. تۆماركردنی ئه‌م حاڵه‌ته‌ نوێیانه‌ له‌ كاتێكدایه‌، حكومه‌تی چین رێكاره‌كانی تایبه‌ت به‌خۆپاراستن له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ چه‌ند شارێكی گه‌وره‌ی ئه‌و وڵاته‌ كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ش ئه‌و رێكارانه‌ی تایبه‌تن به‌ ئه‌نجامدانی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ماوه‌ی كه‌ره‌نتینه‌كردن. هه‌روه‌ها چاوه‌ڕێده‌كرێت، له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی داهاتوودا رێكاره‌كان كه‌متربكرێنه‌وه‌. کەمکردنەوەی ڕێکارەکانیش بۆ ئەو خۆپیشاندانانە دەگەڕێتەوە کە ناوچەکەی گرتۆتەوە ، خۆپیشاندانەکان لەو وڵاتە دەستیانپێکرد دوای ئەوەی ئاگر لە ئەپارتمانێکی بەرز لە شاری ئورومقی ڕۆژئاوای چین کەوتەوە  تیایدا 10 کەس گیانیان لەدەستدا  زۆربەی چینیەکان باوەڕیان وایە کە ڕێوشوێنەکان سنووردارکردنی کۆڤید بووەتە ھۆی ئەوەی خەڵکی نەتوانن لە ئەپارتمانەکە بێنە خوارەوەو لە ئەنجامدا گیانیان لەدەست داوە ، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە نکۆڵی لەوە دەکەن. جێگەیباسە رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 20ـی تشرینی دووه‌می 2022، دوای شه‌ش مانگ یه‌كه‌م حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ چین تۆماركرا.  

هاوڵاتی ٢١مین کۆنگرەی، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە دووەم ڕۆژیدا بەردەوامە و بەیاننامەیەک سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا و ئێران لەسەر گەلی کورد و گۆشەگیریی سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە لە ئەنجومەنی گشتی کەنەکەدا بە کۆی دەنگ پەسەند کرا. نوێنەری دەیان حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستانی، کەسایەتی سەربەخۆ و ئەندامانی کەنەکە، لە چوارچێوەی ٢١مین کۆنگرەی کەنەکەدا لە شاری ڤێنلوی هۆڵەندا کۆبوونەوە و کۆبونەوەکە لە دووەمین رۆژدا بەردەوامە. لە دووەم رۆژی کۆنگرەکەدا راگەیەندراوێکی هاوبەشی حزبە کوردستانی و رێکخراوە کوردستانیەکان لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتانی ئێران و تورکیا و گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە و بە تایبەتی دۆخی رۆژئاوای کوردستان بڵاوکرایەوە. بەشێک لە راگەیەندراوی کەنەکە لەبارەی دۆخی کورد لە ناوچەکە و مەترسیەکانی سەر کوردستان بەم شێوەیەیە: "دەوڵەتی تورکیا بە دەستی چەکدارە تاریکەکانی، بۆمبێکی لە ئەستەنبوڵ تەقاندەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی پلانی هێرشکردنە سەر  رۆژئاوای کوردستان و لە ئەنجامدا چەندین کەسی بێتاوان گیانیان لەدەستدا. هەموو جیهان زۆر باش دەزانێت کە تەقینەوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە هێزەکانی کوردستانەوە نییە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا، لە یەکەم ساتەوەختەوە، خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریای تاوانبار کرد و هێرشەکانی دەست پێکرد. دەوڵەتی تورکیا بە جەرابلوس، عەزاز، عەفرین، گرێ سپی، سەرێکانی رازی نەبووە، ئێستا دەیەوێت کۆبانێ و هەموو ناوچەکانی دیکە داگیر بکات. دەوڵەتی تورکیا کە ماوەی دوو هەفتەیە لە ئاسمان و زەویەوە گەلانی کوردستان بۆردومان دەکات، چاوی بڕیوەتە تەواوی رۆژئاوای کوردستان. دەوڵەتی تورکیا لە ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغان و بەرەی فاشیستی/رەگەزپەرستی ئاکەپە-مەهەپە، سیاسەتێکی سەربازی و داگیرکەری لە ناوەوە و دەرەوە بەڕێوە دەبات. ئەردۆغان و دارودەستەکەی تورکیایان کردووەتە زیندان. دەوڵەتی تورکیا بەهۆی خەرجی جەنگ و گەندەڵی رووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری گەورە بووەتەوە. چارەسەری کێشەکان لە شەڕدا دەبینن. هەموو راپرسیەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ئەردۆغان و هاوبەشەکانی لە هەڵبژاردنەکاندا دەدۆڕێن، ئەگەر هەڵبژاردن بە شێوەیەکی شەفاف بەڕێوە بچێت. 'سیاسەتەکانی ئێران قبوڵ ناکرێن' رژێمی ئێران لەگەڵ ئەوەی لە قەیرانێکی گەورەی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتیدایە، بەڵام سەرقاڵی ململانێیە. حکومەتی ئێران کە وڵاتی کردووە بە زیندان بۆ هەموو گەلان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و ژنان، بە سەرکوتکردنی گەلان هەوڵی مانەوە دەدات. زوڵم و گۆشەگیری بە تایبەت لە دژی ژنان قورستر بووە. دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، راپەرینی گەلان کە لە هەموو ئێران بە سەرکردایەتی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد، ماوەی دوو مانگ و نیوە بەردەوامە. رژیم بە هەموو دەرفەت و دەسەڵاتیەوە، بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکاتە سەر خۆپیشاندەران و تا ئێستا بە سەدان کەس کوژراون، بە هەزاران کەس بریندار بوون و دەیان هەزار کەسیش دەستگیر کراون. بەڵام دەسەڵات هەرچییەک بکات، ناتوانێت رێگری لە گەلان بکات. ئاشکرایە کە رژێم ناتوانێت بەم شێوەیە درێژە بە هەبوونی خۆی بدات و گۆڕانکاری و شۆڕش لە ئێراندا ئەنجام دەدرێت. 'ئەگەر گۆڕانکاریەکان سەرکەوتووبن، دەرفەتی نوێ و ئەرێنی دەخوڵقێن' نائارامی و قەیرانەکان لە کوردستان و ناوچەکەدا بەردەوامن. جگە لەوەی مەترسی هەیە، ئەگەر کورد سەرکەوتوو بێت، دەرفەتی نوێ و ئەرێنی دەخوڵقێن. ئایندەی عێراق نادیارە و ناسەقامگیری زاڵە. دۆخی سوریا لە ئێستاوە روونە و پێدەچێت بۆ ماوەیەکی زۆر ئاسایی نەبێتەوە. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، ئێران بەرەو گۆڕانکارییەکی نوێ دەڕوات. تورکیاش هەرچەندە خۆی بەهێز دەکات و رووداوەکانی وەک جەنگی روسیا و ئۆکراین لە بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت، بەڵام لە قەیرانێکی قوڵدایە و ئایندەی نادیارە. 'کاردانەوە بەرامبەر بە بێدەنگی ئەوروپا' ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین کە دەوڵەتی تورکیا بە چەکی کیمیایی و چەکی قەدەغەکراو لە دژی هێزەکانی گەریلا ئەنجام دەدات. بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، یەکێتی ئەوروپا، کۆنسەی ئەوروپا و زلهێزەکانی جیهان لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو، جێگەی قبوڵکردن نییە. بە بەکارهێنانی ئەو چەکانە تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت. ئێمە ئەو ڕێکخراو و هێزانە بە بەرپرسیار دەزانین و داوایان لێدەکەین بە زوترین کات ئەرک و بەرپرسیاری خۆیان جێبەجێ بکەن. 'هەڵمەتی ئازادی بۆ ئۆجالان فراوان بکەین' ئێمە ئەو گۆشەگیرییە قورسەی سەر عەبدوڵلا ئۆجالان قبوڵ ناکەین و دەوڵەتی تورکیا ئیدانە دەکەین. بە هەمان شێوە بێدەنگی کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەی سەر بە یەکێتی ئەوروپا (سی پی تی) و کۆنسەی ئەوروپا قبوڵکراو نییە و داوا لەو دامەزراوانە دەکەین، بەرپرسیارێتی خۆیان بە زووترین کات جێبەجێ بکەن. هاوکات پشتیوانی لەو هەڵمەتە دەکەین کە بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجەلان دەستی پێکردووە و داوا لە هەموو کورد و دۆستانی گەلی کوردستان دەکەین بەشداری ئەم هەڵمەتە بکەن."

هاوڵاتی دوای 78 رۆژ ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان دواجار ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەیاننامەیەک رایگەیاند؛ 200 کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون. ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە؛ وڵاتەکە روبەڕوی پلانێکی هاوبەش بوەتەوە و پێشکەوتنی وڵاتەکە دوژمنانی توڕە کردوە و هەر ئەوەش وای کردوە کاری تێکدەرانە لە ناوخۆی وڵاتەکە سەر هەڵ بدات و دوژمنانیش هانی گەنجان و لاوان دەدەن بۆ لاوازکردنی پێگەی وڵاتەکە. بە پێی بەیاننامەکە لە خۆپشاندانەکانی وڵاتەکەدا 200 کوژراوە 51 کەسیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە سوپای پاسداران و پۆلیس بون. بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش لە کاتێکدایە تەنها لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 114 کەس کوژراون و بە گشتی لە سەرتاسەری ئێران ناسنامە و وێنەی زیاتر لە 469 کەس کوژراون.