هاوڵاتی بەرپرسی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگه‌یاند چاوەڕێ دەکرێت هەڵبژاردن بکەوێتە ساڵی ئایندە و تەنها لەسەر ئەوە ماوە لایەنەکان لەسەری بگەنە ڕێککەوتن، ئاماژه‌شی بۆ ئه‌وه‌کرد که پارتی هەمیشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەیە. نیازی حەمە عەزیز بەرپرسی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ، به میدیای حزبه‌که‌ی ڕاگه‌یاندووه: ''پارتی هەمیشە هەڵوێستی وا بووە هەر هەڵبژاردنێک هاتبێتە پێش بڕوای بە خۆی بووە و ئامادە بووە و ئێستاش لە هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ پەرلەمانی کوردستان پارتی دڵگەرمە هەڵبژاردن بکرێت، بۆیە کە ناکرێت پارتی هۆکار نییە، چونکە سەرۆک بارزانییش باسی لەوە کرد سبەی هەڵبژاردن بکرێت، پارتی ئامادەیە''. وتیشی: ''ئێستا کارەکە لەسەر ئاستی بەرزی لایەنەکان ماوە بۆ هەڵبژاردن و کاری هیچ دەزگایەکی هەڵبژاردن نەماوە و ئەوان کاری خۆیان کردووە و ئێمەش کاری خۆمان کردووە و ئێستا لەڕووی سیاسییەوە ماوە، چونکە کاری ئێمە تەکنیکییە و بڕیاری سیاسیی پێویستە کە هەڵبژاردن بکرێت، یاخود نا''. گوتیشی: هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یوئێن بەردەوامە و پارتی هیچ دوودڵ نییە و ئێستاش بڕیارە کۆبوونەوەی دیکەی لووتکە بکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا، بۆیە کۆبوونەوەکە دەکرێت . حەمە عەزیز ڕوونیشی کردەوە: چەند هۆکارێک هەن کە هەڵبژاردن نەکراوە؛ کۆمسیۆن ماوەی بەسەر چووە و یاسایەکە تێبینیی لەسەرە و هەندێک لایەن دەیانەوێت دەستکاری بکرێت و ئێمە وەکوو پارتی لە کۆبوونەوەی لایەنەکان ڕای خۆی داوە، بۆیە هەرکاتێک لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن وادەکە دیاری دەکرێت، بەڵام ئەمساڵ ماوەی کەم ماوە و دەکەوێتە ساڵی داهاتوو، ڕەنگە بەهاری داهاتوو هەڵبژاردن بکرێت، چونکە کۆمسیۆن بە لایەنی کەمی شەش مانگی پێویستە.
هاوڵاتی به‌پێی لێدوانێکی وه‌زیری کۆچی حکومه‌تی یۆنان لە سەرەتای ئەمساڵەوە رێگریان كردوە زیاتر 150 هەزار كۆچبەری نایاسایی سنورە دەریایی و وشكانییەكانیان ببەزێنن. نوتیس میتاراخی وەزیری كۆچی حكومەتی یۆنان رایگەیاندوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا توانیویانە رێگری بكەن لە چونە ناوەوەی 154 هەزارو 102 كۆچبەری نایاسایی بۆ وڵاتەكەیان و چاودێریكردنی سنورەكانیان یەكێكە لە كارە لەپێشینەكانی حكومەتی یۆنان. حكومەتی یۆنان مانگی رابردوو رایگەیاند، دیواری سنوریی كە بڕیاری لێدراوە لەنێوان یۆنان و توركیا بە درێژایی 40 كلیۆمەتر دروستبكرێت، درێژیانكردۆتەوە بۆ 80 كیلۆمەتر، هەروەها كامێرای چاودێریان داناوە بۆئەوەی كۆنتۆڵی سنورەكەیان بكەن و ئەمەش پێویستی بەوە كردوە كە 250 پاسەوانی تر بۆ سنورەكانیان زیاد بكەن. جێگای ئاماژه‌یه ساڵانه به‌سه‌دان هه‌زار که‌س له‌ڕێگای وشکانی و ده‌ریاییه‌وه له‌ڕێگای یۆنان و وڵاتانی دیکه‌ی سنوری تورکیاوه ده‌ڕۆنه ئه‌وروپا.
هاوڵاتی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا هەپەگە ڕایگەیاند، لە ١٨ چالاکیی تیمەکانی گەریلادا ٢١ سەربازی سوپای تورکیا کوژراون و هێلیکۆپتەرێک و سەنگەرێکی سوپای تورکیاش تێکشکێندراون. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە: گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە ڕۆژانی یەک تا سێی ئەم مانگە، ١٨ چالاکییان دژی سوپای تورکی داگیرکەر لە ناوچەکانی زاپ و خواکوکی باشووری کوردستان ئەنجامداوە. ئەوەشی خستووەتەڕوو: کە لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەدا ٢١ سەربازی تورک کوژراون و هێلیکۆپتەرێکی سکۆرسکیی و سەنگەرێکیش تێکشکێندراون. ڕاشیگەیاندووە: کە سوپای تورک ١٠ جار بە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکیی و چەکی کیمیایی، ٩٨ جار بە هێلیکۆپتەر و ١٩ جار بە فڕۆکەی جەنگیی و دەیان جاریش بۆ تۆپ و هاوەن، ناوچەکانی بەرخۆدانی بۆردوومان و تۆپباران کردووە.
هاوڵاتی دادگای فیدڕاڵی عێراق بڵاویکرده‌وه سکاڵایەک بۆ تانەدان لەبارەی پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمارکرا. له‌وباره‌یه‌وه دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوی کردەوە کە سکاڵایەک بۆ تانەدان لەبارەی پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە دادگای باڵای فیدراڵیی تۆمارکراوە. راشیگەیاندووە کە یەکەم دانیشتنی تایبەت بە سکاڵاکە لە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ ئەنجام دەدرێت. لە ١٢ی حوەزیرانی ٢٠٢٢ ئەندامانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر داوای سەرکردەی رەوتەکەیان، موقتەدا سەدر دەستلەکارکێشانەوەکەیان پێشکەش کرد و دواتر لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی-یەوە پەسەند کرا.
هاوڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات کە بەهۆی هێرشی درۆنەکانی تورکیاوە زیانى زۆریان بەرکەوتووە، ئێستا لە جووڵەکانیاندا کەڵک لە پشتیوانیی ئەمنیی هاوپەیمانان و ڕووسیا دەگرن. بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تورکیا کە بەهۆی دژایەتیی نێودەوڵەتییەوە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوانی زەمینی لە دژی هێزە کوردییەکانی سووریا بێ هیوا بووە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هێرشەکانی لە ڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆ سەر هێزە کوردییەکانی سووریا زیاد کردووە. لەم هێرشانەدا ژمارەیەک لە فەرماندەکانی ئەم هێزە گیانیان لەدەست داوە، لەوان جێنشینی مەزلوم کۆبانی، فەرماندەی کوردی هێزەکانی سووریای دیموکرات. بەرپرسانی باڵای ئەم هێزە دڵنیان لەوەی کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە لە ئێستادا تورکیا ناتوانێت ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوان لە دژی کوردەکانی سووریا ئەنجام بدات، تەرکیز لەسەر هێرش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکات. فەرماندەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە گۆڤاری سیریا دیرێکت-ی وتووە لە ئێستادا هێزەکانی هەسەدە هەوڵی تەکتیکی و ئەمنییان بۆ خۆپاراستن لە هێرشی درۆنەکانی تورکیا دەست پێکردووە. یەکێک لە هەوڵانەش ئەوەیە کە تا ئەو کاتەی پێویست نەبێت واز لە هاتوچۆی ناپێویست بێنن. بەرپرسێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند، لە ئێستادا هێزەکانی سووریای دیموکرات بەبێ یاوەریی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و هەروەها بەبێ ئاگاداریی هێزەکانی ڕووسیا گەشت ناکەن. جەختیشی کردەوە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات خۆیان لە جووڵەی ناپێویست بەدوور دەگرن. یەکێک له سەرچاوه سەربازییه کوردەکانی سووریا بە ئەم گۆڤارەی وتووه، زۆربەی فەرماندەکانی هەسەدە له بنکە ئەمریکییەکان جێگیر کراون و ئەو بنکانه جێناهێڵن جگه له حاڵەتی بەپەلەدا نەبێت، چوونکه له ئێستادا تەکنەلۆجیا و کەرەستەی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی فڕۆکه بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە بەردەست نییە. مەحموود حەبیب، فەرماندەی لیوای باکووری دیموکرات سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، لە دوای رێککەوتنی نێوان رووسیا و تورکیا و ئەمریکا لە ساڵی 2019وە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر کورد دەستیپێکردووە، بەڵام لە ساڵی رابردووەوە ژمارەی ئەو هێرشانە زیادی کردووە. لای خۆیەوە ئارام حەنا، وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند کە واژۆ کردنی ڕێککەوتنی سەربازیی نێوان کورد و حکوومەتی ناوەندی یەکێکە لە ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا. هێزەکانی سووریای دیموکرات وێڕای ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی، بەکار هێنانی مۆبایل و کەرەستەی ئەلەکترۆنییان لە نێو هێزەکانی خۆیان قەدەغە کردووە چوونکە ئەو ئامێرانە وادەکەن تورکیا بە ئاسانی شوێنی ئەو هێزانە بدۆزێتەوە.
هاوڵاتی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌که‌رتی غه‌زه‌ی فه‌ڵه‌ستین (که له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت) ڕایگه‌یاند ٥ که‌سیان له‌سێداره داوه که (٢) که‌سیان تاوانباربوون به تۆمه‌تی سیخوڕی‌کردن بۆ ئیسرائیل، ئه‌مه له‌کاتێکدایه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی فه‌ڵه‌ستین( که ڕێکخراوی فه‌تح به‌ڕێوه‌ی ده‌بات له‌که‌رتی ڕۆژئاوا) سزای له‌سێداره‌دان جێبه‌جێناکرێت. به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌کی ئه‌و وه‌زاره‌تی ناوخۆیه سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنج که‌س که دوانیان به‌تۆمه‌تی سیخوڕی‌کردن و سێ که‌سی دیکه‌یان به تۆمه‌تی کوشتن تۆمه‌تبارکرابوون له‌سێداره‌دران. به‌پێی یاسای فه‌ڵه‌ستینی ده‌بێت (مه‌حمود عه‌باس)ی سه‌رۆکی فه‌ڵه‌ستین ئیمزای له‌سێداره‌دان بکات، به‌ڵام سه‌رۆکی فه‌ڵه‌ستین له‌غه‌زه ده‌سه‌ڵاتی نییه و حکومه‌تی فه‌ڵه‌ستینیش بڕیاری له‌سێداره‌دان جێبه‌جێناکات. له‌ساڵی ٢٠١٧ه‌وه ئه‌مه یه‌که‌م پرۆسه‌ی له‌سێداره‌دانه که له‌غه‌زه دووباره ده‌ستپێبکاته‌وه‌و پێشتر له‌ساڵی ٢٠٠٧ه‌وه بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس که ده‌ستیگرتووه به‌سه‌ر که‌رتی غه‌زه‌دا ده‌یان بڕیاری له‌سێداره‌دانی ده‌رکردووه‌و تا ئێستا ٢٧ بڕیاری جێبه‌جێکردووه.
هاوڵاتی دوو چالاكوانی مافی هاوڕه‌گه‌زخوازان بڕیاری له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌چوو، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه یه‌كێك له‌و چالاكوانی هاوڕه‌گه‌زخوازانه تۆمه‌تباره به كاری له‌شفرۆشی له‌هه‌ولێر. دادگه‌ی شۆڕشی ورمێ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ دوو چالاكڤانی "مافی هاوڕه‌گه‌زخوازان" ده‌ركرد، كه یه‌كێك له‌وانه به‌ناوی (زارا سدیقی) تۆمه‌تباربوو به بردنی له‌شفرۆش بۆ هه‌ولێر. ده‌زگه‌ی هه‌واڵگریی سوپای پاسدارانی ئێران له 18-7-2022، ده‌ستبه‌سه‌ركردنی زارا سدیقی هه‌مه‌دانی و دوو كه‌سی دیكه‌ی راگه‌یاند. سوپای پاسداران تۆمه‌تی سه‌ركردایه‌تیكردنی باندێكی به‌قاچاخبردنی ژنان و كچانی ئێرانی بۆ هه‌ولێر و هه‌روه‌ها بڵاوه‌پێكردنی هاوڕه‌گه‌زخوازیی دایه پاڵ زارا سدیقی. پێشتر رێكخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاندبوو، زارا سدیقی هه‌مه‌دانی له 27-10-2021 له‌سه‌ر سنووری نێوان ئێران و توركیا ده‌ستبه‌سه‌ركراوه. رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو رایگه‌یاند، دادگه‌ی شۆڕشی ورمێ به تۆمه‌تی "بڵاوكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ناپاكی"، زارا سدیقی هه‌مه‌دانی و ئیلهام چووبدار، چالاكڤانانی "مافی كۆمه‌ڵگه‌ی په‌لكه‌زێڕینه‌ی" به له‌سێداره‌دان سزادا. به‌پێی ماڵپه‌ڕی ته‌سنیم، دوو كه‌سی دیكه هاوكارییان له‌گه‌ڵ زارا كردووه كه ناویان (ع. ف) و (ك)ـه. ئه‌و كه‌سانه نزیكه‌ی هه‌زار ئافره‌تیان له هه‌ولێر "فرۆشتووه." رۆژی 18-7-2022، ماڵپه‌ڕی هه‌واڵیی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران و میدیای فه‌رمی ئێران رایانگه‌یاند: دوای دوو مانگ به‌دواداچوون توانیویانه ئه‌و كه‌سه ده‌ستگیر بكه‌ن كه به‌قاچاخ خه‌ڵكی مه‌به‌ستی له‌شفرۆشیكردن ناردووه‌ته هه‌ولێر و ناوی (ز. م)ه، به‌ڵام به ناوی خوازراوی "سارا" كاری كردووه. زارا سدیقی هه‌مه‌دانی ته‌مه‌نی 31 ساڵه و خه‌ڵكی شاری نه‌غه‌ده‌یه؛ ئیلهام چووبداریش 24 ساڵه و خه‌ڵكی شاری ورمێیه. ئه‌وان له به‌شی ژنانی گرتووخانه‌ی ورمێ راگیراون و بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌یان پێ راگه‌یه‌ندراوه.
هاوڵاتی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 4ی ئه‌یلول، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌شێك له‌كارمه‌ندانی فه‌رمانگه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی كۆبۆوه، له‌كۆبوونه‌وه‌كه فه‌رمانی دا له‌ماوه‌ی رۆژانی داهاتوو 53 پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان بكه‌وێته گه‌ڕ. به‌پێی زانیارییه‌كانی هاوڵاتی، قوباد تاڵه‌بانی ئه‌وه‌شی به به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان وتووه، پێویسته ده‌وامی فه‌رمانگه‌كان جدی ببێته‌وه‌و له‌هیچ كه‌سێك قبوڵناكرێت گه‌نده‌ڵی بكات. ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو: له‌هیچ به‌ڕێوه‌به‌رێك قبوڵ ناكه‌م وه‌به‌رهێنه‌ران راوبنێن بۆ شاره‌كانیترو هه‌روه‌ها قبوڵی ناكه‌م پاره‌و سه‌رانه له وه‌به‌رهێن وه‌ربگیرێت. له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا قوباد تاڵه‌بانی راشیگه‌یاندوه، نابێت ببینه رێگر له‌كاری بازرگانه‌كان و ده‌بێت رۆتین كه‌م بكرێته‌وه، هه‌روه‌ها نابێت كێشه بۆ كه‌رتی تایبه‌ت وه‌به‌رهێنه‌ران دروستبكرێت و پێویسته به‌پێی یاسا مامه‌ڵیان له‌گه‌ڵ بكرێت، نه‌ك به‌پێی مه‌زاج و خزم خزمێنه. به‌پێی زانیارییه‌كانی هاوڵاتی، قوباد تاڵه‌بانی له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وتویه‌تی، له‌و 53 پرۆژه‌یه‌ی له‌به‌رده‌ستی مندایه پێویسته 18 پرۆژه‌یان له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته دا‌و 35 پرۆژه‌كه‌ی دیكه‌ش له‌ماوه‌ی یه‌ك مانگدا بكه‌ونه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌و هه‌روه‌ها ئه‌و پرۆژانه‌شی وه‌ستاون بكه‌ونه‌وه كار.
هاوڵاتی ئە فسەرێكی دژە تیرۆر لە كارمەندێكی ئاسایش دەدات هەڤاڵ رەشید لێپرسراوی بازگەكانی ئاسایشی گەرمیان بە ڕادیۆی دەنگی ڕاگەیاندووە:ئەفسەرێکی دژە تیرۆر بەناوی "گۆران بەرزان" لە سلێمانیەوە گەڕاوەتەوە بۆ كەلار و كارمەندێكیان لە بازگەی بانی خێڵان كە لە ئەركدا بووە نەیناسیوتەوە و پرسیاری لێكردووە. ئەمەش بۆتە هۆی دروستبونی گرژی لە نێوانیاندا و ئەفسەرەكە و پاسەوانەكانی دابەزیون و لە كارمەندەكەی ئاسایشیان داوە. لێپرسراوی بەشی بازگەكانی ئاسایشی گەرمیان وتیشی: تاوەكو ئێستا سكاڵایان تۆمار نەكردووە و چاوەڕێی فەرمانی بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیانن. بەپێی زانیاریەكان، گۆران بەرزان پێشتر بەرپرسی نوسینگەی گەرمیانی دەزگای زانیاری بووە.
هاوڵاتی چین ملیۆنه‌ها هاووڵاتی خۆی كه‌ره‌نتینه كرده‌وه به‌هۆی دووباره بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆڤید-١٩ . میترۆپۆلیسی چین له‌ئێواره‌ی ڕۆژی پێنجشه‌ممه كه‌ره‌نتینه‌یه‌كی فراوانی شاری چێنگدووی ڕاگه‌یاندو 21 ملیۆن هاوڵاتی نیشته‌جێی ئه‌و شاره‌ی كه‌ره‌نتینه كرد. كه‌ره‌نتینه كردنی ئه‌م شاره گه‌وره‌یه له دوای ئه‌وه دێت كه ته‌نها له هه‌فته‌ی رابردوودا ٧٠٠ كه‌یسی توشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كراوه . پارێزگاری شاره‌كه‌ش ڕایگه‌یاندووه: هاوڵاتیان له كاتژمێر ٦ئێواره‌ی ڕۆژی پێنج شه‌مه‌وه پێویسته له ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه‌و هه‌روه‌ها تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كۆمه‌ڵی ڤایرۆسی كۆڤید له ڕۆژانی پێنج شه‌ممه‌وه تا یه‌كشه‌ممه ئه‌نجام ده‌درێت. وتیشی: خێزانه‌كان ده‌توانن یه‌ك كه‌س بنێرنه ده‌ره‌وه بۆ بازاڕكردن له ڕۆژێكدا به مه‌رجێك پشكنینی بۆ كرابێت و ئه‌نجامی پشكنینه‌كه‌ی نێگه‌تیڤ بێت، هه‌روه‌ها ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه یارمه‌تی خێرایان پێویسته، وه‌ك چاودێری پزیشكی پێویسته ڕه‌زامه‌ندی له لیژنه‌یه‌كی دیاریكراو به‌ده‌ستبهێنێت له‌نزیك شوێنی نیشته‌جێ بوونه‌كه‌یانه‌وه. هه‌روه‌ها هه‌موو ناوچه‌كانی كاركردن ڕاگیراون، جگه له سوپه‌رماركێته‌كان، ده‌رمانخانه و نه‌خۆشخانه‌كان، ته‌نانه‌ت نانخواردنی ڕێستۆرانته‌كانیش ڕاگیراوه، ته‌نها ڕێگه به داواكردنی خواردن ده‌درێت. كه‌ره‌نتینه كردنی شاره‌كه ته‌نها چه‌ند كاتژمێرێك پێش جێبه‌جێ كردنی راگه‌یه‌ندراو ئه‌مه‌ش بووه هۆی دروستكردنی ترسێكی زۆر‌و قه‌ره‌باڵغیه‌كی زۆر له بازاڕه‌كاندا.
هاوڵاتی / عه‌مار عه‌زیز زیاتر له‌مانگێكه شه‌پۆلێكی نوێی كۆچی ئێزدییه‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌شنگال و نێو كه‌مپه‌كان ده‌ستیپێكردووه، به‌پێی ئامارێكی رێكخراوێكی دهۆك ته‌نها له‌چوار هه‌فته‌ی رابردوودا 3 هه‌زارو 53 ئێزیدی كۆچیان كردووه، ئه‌مه له‌كاتێكدا له‌پارساڵیش به‌هه‌مان شێوه ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ئێزدییه‌كان كۆچیان كرد بۆ بیلارِوسیاو وڵاتانی تری ئه‌وروپا، تائێستاش نزیكه‌ی 100 هه‌زار ئێزدی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كۆچیان كردووه. عه‌لی عومه‌ر گه‌عبۆ ، جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا بۆ كاروباری ئاواره‌و رێكخراوه‌كان به هاوڵاتی راگه‌یاند: «زیاتر له‌مانگێگه شه‌پۆلێكی نوێی كۆچی هاووڵاتیانی ئێزیدی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ستیپێكردوه ، به‌تایبه‌ت له‌نێو ئاواره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئێمه هیچ ئامارێكی ره‌سمیمان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه ، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی زۆر كۆچیان كردووه بۆ وڵاتی توركیا‌و له‌وێشه‌وه بۆ یۆنان و وڵاته ئه‌وروپیه‌كان، هه‌موو لایه‌ك ئاگاداری ئه‌و كۆچكردنه‌ی ئێزدیه‌كانن. به‌هۆی هێرشه‌كانی 2014 ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆ شه‌نگال و ناوچه‌كانی تری نه‌ینه‌وا ، زیاتر له 350 هه‌زار هاووڵاتی ئێزیدی ئاواره‌بوون و نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌سیان هه‌ر ئه‌وكات بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كۆچیان كرد، جگه له‌رِفاندنی شه‌ش هه‌زارو 417 ئێزیدی كه‌هێشتا زیاتر له دوو هه‌زار رفێنراو، چاره‌نووسیان دیارنیه ، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوان . شێرزاد پیرموسا به‌رپرسی رێكخراوی ئه‌لند بۆ دیموكراسیكردنی گه‌نجان به هاوڵاتی وت: « له‌یه‌كه‌م رۆژی كۆچكردنی ئێزدییه‌كان تاوه‌كو ئێستا به‌رده‌وام ئاماره‌كان كۆده‌كه‌ینه‌وه ، به‌پێی دوایین ئامار كه به‌ده‌ستمان گه‌یشتووه له 2ی ئاب تا 25ی ئاب هه‌زارو 273 ئێزیدی به‌رِێگای قاچاغ و ناشه‌رعی له‌رِێگای توركیاوه كۆچیان كردووه بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا ، له‌سه‌ره‌تای ئه‌م شه‌پۆله نوێیه‌وه كه له‌ناوه‌رِاستی مانگی حه‌وته‌وه ده‌ستیپێكردووه تاوه‌كو ئێستا ژماره‌یان گه‌یشتووه‌ته سێ هه‌زارو 53 كه‌س، له‌م ژماره‌یه هه‌زارو 883 كه‌س گه‌یشتوونه‌ته یۆنان، ئه‌وانه‌ی تر له‌ئوتێله‌كانی توركیادان و به‌شێكیان به‌رِێگاوه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌ئه‌وروپا. « هه‌موویان به‌رِێگای قاچاغ ده‌چن، له‌گه‌ڵ قاچاغچییه‌كان رێكده‌كه‌ون و دواتر كۆچ ده‌كه‌ن، له‌كۆی 700 هه‌زار ئێزیدی تائێستا 100 هه‌زار كه‌سیان كۆچیان كردووه، نه‌بوونی هه‌لی كار‌و نه‌گه‌رِانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌كانی شه‌نگال دیارترین هۆكاری كۆچكردنی ئێزدییه‌كانه بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات». شێرزاد پیر مو‌سا وای وت. عه‌لی عومه‌ر گه‌عبۆ جێگری پارێزگاری نه‌ینه‌وا هه‌ر له‌و لێدوانه‌یدا بۆ هاوڵاتی رایگه‌یاند: «هیچ هیوایه‌ك نه‌ماوه بۆ گه‌رِانه‌وه‌ی ئێزدییه‌كان بۆ شه‌نگال ، هه‌شت ساڵه كێشه‌كانی شه‌نگال له‌رِووی ئیداری و سه‌ربازی و خزمه‌تگوزاری چاره‌سه‌رنه‌كراون، ده‌یانجار به‌به‌رپرسانی به‌غداو نه‌ینه‌وامان وتووه، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام بێسوود بووه، ئه‌وانه‌ی زیانیان به‌ركه‌وتووه قه‌ره‌بوونه‌كراون، هێشتا سه‌دان رووفاتی قوربانیان له‌پزیشكی دادی به‌غدان و پشكنینه‌كانیان ته‌واو نه‌بووه، ده‌یان گۆرِی تر ماون هه‌ڵبدرێنه‌وه، كاتێك ئاواره‌یه‌ك هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌زانێت بێگومان كۆچكردن به‌باشترین بژارده ده‌زانێت». وتیشی:» دۆخی ئاواره‌كان رۆژ به‌رِۆژ خراپتر‌و قورس‌تر ده‌بێت، خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌پێی پێویست نیه، داوامان له‌حكومه‌تی عێراق و رێكخراوه‌كان كردووه ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان باشتر‌و زیاتر بكه‌ن، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامیان نه‌بووه». به‌رجس ره‌شۆ ، خه‌ڵكی شه‌نگاله ، دوای هه‌شت ساڵ له‌ئاواره‌یی، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت چیتر به‌رگه‌ی ژیانی ژێر خێوه‌تی نه‌گرتووه‌و و له 21ی ته‌مموز كه‌مپی ئاواره‌یی به‌ره‌و توركیا به‌جێهێشتووه، دوای 12 رۆژ گه‌یشتووه‌ته كه‌مپی سیرس له‌یۆنان، ئه‌و به‌هاوڵاتی وت: « هیچ مووچه‌یه‌كه‌م نه‌بوو ، رۆژانه ئیشی كرێكاریم ده‌كرد، جار هه‌بووه پاره‌م نه‌بوو حه‌فازه بۆ منداڵه‌كانم بكرِم، دوای تێپه‌رِبوونی هه‌شت ساڵ له‌ژیانی ژێر خێوه‌تدا چیتر به‌رگه‌ی ئه‌م هه‌موو ناخۆشیه‌م نه‌گرت، بۆیه كۆچكردنم به‌باشترین بژارده‌م زانی». به‌رجس ره‌شۆ ، هه‌شت ساڵ له‌كه‌مپی كه‌به‌رتوو له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی ده‌ژیا، خاوه‌نی پێنج منداڵه به‌ته‌نیا خۆی كۆچی كردووه ، به‌نیازه خێزانه‌كه‌ی و منداڵه‌كانی خۆشی ببات بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئه‌و زیاتر دواو رایگه‌یاند: «هیچ كه‌سێك حه‌زناكه‌ت منداڵه‌كانی خۆی به‌جێبهێڵێت، به‌ڵام هیچ رێگایه‌كی ترم نه‌بوو، زیاتر له 10 رۆژ به‌رِێگاوه‌بووین تا گه‌یشتینه یۆنان ، سه‌ره‌تا چه‌ند رۆژێك له‌شاری ئه‌سته‌مبوڵ بووین دوای ئه‌وه‌ی به‌رِێگایه‌كی قاچاغ به‌ره‌و یۆنان به‌رِێكه‌وتین، جاری یه‌كه‌م له‌لایه‌ن پۆلیسی یۆنانه‌وه ده‌ستگیركراین و جارێكی تر ئێمه‌یان گه‌رِانده‌وه بۆ توركیا، دوای ئه‌وه‌ی به‌رِێگایه‌كی تر خۆمان گه‌یانده یۆنان، ئێستا له‌كه‌مپی سێرسی ئه‌و وڵاته ده‌ژین. وتیشی: «رۆژانه ته‌نیا له‌م كه‌مپه‌ی من له‌یۆنان پێنج تاوه‌كو 10كۆچبه‌ری نوێ ده‌گه‌ن، ئه‌و كه‌مپه‌ی ئێمه‌ی تیادا ده‌ژین پێكهاتووه له 90 كه‌ره‌ڤانه، له‌هه‌ر كه‌ره‌ڤانه‌یه‌ك پێنج بۆ حه‌وت كه‌سن، سه‌رووی 90% ئێزیدین، نیوه‌یان پیاون و نیوه‌شیان منداڵ و ژنن، به‌رپرسانی كه‌مپ هه‌موو شتێكیان بۆ دابینكردووین، خواردن و جلوبه‌رگ به‌سه‌ر په‌نابه‌ران دابه‌ش ده‌كه‌ن، وابرِوات به‌شی زۆری ئاواره‌كان كۆچ ده‌كه‌ن، چونكه هیچ هیوایه‌ك بۆ گه‌رِانه‌وه‌یان بۆ شه‌نگال نه‌ماوه». به‌پێی ئامارێكی نووسینگه‌ی رفێنراوانی ئێزیدی كه ده‌ست هاوڵاتی كه‌وتووه، ژماره‌ی ئێزدییه‌كان 550000 كه‌س ده‌بن ، ژماره‌ی ئاواره‌كانی كه‌ئێستا له‌كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندان ده‌گاته 135 هه‌زارو 860 ئاواره، هه‌روه‌ها ژماره‌ی ئه‌و ئاوارانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپن نزیكه‌ی 189 هه‌زارو 337 كه‌س . ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش شه‌هیدبوون، تائێستا نزیكه‌ی پێنج هه‌زار شه‌هیدن ، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی بێ دایك و باوك بوون دوو هه‌زارو 745 كه‌سن، ژماره‌ی گورِه به‌كۆمه‌ڵه‌كان ئه‌وانه‌ی تائێستا دۆزرانه‌ته‌وه 83 گورِی به‌كۆمه‌ڵن، له‌گه‌ڵ ده‌یان گۆرِی یه‌ك كه‌سی، ژماره‌ی ئه‌و مه‌زارو شوێنه ئاینیانه‌ی كه له‌سه‌رده‌می داعش خاپوركران و ته‌قێنرانه‌وه 68 مه‌زارگاو شوێنی ئایینیه، ئه‌و ئێزدییانه‌ی چوونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی وڵات نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌س ده‌بن. خه‌یری بۆزانی سه‌رپه‌رشتیاری دۆسیه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی به‌هاوڵاتی وت :» تائێستا ژماره‌یه‌كی دروست و ته‌واو له‌باره‌ی كۆچكردنی ئێزدییه‌كان نیه، ئه‌وه‌ی هه‌یه له 2014 وه تائێستا سه‌رووی 100 هه‌زار كه‌س كۆچیان كردووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆچكردنی ئێستای ئێزدییه‌كان نارِه‌سمیه هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناتوانێت ژماره‌یان به‌دروستی ئاشكرا بكات، حكومه‌تیش نا‌توانیت ئه‌مه بكات له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرینه‌یان له‌رِێگای نافه‌رمی كۆچ ده‌كه‌ن». وتیشی: «ئێزدییه‌كان مافی ته‌واویان هه‌یه كۆچ بكه‌ن به‌تایبه‌ت ئاواره‌كان، چونكه هه‌شت ساڵه له‌ژێر خێوه‌تداو ژیانێكی سه‌خت و قورس‌دا ده‌ژین، هه‌روه‌ها ناوچه‌كانیان له‌رِووی ئه‌منییه‌وه سه‌قامگیر نین و هیچ كه‌سێك مزگێنی خۆش به‌ئه‌وان نادات، بۆیه كۆچ ده‌كه‌ن».
ده‌زگای هه‌واڵگری عێراق كوژرانی سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای داعش و دوو هاوكاری له كه‌ركوك ڕاگه‌یاند. ده‌زگای هه‌واڵگری عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندوه " له‌ڕێگه‌ی به‌دواداچوونی به‌رده‌وامه‌وه‌و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری ورد له وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ده‌زگای هه‌واڵگری له وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌باره‌ی هه‌بوونی شانه‌یه‌كی تیرۆرستان له ناوچه‌ی چیمه‌نی سه‌ر به پارێزگای كه‌ركوك و لێكۆڵینه‌وه لێی له ڕێگه‌ی هێرشێكی ئاسمانییه‌وه توانرا سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای داعش و دوو هاوكاری بكوژرێن. ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو: به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ شانه‌ی ئامانجی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان، كاری كردووه بۆ دابینكردنی زانیاری و فڕۆكه‌ی ئێف-16 ، پاشان له ڕێگه‌ی هێرشی ئاسمانییه‌وه لێپرسراوێكی باڵای داعش به ناوی ئه‌بو دنیا و دوو هاوه‌ڵی كوژراون. له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: "هێزێك له ده‌زگای هه‌واڵگریه‌وه چونه‌ته شوێنی ڕوداوه‌كه‌وپاشماوه‌ی كوژراوه‌كانیان دۆزیوه‌ته‌وه
هاوڵاتی محەمەد حەلبۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆژی یەکشەممە بۆ دانیشتنەکانی داهاتووی دیالۆگ دە خاڵی گرنگی بۆ هەڵپەسەندن بەرزکردەوە . حەلوبسی لە تویتێکدا لە تویتەر گوتی: پێویستە ئەجێندای دانیشتنەکانی داهاتووی دیالۆگی نیشتمانی کۆمەڵێک شتی تێدا بێت کە پرۆسەی سیاسی ناتوانێت بە بێ ڕێککەوتن لەسەریان بەڕێوە بچێت، ئەویش: ١- دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان دوای کۆتایی ئەمساڵ ٢- هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ٣- هەڵبژاردنی حکومەتێکی تەواو هەڵواسراو کە لەلایەن خەڵک و بێهێزی سیاسیەوە لەسەری ڕازی و متمانەپێکراو و دڵنیا بێت. ٤- مادەی 76ی دەستوور دووبارە دابنرێتەوە و دەستکاریکردنی ئەو ماددەیە هەڵبوەشێنێتەوە کە لە ژێر فشاری سیاسی‌دا دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2010 ڕوویدا. ٥- پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی ٦-هێشتنەوە یان هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران. ٧- دەرکردنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی و بەپێی مادەی 92ی دەستوور. ٨- دووبارە دابەشکردنەوەی هێزی سەربازی و ئەمنی بەهەموو جۆرەکانییەوە و وەزارەتی ناوخۆش بە تایبەتی لە هەموو شارەکاندا ئاسایش بڵاو دەکاتەوە و دەسەپێنێت و باقی هێزەکان لە شوێنی سروشتی خۆیانن لە کامپەکانی مەشق و بڵاوکردنەوەیان لەو ناوچانەی کە لە لایەن فەرماندەیی سەربازی و ئەمنییەوە دیاری دەکرێت بۆ ڕوبەڕو بونەوەی هەر حاڵەتێکی لەپڕو نەخوازراو. ٩- گەڕانەوەی دەستبەجێی هەموو ئاوارەکان کە لە ماڵەکانیان ئاوارە بوون و تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان. ١٠- ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتنێکی ئاشکرا بۆ خەڵک لە جێبەجێکردنی یاسای نەوت و گاز.
هاوڵاتی به‌پێی هه‌واڵی میدیاکانی روسیا سوپای تورکیا زانیاری داوەتە هێزی ئاسمانی روسیا سەبارەت بە ناوەندیکی گروپی چەکداره سوریەکانی هاوپەیمانی دەوڵەتی تورکیا و ڕوسیاش ئەو ناوەندەی بۆردومان کردووە، ئاماژه‌شی به‌وه‌کردووه هێرشەکەی ڕوسیا بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم ٣٠ کەس. ئاژانسی ڕوسی و دەزگای بەهاری ڕوسیا، کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتە سەربازییەکان بڵایانکردەوە کە سوپای ڕوسیا توانیویەتی بنکەیەکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی چەکداره سوریەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا تێک بشکێنێت کە پێشتر هێرشیان کردۆتە سەر بنکەی ئاسمانی ڕوسیا لە حومەیم. دەزگا روسیەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپای تورکیا ئەو شوێنەی گروپی چه‌کداره‌کانی هەیئەی تەحریر شامی لە ناوچەی ئەریحا لە باشوری ئیدلب بۆ هێزەکانی روسیا لە سوریا دیاریکردووە. بەگوێرەی زانیاری ئاژانسە ڕوسیەکە هێرشەکەی ڕوسیا بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم ٣٠ کەس و ناوەندەکە کە تایبەت بووە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەناوبراوە، بەڵام لە بارەی کاتی هێرشەکەوە هیچ زانیاریەکیان ئاشکرا نەکردووە. ئاژانسەكە ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەو زانیاریانە لەلایەن سوپای تورکەوە لە چوارچێوەی رێككەوتنی دژ بە تیرۆر لە سوریا دراوەتە سوپای ڕوسیا. دوای کۆبونەوەی سەرۆکی ڕوسیا و سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورکیا باس لە نزیک بونەوەی دەوڵەتی تورکیا و ڕژێمی سوریا دەکرێت و گروپە چەکدارییه‌کانی سەر بە دەوڵەتی تورکیش دژایەتی خۆیان بۆ ئەو ڕیککەوتنە ئاشکرا کردووە دەڵێن دەوڵەتی تورک خیانەتیان لێدەکات و دەیانفرۆشێت. لەبەرامبەردا دەوڵەتی تورک پشتیوانی خۆی بۆ ئەو گروپانە دوپاتکردوەتەوە و ڕایگەیاندووە ئەو دەستبەرداریان نابێت، لە ماوەی ڕابردووش وەک ناڕەزایەتی ئاڵای تورکیا لەلایەن ئەو گروپانەوە لە باکوری سوریا سوتێندرا.
هاوڵاتی/ عه‌مار عه‌زیز ئەمڕۆ 3ئەیلول ، کچە رفێنراوێکی ئێزیدی لە کەمپی هوڵی رۆژئاوا رزگارکرا و ئێستا لە ماڵی ئێزیدیانە له شارۆچکەی حەسەکە، دوای چەند رۆژێکی تر رادەستی کەسوکاری دەکرێتەوە. دەروێش چوکی، بەرێوەبەری رێکخراوی تولا بۆ رزگاربووانی دەستی داعش بە هاوڵاتی ی وت "ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە کەوا کچێک بەناوی وەفا عەلی عەباس لەکەمپی هوڵی رۆژئاوا ئازادکراوە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ ماڵی ئێزدییان لەشارۆچکەی حەسەکە، کەسۆکاری ئەم کچەیە لەکەمپی قادیا لەسنوری پارێزگای دهۆک نیشتەجێ نە". دەروێش چوکی ووتیشی"ئەم کچە خەڵکی گوندی کۆجۆیە لەدایک بووی ساڵی 2001یە،دایک و باوکی لە ئابی 2014 بەدەستی داعش کوژراون، لە خێزانەکەی تەنیا مام و داپیرەی ماون ، برایەکی هێشتا لە ژێر دەستی داعش دایە، دوای تەواوکردنی رێکارەکان دەگوازرێتەوە بۆ پارێزگای دهۆک و لەرێورەسمێکدا رادەستی کەسۆکاری دەکرێتەوە". بەپێی ئامارێکی نوسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزیدی لەکۆی 6 هەزار و 417 رفێنراوی ئێزیدی تا ئێستا 3هەزار 554 کەس رزگارکراون، چارەنوسی 2 هەزار 717 کەس دیار نیە.