هاوڵاتی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت پێویستە راهێنانی فێربوونی زمانی کوردی بە کارمەندانی کەرتی گەشتوگوزار بکرێت، دوای فێربوونی زمانی کوردی هەلی کارکردنیان پێبدرێت. سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری رایگەیاند، بە جێبەجێکردنی دوو بڕیار هەلی کاری زیاتر بۆ هێزی کاری ناوخۆیی دابین دەکات و زمانی کوردیش دەکرێتە زمانی یەکەم و سەرەکی شوێنە گەشتیارییەکان. ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی رایگەیاندووە : بڕیاری یەکەم تایبەتە بە بەرزکردنەوەی رێژەی هیزی كاری ناوخۆیی لە كەرتی گەشتیاری بۆ ٧٥% و بڕیاری دووەمیش چەسپاندنى زمانی کوردییە لە شوێنە گەشتیارییەکان و ناچارکردنى فەرمانبەرانی ئەم کەرتە بۆ فێربوونى زمانى کوردییە. بە پێی رێنماییەکانی دەستەی گەشتوگوزار پێویستە ٧٥% هێزی کار لە بنکە و شوێنە گەشتیارییەکان خۆماڵى بێت و بە وتەی سەرۆکی دەستە، لە قۆناغى یەکەمدا ڕێژەی ٣٠% لە شوێنە گەشتیارییەکان دەچەسپێندرێت و لە قوناخەکانی داهاتوودا بۆ ٧٥% بەرز دەکرێتەوە. لەبارەی گرنگیدان بە زمانی کوردی بڕیار دراوە بۆ پاراستنی شوناسی زمانی کوردی تابلۆ و مینۆی خواردنی هوتێل و چێشتخانە و شوینە گشتییەكان و تابلۆ هەڵواسراوەکانی شوێنە گەشتیارییەکان زمانی کوردی زمانی سەرەکی و یەکەم بێت. زمانەکانی دیکەشیان، ئەگەر هەبێت، پێویستە بەدوای زمانی کوردییەوە بن. وتیشی بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە پێویستە راهێنانی فیربوونی زمانی کوردی بە کارمەندانی کەرتی گەشتوگوزار بکرێت و دوای فیربوونی زمانی کوردی دەرفەتی کارکردن لە کەرتی گەشتوگوزار بە خەڵکی بیانی دەدرێت. ئەوانەشی کە ئێستا لەم بوارەدا کار دەکەن خولی فێربوونی زمانی کوردیان بۆ دەکرێتەوە. لیژنەکەى دەستەى گەشتوگوزار بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و پێدانی رێنماییەکان سەردانى هەر هەشت بەڕێوەبەرایەتیییە گشتییەکانی گەشتیاری دەکەن و پرۆسەکەشی لە دهۆک دەستیپێکردووە. باسی لەوەشکردووە لە مانگی ئابی رابردوو، بە سڕکردنی بڕیارێک، مانگێک مۆڵەت بە شوێنە گشتییەکان درابوو زمانی کوردی بکەنە زمانی یەکەم و سەرەکی سەر تابلۆوەکانیان. لیژنە هاوبەشەکانى قائیمقامیەت لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە بەشداری نوێنەرى دەستەى گەشتوگوزار دواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەکەن و سەرپێچیکارانیش بەم شێوەیە سزا دەدرێن: بۆ جارى یەکەم، ئاگادار دەکرێنەوە. جاری دووەم، بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ دادەخرێن و بۆ جاری سێیەمیش مۆڵەتەکەی لێوەردەگیرێتەوە. ئەمەل جەلال وتیشی لە هەرێمى کوردستان، ئامارێکى وردی لەبارەی ڕێژەى هێزی کارى بیانى و ناوخۆیی لە شوێنە گەشتیارییەکان نییە. دەستەى گەشتوگوزار سەرقاڵى ڕووپێویکە بۆ زانینى ڕێژەى هێزی کار لە کەرتی گەشتوگوزار. دوو جۆر بنکە و شوێنی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان هەن، بەشێکیان تۆمار نەکراون و مۆڵەتیان نییە و بەشێکیشیان مۆڵەتى فەرمییان هەیە بە سەر (٢,٩٨٣) شوێن دابەش کراون: ـ کافتریا: ٧١٤ دانە ـ شارى یارى: ١٠ دانە ـ رێستۆرانت: ٥٨٩ دانە ـ خواردن و خواردنەوە: ١٥٧ دانە ـ کۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەکان: ٥٩٩ دانە ـ کۆمەڵگەى گەشتیارى: ٥٤ دانە ـ هۆتێل: ٤٦٠ دانە ـ هۆڵى ئاهەنگگێڕان: ٧٢ دانە ـ یانەى شەوانە: ٤٥ دانە ـ هۆڵى بۆنە تایبەتییەکان: ١ دانە ـ ئەپارتمانى ڕاخراو: ٢٨٢ دانە
هاوڵاتی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دووپات لە پاراستنی سەروەریی عێراق دەکاتەوە و دەڵێت، نابێت رێگە بدرێت خاکی عێراق بۆ بەئامانجکردنی وڵاتانی دراوسێ بەکاربێت. هاوکات لەبارەی وەزیرانی ژینگە و ئاوەدانکردنەوە بڕیاریدا. ئێوارەی رۆژی دووشەممە 28-11-2022، کۆبوونەوەی خولیی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانێتییەکە لەوانەش پارتی و یەکێتی، لەبارەی چەند پرسێک لەنێویاندا داواکارییەکانی کورد لە حکومەتی نوێ، لە ماڵی مام جەلال لە بەغدا بەڕێوەچوو. هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند نابێت رێگە بدرێت خاکی عێراق بۆ بەئامانجکردنی وڵاتانی دراوسێ بەکاربێت، و وتیشی دیالۆگ و کۆبوونەوە لە ئاستی باڵادا هەیە، بۆ رێگری لە پێشلکردنی سەروەریی عێراق لەلایەن هەر لایەنێکی دەرەکییەوە هاوکات لەبارەی وەزیرانی ژینگە و ئاوەدانکردنەوە بڕیاریدا بە تەواوکردنی کابینەی وەزاریی و دانانی وەزیرانی ژینگە و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن. هەروەها هاوپەیمانییەکە گوێی گرت لە راپۆرتێکی گشتگیر لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەنجوومەنی نوێنەران، تاوتوێی وردەکاریی یاساکە کرا لە رووی سیاسی و تەکنیکییەوە. هاوکات خالید شوانی، ئەندامی شاندی یەکێتی و وەزیری دادی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت، دروستکردنەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ـە کە لە ساڵی 2014ـەوە پەکیکەوتووە. هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت گەورەترین هاوپەیمانیێتی پەرلەمانی عێراقە، پێکهاتووە لەو لایەنانەی زۆرترین کورسییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 بەدەستهێناوە، هاوپەیمانێتییەکە دوای کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمانی عێراق پێکهێنرا و پێکدێت لە چوارچێوەى هاوئاهەنگى، یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان، پارتى دیموکراتی کوردستان، هاوپەیمانیى سەروەرى، هاوپەیمانیی عەزم، بابلیون و چەند لایەنێکی دیکە.
هاوڵاتی شەش لایەنى ئۆپۆزسیۆنى تورکیا بە بێ هەدەپە رەشنوسى نوێى دەستورى وڵاتەکە بڵاو دەکەنەوە و لە رەشنوسەکەشدا هیچ ئاماژە بە کورد و خوێندن بە زمانى دایک نەکراوە. لەو رەشنوسەدا کە شەش لایەنە سەرەکییەکەى ئۆپۆزسیۆنى تورکیا ئامادەیان کردوە، لە جیاتی بەکارهێنانى دەستەواژەى هاوڵاتیى تورک، تەنها وشەی تورک بەکارهاتوە و ئەگەرچی باس لە تورکیای ئازاد و دیموکرات و تاکى ئازاد و یەکسان کراوە، بەڵام باسى کورد نەکراوە وەک پێکهاتەیەکى سەرەکیی وڵاتەکە. هەروەها لەو رەشنوسەدا کە لە 156 لاپەڕەیە، تێیدا باس لە چەندین پێشنیار کراوە بۆ گۆڕێنى دەستورى ئێستای تورکیا، بەڵام هیچ باسێک لەسەر پەروەردە بە زمانى دایک نەکراوە کە یەکێکە لە داخوازییە سەرەکییەکانى کورد لە باکوری کوردستان، سەرەرای ئەوەش باس لە یەکسانیی رەگەزى و مافەکانى ژنان نەکراوە و تەنها یەک جار وشەى ژن لەو رەشنوسە نوێیەدا هاتوە. بڕیارە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە لە ساڵی داهاتودا شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بە بێ پارتی دیموکراری گەلان هەدەپە کە نوێنەری سەرەکیی کوردە، رەشنوسی دەستورە نوێیەکە پێشکەشی پەرلەمان بکەن.
هاوڵاتی پەرلەمانی فەڕەنسا ئیدانەی توندوتیژییەکانی دەسەڵاتی ئێرانی کرد دژی خۆپیشاندەران و سەرۆکی وڵاتەکەش رایگەیاند رۆڵەکانی ئێران سەرقاڵی شۆڕشن. پەرلەمانی فەڕەنسا بە کۆی دەنگی پەرلەمانتاران بڕیارێکی دژی حکومەتی ئێران پەسند کرد بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان. لە بەیاننامەیەکیشدا پەرلەمانی فەڕەنسا شێوازی سەرکوتی خۆپیشاندەرانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دڕندانە لەقەڵەم داوە و رایگەیاندوە ناڕەزایەتییە ئاشتیانەی وڵاتە روبەڕوی سەرکوتی توندی هێزە ئەمنییەکان بوەتەوە. پەرلەمانی فەڕەنسا جەختی لەوە کردوەتەوە ئەو بڕیارە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە مەبەستی پشتیوانیی لە خۆپیشاندەران پەسند کراوە و ئەوەی دەسەڵاتی ئێران دەیکات پێشلێکاریی ئاشکرای مافی ئازادی رادەربڕێن و گردبونەوەی ناڕەزایەتییە. بڕیارەکەی پەرلەمان لە کاتێکدایە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاندوە؛ وڵاتەکەی و ئەوروپا رێوشوێنەکانیان لە دژی دەسەڵاتی ئێران توند دەکەنەوە و ئەوانی دەستیان لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکاندا هەیە سزا دەدرێن، ماکرۆن وتویەتی رۆڵەکانی ئێران سەرقاڵی شۆڕشن و دەبێت هاوکاریی بکرێن.
هاوڵاتی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا کارگەی غازی سوێدای سەر بە شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستانی وێران کردووە کە تاکە کارگەی غازی باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە کە غاز بۆ ماڵان دابین دەکات و لە ئێستادا رۆژئاوا بێ غازە. عەگید عەبدولمەجید بەڕێوەبەری کارگەی سوێدا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هاوارنیوز ئاماژەی بەوەکرد، کارگەی غازی سوێدا جگە لەوەی تاکە کارگەی دابینکردنی غازی ماڵانە لە سەرتاسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، هەروەها ١٣٠ مێگاوات کارەبای بەرهەم دەهێنا و بەو هۆیەو کارەبای چەندین شار و ناوچە پچڕاوە. عەگید عەبدولمەجید دەڵێت، کارگەی سوێدا، کارگەیەکی کۆنە و ئێدی هیچ کارگەیەکیش نییە پارچە شکاوەکانی کارگەکە نۆژەن بکاتەوە و وتی، " داوایان کردووە پارچە شکاوەکانی کارگەکە لە دەرەوەی رۆژئاوا هاوردە بکرێن، بەڵام ماوەی دوو ساڵی دەوێت کە کارگەکە نۆژەن بکرێتەوە و ئەوەش کێشەیەکی گەورە بۆ هاوڵاتیان دروست دەکات." ناوبرا دەڵێت، لەئیستادا بە ناچاری پێویستە، غازی ماڵان لە دەرەوەی هاوردە بکرێت کە ئەوەیش پارەیەکی زۆری دەوێت و تێچوویەکی پێنج ئەوەندەی پێویستە. ئەمەشلەکاتێکدایە لە ١٩ تاوەکو ٢٣ی تشرینی دووەم، دەوڵەتی تورکیا جیاواز لە هێرشەکانی پێشووتر، ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزاری رۆژئاوای کوردستانی کردە ئامانج و چەندین، پاڵاوگە، قۆتابخانە و نەخۆشخانەی وێران کرد.
هاوڵاتی خاوەنی نویێ تویتەرلە تویتێکدا ڕایگەیاند کە کۆمپانیای ئەپڵ زۆرینەی کارە بازرگانی و ڕیکلامەکانی لە تویتەر راگرتووە و ئەو کۆمپانیایەی بەوەستان دژی ئازادی ڕادەربڕین تۆمەتبارکرد. ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەری کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکس و خاوەنی نوێی کۆمپانیای تویتەر باسی لەوەکرد، کۆمپانیای ئەپڵ هەڕەشەیان لێدەکات بەوەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لەناو مۆبایلەکانی دەسڕێتەوە. گوتیشی "رەنگە ئەوان دژی ئازادی رادەربڕین بن، ئێستاش ئەپڵ دەیەوێت بە یەکجاری تویتەر لەناو ئەپ ستۆرەکەی بسڕێتەوە" ئەوەشیخستەڕوو، تاوەکو ئێستاش نازانن هۆکار چییە کۆمپانیای ئەپڵ ئەو هەڵەمەتەی لە دژیان دەستپێکردووە. ئەمەشلەکاتێکدایە رۆژی 27ی مانگی ڕابردوو، ئیلۆن مەسک دەوڵەمەندترین مرۆڤی جیهان بەشێوەیەکی فەرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری بە 44 ملیار دۆلار کڕی، لەو کاتەشەوە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی مەسکەوە لە تۆڕەکەدا، تویتەر بەدۆخێکی ناجێگریدا تێدەپەڕێت.
هاوڵاتی بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە هەندێک ناوچەی شاخاویی بەفر دەبارێت بهڕێوهبهرایهتی گشتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێم رایگهیاند، لهپاشنیوهڕۆی ئهمڕۆوه شهپۆلێكی بهفرو بارانبارین ناوچه جیاجیاكانی ههرێمی كوردستان دهگرێتهوه و لهههندێك شوێنیش بارانی بهلێزمه دهبارێت بهڕێوهبهرایهتی گشتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی لهڕاگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، "ئەمڕۆ سێشەممە ئاسمان ههوری تهواو دهبێت، سهرهتا باران بارین لهكاتهكانی دوای نیوهڕۆ له ناوچه شاخاوییهكان دهستپێدهكات، پاشان لهكاته درهنگهكانی شهودا باران بارین لهزۆربهی ناوچهكان دهبارێت". کەشناسی راشیگەیاندووە، سبەی چوارشەممە شەپۆلێکى بارانبارین تەواوى ناوچەکەمان دەگرێتەوە، بارانبارین بەشێوەى مامناوەند و هەندێک جار لێزمەبارانیش دەبێت، لە هەندێکاتدا هەورە بروسکەشی لەگەڵ دەبێت. بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە هەندێک ناوچەی شاخاویی بەفر دەبارێت و لەناوچەکانی باشووری هەرێم وە سەنتەری شاری هەولێر ئەگەری لێزمە باران وبروسکە هەیە. سەبارەت بەپێشبینی رێژەی دابارین كهشناسی دهڵێت، زیاتر کاریگەری لە ناوچەکانی بادینان دەبێت و وە پلەکانی گەرما بۆ رۆژی چوارشەممە دادەبەزێت بە (4-5) پلە وەهەروەها خێرای با چالاک دەبێت بۆ 40 کم/س ئاراستە باشووری خۆرهەڵات و لە رۆژی پێنج شەممە کۆتایی بەشەپۆلەکە دیت.
هاوڵاتی بەگوێرەی راپرسیەکی کە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە ئەنجامدراوە، دەسەڵات نۆ خاڵ لەپێش ئۆپۆزسیۆنەوەیە و هەدەپەش زیاتر لە ١٠٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت و بۆیەش بۆ شکستپێهێنانی دەسەڵات لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان پێویستیان بە هەدەپەیە. کۆمپانیای ئاسال بۆ راپرسی و لێکۆلینەوە، راپرسیەکی لەبارەی دەنگی لایەنە سیاسیەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجامدا. بەگوێرەی راپرسیەکە هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵات نۆ خاڵ لەپێش هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆندایە. راپرسیەکە لە ٢١ پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستان ئەنجامدراوە و دوو هەزار و ٥٠٠ کەس بەشداریان تێدا کردووە. ئەنجامی راپرسیەکەی کۆمپانیای ئاسال بەم شێوەیەیە: پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) ٣٧.٧٪ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ٢٤.٤٪ پارتی باش ١١.٢٪ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ١٠.٤٪ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) ٨.٧٪ پارتەکانی دیکەی تورکیا ٧.٥٪ بەوپێیەش، هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵات ٤٧٪ی دەنگەکان، هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن نزیکەی ٣٨.٥٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێن و دەسەڵات نزیکەی ٩ خاڵ لەپێش ئۆپۆزسیۆنەوەیە. بەگوێرەی راپرسیەکە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە زیاتر لە ١٠٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت، ئەگەر دەنگ بە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن نەدات، ناتوانرێت شکست بە دەسەڵات بهێنرێت. لە میدیاکانی تورکیادا زۆر جار باسی ئەوە دەکرێت کە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، لە شێوەیەکی شاراوە لەگەڵ هەدەپەدا کۆدەبێتەوە و دەیەوێت رازی بکات کە دەنگ بە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بدات، بەڵام هەدەپە مەرجی هەیە. لە دوایین هەڵوێستیدا لەدوای هێرشی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، هەدەپە رایگەیاندبوو کە هەر کاندیدێک و لایەنێک لایەنگری شەڕی دژی کورد بێت، بە هیچ شێوەیەک دەنگی پێنادات. بەوپێیەش لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا کە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و سنورەکانی هەرێمی کوردستان پەسەند دەکەن، پێناچێت دەنگی هەدەپە کە دەنگی کوردانی باکوری کوردستانە بەدەست بهێنن.
هاوڵاتی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بە ئاماژەدان بەوەی کە وڵاتەکەی لە بواری بازرگانیدا رووی لە بازاڕی نوێ کردووە، گوتی: "بازرگانی نێودەوڵەتیی لە قەیراندایە. رووسیا بۆ هاوردەکردن و هەناردەکردنی بەرهەمەکانی بۆ بازاڕە نوێیەکان، رێوشوێنی فراوان دەگرێتە بەر". سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرکۆماری کازاخستان، قاسم جۆمەرت تۆکایەڤ بەیەکەوە لە کۆشکی کرملین بەشێوەی ئۆنلاین بەشدارییان لە کۆڕبەندی ناوچەیی رووسیا و کازاخستاندا کرد کە لە شاری ئۆرنبۆرگ-ی رووسیا بەڕێوەچوو. ڤلادیمیر پوتین بە ئاماژەدان بەوەی کە رووسیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین وەبەرهێنان لە ئابووریی کازاخستاندا دەکات، گوتی: "قەبارەی وەبەرهێنانەکانمان لە کازاخستان گەیشتووەتە نزیکەی ١٧ ملیار دۆلار. زیاتر لە ٣٠ پڕۆژەی وەبەرهێنانی هاوبەش لە بوارە سەرەکییەکانی ئابووریدا ئەنجام دەدرێت". سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین جەختی لەوە کردەوە لەگەڵ کازاخستان گفتوگۆیان لەبارەی ئەو هەنگاوانە کردووە کە بە ئاراستەی پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە و لۆجستی هاوبەش گرتوویانەتە بەر و گوتی: "هەروەها هەوڵی هەڵگرتنی ئەو سنووردارکردنانە دەدەین کە کاریگەرییان لەسەر بازرگانی و وەبەرهێنان هەیە. ئەمە بە تایبەتی لەئێستادا گرنگە. بازرگانی نێودەوڵەتیی لە قەیراندایە. رووسیا بۆ هاوردەکردن و هەناردەکردنی بەرهەمەکانی بۆ بازاڕە نوێیەکان رێوشوێنی فراوان دەگرێتە بەر". دوای گوتارەکانیان لە کۆڕبەندەکەدا، پوتین و تۆکایەڤ لە کۆشکی کرملین دەستیان بە کوبوونەوەی دووقۆڵی کرد.
هاوڵاتی وتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی ئێران رایگهیاند، هەواڵێکمان بیست کە حکوومەتی عێراق هێزەکانی خۆی لەسەر سنوورە هاوبەشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان جێگیر دەکات، پێشوازی لە جێگیرکردنی ئەو هێزانە دەکەین. بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئهمڕۆ دووشهممه 7ی سەرماوەز ناسر كهنعانی، وتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی ئێران له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا رایگهیاند:"هەرێمی کوردستان بەشێکە لە خاکی عێراق و دەوڵەتی عێراق دەبێت بەرپرسیارێتی یاسایی خۆی جێبەجێی بکات، هەواڵێکمان بیست کە حکوومەتی عێراق هێزەکانی خۆی لەسەر سنوورە هاوبەشەکان لەگەڵ هەرێم جێگیر دەکات، پێشوازی لە جێگیرکردنی ئەو هێزانە دەکەین". ناوبراو ڕوونیشی كردهوه: "ئێران هەموو دەسەڵاتی خۆی بۆ پاراستنی خاکەکەی بەکاردەهێنێت و ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت ئاو و خاکی ئێران داگیر بکات". کەنعانی ئاماژەشی دا بە سەردانی ڕۆژی سێشەممەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران و ئاشکرای کرد: لەم سەردانەدا چەندین بابەتی گرینگ لەوان سیاسی، ئابووری و بازرگانی، گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
هاوڵاتی سوریا دوو مەرج دادەنێت بۆ دەستپێکردنی دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ ئەنکەرە و داوا دەکات سوپای تورکیا چەکدارانی لە خاکی وڵاتەکەی بکشێتەوە. پیێر مەرجان، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی سوریا بە ماڵپەڕێکی تورکی راگەیاندوە؛ ئەگەر هەیە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا ئاسایی ببێتەوە بۆیە پێیوستە تورکیا هەنگاوی ئەرێنی بنێت. مەرجان دو مەرجی دیاریکردوە، بۆ ئاسایی بونەوە پەیوەندییەکانی دیمەش و ئەنکەرە و وتویەتی: یەکەم پێویستە تورکیا قبوڵی بکات کە پشتیوانی دارایی پێشکەشی گروپە تیرۆرستییەکان کردوە و راهێنانی سەربازی پێداون و بەهاوکاری ئەو گروپانە خاکی سوریای داگیرکردوە. مەرجی دوەمیش؛ پێیوستە ئامادەیی خۆی بۆ کشانەوە لە خاکی سوریا نیشان بدات. سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی سوریا وتوشیەتی، لە ئێستادا پەیوەندی لە نێوان دەزگا هەواڵگرییەکانی هەردو وڵاتدا بەردەوامە و دەستپێکردنی پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانیشی گرێداوە بە هەڵوێستەکانی تورکیا، دەربارەی نیەتی کشانەوە لە ناو خاکی سوریا.
شەنای فاتح بەهۆی گرانی نرخی نەوت و سوتەمەنی لەهەرێمی كوردستان، بەشێك لەهاووڵاتیان بەتایبەت لەدەرەوەی شارەكان روو لەكڕینی زۆپای دار دەكەن،، بەشێك لەفرۆشیاران دەڵێن ئەمساڵ كڕیارانی زۆپای دار دوو هێندەی ساڵی رابردوو و ساڵانی پێشترە. بەپێی ئەو بەدواداچوونەی هاوڵاتی كردوویەتی، زۆربەی زۆپاكان دروستكراوی ناوخۆیین و بەشێكیشیان لەوڵاتانی ئێران و توركیاوە هاوردە دەكرێن، بەوتەی فرۆشیارانی زۆپا كوالێتی ئەو زۆپایەی لەكوردستاندا دروستدەكرێت باشترە بەبەراورد لەگەڵ ئەو زۆپایانەی هاوردە دەكرێن. هاوكار لەتیف، تەمەن ٣٦ ساڵ كەماوەی هەشت ساڵە فرۆشیاری زۆپای دارە بەهاوڵاتی وت: «بەحوكمی ئەوەی نەوت گرانەو بارودۆخی خەڵك زۆرباش نییەو هەموو كەسێك ناتوانێت ئەو پارەیە بدات بەنەوت خەڵك پەنا بۆ زۆپای دار دەبات»، وتیشی:» نزیكەی 10 ساڵە ئەم كارە دەكەم هیچ ساڵێك وەك ئەمساڵ نەمبینیوە زۆپا بازاڕی هەبێت». هاوكار دەڵێت: «زۆربەی زۆپاكان دروستكراوی ناوخۆیین و هاوردەكراویش هەیە كە لەتوركیاو ئێرانەوە هاوردە دەكرێن، بەڵام زۆپا ناوخۆییەكان لەزۆپای ئێرانی گرانترن كوالێتیشیان باشترە، زۆپا توركییەكانیش نرخیان گرانە بەبەراورد بەناوخۆییەكە». ئەو فرۆشیارە باسی لەوەشكرد: زۆپا ئێرانییەكە زۆر بەباشی دروستناكرێت و پلێتەكەی بەشێوەیەكی گشتی تەنكەو نرخەكەشی هەرزانترە لەم كاتەشدا بەهۆی كەمی موچەو قەیرانی داراییەوە خەڵك شتی هەرزانی دەوێت، بۆیە زیاتر زۆپا ئێرانییەكە لەبازاڕدا دەڕوات و تەقریبەن ئەوەی ناوخۆییەكەش شانبەشانی ئەو دەڕوات». «زۆپا ناوخۆییەكە باشترە لەبەرئەوەی پلێتەكەی ئەستورەو دروستكردنەكەی باشترە، بەڵام ئێرانییەكە بەو شێوەیە نییە و زۆبەی زۆری لەحیمی سادەیە كەهێزی پەرچەكەی نییە» هاوكار لەتیف وای وت. بەشێوەیەكی گشتی نرخی ئەو زۆپا بیایانەی لەهەرێمی كوردستاندا هەن لە 16 هەزارەوە دەستپێدەكات تا 300 هەزار دینار، بەڵام زۆپای خۆماڵی لە 25 هەزارەوە تا 55 هەزار دینارە، بەڵام ئەو زۆپایانەی لەوڵاتی توركیاوە هاوردەدەكرێن نرخیان لە ١٣٠ دۆلارەوە دەستپێدەكات تا ٨٥٠ دۆلار. خەلیل عوسمانی تەمەن 45 ساڵ، پیشەی كاسبە و نیشتەجێی ناحیەی بازیانە لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: ساڵانە زۆپای دار بەكاردەهێنین بەهۆی گرانی نەوت و سەرمایەكی زۆرلە ناوچەی ئێمە. وتیشی:لەساڵی رابردوەوە و كاتی بەفرە سەختەكەی ساڵی پارەوە نەوتمان وەرنەگرتووە، بۆیە بەناچاری زۆپای دار بەكاردەهێنین ئەگەرنا دەبێت زوو زوو داری تێبكەیت و زوو گەرم دەبێت و زووش سارد دەبێتەوە. هاوكات محەمەد كەریم تەمەن ٤٦ ساڵ نیشتەجێی شاری سلێمانییە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: ئەمساڵ زۆپاكەمان داناوە پێشتر بەكارمان نەدەهێنا وزۆپای نەوتمان بەكاردەهێنا، لە ئێستادا لەبەرئەوەی نەوت زۆر گرانە و لەتواناماندا نییە نەوت بكڕین بۆیە بەناچاری زۆپای دارمان داناوە. وتیشی: نزیكەی دوو ساڵە نەوتمان وەرنەگرتووە كە ئەمەش كێشەی زۆری بۆ دروستكردووین. نرخی نەوتی سپی لە بازاڕەكانی هەرێم زۆر گران بووە و لەدوو مانگی رابردوودا لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەجیهان، نرخی یەك بەرمیل نەوتی سپی لە هەرێم گەیشتە سەروو 280 هەزار دینار، ئێستاش كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بڕیاریداوە نەوت دابەش بكات نرخی نەوت نزیكبووەتەوە لە 250 هەزار دینار.
هاوڵاتی ژمارەی ئەو هاوڵاتیە کوردانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیراندا کوژراون، گەیشتە ١١٨ کەس. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو، نوێترین ئاماری کوشتنی هاوڵاتیە کوردەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئامارەکە، لەسەرەتا خۆپیشاندانەکانەوە کە لە ١٦ی ئەیلولەوە، دوای کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردی شاری سەقز لە تارانی پایتەختی ئێران، لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە، دەستی پێکردووە، ١١٨ هاوڵاتی کورد کوژراون. رێکخراوەکە دەڵێت، لەو ژمارەیە، حەوت کەسیان ژن و ١٥ کەسیان منداڵان. هەروەها ٣٦ کەس لە هێزە ئەمنیەکانی دەوڵەتی ئێرانیش لە شارە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون. رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی کورد دەستگیرکراون کە ١٥٢ کەسیان ژن و ١٠٨ کەسیان منداڵ، ٦٠ کەس خوێندکار و ٢٩ کەسیشیان مامۆستان. ئاماژەشی بەوەکردووە، خۆپیشاندانەکان لە ٤٥ شار و شارۆچکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و بە تایبەتی لە ٢٧ زانکۆ، هەموو رۆژێک چالاکی و خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێن. هەرچەندە، چالاکوانان باسی ئەوە دەکەن کە ئاماری کوژراو و دەستگیرکراوەکانی، خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری رۆژهەڵات و ئێران لە ئامارە فەرمیەکان زۆر زیاترە، بەڵام رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران دەڵێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی ٤٢٠ کەس کوژراون و نزیکەی ١٨ هەزار کەس دەستگیرکراون.
هاوڵاتی ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەبێت بەدوای ئەو هەڵە و کەموکوریانەدا بگەرێین کە بووە هۆکاری روودانی کارەساتی تەقینەوەکەی گەرەکی کازیوەی سلێمانی. ئاماژەی بەوەشکرد، بەرێوەبەرایەتی شارەوانی و بەرگری شارستانی دەبێت چاو بخشێننەوە بە پێدانی مۆڵەت بۆ دانانی سیستمی غاز. هاوکات، تەنها کۆمپانیا رێگەپێدراوەکان دەتوانن سیستەمی غاز دابنێن و دەستەی وەبەرهێنان مەرج دابنێن بۆ دانانی سیستمی LPG لە شوێنە نیشتەجێبوونەکان. لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەنجومەنی پارێزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە ئەم راسپاردانە خرانەڕوو: یەکەم: شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی سلێمانی چاوبخشێننەوە بە مۆڵەتی پێدانی بینادا. دووەم: وەبەرهێنان دانانی سیستەمی غاز بكرێتە مەرج لە خانوو، یەكەكانی نیشتەجێبوون. سێیەم: كاركردن بە تایبەتمەندییەكانی عێراق لە سەلامەتی كاركردن بە سیستەمی غاز. چوارەم: بە سێنتراڵكردنی سیستەمی غاز لە سنوری ئیدارەلەی سلێمانیدەبێت حكومەت ئەمە بكات لە داھاتوو. پێنجەم: دەستەیەك لە پارێزگاكای سلێمانی و ئیدارەكان دروستبكرێت و پشكنین بۆ غاز بكات لە رێگای ئامێری پشكنینی پێشكەوتوو لە هەموو ناوچەکان. شەشەم: ئێشکگری هەبێت لەناو پارێزگا و شوێنەکانی دیکەش، ئەندازیار ھەبێ لەناو یەكە ئیدارییەكان وەك پسپۆری سیستەمی غاز لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان. حەوتەم: بڵاوكردنەوەی ھۆشیاری لە پسپۆران و كەنالەكانی راگەیاندن هەشتەم: توندكردنەوەی سزای سەرپێچی كاران لە رێنماییانەی دواتر دەردەكرێن بە شێوەی فەرمی.
هاوڵاتی دادگای فیدڕاڵی ئەمڕۆ دوشەممە داواکارییەکی د.یوسف محەمەد سادق، ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراقی رەتکردەوە کە داوایکردبو تا یەکلاییکردنەوەی سکاڵای تایبەت بە نایاساییبونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، کارەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیش رابگیرێت. د.یوسف محەمەد سادق، ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق لەبارەی رەتکردنەوەی داواکارییەکەی لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە رایگەیاند، لە 7/ 11/ 2022 داوایەکی لەبەردەم دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار کرد لەسەر نادەستوری بونی یاسای بەردەوام بونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان- عێراق ژمارە (12)ی ساڵی 2022. داواکە بە ژمارە (248/ فیدڕاڵی/ 2022) رێڕەوی دادبینیی خۆی وەرگرتوە. وتیشی، "پاساوی دادگا بۆ رەتکردنەوەی دەرکردنی فەرمانە سالارییەکە بریتییە لەوەی کە دەرکردنی فەمانەکە سیفەتی پەلەی نییە، وا لێک ئەدرێتەوە کە بڕیاری پێشوەختە بێت سەبارەت بە داوا سەرەکییەکە کە بریتییە لە نادەستوری بونی یاسای تانەلێدراو و درێژ کردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستان". لە وەڵامیشدا دادگای فیدڕاڵی بڕیاری خۆی سەبارەت بە داوا ھاوپێچەکەی د.یوسف محەمەد سادق بڵاوکردۆتەوە و تیایدا دەرکردنی فەرمانی سالاریی رەتکردەوە بۆ وەستاندنی کاری سەرۆکایەتیی پەرلەمان تا دەرچونی دوا بڕیاری دادگا سەبارەت بە کۆی داواکە لەسەر "نادەستوری بونی درێژ کردنەوەی ماوەی پەرلەمان."
