هاوڵاتی ئەڵمانیا گۆڕانکاری لە یاساکانی پێدانی رەگەزنامەدا دەکات و کۆچبەران بە سێ ساڵ دەتوانن ببنە خاوەنی پاسپۆرتی ئەڵمانی. رۆژنامەی بیڵد لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا کار لەسەر رەشنووسە یاسایەک دەکات، کە رێگە بەو بیانییانە دەدات کە لە ئەڵمانیا نیشتەجێن، لە جیاتی هەشت ساڵ، دوای پێنج ساڵ داوای رەگەزنامە بکەن، هەروەها ئەوانەشی کە پاسپۆرتی وڵاتێکی دیکەیان هەیە بە هەمانشێوە دەتوانن داوا بکەن. بەپێی راپۆرتەکە، ئەو منداڵانەی لە ئەڵمانیا لە دایک و باوکێکی بیانی لە دایکبوون، ئەگەر دایکەکە یان باوکەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ دانیشتووی ئەڵمانیا بووبێت ئەوا راستەوخۆ رەگەزنامەیان پێدەدرێت. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر کۆچبەران و کەسانی بیانی داواکاری رێوشوێنەکانی تایبەت بە پەنابەرانیان تەواوکردبێت، تەنیا دوای سێ ساڵ دەتوانن داوای پاسپۆرتی ئەڵمانی بکەن. هەر بەپێی چاکسازییەکان، ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەروو 67 ساڵەوەیە، چیتر پێویست ناکات تاقیکردنەوەی زمانی ئەڵمانی بە نووسراو بکەن، تەنیا هەڵسەنگاندنی زارەکی بەس دەبێت بۆ بە دەستهێنانی مافی هاووڵاتیبوون. جێگەیباسە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، هێشتا گفتوگۆ لەسەر ئەو پێشنیازانە دەکەن، "تا ئێستا هیچ شتێک یەکلایی نەبووەتەوە."

هاوڵاتی بارەگای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شاروچکەی شەدادی سەر بە حەسەکە کرایە ئامانج و باس لەوە دەکرێت، ئێران لە پشت هێرشەکەوە بێت. مەرسەدی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە ناوەندەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، ئەمڕۆ 26ی تشرینی دووەم، ئاماژەی بەوەکرد، دوێنێ ئێوارە، بارەگای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە شاروچەکی شەدای سەر بە کانتۆنی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان رووبەرووی هێرشی مووشەکی بووەتەوە. مەرسەدی سوری دەڵێت، دوو مووشەک ئاڕاستەی بارەگاکە کراوە، بەڵام زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە. باسی ئەوەش دەکات، بەگوێرەی بەدواداچوونەکانیان، دەرکەوتووە، بە ئەگەرێکی زۆر، میلیشیاکانی سەر بە ئێران، هێرشەکەیان ئەنجام دابێت. لەگەڵ زیادبوونی، هێرشەکانی تورکیا و ئێران لە ناوچەکەدا، مەترسی لەسەر کارمەند و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا زیادی کردووە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا کە دوو رۆژ لەمەوبەر لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بڵاویکردبووەوە، وێڕای ئەوەی داوای کۆتاییهێنان بە هێرشەکان کردبوو، ئاماژەی بەوەش دابوو کە هێرشەکان مەترسی جددی لەسەر کارمەند و هێزەکانیان لە ناوچەکەدا دروست دەکەن.

هاوڵاتی لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە تاوەکو ئێستا کە ١٦ی ئەیلولی ئەمساڵ بەهۆی کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردی شاری سەقز لە تارانی پایەختی ئێران ئێرانەوە لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە کوژرا، ١٠٤ کورد کوژراون. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئاماری کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە بە گشتی تاوەکو ئێستا ١٠٤ هاوڵاتی کورد کوژراون کە ١١ منداڵیان تێدایە. بەگوێرەی ئامارەکە، ٤٢ کەس لە ورمێ، ٣٤ کەس لە سنە، ٢٠ کەس لە کرمانشان، کەسێک لە ئیلام، پێنج کەس لە تاران، کەسێک لە خوراسانی باکور، کەسێک لە قەزوین و کەسێکیش لە کەرەج کوژراون. لەلایەکی دیکەوە، رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران باس لە کوژرانی ٤٢٠ کەس لە سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن و دەڵێن، نزیکەی ٢٠ هەزار کەسیش دەستگیرکراون. دوێنێ ٢٥ی تشرینی دووەم، ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ و کوشتنی هاوڵاتیان لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەوڵەتەوە بە شێوەیەکی نائاسی کۆبووە. زۆربەی دەوڵەتانی بەشدار لە کۆبونەوەکە، داواین کرد، کۆمیتەیەکی لێکۆلینەوە بۆ رووداوەکان و کوشتنی هاوڵاتیان پێکبهێنرێت، بەڵام چەند وڵاتێک پشتگیریان لە ئێران کرد و دەست پێکردنی لێکۆلینەوەیان لە دۆخی ئێران رەت کردەوە.

هاوڵاتی میدیایەکی فەڕەنسی ئاشکرای دەکات ئەو چەکە ساچمەییانەی کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەرکوتی خەڵک و خۆپیشاندەران بەکاری دەهێنن، لە وڵاتانی ئەوروپا بەرهەم دەهێنرێت. تەلەفیزیۆنی فڕانس 24 لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردوە ئەو چەکە ساچمەییانە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەکاردەهێنرێن دروستکراوی فەڕەنسا و ئیتاڵیایە و لە ساڵی 2011 گەیشتوەتە دەست هێزە ئەمنییەکانی ئێران. لە راپۆرتی ئەو تەلەفیزۆنەدا هاتوە؛ لە نۆ شاری ئێرانەوە وێنەی ئەو گوللـە ساچمەییانەیان بۆ ئەوروپا ناردەوە کە دەیسەلمێنێت ئەو گوللـە بەکارهێنراوانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، دروستکراوی وڵاتانی ئەوروپایە. بە پێی راپۆرتەکە زۆربەی ئەو گوللـە ساچمەییانە ناوی (چدیت) لەسەریان تۆمار کراوە کە لە دو کارگەی ئیتاڵیا و فەڕەنسا دروست دەکرێن. پێشتر 270 پزیشیک و پسپۆڕی چاو لە ئێران بە بەیاننامەیەک هۆشدارییان داوە لەبەکارهێنانی چەکی ساچمەیی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دژی خۆپیشاندەران چونکە ئەو چەکە زیانی زۆری بە چاوی خۆپیشاندەران گەیاندوە. ئەو پزیشکانە ئاشکرایان کردوە لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا 580 کەس رویان لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە چاو کردوە و لەو ژمارەیەش هەندێکیان چاوێک یان هەر دو چاویان لەدەستداوە و تەنانەت پزیشکان ناچاربون بە تەواوەتی چاوی ژمارەیەک کەس دەربکەن بۆ ئەوەی روبەڕوی هەوکردن نەبنەوە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە رایگەیاند، بەهۆی لێڵبوون و قوڕاوبوونی ئاوی زێی بچووکەوە دابەشکردنی ئاو بۆ شاری کۆیە وەستێندراوە. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، لە هەوڵدان و ئێوارەی ئەمڕۆ کێشەکە چارەسەر دەکەن. رۆژی شەممە، 26-11-2022، تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە رایگەیاند، دابەشکردنی ئاوی ماڵان بەهۆی بارانبارین و زۆربوونی ئاوی زێی بچووکەوە راگیراوە. قایمقامی کۆیە گوتیشی: "کە ئاوی رووبارەکان زیاد دەکەن، لێڵبوون روودەدات. تیمەکان لە هەوڵدان بۆئەوەی تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ کێشەکە چارەسەر بکەن". هاوکات دوێنێ لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە رایگەیاند: "پڕۆژەی ئاوی تەقتەق- کۆیە و پرۆژەی ئاوی بۆگد - کۆیە وەستێندراوە، ئەوەش بەهۆی ئەو بارانبارینە بەخوڕەی چەند شوێنێکی گرتووەتەوە و بووەهۆی لێڵبوونی ئاوی زێی بچووک، کە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی پاکە بۆ قەزای کۆیە و بەشێک لە شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەری". ئاماژەی بەوەشداوە، بۆیە بە ناچاری هەردوو پرۆژەی دابین کردنی ئاوی پاک بۆ شاری کۆیە رابگیرێن بەهۆی ئەوەی رێژەی لێڵێ ئاو(NTU) لە سەرووی ١٠ هەزارەوەیە کە ئەم رێژەیەش زۆرە و فلتەرەکانی پاڵاوتی ئاو ناتوانن کاری خۆیان ئەنجام بدەم وە ئاوەکە شیاونیە بۆ خواردنەوە. دەشڵێت، "داواکارین لە هاولاتیانی شاری کۆیە بەوریاییەوە ئاو بەکار بهێنن تاوەکو ئەو کاتەی ئاوی زێی بچووک روون دەبێتەوە پڕۆژەکان دەکەونەوە کار". جێگەی باسە هەردوو پڕۆژەی ئاوی بۆگد – کۆیە و تەق تەق ئاو بۆ نزیکەی ۱۰۰ هەزار هاوڵاتی کۆیە دابین دەکەن.

هاوڵاتی بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، ئەمڕۆ کاریگەرییەکانی بەردەوام دەبێت و لە هەندێک کاتدا بارانی بەلێزمە دەبارێت بەرێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم راگەیندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ شەممە ئاسمان لە ناوچەکانی هەرێم هەور دەبێت و هەندێک کات بە پچڕ پچڕی باران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکان لێزمە باران دەبارێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە رۆژانی رابردوو یەک بۆ سێ پلە بەرزدەبنەوە. ئاماژەی بەوەشدا، سبەی یەکشممە ئاسمانی ناوچەکانی هەرێم نیمچە هەوردەبێت و لە بەرەبەیاندا ئەگەری دروستبوونی تەم لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە و پلەکانی گەرما هاوشێوەی رۆژی شەممە دەبێت. بەپێی بەشی پێشبینی لە بەرێوەبەرەیەتی کەشناسی هەرێم بەرزترین پلەکانی گەرمای ئەمڕۆ لە ناوچەکانی هەرێم بەم ریژەیە دەبێت: هەولێر ١٨ سلێمانی ١٦ دهۆک ١٧ کەرکوک ٢٠ هەڵەبجە ١٧ زاخۆ ١٧ سۆران ١٢ گەرمیان ٢٣

هاوڵاتی بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە، هوشداری لە دۆخی کەمپی هۆڵی رۆژئاوای کوردستان دەدرێت کە خانەوادەی چەکدارانی داعشی تێدایە و ٣٣ کۆمەڵە و رێکخراوی بیانی کارەکانیان لە کەمپی هۆڵ هەڵپەسارد. فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا ٢٣ی تشرینی دووەم، کەمپی هۆڵییان لە رۆژئاوای کوردستان بۆردومان کرد. دوای بۆردومانەکە و بەهۆی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە کەمپەکە، ژمارەیەک کەسی سەر بە داعش لە کەمپەکە هەڵهاتن و هێزی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریاش، دەستی بە لێکۆلینەوە کرد بۆ دەستگیرکردنیان. لەمبارەیەوە جیهان حەسەن ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی کەمپی هۆڵی سەربە خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بۆ ئاژانسی هاوارنیوز رایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا مەترسیەکی گەورەیان لە ناوچەکە دروست کردووە، بەتایبەتی مەترسی لەسەر کەمپەکە هەیە. لە کەمپەکە بە هەزاران کەسی سەر بە داعش و خانەوادەکانانیان دەژین، ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن و ئەندامانی داعش هەڵبێن، جارێکی دیکە مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش دروست دەبێت. جیهان حەسەن دەشڵێت، کەمپی هۆڵ بە فەرمی لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکانە. رێکخراوەکانی نێو کەمپەکە لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بێدەنگن و هێرشەکانیان شەرمەزار نەکرد. دۆخی کەمپەکە پەیوەندی بە هەموو جیهانەوە هەیە و هەڵهاتنی داعشەکان مەترسی بۆسەر هەموو جیهان دروست دەکات. ئەو ئەندامەی بەڕێوەبەرایەتی کەمپی هۆڵ ئاشکرای کرد، جگە لە مانگی سوری کوردی و خاچی سوری نێودەوڵەتی، ٣٣ کۆمەڵە و رێکخراوی جیهانی کارەکانیان لە کەمپەکە هەڵپەساردووە. زیاتر لە ٥٣ هەزار کەس، لە ٥٠ وڵاتی جیهانەوە لە نێو کەمپی هۆڵدا دەژین. ٣٠ هەزاریان عێراقی و٢٠ هەزاریان خەڵکی سوریا و نزیکەی ١٠ هەزار کەس خەڵکی وڵاتانی دیکەی جیهانن. دوو هەزار و ٥٠٠ خێزانی داعشی بیانی لە کەمپەکەدا هەن. زۆر جار بەرپرسانی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، داوای هاوکاری لە وڵاتانی جیهان کردووە کە هاوڵاتیەکانیان لە کەمپەکە بگوازنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش بە تەواوی بەدەم ئەو داواکاریەوە نەهاتوون. رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤیش دەڵێت، "تەنها ٢٥ وڵات ئامادەییان دەربڕیوە بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییەکانیان، ئەوانیش زیاتر وڵاتەکانی کازاخستان، کۆسۆڤۆ، روسیا و ئۆزبەکستانە.

هاوڵاتی تورکیا رایگەیاند لە شەڕوپێکدادانێکی سوپا لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە سێ سەربازی سوپاکەی لە هەرێمی کوردستان کوژراوە و چوار سەربازی دیکەشی برینداربو. وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە؛ لە چوارچێوە ئۆپەراسیۆنی چنگ،قوفڵدا پێکدادان لە نێوان سەربازەکانی سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە رویداوە و بەو هۆیە سێ سەرباز کوژراون و چوار سەبازیش برینداربون. ئۆپەراسیۆنی چنگ قوفڵ لە 17ی مانگی نیسانی ئەمساڵ لە ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا لە خاکی هەرێمی کوردستان دژی گەریلاکانی پەکەکە دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە. بە پێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا تا ئێستا تەنها 50 سەربازیی سوپای وڵاتەکە کوژراون و لە بەرامبەردا پەکەکە رایگەیاندوە زیاتر لە دو هەزار سەربازی تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنەدا کوژراون.

ئیمان زەندی كەمی و گرانی نەوت و هاوكارینەكردنی خەڵك لەپێنجوێن خەڵكی قەزاكەی نیگەران كردووە، ناوچەكە ساردەو خەڵك داوای نەوت دەكەن، قوتابخانەكانیان سیستمی گەرمكەرەوەیان نیەو منداڵ هەیە بەهۆی سەرماوە لەقوتابخانە تووشی رۆماتیزم بووە، ئەوان هەفتەی رابردوو خۆپیشاندانیان كرد، بەڵام وەڵام نەدرانەوە، مەرزێكی گەورە وەكو باشماخ دەكەوێتە سنوری قەزاكە بەڵام هیچ داهاتێكی مەرزەكە بۆ پێنجوێن خەرج ناكرێت، پێنجوێن گرفتی زۆرە، هاووڵاتیەك دەڵێت: «كارمەندی بەشی تیشكمان نیە كاتێك ئەشیعەكە دەردەچێت پشكنەرەكە مۆبایلەكامان لێوەردەگرێت وێنەی پشكنینەكە دەگرێت و دەڵێت؛ بیبەرەوە بۆ پزیشك». كاروان عەتیە چالاكی مەدەنی لەپێنجوێن، كەیەكێكە لەئەندامانی دەستەی ناڕازی لەوەرگرتنی نەوت بەنرخی ١٠٣ هەزارو ٥٠٠ دینار، بەهاوڵاتی وت: «ناڕەزایەتیەكە رۆژی ١٩ی تشرینی یەكەم بوو كەویستمان یاداشتێك پێشكەش بەقایمقامیەت بكەین، لەكاتێكدا پێرار نرخی نەوت ٣٠ هەزار بوو پار كرا بە ٥٥ هەزار بۆ ئەمساڵیش كردیان بەدوو هێندە، بەوهۆیەوە خۆپیشاندانی ناڕەزایمان دژی ئەو بڕیارە ئەنجامدا، كەبەداخەوە بێئەنجام بوو»، «بەڵام قایمقام پێی وتین؛ لەگەڵ سەرەوە قسە دەكەم كە لەمساڵدا دوو بەرمیل دابەشبكەن، بەڵام ئێمە پێمان وایە حكومەت كاری واناكات، هەر لەبەر ئەمەیە هاووڵاتیان كۆتاییان هێناوە بەخۆپیشاندان، بەڵام حكومەت دوو بەرمیل نەنێرێت سەرلەنوێ خۆپیشاندان دەكەینەوە، بەناچاری ئەم هەفتەیە نەوت بەو نرخە وەردەگرین» كاروان وا دەڵێ. لەبەرامبەردا زانا رەحمان قایمقامی پێنجوێن بەهاوڵاتی راگەیاند: «بابەتی سووتەمەنی لای ئێمە دوو سەرەیە، سووتەمەنی و دارستانەكانن، ساڵانە بەهەزاران درەخت دەبڕرێنەوە، بۆ ئەمساڵ ئەو نەوتەشی دابەشدەكرێت بەرمیلێكی تەواو نیەو ٢٠٠ لیترە، هاووڵاتی چاوەڕوانی بەرمیلی ٣٠ هەزاری بەغداد بوو دواتر دەركەوت بە ١٥٠ هەزارە، گەر نرخەكەش كەمنەكرێتەوە ناچارین وەریبگرین، چونكە لەسەرەوە دەڵێن ئەم نەوتە بە ٢٨٤ هەزار كڕدراوەو بە پاڵپشتیكراوی حكومەت نرخەكە دابەزیوە، بۆ ساڵەكە هەر ماڵێك سێ بۆ چوار بەرمیلی دەوێت ئەویش بەهاوكاری كارەباكەمان كە ٢٤ كاتژمێرییە». قایمقام دەڵێت: «كێشەی پێنجوێن تەنها سووتەمەنی نیە، زەویە كوشتوكاڵییەكانمان بەبۆمب چێنراون و رووبەرێكی زۆری پاكنەكراوەتەوە بەهۆی سەختی ناوچەكە، پێنجوێن دواكەوتووە لەئاوەدانكردنەوە، گرفتەكانیش كەرتی پەروەردە، تەندروستی، كارەبا، ئاوەڕۆ، رێگاوبان، داهاتی دەروازەو كشتوكاڵە لەگەڵ گەشتیاری»، وتیشی: «گەورەترین گرفتی پێنجوێن قوتابخانەیە، ١٠ هەزار خوێندكارمان هەیە لەگەڵ یەك هەزار مامۆستا، قوتابخانەو مامۆستا بەپێی پێویست نیە، بەشێك لەئاوەدانكردنەوەی پێنجوێن بەهۆی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانەوە بوو كەدوو ملیار دینار بوو لەدوای ٢٠١٤ یەك سەنت لەو بودجەیەمان وەرنەگرتووە، بەم بڕەش یەك قوتابخانەی پێ دروستناكرێت»، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: «هەموو كێشەكانی پێنجوێن پەیوەندیدارن بەیەكەوە كەقوتابخانەو رێگاوبان باش نەبوو تەندروستیش باش نابێت، هەشت ساڵە نەمانتوانیوە یەك كارمەند بۆ كەرتی تەندروستی و پەروەردە دابمەزرێنین. سیستەمی گەرمكەرەوەش لەقوتابخانەكاندا بەپێی پێویست نیە، منداڵ هەیە تووشی رۆماتیزم بووەو تەندروستیەكەشی لەسەر داناوە، بەداخەوە لەسەر ئاستی وەزارەت نەمبینیوە كەسێك بێت هەڵسەنگاندن بۆ كێشەكانی قەزاو ناحیەكەمان بكات». د.خالید عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستی پێنجوێن بۆ هاوڵاتی وتی: «نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن هەر لەسەرەتاوە تایتڵەكەی هەڵەیە، چەندین ساڵ هەوڵمانداوە ناوەكەی بگۆڕین بۆ دەزگا یان بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پێنجوێن بەڵام فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی هاوكار نەبووە، سێ مەڵبەندی تەندروستی هەیە گەرمك و ناڵپارێزو باشماخ كە ٢٤ كاتژمێرین لەگەڵ نەخۆشخانەیەكی گشتی ٥٠ قەرەوێڵەیی و ١٤ بنكەی تەندروستی، چەند بنكەیەك داخراون لەگەڵ نەخۆشخانەی كۆرۆنا»، وتیشی: «بەشی بووژانەوەی دڵ و شۆردنی گورچیلە لەگەڵ چاودێری وردو بەشی منداڵبوون كەموكوڕی تێدایە هۆكارەكەشی كەمی كارمەندو پزیشكە لەگەڵ ئەوەی دامەزراندن نیە ناوچەیەكی دوورە دەستە، پێدەچێت تەندروستی سلێمانیش فشاری زۆر نەكات بۆ ناردنی پزیشك بۆ دەرەوە، هەرچی ئامێرەكانیشە باشە، بەڵام ئامێری ناكوزری و سیتی سكان (تەنوری)مان نیە، هۆڵەكانی نەشتەرگەریش تاڕادەیەك باشە بۆ حاڵەتی كتوپڕ، بەڵام گرفتی كەمی جل هەیەو هەفتانەش نەشتەرگەری پێویست دەكرێت»، دەڵێت: «سێ بینای سەرەكیمان هەیە، بەڵام بینا گشتیەكە وێرانەو كێشەی گەرمكەرەوەی هەیە، ئەوە نزیكەی حەوت ساڵە نووسراومان كردووە بۆ نۆژەنكردنەوە، بینایەكی خێرخوازیمان بۆ كراوەتەوەو لۆدی كەمكردووەتەوەو زۆربەی پزیشكەكان لەوێ نەخۆش دەبینن، هەروەها هیچ پڕۆژەیەكی نوێ بۆ بینا لەئاردا نیەو هیچ بڕیارێكیش نیە، بەلایەنی كەمەوە ٥٠ بۆ ٦٠ كارمەندی گرێبەستمان هەیە، بەشێكی زۆر لەكارەكان بەخۆبەخش پڕكراوەتەوە كەژمارەیان ٢٥ بۆ ٣٠ خۆبەخشە. محەمەد جەلیل، بەڕێوەبەری رێگاوبانی سلێمانی بەهاوڵاتی وت: «دوو ساڵە ئەركی رێگاوبانی ئەو قەزایەمان گرتووەتە دەست، دەرخستەمان بۆ كردووە كێشەكە ئەوەیە رێگای لادێكان زۆرن، بۆ گوندەكان هیچ پارەیەك تەرخاننەكراوە، یەك كیلۆمەتر ١٣٠ بۆ ١٥٠ ملیۆن دیناری تێدەچێت كەبریتیە لەچینێك تێكەڵەو قیر بەپانتایی شەش مەتر، پڕۆژەی دووسایدكردنی نێوان باشماخ بۆ پێنجوێن یازدە ملیار دیناری دەوێت بۆ تەواوكردنی، داوای ئەو كوژمەمان كردبوو، بەڵام رەزامەندی لەسەر سێ ملیار هاتووەتەوە، ئەو بڕەش وەكو پێویست خەرجناكرێت بۆ بەڵێندەر چونكە نەختینە نیە لەبانكەكان، نزیكەی ‏٧٥٪ تەواو بووەو چینی سێیەمی قیری ماوەو كۆمپانیای (ئێم ئای تی سی) میلادی ئێرانی جێبەجێی دەكات، هەر سایدێكی هەشت مەترو ٢٨ سم پانەو ١٠ كیلۆمەترە»، دەشڵێت: «هیچ پڕۆژەیەكی رێگاوبان بۆ دەروازەی سەیرانبەن و گەرمك دەرنەچووە لەكاتێكدا پێویستیەتی، بەڵام زیاتر كوژمە بۆ پڕۆژە بەردەوامەكان خەرج دەكرێت، پڕۆژە نوێكان هیچی بۆ تەرخاننەكراوە. هاوكات لەبەرامبەردا زانا رەحمان وتی: «تەواونەكردنی دووسایدكردنی باشماخ بۆ پێنجوێن و راوەستانی بووە بەسەرئێشەیەكی گەورە، بۆ ئێمە پردێكی یەكتربڕی ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ مەتری تێدایە كەپێنجوێن گەرمك بەیەكەوە دەبەستنەوە، ساڵ و نیوەكە نەتوانراوە قیربكرێت كەئاستەنگی زۆری بۆ هاتوچۆو باركردنی كشتوكاڵ دروستكردوە، رێگای پێنجوێن بۆ سلێمانیش كە یەك سایدەو بارهەڵگرەكانی لەسەرە نەكراوە بەدووساید. هاوكات سامان كەریم، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی پێنجوێن باس لەگرفتەكانی كەرتی كشتوكاڵی قەزاكە بۆ هاوڵاتی دەكات و دەڵێت: «لەبەرئەوەی كشتوكاڵ تایبەتە بەخودی جوتیارەوە خۆیان پێی هەڵدەستن و حكومەت پڕۆژەی كشتوكاڵی نییە، بەمەش هیچ كاریگەری لەسەر داهاتی پێنجوێن نییە، بەرهەمە كشتوكاڵییەكان زیاتر بەروبوومی هاوینەن لەسنورەكەمان، ئەوانیش وەكو (شووتی، تەماتە، كاڵەك، خەیار، پەتاتە، بیبەرو كولەكە)یە، هەندێك بەرهەمی دی دەكرێت بەڕێژەی كەم وەكو (پیازو لۆبیاو نۆك و نیسك)، تائێستا بەرهەمی قەزاكەمان تەنها هەناردەی ناوچەكانی خوارووی عێراق كردووە، ئەویش لەڕێگەی هاووڵاتیانی عەرەبەوەیە. لەبارەی ساغنەكردنەوەی بەرهەمەكانیان وتی: «بەهۆی رێكنەخستنی رۆژژمێری بەرهەمەكانەوەیە لەنێوان هەرێم و بەغداد، ئەمە وایكردووە لەكاتی پێگەشتنی بەرهەمی ناوچەكانی عێراق لەسنوری هەرێم مەرز كراوەبێت و بەپێچەوانەشەوە، بەمە كاریگەری لەسەر ساغنەبوونەوەی بەرهەمی جوتیاران هەبووە یاخود فرۆشتنی بەنرخێكی كەمتر، باج وەرناگیرێت بەڵام ساڵانە وەك بەڕێوەبەرایەتیمان بەهاوكاری قایمقام پشتگیری جوتیاران دەكرێن هەتاوەكو رێگری لەبەرهەمەكەیان نەكرێت و بیسەلمێنن كەناوخۆییە، بەڵام لەبازگەكانی كەركوك و خانەقین 10 بۆ 20 هەزار وەرگیراوە لەخاوەن بارەكان». هەروەها كاروان عەتیە چالاكوانی مەدەنی لەبارەی گرفتەكانی ناوچەكەی بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «كێشەی نەپاراستنی دارستانەكانمان هەیە، لەبەر نەبوونی سووتەمەنی چەندین قوتابخانەی لادێكان چۆڵكراوەو قوتابخانە هەیە مەڕوماڵاتی تێدا بەخێودەكرێت، هۆكارێكی تر داخستنی مەرزە لاوەكییەكانە، لەكەرتی تەندروستیش پزیشكی ژنانمان زۆر كەمە، كارمەندی بەشی تیشكمان نیە كاتێك ئەشیعەكە دەردەچێت پشكنەرەكە مۆبایلەكامان لێوەردەگرێت و وێنەی پشكنینەكە دەگرێت و دەڵێت؛ بیبەرەوە بۆ پزیشك، داخستنی مەرزی شایەنونشیاو زیاتر لە ١٠ دێی ئاوەدانكردبووەوە، بەڵام دەڵێن بەهۆی باری قاچاخیكردنەوە داخراوە، دەروازە داخراوەكان كونەمێرو سیاگوێزو بایەڵانەن، ...هتد، «، ناوبراو راشیگەیاند: «هەلیكار بۆ گەنجان نەماوە تەنانەت كرێكاریش، هەرچی تۆڕەكانی ئاویشە وێرانە كارەبا ببڕێت ئاو نامێنێت، بەو هۆیەوە ناتوانن خەزانەكانی ئاو پڕبكەن، بەڕێوەبەریش پێمان دەڵێت مۆلیدەیان لێ قەدەغەكردوین، زۆربەری خەڵك پشتی بەبیر بەستووە. سەبارەت بەنەبوونی بودجە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پێنجوێن، قایمقام دەڵێت: هیچ داهاتێكی مەرزەكان نەدراوە بەئێمە گرفتی خزمەتگوزاری پێ چاك بكەین چەندینجار یاداشتمان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزكردووەتەوە چونكە ئەو ناوچەیە نەوتی لێدەردەهێنرێت بەناوی پتڕۆ دۆلار بەشێكی بۆ سنوری ئەو قەزایەیە، لەبەرامبەردا پێیان راگەیاندین یاسای پێویستە لەپەرلەمان بەداخەوە ئەو یاسایە تائێستا دەرنەچووە»، راشیگەیاند: «پڕۆژەی نوێمان نیە، هەموو پڕۆژەكانی تریش وەستاون، بڕیابوو رێگای ناو پێنجوێن و ناحیەی ناڵپارێزو گوندێك لەگەرمك لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان نۆژەن بكرێتەوە، بەڵام هەر رەقەمە، ئەو پڕۆژانەشی كە لەسەر بودجەی نەوت بوو ئەویش وەستێنراوە كەڕێگایەكی ستراتیژیە لەسەدا ٦٠ی تەواوبووە، هەموو پڕۆژەكان زیاتر لە ١٣ ملیار دیناری دەوێت»، دەشڵێت: «لەڕووی گەشتیارییەوە نەمانتوانیوە هیچ خزمەتگوزارییەك پێشكەش بكەین و دوو پڕۆژەی گەشتیاری سەیرانگای سێساكان و سێگوانە وەستێنراوە، سەیرانگای گۆڵێشمان هەیە هیچ خزمەتگوزاریەكی نیە بەڵام گەشتار دێت بۆ یاری خلێسكێنە، دوو خزمەتگوزاری ئاگركوژێنەوەمان پێویستە بۆ ناحیەی ناڵپارێزو گەرمك، هەرچی گرفتی كارەباشە یەك چاكسازی كارەبامان هەیە، ئەویش لەناو پێنجوێنە نزیكەی ١٥٠ گوندی لەسەرە.  

عەمار عەزیز ئاوارەکانی دەرەوەی کەمپ لەسنوری پارێزگای دهۆک ماوەی پێنج ساڵەنەوت یان وەرنەگرتووە،ئەوەش بە بیانۆی نەوت بەشی هەمووان ناکەت و لەدەرەوەی کەمپ دەژین. سێڤێ عەڤدۆ، خەڵکی ناحیەی سنونە زیاترلە هەشت ساڵە لە کۆمەڵگای شاریا سەر بەقەزای سێمێل دەژیت بە هاوڵاتی ی وت"لە 2014تاوەکو ئێستا تەنیا دوو جار نەوت مان وەرگرتووە، زیاترلەپێنج ساڵە هەموو ساڵێک لەسەر حسابی خۆمان دەکڕین،کەدەبێتە زستان دۆخی ژیانمان دووئەوەندە قوڕس دەبێت،چونکە ناتوانین بڕێکی زۆر لەنەوت بکڕین بوویە زۆر بە لەحێف وبەتانی خۆمان گەرمدەکەینەوە" سێڤێ،خاوەنی هەشت منداڵە،پیاوەکەی هیچ مووچەیەکی نیە و بژێوی ژیانیان لەسەر کرێکاری یه،سێڤێ زیاتر دەڵێ"دەیانجار داوامانکردوە بەلایەنی کەمی نەوت بۆمان دابین بکەن بەڵام بێسوود بووە، ئەمساڵ یەک بەرمیل سەرووی250هەزار بەدڵنیایەوە لەتواناماندانیە بکرین" ئاوارەکانی شنگال ونەینەوا لە2014 لە دهۆک دەژین ئێستا ژمارەیان بەم شێوەیەیە: ئاوارەکانی ناوکەمپ 26هەزار و 963خێزانن کەله15کەمپ دەژین، ئاوارەکانی دەرەوەی کەمپ 38هەزارو225خێزان، کۆی گشتی دەبن بە65هەزار و188خێزان.      

هاوڵاتی ژمارەیەک لە پزیشکانی پسپۆڕی چاو لە ئێران بە بەیاننامەیەک هۆشدارییان داوە لەبەکار‌هێنانی چەکی ساچمەیی دژی خۆپیشاندەران و بە پێی ئامارەکانیش نزیکە 600 کەس چاویان روبەڕوی زیانی زۆر بوەتەوە. 270 پزیشک و پسپۆڕی چاو لە ئێران هۆشداراییان داوە بەهۆی بەکارهێنانی چەکی ساچمەیی زیانی زۆر بەو کەسانە گەیشتوە کە هێزە ئەمنییەکان بەو جۆرە چەکە تەقەیان لێکردون و تا ئێستا نزیکەی 580 کەس یان چاو یان هەردوچاویان لەدەستداوە. هەروەها 140 پزیشکی پسپۆڕی چاو لە نامەیەکدا ئەو ئەنجومەنی پزیشکانی چاو لە ئێران ئاشکرایان کردوە ژمارەیەک زۆر لە گەنجان و لاوان بە چەکی ساچمەیی چاویان پێکراوە و ئاستی زیانەکانی ئەو چەکەش بەڕادەیەکە کە لە زۆر حاڵەتدا ناچار بە دەرهێنانی ئەو چاوانە بون کە بەرکەوتەی چەکی ساچمەیی بون. هاوکات پێشتر نەخۆشانەی فاڕابی کە تایبەتە چاو ئاشکرای کردبو کە 400 کەس بەهۆی چەکی ساچمەی یان چاوێک و لە هەندێک حاڵەتیشدا هەردووچاویان لەدەستداوە. جێگەی باسە چەکی ساچمەیی هەر گولـلەیەکی زیاتر لە 100 ساچمە لەخۆی دەگرێت و هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیش بۆ هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران ئەو چەکە مەترسیدارە بەکاردەهێنن. تکایە وێنەکان کەمێک هەستیارن ئاگادار بن    

هاوڵاتی دەزگای روانگە براوەکانی خەڵاتی روانگەی بۆ 10 بەشی جیاواز راگەیاند. ئەمڕۆ هەینی، 25-11-2022،  دابەشکردنی خەڵاتەکانی دەزگای روانگە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو. لەو بەشداربووانەی کە بەرهەمیان پێشکێشی دەزگاکە کردووە 566یان کوڕ و 297یان کچن. لە 10 پارێزگا و شاری جیاواز 36 کەس بەربژێر بوون بۆ بردنەوەی خەڵاتەکانی دەزگای روانگە. بەشەکانی ئەمساڵ بریتین لە: دەستپێشخەری کار، داهێنانی زانستی، پرۆگرامسازی، کورتە چیرۆک، هۆنراوە، وێنەکێشان، کورتە فیلم، هونەری ریسایکلین، تاکژەنینی میوزیک و فۆتۆگرافی.   ناوی براوەکانی خەڵاتی ڕوانگە بۆ بەشە جیاوازەکان بەم شێوەیەیە: براوەکانی خەڵاتی روانگە بۆ شیعری عەرەبی:   - جەواد محەممەد عەلی - یەکەم - حوسێن عەلی ساحێب - دووەم - سەیدۆ ئەحمەد حەسۆ - سێیەم  براوەکانی خەڵاتی روانگە بۆ شیعری کوردی:  - خەڵات زرار کازم- یەکەم - رۆژ مستەفا عەبدوڵڵا - دووەم - عەلی فارس حوسێن  - سێیەم  براوەکانی خەڵاتی روانگە بۆ وێنەکێشان:  - محەممەد مخلف عەبدولڕەزاق- یەکەم - کەمەند کامەران مەحموود - دووەم - ئەمیر داود محەممەد عەلی - سێیەم  براوەکانی خەڵاتی روانگە بۆ پرۆگرامسازی:   - عەبدولهادی عەباس عەبدوڵڵا - یەکەم - ئەمین سیروان سابیر - دووەم - هەسار شوان عەبدوڵڵا - سێیەم  براوەکانی خەڵاتی روانگە بۆ کورتە چیرۆک – عەرەبی:   - ئەسما مەهدی رازی - یەکەم - دەلال بەشار عەبدوڵڵا - دووەم - عەلی ئەکبەر جەواد شەهیب - سێیەم  براوەکانی خەڵاتی روانگە بۆ کورتە چیرۆک - کوردی:   - نازیلا پێشڕەو حوسێن - یەکەم - بینایی عیزەدین عەلی - دووەم - رەیان رەمزی ئادەم - سێیەم  براوەکانی خەڵاتی روانگە بۆ تاکژەنی:  - بڵند مەهدی عەبدوڵڵا - یەکەم - پەری چالاک سدیق - دووەم - عومەر مەحموود حەبیب - سێیەم  براوەکانی خەڵاتی روانگە بۆ داهێنانی زانستی:   - کاردین کاروان عەلی- یەکەم  - نینار ئاراز لەتیف - دووەم  - عەلی سامی سەیدە - سێیەم   براوەکانی خەڵاتی روانگە بۆ فۆتۆگرافی:  - موقتەدا کازم سبات - یەکەم - عەلی قاسم سەهیود - دووەم - مەحموود عۆدە جاسم - سێیەم  براوەکانی خەڵاتی روانگە بۆ هونەری ریسایکلکراو:   - عەلی جەمال کازم - یەکەم - دڵشاد شیمال محەممەد - دووەم - سیدرە محەممەد رافع - سێیەم  براوەکانی خەڵاتی روانگە بۆ کورتە فیلم:   - شەهد فەرەیدوون محەممەد - یەکەم - سەرهات نەریمان خەمۆ - دووەم - رێزدار کەریم حەمەدئەمین - سێیەم    

هاوڵاتی لە شارەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەستی پێکردەوە پشتیوانیی لە کورد کرا و پێشەوای سوننەکانیش لە زاهیدان رایگەیاند وەڵامی دەسەڵاتی ئێران بۆ کورد نابێت کوشتن بێت. دوای بەڕێوچونی نوێژی هەینی لە شارەکانی زاهیدان و خاش و سەراڤان و ئێرانشەهر لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشوری رۆژهەڵاتی ئێران خۆپیشاندان بۆ پشتیوانیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوچو و خۆپیشاندەرانی بەلوچ بە زمانی کوردی رایانگەیاند " کورد تەنها نییە و بەلوچ پشتیوانییە". خۆپیشاندانەکانی ئەو پارێزگایە بەهۆی تەقەی زۆری هێزە ئەمنییەکانەوە بریندار و کوژراوی لێکەوتەوە و سەرچاوەکانی هەواڵ کوژرانی چوار کەس و برینداربونی دەیان کەسیان بڵاو کردوەتەوە. مەولەوی عەبدولحەمید، پێشەوای سوننەکان و پێشنوێژی مزگەوتی زاهیدان لە وتاری ئەمڕۆیدا پشتیوانیی خۆی بۆ کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند؛ کوردەکان هاوشێوی بەلوچەکان بە باشترین شێوە نیشتیمانی خۆیان پاراستوە و ناکرێت دەسەڵات وەڵامی ناڕەزایەتییەکانیان بە کوشتن و خوێنڕشتن بداتەوە. عەبدولحەمید وتیشی: بەهۆی توندوتیژییەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە هەلی چاکسازی لەبارچوە و دەبێت هەوڵی گۆڕانکاریی بدرێت. لە سەرتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان تا ئێستا زیاتر لە 108 کەس لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان کوژراون و هاوکات ژمارەی کوژراوانی رۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستا گەیشتوەتە 105 کەس. ڤیدیۆی خۆپیشاندانەکانی پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان بۆپشتیوانی لە  کوردانی ڕۆژهەڵات            

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە داخستنی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان بڵاوکراونەتەوە سەرجەمیان دوورن لە راستییەوە. ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە راگەیەنراوێکدا، ئەو دەنگۆیانەی  سەبارەت بە داخستنی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان بڵاوکراونەتەوە ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند  سەرجەمیان دوورن لە راستییەوە. ڕاشیگەیاند، جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان ئاساییە، بەڵام بەهۆی لەکارکەوتنی سیستمی هاتووچۆی گەشتیاری ئێرانەوە، ئەمڕۆ هەینی رێکەوتی ٢٥ی ١١ی ٢٠٢٢ هاتوچۆی گەشتیاریی لە دەروازەکە لە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ تا کاتژمێر ٥ی ئێوارە راگیرا. وتیشی لەئێستادا ئەو گرفتە چارەسەر کراوە و هاتوچۆی گەشتیاریش لە دەروازەکە ئاسایی بووەتەوە.    

هاوڵاتی سەرۆکی ئازەربایجان رایگەیاند وڵاتەکی ترسی لە ئێران و مانۆڕە سەربازییەکانی نییە بەڵام هیچ کاتێک دۆخەکە بەم شێوەیە ئاڵۆز نەبوە. ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی وڵاتی ئازەربایجان رۆژی هەینی رایگەیاند؛ باکوو هەموو کاتێک وەڵامی گونجاوی دەبێت بۆ ئەو لێدوان و هەوڵانەی کە دژی وڵاتەکەی دەگیرێتەبەر و ئێران هیچ کات هاوشێوەی ئەم ماوەیە هەڕەشە و بێڕێزیی بەرامبەر ئازەربایجان بەکارنەهێناوە. عەلیێڤ وتی: ئازەربایجان لەسەردەمی سەرۆک کۆماریی محەمەد خاتەمی، مەحمود ئەحمەدی نەژاد و حەسەن رۆحانی، ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئێران لە شێوەی ئێستا نەبوە، چونکە رونە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران دەیەوێت بیروباەڕەکانی بەسەر باکودا بسەپێنێت. ئەو وتوشیەتی رەفتارەکانی ئێران بە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی و بەکارهێنانی زمانی زبر و توند دژی ئازەربایجان جێگەی تێڕامانە چونکە 20 ساڵە هەڵوێستی لەو شێوەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و باکو روی نەداوە. سەرۆکی ئازەربایجان جەختی لەوە کردەوە کە لە بەرامبەر مانۆڕە سەربازییەکانی ئێران، وڵاتەکەی مانۆڕی سەربازیی ئەنجام دەدات و سڵ لە هەڕەشەکانی ئەو وڵاتە ناکاتەوە. لە ماوەی رابردودا ئێران مانۆڕێکی سەربازیی بۆ ماوەی حەوت رۆژ لە سنورەکانی لەگەڵ وڵاتی ئازەربایجان ئەنجام دا و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئیسرائیلی کرد. هاوکات ئێران وڵاتی ئازەربایجان تۆمەتبار دەکات بەوەی ئیسرائیل لە ناو خاکی ئەو وڵاتەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دژی وێستگە ئەتۆمییەکان هێرشی سەربازیی ئەنجام دەدات.