هاوڵاتی مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند، دەرەنجامەکانی هێرشەکانی تورکیا بۆ هەموو جیهان مەترسیدار دەبێت و سەرهەڵدانەوەی داعشی لیدەکەوێتەوە. ژەنەڕاڵ مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە "بی بی سی"ی ئینگلیزیی ڕاگەیاند، ئۆپەراسیۆنی زەمینی تورکیا، سەرهەڵدانەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی لێدەکەوێتەوە. کۆبانێ ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکانی تورکیا دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی دووەم لە سوریا و وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکانی هەسەدە لە دژی داعش. هەروەها وتی، "وەک هاوبەشانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، شەڕمان کرد و شکستمان بە داعش هێنا، بەڵام هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، هەوڵە هاوبەشەکانی هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ئارامی ناوچەکە شکست پێدەهێنێت." فەرماندەی هەسەدە هوشداریدا کە دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی تورکیا راستەوخۆ کاریگەری لەسەر توانای هێزەکانیان دەبێت بۆ پاراستنی ئەو کەمپانەی کە خێزانەکانی داعشی تێدا نیشتەجێیە و دەڵێت، "هێزەکانمان سەرقاڵی پاراستنی گەل و خێزانەکانمان دەبن، بۆیە شەڕڤانان ناتوانن پاسەوانی کەمپەکان بکەین". ئاماژەی بەوەشکرد، “سوپای تورکیا دامەزراوە مەدەنی و خزمەتگوزارییەکانی کردە ئامانج، وەک وێستگەکانی کارەبا و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت. ئەمەش دەتوانێت کۆچی بەکۆمەڵ و ئاوارەبوونی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە. ماوەی هەشت ساڵە شانبەشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شەڕی تیرۆر دەکەین، پێکەوە شەڕمان کردووە بۆ شکستپێهێنانی داعش، بەڵام هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا هەموو دەستکەوتەکان لەناو دەبەن و دەرئەنجامەکانی ئەمە بەڕاستی نەک تەنها بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ هەموو جیهان مەترسیدار دەبێت." قسەکانی مەزلۆم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە لەکاتێکدایە کە دوێنێ، هەسەدە بە فەرمی هەموو چالاکیەکانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشدا راگرت.
هاوڵاتی بهرپرسێكی ئهمنی ئۆكرانی كوژرانی دوو راوێژكاری سهربازی ئێرانی له ههرێمی كریمیا راگهیاند و دووپاتیشیكردهوه، ههموو ئهو ئێرانیانه به ئامانج دهگرین كه دێنه ناو خاكی ئۆكرانیا. ئۆلێكسی دانیلۆڤ سكرتێری ئاسایشی نیشتمانی و بهرگری ئۆكرانیا به رۆژنامهی گاردیانی بهریتانی راگهیاند، دوو راوێژكاری ئێرانی له ههرێمی كریمیا له رێگهی بۆردومانهوه كوژران، كه بۆ هاوكاری سوپای رووسیا و چۆنییهتی بهكارهێنانی فڕۆكهی بێفڕۆكهوانی (شاهد 136)ـی ئێرانی لهوێ بوون. لهمبارهیهوه هیچ بهرپرسێكی ئێرانی ئهو ههواڵهیان پشتڕاست نهكردووهتهوه، وێڕای ئهوهش ژمارهی كوژراوه ئێرانییهكانی ناو ئۆكرانیا تا ئێستا ئاشكرانهكراوه. پێشتریش راپۆرته رۆژنامهوانییهكانی ئیسرائیل بڵاویان كردبووهوه، كه 10 راوێژكاری سهربازی ئێرانی له ئاكامی بۆردومانهكانی سوپای ئۆكرانیا كوژراون. دانیلۆڤ به رۆژنامهی گاردیانی راگهیاندووه، "ناكرێت له شوێنێك بیت، كه بۆت نییه لهوێ بیت". گوتیشی: ئهوان ئاسایشی ئۆكرانیایان وێرانكردووه، بۆیه دهبێت بیانكوژین". لهسهرهتادا ئێرانییهكان رهتی ئهوهیان كردهوه، كه درۆنیان به رووسیا دابێت، پێشتر تاران ئهوهی راگهیاندبوو، درۆنی بچووكیان پێش ههڵگیرساندنی جهنگی ئۆكرانیا داوهته مۆسكۆ. ههروهها تاران رهتی ئهوهش دهكاتهوه كه راوێژكاری سهربازییان ناردبێته رووسیا، دانیلۆڤ لهمبارهیهوه گوتی: "ئێرانییهكان بهردهوامن له رهتكردنهوهی ئهوهی كه درۆنیان به رووسهكان داوه، ئهمه پهیوهسته بهكات، ههموو شتێك له داهاتوو ئاشكرادهبێت". دهشڵێت: "گوماندهكرێت تاران مووشهكی بالیستیشی به رووسیا دابێت".
هاوڵاتی گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، "هەڵوێستى تاکڕەویى دوژمنکارانە و دنەدەر" جا لەلایەن کۆمارى ئیسلامیى ئێرانەوە بێت یان تورکیا، لە بەرژەوەندیى پەیوەندى هاوبەشی نێوانیاندا نییە. هۆشداریش دەدات بۆردوومانەکانی ئەو دوو وڵاتە، هەوڵەکانى بنبڕکردنى تیرۆر لە ناوچەکە پەرت دەکات و ئەوەش "لە بەرژەوەندى هیچکام" لە لایەنەکانى ناوچەکە نییە. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق بە ئاژانسى فرانس پرێسی راگەیاند: بۆردوومانەکانى ئێران و تورکیا هەوڵەکانى بنبڕکردنى تیرۆر پەرت دەکات لەسەر ئاستى ناوچەکە و هەوڵەکان لە کارى لەپێشینەى دیکەدا بە فیڕۆدەچن، کە لە بەرژەوەندیى هیچ کام لە لایەنەکانى ناوچەکە نییە و ئاستى گرژى ناوچەکە بەرزدەکاتەوە، هەروەها کاریگەریى دەبێت لەسەر سرووشتى کارلێکى پەیوەندى نێوان ئێران و تورکیا لەگەڵ عێراق. ئەحمەد سەحاف گوتیشى: "ئێمە لە وەزارەتى دەرەوە پێمانوایە کە هەڵوێستى تاکڕەوى دوژمنکارانە و دنەدەر کە لە کۆمارى ئیسلامیى ئێرانەوە بێت یان لەلایەن تورکیاوە لە بەرژەوەندى پەیوەندى هاوبەشی نێوانمان نییە، ئەوە جگە لەوەى کە ئاوێنەى تێڕوانینێکى ئاشتەوایی نابێت، کە خزمەتى هەموو لایەک بکات لەسەر بنەماى رێزگرتنى دراوسێیەتى و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان."
هاوڵاتی رێکخراوی یونیسێف سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، منداڵان لەسەدا ٤٠ی تووشبووانی کۆلێرا لە هایتی پێکدەهێنن. بەڕێوەبەری نووسینگەی پرۆگرامە فریاگوزاریەکانی رێکخراوی یونیسێف، مانوێل فۆنتێن لە کۆتایی سەردانەکەی بۆ هایتی کە چوار رۆژی خایاند، رایگەیاند: "کۆلێرا و بەدخۆراکی هۆکاری زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدانی منداڵانن لە هایتی". گوتیشی: "لە هەر پێنج تووشبووی کۆلێرا لە هایتی، دوو تووشبوو کە دەکاتە لەسەدا ٤٠ منداڵن". بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەر ١٠ تووشبووی کۆلێرا لە هایتی، نۆ حاڵەت لەو ناوچانە تۆماردەکرێن کە منداڵان تیایدا بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن. ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها گوتی: "لە هایتی لەئێستادا، سێ مەترسی لەسەر ژیانی منداڵان هەیە کە بریتین لە بەدخۆراکی، کۆلێرا و توندوتیژی چەکداریی". بەڕێوەبەری نووسینگەی پرۆگرامە فریاگوزاریەکانی یونیسێف، مانوێل فۆنتێن لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، سکچوونی توند و رشانەوە منداڵ وشک و لاواز دەکات تا ئەو رادەیەی کە رەنگە پێش پێدانی چارەسەری پزیشکی پێویست گیان لەدەست بدەن". فۆنتەین گوتیشی: "کۆلێرا و بەدخۆراکی تێکەڵەیەکی کوشندەن، یەکێکیان دەبێتە هۆکاری تووشبوون بەوەی دیکە". لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە هایتی لە دووی تشرینی یەکەمەوە، وەزارەتی تەندروستیی هاتیی کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ١١ ملیۆن کەسە، ٢٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان و زیاتر لە ١٠ هەزار و ٦٠٠ حاڵەتی تووشبوونی تۆمارکردووە. قەیران و ئاژاوە لە هایتی لە چەند هەفتەی رابردوودا توندتر بووەتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی گەمارۆی باندە تاوانکارەکان بووە هۆی کەمیی خۆراک، ئاو و سووتەمەنی لە کاتێکدا وڵاتەکە رووبەڕووی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە (کۆلێرا ) بووەتەوە.
هاوڵاتی کەناڵی تەلەڤیزیۆنی ئیخبارییەی سعوودی بڵاویكردهوه،لە سعوودیە دوو کەس بەهۆی باران بارینی بەخوڕەوە گیانیان لەدەستدا و گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی جیددە خۆرئاوای وڵاتەکە راگیرا. هاوکات بەهۆی باران بەخوڕەوە چەندین رێگا و تونێلی ناوچەی مەککەی پیرۆز داخراون. گوتەبێژی دامەزراوەی بەرگریی شارستانی لە ناوچەی مەککەی پیرۆز، محەمەد قارنی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئیخبارییە ئاماژەی بەوە کرد، لە جیددە دوو کەس بەهۆی بارانی بەخوڕەوە گیانیان لەدەستداوە. محەمەد قارنی داوای لە هاووڵاتییانیش کرد لە دۆخێکی زۆر پێویستدا نهبێت له ماڵ نەچنە دەرەوە. کەناڵی ئیخبارییە، زانیاری ژێرئاوکەوتنی چەند گەڕەکێکی شاری جیددەی بڵاو کردەوە و ئەوەی راگەیاند کە دەوامی خوێندنگاکان وهستێندراوه و گەشتی فڕۆکەکان راگیراوە.
تایبەت بە هاوڵاتی کۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی تشرینی دووەم، لەسەر پێشنیاری ئەڵمانیا و ئایسلەندا لە جنێڤ بەڕێوەچوو. مەبەست لەم کۆبونەوەیە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەکە کە لەلایەن ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپاوە ئامادەکراوە، کە تیایدا داوا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ دەکرێت، کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆ بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران پێکبهێنرێت. بەگوێرەی رەشنووسی بڕیارنامەکە کە دوێنێ لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ پەسەندکرا، پێویستە لێکۆڵینەوەکە "ڕەهەندە جێندەرییەکانی پێشێلکارییەکان" لەخۆبگرێت. دەقەکە داوا لە لێکۆڵەران دەکات بەڵگەی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە کۆبکەنەوە، ، شیکاری بکەن و بیپارێزن بۆ لێپێچینەوە لە داهاتوودا. لە سەرەتای ئەم دیدارەدا، ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران لە ئێران بە "ئەنقەست" وەسف کرد. هەروەها بە ئیدانەکردنی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، داوای کرد دەستبەجێ کۆتایی بەم توندوتیژیانە بهێنرێت و ئاماژەی بە دەستگیرکردنی ١٤ هەزار خۆپیشاندەر کرد کە منداڵیشیان تێدایە و وتی، دۆخێکی شۆکهێنەرە. تورک ئاماژەی به وەکرد که لە ناڕەزایەتیەکاندا زیاتر له ٤٠٠ که س کوژراون کە زیاتر له ٥٠ کەسیان منداڵن و وتی: هێزە ئەمنیەکان گولەی راستەقینە، تاپڕ، دەمانچەیان بەکارهێناوە و دەبێت توندوتیژی کۆتایی بهێندرێت. دوای تورک، جاوید ڕەحمان ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: "کەمینەکانی وەک بەلوچ و کورد لە توندوتیژیەکاندا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. ئێستا زیندانەکان پڕن لە هەموو ئەو کەسانەی کە خەون بە ئایندەیەکی باشترەوە بۆ ئێران دەبینن، لانیکەم سزای لەسێدارەدان بەسەر شەش کەسدا سەپێنراوە". ریپۆرتەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند: کوشتن، بێسەروشوێنکردن، ئەشکەنجەدان و پێشێلکارییەکانی دیکەی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا لە ئاستێکی بەرزدا ئەنجام دەدرێن و بۆیە پێویستە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ، میکانیزمێکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ سەبارەت بە ئێران پێکبهێنێت. جاوید ڕەحمان سەبارەت بە ئەدای سیستەمی دادوەری ئێران ئاماژەی بەوەکرد: دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە بری ئەوەی دامەزراوەیەکی سەربەخۆ بێت و هاوڵاتیانیش مافەکانی خۆیان تێیدا ببیننەوە، وەک دەزگایەکی سەرکوتکەر مامەڵە دەکات. ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش، دانیشتنی تایبەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی بە دەرفەتێک بۆ "بەرزکردنەوەی دەنگی خەڵکی ئێران بۆ مافەکانیان" زانی و وتی، ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانن ئاڵای خۆیان لە دژی ئەو نادادپەروەری و لێدان و تەقەکردنە بەرز بکەنەوە کە رژێمی ئێران دەیەوێت بەهۆیەوە ناڕەزایەتیەکان کۆتایی پێبهێنێت. بێربۆک وتی: ئەوانەی بەرپرسیارن لە توندوتیژی لە ئێران بەرامبەر بە ژنان، پیاوان و منداڵان کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە خۆپیشاندانیان کردووە، دەبێ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت." نوێنەری ئەمریکاش کۆبونەوەکەدا وتی: هەموومان بە ترسەوە سەیری رووداوەکانی ئێران دەکەین، بەڵام ئەوەی دەیبینین سنووردارە بەهۆی پچڕانی پەیوەندییەکان کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە سەپێنراوە. داواکارییەکانی گەلی ئێران زۆر سادەن: دەرفەتێکە بۆ قسەکردن و گوێگرتن”. ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئاشکراکردنی ئەو راستیانەی لە ناوخۆی ئێراندا ڕوودەدەن و پشتیوانی لە داواکارییەکانی گەلی ئێران بۆ دادپەروەری و لێپرسینەوە بکەین. لە بەشی پەیوەندیدار بە رێکخراوە ناحکومییەکان، مەحمود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، ڕایگەیاند کە ئێران یەکێکە لە گەورەترین ئەو وڵاتانەی کە لەسێدارەدانی تێدا ئەنجام دەدرێت و هۆشداریی لە "لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی خۆپیشاندەران" دا و وتیشی: دەسەڵاتدارانی ئێران بە سەرۆک کۆماری وڵاتیشەوە، مێژوویەکی دوور و درێژیان لەم بابەتەدا هەیە. بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتی ڕێگریکردن لەم کارەی لە ئەستۆیە”. رەها بەحرەینی، نوێنەری ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی باس لە راستیەکان دەکات. کوشتنی منداڵ راستی نییە. قسەکانی کۆمیسیاری تایبەت، پشتڕاست دەکەینەوە. ئێمە داوای میکانیزمی لێپرسینەوە دەکەین کە دەبوو لە مێژە پێکبهێنرایە." نوێنەرانی هەندێک وڵاتی ئامادەبووی کۆبوونەوەکەش، رەخنەیان لە ڕێبازی توندی لایەنگرانی دەرکردنی بڕیارنامەی دژ بە ئێران گرت و هۆشدارییان دا لە کەڵک وەرگرتن لە پرسی مافەکانی مرۆڤ، بۆ گوشارخستنە سەر وڵاتانی دیکە. خەدیجە کەریمی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری نێودەوڵەتیی نوسینگەی جێگری سەرۆک کۆماری بۆ پرسی ژنان و بنەماڵە، لە کۆبونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤدا ڕایگەیاند: بانگەشە و هاوسۆزی ئەڵمانیا، کە چەکی کیمیایی بۆ ڕژێمی سەدام دابین کردووە بۆ ئەوەی لە دژی گەلی ئێران بەکاری بهێنێت ، بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی زیاتر لە ١٠٠هەزار کەس، دوورە راستی و دووڕووییە. نوێنەری زیمبابۆی بڕیارنامەکەی دژی ئێران، وەک کردەوەیەکی توند و بێبنەما لەقەڵەمدا و وڵاتانی رۆژئاوای تۆمەتبار کرد. هەروەها باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ڤەنزوێلا، لە میانەی کۆبونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ئێران، وتی: هیچ پاساوێک بۆ ئەنجامدانی کۆبونەیەوەکی لەو شێوەیە نییە. لە رووداوەکانی ئەم دواییەدا شایەدی هەڵمەتێکی میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژی ئێران بووین. ئەو بەرپرسەی ڤەنزوێلا، سازدانی کۆبونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەبارەت بە ئێران بە درێژەی چالاکییە سیاسییەکانی ئەو وڵاتانە لە پێشێلکردنی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان لەقەڵەمدا. باڵیۆز و نوێنەری چین لە کۆبونەوەکەدا وتی: ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ شاهیدی زیادبوونی چالاکییە سیاسییەکان و گرژییەکانە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لێدەکەوێتەوە. راشیگەیاند، چین پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی ئەم کۆبونەوە تایبەتە ناکات. ئەم گەمارۆیانە کە زیانی گەورە بە خەڵکی ئێران دەگەیەنن، دەبێت ڕابگیرێن. نوێنەری کۆریای باکور یەکێک بوو لەو کەسانەی کە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکە دەربڕێ. جەختیشی لەوە کردەوە: ئێمە بە تەواوی دژی هەر بڕیارێکین کە لە ئەنجامدا سەروەری وڵاتان پێشێل بکات و بەکارهێنانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤیش لەم پرسەدا شەرمەزار دەکەین. نوێنەری روسیاش وتی: ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە هیچ پەیوەندییەکیان بە مافی مرۆڤەوە نییە و کاریگەری پێچەوانەی لەسەر بەرەوپێشەوەچوونی مافەکانی مرۆڤ هەیە. ئاماژەی بەوەشکرد: ئامانجی ڕێکخەرانی ئەم کۆبوونەوەیە بە بیانووی مافی مرۆڤ، فشارخستنە سەر حکومەتە سەربەخۆکانە. بیرۆکەی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بەبێ ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی ئێران لە بنەڕەتدا ناشەرعییە و ڕۆڵی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ ئەنجامدانی لێکۆلینەوە نییە. بەرپرسە روسیەکە ئاماژەی بەوەدا، مۆسکۆ دەیەوێت دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران ڕابگرێت و دۆخی ئەو وڵاتە ناسەقامگیر بکات.
هاوڵاتی كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان لەنیویۆرك (CPJ) خەڵاتی ئازادیی رۆژنامەوانیی نێودەوڵەتی بەخشییە رۆژنامەنووس نیاز عەبدوڵا كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان CPJ لەساڵی 1991ەوە كەبنكەی سەرەكی لەنیویۆرك-ە، بەشێوەی ساڵانە خەڵاتی ئازادی رۆژنامەوانی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی جیهان دەبەخشێتە ئەو رۆژنامەنووسە ئازایانەی سەرەڕای سەختی و رێگرییە زۆرەكان، بەردەوامن لەبەرگریكردن لەبەهاكانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و ئاشكراكردنی راستییەكان لەڕێگای كارەكانیانەوە. ئەمساڵیش لە خولی 32مینی دابەشكردنی خەڵاتەكەدا، بۆ یەكەمجارە رۆژنامەنووسێكی كورد خەڵات دەكات. بەو بۆنەیەوە هاوڵاتی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەنووس نیاز عەبدوڵا ئەنجامداوەو تیایدا دەڵێت: لەخەڵاتكردنی ئێمەدا چەندین پەیامی گرنگ هەیە بۆ حكومەتی هەرێم و كابینەی نۆ، تا رێز لەئازادییەكان بگرن و دەست لەسەركوتكارییەكان هەڵبگرن. 🔻دەقی چاوپێكەوتنەكە لەگەڵ نیاز عەبدوڵا: هاوڵاتی: لەلایەن كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان لەنیویۆرك (CPJ) خەڵاتی ئازادی رۆژنامەوانی نێودەوڵەتی-ت پێبەخشرا، چۆن بوو ئەم رێكخراوە لەپاڵ چەند رۆژنامەنووسێكی تری جیهانیدا رۆژنامەنووسێكی هەرێمی كوردستانی هەڵبژارد بۆ ئەو خەڵاتە؟ نیاز عەبدوڵڵا: كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چاودێری دۆخی رۆژنامەنووسان و رەوشی ئازادی رادەربڕین دەكەن، دەبینن رۆژنامەنووسان لەچ دۆخێكی سەختدا سەرەڕای ئاڵنگاری زۆر، بەردەوامن لەكارەكانیان. پەیام و ناوەڕۆك و شێوازی كاری رۆژنامەنووسان پێوەرن بۆ كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان، بۆیە بەبایەخ و گرنگییەوە دەڕواننە ئەو رۆژنامەنووسە سەربەخۆیانەی كارەكانیان ئازایانە تەرخانكردووە بۆ ئاشكراكردنی گەندەڵییەكان و پێشێلكارییە سیاسی و مەدەنییەكان، بەتایبەت لەو پانتاییەی رۆژنامەنووس تیایدا رووماڵی رووداوە گرنگەكانی كردووە. هاوكات CPJ، بەردەوام بایەخی گەورەی بۆ دۆخی رۆژنامەوانی لەهەرێمی كوردستان هەبووە، وەك یەكێك لەو ناوچانەی بۆتە شوێنێكی مەترسیدارو بێ ئاسایش بۆ رۆژنامەنووسانی سەربەخۆ. CPJ جگە لەپێزانینی بۆ كاری ئەو رۆژنامەنووسانەی خەڵاتەكەیان پێدەبەخشێت، دەیەوێت ئەو رۆژنامەنووسانە بكات بەنموونە و ئیلهام بۆ رۆژنامەنووسانی دیكە كە لەبارودۆخی سەخت و هاوشێوەدا كاردەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا پەیام و دۆزی ئەم رۆژنامەنووسانە لەسەر ئاستێكی فراوان كاری لەسەر دەكرێت، بۆیە لەخەڵاتكردنی ئێمەدا چەندین پەیامی گرنگ هەیە بۆ حكومەتی هەرێم و كابینەی نۆ، تا رێز لەئازادییەكان بگرن و دەست لەسەركوتكارییەكان هەڵبگرن؛ ئەو رۆژنامەنووسانەی لەلایەن حكومەتی هەرێم دژایەتی دەكرێن، لەناوەندە نێودەوڵەتییەكان كارەكانیان رێزلێگیراوو پڕ بایەخە. هاوڵاتی: لەكاتێكدا لەلایەن رێكخراوەكان و وڵاتانی جیهانەوە چاودێری رەوشی ئازادی و مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە دەبینن دەسەڵات رەوشی ئازادی و مافی مرۆڤی زیاتر بەرتەسك كردووەتەوە، هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟ نیاز عەبدولڵا: رۆژنامەوانی سەربەخۆو ئازاد لەهەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لەعێراق لەساڵی 2003 گەشانەوەی بەخۆیەوە بینی، یاسای كاری رۆژنامەگەری دەركرا و چەندین هەوڵدرا بۆ مسۆگەركردنی ئازادییەكان و مافەكانی رۆژنامەنووسان، بەڵام كاتێك دەسەڵات زانی ئەم بوژانەوەیە لەخزمەتی ئەو نییەو رۆژانە گەندەڵییەكان و تاوان و خراپەكارییەكانی حوكمڕانییەكەی ئاشكرا دەكرێت، دەستی بە تیرۆركردن و ترساندنی رۆژنامەنووسان كردو كاری بۆ پەرەپێدانی رۆژنامەوانی حزبی و سێبەركرد، بەشێكی دەزگا رۆژنامەوانییە ئەهلییە سەربەخۆكانی پوكاندەوە، ئەو رۆژنامانەی ماشنەوە رووبەڕووی جۆرەها ئابڵوقە كرانەوە. بەڵام كابینەی نۆ-ی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رابەرایەتی مەسرور بارزانی بوێرانەترو ئاشكراتر تاوانی لەبەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدا، هەرچەندە ناوبراو پێشتریش بەوە ناسرابوو كە تێوەگلاوە لەچەندین تاوان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و رۆڵی گەورەی هەبوو لەسەركوتكاری ئازادییە رۆژنامەوانییەكان. رۆژنامەنووسان ویژدانی زیندووی كۆمەڵگان لەكوردستان، رۆڵی گەورەیان هەبووە لەئاشكراكردنی گەندەڵییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاری سیاسی و ئابووری و خستنەڕووی ئەو تاوانانەی پارتەكانی دەسەڵات ئەنجامیان داوە، بۆیە دوای دەركەوتنی ئەم گرنگییەی میدیا بۆ دەسەڵات، هەموو رێگایەكی ستەمكارانەیان خستەكار بۆ كوشتنی ئەو ویژدانە زیندووەو شوێنگرتنەوەی بەمیدیایەكی پڕوپاگەندەكاری دەسەڵاتخواز. هاوڵاتی: رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بەردەوام بەخراپی باس لە رەوشی رۆژنامەنووسی لەهەرێمی كوردستان دەكەن، بە بڕوای تۆ ئەمە چی كاریگەریەكی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت؟ نیاز عەبدوڵڵا: یەكێك لەپێوەرەكانی دیموكراسیبوونی هەر وڵاتێك، دەستەبەری ئازادی كاری رۆژنامەوانی و دەستخستنی زانیاری و ئازادی رادەربڕینە، توانای چاودێریكردنی دەسەڵاتەكانی دادوەری و جێبەجێكردن و یاسادانانە لەلایەن دەزگا رۆژنامەوانییەكانەوە. حكومەتی هەرێم و پارتەكانی دەسەڵات راستەوخۆ تێوەگلاون لەشاردنەوەی زانیارییەكان و ئەشكەنجەدان و زیندانیكردنی رۆژنامەنووسان، لەنموونەی زیندانیانی بادینان. ئازادی رۆژنامەوانی رەنگدانەوەی هەموو جۆرەكانی دیكەی ئازادییە لەوڵات و كۆمەڵگادا، بۆیە بەرپرسەكانی هەرێم رێزلێگیراونین و لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و پێوەرەكانی دیموكراسیدا لەئاستی خوارەوەن. هاوڵاتی: پێتوایە میكانیزم و رێگاكانی فراوانكردنی ئازادی رۆژنامەنووسی لەهەرێمی كوردستاندا چیە؟ نیاز عەبدوڵڵا: دەبێت خواست هەبێت بۆ رێزگرتن و پابەندبوون بەبنەماكانی دیموكراسی و بڕوابوون بەگرنگی ئازادی رۆژنامەوانی. هەرێمی كوردستان بەهۆی بوونی یاسا گرنگەكانی وەك یاسای رۆژنامەگەری و یاسای دەستخستنی زانیاری، خاوەن ژێرخانی یاسایی رۆژنامەوانییە. بۆیە جێبەجێكردنی یاساكانی رۆژنامەوانی لەگەڵ بنەماكانی نێو یاسا نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە رۆژنامەوانی، هەنگاوێكی جددی و گرنگە بۆ فراوانكردنی ئازادی رۆژنامەوانی؛ هاوشانی دەستەبەركردنی شەفافییەت و بەخشینی زانیاری لەدامودەزگا فەرمی و گشتییەكان. هاوكات مافەكانی رۆژنامەنووس رێزلێگیراوبێت لەلایەن دەزگا رۆژنامەوانییەكان و دەسەڵاتەكانەوە. لەبەرامبەریشدا رۆژنامەنووسان و دەزگا رۆژنامەوانییەكان ئەرك و بەرپرسیارێتییان لەئەستۆدایە، وەك ئەوەی ئەوانیش پابەندبن بەبنەما یاسیاییەكان و ئەخلاقی كاری رۆژنامەوانی و كاركردن لەچوارچێوەی بنەماكانی دیموكراسی. هەڵبەت ئەمە بابەتێكە قسەی زۆرو وردەكاری پێویستە. هاوڵاتی: بەخوێندنەوەی تۆ لەململانێی نێوان ئازادیخوازان لەگەڵ دەسەڵات و ئەو كەسانەی دەیانەوێت ئازادی سنوردار بكەن، كام بەرەیان سەركەوتوو دەبێت؟ نیاز عەبدولڵا: لە رواڵەتدا هەموو حكومەتێكی ستەمكار هەست بەسەركەوتن دەكات، بەڵام لەناوەڕۆكدا ئەو حكومەتە هەمیشە لەبەردەم كەوتن و ناڕەزایەتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدایە. بۆ نموونە ئێستا كابینەی نۆ-ی حكومەتی هەرێم هەست بەسەركەوتن دەكات، چونكە زۆرترین رۆژنامەنووسی زیندانیكردووەو سەركوتكاری زۆری ئەنجامداوە وەك ئەوەی نەخشەی بۆ داڕشتبوو، لەواقعیشدا حكومەتەكە هەرەسی هێناوە و ناڕەزایەتییەكی گەورە هەیە؛ ئازادیخوازان لەسەر ئاستی دونیا پشتیوانی دەكرێن و حكومەتیش لەسەر ئاستی دونیا دژایەتی ستەمكارییەكانی دەكرێت. حكومەتێك سەركوتكردنی ئازادییەكان و درێژەدان بەگەندەڵی ستراتیژی بێت، بەدڵنیایی لەشوێنێكدا هەرەس دەهێنێت و دەكەوێت. رۆژنامەنووسانی سەربەخۆو ئازادیخوازان پێویستیان بەیەكانگیری و نزیكی و هەماهەنگییە.
هاوڵاتی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ دوایین دوو خوێندکار لە زیندان ئازادکران و ئێستا هیچ خوێندکارێک لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە زیندان نییە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-11-2022، د. پێشڕەو حەمەجان ڕایگەیاند هێچ خوێندکارێکی زانکۆی سلێمانی لە زینداندا نەماون و ئەگەر هەر کەسێکیش لە زیندان مابێتەوە ئەوە خوێندکار نەبووە. ئەمەشلەکاتێکدایە رۆژی سێشەممە تیمێکی سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی لەگەڵ تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی کۆبوونەوە، دواتر د. پێشڕەو حەمەجان ڕایگەیاند، "بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی سەرجەم خوێندکاران ئازاد دەکرێن." جێگەی باسە دەستگیرکردنی ئەو خوێندکارانە دوای ئەوە هات، هەفتەی رابردوو لە زانکۆکانی سلێمانی، راپەڕین، گەرمیان و هەڵەبجە خوێندکاران گردبوونەوە و داوای خەرجکردنی دەرماڵەیان دەکرد؛ رۆژی دووشەممەی رابردوو نزیکەی 100 خوێندکار دەستگیرکران.
هاوڵاتی بۆ جاری دووەم لە ماوەی دوو ڕۆژدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای ڕاگرتنی توندوتیژی لە باکوری سوریا کرد وتورکیاش بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، جگە لەوە هەڕەشی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆسەر منبەج و تەل رەفعەت و کۆبانێ دەکات. ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ جاری دووەم، داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیای بۆسەر رۆژئاوای کوردستان کرد. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە نیگەرانن لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی ئەم دواییە کە ناوچەکەیان ناسەقامگیر کردووە و پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی داعش، هاوڵاتیانی مەدەنی و سەربازانی ئەمریکی دەخەنە مەترسییەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوان لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا تێدەگەین کە پەیوەندییان بە 'تیرۆرەوە' هەیە، بەڵام لەهەمان کاتدا بەردەوام نیگەرانی جددی خۆمان دەربڕیوە، سەبارەت بە کاریگەری ئاڵۆزیەکان لەسەر شەڕی داعش و هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەردوو دیوی سنورەکە". دوێنێ چوارشەممەش وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، نیگەرانی قوڵی خۆی لە ئاڵۆزیەکان لە سوریا، عێراق و تورکیا دەربڕی و سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانە کرد کە لەو سێ وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە. هەر ئەمڕۆ ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نێردەی تایبەتی روسیا بۆ سوریا ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی زەمینی سوپای تورکیا، دەبێتە هۆی هەڵکشانی ئاڵۆزیەکان لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لاڤرێنتیڤ وتی، ئەگەری ئەوە هەیە تورکیا خۆی لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە سوریا بپارێزێت. هاوکات دوێنێ، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساش لە راگەیەندراوێکدا، نیگەرانی قوڵی خۆی سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەربڕی. وتی، " فه ڕەنسا بەنیگەرانییەوە چاودێری ئەو ئاڵۆزیە دەکات کە له دوای ئۆپراسیۆنی ئاسمانی تورکیا بۆسەر باکوری سوریا و باکوری عێراق دروست بووە." وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساش داوای دانبەخۆداگرتنی لە تورکیا کرد کە مەترسی لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی دانیشتووان دروست نەکات، لە کاتێکدا کە هێشتا هەڕەشەی ڕێکخراوی “داعش” بوونی هەیە. ، ئەحمەد ئەبوزەید وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی میسریش دوێنێ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێکدا، هێرشەکانی تورکیا وەک پێشێلکردنی سەروەری خاکی سوریا و عێراق لەقەڵەمدا و داوای کرد تورکیا خۆی لە توندوتیژی بەدوور بگرێت. هەروەها ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، روسیا و ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بە بەرپرسیار دەزانێت، لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییە سەربازییەکانی تورکیا و لە راگەیەندراوێکدا، داوای لە هەموو هێزە نیشتمانییەکانی سوریا کرد کە بەرگری لەم بەشەی سوریا بکەن، هەروەها داوای لە خەڵکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد لە دەوری هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی خۆسەر کۆببنەوە. هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە تایبەتی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دوای ئەوە هات کە تورکیا هێزەکانی ئەو بەشەی کوردستانی بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ١٣ی تشرینی دووەمی ئەستەنبوڵ تۆمەتبار کرد. سەبارەت بەمەش مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمونیتەری ئەمریکی رایگەیاندبوو، ئەو ژنەی کە تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵی ئەنجامداوە و هەر ئەو رۆژە دەستگیرکرا، پەیوەندی بە داعشەوە هەیە و سێ برای لە ریزەکانی داعشدا کوژراون. هەرچەندە لایەنە کوردیەکانی رۆژئاوای کوردستان، رەتیان کردەوە دەستیان لە هێرشەکەدا هەبێت، بەڵام تورکیا دەستی بە هێرش کرد و چوار رۆژە بە بەردەوامی گوند و شاروچکەکان و ژێرخانی رۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج.
هاوڵاتی هەسەدە، ئاماری دوێنێی هێرشەکانی تورکیای بۆسەر رۆژئاوای کوردستان راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد کە دوو شەڕڤانیان و ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش شەهید بوون و دوو سەربازی حکومەتی سوریاش گیانیان لەدەستداوە. هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، ئاماری رۆژی ٢٣ی تشرینی یەکەمی هێرشە ئاسمانی و تۆپخانەکانی تورکیای بۆسەر خاکی رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئامارەکە، ١١٦ گود و شاروچکە تۆپباران و بۆردومانکراون. هەسەدە دەڵێت، "هێرش کراوەتە سەر هەرێمی عەفرین، هەرێمی جزیر، هەرێمی فوراتی رۆژئاوای کوردستان و وتی، بەگشتی لە هێرشەکاندا، دوو شەڕڤان و ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش شەهید بوون و دوو سەربازی حکومەتی سوریاش گیانیان لەدەستداوە، هەروەها بە دەیان هاوڵاتی مەدەنیش بریندار بوون." بەپێی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆش، سێ گوندی ناوچەی زرگانی سەر بە حەسەکە، دوو گوندی تەل تەمر، ناوەندی تەل تەمر و سێ گوندی سەر بە کۆبانێ تۆپباران کرد. لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی رزگای عەفرین کە یەکەیەکی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیە و دوای هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین پێکهێنراوە، ناسنامەی پێنج شەڕڤانی خۆی ئاشکرا کرد کە لە هێرشە ئاسمانیەکانی شەوی 19ی تشرینی یەکەمی تورکیادا شەهید بوون.
هاوڵاتی سەرۆکی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەگوێرەی ئامارەکانیان، ١٤ هەزار کەس لە سەرتاسەری ئێران دەستگیرکراون، بێ ئەوەی ئاماژە بە ئاماری کوشتن و بریندارەکان بکات. ڤۆڵکەر تورک لە دانیشتنی تایبەتی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران قسەی کرد و وتی،" بەگوێرەی ئامارەکانمان، ١٤هەزار کەس لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا دەستگیرکراون کە منداڵیشیان تێدایە، ئەمە ژمارەیەکی سەرسوڕهێنەرە." حەفتەی رابردوو، ئەڵمانیا و ئایسلەندا داوایان کردبوو، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی ئێران کۆبێتەوە، ئەمڕۆش ٤٤ دەوڵەتی جیهان بەشداریان لە کۆبونەوەکەدا کردووە. هاوکات ئانالینا بایربۆک وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دوێنێ چوارشەممە ٢٣ی تشرینی یەکەم، حکومەتی ئێرانی بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، گرتن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران ئیدانە کرد. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وتی، " ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت دەنگی خۆی بۆ مافی خەڵکی ئێران بەرز بکاتەوە. ئەندامانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ، دەتوانن هەڵوێستێک لە دژی ئەو نادادپەروەریە دەرببڕن کە رژێمی ئێران بەڕێوەیی دەبات بە مەبەستی دەنگی ناڕازی”. هەروەها داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کرد، دەنگ بە بڕیارنامەیەک بدەن، سەبارەت بە دروستکردنی میکانیزمێکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ. جێگەی باسە نزیکەی ٧٠ رۆژە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ئێران بەردەوامە. هەرچەندە نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە دەستگیرکردنی ١٤ هەزار کەس دەکات، بەڵام، رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران، دەڵێن، نزیکەی ١٨ هەزار کەس دەستگیرکراون.
هاوڵاتی عومەر ئیلخانیزادە دەڵێت: رووداوەكانی ناوخۆی ئێران كاریگەری لەسەر یەكگرتنەوەی هەردوو حزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕو كۆمەڵەی زەحمەتكێشان هەبووە، بەڵام ئێمە پێشتر یەكمان گرتبووەوە. عومەر ئیلخانیزادە جێگری سكرتێری كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵا رۆژنامەی هاوڵاتی، رایگەیاند: ئێران لەهێرشەكانیدا بۆ سەر ئێمەی هیچ دەستكەوتێكی نەبووە، بەو هێرشانە دەیەوێت بمانكێشێتە مەیدانی شەڕو بەربەرەكانێیەكی نیزامی و جۆری خەباتی كوردستان لەگەڵ باقی شوێنەكانی ئێران جیابكاتەوەو بەو شێوە بتوانێت سەركوتێكی خوێناوی لەكوردستان بكات. ئاشكراشیكرد: رۆژهەڵاتی كوردستان دەورێكی سەرەكی لەو بزوتنەوەیەی كە ئەمڕۆ لەئێراندا هەیە پەیداكردووەو كورد بۆ یەكەمجار لەمێژووی هەموو كوردستاندا لەلایەن خەڵك و نەتەوەكانی دیكەی وڵاتێك كەكوردی تێدایە پشتیوانی لێدەكرێت. وتیشی: ئێمە ئاڵای سەردەمی كۆمارمان قبوڵ نیەو ئاڵای سەردەمی كۆماریش دەكرێ گۆڕانی تێدا بكرێت. هاوڵاتی: هەردوو حزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕو كۆمەڵەی زەحمەتكێشان بەڕەسمی یەكگرتنەوەتان راگەیاند، پاڵنەری سەرەكی ئەم یەكگرتنەوەیە چی بوو؟ عومەر ئیلخانیزادە: ئێمە ساڵ و نیوێكە دیالۆگی یەكگرتنەوەمان هەیە لەباری سیاسی و گوتاری سیاسی و لەباری روانین بۆ كاری حزبی و كاری رێكخستن، روانین بۆ كۆمەڵگای كوردستان و ئەركەكانی كۆمەڵە لەو بوارانەدا هەمووی یەكبووین و زۆر چووبووینە پێشەوە، بەڵام یەك دوو كاری بچووك مابوون بەهۆی ئەو گیروگرفتانەی كە لەكوردستانی باشوور هاتەپێشێ بۆ ئێمە و هەم بەهۆی ئەم بزووتنەوە جەماوەرییەوە كات نەبوو تا لەكۆتاییدا لیژنەكەمان هەموو كارەكانی خۆی بردبووە پێشێ ئەو یەك دوو گیروگرفتە بچووكەش سپێردرا بەمن و بەڕێز كاك عەبدوڵای موهتەدی لەدانیشتەكانیدا ئەوانەش چارەسەركراو پێمانوابوو كەئێستا كاتێكی زۆرباشە ئەگەر ئەو هەلومەرجەش نەهاتبایەتە پێشەوە زووتریش ئێمە دەمانتوانی ئەوە رابگەیەنین، ئێمە دوای جیابوونەوەی ساڵی ٢٠٠٧یش لەباری گوتاری سیاسییەوە هەر لەیەك دانەبڕاین. هاوڵاتی: هۆكاری چیبوو لەدەرەوەی وڵات یەكگرتنەوەكەتان راگەیاندو لەناوخۆی كوردستان نەبوو؟ عومەر ئیلخانیزادە: چونكە من هاتبوومە دەرەوە بۆ هەندێك كار تەمدیدكردنەوەی پاسپۆرتەكەم و كاك عەبدوڵاش لەدەرەوە بوو، نەماندەتوانی بڵێن با بووەستین و با بچینەوە كوردستان و پێمانوابوو دوای ئەوەی هەموو شتێك جێبەجێبووەو لیژنەكەش كاری خۆی رادەستی لیژنەی هاوبەشەكە كردبوو، باشترین كات ئەوەیە ئێستا مزگێنییەكی باشیشە بەخەڵكی كوردستان و بەهەموو ئەڵقەی كۆمەڵەش. یەكگرتنەوەكە لەستۆكهۆڵم بوو لەسیمینارێك كەبەشێكی زۆری كادرەكانی هەردوولامانی لێبوو و بەشێكیش لەوانەی كە لەگەڵ حزب نەماون بەڵام كۆمەڵە لەوێبوون و خەڵك و میوانی دیكەو نوێنەری حزبە سیاسییەكانیش بوون . هاوڵاتی: یەكگرتنەوەكەتان تاچەند پەیوەندی بەم ناڕەزایەتییانەی ئێستای رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانەوە هەیە؟ عومەر ئیلخانیزادە: عەرزم كردیت ئێمە یەك دوو جاری تریش دیالۆگمان هەبووە پتر لەساڵ و نیوێكە لیژنەیەكی هاوبەشمان بۆ داناوە، حەوت كەس لەهەردوو لاوە بەسەرپەرشتی هاوڕێ عەبدوڵای موهتەدی و ساڵ و نیوێكە گفتووگۆ دەكەین، ئەسڵەن ئەو بزوتنەوەیەی ئێستا سەریهەڵنەدابوو زۆربەی شتەكانیشمان پێش ئەو رووداوانە بردبووە پێشێ، ئەركی یەكخستنەوەی كۆمەڵە ئەركی پێكهێنانەوەی كۆمەڵەیەكی گەورە لەكوردستانی ئێران، دەورێكی مێژوویی كەكۆمەڵە بوویەتی هەردوولامان بەئەركی خۆمانمان زانیوەو بەهەموو وجودیشەوە كاری بۆ دەكەین و دڵنیاشم لەو ماوەیەداو چ لەناوەندی هاوكاری حزبەكانی كوردستانی ئێران یەك گوتار بووین چ لەمەسەلەی ئەو رووداوە شۆڕشگێڕانەیەی كە لەهەموو كوردستان و ئێراندا هاتووەتە ئاراوە یەكدەنگ بووین و ئەوەش پاڵنەر بووە. هاوڵاتی: واتە رووداوەكانی ئێران پاڵنەر بوو بۆ یەكگرتنەوەتان؟ عومەر ئیلخانیزادە: دڵنیام لەم بابەتەوە تەئسیری دەبێت ئێمە پێش ئەوە یەكمان گرتبوو، بەڕاستی باپێت بڵێم ئێمە یەكمانگرتبوو لەخوارەوەو لەنێو هەموو ریزەكانمان لەسەرەوە لەكۆمیتەی ناوەندییەوەو لەكادیرەكانەوەو لەئەندامانمان و لەكەسانمان و لەشارەكانی كوردستان و لەناوخۆو لەدەرەوەی وڵات ئێمە بەهەموو شێوەیەك یەكمانگرتووبوو و نزیك یەكبووین و كاری هاوبەشمان كردووەو رۆژی كۆمەڵەمان نۆ مانگ لەوەوپێش پێكەوە كردو پێكەوە كارمانكردو لەئەنجامدا بەشی زۆری كاری ئێمە تەواوبوو و عەرزمكردیت یەك دوو گرێكوێرە مابوو رایی بكرێت. هاوڵاتی: دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران فشاری زۆری بۆ خۆپیشاندەران هێناوەو شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئێستا رووبەڕووی هەڵمەتی سوپای پاسداران بوونەتەوەو ژمارەی شەهیدەكان زۆر زیاتربوون، ئێوە وەك حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان رۆڵتان لەم بارودۆخەدا چییە؟ عومەر ئیلخانیزادە: با عەرزت بكەم رۆژهەڵاتی كوردستان دەورێكی سەرەكی لەو بزوتنەوەیەی كەئەمڕۆ لەئێراندا هەیە پەیداكردووەو كورد بۆ یەكەمجار لەمێژووی هەموو كوردستاندا لەلایەن خەڵك و نەتەوەكانی دیكەی وڵاتێك كەكوردی تێدایە پشتیوانی لێدەكرێت وەك ئولگو (نمونە) چاوی لێدەكرێت ئەو شۆڕشە لەكوردستانەوە بەدروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) و لەمەرگی ناجوامێرانەو كوشتنی ناجوامێرانەی كچێكی كوردەوە بەناوی ژینا ئەمینی سەقزی دەستیپێكرد، دەتوانم بڵێم كچێكی كورد گیانیلەدەستدا، بەڵام گیانی كرد بەبەر هەموو خەڵكی ئێرانداو كوردستان ٤٣ ساڵ بوو بەدژی ئەو رژێمە راوەستاوە نای گوتووە بەكۆماری ئیسلامی و خوازیاری سكۆلاریزم بووە، فرەچەشنی قبوڵكردووە لەكوردستاندا، تاك كەوتبووینەوە، ئێمە تەنها لایەن بووین، بەڵام ئێستا شۆڕشەكە پەڕیوەتەوە بۆ هەموو ئێران و تەنانەت لەجیهانیش پشتیوانی نێونەتەوەیی پەیداكردووە. هاوڵاتی: پێتانوایە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێگای سەركوتكردن دەتوانێت كۆتایی بەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان بهێنێت، ئایا بەبڕوای ئێوە خۆپیشاندانەكان بەرەو كوێ دەڕوات؟ عومەر ئیلخانیزادە: من لام وایە كۆماری ئیسلامی ئێران هەر بەهۆی سەركوت و كوشتارو میلیتالیزم و دژە ژنی هەر هاتووەو ئیعتیرازات بەرەو رووی زۆرتر بووەتەوە ئینجا لەگەڵ خەباتێكی بێوێنە و بوێرانەی سەرانسەری لەگشت ئێراندا رووبەڕوو بووە، ئینجا پێشی وایە هەوڵی ئەوەدەدات كەكوردستان داببڕێت لەشوێنەكانی دیكە كوردستان بە مەكۆو سەنگەرێكی گەورەی ئەم ئیعتیرازو بزوتنەوانە دەزانێت هەر دەیەوێت وا بنوێنێت كە ئەوە حزبە كوردییەكانن خەباتی چەكداری ئەوەیان دەستپێكردووە و بەو شێوەیە كاردەكەن ئەو پیلانەی پوچەڵبووەوە ئەم لەنەزەر خەڵكی ئێران هەم لەوەی ئێمە بڕیارماندا خەباتی مەدەنی وەك خەباتی مەدەنی بۆ خۆی بكرێت هیچ هێزێكی چەكداری تێكەڵ نەكەین ئەو پیلانەی شكستی خواردووە، هەربۆیە بەهەموو شێوەیەك چەندجار بۆمبارانی كردووین بەموشەك و درۆن، بەڵام جوابەكەی وەرگرتووەتەوە دوای هەر هێرشێكی كۆماری ئیسلامی خەباتەكە گەرموگوڕتر بووە، ئەم بەشەی كوردستان مەكۆیەكی شۆڕش و سەنگەرێكی قایمی شۆڕشی كوردستانە كە هەموو خەڵكەكەی لەگەڵ حزبە سیاسییەكان هاوتەریب و یەكدەنگ و هاوپەیوەندین، لەلایەكی ترەوە من پێموایە لەسەرەتای مانگی سێی ئەو خەباتەداین هیچ كات لەئێران وانەبووە كە هەموو رۆژێك ئیعتیرازو موبارەزە و هاتنە خیابان بەردەوام بێت و دیتمان لەباقی شوێنەكانی دیكەی ئێرانیش لەچەند رۆژی رابردوودا مانگرتنە گشتییەكان دەستیپێكردو ئەوە نیشاندەدات كەئیتر ئەو ئولگوەی لەكوردستان بوو ئەو یەكپارچەییەی لەكوردستان بوو چووەتە تاران، چووەتە تەورێز، ئازەربایجان بەگشتی بەلوجستان و هەموو جێگەیەك، بۆیە ئەو مانگرتنە گشتییانە ئەوە نیشاندەدات كە یەكگرتووییەكی گشتی خەڵك و بەشدارییەكی گشتی خەڵك لەبزوتنەوەكەدا هەیەو من ناڵێم كۆماری ئیسلامی توانای سەركوتی نەماوە، بەڵام بەدڵناییەوە ئەو شۆڕشە نانیشێتەوەو بەدڵنیاییەوە ئێران تازە ناچێتەوە پێش دۆخی مەرگی ژیناو شۆڕشی ژینا بەردەوام دەبێت. هاوڵاتی: بەبڕوای ئێوە ئێران ئامانجی چییە لەهێرشەكانیدا، یاخود دەیەوێت چ پەیامێك بگەیەنێت لەماوەی كەمتر لەدوو مانگدا ئەوە سێیەمین جارە هێرش بكاتەسەر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان؟ عومەر ئیلخانیزادە: یەكەم دەیەوێت ئێمە دنە بدات و تەحریكمان بكات كە بۆ بەربەرەكانێ و بمانكێشێتە مەیدانی شەڕو بەربەرەكانێیەكی نیزامی و بەو شێوەیە جیامان بكاتەوە، جۆری خەباتی كوردستان لەگەڵ باقی شوێنەكانی ئێران و بەو شێوەیە بتوانێت سەركوتێكی خوێناوی لەكوردستان بكات، من بەنموونە پێت دەڵێم لەبزوتنەوەی سەوزدا ئەوكات كوردستان زۆركەم بەشداربوو، بەڵام وەختێك بزوتنەوەكەی خەواندەوە زۆرترین كوشتاری لەكوردستان كرد زۆرترین ئیعدامەكان لەكوردستان بوون، بۆیە ئەو دەزانێت كوردستان ئەڵتەرناتیف بووە بەرامبەر كۆماری ئیسلامی ئێران، كوردستانە لەئەوەڵەوە نای وتووە كوردستانە مەكۆی دیموكراسیخوازی و فرەچەشنی و ئێستا لەلایەن گەلانی ئێرانیشەوە ئەوە قبوڵكراوە ئەوەش دووەمین دەلیلە، سێیەمین دەلیل ئەوەیە كە ئەو ئیحتیاجی بەوەیە كە بڵێ ئەوە لەدەرەوەی سنوورەكان شەڕێك و كێشەیەك سازبكات و ئاژاوەیەك بنێتەوە، كەمن پێموایە لەوەشدا سەركەوتوو نابێت هەموو ئەمانە من بەپەلەقاژێی كۆماری ئیسلامی دەبینم دەزانم دەتوانێت خەسارمان بگەیەنێ و گەیاندوشیەتی، دەزانم دەتوانێت گوشاری زیاتر بخاتەسەر هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهەموو مەنتیقێك و بەهەموو روانینێك كە لەعێراق و هەرێمی كوردستانیش دەیبینن ئێمە هیچ جوڵەیەكی چەكداریمان نەكردووە، ئێمە لەخاكی ئەو هەرێمەوە هیچ شتێكمان لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران نەبووەو نەكردووەو هیچ بیانوویەكمان نەداوەتە دەست و وەزعی ئەو هەرێمەو خەڵكەكەی و ئاسایشی هەمیشە بۆ حزبەكانی كوردستانی ئێران بەتایبەتی بۆ كۆمەڵە لەهەموو دەورەكاندا مەسەلەیەكی گرنگ بووە. هاوڵاتی: ئێران دەڵیت ئەگەر حزبەكانی رۆژهەڵات چەك نەكرێن هێرشی زەمینی دەكەینەسەر هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێم داوای لەئێوە كردووە چەك دانێن؟ عومەر ئیلخانیزادە: نەخێر داواكاری لەئێمە نەكراوە، پێشم وانییە قەد هەرێمی كوردستان تەسلیمی ئەوەبێت، ئێمە پێش رووخانی سەدام حسێنیش لێرە بووین و لەنێو ئەو گەلەدا بووین، ئێمە پشتیوان بووین لەڕاپەڕیندا پشتیوان بووین لەدروستكردنی هەرێمی كوردستاندا و گەلی ئێمە لەڕۆژهەڵات بەهەموو قودرەتی خۆیەوە پشتیوانی كردووە لەهەموو پێشكەوتنێك لەو هەرێمە، بۆیە ئەو داوایە لەلایەن هەرێمیشەوە دڵنیام ناتوانرێت قبوڵبكرێت لەلایەن رووناكبیران و خەڵكی ئەو هەرێمە، پەیوەندییەكی مێژوویی نێوانی كوردستانی رۆژهەڵات و باشوور هەیە، پێموایە ئەو داواكارییە ناتوانرێت قبوڵبكرێت و تائەو جێیەی ئێمە مەعلوماتمان هەیە دەوڵەتی عێراقیش بۆی ئاسان نییە هەر لەو رۆژانەشدا قەرارە پەرلەمانی عێراق كۆبێتەوە، جیا لەوە من بەفڕوفیشاڵی دەزانم ئێرانێك كە دەیەوێت لەكوردستانی عێراق هێرشبكاتە سەر ئێمە، لەنێو خاكی ئێرانداو لەنێو كوردستانی ئێراندا لەژێر پالامارو زەبری شۆڕش و ئاخێزێكی جەماوەری گەورەدایەو لەباری نێونەتەوەییەوە تڕۆو ریسوا بووەو تەریك كەوتووەتەوە، من پێموانییە ئەوە كارێكی ئاسان بێت و ئەگەر ئەو كارەبكات كارێكی شێتانەیە كەمەرگی خۆی بەدواوە دێت، ئەو كوردستانی ئێرانی بۆ رانەگیراوە قابیلە بتوانێت ئەو كارە لێرە بكات و ئەوە كارێكی شێتانەو ئەحمەقانەیەو بەزیانی خۆی سەد لەسەد هەڵدەگەڕێتەوە، هەروەك چۆن هێرشەكانی بۆ ئێمەی كردووە هیچ شتێكی دەستكەوت بۆ ئەو نەبووە ئەگەر زەربەیەكی لەئێمە دابێت شۆڕشی ئێمەی پتەوتر كردووەو یەكگرتوویی زۆرتر كردووە. هاوڵاتی: پژاك بڕیاریداوە ئاڵای كۆماری كوردستان لەمهاباد وەكو ئاڵایەكی هاوبەش لەگەڵ حزبە كوردییەكان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان قبووڵ بكات، ئێوە چ ئاڵایەكتان پێباشە بۆ ئەم قۆناغە؟ هاودەنگن لەگەڵ ئەمە یاخود رای جیاوازتان هەیە؟ عومەر ئیلخانیزادە: نەخێر ئێمە هاودەنگ نین و خەڵكی كوردستانیش لەگەڵ ئەمە هاودەنگ نییە، ئێمە دەبینین لەهەموو دەرەوەی وڵات لەهەموو جێیەك لەئەوروپا خەڵك ئەو ئاڵایە هەڵدەدات، ئەوە بەمانای ئەوە نییە دواجار رۆژهەڵاتی كوردستان ئاڵای خۆی نابێت، چاو لەوڵاتانی ئەسكەندەنافی بكە هەموو ئاڵاكەیان سەلیبە ئەو سور و سپییە یەك زەردو شینە، یەك جۆرێكی دیكەیە، بەڵێ هەر ئەو شێوازە لەئاڵا هەر ئەو سێ رەنگە بۆ ئێمە دەمێنێتەوە و ئەوە ئاڵایەكە كەدەسەڵاتێكی كوردی پەرلەمانێكی كوردی دەنگی بۆ داوەو ناسراویشە، بەڵام بەدڵنیاییەوە رۆژهەڵاتی كوردستان دەبێت ئاڵای خۆی هەبێت و ئێمە دەست لەوەهەڵناگرین، پێمانوایە ئەوە جۆرێك دووبەرەكی سازكردنەو ئێمە چ وەك كۆمەڵە چ وەك ناوەندی هاوكاری نەكەوتووینەتە ئەو داوەوەو ناكەوین. هاوڵاتی: بەڵام ئەوە ئاڵای سەردەمی كۆمارە ئێوە بۆچی پێتان باش نییە؟ عومەر ئیلخانیزادە: قەیناكا ئەی ئاڵای سەردەمی كۆماریش دەكرێ گۆڕانی تێدا بكرێت، ئاڵای عێراقیش گۆڕانی تێدا كراوە، ئێرانیش تیایدا كراوەو وڵاتانی جۆراوجۆر ئاڵاكەیان گۆڕانی تێدا كراوەو دەبێت بچینەوە دەسەڵاتێكی یاسایی، ئەوە بگۆڕێت ئەمە كاری حزب نییە. هاوڵاتی: ئێوە تەنها لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵات پەیوەندیتان هەیە، یاخود لەگەڵ حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی تری ئێران بەگشتی پەیوەندی و هەماهەنگیتان هەیە؟ عومەر ئیلخانیزادە: ئێمە لەناوەندی هاوكاریداین و لەوێدا هاوپەیمانێتییەكمان هەیە كەپێشی وەفادارین و پێمانوایە دەبێت گەشەشی پێبدەین، لەهەمانكاتدا چ وەك ناوەندی هاوكاری چ وەك كۆمەڵە ئێمە خوازیاری هاوئاهەنگی لەگەڵ حزبەكانی دیكەش هەین و هەر لەو ماوەیەشدا هاوئاهەنگیمان هەبووە بۆ راییكردنی ئەركەكانی ئەو بزوتنەوەیەو سیاسەتێك كەدەیگرینەبەرو ئەوەش پەرە پێدەدەین و دیالۆگ و دانیشتنیشمان بڕیارداوە لەگەڵ هەموو ئەوانەی لەكوردستاندا هەن دانیشتن و دیالۆگ دەكەین كە كاردەكەین رێگەچارەیەك ببینینەوە بۆ هاوئاهەنگی زۆرتر ئەگەر نەمانتوانی بەتەواوی هاوپەیمان بین و بەرەیەكی كوردستانی پێكبهێنین، كەهیوادارم بتوانین، بەڵام دەتوانین جۆرێك چەتری نزیكی و هاوكاری و هاوئاهەنگیمان هەبێت و ئێمە چ وەك ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی ئێران، چ وەك كۆمەڵە لەو بوارەدا گرفتێكمان نییە. لەكۆتاییدا هیوادارم كەخەڵكی كوردستانی عێراق ئەو وتووێژە دەخوێنێتەوە بەهەموو وجودیەوە وەك هەموو جاران پشتیوانی رۆژهەڵات بن لەو قۆناغە سەختەدا، كەدەزانم سەختە، بەڵام دڵنیام سەركەوتوویی هەر بۆ گەلی كوردە
هاوڵاتی بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆمپانیای سۆمۆ کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 2022/11/24 بڵاوکراوەتەوە داهاتی بەدەست هاتووی نەوت بۆ مانگی تشرینی یەکەم زیاتر لە9 ملیار دۆلاربووە. بەپێی ئاماری کۆتایی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بڕی هەناردەی نەوتی خاو 104 ملیۆن و 831 هەزار و 120 بەرمیل بووە، داهاتی 9 ملیار و 281 ملیۆن بەرمیل بووە و 647 هەزار دۆلار. لە ئامارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی تشرینی یەکەم لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی 102 ملیۆن و 70 هەزار و 427 بەرمیل بووە. وەزارەتی نەوت ئاشکراشی کرد، تێکڕای نرخی بەرمیلێک 88 هەزار و 539 دۆلار بووە و بڕە هەناردەکراوەکان لەلایەن 34 کۆمپانیای نێودەوڵەتی چەندین نەتەوەوە بارکراون.
هاوڵاتی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی کوشتنی دەیان خۆپیشاندەری کورد لە چەند رۆژی رابردوودا، مانگرتنی سەرتاسەری راگەیاندووە و دوکان و بازارەکان داخراون. بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکداندا بڵاوکراونەتەوە، لە شارەکانی ورمێ، مەریوان، مەهاباد، نەغەدە، سەرپەلی زەهاو، سنە، پیرانشار، کامیاران، بوکان، قروە، بانە، کامیاران، جوانڕۆ، کرمانشان، سەقز، رەوانسەر، دیواندەرە و بەشێک لە ناوچەکانی تارانی پایتەختی ئێران و شاری مەشهەد، مانگرتنی سەرتاسەری راگەیەندراوە و زۆربەی هاوڵاتیان نەچوونەتە سەر کارەکانیان و دوکان و بازارەکانیان داخستووە. لە چەند رۆژی رابردوودا، هێزە ئەمنیەکانی دەوڵەتی ئێران، بە شێوەیەکی زۆر توند، وەڵامی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانیان دایەوە و بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی ئێران (هەرانا)، لە ماوەی حەفتەیەکدا زیاتر لە ٧٠ کەس کوژراون کە زۆربەیان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون، بە تایبەتی لە شاری جوانڕۆ و مەهاباد. لەلایەکی دیکەوە، هێزە ئەمنیەکانی ئێران، بە شێوەیەکی توند مامەڵە لەگەڵ بەلوچەکانی ئێران دەکەن کە لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان هاوشانی ناوچەکانی دیکەی ئێران، دەستیان بە خۆپیشاندان و نارەزایەتی فراوان کردووە. ئەمڕۆ، عەلی دهقانی سەرۆکی گشتی دادگای خوزستانیش بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، لە شاری خوزستان، ٦١ بە تۆمەتی هێرشی چەکداری سەر بارەگایەکی هێزە ئەمنیەکان لە شاروچەکی ئیزە دەستگیرکراون کە حەفتەی رابردوودا ئەنجامدرا و شەش کەس لە هێزە ئەمنیەکانی ئێران کوژرابوون. خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ١٦ی ئەیلولەوە، دوای کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تارانی پایتەختی ئێران لەلایەن پۆلیسی ئەرشەد (ئەخلاق)ی ئێران دەستیپێکرد و نزیکی ٧٠ رۆژە بەردەوامە. بەگوێرەی، رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، تاوەکو ئێستا، نزیکەی ٤٢٠ کەس لە سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کوژراون. بەرپرسانی ئێرانیش باسی کوشتنی نزیکەی ٦٠ کەس لە هێزە ئەمنیەکان و بەسیج دەکەن. هەروەها، نزیکەی ١٨ هەزار کەس بە تۆمەتی خۆپیشاندان دژی دەوڵەتی ئێران و تێکدانی ئاسایش و ئارامی ئێران دەستگیرکراون و چالاکوانان، باسی مەترسی لەسێدارەدانی بەشێک لە خۆپیشاندەران دەکەن. ڤیدیۆی بەشێک لە شارەکانی ئێران ئەمڕۆ :
هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ لە ھاوینەھەواری دوکان، بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم کۆببێتەوە سالار سەرحەد لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە کوردستانییەکانی یەکێتی رایگەیاندووە، "مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی کەسی یەکەمی سەرجەم حزب و پارتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانی بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەسەر بارودۆخی ھەرێمی کوردستان بانگھێشتکردووە و بڕیاروایە سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ھاوینەھەواری دوکان و بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو کۆبوونەوەیە بەڕێوەبچێت." باسی لەوەشکردووە تەوەرێکی کۆبوونەوەکە لەبارەی رەوشی ھەرێم و کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد دەبێت. تا ئێستا ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی گەشتونەتە شوێنی کۆبونەوەکە.
