هاوڵاتی تەواوی گەنجینەکانی توت عنخ ئاموون کە دوای دۆزینەوەی تەرمەکەی لە ١٩٢٢ دۆزرانەوە نۆژەن دەکرێنەوە دواتر لە مۆزەخانەی گەورەی میسر کۆ دەکرێنەوە. لە ئێستادا کارەکانی نۆژەنکردنەوەی تەواوی پارچەکانی گەنجینەکانی توت عنخ ئاموون دەستی پێ کردووە کە زۆربەیان لە مۆزەخانەی قاهیرە، بەشێکی دیکەیشیان لە مۆزەخانەکانی شەرم ئەلشێخ و هورگادا نمایش کراون، دەستی پێ کردووە. دواتر تەواوی گەنجینەکانی توت عنخ ئاموون لە مۆزەخانەی گەورەی میسر کۆ دەکرێنەوە. چاوەڕێ دەکرێت گواستنەوەی کەلوپەلەکان کە هێشتا بەروارەکەی دیار نییە، تاکو کۆتایی ئەمساڵ بگوازرێنەوە بۆ مۆزەخانەی گەورەی میسر. وەزیری گەشتیاری و شوێنەوارە مێژوویییەکانی میسر، ئەحمەد عیسا لە ٥ی تشرینی دووەم رایگەیاند کە بەبۆنەی نزیکبوونەوەی ١٠٠ ساڵەی دۆزینەوەی تەرمی توت عنخ ئاموون "لەم نزیکانە کەلوپەل و گەنجینەکان دەگوازرێنەوە". ئەحمەد عیسا بە ئاماژەدان بەوەی کە توت عنخ ئاموون ئەفسانەئاسا بووە لە میسر، سەرنجی خستبووە سەر ئەوەی کە تەواوی گەنجینەکەی دەگوازرێتەوە بۆ مۆزەخانەی گەورەی میسر کە تازە کراوەتەوە. شوێنەوارناسی بەریتانی و میسریناس، هاوارد کارتەر لە ١٩٢٢ گۆڕی توت عنخ ئاموون لە دۆڵی پاشاکان لە شاری لوکسۆر لە میسر دۆزییەوە. دۆزینەوەی گۆڕەکە بووە "گەورەترین دۆزینەوەی شوێنەوارناسی لە سەدەی ٢٠". لەنێو گەنجینەکانی توت عنخ ئامووندا کە لە ١٣٣٢ پ. ز. بۆ ١٣٢٣ پ. ز. لە کۆتایی ١٨ هەمین خانەدانی فیرعەونەکان فەرمانڕەوا بووە، زیاتر لە پێنج هەزار کەلوپەل و پێداویستی جۆراوجۆری وەک دارەمەیتی ئاڵتون، دەمامکی ئاڵتون، تەخت، کەڕەنا، پەرداخ، مەی و خۆراک هەن.

هاوڵاتی بەپێ ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ، یەکێک لە بریندارانی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی 14ـی ئەم مانگەی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە گیانی لەدەستدا، بەوەش ژمارەی قوربانییانی ئەو هێرشە بۆ سێ کەس بەرزبووەوە.  لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "محەممەدڕەزا بادبرووت، پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کە لە هێرشی مووشەکی رۆژی 23ـی خەزەڵوەر (14ی تشرینی دووەم)ی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دیموکراتدا بریندار ببوو، شەهید بوو. محەممەدڕەزا بادبرووت، پێشمەرگەی تازەلاوی خەڵکی ناوچەی مەلەکشاهیی ئیلام نزیکەی دوو ساڵ بوو لە ریزەکانی حیزبی دیموکرات بۆ خەبات لەپێناو مافە نەتەوایەتییەکانی گەلەکەی هەڵبژاردبوو. ئەو لاوە شۆڕشگێڕەی کورد بەرلەوەی ریزەکانی ئاشکرای حیزب بۆ خەبات هەڵبژێرێت، وەک ئەندامی تەشكیلاتی نهێنیی حیزبی دیموکرات ماندوونەناسانە ئەرک و بەرپرسایەتییە حیزبییەکانی لە ناوچەکانی خوارووی کوردستان لە ئەستۆدا بوو." بەپێی راگەیێندراوەکە، محەممەدڕەزا لە هێرشە مووشەکیییەکەی سوپای پاسداران بەسەختی بریندار ببوو و ئەمشەو گیانی لەدەستداوە. رۆژی 14ـی تشرینی دووەم، سوپای پاسداران بە مووشەک هێرشی کردە سەر بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری کۆیە و زڕگوێز. دوای هێرشەکە، شێروان جەلال، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە بە رووداوی گوت، بەهۆی بۆردوومانەکانی سنووری کۆیەوە "هەشت بریندار و دوو شەهید گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکەمان." دوایین هێرشی ئێران بۆ سەر کەمپەکانی پەنابەرانی رۆژهەڵات رۆژی دووشەممە 21-11-2022 بوو، کە هێرشی مووشەکی و درۆنی بوو بۆ سەر کەمپەکانی کۆیە و جێژنێکان و زڕگوێز و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستدا. 

هاوڵاتی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و تەنها لە سێ رۆژدا 42 کەس کوژراون و هۆشداریی دەدرێت لە دۆخی خراپی ئەو بەشە لە کوردستان. شەوی رابردو لە شارەکانی جوانڕۆ و بۆکان و سەقز و پیرانشار و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتییەکان بەردەوام و هێزە ئەمنییەکانیش روبەڕوی گەنجان و خۆپیشاندەران بونەوە. تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە تەنها 24 سەعاتی رابردو لە شاری جوانڕۆ پێنج کەس بە گوللـەی هێزە ئەمنییە کوژراون. بە پێی ئامارەکان لە سێ رۆژی رابردودا کە هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆسەر رۆژهەڵاتی کوردستان زیادی کردوە، 42 کەس بە گوللـە کوژراون. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە بەهۆی هێزە ئەمنییەکانەوە ژمارەیەکی زۆری برینداران رو لە نەخۆشخانەکان ناکەن و ئەوەش مەترسیی بۆ ژیانیان دروست دەکات.

هاوڵاتی بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و ژمارەیەک بەرپرسی باڵا کۆدەبێتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە ئەمڕۆ سێشەممە 22-11-2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و به‌رپرسانى عێراق دۆخى وڵات و په‌يوه‌ندى و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆ و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنيان تاوتوێ دەکات. وەکو لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لە کۆبوونەوەکاندا دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌، تاوتوێ ده‌كرێن.

هاوڵاتی سەرباری بە سەربازگەكردنی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەكارهێنانی زەبر و زەنگی زۆر، خۆپیشاندانەكان لە شارە جیاجیاكانی ئەو بەشەی كوردستان بەردەوامە. ئەمڕۆژ وەک هەموو ڕۆژەکانی کە خۆپیشاندانەکان بڵێسەی سەند و لە سەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵات خۆپیشاندان ئەنجام درا و هێزە ئەمنییەکانیش بە چەکی جۆراوجۆر و بە شێوەیەکی دڕندانە ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بوونەوە . جوانڕۆ یەکێک بوو لەو ناوچانەی ئەمڕۆ لە سەرجەم کوچەوکۆڵانەکانی خۆپیشاندان بوو،هەروەها خۆپیشاندەران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕاستەوخۆ تەقەیان لێدەکراو ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە بە شێوەیەک خەڵکی ناوچەکە داوای یارمەتییان لە دانیشتوانی دەوروبەری کردو لە خەستەخانەکانیش داوای خوێن کرا. خەڵکی جوانڕۆ داوای پاڵپشتییان کردو ڕایانگەیاند: "جوانرۆ خەریکە کۆمەڵکوژ دەکرێت" "داوا لە هەموو ئازادیخوازەکانی ئێران بە تایبەتی پارێزگای کرمانشان دەکەین کە بۆ خاوەنداریکردن لە جوانڕۆ بڕژێنە نێو شەقامەکان و رێگە نەدەن کۆمەلکوژیەکی دیکە لە کوردستان رووبدات. ئەم یەکگرتنە کۆتایی بە جمهوری ئیسلامی دەهێنێت" تکایە ڤیدیۆکان بۆ خوار ١٨ ساڵ نابن      وتیشیان : "ئەمڕۆ جوانڕۆ شایەدی کۆمەڵکوژی بوو. هاونیشتیمان هەستە براکەت دەکوژرێت. ئەی گەل بۆچی دانیشتووی. ئاگر بە ئاگر و گولە بە گولە وڵام بدەوە."         جوانڕۆ. دیمەنی برینداربوونی ژمارەیەک خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە ئەمنیەکان لە خۆپیشاندانەکاندا.  

هاوڵاتی لە یاری ئەمشەوی مۆندیالی ٢٠٢٢ی قەتەر کە لە نێوان ئینگلتەراو هەڵبژاردەی ئێرانا بوویاریزانانی ئەو تیمە وەک پشتیوانییەک بۆ ناڕەزایەتییەکانی لە ئێران بەردەوامە ڕەتیانکردەوە سرودی نیشتیمانی وڵاتەکەیان بڵێنەوە. عەلیرەزا جەهانبەخش، کاپتنی هەڵبژاردەی ئێران گوتی، هەڵبژاردەکە بە "کۆمەڵ" بڕیاردەدەن کە ئایا سروودەکە بڵێن یان نا.  یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران وەکو پشتیوانیکردن لە خۆپێشاندەرانی ئێران کە دوای مردنی ژینا ئەمینی، هەر 11 یاریزانەکەی ئێران لەو کاتەی سروودی نیشتمانی لە یاریگە پەخشکرا، بە دەموچاوی خەمناکەوە وەستان و سروودەکەیان نەگوتەوە نەگوتنەوەی سروودی نیشتمانیی ئێران لەلایەن یاریزانانی هەڵبژاردەکەوە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو لە ژمارەیەکی زۆری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا ناڕەزایەتی هەبوو.وە بەپێی ئامارەكان لە خۆپیشاندانەكانی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان نزیكەی ٣٠ خۆپیشاندەر كوژراون.

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وه‌رگرتنی 107 ده‌رچووی دیكه‌ی ئاماده‌یی له‌ كۆلیژه‌ پزیشكییه‌كانی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند. ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (21ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاشكرایكرد (١٠٧) خوێندکار/ قوتابی دیکە لە کۆلێجەکانی (پزیشکی گشتی، پزیشکی ددان، دەرمانسازی) بەشێوەی پارالێل بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٢-٢٠٢٣) لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان وەرگیران. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "دوای ئەوەی بەشێک لە دەرچوانی ساڵانی ڕابردو داواکارییان پێشکەش بە وەزارەت کرد بۆ وەرگرتنیان لە کۆلێجە پزیشکییەکان بەشێوەی پارالێل، بۆ ئەوەش داوای زیادکردنی کورسی پارالێڵیان کرد، بۆ ئەمەش داوکارییەکەیان لە کۆبونەوەی ژمارە (٧)ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاسپاردەی لێژنەیەک کرا بۆ دیراسەکردن و دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکان بەپێی توانای زانکۆکان ،لە ژێر ڕۆشنایی پێشنیازەکانی لێژنەکە، وەزارەتەکەمان بڕیاریدا بەوەرگرتنی (١٠٧) خوێندکار/ قوتابی دیکە لە کۆلێجەکانی (پزیشکی گشتی، پزیشکی ددان، دەرمانسازی) بەشێوەی پارالێل". ناوی وەرگیراوان  

هاوڵاتی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانى عێراق سەرکۆنەى هێرشەکانى ئێران و تورکیایان کرد و داوایان لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کرد سیستمى بەرگریى ئاسمانى بداتە عێراق بۆ رێگرى لەو ھێرشانە.  ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 21ـی تشرینی دووه‌می 2022، فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق ڕاگەیەندراوێکیان له‌باره‌ی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانی به‌یانی ئه‌مڕۆی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان  له‌ سنووری هه‌ولێر، كۆیه‌ و سلێمانی بڵاوكرده‌وه‌. لە ڕاگەیەندراوەکەدا فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان داوا له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌كه‌ن هه‌ڵوێستی جددی له‌باره‌ی ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌كییانه‌ وه‌ربگرێت و كار بۆ راگرتنیان بكات. هه‌روه‌ها داوا له‌ هه‌ر یه‌ك له‌ توركیا و ئێران ده‌كه‌ن كار بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ بكه‌ن و هێرشه‌ مووشه‌كه‌كانیان بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان رابگرن. فراکسیۆنە کوردستانییەکان داواشیان  کرد لەکۆبوونەوەى 22ى تشرینى دووەم کە میواندارى دەسەڵاتى جێبەجێکردن بکرێت بۆ ئەوەى هەڵوێستێکى جیدى و کرداریى هەبێت بۆ پاراستنى سەروەریى خاکى عێراق. له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی وڵاتان له‌باره‌ی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان داوا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌مه‌ریكا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن  هه‌ڵوێستیان هه‌بێت و سیسته‌می به‌رگری مووشه‌كی بۆ ئاسمانی عێراق دابین بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی پاراستنی خاكی عێراق. هەروەها پەرلەمانى عێراق کارنامەى کۆبوونەوەى رۆژی سێشەممە 22ى تشرینى دووەمى بڵاوکردەوە و دەڵێت، تایبەتە بە تاوتوێکردنى "پێشێلکردنى سەروەریى خاکى عێراق"،ئەو کۆبوونەوەیەی پەرلەمانى عێراق بۆ تاوتوێکردنى پرسی سەروەریى عێراق دواى ئەوە دێت رۆژی 20ى تشرینى دووەم، سوپاى تورکیا ئۆپەراسیۆنێکى ئاسمانی راگەیاند و هێرشی کردە سەر چەند شوێنێک لە باشوورى کوردستان و رۆژئاوای کوردستان. بەیانیى ئەمڕۆش 21ى تشرینى دووەم کۆمارى ئیسلامیى ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشى کردە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و بارەگای حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە کۆیە و کامپی جێژنیکانی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک بەحرکە.

هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەرگیز چاوەڕێی ئەوە ناکەن عێراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئێران. دەشڵێت، "پێشتر چەندینجار بە بەرپرسانی هەرێم و عێراق وتراوە بە بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی خۆیان کاربکەن، بەڵام تا ئێستا نەیان کردووە". ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان له‌ كۆنفرانسى ڕۆژنامه‌وانى هه‌فتانه‌ى خۆیدا ڕایگه‌یاند:  "ئێران هەوڵدەدات ئاسایشی خۆی دابینبکات‌و هەڕەشەکان دووربخاتەوە، ناشبێت هەرێم ببێتە شوێنی هەناردەکردنی چەک‌و کەرەستەی سەربازیی بۆ ئێران". ئاماژەی بەوەشدا، ئێران چاوەڕێیە بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە گوێرەی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی خۆیان هەنگاوبنێن. ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو جارێکی دیکە ئێران بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی لە ناوچەی زڕگوێزی سەر بە سلێمانی و کۆیە و کەمپی جێژینکانی سنوری هەولێری بۆردوومانکرد و کەسێک گیانی لەدەستدا.

هاوڵاتی لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لەو وڵاتە دەکات، "ئەم شاڵاوە لە دژی هەرێمی کوردستان رابگرێت." حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانننامەکەدا بە توندترین شێوە ھێرشی شەوی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکات ودەڵێت، پێشێلکاریی بەردەوامی سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، "ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و پێشێلکردنێکی ئاشکرا و زەقی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندیی دراوسێیانەیە." دەقی بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان: حکومەتی ھەرێمی کوردستان "بە توندترین شێوە ھێرشی شەوی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکەین. پێشێلکاری بەردەوامی سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و پێشێلکردنێکی ئاشکرا و زەقی یاسا وڕێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی دراوسێیانەیە. داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین، ئەم شاڵاوە لە دژی ھەرێمی کوردستان ڕابگرێت ، چونکە سەقامگیریی، ھەرگیز لە ڕێگەی توندوتیژییەوە دەستەبەر نابێت. حکومەتی ھەرێمی کوردستان، داوا لە دۆست و ھاوبەشانی لە حکومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەگشتی دەکات، کە ھەڵوێستێکی ڕوون و ڕاشکاویان بەرامبەر ئەم ھێرشە بەردەوامانەی ئێران ھەبێت ".

درەنگانی شەوی رابردوو، جارێکی دیکە ئێران بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە ناوچەی زڕگوێزی سەر بە سلێمانی و کۆیە و کەمپی جێژینکانی نزیک هەولێری بۆردوومانکرد و کەسێک گیانی لەدەستدا . درەنگانی شەوی ڕابردوو جارێکی دیکە ئێران لە رێگەی درۆن و مووشەک چەند کەمپێکی نیشتەجێبوون و بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کردە ئامانج. بەگوێرەی ئەو دوایین ئامار لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران پێشمەرگەیەکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەناوی (بەهزاد) کە تەمەنی ٢٢ ساڵ بووە و پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستان بووە شەهیدبووە. تەنیا لەم مانگەدا ئەمە دووەمین هێرشی ئێرانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە هێڕشی پێشتر 14/11/2022، ئێران کەمپی نیشتەجێبوون و بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە کۆیە و زڕگوێز مووشەکباران کرد و دوو پێشمەرگە شەهیدبوون و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون. هاوکات حزبی دیموکراتی کوردستانی رۆژهەڵات لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، "داوا لە وڵاتان و ناوەندە جیهانییەکان دەکەین سنورێک بۆ هێرشەکانی ئێران دابنێن."  دەقی بەیاننامەکەی حیزبی دیموکراتی کوردستان: هێرشی مووشەکیی سەرلەنوێی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات "جارێکی دیکە بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە مووشەک و درۆن بەئامانج گیرانەوە. نیوەشەوی ئەمشەو، یەکشەممە لەسەر دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە مووشەک و درۆن چەند بنکەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە نیزیک کۆیە و جێژنێکان کردە ئامانج. ئەو هێرشە مووشەکییە نوێیەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب زیانی گیانیی لێ نەکەوتۆتەوە. هەر بەپێی هەواڵەکان لەو هێرشە مووشەکییەدا بنکەکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز نیزیک لە سلێمانیش بە دڕۆن لێی دراوە. هێڕشی مووشەکیی نوێی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە حاڵێک‌دایە کە پێشتر لە ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەریشدا سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەزاندنەوەی هەموو پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکان بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە مووشەک بەئامانج گرتبۆوە کە ئەم هێرشە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگە. هەروەها لە ڕۆژی ٦ی ڕەزبەریشدا کە بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی بەئامانج گرتبوو، ٩ کەس شەهید بوون کە سێ کەس لەوان ژن و منداڵ بوون. بەردەوامیی ئەو هێرشانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە کاتێک‌دایە کە خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی نێوخۆی کوردستانیش بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێ و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان کەس لە خەڵکی کوردستان لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیمدا شەهید و سەدان کەسیش بریندار بوون. هەروەک پێشتریش ڕامانگەیاندووە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆ بە زەبروزەنگ و کوشتاری خۆپێشاندەران و لە دەرەوەش بە هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان دوا پەلەقاژەکانی بەر لە نەمانی دەکات. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ویڕای مەحکووم‌کردنەوەی جینایەت و دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕوو لە وڵاتان و ناوەندەکانی بڕیار لە کۆمەڵگەی جیهانی ڕادەگەیەنێتەوە کە هەتا بەربەستێکی جیدی بۆ سنووربەزاندنەکانی کۆماری ئیسلامی دانەنرێ، ئەم هەڕەشە و هێرشانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبن. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرەبەیانی ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١"

هاوڵاتی بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرانەونەتەوە، دوێنێ لە شارەكانی پیرانشار، سەردەشت، بۆكان، مهاباد، سنە، سەقز، مەریوان، دێوڵان، كامیاران، دیواندەڕە، پاوە، جوانڕۆ، كرماشان، ئیلام، ورمێ خۆپیشاندان بەڕێوەچوو و بەپێی ئامارەكان لە خۆپیشاندانەكانی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان نزیكەی ٣٠ خۆپیشاندەر كوژراون. سەرباری بە سەربازگەكردنی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەكارهێنانی زەبر و زەنگی زۆر، خۆپیشاندانەكان لە شارە جیاجیاكانی ئەو بەشەی كوردستان بەردەوامن و شەوی ڕابردوو لانیكەم هەشت خۆپیشاندەر كوژران. بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەپێی ئەو ناسنامانەی بڵاوكراونەتەوە لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێدا هەشت خۆپیشاندەر لەشارەكانی سنە، جوانڕۆ، پیرانشار، مەریوان و دێوڵان گیانیان لەدەستداوە. ە شاری پیرانشار هەریەك لە “كاروان قادر شوكری و تاهیر عەزیزی” و لە شاری جوانڕۆ “لوقمان كاكەیی، عیرفان كاكەیی و بهادین وەیسی” و لە سنە، “حسێن عەبد پەنا” و لە مەریوان “ستار ڕەحیمی” و لە دێوڵان “موحسن نیازی”، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەركوتكارەكانی دەسەڵاتی ئێران، گیانیان لەدەستدا هەر دوێنێ ناوەندی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕایگەیاند، سزای لەسێدارەدان بەسەر یەكێك لە خۆپیشاندەرانی شاری تاران سەپێنراوە، ئەمەش شەشەمین كەسە لەماوەی هەفتەی ڕابردوو ئەو سزایەیی بەسەردا بسەپێت. جێگەی باسە بەردەوامی خۆپیشاندانەكان لە كاتێكدایە، كە هێزێكی زۆری سەربازی لە شارەكانی وەك مهاباد، بۆكان، مەریوان، پیرانشار كۆكراونەتەوە.

هاوڵاتی کەمێک بەر لە ئێستا، مەراسیمی دەستپێکردنی مۆندیالی ٢٠٢٢ دەستیپێکرد و یەکەم یاریش بە یاری نێوان قەتەڕ و ئیکوادۆر دەستپێدەکات و مۆدنیال؛ ١٨ی مانگی داهاتوو کۆتاییدێت. ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 20-11-2022 ئاهەنگی کردنەوەی یارییەکانی جامی جیهانی لە یاریگەی ئەلبەیت لە قەتەر بەڕێوەچوو و دواتریش یەکەم یاری لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی قەتەر و ئیکوادۆر ئەنجامدرا.  لە ئاهەنگەکەدا کە 60 هەزار هاندەر ئامادەبوون، گرووپی بی تی ئێس و مۆرگان فریمان، ئەکتەر و نووسەری بەنێوبانگی جیهانی بەشداربوون.  فیفا پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو، پەیامی رێوڕەسمەکە بانگهێشتکردنی هەموو لایەکە بۆ هاتن بۆ قەتەر و کۆکردنەوەی هەموو گەلانی جیهان و زاڵبوون بەسەر جیاوازییەکاندا لە روانگەی مرۆڤایەتییەوە. یارییەکانی مۆندیالی ٢٠٢٢ نزیکەی مانگێک دەخایەنێت بە شێوەیەک کە ئەمشەو دەستپێدەکات و یاری کۆتاییش لە ١٨ی مانگی ١٢ی داهاتوودا لە یاریگای لوسێل بەڕێوەدەچێت. لە مۆندیالی ٢٠٢٢دا، ٣٠ هەڵبژاردە بەشدارییان کردووە کە پشکی شێر بەر کیشوەری ئەوروپا کەوتووە و تا کۆتایی پاڵەوانێتیەکەش ٦٤ یاری ئەنجامدەدرێن.

هاوڵاتی هه‌په‌گه‌ ڕایگه‌یاند ، كه‌ له‌ بۆردومان و هێرشه‌ ئاسمانیه‌كانی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری تورك بۆ سه‌ر قه‌ندیل و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تر هیچ زیانێك به‌ر هێزه‌كانیان نه‌كه‌وتوه‌. ئه‌مڕۆ ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی و چاپه‌مه‌نی هه‌په‌گه‌ سەبارەت بە هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری تورك له‌ نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆ ڕایگەیاند فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری تورك،  32 جار هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مه‌دیا به‌ تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ی كانی تاڵكی گاره‌، ناوچه‌كای گردی شێخ ناسر، گردی ڕۆژ، گردی هیوا، گوندی بێ پاڵان، دۆڵی باڵه‌یان، گردی زارگه‌لی و گوندی سلێی قه‌ندیلیان بۆردومان كردووه‌.وتیشی  له‌و بۆردومانانه‌دا هیچ زیانێك به‌ر هێزه‌كانمان نه‌كه‌وتووه‌ له‌ به‌شێكی تری ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌،" سوپای داگیركه‌ری تورك له‌ ناوچه‌كانی به‌رخودانی سیدا و چه‌مچۆ سه‌نگه‌ره‌كانی گه‌ریلای شه‌شش جار به‌ بۆمبی قه‌ده‌غه‌كراو و دوو جاریش به‌ چه‌كی كیمیایی بۆردومان كردووه‌ وناوچه‌كانی به‌رخودان 40 جار به‌ هێلیكۆپته‌ر بۆردومان كراون و به‌ ده‌یان جاریش به‌ كاتیوشا، تانك و چه‌كی قورس هێرشیان كراوه‌ته‌سه‌ر". ڕاشیگه‌یاندووه‌،" دوێنێ تیمه‌ گه‌ڕۆكه‌كانی گه‌ریلا له‌ ناوچه‌ی به‌رخودانی سیدا، چوار داگیركه‌ر و له‌ ناوچه‌ی به‌رخودانی چه‌مچۆش داگیركه‌رێكیان سزاداوه‌".

هاوڵاتی بەپێی ئەو زانیاریانەی  ئاژانسی هەواڵی هاوار نیوز بڵاویکردۆتەوە لە زاری وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئامارەکانی گیانلەدەستدان لە هێرشەکانی دوێنێ شەوو ئەمڕۆی دەوڵاتی تورکیای داگیر کەر بۆسەر کوردستان بەم شێوەیەیە: - ۱۲ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون، کە یەکێکیان ڕۆژنامەنوسی ئاژانسی هاوارنیوزە بەناوی عسام حەسەن - ۱ شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە -٦ هاوڵاتیش برینداربوون - هەروەها ۱٥ سەربازی هێزەکانی سوپای سوریا گیانیان لەدەستداوە و ۱۳ سەربازی تر بریندار بوون وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات فەرهاد شامی - بۆ ئاژانسی هاوارنیوز