هاوڵاتی هەسەدە درەنگانی شەوی رابردوو، ئاماری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە هێرشەکاندا، دوو شەڕڤانی هێزەکانی دژە تیرۆر شەهید بوون و سێ شەڕڤانیش بریندار بوون. هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) رایگەیاند، دوێنێ فڕۆکە جەنگیەکان و درۆنەکانی تورکیا ١٢ جار شار و ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانیان بۆردومان کردووە و لە رووی زەمینیشەوە ٥٩٠ گولە تۆپ بەر خاکی رۆژئاوای کوردستان کەوتوون. لە ئامارەکەدا هاتووە، سوپای تورکیا لە رووی زەمینی و ئاسمانیەوە، ١٢ جار بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن و ٥٩٠ جاریش بە تۆپ، هاوەن و موشەک، هەرێمی شەهبا، باشوری عەفرین، منبج و گوندەکانی، کۆبانێ و گوندەکانی، حەسەکە و گوندەکانی، قامشلۆ و گوندەکانی و گوندێکی دێرەزۆری کردووەتە ئامانج. قەسەدە دەڵێت، تورکیا لە هێرشەکانیدا، چەندین قوتابخانە و پاڵاگەی نەوتی بۆردومان و تۆپباران کردووە. سەرلەبەیانی ئەمڕۆش، تۆپخانەکانی تورکیا لە بارەگاکانی سەر سنورەوە، چەند گوندێک زەرگان و کانتۆنی شەهبای نێوان عەفرین و کۆبانێیان تۆپباران کردووە.

هاوڵاتی  67 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و حەفتەیەکە ئاستی توندوتیژییەکانی هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر خەڵکی کورد زۆر زیاتری کردوە بە جۆرێک ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و مامۆستایانی ئایینیی هۆشداریی دەدەن لە چۆنیەتی مامەڵەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات. سەرەڕای توندوتیژییەکان و رەوانەکردنی هەزارن هێزی چەکدار بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڵام ناڕەزایەتییەکان لەو بەشەی کوردستان بەردەوامن و ژن و منداڵ، بەساڵاچو و گەنجی کورد بەردەوامن لە ناڕەزایەتیی و گوللـە و کوشتن و بڕین لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی ساردی نەکردونەتەوە بە جۆرێک ئێستا کورد بوەتە پێشەنگی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان و بە دروشم لە تاران و کەرەج و شارەکانی دیکە هاوسۆزی و پشتیوانیی بۆ کورد دەردەبڕدرێت. رۆژی سێشەممە دوای تێپەڕاندنی سێ شەوی خوێناوی لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکان لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوکان و بازاڕەکان نەکرانەوە. لە (مەهاباد،بۆکان، سەقز، سنە، پیرانشار، مەریوان، جوانڕۆ، روانسر) و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵات دوکان و بازاڕەکان لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکان نەکرانەوە و هێزە ئەمنییەکانیش لە رێگەی بڵندگۆوە داوایان لە کاسبکاران کرد دوکان و بازڕەکان بکەنەوە بەڵام ئەو هەوڵەی هێزە ئەمنییەکان شکستی هێنا. لە هەندێک گەڕەکی شاری جوانڕۆ ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو و هێزە ئەمنییەکانیش بۆ بڵاوپێکردنی گەنجان تەقەیان کرد بەڵام تا ئێستا ژمارەی کوژرا و برینداری ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆی ئەو شارە دیار نییە بە تایبەت کە زۆرینەی هێڵەکانی ئینتەرنێت لەو ناوچەیە لەکارخراون. لە شاری کرماشان و مەهاباد هێزە ئەمنییەکان شەوی سێشەممە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی دەیان دانیشتوی ئەو دو شارە و چەند کەسێکیان دەستگیر کرد. سوپای پاسداران حاشای لەوە نەکردوە کە هێزەکانیان لە جوانڕۆ و پیرانشار و مەهاباد تەقەیان لە خەڵک کردوە. بە پێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی کە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکراونەتەوە؛ هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی و کۆتایی خۆپیشاندانەکان چەکی سەربازیی و لە هەندێک حاڵەتیشدا دۆشکا بەکاردەهێنن. مامۆستایانی ئایینیی شاری سنە ودەوروبەری لە بەیاننامەیەکدا؛ رایانگەیاند ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی لە ماوەی زیاتر لە دو مانگی رابردودا بەرامبەر خۆپیشاندەران کردویانە، هاوشێوەی کۆمەڵکوژییەکی ستەمکارانەیە. ئەو مامۆستایانە ئاماژەیان بەوە کردوە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەمو شێویەک هەوڵی سەرکوتی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانیان داوە و دەستیان هەبوە لە رشتنی خوێنی گەنجان و لاوان بۆیە ئەوان هاوشانی خەڵکی ناڕازیی پشتیوانیی لە خۆپیشاندان دەکەن و هاوکات جەختیان لەوە کردەوە دەسەڵاتی ستەمکار نابێت حوکمڕانیی خەڵک بکات و دەبێت شەرعیەتی دەسەڵات بخرێتە ریفراندۆمە و خەڵک مافی خۆیانە دەسەڵاتی ئێستای ئێران هەڵنەبژێرن. زانکۆکان لە ژمارەیەکی بەرچاوی زانکۆکانی کوردستان لە سنە و زانکۆکانی تاران و بابۆل و ئەسفەهان گردبونەوە و ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بون. لە زانکۆی کوردستان لە سنە سرود بۆ شەهیدانی رۆژهەڵاتی کوردستان وترایەوە و خوێندکاران بە گردبونەوەی ناڕەزایەتیی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد. ژمارەیەکیش لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە بە رێپێوان و خۆپیشاندان دروشمی "کوردستان ناوی بەرزە دوژمن دەخاتە لەرزە "یان وتەوە. لە زانکۆی شەریف لە تاران پێکدادن لە نێوان خوێندکارانی ناڕازی و خوێندکارانی سەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران رویدا. هاوکات لە زانکۆی پزیشکیی مەشهەد هێرش کرایە سەر خوێندکاران و ژمارەیەکیان لێ برینداربو و لە زانکۆکانی بوشەهر-یش بایکۆت و ناڕەزایەتیی بەردەوام بو. خوێندکارانی زانکۆی بوشەهر گردبونەوەیان ئەنجام دا و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد. ناڕەزایەتییەکانی شەوی سێشەممە شەوی سێشەممە لە چەند گەڕەکێکی تاران ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو و دژی دەسەڵات دروشم وترایەوە. لە شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان هێزە ئەمنییەکان بۆ رێگریی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی تەقەیەکی زۆریان کرد. لە شاری ئەندیمێشک لە پارێزگای خوزستان هاوشێوەی زاهیدان تەقەی زۆر کرا و لە چەند شارێکی پارێزگای فارس هاوکات ناڕەزایەتیی بەڕێوچو. میدیاکانی سەر بە دەسەڵات بڵاویان کردەوە شەوی سێشەممە ئەفسەرێکی سوپای پاسداران بە ناوی سەعید بەهەشتی لە شاری کرماشان و لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا بە دەستڕێژی گوللـە کراوەتە ئامانج و مردوە. بە پێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتەوە بڵاو کراوەتەوە ئەو ئەفسەرە دەستی هەبوە لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و تەقەکردن لە گەنجانی شارەکە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوە لە 66 رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا 102 کەس لەو بەشەی کوردستان کوژروان، بە گشتی تا ئێستا 434 کەس لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران کوژراون کە یەک لەسەر چواری ژمارەی کوژراون هەومو وڵاتەکە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بون. بە پێی ئامارەکان تا ئێستا لە سەرتاسەری ئێران نزیکەی 17 هەزار و 500 کەس دەستگیرکراون، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە بەهۆی هێزە ئەمنییەکانەوە ژمارەیەکی زۆری برینداران رو لە نەخۆشخانەکان ناکەن و ئەوەش مەترسیی بۆ ژیانیان دروست دەکات.

هاوڵاتی دوو تەقینەوە لە نزیک وێستگەیەکی پاس لە سەنتەری شاری قودس (ئورشەلیم) روویاندا و نزیکەی 15 کەس برینداربوون. بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2022، دوو تەقینەوە لە وێستگەیەکی پاس لە سەنتەری شاری قودس (ئورشەلیم) روویاندا. بەرپرسانی ئەمنی و پزیشکی لە ئۆرشەلیم ڕایانگەیاند، لە دوو تەقینەوەی جیادا کە دوو وێستگەی پاسیان کردە ئامانج، 15 کەس برینداربوون. یەکەم تەقینەوە کاژێر 07:00 بە کاتی قودس (ئورشەلیم)، روویداوە؛ دووەمیش لە هەمان شوێن کاژێر 07:30 خولەک بە کاتی قودس (ئورشەلیم) روویداوە ئەو نەخۆشخانەیانەی چارەسەری بریندارەکان دەکات ئاشکرایکرد، تەقینەوەی یەکەم 12 کەسی بریندارکردووە کە دووانیان باری تەندروستییان ناجێگیرە و، تەقینەوەی دووەم لە وێستگەیەکی دیکە روویداوە و سێ برینداری لێکەوتووەتەوە. بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، تەقینەوەکان لە رێگەی بۆمبی چێندراوەوە بوون کە لە وێستگەکە لەنێو جانتایەکدا دانراون، بەڵام هێشتا پۆلیسی ئیسرائیلی ئەو راپۆرتانەی پشتڕاستنەکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، هێشتا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.  

هاوڵاتی لەماوەی كەمتر لەهەفتەیەكدا لەسلێمانی و دهۆك، بەهۆی تەقینەوەی غازەوە 21 كەس گیانیان لەدەستداو 43 كەسی دیكەش برینداربوون، هەردوو رووداوەكە كاردانەوەی زۆریان لێكەوتەوە، حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بەكارهێنانی سیستەمەكە رابگیرێت. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بەڕووداوەكانی تەقینەوەی غازی لەسلێمانی و دهۆك كرد،  لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی راسپارد كەپێداچوونەوە بەهەموو ئەو شوێنە گشتی و تایبەتانەی ئەم جۆرە سیستەمە بەكاردەهێنن بكەن و لێكۆڵینەوەی جیدی و ورد لەبارەی جۆری غازەكە و لایەنە جێبەجێكارەكان و هۆكارەكانی رووداوەكانی سلێمانی و دهۆك بكەن، تا دەركەوتنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەش، بڕیاردرا بەكارهێنانی سیستەمەكە لەو شوێنانەی بەكاردەهێنرێت، رابگیرێت . هاوكات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم لەبارەی تەقینەوەكەی دهۆكەوە رایگەیاند: دووبارەبوونەوەی رووداوی تەقینەوەی غاز جێگەی نیگەرانی و مەترسیی جیدییە دەبێت لایەنی پەیوەندیدار بەزووترین كات و بەجیدی لەسەر ئەو بابەتە رابوەستێت و چاودێرییەكی باشتری سیستەمی غازو چۆنیەتیی بەكارهێنانی بكات. هەروەها قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەریم رایگەیاند: هێشتا برینی كارەساتەكەی سلێمانیمان لەدڵەو بەداخەوە ئەمجارە كارەساتی تەقینەوەی غازی لەدهۆك هاتەسەر. لەبارەی راگرتنی كاركردن بەسیستەمی غاز، جەوهەر عەلی، قایمقامی دهۆك دەڵێت: دوای رووداوەكەی دهۆك بڕیاردرا كاركردن بەسیستمی غاز رابگیرێت تاوەكو پێداچوونەوەی پێویست دەكرێت. هاوكات رێكان جەمال، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: كۆمەڵێك بڕیار دەرچوون كە نابێت ئیتر ئەو سیستەمە بەكاربهێنرێت، دوای ئەوە لەو بڕیارانە ئاگادار دەكرێنەوە بزانین شێوازی راگرتنی چۆن دەبێت ئەوكات رێنمایی پێویست دەردەكرێت. نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر-یش رایگەیاند: بەبڕیاری سەرۆكی حكومەت كاركردن بە سیستەمی غاز بەهەموو شێوەیەك راگیراوەو بۆ ئەوەش تیمەكانمان راسپاردووە ئاگاداری سەرجەم كۆمپانیاكان بكەنەوە كە نابێت سیستمی غاز بۆ هیچ كەسێك دابنێن. سیستمی شۆفاژ كەئێستا لەهەرێمی كوردستان باوە بەشێوەیەكە كە شۆفاژەكە لەنێو ژوورەكانی ماڵەكەدا دادەنرێت و لەڕێگەی ئاوەوە گەرم دەبێت، ئاوەكەش لەڕێگەی دوو ئامێر كە بە سیستمی غازی (ئێڵ پی جی)یەوە بەستراونەتەوە گەرم دەبێت، واتە غاز راستەوخۆ لەنێو شۆفاژدا نییە، تانكی غازەكەش لەسەربانی ماڵەكە دادەنرێت، بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان پێویستە بەكۆمەڵێك رێنمایی و مەرجی سەلامەتی دابنرێت، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت لەئێستادا زۆرێك لەو تانكی غازانە مەرجی سەلامەتییان نییە و لەكاتی تەقینەوەیان لەناو ماڵان و شوێنە گشتییەكان كارەساتی وەك ئەوەی سلێمانی و دهۆك دەخوڵقێنن. زیاتر لە 18 ساڵە سیستەمی شۆفاژو غازی LPG لەهەرێمی كوردستان پەرەی پێدراوە، لەهەولێر 15 كۆمپانیاو لە سلێمانی 33 كۆمپانیا مۆڵەتی دانانی سیستمی شۆفاژیان هەیە. ئێوارەی پێنجشەممەی رابردوو 17-11-2022، بەهۆی تەقینەوەی غازی سیستمێكی شۆفاژ، خانوویەكی سێ نهۆمی لەسلێمانی رووخاو بەهۆیەوە 15 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداو 11ی دیكە برینداربوون، هەروەها درەنگانی شەوی دووشەممە 21-11-2022 لەگەڕەكی گرێ باسێ لەبەشە ناوخۆییەكی زانكۆی دهۆك بەهۆی هەمان سیستمی غازی شۆفاژەوە تەقینەوە روویداو لەئاكامدا شەش كەس گیانیان لەدەستداو 32 كەسی دیكەش برینداربوون.

هاوڵاتی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بە درێژایی ئەمڕۆ، بەسەر ئاسمانی رۆژئاوای کوردستاندا دەگەڕێن و جگە لە بارەگاکانی هەسەدە، فڕۆکەخانە و پاڵاوگەکانی رۆژئاوا دەکانە ئامانج. ئاژانسی هاوارنیوزی نیزک لە خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا، پالاوگەی عەودا و لەیلانی نزیک لە شاروچکەی تربەسپی -یان بۆردومان کردووە. لەلایەکی دیکەوە، کاتژمێر ١٤:٠٠، فڕۆکەخانەی منخی کانتۆنی شەهبای نێوان عەفرین و کۆبانێ و چەند گوندێکی کانتۆنەکە لەلایەن سوپای تورکیاوە تۆپباران کراون. دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، بە دەیان جار هێرشی کردووەتە سەر گوند و شاروچەکەکانی رۆژئاوای کوردستان. دیارترینیان بارەگای هاوبەشی یەکینەکانی دژە تیرۆری رۆژئاوا (یات) و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بوو کە لە ئەنجامدا دوو ئەندامی (یات) شەهید بوون و سێ ئەندامیشی بریندار بوون. هەروەها ٢٣ گوند و ناوچەی کانتۆنی شەهبای نێوان عەفرین و کۆبانێ تۆپبارانکراون و نزیکەی ٥٧٠ گولە تۆپ و هاوەن بەر ئەو ناوچانە کەوتوون.  

هاوڵاتی پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، پێویستە هەموو کەسێک عەقڵیەتی دەسەڵاتی تورکیا ببینێت کە بۆ بەرژەوەندی خۆی ژیان و مرۆڤ پشتگوێ خستووە. پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە کۆبونەوەی حەفتانەی پارتەکەیدا لە ئەنقەرە، ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشیەکانی تورکیا بۆ نێو خاکی رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان کرد و وتی، " تەقینەوە تاریکەکەی تەقسیم و ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و هێرشەکان بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی مەدەنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێکەوت نییە. بێگومان زۆر پرسیار هەیە کە پێویستە روون بکرێتەوە.  هاوسەرۆکی هەدەپە راشیگەیاند، وەک ئەوەی حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە بانگەشەی بۆ دەکات، مۆدێلی بەڕێوەبردنی دیموکراسی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەڕەشە نییە بۆ سەر تورکیا. مەترسی ڕاستەقینە لەسەر ئایندەی هاوبەشی گەلان، ئەو سیاسەتە شەڕەنگێزەیە کە لەلایەن ئاکەپە-مەهەپە سەپێنراوە،" بوڵدان دەڵێت، پێویستە ئەو کەسانەی بێدەنگن و چەپڵە بۆ ئەم سیاسەتە شەڕەنگێزیە لێدەدەن، ئەم شانۆگەرییە ببینن کە بەرلە هەڵبژاردن نمایشکراوە. پێویستە نەبینە بەشێک لە شانۆگەریەکە. لایەنگری چارەسەری بین و شەڕ رەت بکەینەوە. رۆژێک دوای هێرشە ئاسمانیەکەی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان لە ١٩ی تشرینی دووەم، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دژایەتی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی سەر رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان دەربڕی. هەر ئەمڕۆش، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا کە هاوبەشی دەسەڵاتە، هەدەپەی بە پشتگیریکردن لە پەکەکە تۆمەتبار کرد و داوای کرد، جارێکی دیکە دەست بە رێوشوێنی داخستنی هەدەپە بکرێت.

هاوڵاتی پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2022/11/22 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ  محه‌مه‌د شياع ئه‌لسوودانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ كۆبووه‌وه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيی یه‌كهه‌ڵوێستی له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی كرده‌وه‌ و یه‌كڕیزی و هه‌ماهه‌نگييان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاڵنگارييه‌كان له‌ بوارى ئابووری و بژێوی ژیان و خزمه‌تگوزاریه‌كاندا به‌ پێویست زانی به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی ژیانێكی باشتر بۆ هه‌موو هاووڵاتیيانى عێراق. سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ دووپاتی كرده‌وه‌ كه ‌حكوومه‌تی فیدراڵ پابه‌ندى ‌ده‌ستووری عێراقه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ‌شێوه‌یه‌ك كه ‌مافی هه‌موو پێكهاته‌كان مسۆگه‌ر بكات. لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی دووباره‌ پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ كرد بۆ متمانه‌وه‌وه‌رگرتنی حكوومه‌ته‌كه‌ی و گه‌شبینيی خۆی به ‌تواناكانی حكوومه‌تی نوێ له‌ گواستنه‌وه‌ی وڵات بۆ قوناغێكی جیاوازتر ده‌ربڕى كه‌ زمانی لێكگه‌یشتن و چاره‌سه‌ری تيايدا زاڵ بێت. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسی ئه‌منی له ‌ناوچه‌ سنووریيه‌كانی عێراق كرا و داكۆكى له‌ هاوكاریی نێوان هه‌ردوولا كرايه‌وه‌ بۆ پاراستنی سه‌روه‌ريی عێراق و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌زاندنه‌ به‌رده‌وامه‌كان و كاركردن بۆ ئه‌‌وه‌ی خاكی عێراق نه‌بێته‌ پێگه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر هیچ وڵاتێكى دراوسێ.

هاوڵاتی روسیا لەبەرانبەر ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی رۆژئاوای کوردستان هاتە دەنگ و داوای لە ئەنقەرە کرد کە خۆی لە بەکارهێنانی هێزی زۆری سەربازی بەدوور بگریت. ئاژانسی هەواڵی ڕیای روسی رایگەیاند، ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا لە سوریا ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان کردووە و داوای لە دەوڵەتی تورکیا کردووە، خۆی لە فراوانکردنی گرژیەکان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و ناوچەکە بەدوور بگرێت و وتی، " بەرلە هێرشەکە روسیا بەهیچ شێوەیەک ئاگادار نەکراوەتەوە." ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ دەشڵێت، روسیا هەوڵ دەدات، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە، کێشەی کورد بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت. داواشی کرد، هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان بکشێنەوە و هەوڵی سەقامگیرکردنی ئارامی لە ناوچەکەدا بدەن. کاتژمێر ١٢:٠٠ی شەوی 19ی تشرینی دووەم، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی 'چنگ – شمشێر' هێرشێکی ئاسمانی فراوانیان لەدژی چەند شار و ناوچەیەکی رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و بەگوێرەی ئاماری هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هێرشە ئاسمانیەکاندا، ١٣ هاوڵاتی مەدەنی و ٦ شەڕڤان شەهید بوون و ٢٠ سەربازی حکومەتی سوریاش کوژراون. هەروەها، بە دەیان کەسیش بریندار بوون.

هاوڵاتی بڕیاردەری لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان،ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو پەرلەمانتارانەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە هەمان لیست دەتوانێت شوێنەکانیان پڕ بکاتەوە و لە حاڵەتی ئەوەی کە لیستەکە ئامادە نەبێت شوێنەکان پڕ بکاتەوە، ئەوکاتە بەڕێژەی سەدی، کورسییەکان بەسەر فراکسیۆنەکانی پەرلەماندا دابەش دەکرێت. جەلال محەمەدئەمین بڕیاردەری لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێشبینی دەکەم لە هەفتەی ئاییندەدا، دەستلەکارکێشانەوەی ئەو پەرلەمانتارانەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، بخرێتە بەرنامەی کارەوە و دەنگی لەسەر بدرێت، ئەگەر دەنگی پێویستی هێنا ئەوا بە دڵنیایییەوە کەسی دیکە لە هەمان لیست دەچنە شوێنیان". بەهۆی ناڕەزایەتی لەهەمبەر درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، تا ئێستا لە کۆی ١١١ پەرلەمانتار، ١٢یان بایکۆتیان راگەیاندووە و ١٠شیان دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە کە دەستلەکارکێشانەوەی یەکێکیان (شایان کاکە ساڵح لە فراکسیۆنی گۆڕان) پەسەندکراوە و دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، کازم فاروق کە پێشتر پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردبوو، وەک راگەیەنراوە بەھۆی "خراپی دۆخی تەندروستییەوە" تا ئێستا پەسەند نەکراوە. بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا، پەرلەمانی کوردستان رێکارە یاساییەکان لەبارەی ئەم پرسە بگرێتەبەر. ناڕەزایەتییەکان بەهۆی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەم، جگە لە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان، شایان کاکە ساڵح فراکسیۆنەکانی دیکەشی گرتەوە و رۆژی یەکی تشرینی دووەم، پێنج ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەستیان لەکارکێشایەوە و ھۆکارەکەیشیان بۆ بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان گەڕاندەوە و پێنج رۆژ دواتر و لە رۆژی شەشی مانگدا، ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، (سێ پەرلەمانتار) كشانه‌وه‌ی خۆیان راگەیاند و وەرگرتنی مووچەکانیشیان رەت کردەوە، هاوکات ١٢ په‌رله‌مانتار هەمان رۆژ بایكۆتکردنی دانیشتنەکانی په‌رله‌مانی كوردستانیان راگه‌یاند كه‌ بریتیی بوون له‌ فراكسیۆنی كۆمەڵ (حەوت پەرلەمانتار)، چوار پەرلەمانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان (عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، دابان محه‌مه‌د حوسێن، ئاشنا عه‌بدوڵڵا قادر و شیرین ئه‌مین) و دیاری ئه‌نوه‌ر-یش وه‌ك پەرلەمانتاری سەربەخۆ. گوتیشی: "سەبارەت بەو کەسانەی کە بایکۆتیان کردووە، ئەوا رێکاری دیکە هەیە، ئەگەر بە ماددەی ٢٢ و ٢٣ لە پەیڕەوی ناخۆ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەوانەی بایکۆتی سیاسیی دەکەن، ئەوا دەتوانن بایکۆت بکەن، ئەگەریش بە نەهاتوو مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەوا رێکاری دیکەیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر، بۆیە چۆنیەتی شێوازی مامەڵەکردنیان دەگەڕێتەوە بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان". تا ئێستا لە کۆی ١١١ پەرلەمانتار، ١٢یان بایکۆتیان راگەیاندووە و ١٠شیان دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە و کورسییەکانیان چۆڵە، لەبارەی چۆنیەتی شێواز و رێکارە یاساییەکان لەمبارەیەوە، جەلال محەمەدئەمین ئەحمەد گوتی: "ئەگەر لیستەکە ئامادەبێت پەرلەمانتاری دیکە بنێرێتە شوێنی دەستلەکارکێشاوەکان، ئەوا شوێنەکە پڕ دەکرێتەوە، ئەگەرنا سەبارەت بە فراکسیۆنی یەکگرتوو، ئەوا بزووتنەوەی ئیسلامیی دەتوانێت شوێنیان پڕ بکاتەوە، چونکە کاتی خۆی لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا لیستێکی هاوبەشیان هەبووە، ئەگەریش هیچکامێکیان ئامادەنەبوون شوێنەکان پڕ بکەنەوە، ئەوکات بەڕێژەی سەدی دابەشی سەر فراکسیۆنەکان دەکرێت". بڕیاردەرەی لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان پێشبینی وایە کە بزووتنەوەی ئیسلامیی شوێنی پەرلەمانتارانی یەکگرتووی ئیسلامیی پڕ دەکەنەوە و گوتی: "لە شوێنی پەرلەمانتار شایان کاکە ساڵح، کەسێک لە لیستی بزووتنەوەی گۆڕان دەچێتە شوێنی". لە هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە لیستێکی هاوبەش بەناوی بەرەو ئیسلاح بەشداری پڕۆسەکەیان کرد و بەهۆی رێژەی بەشدارییکردنی ئافرەتانەوە بە سیستەمی کۆتا، بزووتنەوەی ئیسلامی نەیتوانی هیچ کورسییەک بەدەست بهێنێت. هاوکات گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی رایدەگەیەنێت کە تا ئێستا بۆچوونی جیاواز هەیە بۆ بەشداریکردنیان لە پەرلەمانی کوردستان و ئاشکرای دەکات کە دوای رێکارە یاساییەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئینجا ئەنجوومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامیی کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر بابەتەکە دەدات. گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، عەبدوڵڵا وەرتی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە یەک لیست دابەزین بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە لیستی بەرەو ئیسڵاح-مان پێکهێنا، ئێستا برایانی یەکگرتووی ئیسلامیی بە ئارەزووی خۆیان کشاونەتەوە لە پەرلەمانی کوردستان، ئێمە چاوەڕێ دەکەین رێکارە یاساییەکان لە پەرلەمانی کوردستان تەواو ببێت، دواتر ئینجا ئەنجوومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامیی کۆدەبێتەوە و بڕیاری کۆتایی دەدات لەوەی بچێتە شوێنی پەرلەمانتارەکان یان نا، چونکە لە رووی یاساییەوە تەنیا بزووتنەوەی ئیسلامیی دەتوانێت شوێنی یەکگرتووی ئیسلامیی پڕ بکاتەوە". عەبدوڵڵا وەرتی گوتیشی: "دوای رێکارە یاساییەکان لە پەرلەمان، ئێمەش دیراسەی بابەتەکە دەکەین و ئەوکات بڕیار دەدەین، چونکە بۆچوونی جیاواز هەیە بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکە، هەندێک پێیانوایە کە شوێنەکە پڕ بکەینەوە و هەندێکیش لەگەڵ ئەوەن کە بەشداری کاری پەرلەمانیی نەکەین". رۆژی نۆی تشرینی یەکەم، پەرلەمانی کوردستان پێشنیازەیاسای درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی تا ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ پەسەند کرد و ئەمەش کاردانەوەی جیاوازی لەنێو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دروست کرد و هەمان رۆژ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، شایان کاکە ساڵح دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و بەدوای ئەویش ٢٠ پەرلەمانتاری دیکە لە فراکسیۆنە جیاوازەکانەوە دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەیش بە پەرلەمانی کوردستان کرد و هەندێکیشیان بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان کردووە. رۆژی ١٦ی تشرینی دووەم لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا، دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان، شایان کاکە ساڵح پەسەند کرا و پێشتر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، کازم فاروق دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردبوو، بەڵام وەک راگەیەنراوە بەھۆی "خراپی دۆخی تەندروستییەوە" تا ئێستا دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند نەکراوە.  

هاوڵاتی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق لە گفتوگۆیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند پرسی پێشڕەویی زەمینی بەرەو خاکی عێراق ڕاست نییە و لە بنەڕەتدا لە درۆیە. محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق لەبارەی دەنگۆی ئۆپەراسیۆنی زەمینیی ئێران لە عێراق بەمیدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند پرسی پێشڕەویی زەمینی بەرەو خاکی عێراق ڕاست نییە و لە بنەڕەتدا لە درۆیە، وتیشی ئێمە ڕێز لە سەروەریی خاکی عێراق دەگرین و ڕێوشوێنی زۆرمان گرتووەتە بەر بۆ سەقامگیری و یەکڕیزی خاک و گەلی عێراق و بۆ خۆشگوزەرانی ئەم وڵاتە. محەمەد کازم ئال سادق ڕاشیگەیاند: عێراق وڵاتێکی گەورەی دراوسێیە، ئێران و عێراق پەیوەندی سیاسی و جوگرافی و مێژوویی و ئایدیۆلۆژییان هەیە، هەروەها سنوورێکی هاوبەشیان هەیە. باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق ڕاشیگەیاند: ئەم هاوبەشیانە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان عەشایرە-کوردەکانی ناوچەی کوردستان و عەشایری باشووری عێراق و عەشایری باشووری ئێرانی مسۆگەر کردووە، هەروەها زەمینەی سەفەرکردنیان لەنێوان ئەو دوو وڵاتە و تەنانەت زەواجی نێوان کوردەکانی ئەمانەشیان بۆ دابین کردووە دوو وڵات، هەروەها بووە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو نەتەوەی عێراق و ئێران بەهێز و دۆستانە بن. ناوبراو زیادی کرد بۆیە ناکرێ ئێران ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە عێراق دەست پێ بکات. جەختیشی کردەوە "زۆر قسەمان لەگەڵ براکانمان لە هەرێمی کوردستان کرد و پێش ئەمەش لیژنەیەکی ئەمنی هاوبەش لە نێوان هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی پێکهێنرا بۆ ئەوەی بیر لە چارەسەرێک بکەنەوە". جێگای ئاماژەیە پێشوتر بەرپرسانی سوپای پاسدارانی ئێرانی باسیان لەئەنجامدانی هێرشی زەمینی سەربازی کردبوو بۆسەر بنکەو بارەگاکانی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لەهەرێمی کوردستان.

هاوڵاتی تەواوی گەنجینەکانی توت عنخ ئاموون کە دوای دۆزینەوەی تەرمەکەی لە ١٩٢٢ دۆزرانەوە نۆژەن دەکرێنەوە دواتر لە مۆزەخانەی گەورەی میسر کۆ دەکرێنەوە. لە ئێستادا کارەکانی نۆژەنکردنەوەی تەواوی پارچەکانی گەنجینەکانی توت عنخ ئاموون دەستی پێ کردووە کە زۆربەیان لە مۆزەخانەی قاهیرە، بەشێکی دیکەیشیان لە مۆزەخانەکانی شەرم ئەلشێخ و هورگادا نمایش کراون، دەستی پێ کردووە. دواتر تەواوی گەنجینەکانی توت عنخ ئاموون لە مۆزەخانەی گەورەی میسر کۆ دەکرێنەوە. چاوەڕێ دەکرێت گواستنەوەی کەلوپەلەکان کە هێشتا بەروارەکەی دیار نییە، تاکو کۆتایی ئەمساڵ بگوازرێنەوە بۆ مۆزەخانەی گەورەی میسر. وەزیری گەشتیاری و شوێنەوارە مێژوویییەکانی میسر، ئەحمەد عیسا لە ٥ی تشرینی دووەم رایگەیاند کە بەبۆنەی نزیکبوونەوەی ١٠٠ ساڵەی دۆزینەوەی تەرمی توت عنخ ئاموون "لەم نزیکانە کەلوپەل و گەنجینەکان دەگوازرێنەوە". ئەحمەد عیسا بە ئاماژەدان بەوەی کە توت عنخ ئاموون ئەفسانەئاسا بووە لە میسر، سەرنجی خستبووە سەر ئەوەی کە تەواوی گەنجینەکەی دەگوازرێتەوە بۆ مۆزەخانەی گەورەی میسر کە تازە کراوەتەوە. شوێنەوارناسی بەریتانی و میسریناس، هاوارد کارتەر لە ١٩٢٢ گۆڕی توت عنخ ئاموون لە دۆڵی پاشاکان لە شاری لوکسۆر لە میسر دۆزییەوە. دۆزینەوەی گۆڕەکە بووە "گەورەترین دۆزینەوەی شوێنەوارناسی لە سەدەی ٢٠". لەنێو گەنجینەکانی توت عنخ ئامووندا کە لە ١٣٣٢ پ. ز. بۆ ١٣٢٣ پ. ز. لە کۆتایی ١٨ هەمین خانەدانی فیرعەونەکان فەرمانڕەوا بووە، زیاتر لە پێنج هەزار کەلوپەل و پێداویستی جۆراوجۆری وەک دارەمەیتی ئاڵتون، دەمامکی ئاڵتون، تەخت، کەڕەنا، پەرداخ، مەی و خۆراک هەن.

هاوڵاتی بەپێ ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ، یەکێک لە بریندارانی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی 14ـی ئەم مانگەی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە گیانی لەدەستدا، بەوەش ژمارەی قوربانییانی ئەو هێرشە بۆ سێ کەس بەرزبووەوە.  لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "محەممەدڕەزا بادبرووت، پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کە لە هێرشی مووشەکی رۆژی 23ـی خەزەڵوەر (14ی تشرینی دووەم)ی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دیموکراتدا بریندار ببوو، شەهید بوو. محەممەدڕەزا بادبرووت، پێشمەرگەی تازەلاوی خەڵکی ناوچەی مەلەکشاهیی ئیلام نزیکەی دوو ساڵ بوو لە ریزەکانی حیزبی دیموکرات بۆ خەبات لەپێناو مافە نەتەوایەتییەکانی گەلەکەی هەڵبژاردبوو. ئەو لاوە شۆڕشگێڕەی کورد بەرلەوەی ریزەکانی ئاشکرای حیزب بۆ خەبات هەڵبژێرێت، وەک ئەندامی تەشكیلاتی نهێنیی حیزبی دیموکرات ماندوونەناسانە ئەرک و بەرپرسایەتییە حیزبییەکانی لە ناوچەکانی خوارووی کوردستان لە ئەستۆدا بوو." بەپێی راگەیێندراوەکە، محەممەدڕەزا لە هێرشە مووشەکیییەکەی سوپای پاسداران بەسەختی بریندار ببوو و ئەمشەو گیانی لەدەستداوە. رۆژی 14ـی تشرینی دووەم، سوپای پاسداران بە مووشەک هێرشی کردە سەر بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری کۆیە و زڕگوێز. دوای هێرشەکە، شێروان جەلال، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە بە رووداوی گوت، بەهۆی بۆردوومانەکانی سنووری کۆیەوە "هەشت بریندار و دوو شەهید گەیێندراونەتە نەخۆشخانەکەمان." دوایین هێرشی ئێران بۆ سەر کەمپەکانی پەنابەرانی رۆژهەڵات رۆژی دووشەممە 21-11-2022 بوو، کە هێرشی مووشەکی و درۆنی بوو بۆ سەر کەمپەکانی کۆیە و جێژنێکان و زڕگوێز و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستدا. 

هاوڵاتی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و تەنها لە سێ رۆژدا 42 کەس کوژراون و هۆشداریی دەدرێت لە دۆخی خراپی ئەو بەشە لە کوردستان. شەوی رابردو لە شارەکانی جوانڕۆ و بۆکان و سەقز و پیرانشار و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتییەکان بەردەوام و هێزە ئەمنییەکانیش روبەڕوی گەنجان و خۆپیشاندەران بونەوە. تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە تەنها 24 سەعاتی رابردو لە شاری جوانڕۆ پێنج کەس بە گوللـەی هێزە ئەمنییە کوژراون. بە پێی ئامارەکان لە سێ رۆژی رابردودا کە هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆسەر رۆژهەڵاتی کوردستان زیادی کردوە، 42 کەس بە گوللـە کوژراون. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە بەهۆی هێزە ئەمنییەکانەوە ژمارەیەکی زۆری برینداران رو لە نەخۆشخانەکان ناکەن و ئەوەش مەترسیی بۆ ژیانیان دروست دەکات.

هاوڵاتی بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و ژمارەیەک بەرپرسی باڵا کۆدەبێتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە ئەمڕۆ سێشەممە 22-11-2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و به‌رپرسانى عێراق دۆخى وڵات و په‌يوه‌ندى و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆ و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنيان تاوتوێ دەکات. وەکو لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لە کۆبوونەوەکاندا دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌، تاوتوێ ده‌كرێن.

هاوڵاتی سەرباری بە سەربازگەكردنی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەكارهێنانی زەبر و زەنگی زۆر، خۆپیشاندانەكان لە شارە جیاجیاكانی ئەو بەشەی كوردستان بەردەوامە. ئەمڕۆژ وەک هەموو ڕۆژەکانی کە خۆپیشاندانەکان بڵێسەی سەند و لە سەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵات خۆپیشاندان ئەنجام درا و هێزە ئەمنییەکانیش بە چەکی جۆراوجۆر و بە شێوەیەکی دڕندانە ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بوونەوە . جوانڕۆ یەکێک بوو لەو ناوچانەی ئەمڕۆ لە سەرجەم کوچەوکۆڵانەکانی خۆپیشاندان بوو،هەروەها خۆپیشاندەران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕاستەوخۆ تەقەیان لێدەکراو ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە بە شێوەیەک خەڵکی ناوچەکە داوای یارمەتییان لە دانیشتوانی دەوروبەری کردو لە خەستەخانەکانیش داوای خوێن کرا. خەڵکی جوانڕۆ داوای پاڵپشتییان کردو ڕایانگەیاند: "جوانرۆ خەریکە کۆمەڵکوژ دەکرێت" "داوا لە هەموو ئازادیخوازەکانی ئێران بە تایبەتی پارێزگای کرمانشان دەکەین کە بۆ خاوەنداریکردن لە جوانڕۆ بڕژێنە نێو شەقامەکان و رێگە نەدەن کۆمەلکوژیەکی دیکە لە کوردستان رووبدات. ئەم یەکگرتنە کۆتایی بە جمهوری ئیسلامی دەهێنێت" تکایە ڤیدیۆکان بۆ خوار ١٨ ساڵ نابن      وتیشیان : "ئەمڕۆ جوانڕۆ شایەدی کۆمەڵکوژی بوو. هاونیشتیمان هەستە براکەت دەکوژرێت. ئەی گەل بۆچی دانیشتووی. ئاگر بە ئاگر و گولە بە گولە وڵام بدەوە."         جوانڕۆ. دیمەنی برینداربوونی ژمارەیەک خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە ئەمنیەکان لە خۆپیشاندانەکاندا.