هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێکدا هەپەگە ناسنامەی سێ گەریلای شەهیدی لە ناوچەی مەتینای باشووری کوردستان بڵاوکردەوە، کە مانگی ڕابردوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای تورکی داگیرکەردا شەهیدبوون. ئەمڕۆ سێشەممە ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا شەهیدبوونی گەریلای لە ناوچەی مەتینا بلاوکردەوە و ڕایگەیاندووە: هاوڕێیانمان ڕۆژهات، عەلی و باهۆز بە چالاکییەکانیان بە سەرکەوتوویی لە شێوازی شەڕی تیمە گەڕۆکەکاندا، گورزی زۆر قورس و گەورەیان لە داگیرکەران دا، لە بەردەوامیی بەرەنگارییە بێ وێنەکەیاندا، ڕۆژی ٥ی تەمموزی ٢٠٢٢ قارەمانانە شەڕیان کرد و شەهید بوون. هەروەک هاتووە: ئەم ڕۆڵە قارەمانانەی کوردستان بە بەرخۆدانیان لەسەر هێڵی فیدایی، هێرشیان کردە سەر داگیرکەران و گوزری کاریگەریان لێدان، ئێمە بەڵێن دەدەین، کە بەرخۆدانەکەیان دەگەیەنینە سەرکەوتن. هەپەگە ناسنامەی شەهیدەکانی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە: نازناو: ڕۆژهات کوردستان ناو و پاشناو: فەرهاد ئۆتگەن شوێنی لەدایکبوون: ئەدەنە ناوی دایک و باوک: حەمدیە – نیعمەت کات و شوێنی شەهیدبوون: ٥ی تەمووزی ٢٠٢٢ / مەتینا **** نازناو: عەلی تۆڵهەڵدان ناو و پاشناو: مەتین کارابۆگا شوێنی لەدایکبوون: دیلۆک ناوی دایک و باوک: ئەسمەر – رەسول کات و شوێنی شەهیدبوون: ٥ی تەمووزی ٢٠٢٢ / مەتینا **** نازناو: باهۆز باگۆک ناو و پاشناو: فەرهاد دەمیرتاش شوێنی لەدایکبوون: مێردین ناوی دایک و باوک: غەنیمە – ئاسلان کات و شوێنی شەهیدبوون: ٥ی تەمووزی ٢٠٢٢ / مەتینا هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هەپەگە سەرەخۆشیی لە “بنەماڵە هێژا و بەنرخەکانیان، گەلی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەریی کوردستان دەکەین”.
هاوڵاتی لەلێدوانێکیداهاوسەرۆکی هەدەپە ڕایگەیاند لە مێردینەوە تاوەکو خابوور هیچ شارێکمان نییە رێگەی بازنەیی بۆ دروستکرابێت. میتحەت سانجارهاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە، بەیاوەری شاندێک کە پێکهاتبوو لەهەریەکە لە ئێبرو گونای، گوتەبێژی هەدەپە و مێرال دانش بێشتاش، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە؛ پەرۆ دوندار، پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی مێردین و دوو شاند کە لە ئامەد و مێردینەوە رۆیشتبوونە ئەوێ، لە شارۆچکەی دێرکی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەبارەی رووداوە هاتووچۆکەی رۆژی شەممەی رابووردووە (کە تیایدا زیاتر لە٢٠ کەس بوونە قوربانی) سازکرد وتیایدا رەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرت بەوەی گرنگی بە رێگەوبانی شارەکانی باکووری کوردستان نادات. هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە دەربارەی هەردوو ڕووداوەکە وتیشی، "رووداوی یەکەم روودەدات، 20 خولەک تێدەپەڕێت، هیچ رێوشوێنێک ناگیرێتەبەر، رێگە داناخرێت. لە کاتێکدا بەهۆی رووداوەکەوە فۆسفات بە شەقامەکەدا پەرت دەبێت، دیسان هیچ رێوشوێنێک ناگیرێتەبەر. دوای 20 خولەک بارهەڵگرێکی دیکە دێت و لێرە، لەو خەڵکە دەدات کە بە مەبەستی هاوکاریکردن لێرە بوون." ئاماژەشی بەوەکرد لە مێردینەوە تاوەکو خابوور هیچ شارێکمان نییە رێگەی بازنەیی بۆ دروستکرابێت. جێگای ئاماژەیە ئێوارەی شەممە 20-08-2022 لە شارۆچکەی دێرکی مێردین دوو رووداوی هاتووچۆ بەدوای یەکدا روویاندا و بەو هۆیەوە زیاتر لە 20 کەس گیانیان لەدەستدا. رووداوەکە بەهۆی دوو بارهەڵگرەوە بوو، کە دەگوترێت برێکیان نەماوە، شۆفێرەکانیش دوای وەرگرتنی وتە لێیان بەبڕیاری دادگا دەستگیرکراون.
هاوڵاتی بەدرێژایی مێژووی نوێی عێراق ئەو وڵاتە یەكێك بووە لەوڵاتە هەرە دەوڵەمەندەكانی بوارە جیاجیاكانی سروشت و گەنجینەیەكی پڕ لەبەهای ئابووری و خۆراكی و نەوتی بووە، بەڵام بەهۆی جەنگە یەك لەدوای یەكەكانەوە بەتایبەت لەساڵانی هەشتا بەرەو ژوور، ئیدی ئابووری ئەم وڵاتە بەجۆرێك داڕما كە نەدراوەكەی بەهای ما، نە یەدەگی زێڕ و نە یەدەگە نەختیەنییەكەی توانی لەڕیزبەندی وڵاتاندا جێگای خۆی بگرێت و نە ئابوورییە هەناردەییەكەشی توانای ڕكابەریكردنی هەناردەی وڵاتانی دراوسێ ما و بۆ ماوەیەكی درێژ ئەم وڵاتە هەرەسهێنا. لەئێستاداو دوای ئەو ئارامییە ڕیژەییەی كەعێراق پیایدا تێپەڕدەبێت و جەنگەكانی تا ڕادەیەك نەماون، ئەم وڵاتە چ لەڕووی هەناردەی نەوت و چ لەڕووی یەدەگی نەختینەیی و چ لەڕووی یەدەگی زێڕەوە لەگەشەیەكی بەردەوامدایەو ئامارەكانی دڵخۆشن، هاوكات وەزیری داراییەكەشی بڕوای وایە تاكۆتایی ساڵ یەدەگی نەختینەیی زیاتر دەبێت. بەپێی تازەترین ئامار كە لەناوەڕستی مانگی ئاب دا و لەلایەن كۆمپانیای (سۆمۆ) بڵاوكراوەتەوە ئاشكرای كردووە عێراق لەمانگی پێشوودا رۆژانە 4 ملیۆن و 584 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە و بەبەراورد بە مانگی رابردوو ڕۆژانە 69 هەزار بەرمیل زیادی كردووە. هەر بەپێی ئامارەكە داهاتی هەناردەی نەوت لە مانگی تەمموزدا 10 ملیار و 608 ملیۆن دۆلار بووە كە ئەمەش داهاتێكی زەبەلاحەو پێشبینی دەكرێت تاوەكو كۆتایی ساڵ داهاتی نەوتی عێراق نزیكبێتەوە لە 150 ملیار دۆلار. بەرزبوونەوەی قەبارەی هەناردەی نەوت و زیادبوونی داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی گشتی عێراق دەبێتە هۆی زیاتركردنی قەبارەی یەدەگی نەختینەیی و ئابوورییەكی قایمتر و تۆكمەتر دەكات. لەوبارەیەوە بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاندووە، قەبارەی یەدەگی نەختینەیی عێراق گەیشتووەتە 82 ملیار دۆلار، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت. عومەر عاسم، وتەبێژی بانكی ناوەندی عێراق ئاشكرایكردووە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا قەبارەی یەدەگی نەختینەیی 70 ملیار دۆلار بوو و بەراورد بەو كاتەش 12 ملیار دۆلاری تر زیادی كردووە، شارەزایانیش ئەم زیادبوونە زۆرەی یەدەگی نەختینەیی بۆ بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت دەگەڕێننەوە. ئەمە لەكاتێكدایە لەلایەكی ترەوە یەدەگی زێڕیش بەرزبووەتەوە و عێراق بووەتە خاوەنی دەیان تۆن زێڕیش و چەند پلەیەكیش لەڕیزبەندی جیهانیدا هاتۆتە پێشەوە. بەپێی تازەترین ئاماریش عێراق لە یەدەگی زێڕیشدا هەنگاوی باشی ناوە و بووەتە خاوەنی 130 تۆن زێڕ، لە ئاستی دنیادا لە ریزبەندی 30یەم و لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لە ریزبەندی چوارەمدایە. ئەنجومەنی جیهانی بۆ زێڕ ئاشكرای دەكات، عێراق بەكڕینی 34 تۆن زێڕ لە پلەی 30 هەمینی ئەو وڵاتانەیە كە پشت بە یەدەگی زێڕ دەبەستن. لە نوێترین داتاو زانیارییەكانیدا ئەنجومەنی جیهانی بۆ زێڕ ڕاگەیاندووە، بانكی ناوەندی جیهانی بڕی 111.19 تۆنی زێڕی خستووەتە سەر یەدەگی زێڕی جیهانی و لەو چوارچێوەیەدا یەكێك لەو وڵاتانەی كە زۆترین خواستی كڕینی زێڕی هەیە عێراقە كە لەم مانگەدا بڕی 33.97 تۆن زێڕی كڕیوە،و ئێستا لە پلەی 30یەمینی ئەو وڵاتانە دادەنرێت كە پشت بە یەدەگی زێر دەبەستن. ئاماژەی بەوەشكردووە دوای عێراق هەریەكە لە توركیا بە كڕینی 26.60 تۆن و ئۆزبەكستان بە 26.44 و كازاخستان بە 15.79 تۆن و هیندستان بە 8.39 لە ریزبەندی زۆرترین كڕیارانی زێڕن لە جیهاندا. وەنەبێت عێراق خەونەكانی بۆ بەهێزكردنی ئابوورییەكی هەر بەوەندە وەستابێت، بەڵكو هیواخوازیشە تا كۆتایی ئەمساڵ یەدەگە نەختینییەكەی زیاتر بكات و چەند هەنگاوێكی دیكە بچێتە پێشەوە. عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لەلێدوانێكیدا هیواخوازە یەدەگی نەختینەیی وڵاتەكەی تا كۆتایی ئەمساڵ لە70 ملیارەوە بگاتە 90 ملیار دۆلار، هاوكات ئاماژەشی بەوەكردووە لەساڵی 2020 یەدەگی نەختینەیی وڵات كەوتۆتە بەر مەترسی، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سیاسەتە داراییەكانەوە توانیویانە یەدەگەكە زیاتر بكەن.
هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێکدا سەرۆککۆماری ئێران ڕایدەگەیەنێت کە دەبێت دەرچەیەک لە قەیرانی سیاسیی عێراق بدۆزرێتەوە. بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاندووە: "دەبێت سەرجەم رەوتە سیاسییە رەسەنەکانی عێراق لە رێگەی دیالۆگ و کارلێکردنەوە لەسەر دەرچەیەک لەم کێشە سیاسییانە رێکبکەون". راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە لەو پەیوەندییەدا لەگەڵ مستەفا کازمی، ڕەئیسی تاوتوێی قەیرانی سیاسیی عێراق، دانوستانەکانی نێوان ئێران-سعوودیە کە بە نێوەندگیری بەغدا بەڕێوەدەچێت و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کراوە. هاوکات سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاندووە بۆ دەربازبوونی عێراق لەو قەیرانەی کە تێدایە بانگەوازی دامەزراندنی دیالۆگ و کارلێکردنی لە نێوان کەسایەتییە سیاسییە ڕەسەنەکانی وڵاتەکە کرد.
هاوڵاتی دوابەدوای کۆبوونەوەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆیان، بۆ هەڵوەشاندنەوەى دانانى ٢٥٠ کامێراى چاودێریى لە سنورى پارێزگاى سلێمانى، ، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆبونەوەیەكدا پرۆژەی دانانی كامێرای تیژڕەوی (پۆینت توو پۆینت) رەت دەكاتەوە. ئەنجومەنەکە پێشنیازیش دەكات بۆ پەرلەمانی كوردستان گرێبەستی دانانی كامێرای تیژڕەوی رابگرێت. هاوکات ئەنجومەنەکە داوا لە داواكاری گشتی سلێمانی دەكات، رێكاری یاسایی بگرێتە بەر بۆ ڕاگرتنی گرێبەستی ئەو پرۆژەیە. ئەمە لەکاتێکدایە داواکاری گشتی پرۆژەکەی ڕەتکردۆتەوەو لە چەند ڕۆژی ڕابووردووشدا تەقە لەچەند کامێرایەکی هاتۆچۆ کراو زیانیان پێگەیەنرا.
هاوڵاتی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت نابێت ململانێکان بگات بەوەی دژ بە ئەنجومەنی دادوەری بێت، پاڵپشتی خۆشی بۆ خۆپیشاندانەکان دووپاتدەکاتەوە. دوابەدوای مانگرتنی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری و هەڵپەساردنی کارەکانی ئەنجومەنەکە،ئەمڕۆ سێشەممە( محەمەد حەلبوسی) سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند نابێت ململانێکانمان لەگەڵ دادوەری بێت کە هەموومان پەنای بۆدەبەین بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانمان. حەلبوسی پاڵپشتی خۆی بۆ خۆپێشاندانەکان بە شێوازە دەستوری و یاساییەکانی کە پارێزگاری لەدەوڵەت ودام ودەزگاکانی بکات دووپاتکردەوە. جێگای ئاماژەیە لەماوەکانی پێشوودا لایەنگرانی سەدر بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیانەوە ڕۆیشتنە ناو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و مانیانگرت، دواتر بەبڕیارێکی موقتەدا سەدر کشانەوە دەرەوەی باڵەخانەکە. دوای زیاتر لە ١٠ مانگە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، لایەنەكان نەگەیشتوون بە ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەت و موقتەدا سەدریش، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات و چوارچێوەی هەماهەنگیش هەوڵدەدات بۆ پێكهێنانی حكومەت
هاوڵاتی دوابەدوای تۆمەتبارکردنیان بۆ کوشتنی کچی گەورە بەرپرسێکی ڕوس، بەرپرسانی ئۆکرانیا ئەو تۆمەتەی ڕوسیایان ڕەتکردەوە کە هەواڵگری ئۆکراین لەپشت کوژرانی دەریا دۆگینا وە بووبن. لەوبارەیەوە وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی و ئەنجومەنی بەرگری ئۆکراین ( ئۆلیکسی دانیلۆڤ) ڕایگەیاند" ئێمە بەو شێوەیە کار ناکەین". جێگای ئاماژەیە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابووردووبههۆی تهقینهوهی ئۆتۆمبیلهکهی لە نزیک شاری مۆسکۆ، کچی گەورەی راوێژکارێکی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کوژرا که دهوترێت پلانداڕێژهری جهنگی ئۆکرانیا بووه. ئەندرای کراسنۆڤ، بەرپرسی بزووتنەوەی ئاسۆی کۆمەڵایەتیی رووسیا کە کەسێکی نزیکی ئەلێکساندەر دوگنە بە میدیای رووسیای راگەیانبوو، ئامانجی هێرشەکە کوشتنی ئەلێکساندەر دوگن بووە و ئەو ئوتومبێلەشی کراوەتە ئامانج ئۆتۆمبێلی ئەلێکساندەر بووە، بەڵام کچەکەی ئۆتۆمبێلەکەی لێخوڕیبوو. ئەلێکساندەر دوگن بە یەکێک لە کەسە نزیکەکانی پووتین ناسراوە و راوێژکاریەتی؛ هەروەها بە یەکێک لە پلانداڕێژەرانی پشت هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دادەنرێت و کەسێکی ناسیۆنالیستی دیاری رووسییە.
هاوڵاتی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر قۆناغێکی نوێی داواکارییەکانیان دەستپێکردو بەیانی ئەمڕۆ چونە بەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی دادوەری و خێمەیان هەڵدا و بڕیاریاندا کە مانبگرن تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت، لەبەرامبەریشدا ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە بەغدا؛ ئەنجوومەنەکە، ئەمڕۆ کارەکانی هەڵپەسارد. هاوکات لایەنگرانی سەدر پێنج داواکاریشیان خستەڕوو کە گرنگترینیان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئێستا و دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و بە سیاسی نەکردنی دەسەڵاتی دادوەریی، هاوکات بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران و جیاکردنەوەی داواکاری گشتی لە ئەنجومەنی دادوەری، بەشێكی تر بوون لە داوكاری لایەنگرانی سەدر. جێگای ئاماژەیە لەماوەکانی پێشوودا لایەنگرانی سەدر بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیانەوە ڕۆیشتنە ناو باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و مانیانگرت، دواتر بەبڕیارێکی موقتەدا سەدر کشانەوە دەرەوەی باڵەخانەکە. دوای زیاتر لە ١٠ مانگە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، لایەنەكان نەگەیشتوون بە ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەت و موقتەدا سەدریش، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات و چوارچێوەی هەماهەنگیش هەوڵدەدات بۆ پێكهێنانی حكومەت.
هاوڵاتی ئاژانسێکی کوردی لهزاری ڕۆژنامەنووسێکی مەیدانییهوه لە سووریا بڵاویکردۆتهوه تورکیا و گرووپە چەکدارییەکان بە بڕینی ئاوی حەسەکە دەیانەوێت خەڵک لەدژی ئیدارەی خۆسەری بورووژێنن. لهوبارهیهوه ئۆرهان کهمال، یهکێک رۆژنامهنووسی مهیدانی له کوردستانی سووریا ئهمڕۆ (دووشهممه 31ی ئاب) له گفتوگۆیەکی کورتدا لهگهڵ کوردپرێس، سهبارهت به بڕینی ئاوی حهسکه له لایهن گرووپه چهکدارهکانی سووریاوه وتی: له ههفتهی رابردووهوه، ئاوی خواردنهوهی شاری حەسکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سووریاوە کە کۆنترۆڵی وێستگەی عەلوک سەرێکانییان بەدەستەوەیە، بڕابوو. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دوای ٥ ڕۆژ لە بڕینی ئاو لە حەسکە و دەوروبەری، ئاو بە پاڵەپەستۆیەکی نزمەوە گەیشتە ناو شارەکە. ئاماژهی بهوهش کرد: "تورکیا دهیهوێت هاوکات لەگەڵ تۆپبارانکردندا لەم ڕێگاشەوە گوشار بخاته سهر خهڵک". ئامانجی تورکیا ڕوونە، ئەردۆغان هەوڵ دەدات ناڕەزایی و ناسەقامگیری لە کوردستانی سووریا دروست بکات. هەر بەپێی هەواڵی کۆردپرێس، نەوارە سەبری، هاوسەرۆکی ئیدارەی ئاوی شاری حەسکە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، ئاوی خواردنەوەی وێستگەی عەلوک لە سەرێکانی نەگەیشتووەتە حەسکە. سەبری زیادی کرد: بۆ ماوەی دوو مانگە، هەر مانگێک تەنیا ١٥ ڕۆژ ئاوی خواردنەوە گەیێندراوەتە گەڕەکەکانی حەسکە. وێستگەی ئاوی عەلوک تاکە سەرچاوەی ئاوی شارەکانی حەسەکە و تەلتەمەر و گەڕەکەکانی دەوروبەریانە و لە ساڵی ٢٠١٩ەوە کەوتۆتە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سووریا. لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ەوە تورکیا نزیکەی ٢٧ جار کاری ئەم وێستگەیەی ڕاگرتووە، دواجاریش لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا بەهۆی کێشە لە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای درباسیە، گەیاندنی ئاو بۆ حەسەکە ڕاگیردرا. بەپێی زانیارییەکان بۆ وەگەڕ خستنی ئەم وێستگەیە تەنها 3 مێگابایت کارەبا پێویستە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو چەکدارانەی کونترۆڵی وێستگەکەیان بەدەستۆیە 8 مێگابایت کارەبا بۆ مەبەستی دیکە بەکار دێنن و ئەمەش بووەتە هۆی لەناوچوونی تۆڕەکانی کارەبا.
هاوڵاتی سەڵاح رەشید نوسەری كتێبی دیداری تەمەنی مامجەلال لەسەر سكاڵایەك چوە بەردەم دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر و بە بەكەفالەتی چوار ملیۆن دینار ئازادكرا. پارێزەر بەشدار حەسەن لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسوك، رایگەیاند: "كەمێك لەمەوبەر ماموستا سەڵاح ڕەشید ، نوسەری كتێبی دیداری تەمەن، لەسەر سكاڵایەك چوە بەردەم دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر و دواتر بەكەفالەتی چوار ملیۆن دینار ئازاد كرا ، بە پێی مادە ٤٣٤ لە یاسای سزاكانی عیراقی". ئاشكراشیكرد: ئارام ڕەسوڵ مامەند، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی ، سكاڵای لەسەر سەڵاح ڕەشید تۆماركردووە، چونكە پێیوایە لەكتێبی دیداری تەمەنی مام جەلال كەلەلایەن سەڵاح ڕەشید ئامادەكراوە ، تەشهیر بە خوالێخوشبوو ڕەسوڵ مامەندی باوكی كراوە".
هاوڵاتی لهڕاپۆرتێکدا گۆڤارێکی ئهمریکی تازهترین ڕیزبهندی وڵاته ههژارهکان بڵاودهکاتهوه که عێراق ریزبهندی 8ـهمین وڵاتی عهرهبی و 79ـهمین وڵاتی جیهاندان. لهوبارهیهوه گۆڤاری گلۆبال فێنانسی ئهمهریكی راپۆرتێكی لهبارهی وڵاته ههژارهكانی جیهان بڵاوكردووهتهوه و دهڵێت: عێراق له ریزبهندی 8ـهمین وڵاتی عهرهبی و 79ـهمین وڵاتی جیهاندایه كه دانیشتوانهكهی لهژێر هێڵی ههژارییدان، بهوهی ههر تاكێكی عێراقی ساڵانه پێویستی به 12 ههزار دۆلار ههیه، بۆ ئهوهی بژێوی و پێداویستییهكانی دابین بكات، هاوكات بوروندی یهكهمین وڵاته كه گهلهكهی لهژێر هێڵی ههژاری توندان و ههر تاكێك ساڵانه پێویستی به 856 دۆلاره بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی. گۆڤارهكه ئاماژهشی بهوهداوە که بهشێك له وڵاتانی دونیا بههۆی شهڕی نێوخۆ و ململانێیهكان و كێشهی مهزههبی و بڵاوبوونهوهی ڤایرۆسی كۆرۆناوه رووبهڕووی ههژاری و برسێتی بوونهتهوه.
هاوڵاتی لهڕاپۆرتێکدا گومرگی پارێزگای سنە ئاشکرای دهکات که هەناردە لە مانگی 3 تاوەکو مانگی 7ی ئەمساڵ لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 26٪ کەمبووەتەوە، هاوکات ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێرانی عێراقی رایگەیاند، هەناردەی وڵاتەکی بۆ عێراق لە چوار مانگدا گەیشتووەتە دوو ملیار 398 ملیۆن دۆلار. لهوبارهیهوه خەلیل حەیدەری، چاودێری گومرکەکانی پارێزگای سنە رایگهیاندووه: لە ماوەی ئەو 4 مانگەدا بایی 276 ملیۆن دۆلار کاڵا و کەلوپەل لە دەروازەی باشماخەوە هەناردە کراوە؛ لەسەر بنچینەی کێشیش 596 هەزار تۆن هەناردە کراوە کە ئەویش 28٪ کەمتر بووەتەوە. بازرگانانی دەروازەی سنووریی باشماخ لە کۆبوونەوەی رۆژی 21-08-2022 لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای سنە دابەزینی هەناردەیان بۆ کۆمەڵێک هۆکار گەڕاندەوە، لەوانە دەستوەردانی هێزی پاسەوانی سنووری ئێران، بوونی دامودەزگای جۆراوجۆر لە دەروازەکە، کەمیی سووتەمەنی بۆ بارهەڵگرەکان، کێشەی قاچاخچی و نەبوونی تاقیگەی بەڕێوەبەرایەتیی ستاندارد. ئهمه لهکاتێکدایه پێشتر محەممەد جەباری، داواکاری گشتیی پارێزگای سنە ڕایگهیاندبوو: دەروازەی سنووریی باشماخی مەریوان ناڕێکی و کێشەی زۆری هەیە؛ ئەم کێشانە دوای 15 ساڵ لە بەنێودەوڵەتیبوونی دەروازەکە هێشتا چارەسەر نەبوون. پێشتریش ژووری بازرگانیی سنە هۆشداریدا بوو ئەگەر دۆخی دەروازەی سنووری باشماخ رێکنەخرێت و باشتر نەکرێ، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو دەروازەیەوە دادەبەزێت و بازرگانەکان روو لە دەروازە سنوورییەکانی دیکە دەکەن. لهلایهکی ترهوه ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێرانی عێراقی رایگەیاند، هەناردەی وڵاتەکی بۆ عێراق لە چوار مانگدا گەیشتووەتە دوو ملیار 398 ملیۆن دۆلار. بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فارسی ئێرانی، جیهانبەخش شیرازی سکرتێری ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێرانی عێراقی رایگەیاندووە، هەناردەی وڵاتاکەی بۆ عێراق لە چوار مانگدا 6 ملیۆن و 932 هەزار تۆن بووە و لەسەر ئاستی ساڵانە %37 کەمیکردووە. کە بەهای کاڵای هەناردەکراوی ئێران 2 ملیار و 398 ملیۆن دۆلار بووە و لەسەر ئاستی ساڵانە %15 بۆ %17 کەمیکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا، ئێران نزیکەی 11 ملیۆن تۆن کاڵای بە بەهای 2.817 ملیار دۆلار هەناردەی عێراق کردبوو.
هاوڵاتی میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردهوه تەرمی ئەو ١٩ کەسەی لە ئاکامی دوو رووداوی هاتوچۆی بە دوای یەکدا لە شاری دێرک سەر بە پارێزگای ماردین گیانیان لەدەست دا، بە خاک سپێردران. ئاژانسی ئانادۆڵۆی تورکی بڵاویکردۆتهوه دوای ئەنجامدانی پرۆسەی توێکاری بۆ ١٩ لەو کەسانە تەواو بوو کە لە ئاکامی تەقینی وەستێنەری بارهەڵگرێک و چوونی بۆ خەڵک لە ناوچەی ئوچئیۆڵ لە شاری دێرک گیانیان لەدەست دا. دوای ئەنجامدانی نوێژی مردوو لەسەریان تەرمەکان کە رادەستی کەسوکاریان کرانەوە، بە جیا لە مزگەوت لە دێرک رێوڕەسمیان بۆ رێک خرا. جێگای ئاماژهیه لە ئاکامی دوو رووداوی هاتوچۆ لە شاری دێرک ٢٠ هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا و ٢٦ هاووڵاتیی دیکە برینداربوون کە برینی شەشیان سەختە.
هاوڵاتی بهپێی لێدوانێکی جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، پێشبینی کرد کە تا کۆتایی ئەمساڵ، یەدەگی نەختینەی بانکەکەیان بگاتە ٩٠ ملیار دۆلار و ئاماژەی بەوەداوە کە بەتێکڕا، یەدەگی زێڕ لە بانکی ناوەندیی عێراق، ٣٠ی تۆن زیادی کردووە. عەممار خەڵەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقلە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا، یەدەگی نەختینەی بانکی ناوەندیی عێراق زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٨٠ ملیار دۆلار و گوتی: "پێشبنی دەکەین تا کۆتایی ئەمساڵ، یەدەگی نەختینەی بانکەکەمان بگاتە ٩٠ ملیار دۆلار". راشیگەیاندووە کە بەتێکڕا، یەدەگی زێڕ لە بانکی ناوەندیی عێراق، ٣٠ی تۆن زیادی کردووە و گەیشتووەتە، ١٣١ تۆن و روونی کردووەتەوە کە یەدەگی زێڕ بەشێوەیەکی بەردەوام زیاد ناکات، بەڵکو لە ماوەی درێژخایەندا زیاد دەکات. ئەمەیش لە کاتێکدایە لە کانوونی یەکەمی رابردوودا، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندبوو کە یەدەگی بانکەکە لە نەختینەی بیانی، گەیشتووەتە ٦٤ ملیار دۆلار.
هاوڵاتی بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، پەرەسەندنی بێمتمانەیی بە دامەزراوە سیاسییەکانی ئەمەریکا ئاماژەیە بۆ ئەوەی، رەنگە ئەو وڵاتە لە لێواری ململانێیەکی نوێی ناوخۆییدا بێت. (د.گارین وینتێموت) دامەزرێنەری سەنتەری کالیفۆرنیا بۆ لێکۆڵینەوە لە توندوتیژی چەك، بە رۆژنامەی گاردیانی راگەیاند،لە ئەنجامی راپرسییەکی سەنتەرەکە کە لە مانگی تەمووزدا کراوە دەرکەوتووە لە سەدا 50ـی ئەمەریکییەکان پێشبینی شەڕی ناوخۆ دەکەن لە چەند ساڵی داهاتوودا و، لە هەر پێنج هاووڵاتییەکی ئەمەریکا یەکێکیان پێیوایە توندوتیژی سیاسی لە هەندێک بارودۆخدا رەوایە. د.گارین وتیشی: 40%ی ئەمریکییەکان پێیانوایە هەبوونی سەرکردەیەکی بەهێز بۆ وڵاتەکە لە مانەوەی دیموکراسی گرنگترە. هەروەها هەڵکووتانە سەر ماڵی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ لەلایەن (ئێف بی ئای)ـەوە، بەهۆکارێك بۆ هاندانی زیاتری توندوتیژی دەزانێت. لە ئەنجامی ئەمانەدا راشیل کلانفید، توێژەر و پسپۆڕی ململانێی مەدەنی، باسی لەوەکرد، سیستەمی سیاسی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەرەنتی ئەوە نادات کە هیچ ململانێیەکی توندوتیژ لەو وڵاتەدا روونەدات. کلانفید جەختیشیکردەوە لەوەی، "ئەگەر دامەزراوەکانمان لاواز ببن، دەشێت مێژوو جیاواز بێت". ئەو توێژەرە وتیشی: دەبینیت سێ بۆ پێنج ملیۆن ئەمەریکی هەن کە ئامادەن ئازاری ئەمەریکییەکانی دیکە بدەن بەهۆی بیروباوەڕی سیاسییانەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی، خەڵکی ئەمەریکا زۆر نائومێدن لە دیموکراسی " جێگەی باسه کە فرۆشتنی چەک بەشێوەیەکی بەرچاو لە ناوخۆی ئەمەریکا زیادی کردووە.