هاوڵاتی بەهۆی تێوەگلانیان لە دۆسیەی گەندەڵی دەستەی دەستپاکی عێراق، ١٠ لێپرسراوای وەزارەتی کارەبا بانگھێشت دەکات. دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دادگای دووی کەرخ فەرمانی دەرکردووە بۆ بانگھێشتکردنی ١٠ لێپرسراوی وەزارەتی کارەبا، کە لە نێویاندا وەزیرێک و چوار بریکاری پێشوو ھەن و تێوەگلاون لە پێشێلکاری لە یەکێک لە گرێبەستەکانی وەزارەتی کارەبا لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکاندا. ئەمەشلەکاتێکدایە پێشتر دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاویکردەوە، دوو ھەزار و ٦٥٤ کەس لە وەزارەتی کارەبای عێراق تێوەگلاون بە دۆسیەی جۆراوجۆرەوە، کە حەوت وەزیر و ٥ بریکاری وەزیر و ١٢٧ بەڕێوەبەری گشتی و دوو ھەزار و ٤٢٢ کارمەندی ئاسایی تێدایە. ئەو دۆسیەیە ھاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی لێکۆڵینەوەکانی لێپرسراوانی عێراق سەبارەت بە "دزی سەدە" کە بڕی زیاتر لە دوو ملیار دۆلار لە خەزێنەی دەوڵەت دزرا، تا ئێستاش تەنھا زیاتر لە ١٨٢ ملیار دیناری گەڕێندراوەتەوە.
مانگرتن لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردوە و دوکان و بازاڕەکانی زۆربەی شار و شارۆچکەکان نەکرانەوە. ئەمڕۆ دوکان و بازاڕەکانی مەهاباد و بۆکان و پاوە و مەریوان و زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک مانگرتن و ناڕەزایەتیی نەکرانەوە. لە شارە گەورەکانی تاران و تەبرێز و ئەسفەهان و دەیان شاری دیکەی سەرتاسەری ئێران وەک ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی، دوکان و بازاڕەکانیان نەکرانەوە. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە سوپای پاسدارانی ئێران هێزێکی زۆری رەوانەی شارەکە کردوە و ئەگەری دوبارەبونەوەی توندوتیژیی ئەو هێزانەش زیادی کردوە بە تایبەت کە بڕیارە مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی بەڕێوبچێت. چەند رۆژێکە چالاکوانان و چین و توێژە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران داوایان کردوە رۆژانی دوشەممە تا چوارشەممە مانگرتنی سەرتاسەریی بە بەشداریی سەرجەم چین و توێژەکان بەڕێوبچێت.
هاوڵاتی دوای ئەوەی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) بڕیاریاندا ئاستی هەناردەی نەوت بەجێگیری بهێڵنەوە، ئەمڕۆ نرخی نەوت زیاتر لە 2% بەرزبوەوە. ئهمڕۆ له بۆرسهی جیهانی نرخی نەوتی برێنت 1 دۆلار و 84 سەنت و بە رێژەی 2.2٪ بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 87 دۆلار و 41 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش بە 1 دۆلار و 64 سەنت و بە رێژەی 2٪ بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 81 دۆلار و 62 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. ئان لویس هیتل، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای ود ماکنزی رایگەیاندووە، یەکێتیی ئەوروپا پێویستی بە شوێنگرتنەوەی نەوتی خاوی رووسیا دەبێت بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاوای ئەفریقا و ئەمریکا کە پێویستە لانیکەم لەماوەیەکی نزیکدا سنوورێک بۆ نرخەکانی نەوت دابنێت. هیتل دەڵێت: "ئێستا نرخەکان بەهۆی پێشبینییەکانی گەشەی خاوی خواستەوە قوڕساییان لەسەرە، ئەوەش سەرەڕای قەدەخەکردنی هاوردەی نەوتی خاوی رووسیا لە لایەن یەکێتیی ئەوروپا و دانانی نرخێکی دیاریکراو لەسەر نەوتی رووسیا لە لایەن G7ـەوە. پێدەچێت خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو دوو بڕیارە بۆ ماوەیەکی کاتی پشتگیری لە نرخەکانی نەوت بکات". هۆکاری بەرزبونەوەی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارەکەی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) کە بڕیاریاندا ئاستی هەناردەی نەوت بۆ بازارەکانی جیهان بەجێگیری بهێڵنەوە، لەلایەکی دیکەشەوە کەمکردنەوەی رێکارەکانی کۆرۆنا لە چین کاریگەی کردوەتەسەر بەرزبونەوەی خواست لەسەر نەوت، چونکە بازرگانان باوەڕیانوایە ئەو هۆکەرە دەبێتەهۆی بوژانەوەی بازاڕەکان و لە ئەنجامیشدا خواست لەسەر کڕینی نەوت زیاتر دەبێتەوە.
79 رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت و داواکاری گشتیی ئێران هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئەخلاقی لە وڵاتەکە راگەیاند و ئاشکرای کرد دەزگای داد چاودێریی باڵاپۆشی و سەرپۆشی ژنان و کچان دەکات و رێگە نادات پێچەوانەی یاسا و رێساکانی وڵاتەکە جلوبەرگی نەگونجاو لە شوێنە گشتییەکان بەکاربهێنرێت. ئەمڕۆ سوپای پاسداران هێزێکی زۆری ناردوەتە شاری مەهاباد و گومان دەکرێت ئەوەش ببێتە هۆی تێکدانی دۆخی ئەمنیی شارەکە بە تایبەت کە بڕیارە رۆژ چوارشەممە تا رۆژی هەینی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەبچێت. گەنجانی شاری مەهاباد ئەمشەو لە چەند شەقامێکی شارەکە ئاگریان کردەوە و رایانگەیاند شەقامی شارەکە چۆڵ ناکەن. بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر تەرمی ئێحسان قاسمی فەر، ئەو گەنجە تەمەن 32 ساڵەی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری کەرەج کوژرا لە شاری کەنگاوەر لە پارێزگای کرماشان لە زێدی خۆی بەخاک سپێردرا. تەرمی روحەڵڵا عابدینی خەڵکی شاری قوروە لە پارێزگای سنە کە لە ناڕەزایەتیەکانی (1/12/2022) لە شاری تاران بە گوللـەی هێز ئەمنییەکان کوژرابو لە گوندی دزج لە زێدی خۆی بەخاک سپێردرا. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە ئەمڕۆش زیاتر لە 10 گەنج و لاوی شارەکانی ئەو بەشە لە کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانەوە دەستگیر کراون و چارەنوسی ئەوانەشی لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا دەستگیر کراوان نادیارە. هەشت رۆژە زۆربەی بارهەڵگرەکانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و 20 پارێزگای ئێران لە مانگرتندان و داوای مانگرتنی سەرتاسەریی دەکەن. خوێندکارانی کچ لە شاری سنە ئەمڕۆش بەردەوامبون لە دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە خوێندگەکان و داوای ئازادکردنی شیوا مەفاخری،یان کرد کە یەکێکە لەو مامۆستایانەی کورد کە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراوە. كچانی خوێندکار لە شاری شەهریار لە تاران دروشمی " مەرگ بۆ دیکتاتۆریان وتەوە" کچانی خوێندکاری کەرەج بە کۆڕ هۆنراوەیەکیان پێشکەشی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان کرد و گردبونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا. پێگەی فەرمیی راگەیاندنی ئێران (جامێ جەم) بڵاوی کردوەتەوە چیتر هیچ کەسێک لە فڕۆکەخانەکان و میترۆ و شوێنە گشتییەکان لەسەر سەرپۆش و جلوبەرگ هۆشداریی پێ نادرێت و لە ماوەی رابردودا دەیان ژن و کچ لە فڕۆکەخانەکاندا بە بێ سەرپۆش هاتوچۆیان کردوە. جامێ جەم نوسیویەتی: کۆمپانیاکان و کارمەندان بە بێ بڕیاری فەرمی حکومەت بێدەنگیان لە ئاست هۆشداریی دادن بە کەسانی بێ سەرپۆش هەڵبژاردوە و ئەوەش پێچەوانەی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. بڵاوبونەوەی هەواڵەکە لە کاتێکدا داواکاری گشتی ئێران رایگەیاندوە کۆتایی بە ئەرکەکانی پۆلیسی ئەخلاق لە وڵاتەکە هاتوە و ئەو دامەزراوەیەش هیچ پەیوەندییەکی بە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نەبوە و ئەوەی دایمەزراندوە ، ئێستا هەڵیوەشاندوەتەوە . پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە کۆبونەوەیەکی داخراوی لەگەڵ تیمی حکومەت بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم رەئیسی ئەنجام دا و رایگەیاند کێشەی سەرەکیی خەڵکی وڵاتەکە (کێشەی ئابوریی)ە. وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند؛ لە ماوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا 45 ملیۆن دۆلار زیان بە دامودەزگاکانی حکومەت و دامەزراوە گشتییەکان گەیشتوە. دەستەی دادوەریی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند هیچ ئامارێکی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانیان لا نییە بەڵام بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لە ئەنجامی هاککردنی پێگە ئەلیکترۆنییەکانی سوپای پاسداران بڵاو کراوەتەوە 29 هەزار و 400 کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون کە 115 کەسیان سەر بە هێز ئەمنییەکان بون. بڵاوبونەوەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە کاتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بوەتە مایەی سەرنج و ئەو ڤیدیۆیە بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاو کراوەتەوە و ئاماژە بەوەکراوە ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران وەک خۆ ئامادەکردن بۆ هێرشکردنە سەر خەڵک ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن. ئەنجومەنی سینەماکارانی ئێران ئاشکرای کرد؛ 150 سینەماکاری ئێران لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر کراون و 40 سینەماکاری دیکەی وڵاتەکەش نەیان ویستوە دەستگیرکردنیان لە راگەیاندنەکاندا بڵاو بکرێتەوە.
عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) دەسەڵاتی تورکیای بەهۆی رەتکردنەوەی کێشەی کورد رەخنە کرد و وتی، " چارەسەری کێشەی کورد لە تێگەیشتنی هاوڵاتییەکی یەکساندایە." عەلی باباجان سەرۆکی (دەڤا) کە ماوەیەک لە کابینەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغاندا وەزیری ئابوری بوو و لە ئاکەپە جیا بووەوە، لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ شاری سەمسوری (ئادییامان) باکوری کوردستان، ئاماژەی بە کێشەی کورد لە تورکیا کرد و حکومەتی ئاکەپە – مەهەپەی بەهۆی سیاسەتەکانی لەبەرامبەر کێشەی کورد رەخنە کرد. باباجان وتی، " کاتێک کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دەیوت ' کێشەی کورد هەیە و بەرپرسیاری لەسەر شانی منیشە'، منیش لەنێو ئەو پارتەدا بووم. بەڵام دواتر دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست و دۆغۆ پەرینچەک سەرۆکی پارتی وەتەنی لە دەوری خۆی کۆکردەوە. ئێستاش دەڵێت ' کێشەی کورد نییە'. خۆی ئەگەر لە لایەکی باخچەلی و لەلایەکی دیکەی پەرینچەک هەبن، زۆر ئاساییە کە کێشەی کورد رەت بکاتەوە." سەرۆک پارتی دەڤا راشیگەیاند، کێشەی کورد هەیە و دەوڵەت پێویستە مافە بنەڕەتییەکان و ئازادییەکان فەراهەم بکات و وتی، "دەوڵەت دەبێت بە تەواوی دان بە مافەکانی مرۆڤدا بنێت، چارەسەری کێشەی کورد لە تێگەیشتنی هاوڵاتییەکی یەکساندایە. پێویستە هەموو هاوڵاتیەک بە تەواوی مافە سەرەتاییەکانی بەدەست بهێنێت. چەند رۆژێکە، تورکیا بە ناراستەوخۆ کەوتووتە دۆخی بانگەشەی هەلبژاردنەوە و سەردان و کۆبونەوە مەیدانیەکانی پارتە سیاسیەکان بۆ نێو هاوڵاتیان دەستی پێکردووە. پرسی کوردیش یەکێک لە پرسە سەرەکیەکانی تورکیایە کە زۆربەی لایەنەکانی تورکیا، پرسەکە لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەکاردەهێنن. بەڵام تاوەکو ئێستا جگە لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) هیچ لایەنێک باسی مسۆگەرکردنی مافی کورد لە دەستوری بنەڕەتیدا ناکات.
هاوڵاتی هەپەگە ڕایگەیاند، گەریلاكانی ئازادیی كوردستان لە ناوچەكانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی و سیدا، چوار چالاكییان دژی سوپای داگیركەری تورك ئەنجامدا و لەو چالاكییانەدا گورز لە داگیركەران وەشێندرا. ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماری چالاكییەكانی گەریلاكانی ئازادیی كوردستانی لە نێوان ڕۆژانی ٢ بۆ ٣ی ئەم مانگە و هەروەها هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری توركی بۆ سەر ناوچەكانی بەرخۆدان، بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “هێزەكانمان لە ناوچەكانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی و سیدا، چوار چالاكییان دژی داگیركەران ئەنجامدا و لەو چالاكییانەدا گورز لە داگیركەران وەشێندرا”. لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، سوپای داگیركەری تورك دوو جار بە چەكی كیمیایی، ١٢ جار بە فڕۆكەی جەنگی، ٢٤ جار بە هێلیكۆپتەری هێرشبەر و دەیان جار بە كاتیوشا، تانك و چەكی قورس ناوچەكانی بەرخۆدانی بۆردومان كردووە.
هاوڵاتی رێکخراوی فاو بڵاویکردەوە،نیشانەکانی برسێتی لە سێ ساڵی رابردوودا لە عێراق کەمبووەتەوە و گەیشتۆتە ١٥.٩% لە کاتێکدا پێشوتر لە ١٧.٤% بووە. رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ "فاو" راپۆرتێکی لەسەر برسێتی و ئاسایشی خۆراک لە عێراقدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نیشانەکانی برسێتی لەماوەی ساڵەکانی "٢٠١٩ و ٢٠٢٠ و٢٠٢١" کەمی کردووە و گەیشتووەتە ١٥.٩% لە کاتێکدا پێشوتر لە ١٧.٤% بووە. "فاو" دەڵێت، سەرباری ئەو کەمبوونەوەیە، بەڵام ھێشتا رێژەی برسێتی لە عێراق بەراورد بە وڵاتانی تر بەرزە، چونکە لە ئێران رێژەی برسێتی ٤.١% لە تورکیا ٢.٥% و لە سعودیە٣.٧ و کوەیت ٢.٧%.
هاوڵاتی لە شارۆچکەی رمێلانی پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستیان بە گەڕانی هاوبەش کردووەتەوە. ئەوە لەکاتێکدایە لە 20ی تشرینی یەکەمەوە، بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی سوپای تورکیاوە، هەسەدە گەڕانی خۆی لە چوارچێوەی ئەو ئەرکە هاوبەشەدا راگرتبوو. دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن، بەهۆی دەستپێکردنەوەی گەڕانە هاوبەشەکانەوە هەست بە ئاسایشی زیاتر دەکەن. پێش هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هەفتانە ئەمریکا و هەسەدە نزیکەی 20 گەڕانی هاوبەشیان ئەنجامدەدا. ئامانج لەو گەڕانە هاوبەشانە دۆزینەوەی شانە نووستووەکانی داعش و رێگەگرتنیانە لە هەر جموجووڵێک. بوونی سەربازییانەی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە ساڵی 2014 بە بۆردوومانکردنی پێگەکانی داعش لە کۆبانێ دەستیپێکرد. لە 2015دا نزیکەی 2000 سەرباز و راوێژکاری سەربازیی ئەمریکا چوونە ئەو وڵاتە و یارمەتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیاندا بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی شار و شارۆچکەکان لە ژێر دەستی داعش. ئێستا ئەمریکا نزیکەی 900 سەرباز و راوێژکاری سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان، ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و ناوچەی تەنف هەیە.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاند کە لە ماوەکانی رابردوودا، زۆربەی شارستانییەتییەکانی عێراق بەرەوڕووی هەڕەشە بووبوونەوە و تیرۆر دەستی هەبووە لە لەناوبردنی شوێنەوارەکان و ئاماژەی بەوەیشدا کە تا ئێستا، ١٨ هەزار پارچەی شوێنەواری دزراویان گەڕاندووەتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی عێراق و نوێنەرانی وڵاتانی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی، کارەکانی شەشەمین کۆڕبەندی شارستانییەتیی عەرەبی لە بەغدا دەستی پێ کرد. فوئاد حوسێن لە میانی دەست پێ کردنی کۆڕبەندەکە رایگەیاند کە هەموو جیهان بەهۆی قەیرانەکان و جیاوازی بەرژەوەندییەکانەوە، بەرەوڕووی چەندین ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە و گوتی: "دیالۆگی رۆشنبیریی، مەرجێکە بۆ پتەوترکردنی لێکتێگەیشتن". گوتیشی: "لە ماوەکانی رابردوودا،زۆربەی شارستانییەتییەکانی عێراق بەرەوڕووی هەڕەشە بووبوونەوە و تیرۆر دەستی هەبووە لە لەناوبردنی شوێنەوارەکان، بەڵام کردە تیرۆریستییەکان ناتوانن مێژوو بسڕنەوە". وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەیشدا کە عێراق، دیدێکی بەشدارانە پەیڕەو دەکات و لە ئایندەدا، بەرپرسیارییەتێکی گەورەی لەبەردەم دایە، بۆ ئەوەی پێشەنگیی بکات لە هاریکاریی و هاوبەشییدا و گوتی: "رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئاووهەوا، پێویستی بە هاوکاریی و هاوبەشی هەیە". باسی لەوەش کرد کە کۆڕبەندی شارستانییەتییەکان، رێگایەکی دیپلۆماسییە بۆ پاڵشتییکردن لە هەوڵە جیهانییەکان، بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان. فوئاد حوسێن راشیگەیاند کە حکوومەتی عێراق هەوڵی زۆری داوە بۆ راگرتنی ئەو کردە تێکدەرانەی کە بۆسەر شوێنەوارەکان لە عێراق ئەنجام دەدرێن و گوتی: "تا ئێستا ١٨ هەزار پارچەی شوێنەواری دزراومان گەڕاندووەتەوە، هەروەها ئۆمێدەوارین، هەمانگیی و هاریکارییە دووقۆڵییەکانمان لەگەڵ وڵاتان پتەوتر بکرێن، بەئامانجی گەڕاندنەوەی پارچەی شوێنەواری دزراوەکان". وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لەبارەی بەستنی شەشەمین کۆڕبەندی شارستانییەتیی عەرەبی لە بەغدا رایگەیاند کە کۆڕبەندەکە، دەرفەتییەکە بۆ پەیوەندی جۆریی.
هاوڵاتی فەرماندەی گشتیی سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت ئیسرائیل هەموو هەوڵێک دەدات بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی "حیزبوڵڵایەکی دیکە" لە سووریا و عێراق. رۆژی شەممە، 3ی کانوونی یەکەمی 2022، ئەڤیڤ کۆچاڤی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی ئاشکرای کردووە، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە ستراتیژییەکانی بۆ بەئامانجگرتنی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە سووریا، لەڕێگەی هێرشی ئاسمانی، تاوەکو رێگەنەدات ڤێرژنێکی نوێی حیزبوڵڵای لوبنانی لە عێراق و سووریا دروست ببێت. بە گوتەی فەرماندەی گشتیی سوپای ئیسرائیل، ئێران لە هەوڵدایە درۆن رەوانە سووریا بکات و سیستمی بەرگری لە سووریا جێگیر بکات، هەروەها بنکەیەکی سەربازی لە سووریا بە ناوی ئیمام دابمەزرێنێت لەنزیک سنووری عێراق لە ناوچەی ئەبوکەمال. لەوبارەیەوە، ئەو ژەنەراڵە ئیسرائیلییە دەڵێت، "حیزبوڵڵا بە شێوەیەکی گشتی لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا خۆی زۆر بەهێز کردووە و بە مانایەکی دیکە بووەتە حیزبوڵڵایەکی نوێ و لە هەوڵیشدایە حیزبوڵڵا - سێ لە سووریا و حیزبوڵڵایەکی دیکەش لە عێراق و یەمەن دروست بکات. بۆیە کۆکردنەوەی هەموویان و هێشتنەوەی هەموو گرووپەکان لە ناوچەیەکی سووریا، ئاڵنگارییەکی زۆر گەورەیە."
هاوڵاتی گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، حکومەتی عێراق دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەواوی وڵاتانی دراوسێ بە بەهێزی بمێننەوە و رێگەیەکیش بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بریتییە لە رێگەگرتن لەوەی لە خاکەکەیەوە هێرش بکرێتە سەر وڵاتان. یهحیا رهسوڵ، وتهبێژی فهرماندهیی گشتی هێزه چهكدارهكانی عێراق ئهمڕۆ یهكشهممه لهمیانی كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا رایگهیاند، "فهرماندهی گشتی هێزه چهكدارهكان له كۆبونهوهی ئهنجومهنی ئاسایشی وهزاری جهختی لهسهر كۆنتڕۆڵكردنی سنور لهلایهن هێزهكانی پاسهوانی سنورهوه كردوه و هێڵی سفری لهگهڵ ههردو وڵاتی دراوسێ (ئێران و توركیا) كۆنتڕۆڵ بكرێت، فهرماندهی گشتی هێزه چهكدارهكان فهرمانی بهوهكردوه و دهستبهجێ فهرماندهی پاسهوانی سنور فهرمانیكردوه به دابینكردوه به دابینكرنی پێویستیهكان كه پێكدێن له چهك، كهرهسته و پاسهوان بهجۆرێك كه ببێتههۆی گهرهنتیكردنی سنور و خاڵه سنوریهكان" لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە چەند کەس بۆ ریزەکانی پاسەوانی سنوور دادەمەزرێن بۆئەوەی ئەو هێزە گەورەتر و کاریگەرتر بێت، یەحیا رەسوول گوتی، فەرماندە سەربازییەکان بڕیار لەسەر ژمارەکە دەدەن، بەڵام بڕیارەکە دراوە کە دەبێت سنوورەکە تووندوتۆڵ بکرێت. باسی لهوهشكرد، "پرسی بههێزكردنی سنورهكان لهگهڵ شاندی ههرێمی كوردستان گفتوگۆمان لهسهر كردوه، سنورهكان دهپارێزین و هێڵی سفری دهگرینهدهست، بهپێی فهرماندهی گشتی هێزه چهكدارهكان كاردهكهین بۆ پاراستنی سهروهری عێراق". جێگەی باسە، ئێران تۆمەتی ئەوە دەداتە پاڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە چەک لە هەرێمی کوردستانەوە دەنێرنە ئەودیو؛ تۆمەتێک کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش رەتیدەکەنەوە. ئێرانیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت سنوورەکان باشتر کۆنترۆڵ بکرێن.
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتی گشتی كارهبای سلێمانی رایگهیاند، نرخی سهعاتێك ئەمپێری كارەبای موهلیدە لە مانگی 11، 57 دینار دەبێت، هاوكات بهپێی خشتەی پێدانی كارەبای موهلیدە ئهم مانگه لهكاتژمێر 1:00ی پێشنیوهرۆ بۆ 1:00ی شهو كارهبا كارهبا دابین دهكرێت. بهڕێوهبهرایهتی گشتی كارهبای سلێمانی ئهمڕۆ یهكشهممه له راگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، ئهمڕۆ یهكشهممه (2022.12.4) لیژنهی دیاریكردنی نرخی موهلیده ئههلییهكان كۆبوهوه، به گوێرهی نرخی گازوایل نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری موهلیدە بە (57) دینار بۆ مانگی (11) تشرینی دووهم دیاریكرا، كهبه تێكڕایی موەلیدە ئههلیی گهڕهكهكان لەنێوان (220) بۆ (255) سهعات كاریان كردوە، بەمەش نرخی ئەمپێرێك كارهبا لەنێوان (13.000) ههزار بۆ (14.500) هەزار دینار دەبێت. ههروهها ههندێك موهلید كه بهرنامهی كاركردنیان له 7ی بهبانی بۆ 1ی شەو كاریان كردوه نرخی ئهمپێریان له نێوان 15.000 ههزار دینار بۆ 16.500 دینار دهبێت . بههۆی جیاوازی كارپێكردنی موهلیده ئههلییهكان و دابینكردنی كارهبا بۆهاوڵاتیان له گەڕەكێك بۆ گەرەكێكی دیكه، نرخی یهك ئهمپێر كارهبا لهگهڕهكێك بۆ گهڕهكێكی دیكه جیاوازە. هاوكات، بەرنامەی كاركردنی موەلیدەكان بۆ مانگی كانونی یهكهم، كاتژمێر (6:30 بۆ ی بهیانی و كاتژمێر (1)ی پاشنیوهڕۆ بۆ (1)ی شهو، ههركات كارهبای حكومی نهبوو موهلیده ئههلییهكان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن، لەكۆبونەوەكەشدا ئەو خاڵە دوپاتكرایەوە، كە پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی (10) خولەك زیاتر بەسەر كارپێكردنی موهلیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار روبەڕوی یاسا دەكرێتەوە.
هاوڵاتی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوای له تورکیا کرد خۆی لە هەرجۆرە هەنگاوێک بە دوور بگرێت کە زیان بە شەڕی داعش له سوریا دەگەیەنێت. لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کاردانەوەی لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەربڕی و داوای لە تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کرد، خۆی لە هەرجۆرە هەنگاوێک بە دوور بگرێت کە مەترسی لەسەر شەڕی دژی داعش دروست دەکات. لە راگەیەندراوەکەدا کە لەلایەن گریگۆری دبلیو میکس سەرۆکی لیژنەکە کە سەر بە دیموکراتەکانە و مایکل مەککۆل ئەندامی دیاری لیژنەکە کە سەر بە کۆمارییەکانە واژۆ کراوە، ئاماژە بەوە کراوە، تورکیا نیگەرانی ڕەوای ئاسایشی نیشتمانی هەیە، بەڵام دوایین هێرشەکانی بۆسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) مەترسی لەسەر شەڕی داعش دروست دەکات. جێگەیباسە تورکیا بە بیانۆی تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ، لە ١٩ی تشرینی دووەمدا، هێرشی فراوانی ئاسمانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەست پێکرد. لە هێرشەکەدا کە زیاتر لە دوو حەفتەیە بەردەوامە، بە دەیان کەسی مەدەنی و شەڕڤانی هەسەدە شەهید بوون. هاوکات هەموو ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندیان بە قەیرانی سوریاوە هەیە، داوایان کردووە کە تورکیا هێرشەکانی رابگرێت، بەڵام تاوەکو ئێستاش هێرشەکان بەردەوامیان هەیە.
هاوڵاتی سهرۆكایهتیی دیوانی پهرلهمانى كوردستان ئەو دەنگۆیە رەتدەکاتەوە، کە چەند پەرلەمانتارێک بە نهێنی دەستیان لەکارکێشابێتەوە. سهرۆكایهتیی دیوانی پهرلهمانى كوردستان له ڕونكردنهوهیهكدا رایگهیاند، تاوهكو ئهمڕۆ جگه له پهرلهمانتارانی فراكسیۆنی یهكگرتوی ئیسلامیی كوردستان، هیچ پهرلهمانتارێكی تر له فراكسیۆنهكانی دیكه به فهرمی دهست لهكاركێشانهوهىان پێشكهش نهكردوه. دەقی ڕونکردنەوەکەی سهرۆكایهتیی دیوانی پهرلهمانى كوردستان ئهمڕۆ یهكشهممه : "ماوهیهكه لێره و لهوێ باس لهوه دهكرێت گوایه چهند ئهندامێكی بهڕێزی پهرلهمانی كوردستان بهنهێنی دهست لهكاركێشانهوهیان پێشكهش به سهرۆكایهتیی پهرلهمان و سهرۆكایهتیی دیوانى پهرلهمان كردبێت، تا ئێستا جگه له پهرلهمانتارانی فراكسیۆنی یهكگرتوی ئیسلامیی كوردستان، هیچ پهرلهمانتارێكی تر له فراكسیۆنهكانی دیكه به فهرمی دهست لهكاركێشانهوهىان پێشكهش نهكردوه".
هاوڵاتی سەرۆکی فەڕەنسا لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا دڵنیایی ئەمنی بدەنە روسیا، ئەگەر بێتو "ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی روسیا قایل بێت بە ئەنجامدانی دانوستان بۆ کۆتایھێنان بە جەنگی ئۆکراین ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند پوتن ترسی ھەیە لە ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" کە ھەڕەشە لەسەر مۆسکۆ دروست بکات، بۆیە ئەو بابەتە بەشێک دەبێت لە دانوستانی ئاشتی و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت . وتیشی ئەوروپا پێویستی بە دووبارە داڕشتنەوەی سیستمی ئەمنی ھەیە بۆ داھاتووی کیشوەرەکە. لێدوانەکەی "ماکرۆن" دوای ئەوە دێت کە، "جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمریکا بە مەرجی کۆتایھێنان بە جەنگی ئۆکراین ئامادەیی بۆ دانوستان لەگەڵ ڕوسیا دەربڕی، ئۆکرانیاش ڕایگەیاند ، دانوستان ناکرێت تا روسیا ھێرشەکانی رانەگرێت و تەواوی ھێزەکانی نەکشێنێتەوە.
