هاوڵاتی بۆ جاری سێیەم هەڵبژاردنی ئەزموونی وەك ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت. كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تائێستا زۆربەی ڕێكارەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی تەواوكردووە، كە بڕیارە لە 20-10-2024 لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت. بەوتەی سەرچاوەیەک لە کۆمسیۆنی عێراق، لە سەرەتای مانگی نۆ هەڵبژاردنێكی دیكەی ئەزموونی وەك ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت و ئەمجارە فراوانترە. بەوتەی سەرچاوەکە، ئەمجارە هێزە ئەمنییەكانیش بەشداریی لە هەڵبژاردنە ئەزموونییەكە دەكەن.

هاوڵاتی بەرگریی شارستانی سۆران رایگەیاند، "زیاتر لە 14 تیمی بەرگریی شارستانی بەشدارن لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو ئاگرەی ئێستا لە چیای زۆزك كەوتۆتەوە، بەڵام تا ئێستا كۆنتڕۆڵ نەكراوە". ئاماژە بەوەکراوە، "لە کاتژمێر 3:30ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ئاگرێکی گەورە لە چیای زۆزک کەوتۆتەوە، زیاتر لە 14 تیم لە ئەفسەر و کارمەندانمان بەژداربوون بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەكە". ئەوەشخراوەتەڕوو، "تا ئێستا نەتوانراوە ئاگرەكە بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ بکرێت، لە ئێستادا چەند تیمێکی تریان زیاد کردووە، هەروەها دوو تیمی دیكەی پۆلیسی دارستان و ژینگەش بەشدارن، بەهۆی نەگەیشتنی ڕێگای ئۆتۆمبێل بۆ شوێنی ئاگرەکە ئەرکی تیمەکانیان زۆر سەختە.

هاوڵاتی ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە کەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، ئاشكرا دەكرێت.    ڕۆژی 19-05-2024، سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەوتنە خوارەوەی هێلیكۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆمار و ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێكی دیکەی لە کاتی گەڕانەوەیان لە سنووری هاوبەش لەگەڵ ئازەربایجان بەرەو شاری تەورێز ڕاگەیاند. ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی بڵاویکردەوە: دەسەڵاتدارانی ئێران لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەری رەئیسی تەواوکردووە، فڕۆکەکەی ڕەئیسی دوو سەرنشینی زیاتر هەڵگرتبوو و لەبەر هەبوونی تەم و مژ نەیتوانیوە بەرەو بەرزی پێویست بفڕێت و بووەتە هۆی  ئەوەی کە بەر لوتکەی شاخ بکەوێت.  بەوتەی ئاژانسی فارس، دەزگا هەواڵگەرییەکانی ئێران لێکۆڵینەوەیان لە 30 هەزار کەس کردووە و هیچ زانیاریی و فاکتەرێکی مرۆیی و هۆکاری گوماناوییان نەدۆزیوەتەوە.

هاوڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەرپرسیارێتی حكومەتی فیدراڵییە مووچە لەكاتی خۆیدا بنێرێت، سەبارەت بە هەڵبژاردنیش پشتیوانی دووپات دەكاتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئابی 2024، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لەبەشێكی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە: نابێت بەهیچ جۆرێک هەبوونی تێبینی و سەرنج لە لایەن دیوانی چاودێریی داراییی فیدراڵ ببێتە هۆی ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم، وەک ئەوەی ئێستا لە لایەن وەزارەتی داراییی فیدڕاڵەوە دەکرێت، ئەمە مامەڵەیەکی جیاکارییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان. لەلایەكی دیكەوە "ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن  دووپات کردەوە و جەختی لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە کەشێکی ئارامدا کردەوە".

هاوڵاتی دامەزراوەی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، لەبارەی دوو جۆر دەرمانەوە هۆشداریی دەدات و بڕیاری قەدەغەكردنی فرۆشتنیان دەدات. دامەزراوەی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان ڕایگەیاند: بە مەبەستی زیاتر هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی تاقیگەیی بڕیارمان دا بە ڕاگرتنی فرۆشتنی دوو بەرهەمی دەرمانسازیی تەواوکەریی خۆراکی بە شێوە ژەمی دەرمانسازیی قەترەی دەم کە ماددەی میلاتۆنینیان تێدایە.  دامەزراوەی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان ئاشكراشی دەكات، بەرهەمە دەرمانسازییەکان بە ناوەکانی (HONORTONIN drops) بە ژماره باجی (HNR1715) دروستکراوی کارگەی (HONOR) و (melatonin drops) بە ژمارە باجی (23B038) دروستکراوی کارگەی (inalme) دوای ئەوەی لەلایەن تیمەکانی چاودێریی بازاڕی بەڕێوەبەرایەتیی KMCA پشکنینی فیزیکیان بۆ ئەنجامدرا دەرکەوت کە تەنۆلکەی بینراو "visible particle" یان تێدایە. " داوا لەسەرجەم دەرمانخانە و کۆگاکانی دەرمان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەكرێت كە لە ئەمڕۆ بەدواوە فرۆشتنی ئەو دوو بەرهەمە ڕابگرن، تاوەکو ئەنجامی تاقیگەیی نوێ لەسەر ئەو دوو بەرهەمە دەردەچێت". کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان وادەڵێت.

هاوڵاتی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق نیگەرانى خۆى لەبارەی پڕۆژە هەمواری یاسای باری کەسی نیشاندەدات و داوا لە عێراقییەکان دەکات ڕێزی تەواو لە مافەکانی ژنان و منداڵان بگرن. ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ، ئێمە نیگەرانین لە پێشنیارەکانی هەموارکردن لە یاسای باری کەسی، داوا لە عێراقییەکان دەکەین کە بەشداری گفتوگۆیەکی مەدەنی بکەن کە بە تەواوی ڕێز لە ئازادی ئایین یان باوەڕ و مافەکانی ژنان و منداڵان بگرێت. ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) لە بارەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی لە عێراق دەڵێت، هەمواری یاسای باری کەسی عێراق دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی مافەکانی ژنان و منداڵان. لە ساڵی 1959وە یاسایی باری کەسی لە عێراق کاری پێدەکرێت، شیعە مەزهەبەکانیش ئێستا دەیانەوێت هەمواری بکەنەوە و بیکەن بە یاسایەک کە مەزهەبی جەعفەری تیادا زاڵ بێت. مەزهەبی جەعفەریی شیعە ڕێگە بە هاوسەرگیری منداڵانی کچ لە تەمەن 9 ساڵی و کوڕانیش لە 15 ساڵی دەدات، لەکاتێکدا یاسا 18 ساڵی بۆ هاوسەرگیری دیاریکردووە. هاوکات تا ئێستا هەموارەکە خوێندنەوەی یەکەمی لە پەرلەمانی عێراق بۆ کراوە، بەڵام ناڕەزایەتی چالاکوانان و پارێزەرەکانی بە دوای خۆیدا هێناوە.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرجەم وەزارەتەکانی ئاگادارکردووەتەوە، لیستی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی حەوت تەواو بکەن، چونکە سبەی پێنجشەممە بۆ بەغدا دەنێردرێت. 31 ڕۆژە لیستی مووچەی مانگی حەوت ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، بەڵام بەهۆی تێبینییەکانی بەغدا کە وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا دانی پێدانا تائێستا مووچە نەنێردراوە و جارێکی دیکە دەبێت لیست ڕەوانە بکرێتەوە. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، ئەمڕۆ سەرجەم وەزارەتەکان لیستی مووچە ئامادەدەکەن بە گۆڕانکاری لێبڕینی خانەنشینی 10% و سبەی ڕەوانەی بەغدا دەکرێت، بەوتەی سەرچاوەکەی هاوڵاتی هەوڵدەدرێت تێبییەکانی چاودێری دارایی عێراقیش چارەسەر بکرێن. بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەبێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم هاوتای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق بکرێت، بەپێی زانیاریەکانیش، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگەکانی (6 و 7)ی ئەمساڵی بە هاوتاکراوی ڕەوانەکردووە.

هاوڵاتی لە هەولێر ئاگر لە گەراجێکی کەلوپەلی ئۆتۆمبێل لە پشت فاملی مۆڵ کەوتەوە. پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ی ئابی 2024، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر ڕایگەیاند، تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن. لەم بارەیەوە موقەدەم شاخەوان سەعید، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، لە بوونی ئاگرێک لە گەراجێکی کەلوپەلی ئۆتۆمبێک ئاگەدارکراینەوە، تیمەکانمان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە لە شوێنەکەن. جێگەی ئاماژەیە، تا ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە و زەرەر و زیانەکان دیاری نەکراوە.

هاوڵاتی پەرلەمانی ئێران بۆ قبوڵكردنی وەزیرەكان لە كابینەكەی مەسعوود پزیشكیان کۆبوونەوەیەکەی ئەنجامدا. پەرلەمانی ئێران كۆبوونەوەیەكی تایبەتی بە سیڤی کاندیدەکان بۆ پۆستی وەزیرەكان ئەنجامدا، دوای خوێندنەوەی سیڤییەكان ناویان خرایە لیستەوە و خرانە دەنگدانەوە. لەلایەن خۆشیەوە، مەسعوود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران لە پەرلەمانی ئێران وتارێكی پێشكەش كرد و داوای لە ئەندامانی پەرلەمان كرد دەنگ بەكەسی شیاو بدەن، بۆ ئەوەی وڵاتەكەیان بباتە پێشەوە. ناوی ئەو وەزیرانەی پەرلەمانی ئێران دەنگی پێدان 1- عەلیرەزا کازمی... وەزارەتی پەروەردە 2- سەتار هاشمی.. وەزارەتی پەیوەندی و تەکنەلۆجیای زانیاریی 3- حوججەتول ئیسلام خەتیب؛ وەزارەتی ڕاگەیاندن 4- عەبدولناسر هیممەتی... وەزارەتی کاروباری ئابووری و دارایی 5- عەباس عێراقچی.. وەزارەتی دەرەوە 6- محەممەدڕەزا زەفەرکەندی.. وەزارەتی تەندروستی 7- ئەحمەد میداری.. وەزارەتی هاوکاری و کار و چاودێری کۆمەڵایەتی 8- غوڵامرەزا نوری قزاڵجە.. وەزارەتی کشتوکاڵ 9- ئەمین حسێن ڕەحیمی.. وەزارەتی داد 10- ئەمیر عەزیز نەسیرزادە... وەزارەتی بەرگریی 11- فەرزانە سادق مەلڤاجەرد.. وەزارەتی ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شار 12- محەمەد عەتابەک... وەزارەتی پیشەسازی و کانگا و بازرگانی 13- حوسێن سیمای سەراف... وەزارەتی زانست و توێژینەوە و تەکنەلۆجیا 14- سەید عەباس ساڵحی.. وەزارەتی ڕۆشنبیری و ئیرشادی ئیسلامی 15- ئەسکەندەر مۆئمینی... وەزارەتی ناوخۆ 16- محەمەد ڕەزا ساڵحی عامری؛ وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار 17- موحسین پاکنەژاد.. وەزارەتی نەوت 18- عەباس عەلی ئابادی... وەزارەتی وزە 19- ئەحمەد دونیاماڵی... وەزارەتی وەرزش و لاوان

هاوڵاتی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە: هاوکات لەگەڵ هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات و هەڕەشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری دێرەزوور، ئەمریکا چەکی پێشکەوتووی ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە. ڕوانگەی سووری ڕوونیشکردەوە نیشتنەوەی حەوت فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازییان تۆمارکردووە کە چەکی پێشکەوتوو و سەربازییان لە دەوروبەری حەسەکە داگرتووە، ئەمە جگە لە داخڵبوونی 50 بارهەڵگری سەربازیی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ڕۆژئاوا. ڕێکخراوەکە ڕاشیگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە نێو بنکە سەربازییەکانیاندا مەشق و ڕاهێنانی چڕ دەکەن لەسەر سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی کە بە تیشکی لەیزەر کاردەکەن.

هاوڵاتی ژمارەیەک سەرباز لە پارێزگای زیقار بەهۆی ئەوەی سڵاوی سەربازییان بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق نەکردبوو دەستگیر کرابوون، بەڵام دواتر ئازاد کران. ڕۆژی سێشەممە 20ی ئابی 2024 سەرۆکوەزیرانی عێراق بە یاوەری شاندێکی حکومی سەردانی پارێزگای زیقاری کرد، لە فڕۆکەخانە پێشوازییان لێکرا، بەڵام ژمارەیەک ئەفسەر سڵاوی سەربازییان بۆ سەرۆکوەزیران نەکردبوو بۆیە دەستگیر کران. سەرچاوەیەکی ئەمنی لە زیقار ئاشکرای کردووە: ئەو ئەفسەرانە نەیانزانیوە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەنێو شاندەکەدا بووە. وتیشی: 10 ئەفسەری پلەی جیاواز بوون دەستگیر کرابوون، دوای کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوە لە درەنگانی شەوی ڕابردووەوە ئازاد کراون.

هاوڵاتی  وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی مووچە بڵاودەکاتەوە و لە چەند خاڵێکدا هۆکارەکانی دواکەوتنی مووچەی مانگی حەوت دەخاتەڕوو، ئەنجومەنی وەزیرانیش ئەمڕۆ تاوتوێی تێبینییەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق دەکات. 31 ڕۆژە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی حەوت ڕەوانەی بەغدا کردووە، تاوەکو ئێستا پارەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هۆکاری نەناردنەکەی سیاسییە. ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر پرسی هەڵبژاردن و تێبینیەکانی چاودێری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە و چارەنووسی مووچەش دیار نییە. لە ڕاگەیێنراوی فەرمی وەزارەتی دارایی هاتووە، "هۆکاری نەناردنی مووچە، پەیوەندی بە زیادبوونی تەمویلی مووچە و ژمارەی فەرمانبەر و مووچەخۆرەوە نییە، هۆکارەکە سیاسییە و یاسایی نییە". وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە چەند خاڵێک هۆکارەکانی نەناردنی مووچە دەخاتەڕوو. 1- سەبارەت بە دووبارە بونەوەی ناوی مووچەخۆران لە نێوان هەرێم و بەغدا، دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە ئەو ناوانە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و زۆربەیان فەرمانبەرن بەپێی یاساو دۆسیەی تەواویان هەیە، بەڵام لە حکومەتی عێراق سودمەندن لە هاوکاری چاودێری کۆمەڵایەتی، واتە لەجیاتی ڕاگرتنی مووچە پێویست بوو وەزارەتی دارایی فیدراڵی هاوکاریەکە لای خۆیان ڕابگرن نەک مووچە. 2- سەبارەت بە کێشەی نەبونی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان، پێشتر ئاگاداری وەزارەتی دارایی فیدراڵمان کردووە کە پرۆسەی بایۆمەتری سەدا سەد بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان نەکراوە بەهەندێک هۆکاری جیاواز لەوانە بونی وارسی خانەنشین و بەشێکی تریشیان لەدەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبەن. 3- ئەو ناوە دووبارانەی لە لیستی مووچەدا هەیە بە تایبەت لە چەند وەزارەتێکى حکومەتى هەرێمی کوردستان کە یەکێک لە تێبینیەکانی تیمى هاوبەشە دواى بە دواداچوون لەگەڵ وەزارەتەکان دەرکەوتووە ناوی چواریان دووبارەیە، بەڵام ناوی دایکیان و تەمەنیان جیاوازە ( تشابە الاسماء)، واتە هیچ یاسا شکێنیەکی تێدا نییە. 4- کێشەی مووچەی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەی کەرکووک و فەرمانگەکانى دیکەی ئەو پارێزگایە کە میلاکیان لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستانە، کێشەیەکی کۆنەو لەدوای ساڵی 2003 وە بەردەوامە و پێویستی بەڕێککەوتنی سیاسیی هەیە. 5- بە پێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەبێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم هاوتای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق بکرێت، بۆیە تەمویلی مووچەى نێوان مانگى (6 و 7) 2024 زیادبووە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان مووچەی خانەنشینانی هاوتاکردووە و بەمەش 54 ملیار و 208 ملیۆن دینار زیادبووە. تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق، تەنیا یەک ملیارو 426 ملیۆنی وەک مووچەی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی و دەستەی ژینگە، کە دەکاتە (%00.14)کۆی تەمویلی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە.

هاوڵاتی دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم وادەی دەستپێکردنەوەی خوێندنی ئەمساڵی راگەیاند عێراقیش ئەمڕۆ ئەو وادەیەی ئاشکرا کرد. ئەمڕۆ چوارشەمە 21ی ئابی 2024، وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: رۆژی سێشەممە 1 ی تشرینی یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنە لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە عێراقدا. وتیشی: پێشوەختە و لە 15 ی ئەیلول مامۆستایان و دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندەکانی خوێندن دەست بە دەوام دەکەنەوە و ئامادەکاری دەکەن. دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق لە کاتێکدایە کە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا رایگەیاند: 15ی ئەیلول یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.

مەهران ڕەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی لە ڕێگەی پێدانی گرێبەستی دابەشکردنی قازانج عێراق کۆمپانیا گەورەکانی نەوت جارێکی تر دەگەڕێنێتەوە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوکردەوە، دوو بەرپرسی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایانگەیاندووە، عێراق قازانج لەگەڵ كۆمپانیای بی پی بەریتانی دابەش دەكات. دەشڵێن، بۆ پێشخستنی كێڵگە نەوت و غازە زەبەلاحەكان عێراق لەهەوڵدایە واز لە گرێبەستی خزمەت بهێنێت كە سودێكی كەمی هەیە بۆ گەشەدان بە بەرهەمهێنان و ڕاكێشانی كۆمپانیا بیانییە گەورەكانی وزە بۆ عێراق جارێكی تر. هەردوو بەرپرسەکە ئەوەشیان بە ئاژانسەکە ڕاگەیاندووە، "لەماوەی ئەم ساڵانەی دوایدا ژمارەیەك كۆمپانیای گەورەی نەوت لەنێویاندا بی پی چوونە وڵاتانی تر، كە گرێبەستی باشتریان پێشكەشكردن". باسیشیان لەوەکردووە، "كۆمپانیاكان سكاڵای ئەوەیان دەكرد گرێبەستی خزمەتگوزاری نەوتیی نەریتی لە عێراق، كە بڕێك پارەی جێگیر دەدات بە كۆمپانیاكان لەبری هەر بەرمیلێك كە بەرهەمی دەهێنێت دوای دەركردنی تێچووەكەی وادەكات كۆمپانیاكان سود لە بەرزبونەوەی نرخی نەوت وەرنەگرن". دوو بەرپرسەکە ئەوەشیان خستۆتەڕوو، "كۆمپانیای بی پی كە دوای پێنج ساڵ گەڕایەوە ڕێككەوتنێكی لەگەڵ عێراق واژوكردووە بۆ پێشخستنی 4 كێڵگەی نەوت و غاز لە شاری كەركووک كە بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی بی پی ڕەنگە نزیكەی 9 ملیار بەرمیل نەوتی لێ دەربهێنن". بەوتەی دوو بەرپرسەكەی کە بە ئاژانسەکەیان ڕاگەیاندووە، "وەزارەتی نەوت، گرێبسەتەكان لەگەڵ بی پی بۆ پێشخستنی كێڵگەكانی كەركووك و بای حەسەن و جمبورو خەباز پشت بە گرێبەستی دابەشكردنی قازانج دەبەستێت". ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەوەشی ئاشکرا کردووە، پێشبینی دەكرێت وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ كۆمپانیای بی پی لەم هەفتەیەدا ڕێككەوتنەكە واژوبكەن كە بڕگەكانی ئاشكراناكرێت لەسەر ئەو بنەمایەش عێراق كۆی داتاكانی تایبەت بە چوار كێڵگەكەی كەركووك و دامەزراوەكانی ڕادەستی كۆمپانیاكە دەكات. دەشڵێت، ڕێككەوتنی كۆتایش ڕەنگە بكەوێتە كۆتایی ئەمساڵ لەكاتێكدا كۆمپانیاكە پێشبینی دەكات لەكۆتایی 2025دا دانوستانەكانیان لەبارەی ڕێككەوتنی كۆتایی تەواوبێت.

هاوڵاتی پاسێک کە زیارەتکارانی پاکستانی بۆ عێراق دەگواستەوە لە ئێران تووشی رووداوی هاتوچۆ بوو، 28 کەس گیانیانلەدەستدا، و 23ی دیکەش بریندارن. ڕۆژی چوارشەممە، 21ی ئابی 2024، کۆمەڵەی مانگی سوور لە ئێران ڕایگەیاند، کاتژمێر 9:54 ی بشەوی ڕابردوو، پاسێک کە سەرنشینەکانی زیارەتکاری پاکستانی بوون، لەسەر رێگەی پارێزگای یەزد بەرەو چەزابە دەڕۆیشت، بە مەبەستی گەیاندنی زیارەتکاران بە کەربەلا، بەڵام لە رێڕەو دەرچووە و خۆی کێشاوە بە دیوارێکدا، بەهۆیەوە 11 ژن و 17 پیاو گیانیان لەدەستدا. ئەوەشیان خستۆتەڕوو، 28 کەس گیانیان لەدەستداوە، 23 کەس بریندارن و ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە زۆرە. کۆمەڵەی مانگی سوور باس لەبرینی بریندارەکان دەکات و دەڵێت، برینی حەوتیان سەختە و سەرجەمیان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.   بە پێی زانییارییەکان، لە ڕووداوەکەدا پاسەکە ئاگری گرتووە و تەرمی هەندێک لە سەرنشینەکان گیریان خواردبوو، تیمەکانی فریاکەوتن تەرمەکانیان دەرهێناوە و ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراون.   لەم بارەیەوە، مەهدی پازوکی، بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانەکان لە پارێزگەی یەزد ڕایگەیاند، "بەداخەوەین 11 ژن و 17 پیاو گیانیان لەدەستداوە". دەشڵێت، کۆنسووڵخانەی گشتیی پاکستانمان لە ئێران ئاگادار کردووەتەوە بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە بێنە یەزد.