هاوڵاتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی قه‌ده‌غه‌كردنى ڕاوه‌ ماسى له‌ به‌نداوى دێوانه‌ لە قەزای دەربەندیخان تاوه‌كو 2025/6/21 ڕاگەیاند.   لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، "لەپێناو بوژاندنەوە و زیادکردنی ڕێژەی ماسی، بڕیار درا بە قەدەغەی ڕاوی ماسی لە بەنداوی (دێوانە) لە قەزای دەربەندیخان تاوه‌كو 2025/6/21".      ئاماژەی بەوەشکرد، "بەنداوی دێوانە بەنداوێکی نوێیە و ماوەی ساڵێکە پەنجە ماسی تێکراوە و ماسییەکانیش قەبارەیان بچووکە و سێ ساڵی پێویستە تا بە تەواوی پێبگەن و وەچە بخەنەوە و ڕاوکردنیان دەبێتە هۆی لەناوچوونی سامانی ماسی لە بەنداوەکەدا".     پۆلیسى دارستان دەشڵێت، "لەو ماوەیەدا ڕاوکردن بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە تەنانەت بە (قولاپ و تۆڕ) لەبەرانبەردا سەرپێچیکاران ڕووبەڕوی دادگا دەکرێنەوە، داواکاریشین لە هاوڵاتییان پابەندی ڕێنماییەکان بن و خۆیان بە دوور بگرن لە ڕاوکردنی ماسی".

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی ئابی 2024، بە فەرمی محەمەد حافز وەکو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەستبەكاربوو یەکەم کۆبوونەوەشی لەگەڵ پارێزگاری شارەکە ئەنجامدا. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک و محەممەد حافز جەختیان لەوە کردەوە، ئامانجیان پێکەوە ژیانە و وەکو یەک خزمەتی هەموو لایەک دەکەن. محەمەد حافز لەبارەی تورکمانەکانەوە رایگەیاند، "پۆستەكانمان بۆ پێكهاتەی توركمان بەجێهێشتووە تا خۆیان پڕی بكەنەوە". دوای زیاتر لە حەوت مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، سەرەنجام  لە 10ی ئابی 2024 لە بەغدا ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كۆبوونەوەیەكدا بە بەشداریی 9 ئەندام، پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵبژارد و رێبوار تەها سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بە پارێزگار هەڵبژێردرا و محەمەد ئیبراهیم حافز لە پێكهاتەی عەرەبی، بە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی ئابی 2024 کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی دژی دواکەوتنی مووچەی مانگی تەموز بایکۆتییان ڕاگەیاند و مامەڵەی هاوڵاتییان ڕایی ناکەن. بەهۆی مانگرتنی کارمەندانەوە قەرەباڵغییەکی زۆر لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی دروستبووە و و کاری هاوڵاتییان ڕاوەستاوە. نزیکە 50 ڕۆژ تێدەپەڕێت بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و تا ئێستا بەغدا مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی نەناردووە.  

هاوڵاتی عێراق داواکارییەکی ئۆپیک بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت ڕەتدەکاتەوە، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوتیش لە پەرلەمان دەڵێت، 95%ی داهاتی وڵات پشتی بە نەوت بەستووە. ڕێکخراوی ئۆپیک لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاشکرایکردووە کە پشکی ڕێگەپێدراوی عێراق بۆ هەناردەی نەوت چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، بەڵام مانگی ڕابردوو ئەو وڵاتە رۆژانە چوار ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە، لەکاتێکدا بەڵێنی دابوو هەناردەی ئارەزوومەندانەی نەوت کەمبکاتەوە. یاسر حسێنی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێککەوتنێکدا ڕایگەیاند، داواکارییەکەی ئۆپیک بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت زیان بە ئابووری عێراق و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەگەیەنێت، بۆیە داوایانکردووە حکومەت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت گفتوگۆ لەگەڵ ڕێکخراوەکەدا بکات.

هاوڵاتی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ڕەتیدەکاتەوە لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێکەوتبێت بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردن.  مانگی نیسانی ساڵی 2023 پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی بۆ سێیەمجار هەموارکردەوە، سیستەمی هەڵبژاردنی لە عێراق لە 83 بازنەوە بۆ 18 بازنە کەمکردەوە، ئەوەش نیگەرانی بەشێک لە ڕێكخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و حزبەکانی لێکەوتەوە.  سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە ڕاگەیەنراوەکەیدا ئەوەی خستوەتەڕوو، دەنگۆی ئامادەکردنی ڕەشنووسێک بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن دوورە لە ڕاستییەوە و ئەوان بۆ پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، بۆ هەموو پرسێک تەنها ئەرکیان ئەوەیە بۆچوونی لایەنەکان لەسەر ئەو پرسە لەیەکتری نزیک بکەنەوە.  بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان کە ئێستا بەرکارە، سیستەمی سانت لیگۆ بە یەک پۆینت حەوت دەگەڕێتەوە و هەر پارێزگایەکی عێراق دەکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن، هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانیش یەک یاسایان هەیە.  

هاوڵاتی وەزیری کشتوکاڵی تورکیا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە چەند دارستانێک باری نائاسایی لە پێنج ویلایەتی وڵاتەکەی تا ١٥ی ئەیلول ڕاگەیاند. ئیبراهیم یومەکلی، وەزیری کشتوکاڵی تورکیا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پێنج ئاگری گەورە  لە پێنج ویلایەتی تورکیا کەوتووەتەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەردەوامن لە هەوڵەکان بۆ کونترۆڵکردنی ئاگرەکان. وتیشی: ئاگرەکانی ئۆدمیش لە ئیزمیر و پارێزگای دیدیم ئایدین لە ڕۆژئاوای وڵات کۆنترۆڵکراون، بەڵام هێشتا ئاگرەکە لە مانیسا، بۆلو، ئیزمیر، ئایدین، قەرەبوک و موغلا بەردەوامە. ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە کوژێنەوە لە ناوچەی گۆینوک لە ویلایەتی بۆلو لە باکووری ڕۆژئاوای وڵات ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە و ڕەنگە ئاگرەکە بۆ ماوەیەک بەم شێوەیە بەردەوام بێت. لەکۆتایدا وتی: دەبێت هاوڵاتیان تا یەکشەممەی داهاتوو زۆر وریا بین، هەروەها باری لەناکاو لەو پێنج ویلایەتە  تا ١٥ی ئەیلولی داهاتوو ڕادەگەیەنن، چونکە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و بوونی بای بەهێز بووتە هۆی تەشەنەسەندی ئاگرەکە.

هاوڵاتی وەزارەتیی تەندروستیی عێراق، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوەڵەی مەیموون لە بەشێک لە وڵاتاندا داوای لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە پارێزگاکانی عێراق کرد ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر دژی نەخۆشییەکە. ئەمڕۆ شەممە، 17ی ئابی 2024، وەزارەتی تەندروستیی عێراق، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە پارێزگاکانی عێراق لەبارەی نەخۆشیی ئاوەڵەی مەیموون ئاگادار دەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێوشێنی پێویست بگرنە بەر. لەم بارەیەوە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق نووسراوێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هاوپێچی نووسراوەکەی کردووە کە تێیدا باری لەناکاوی بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوەڵەی مەیموون ڕاگەیاندووە وەک مەترسییەک لەسەر تەندروستیی جیهانی. لای خۆیەوە دکتۆر سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی عێراقمان بەدەست گەیشتووە، بەیانی کۆبوونەوەمان دەبێت و لە کۆبوونەوەکە تاوتوێی ناوەڕۆکی نووسراوەکەو گرتنەبەری ڕێککارەکان دەکەین و بڕیاری پێویستی خۆمان دەدەین. جێگەی ئاماژەیە، بەهۆی خێرا بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوەڵەی مەیموون لە 13 وڵات وای لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کرد باری لەناکاوی تەندروستی جیهانی ڕابگەیێنێت.

هاوڵاتی  لە دەروازەی پشتەی سنووری ئیدارەی گەرمیان، نزیکەی 240 ملیۆن دینار دیارنەماوە، پۆلیسی گەرمیان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ فەرمانبەرێکی ئەو دەروازەیە دەرکردووە. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، لە دەروازەی پشتەی سنووری ئیدارەی گەرمیان، نزیکەی 240 ملیۆن دینار دیارنەماوە، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ رووداوەکەش، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ فەرمانبەرێکی بانکی ئەو دەروازەیە دەرچووە، کە سەر بە بانکی پەروێزخانە. هەربەپێی زانیارییەکان، ئەو فەرمانبەرەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە بۆ شوێنێکی نادیار ھەڵاتووە.

هاوڵاتی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ 110 هەزار کەس لە باشووری لوبنان ئاوارەبوون، منداڵانیش ڕێژەی 35%ی ئەو ئاوارانە پێکدەهێنن. ئەمڕۆ شەممە، 17ی ئابی 2014، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی – ئۆچا لە ڕاگەندراوێکدا ڕایگەیاند، بەهۆی پێکدادانە بەردەوامەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵاوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ 110 هەزار هاوڵاتی لە باشووری لوبنان ئاوارەبوون. لە ڕاگەندروەکەشدا هاتووە، بەهۆی پێکدادانە بەردەوامەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵاوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ 110 هەزار کەس لە باشووری لوبنان ئاوارەبوون، منداڵانیش ڕێژەی 35%ی ئەو ئاوارانە پێکدەهێنن. نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی – ئۆچا لە بەشێکیتری ڕاگەندراوەکەدا ئەوەی خستۆتەڕوو، لە ئێستادا 150 هەزار کەس لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان نیشتەجێن و 23%ی ئەوانەش بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن. دەشڵێن، ئەو کەسانەی لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل و حزبوڵادا زیانیان بەرکەوتووە تا کۆتایی ئەمساڵ پێویستیان بە 110 ملیۆن دۆلار هاوکاری دەبێت تاوەکو قەرەبوویان بکرێتەوە و پێدوایستی تەواویان بۆ دابین بکرێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە، 17ی ئابی 2024، وەزارەتی تەندرووستی غەززە و وەزارەتی تەندرووستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە. وەزارەتی تەندرووستی غەززە لە ڕاگەیەندراوەکدا دەڵێت، بە هۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا 40 هەزار و 70 هاوڵاتیی لە غەززە كوژراون. ئەوەشخراوەتەڕوو، ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە 92 هەزار و 537 كەس . وەزارەتی تەندروستی غەززە لە ڕاگەیەندراوەکیدا ئاماژە بەوەشدەکات، بە هۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 69 كەس لە غەزە كوژراون و 136ی دیكەش بریندار بوون. لە بەشێکی تری ڕاگەندراوەکەشدا هاتووە، 316 ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە، هەروەها 10 هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، كە بەبێ چارەسەر ماونەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیل بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و 404 كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش بریندار بوون.

هاوڵاتی هەپەگە دەڵێت، لە شەڕێکدا کە 8ی ئابی 2024 لە هەرێمی گلیداغ هاتە ئاراوە فەرماندەی ئەیالەتی سەرحەدی یەژاستار، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری هەپەگە و یەژاستار بەروار دێرسیم بە قارەمانی شەڕیکرد و شەهیدبوو. ئەمڕۆ شەممە، 17ی ئابی 2024، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی فەرماندەیەک کە لە هەرێمی گلیداغ شەهید بوو ڕاگەیاند. هەپەگە دەڵێت، لە نێوان 7 تا 10ی ئاب لەلایەن سوپای تورکیای داگیرکەرەوە لە هەرێمی گلیداغ هێرشێکى بەرفراوان ئەنجامدرا، لە نێوان داگیرکەران و هێزەکانماندا شەڕ هاتە ئاراوە، هێزەکانمان بە چالاکی کاریگەر بەرپەرچی ئەو هێرشانەی داگیرکەرانیان دایەوە، لە شەڕەکەدا بە تاکتیکی سابۆتاژ گورزی گەورە لە داگیرکەران درا و زیانی گەورە بەر دوژمن کەوت، لەگەڵ گەیشتنی زانیاری زیاتر بۆ گەلە وڵاتپارێزەکەمان و ڕای گشتی بڵاوی دەکەینەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، لەو شەڕەدا کە 8ی ئابی 2024 لە هەرێمی گلیداغ هاتە ئاراوە فەرماندەی ئەیالەتی سەرحەدی یەژاستار، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری هەپەگە و یەژاستار بەروار دێرسیم بە قارەمانی شەڕی کرد و شەهیدبوو. لە ڕاگەندراوەکەی هەپەگەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، هەڤاڵمان بەروار کە ئەوینی ئازادیی، خۆشەویستی وڵات و هۆگریی بۆ گەلەکەی کردە ڕێنیشاندەری مێشک و دڵی خۆی، ژنێکی کورد بوو کە خاوەن ئازایەتی و لەخۆبوردەیی گەورەبوو، بەروار کە لەپێناو دۆزی هەبوون و ئازادی گەلەکەماندا ڕووی کردە چیاکان، بە ناسنامە و ڕاستی ژنی ئازاد خۆی گەیاندە حەقیقەت و بە ئایدۆلۆژیای ئاپۆیی سەرلەنوێ خۆی ئافراندەوە، بوو بە جەنگاوەر و فەرماندەیەکی فیدایی ئاپۆیی. هەپەگە باسلەوەشدەکات، دوایین جار لە ئەیالەتی سەرحەد ئەرکی فەرماندەیی ئەیالەتی یەژاستاری لە ئەستۆبوو، بۆ ئەوەی گەریلایەتی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، تاکتیکی نوێی سەردەمیانە و شێوازی شەری تیمە پسپۆڕەکان بە سەرکەوتوویی بەجێبگەیەنێت، بەشێوەی بێ کۆتایی لەخۆبووردەیی کرد، هەڤاڵمان بەروار کە ئەوینداری لوتکەکانی چیاکانی کوردستان بوو بە خۆشەویستیەکی زۆرەوە هەنگاوی دەنا، بەرەو لوتکەی چیای ئاگری هەڵکشا بە ناوەکەی تریەوە واتە گلیداغ و ئاڵای تێکۆشانی خۆی لەوێ شەکاندەوە، هەموو هەبوونی خۆی لەپێناو ئازادی گەلەکەمان و هەموو ژناندا بەخت کرد، بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی لە هەموو شوێنێک بە شێوەی شایستە بەجێگەیاند و سەلماندی کە فەرماندە و شۆڕشگێڕێکی پێشەنگە. هەپەگە لە کۆتای ڕاگەندراوەکدا ئاماژەبەوەدەکات، بەڵێن دەدەین کە هەرگیز فەرماندە بەروار کە خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایین بوو لە بیرنەکەین، دەنگی دلێر و ئاڵای بەروارەکان لە لوتکەی چیاکانی کوردستان نەبڕین، لەسەر ئەو بنەمایە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی وڵاتپارێزی هەڤاڵمان، گەلی سەرحەد و هەموو گەلی کوردستان دەکەین. هەپەگە زانیاری لەسەر ناسنامەی فەرماندە شەهیدەکە بەم جۆرە خستەڕوو:  ناسناو: بەروار دێرسیم ناو و پاشناو: سەیران چۆماک شوێنی لەدایکبوون: وان ناوی دایک- باوک: مەهناز- سوڵتان کات و شوینی شەهیدبوون: 8ی ئابی 2024/ سەرحەد

هاوڵاتی دوای ئەوەی ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەواڵی تێكچوونی پەیوەندی ئەردۆغان و کوڕەکانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی تیرۆرکراوی مەکتەبی سیاسی حەماسی بڵاوکردەوە، تورکیا ڕەتی دەکاتەوە. ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند: ناکۆکی کەوتووەتە نێوان کوڕەکانی ئیسماعیل هەنییە و ئەردۆغان لەسەر ئەوەی داوای ئەو سێ ملیار دۆلارەیان کردووە کە لە هەژماری بانکی تورکیا بە ناوی باوکیان هەڵگیرابوو، ئەردۆغان ڕەتی کردووەتە ئەو پارەیان بداتەوە. لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: ئیسرائیلی کۆمەڵکوژ بەم جۆرە تۆمەتانە دەیەوێت سەرنجمان لەسەر دۆخی غەززە دووربخاتەوە کە ئەمەش مەحاڵە.

هاوڵاتی وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، کامێراکانى هاتووچۆ سەرپێچى ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان تۆماردەکەن. ئەمڕۆ شەممە 17ی ئابی 2024، بەهمەن عەبدوڵڵا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، "کامێراکانى هاتووچۆ سەرپێچى ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان تۆماردەکەن". وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی ڕوونیشیکردووەتەوە، "لەکاتی بەناوکردن یاخود تۆمارکردنیاندا هاتووچۆ دەتوانێت سەرپێچییەکانیان پێببژێرێت".

هاوڵاتی   بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، هەزار و 431 بنكەی دەنگدانی دیاری كردووە. بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 20-10ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، كۆمیسیۆن لە ئامادەكاریەكانی بەردەوامە، 40 هەزار 901 كارمەندی بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان دیاری كردووە. كۆمیسیۆن هەزار و 431 بنكەی دەنگدانی دیاری كردووە، شەش هەزار و 321 وێستگەی لەخۆگرتووە، شەش هەزار و 321 وێستگەی دەنگدانی گشتییە و 749 وێستگە بۆ دەنگدانی تایبەت.

هاوڵاتی به‌ره‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17ی ئابی 2024، له‌ بۆردوومانێكی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سه‌ر ناوچه‌یه‌ك له‌ باشووری لوبنان، 10 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا. ڕۆژنامەی "الشرق الأوسط" بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، كه‌ له‌ بۆردوومانێكی سوپای ئیسرائیدا له‌ بۆ سه‌ر دۆلێ كه‌فوری ناوچه‌ی نه‌به‌تییه‌ له‌ باشووری لوبنان، 10 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا كه‌ له‌نێویاندا ژن و منداڵ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها سێ كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون. ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ هەینی 16ی ئابی 2024، ئیسرائیل چەند هێرشێکی دیکەیان بۆ چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنان ئەنجام داوە لە ئەنجامدا کەسێک برینداربوو.