هاوڵاتی BBC: لە ڕێکەوتی ٧/١٠/ ٢٠٢٤دا، دادگای دادوەری عێراق، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ هاوسەری (ئەبوبەکر بەغداد)ی سەرکردەی پێشووی داعش دەرکرد، بەهۆی دەستبەسەرکردنی ژنانی ئێزیدییەوە. بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ ناسنامەی ئەو ئافرەتە بە ناوی (ئەسما محەمەد)ەوە، کە ناسراوە بە (ئوم حودەیفە)، ئاشکرا دەکات. لە ساڵی دا٢٠١٩، دوای چەند مانگێک لە شکستی سەربازی گروپی تیرۆرستی داعش لە عێراق، هێزەکانی ئەمریکا بە ڕێنوێنی هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکەی هەڵیانکوتایە سەر ئەو شوێنەی کە بەغدادی خۆی لێ حەشاردابوو، لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا. بەڵام بەغدادی پشتێنێکی بۆمبڕێژکراوی تەقاندەوە لەو تونێلەدا کە تێیدا خۆی شاردبوویەوە و خۆی و دوو منداڵی کوشت، لەکاتێکدا دووان لە هاوسەرەکانی بەهۆی دەستڕێژی هێزەکانی ئەمریکاوە کوژران. نەتەوە یەکگرتووەکان: بەڵگەی ڕوون و قەناعەتپێکەریان لەبەردەستدایە کە داعش کۆمەڵکوژی و چەندین تاوانی نێودەوڵەتی دیکەی لە دژی ئێزیدییەکان ئەنجامداوە، کە ئەندامەکانیان پێشنیاری ئەوەیان بۆ کراوە یان دەبێت دینەکەیان بگۆڕن، یاخود مردن هەڵبژێرن. ئێزیدییەکان کە لەلایەن ئەندامانی ڕێکخراوی داعشەوە ڕفێندران و دەستدرێژییان کراوەتەسەر، داوای یاسایی مەدەنییان لە عێراق تۆمارکرد و (ئوم حودەیفە)یان تۆمەتبار کرد بەوەی هاوکار لە ڕفاندن و بەکۆیلەکردنی سێکسی کچان و ژنانی ئێزیدییەکاندا کردووە.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی ئابی 2024، بانکى ناوەندى عێراق، بڕى 268 ملیۆن و 304 هەزار و 25 دۆلاری خستە بازاڕەکانەوە. لەو بڕەش سێ ملیۆن و 350 هەزار دۆلار بە شێوەى نەقد فرۆشراوە و 264 ملیۆن و 954 هەزار و 25 دۆلاریش بە شێوەى حەواڵە فرۆشراوە. جێگەی ئاماژەیە، ماوەى نزیکەى ساڵێکە نرخی دۆلارى ئەمریکى لە بازاڕەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەرامبەر دینارى عێراق بە شێوەیەکى بەرچاو بەرز بووەتەوە.

هاوڵاتی دوو هۆكاری نوێ بۆ دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە ئاشكرا دەبێت، بەشێكی پەیوەندی بە هەرێم و بەشێكیشی پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە. نزیکەی 30 ڕۆژە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی حەوتی ڕەوانەی بەغدا کردووە، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتبوو ڕۆژی پێنجشەممە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕەوانە نەکراوە. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆی کاریگەری خستووەتە سەر قەبارەی پارەی نەختینە، بەشێک لە وەزارەتەکانی عێراق داهاتیان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەگەڕاندووەتەوە، بەمەش کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە و ناردنی پارەکەی هەرێمی کوردستان دروستبووە. هەر بەپێی زانیارییەكان، "هۆکارێکی دیکەی دواکەوتنی مووچە، بۆ زیادبوونی بڕی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە و وردبینی لە لیستەکانیان تەواو نەبووە".

هاوڵاتی سكاڵاكە تایبەت بوو بە دەرکردنی فەرمانێکی تایبەت بە پوچەڵکردنەوەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و دەرەنجامەکانی. ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی ئابی 2024، لەوەڵامی سكاڵاكەی حەسەن تۆران سەرۆكی بەرەی توركمانی و سۆسن عەبدولواحید شاكرد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، كە لەسەر سەرۆك كۆماری عێراق، لەبەرامبەر دەركردنی مەرسومی كۆماری بۆ پارێزگای نوێی كەركووك ئەو (9) ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك تۆماریان كردبوو لەبەرامبەر هەڵبژاردنی پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاری كەركووك تیایدا داوایان كردبوو، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە بڕیارێكی سالاری دانیشتنەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك و دەرەنجامەكانی پوچەڵبكاتەوە. دادگای باڵا فیدراڵی لە وەڵامی داواكەدا ئەوەی خستۆتەڕوو، دوای وردبینیكردن لە داواكاری دەركردنی فەرمانی سالاری لەلایەن دادگاوە، سەلەماوە كە داواكە هیچ سیفەتێكی پەلەكردنی تیادانیە و هیچ حاڵەتێكیش لە ئارادانیە پێویست بە بڕیارێكی لەوشێوەیە بكات، بەوهۆیەوە دادگا داواكارییەكەی ڕەتكردووەتەوە.  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرێتی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە بارەی هێرشەکانی تورکیا دەڵێت، تورکیا بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ناوچەکانی دەوروبەری دیمەشق دەکاتە ئامانج، ئامانجی سەرەکیشی نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکییە لە ناوچەکەدا. ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی ئابی 2024، بەڕێوەبەرێتی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕآگەندراوێکدا ڕایگەیاند، کردنە ئامانجی دەوروبەری نەخۆشخانەی دڵ و چاو لە قامیشلۆ و ناوچەکانی شەهبا لە لایەن سوپای تورکیاوە، کە کوژران و برینداربوونی چەندین هاووڵاتی سڤیلی لێکەوتەوە، سووربوونی تورکیا نیشاندەدات بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە بکاتە ئامانج و هەوڵەکان بۆ گەشەپێدان و خزمەتکردنی ناوچەکە پەکبخات. دەشڵێت، هەماهەنگی تورکیا لەگەڵ ڕژێمی دیمەشق، لاوازی تورکیا دەردەخات لەوەی نەیتوانیووە ئامانجەکانی بەدەستبهێنێت. باسلەوەشدەکات، هەوڵێکیشە بۆئەوەی تورکیا خۆی ڕزگار بکات لەو شکستەی بەهۆی دەستوەردانەکانی لە ناوچەکەدا دووچاری بووە. لە ڕاگەیەندراوەکدا ئەوەش خراوەتەڕوو، هێرشەکانی تورکیا ناوچەکە بەرەو شەڕێکی کراوە دەبات و هۆشداریدەدات لەوەى چیتر ناتوانن لە ئاستی پێشێلکارییەکانی تورکیا دەستبەستراو بن. بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ئاماژە بەوەدەکات، داواش لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هێزە هاوبەشەکانی دژی تیرۆر دەکات، سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانەی تورکیا دابنێن و ئەنقەرە ناچار بکەن، ڕێز لە یاسا و ڕێنماییە نێودەوڵەتییەکان بگرێت.

هاوڵاتی ڕۆژی دووشەممە، 19-8-2024، کۆنگرەی دیموکراتەکانی ئەمریکا دەستیپێکرد، تا ڕۆژی پێنجشەممە، 22-8-2024، بەردەوام دەبێت. لە ڕۆژی یەکەمدا، کامالا هاریس بە فەرمی وەک کاندیدی دیموکراتەکان دەستنیشان کرا. بایدن وتارێکی ماڵئاوایی پێشکەش کرد و وتی مەشخەکە ڕادەستی هاریس دەکات و وەک خۆبەخشێک کاری بۆ دەکات. گرنگترین دیمەنی ڕۆژی یەکەمی کۆنگرەکە ئەو کاتە بوو کە بایدن چووە سەر ستەیج. فرمێسک لە چاویدا قەتیس مابوون، کچەکەی چووە سەر ستەیج و لە باوشی گرت. ئامادەبووان ئەو بانەرە شینانەیان بەرز کردەوە کە لە سەر نووسرا بوو "ئێمە جۆ-مان خۆش دەوێت". بۆ ماوەی چوار خولەک بایدن-یان چەپڵەڕێزان کرد و درووشمی "سوپاس جۆ، سوپاس، جۆ"یان دەوتەوە. بایدن سەرۆکی ئەمریکا و کاندیدی دیموکراتەکان، بەڵام خۆی لە کاندیدی کشاندەوە و هاریس جێگەی گرتەوە. ڕۆژی 5-11-2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت و هاریس و ترەمپ کێبڕکێی یەکدی دەکەن.

هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئاوەڵەی مەیموون هۆشداری دەدات و دەڵێت، ڕێوشوێنی پێویستمان بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە گرتووەتەبەر.  ئەمڕۆ دووشەممە، 19ی ئابی 2024، وەزارەتی تەندروستی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، وێڕای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئاوەڵەی مەیموون لە بەشێکی وڵاتانی جیهان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی نەخۆشی ئاوەڵەی مەیموون لە عێراق تۆمار نەکراوە. دەشڵێت، پاش ڕاگەیاندنی باری نا ئاسایی لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ڕێوشوێنی پێویستمان بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە گرتووەتەبەر. لە کۆتایی ڕاگەندراوەکەشدا هاتووە، پێویستە هاووڵاتیان بەردەوام بن لە ڕێكارە خۆپارێزییە تەندروستییەكان بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەكە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، هاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە كە گرووپێك پەیدا بوونە و لەڕێگەی فێڵێكەوە پارەی نێو هەژماریی بانكی دەدزن. ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: ماوەیەکە گروپێک کە خەڵکی شارەکانی خوارووی عێراق و هەرێمی کوردستانن، چەند هەژمارێکی جۆراوجۆریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی بانکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دروستكردووە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نرخی (100)دۆلاری ئەمریکی بە (132000) هەزار دیناری عێراقی دەگۆڕنەوە، بەتایبەت بۆ ئەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت گەشت بکەن. بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی ئاسایشی هەولێر، ئەم گرووپە بەچەند ژمارە مۆبایلێكی جۆراوجۆر بەڕێگای تۆڕی (واتس ئاپ) دەکەونە پەیوەندی لەگەڵ کەسەکە و داوای (پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی و ماستەرکارت یان ڤیزەکارت)ی کەسەکە دەکەن، دوای چەند خولەکێک داوای (کۆد/ژمارەی) نهێنی سەر هەژماری بانکیی یەکەت لێ دەکات و لە دوای پێدانی ئەو (کۆد/ژمارە) نهێنیە ڕاستەوخۆ هەر بڕەپارەیەک لەسەر هەژماری بانکیەکەت هەبێت دەستی بەسەردا دەگرێت.

هاوڵاتی چالاکوانانی خوڕماڵ لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە داوای ئاشکرا کردنی بکوژی ئارام ئەو گەنجە کۆڵبەرە دەکەن کە دوێنێ شەو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر سنوورەوە کوژرا. ئەمڕۆ دووشەممە، 19ی ئابی 2024، تۆڕی ڕێکخراوەکانی خوڕماڵ کە پێکدێن لە چەندین چالاکوان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکومەت دەکەین بە زووترین کات بکوژی ئارام ئاشکرا بکەن و بکەرانی بە سزای خۆی بەگەیەنن. دەشڵێن، زۆربەی گەنجەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی خراپی باری دارایی و نەبوونی سەرچاوەیەکی بژێوی ژیانیان پەنا دەبەنە بەر کۆچ کردن و بڕینی سنوورەکانی وڵات. ئەوشیان خستەڕوو، وەک تۆڕی ڕێکخراوەکانی خوڕماڵ بەتوندترین شێوە ئیدانەی کوژرانی ئارام دەکەن و داواش دەکەین بەزووترین کات بکوژ بە سزای خۆی بگەنرێت، ئەگەرنا پەنا دەبەنە بەر چالاکی مەدەنی تر. جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ شەو 18ی ئابی 2024، پاسەوانی سنووری عێراق لەهەورامان تەقەیان لە ئارام کرد کە گەنجێکی کۆڵبەری گوندی سەرگەت بوو کوشتوویان.

هاوڵاتی مانگی تابان لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە مانگ دەگاتە نزیکترین خاڵ لە زەوی و بە گەورەیی و گەشاوەیی دەبینرێت. مانگی تابان لە دیدی مرۆڤدا بەگەورەیی قەبارەکەی و پڕشنگداری و گەشاوەییەکەی لە مانگەکانی دیکە جیادەکرێتەوە، ئەمشەو بۆ یەکەمجار لەمساڵدا لە ئاسمانی کوردستان و زۆربەی ناوچەکانی جیهان دەبینرێت. کەمترین دووری لەنێوان مانگ و زەوی، کە ئەم شەو ڕوودەدات ٣٦١ هەزار و ٩٦٩ کیلۆمەترە، لەکاتێکدا زۆرترین دووری نێوانییان ٤٠٥ هەزار و ٦٩٦ کیلۆمەترە و ئەمشەو قەبارەی مانگ ١٣-١٤٪ گەورەتر و ڕووناکییەکەی ٢٧-٣٠٪ لە مانگی ئاسایی زیاترە. کاتژمێر ٦:٥٩ خولەکی ئێوارە بەکاتی هەولێر مانگ لە ئاسۆی ڕۆژهەڵات هەڵدێت و تا چەند کاتژمێرێک بەردەوام دەبێت. جگە لە ئەمشەو ئەمساڵ سێ جاری دیکە، مانگی تابان لە ١٨-٩ و ١٧-١٠ و ١٥-١١ بەدیدەکرێت.

هاوڵاتی لە ئەوروپا قەیرانی منداڵبوون سەرهەڵدەدات و یەكەمجارە ژمارەی لە دایكبووان بۆ خوار چوار ملیۆن كەس دادەبەزێت. لە ساڵی 2022 سێ ملیۆن و 88 هەزار منداڵ لە یەكێتی ئەوروپا لەدایكبوون، ئەمەش نزمترین ئاستی لەدایكبوون بوو لە دوای ساڵی 1960، بەوەش یەكەمجارە ڕێژەی لە دایكبوون بگاتە خوار چوار ملیۆن كەس. شارەزایان پێیانوایە دابەزینی ڕێژەی لەدایكبوون بۆ كاركردنی ژنان لە دەرەوە و پێشكەوتنی زانستی پزیشكی و خراپی دۆخی ئابووری دەگەڕێتەوە. پێشبینی دەكرێت هاوشێوەی بەریتانیا، یەكێتی ئەوروپاش بۆ پاراستنی ڕێژەی دانیشتووانی پشت بە كۆچەبەران ببەستێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە، 19ی ئابی 2024، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی دیوانی چاودێری عێراق ئەوەی خستەڕوو، کە هەماهەنگیان لەگەڵ چاودێری دارایی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. ئەمەش لە کاتێکدایە، بەپێی یاسای بوودجە هەموو سێ مانگ جارێک پێویستە لیژنەیەکی چاودێری دارایی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، وردبینی لە خەرجی، داهات، لیستی مووچە و میلاکات لە مانگی دووەمی ساڵی 2024 دەکەن. بەپێی ڕاگەندراوی فەرمی وەزارەتی دارایی، لەماوەی دووساڵی ڕابردوودا هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵ تیمە هاوبەشەکانی چاودێری دارایی هەبووە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەو گرفتە هونەری و تەکنیکیەکانی تایبەت بە خەرجی، داهات، لیستی مووچە و میالاکات بەردەوام دەرگای وەزارەت و بەڕێوبەرایەتیەکانیان بەڕویاندا کراوە بووە.  جێگەی ئاماژەیە، دیوانی چاودێری دارایی عێراق لای خۆیانەوە پشتیوانی و هەماهەنگی وەزارەتی داراییان کرد، کە بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ چارەسەری ئەو کێشەو گرفتانەی لە بواری ژمێریاری، بودجەو داهات و خەرجییەکان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا هەبووە.

هاوڵاتی دوابەدوای دەستدرێژی و کوشتنی ژنە پزیشکێکی تەمەن ٣١ ساڵ لە شاری کەلکەتا، پزیشکان و پسپۆڕانی هیندستان لە ڕۆژی شەممە 19ی ئابەوە دەستیان بە مانگرتنی بەرفراوان کردووە وەک هێمای ناڕەزایەتی. ئەو پزیشکە ڕاهێنراوە هەفتەی ڕابردوو لە زانکۆیەکی پزیشکیدا لەکاتی پشوودان لە نێوان دوو شەفتدا دەستدرێژی کراوەتە سەر و کوژراوە. ئەم ڕووداوە بوو بە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی و ڕێپێوان لە سەرانسەری هیندستان. خۆپیشاندەران بە ئیلهام وەرگرتن لە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" (Jin,Jiyan,Azadî) کە لە ڕاپەڕینی سەرتاسەری ساڵی 2022 لە ئێران دەنگی دایەوە، دژایەتی خۆیان بۆ کردەوە دژە فێمینیستەکان لە هیندستان دەربڕی. بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، پزیشکەکان ڕایانگەیاندووە، بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر واز لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی  فریاگوزاری دەهێنن، پێشبینیش دەکرێت زیاتر لە ملیۆنێک پزیشک بەشداری مانگرتنەکە بکەن.

هاوڵاتی Archeology Magazine : لە سەرەتای مانگی ئابدا تیمی مۆزەخانەکانی لەندەن، لە یەکێک لە مۆزەخانەکانی لەندەندا تابلۆیەكى عێراقى ٤ هەزار ساڵیان دۆزیوەتەوە. تابلۆكه چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ڕێی جوڵەی سێبەرەکانەوە بەكارهێنراوه بۆ دياركردنی کاتی شەو و ماوەی مانگگیران و خۆر گیران و پێشبینیکردنی نیشانەکانی جەنگ لە سیپارى کۆندا، کە دەکاته عێراقى سەردەمی ئێستا. ئەندرۆ جۆرج، مامۆستای ئیمێریتۆس لە زانکۆی لەندەن ساڵی ٢٠١٦, ڕایگەیاندووە کە ئەم شوێنەوارانە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە لە مۆزەخانەی بەریتانیادا هەڵگیراون. كه توێژەران ڕوونیان کردووەتەوە، پاشاکانی بابل ڕاوێژکاریان هەبووە چاودێری ئاسمانی شەویان کردووە بۆ ئاگاداربوون لە ڕووداو و پێشهاتەکانی داهاتوو. توێژەری سەربەخۆ جونکۆ تانیۆگۆچی: له ڕێى بارودۆخی ئاسمانی شەوەوه توانراوه پێشبینییه هەڕەشەئامێزەكان لەبەرچاو بگیرێت، هەروەها توانراوه لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت له سەر بنەماى ئەو پێشبينيانه كاتى ڕێوڕەسمه ئاینییەکان دیاری بكرێت يان هەڵبووەشێندرێنەوه.

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی ئابی 2024، دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی كۆتا پەیامی ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و كارمەندانی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی كرد و ماڵئاوایی لێكردن. لە پەیامەکەید مامۆستا دڵشاد عومەر ڕایگەیاند، "هاوکارانم لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بەرێزان / سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و كارمەندان سڵاوی پەروەردەو زانستتان لێبێت لەماوەی نۆ ساڵی کارکردنم لەگەڵ ئێوەی بەڕێوەبەری پەروەردەکان و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکان و لێپرسراوی هۆبەکان سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و کارمەندان بە ئاسوودەیی زۆر سوودمەند بووم بە پێشنیارو ڕاو بۆچوونەکانتان، کە خۆشەویستیتان بووە بۆ پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، هەرچەندە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری سەخت بووینەتەوە، بەڵام دواجار گەشبین بووین بۆ ڕۆژانی داهاتوو، هەرگیز دەرفەتێکتان لەدەست نەداوە بۆ دەوڵەمەندکردنی پرۆسەی پەروەردە، هیواو ئاواتی هاوبەشتان هەبووە من هیچیان لەبیر ناکەم ئێوە پشتیوانی من بوون لەم پۆستەدا". ئاماژەی بەوەکرد، "هیوادارم بە هەوڵی هەمووان توانیبێتمان هەنگاومان نابێت بۆ گۆڕانکاری لە ناوەندەکانی خوێندندا بە بێ جیاوازی و لایەنگری حزبی بە یەکسانی و دادپەروەری. هەروەها لەماوەی دەست بەکاربوونم لە ٥/٧/٢٠١٥ حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووە کە تاکو ئێستاش بەردەوام قەیران هەیە". وەک لە پەیامەکەدا هاتووە، "سەرەڕای کێشەو گرفتەکان و قەیرانەکان و نیگەرانییە سەختەکان بە هەوڵی دڵسۆزانەی ئێوەو هاندانی ڕێکخراوەکان و وەبەرهێنەران و سەرمایەداران و خێرخوازان لە نۆژەنکردنەوە و دروست کردنی قوتابخانەو دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن درێغیتان نەکردووە، دووبارە دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ ئەو هاوکاری و پاڵپشتییە میهرەبانییە دەردەبڕم کە پێشکەشتان کردووم بۆ سەرخستنی پرۆسەی پەروەردە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی. بەهیوام پەیامم بگاتە هەموو فەرمانبەران و کارمەندان و مامۆستایان هەمیشە هاوکارو پشتیوانتان دەبم هەربژین سەرکەوتوو بن".