هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی تەمووزی 2024، راکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک سوێندی یاسایی خوارد و بوو بە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک. ئەمەش لە کاتێکدایە چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەبچێت و تێیدا سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگار دەستنیشان بکرێن. ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ شەو، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک ساز دەکرێت. سەرۆک وەزیرانی عێراق، داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد بە رێککەوتنەکانەوە پابەند بن، بێ ئەوەی چۆنێتی رێککەوتنی ئەو لایەنانە لەسەر پۆستەکان روون بکاتەوە

هاوڵاتی لە عێراق 133 حاڵەتى توشبوون بە تاى خوێنبەربوون تۆمارکراون و 14 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی تەمووزی 2024، سامر حەبیب خەفاجى، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى ڤێتێرنەرى لە وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق رایگەیاند، بە هەماهەنگى لەگەڵ دەسەڵاتى کارگێڕى پارێزگاکان و هەردوو مەزارگەى عەباسى و حوسەینى، رێنمایی دراوەتە گۆشتفرۆش و خاوەن ئاژەڵەکان لە مانگى موحەرەمدا رەچاوى رێنماییەکان بکەن و لە دەرەوەى گوشتارگە فەرمییەکان ئاژەڵەکانیان سەرنەبڕن. دەشڵێت، ئەو ئاژەڵانەشى دەرمانکراون دەبێت دواى 14 رۆژ لە دەرمانکردنیان سەرببڕێن. وەزارەتى کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ رێگرى لە تەشەنەکردنى زیاترى تاى خوێنبەربوون لە مانگى موحەرەمدا، رێکارە تەندروستیی و خۆپارێزییەکانى چڕکردووەتەوە، بە گوێرەى ئامارەکانیش لە ئەمساڵدا 133 کەس توشبوون و 14یان گیانیانلەدەستداوە. لەبارەی ئامارەکانى تاى خوێنبەربوون، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى ڤێتێرنەرى راگەیاند، زۆرترین حاڵەتەکانی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە پارێزگاى زیقارن بە 31 توشبوون و چوار گیان لەدەستدان. ئەوەشی خستۆتەڕوو، کەمترین حاڵەتیی توشبوون لە پارێزگاى هەولێرە، کە تەنیا دوو حاڵەت تۆمارکراوە.  

هاوڵاتی سزای لە سێدارەدان بۆ هاوژینى سەرۆکی پێشووی داعش دەرکرا، کە ژنانی ئێزدی لە ماڵەکەی خۆیدا لە رۆژئاوای نەینەوا دەستبەسەرکردبوو. ئەمڕۆ چورشەممە، 10ی تەمووزی 2024، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند: دادگای تاوانەكانی كەرخ، سزای لە سێدارەدانی بەسەر هاوسەرەكەی ئەبوبەكر بەغدادی، سەرۆكی پێشوتری رێكخراوی داعشدا سەپاندووە، بە تاوانی كاركردنی لەگەڵ رێكخراوێكی توندڕەو و دەستبەسەركردنی ژنانی ئێزدی لەماڵەكەیدا. لەم بارەیەوە ئەنجوومەنی دادوەری دادگای تاوانەکانی کەرخ سەبارەت بە سەپاندنى سزای لە سێدارەدان بەسەر هاوژینى ئەبوبەکرد بەغدادی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: ئەمڕۆ دادگاکەمان بەپێی مادەی چواری تیرۆر و یاسایی ژمارە 13ەی ساڵی 2005 سزای لە سێدارەدانی بۆ هاوژینى سەرۆکی پێشووی داعش دەرکرد، دەشڵێن، ئەو کەسە ژنانی ئێزدی لە ماڵەکەی خۆیدا لە رۆژئاوای نەینەوا دەستبەسەرکردووە. ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کەسە ژنانی ئێزدی لە ماڵەکەی خۆیدا لە رۆژئاوای نەینەوا دەستبەسەرکردووە. ئەسما، كە هاوسەری یەكەمی بەغدادی بوو، لە ساڵی  2018دا، لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە، لە پارێزگاری هاتای هاوسنوری سوریا دەستگیركرا، بەڵام تا مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2019 دەستگیركردنەكەی رانەگەیەندرا. جێگەی ئاماژەیە، لە ساڵى 2014 لە میانەی هێرشى رێکخراوی تیرۆرستی داعش بۆسەر شنگال هەزاران ژنى ئێزدى لەلایەن داعشەوە رفێندران.  

هاوڵاتی عامر جابری دەڵێت، ئەمڕۆ پلەی گەرمای هەشت پارێزگە دەگاتە 50ی سیلیزی و چاوەڕوان دەکرێت شەپۆلی گەرما تا کۆتایی هەفتە بەردەوام بێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی تەمووزی 2024، عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی کەشناسی عێراق بە رۆژنامەی (الصباح)ی راگەیاند، لە دوێنێوە شەپۆلێکی گەرما رووی لە عێراق کردووە و تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت. دەشڵێت، پلەی گەرمای پارێزگەکانیش لە نێوان 45 – 51ی سیلیزیدا دەبێت. بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی کەشناسی عێراق بۆ رۆژنامەکە ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمڕۆ چوارشەممە، گەرمای هەشت پارێزگە دەگاتە 50 پلەی سیلیزی کە بریتین لە: واست، نەجەف، دیوانیە، بابل، میسان، ناسڕیە، سەماوە و بەسڕە و پلەی گەرمای بەغداش 49ی سیلیزی دەبێت. سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ باسی لەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت سبەینێ پێنجشەممە، گەرماکە کەمێک دابەزێت و پلەی گەرما بە گشتی لە نێوان 48-49ی سیلیزیدا دەبێت.

هاوڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە لە سەر دوو تەوەر گفتوگۆ دەکات. ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی تەمووزی 2024، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوەى هەفتانەى خۆى ئەنجامدەدات و دوو تەوەرى سەرەکى گفتوگۆى لەبارەوە دەکرێت، کە ئەوانیش مووچەى هێزە ئەمنییەکان و دەروازە سنوورییەکان. بەگوێرەی راگەیەندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان کە بڵاوکراوەتەوە تێدا هاتووە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنى وەزیران گفتوگۆکانى شاندى هەرێمى کوردستان لەبارەى دەروازە سنوورییەکانى لەگەڵ عێراق و داواکارىییەکانى بەغدا لەبارەى داهات و یەکخستنى "رەسمى گومرگى" تاوتوێدەكرێت. لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیارە وەزیرى دارایى و ئابوورى و وەزیرى ناوخۆ روونکردنەوە لەسەر دۆسییەکان بدەن. ئاماژە بەوەشکراوە، تەوەرى دووەم پرسى مووچەى هێزە ئەمنییەکان و هاتنى شاندى پشکنەرى دیوانى چاودێریى دارایى عێراقە کە بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ وەزارەتى پێشمەرگە کۆببنەوە، بۆ ئەو مەبەستە ئاوات جەناب، وەزیرى دارایى لە چوارچێوەى راپۆرتێکدا دوایین زانیارییەکان دەخاتەڕوو.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی تەمووزی 2024، بە پێی لیستی مووچەی دوێنێ بڵاو کرایەوە ئەمڕۆ چەند وەزارەت و دەستەیەک مووچەی مانگی حوزەیران وەردەگرن. بەپێی ئەو خشتەی لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران کە دوێنێ بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە مووچەی هەریەکە لە وەزارەتەکانی، تەندروستی، کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، دارایی و ئابوری و ناوخۆ دابەشدەکرێت. هەر بەپێی لیستەکە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رەگەزنامە، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، دیوانی چاودێریی دارایی و مافی مرۆڤ، مووچە وەردەگرن. جێگەی ئاماژەیە لە خشتەکەدا، لیستی مووچەکە وەزارەتی کارەبا، سەرۆكایەتی پەرلەمان، هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگەی تێدا نییە.

هاوڵاتی رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا رایگەیاند، رۆژی سێشەممە 9ی تەموزی 2024، بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سووریا، دوو کەس کوژراون کە یەکێک لەوان "یاسر نمەر قرنبش" بەرپرسی گواستنەوەی درۆن و چەک و تەقەمەنی بووە لە سووریاوە بۆ لوبنان. بەپێی زانیارییەکانی ئەم رێکخراوەیە، لە ڕێگای دیمەشق- بەیرووت و نزیک ناوچەی یابووس ئۆتۆمبێلی ئەم دوو کەسە کراوەتە ئامانج. ئەم هێرشە کاتێک روویداوە کە ئۆتۆمبێلەکە لە بازگەیەکی سەربازی سەر بە لیوای 4ی هێزەکانی بەشار ئەسەدەوە رەت دەبوو. یەکێک لە کوژراوەکان ئەندامی باڵای حزبوڵڵای لوبنانە، بەڵام ناسنامەی کەسی دووەەم دیار نییە و گومان دەکرێت ئێرانی یان سووری بێت، هەروەها شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش سووری بووە و بریندار بووە. سەرچاوەیەکی نزیک بە حزبوڵڵا بە دەنگی فەرەنسای راگەیاندووە " یاسر نمر قرنبش" پاسەوانی تایبەتی پێشتری حەسەن نەسروڵڵا رێبەری حەماس، لەم هێرشەدا کوژراوە.

هاوڵاتی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەی مووچەی وەزارەتەکەیان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە. ئەمشەو سێشەممە 9ی تەموزی 2024، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "وەزیری كارەبا لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لەسەر هێڵە بۆ چارەسەركردنی خێرای ئەو كێشەیەی كە بووەتە هۆی خەرج نەكردنی مووچەی وەزارەتەكەمان". ئاماژە بەوەشکراوە، "لەم رووەوە هەمووان ئاگاداردەكەینەوە كە وەزارەتمان بە نووسراوی فەرمی ئەو تێبینییانەی لە راپۆرتی هەردوو دیوانی چاودێری فیدراڵی و هەرێمدا هاتبوو چارەسەری كردووە، لەم پێناوەشدا خەرجی مووچە و تەواوی شایستە داراییەكانی پۆلیسی كارەبای هەرێمی لەسەر میلاكی وەزارەتمان بۆ سەر میلاكی وەزارەتی ناوخۆ گواستووەتەوە". وەزارەتی دارایی و ئابووەیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ 9ی تەموزی 2024 لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی بڵاوکردەوە، بەڵام لە لیستەکەدا وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی تێدانەبوو.  

هاوڵاتی کەشتی جەنگی سەهەند، کە بە پێشکەوتووترین کەشتی جەنگی دروستکراوی ئێران ناوی لێدەبرا، دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە 7ی تەمووزی 2024 تووشی رووداوێک هات، دوای دوو رۆژ هەوڵدان بۆ رزگارکردنی، سەرەنجام بە تەواوەتی لە ئاودا نووقمبوو. بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی رۆژنامەی "اعتماد" ئەم کەشتییە سەرەنجام ئەمڕۆ سێ شەممە 9ی تەمووز بە تەواوەتی لە ئاودا نوقم بووە، ئەم ماڵپەڕە باسی لەوە باسی لەوە کردووە بە هۆی رووداوێکەوە، ئاو دزەی کردۆتە ناو کەشتییەکە و هاوسەنگی لە دەستداوە. سەرەنجام هەوڵەکان نەیتوانیوە ببێت بە هۆی رزگار کردنی و نوقم بووە.  ماڵپەڕی فەرمی هێزی دەریایی ئێران هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام لە هیچ کوێ ئاماژە بەوە نەدراوە بە هۆی چ رووداوێکەوە بووە.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 9ی تەموزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 10ی تەموزی 2024 بەوەزارەتی تەندروستی دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی پێنجشەممە 11ی تەموزی 2024 بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کۆتایی دێت". ئەوەشخراوەتەڕوو، "وەزارەتی کارەباو سەرۆکایەتی پەرلەمان لەخشتەکەدا نییە، لەبەرئەوەی تەمویلەکەیان لەبەغداوە نەهاتووە، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی دروست بووە".

بەرگری شارستانی هەولێر ئاماری شەش مانگی ئەمساڵی رووداوەکانی ئاگر کەوتنەوەی لە هەولێر بڵاوکردەوە و دەلێت، لە ماوەی شەش مانگدا 971 ئاگر كەوتنەوەتەوەی جۆراو جۆر لە هەولێر روویداوە و بەهۆیەوە 19 کەس گیانیان لە دەستداوە. ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی تەمووزی 2014، شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا لە سنوری پارێزگای هەولێر 971 رووداوی ئاگركەوتنەوەی جۆراو جۆر روویداوە. دەشڵێت، بەهۆی رووداوی ئاگر کەوتنەوەکان 19 كەس گیانیان لەدەستداوە و 69 كەسیش بریندار بوون. ئاماژەی بەوەشدا لەكۆی ئاگركەوتنەوەكاندا 295 حاڵەت رووداوی سوتانی پوش و پاوان بووە، 230 حاڵەتی سوتانی ماڵان هەبووە. سەبارەت بە رووداوی سووتانی ئۆتۆمبێلەکانیش وتی، لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا 137 رووداوی سوتانی ئۆتۆمبێل بەهۆكاری جیاواز تۆماركراوە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماری شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵی چاكسازیەكانی بڵاوكردەوە و به‌گوێره‌ی ئاماره‌كه‌ش، پێنج هه‌زار و 466 سزادراو له‌ چاكسازیەكانی هەرێمی كوردستانن، کە لە ئێستادا 40 منداڵن و لەو ژماره‌یه‌ش، 30 منداڵیان لە هەولێرن. ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی تەمووزی 2024، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كۆی ئەو زیندانیانەی ئەمساڵ هاتونەتە چاكسازیەكانی هەرێمی كوردستان ژمارەیان چوار هه‌زار و 311 كەس بوون، ئەو زیندانیانەشی ئەمساڵ حوكمەكەیان تەواوبووە و  ئازادكراون ژمارەیان سێ هه‌زار و 934 كەس بوون. ئیحسان عوبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەشدا، وتیشی، لە ناو چاكسازیەكان 474 خوێندكار هه‌یه‌ كه‌ لە قۆناغەكانی بنەڕەتی و ئامادەیی و زانكۆ و پەیمانگاكانن. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە چاكسازیەكان منداڵ تا 3 ساڵی دەتوانێت لەگەڵ دایكیدا بێت. وتیشی، بەڵام  چەند منداڵێك لە چاكسازیەكان هەن كە تەمەنیان لە نێوان 7 بۆ 10 ساڵە، دایكیان بە مادەی تیرۆر حوكمداراوه‌ و خەڵكی دەرەوەی هەرێمه‌، كەس نیە لە خۆیان بگرێت، ئه‌مه‌ش گرفتی بۆ دروستكردوین. باسی لە ئاماری مداڵانی ناو چاکسازییەکانی هەرێم کردوو وتی: لە ئێستادا 40 منداڵ لە چاكسازیەكانیدا هەن و لەو ژماره‌یه‌ش، 30 منداڵیان لە هەولێرن".

هاولاتی گەریلاکانی یەژاستار لە رۆژانی 5 تا 8ی ئەم مانگە لە زاپ و حەفتانین و خواکورک چەند چالاکییەکی دژی سوپای تورکیا ئەنجامدا. ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی تەمووزی 2024، هەپەگە سەبارەت بە کاروچالاکیەکانی گەریلا لە بەرامبەر سوپای تورکیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە زنجیرە چالاکییەکی گەریلاکانی ئازادیی دا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سوپای داگیرکەری تورکیا خراوەتە خوارەوە. دەشڵێت، سیستەمێکی کامێرای چادێری و دوو مۆڵگەی داگیرکەرانیش تێکشکێندراون. لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، ئەو چالاکییانە لەلایەن گەریلاکانی یەژاستارەوە و لە رۆژانی 5 تا 8ی ئەم مانگە لە زاپ، حەفتانین و خواکورک ئەنجام دراوە.  

هاوڵاتی بڕی 421 ملیارو 760 ملیۆن دینار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی تەمووزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەغدا 421 ملیار و 760 ملیۆن دیناری وەک بەشێک لەشایستەی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی شارستانی هەرێمی کوردستان خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

هاوڵاتی بڕی 421 ملیارو 760 ملیۆن دینار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی تەمووزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەغدا 421 ملیار و 760 ملیۆن دیناری وەک بەشێک لەشایستەی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی شارستانی هەرێمی کوردستان خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.