هاوڵاتی بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆییەکی ساتی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانییە، کە کەسێک بە دەموچاوی بەستراوەوە، دەستی بەرزدەکاتەوە و بە پەنجەکانی هێمای سەرکەوتن نیشان دەدات گوماندەخاتە سەر ڕوداوەکە. وەک لە گرتە ڤیدیۆکەدا دیارە کە لە ساتی ئاگرکەوتنەوەکە تۆمارکراوە، چەند گەنجێک کۆبوونەوەتەوە و لە پشتیانەوە ئاگر لە هۆڵەکە کەوتووەتەوە و هیچ یەکێکیان وادەرناکەون کە هاوکاری ئەو کەسانە بکەن کە بەهۆی ئاگرەکەوە برینداربوون یان لەناو هۆڵەکە گیریان خواردووە. هاوکات یەکێک لەو کەسانەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، رووخساری خۆی داپۆشیوە و دەستی بەرزکردووەتەوە و بە دوو پەنجەی دەستەکانی هێمای سەرکەوتن نیشان دەدات، بەبێ ئەوەی روونبێتەوە، هۆکاری ئەو کارەی چییە. ئەم گرتە ڤیدیۆییە بووەتە هۆی توڕەیی کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانییە و گومانی ئەوە دەکەن کە دەستێک هەبێت لە پشتەوەی ئەنجامدانی ئەو رووداوە و داوایان لە دەزگا ئەمنییەکان دەکەن لۆکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. درهنگانی شهوی 26ی ئهم مانگه، ئاگرێکی بەرفراوان لەناو هۆڵێکی بۆنە و ئاهەنگەکان لە حەمدانییە لە پارێزگای کەوتەوە و بەهۆیەوە سەدان قوربانی لێکەوتەوە، دوای روداوهكهش سەدان هاوڵاتی عێراقی ماتەمینییان گێڕا و له ههرێمی كوردستانیش سێ رۆژ ماتهمینی راگهیهندرا. ئەو ڕوداوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 150ی دیکە. هاوکات تا ئێستا بەپێی لێکۆڵینەوەکانی بەرگریی شارستانی، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە پابەندنەبوون بووە بە رێنوێنییەکانی بەرگریی شارستانی لەکاتی دروستکردنی هۆڵەکەدا و خراپیی کوالێتیی ئەو کەرەستانە بووە لە دروستکردنیدا بەکارهاتوون. بەوهۆیەشەوە تاوەکو ئێستا خاوەنی هۆڵەکە و زیاتر لە 10 کەسی دیکە دەستگیرکراون.
عەممار عەزیز لەگەڵ دەستپێكردنەوەی خوێندن خوێندكارانی سەنتەری قەزای شەنگال، رووبەڕووی كێشەی كەمیی كتێب دەبنەوە ، بەوتەی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك نۆ ساڵە ئەم كێشەیە چارەسەر نەكراوەو خوێندنكارانی 12ی ئامادەیی بەبێ كتێب دەچنە هوڵەكانی خوێندن . بەڕێوەبەری قوتابخانەیەكی كوردی لەناوەندی قەزای شەنگال باس لەكێشەكانی خوێندنی كوردی دەكات لەسنورەكە كەمال حەسەن ، بەڕێوەبەری ئامادەیی سەركەوتن لەناوەندی شەنگال بەهاوڵاتی وت: كێشەی كەمیی كتێب هی ئەمساڵ نیە ، هەر لەدوای ئازادكردنی شەنگال لەژێر دەستی داعش تاوەكو ئێستا بەیەكجاری چارەسەرنەكراوە ، وتیشی 225 خوێندكار لەئامادەیی سەركەوتن دەوام دەكەن تائەم ساتە خوێندكارانی 12ی ئامادەیی یەك كتێبیان وەرنەگرتووەو خوێندكارانی قوناغی 10 و 11ی ئامادەییش 85٪یان كتێبیان وەرگرتووە، ئەو كتێبانەش كەپێیان دراوە كۆنن. « مامۆستایان پڕۆگرامی خوێندن زیاتر لەسەر تەختەی سپی ( سەبورە) دەنووسنەوەو خوێندكاران دەیخەنەسەر دەفتەرو بەشێكیشی بەكۆپیكراوی وەردەگرن ، بەرپرسانی پەروەردە بەڵێنیان داوە هەفتەی داهاتوو كتێبی نوێ رەوانەی شەنگال بكەن، ئەگەر بەدەستیشمان نەگات ئەوا هەر لەسەر شێوازەكەی خۆمان بەردەوام دەبین « بەڕێوەبەری ئامادەیی سەركەوتن لەناوەندی شەنگال وای وت. دیار ماڵلا، خوێندكاری قۆناغی 12ی ئامادەییە لەشەنگال، تائێستا هیچ كتێبێكی وەرنەگرتووە، رۆژانە بەبێ كتێب دەوام دەكات. ئەو خوێندكارە بەهاوڵاتی وت: دوو هەفتەیە دەوام دەكەین تائێستا یەك كتێبم وەرنەگرتووە، رۆژانە مامۆستاكان هەموو بابەتەكان لەسەر تەختەی سپی دەنووسنەوە ئێمەش بەشێكی لەسەر دەفتەرەكانی خۆمان دەنووسینەوە ئەوەی مایەوە لەدەرەوە كۆپی دەكەین، یان لەڕێگای یوتیوب لەماڵەوە دەخوێنین. دیار وتیشی: نازانم بۆچی جیاوازی لەنێوان ئێمەو خوێندكارانی 12ی ئامادەیی لەكەمپەكان و ناوچەكانی تر دەكرێت، ئەوان هەموو كتێبیان وەرگرتووە، ئەوە سەرەتایترین مافی ئێمەیە كە بەداخەوە تائێستا لێی بێبەش بووین، داوا لەبەرپرسان دەكەم بەزووترین كات كتێبمان بۆ بنێرن تا لەم كێشەیە رزگاربین . لەسەنتەری قەزای شەنگال و دەوروبەری دوو پەروەردە هەیە، پەروەردەی عەرەبی لەگەڵ كوردی، ئەمساڵ ژمارەی خوێندكارانی بەشی كوردی 15 هەزار خوێندكارن كە لە 63 خوێندنگای بنەڕەتی و ئامادەیی دەخوێنن . سەبارەت بەكێشەی قوتابخانە كوردییەكان، شەهاب ئەحمەد ، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی شەنگال بەهاوڵاتی وت: پێش 10 رۆژ بەفەرمی لەڕێگای ئیدارەی پارێزگای دهۆك نووسراوێكی فەرمیمان ئاراستەی ئیدارەی پارێزگای نەینەوا كردووە تاهاوكارمان بن بۆ رەوانەكردنی كتێب، كێشەی سەرەكی بازگەكانی نێوان شەنگال و نەینەوایە تا ئەوان رازی نەبن ناتوانین كتێبەكان رەوانەی قەزاكە بكەین، هەموو ساڵێك ئەوە حاڵمانە. شەهاب ئەحمەد، وتیشی: بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆك ژمارەیەكی زۆر كتێبیان بۆ دابینكردووین و هەمووی ئامادەن، هەركاتێك بەرپرسانی بازگەكان رازی بوون ئێمەش كتێبەكان دەنێرین، بۆ ئێمەش ناخۆشە كەخوێندكارەكانمان بێ كتێبن، بەڵام ئەوە لەدەسەڵاتی ئێمەدا نییە، چونكە تائێستا نەگەڕاوینەتەوە بۆ سەنتەری شەنگال، ئەوەش بەهۆی چارەسەرنەكردنی كێشە ئیداری و سەربازییەكانی قەزاكە.
نیگار عومەر لەسنوری گەرمیان رۆژانە زیاتر لە 350 تۆن خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی ماڵان لەلایەن کۆمپانیایەك کودەکرێتەوەو ژێرخاک دەکرێت، ئەمەش چەندین مەترسی ژینگەیی دروستدەکات، شارەوانی و ژینگەپارێزانی سنورەكەش هۆشداری دەدەن بەهۆی ئەوەی لەکاتی باراندا بەشێك لەخاشاكەكان تێکەڵ بەسەرچاوەکانی ئاو دەبێت. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، كۆمپانیای (گەردین) کەخاشاک کۆدەکاتەوە گرێبەستەکەی لەلایەن حزبێکەوە بۆ کراوەو حکومەت بوجەی بۆ سەرف ناکات، ئەمەش وایکردووە نەتوانرێت بەشێوەیەکی باشتر دەستی بگات بەگوندە دوورەکان و ئەو گوندانەی کەنزیکی سەرچاوەکانی ئاون تێکەڵی ئاوەکەی دەکەن یان بەسوتان پاشماوەکان لەناودەبەن، ئەوەش لەكاتێكدایە، شارەوانی گەرمیان و پسپۆرێکی ژینگەش كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی سنورەكە بەکارەساتی ژینگەیی ناودەبەن کەمەترسی دروستدەکات بۆ ژیانی هەموو تاکێکی گەرمیان ئەگەرچی تاوەکو ئێستا هیچ کارگەیەکی ریسایکلین لەسنورەکە بوونی نیە. عەبدولموتەلیب رەفعەت، مامۆستای زانکۆو پسپۆری ژینگەو سەرچاوەکانی ئاو لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی: ئەو رێگایەی کە بەکاردێت لەگەرمیاندا بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و خۆڵ و خاشاک زانستی نیە، ئەو شوێنەش کە بۆی دیاریکراوە لەسنوری ناحیەی رزگاری و کەلار دوو کیلۆمەتر دوورە لەسنوری شارەوە کەدەبێت 10 کیلۆمەتر دووربێت و زۆر نزیکە لەسەرچاوەکانی ئاوەوە کەئەمەش مەترسی ژینگەیی هەیە. وتیشی: لەکاتی باراندا زبڵ و خاشاکەکان دەچنە ناو رووبارەکان و ئەو ماددە زیانبەخشانەی کەتێیدایە تێکەڵ بەئاوی ژێرزەوی دەبێت و تێکەڵ بەخاک دەبێت و ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت لە 10 ساڵی دیکەدا کوالێتی ئاوی سنورەکە دەگۆڕێ و کاریگەری لەسەر گەرمبوونی زەوی هەیە. ئەو پسپۆڕەی ژینگە دەشڵێت: زۆرجار دەبینین خۆڵ و خاشاکەکان فڕێدەدرێتە نێو سەرچاوەکانی ئاوەوە ئەمەش کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ژیانی مرۆڤ و ئەو ئاژەڵانەی کە لەئاودا دەژین هەیە، زۆر جار بەهۆی ئەو کارانەوە ماسی لەڕووبارەکاندا کەمدەبێتەوە جگە لەوەش ئەو ماددانەی کەتێکەڵ دەبێت بەئاوەكە چەندین ساڵ و مانگ دەمێننەوە. « لەهەر شوێنێک ئەم پاشماوانە بسووتێنرێت زیانەکانی زۆر زیاترەو ماددە زیانبەخشەکان تێکەڵی هەوا دەبێت کەپێویستە حکومەت بیر لەوەبکاتەوە کارگەی ریسایکلین دابمەزرێنێت و پاشماوەکان جیابکاتەوەو بۆ ئەوەی کاریگەری ژینگەیی پاشماوەکان کەمبکرێتەوە، هەوڵیش بدرێت هاووڵاتی لەپاراستی ژینگەدا بەشداربن چونکە گەر ئەمە نەکرێت بۆ چەند ساڵێكی دیکە بەشێوەیەکی خراپتر پیسبوونی ژینگە هەڕەشە لەئاوی ژێرزەوی و تەندروستی هاووڵاتیان دەکات». عەبدولموتەلیب رەفعەت، مامۆستای زانکۆو پسپۆری ژینگەو سەرچاوەکانی ئاو. بەوتەی ئەنجومەنی یەكێك لەگوندەكانی گەرمیان، بەهۆی بەدەمەوەنەهاتنی شارەوانی خەڵكی سنورەكە خۆیان خۆڵ و خاشاك فڕێدەدەن ئیبراهیم حەسەن، ئەنجومەنی گوندی گاکول سەر بەناحیەی قۆرەتوو بۆ هاوڵاتی وتی: جاری واهەیە مانگی جارێک یان 20 رۆژ جارێک شارەوانی خۆڵ و خاشاك كۆدەكەنەوە، بۆیە خەڵک ناچاردەبێت پاشماوەکان فڕێبدات لەچەمەکان یان بیکاتە ناو سەرچاوەکانی ئاوەوە یان بیسووتێنێت. وتیشی: ئەگەرچی گوندەکەی ئێمە چاڵێک کراوە بەهاوکاری رێکخراوی وادی، گوندەکەی ئێمە بەهۆی ئەوەی نزیکین لەسەرچاوەی ئاوی باڵاجۆوە کە لەڕووباری سیروانەوە دروستکراوە بۆ سنوری گوندەکانی ئەوبەری کەلار تاخانەقین و خەڵکەکە بەزۆری هەرچی هەبێت فڕێیدەداتە نێو ئاوەکەوە». ئەنجومەنی گوندی گاكول دەشڵێت: ئەم سەرچاوەی ئاوە کە بەشێوەی پرۆژە دروستکراوە سەر کراوەیە هەموو شتێکی تێ فڕێدەدەن، سەرچاوی ئاوی ئەو گوندانەیە کە لەو سنورەدان جاری واهەیە بەهۆی پیسبوونی ئەم ئاوە رەنگ و بۆنی دەگۆڕێت و ناتوانین بیخۆینەوە. « ئەگەرچی دەزانین سووتانی پاشماوەکان و فڕێدانیان بۆ نێو سەرچاوەکانی ئاو زیانی زۆرە، بەڵام خەڵک ناچاردەبێت ئەمە بکات، چونکە بۆنی پیسی ژیانمان لێ تاڵ دەکات، هۆكارەكەش ئەوەیە کۆمپانیاکان کەمتەرخەمن و نایەن، هەندێک لەگوندەکان کە دوورە دەستن کۆمپانیاکان هەر ناچن بەلایانا». ئیبراهیم حەسەن، ئەنجومەنی گوندی گاکول وادەڵێت. شارەوانی گەرمیان ڕێگای كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك بە نازانستی ناودەبات بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: لەڕێگەی کۆمپانیای گەردینەوە رۆژانە زیاتر 350 تۆن خۆڵ و خاشاک لەگەرمیاندا کۆدەکرێتەوەو دەكرێتە ژێرخاک، کە هەر رۆژێک یان چەندڕۆژێک جارێک نزیکەی دوو دۆنم زەوی پێویستە بۆ ئەوەی هەموو پاشماوەکان ژێر خاک بکرێت. وتیشی: شوێنێکمان بۆ دیاریکردووە رۆژانە لەوێ ژێر خاک دەکرێت، ئەگەرچی ئەم شوێنە هیچ زانستی نیەو کارەساتی ژینگەیی دروستدەکات لەکاتی باراناودا ئەو مەوادانەی کە لەپاشماوەکاندا هەیە تێکەڵ بەسەرچاوەکانی ئاو دەبێت و مەترسی ژینگەیی هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەر دەتوانین بەو رێگەیە پاشماوەکان لەناوبەرین . بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان دەشڵێت: رۆژ ناڕۆژێک پاشماوەکان کۆدەکرێتەوە لەنێو شاردا، بەڵام لەگوندەکان بەهۆی ئەوەی حکومەت هیچ بودجەیەک بۆ کۆکردنەوەی خاشاک سەرف ناکات ئەوەی کەهەشە لەلایەن یەکێتیەوە بۆمان دابینکراوە. « ناتوانین وەک پێویست بەدەم گوندەکانەوە بچین ئەو گوندانەی کەنزیکترن زووتر تیمەکانی پێدەگات بەڵام هەندێ گوندیش هەیە مانگی جارێک کۆمپانیا دەتوانێت بۆی بڕوات، زەویمان دیاریکردووە بۆ ئەوەی رێگەیەکی زانستی بەکاربهێنین بۆ جیاکردنەوەی خاشاک و کارگەی ریسایکلین دروستبکرێت، بەڵام هیچ وەبەرهێنێک ئامادەنیە تائێستا ئەو کارە بکات، سەرەڕای ئەوەش داوامان لەحکومەت كردووە ئەو کارە بکات، بەڵام ئەوەش نەكراوە». بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان وادەڵێت
هاوڵاتی هەفتەی رابردوو محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین و دەسەڵاتداریی واقعی سعودیە، لەچاوپێکەوتنێکیدا بۆ فۆکس نیوزی ئەمریکی بۆمبێکی تەقاندەوەو وتی گفتوگۆکانیان لەگەڵ واشنتن لەبەرەوپێشچووندایەو «رۆژ دوای رۆژ نزیک دەبینەوە» لەڕێککەوتنێک لەگەڵ ئیسرائیل کە رەنگە سیاسەتی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت. هەر دوای بن سەلمان، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوزیرانی ئیسرائیل، لەکۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، «لەلێواری رێککەوتنێکی ئاشتی مێژوویداین.» بەپێی وتەی چەند کەسێکی نزیک لەگفتوگۆکان کەبەئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، کە راوێژکارەکانی سەرپەرشتی رێککەوتنەکە دەکەن، دەیەوێت رێککەوتنەکە پێش کەمپینی هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو رابگەیەنرێت. کێ لەڕێککەوتنەکەدا سوودی پێدەگات؟ هەفتەی رابردوو لەکاتی بینینی جۆ بایدن، ناتانیاهۆ وتی کەسەرگرتنی رێککەوتنەکە «بۆ ئێمە گرنگی زۆری دەبێت تابتوانین کۆتایی بەململانێی عەرەب-ئیسرائیل بهێنین». ئەم رێککەوتنە سەرکەوتنێکی گەورە دەبێت بۆ ناتانیاهۆ بەهۆی ئەو تۆمەتە گەندەڵیانەی لەسەریەتی لەناوخۆی ئیسرائیل و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئیسرائیل لەسەر پلانەکانی بۆ چاکسازی کردن لەلایەنی دادوەری. سعودیە لەساڵی ٢٠٢٠ەوە رەتیکردووەتەوە رازیببێت بە پەیماننامەی ئەبراهام (رێککەوتنی ئاشتی) کەتێیدا بەحرەین، مەغریب، ئیمارات و سودان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە – ئەم رێککەوتنە بەتوندی لەلایەن فەلەستینییەکانەوە رەتکرایەوەو سەرکۆنەی کرا. ساڵی رابردوو، بەرپرسانی سعودیە مەرجەکانیان بۆ واشنتن خستەڕوو بۆ ئەنجامدانی هەمان هەنگاو، واتە رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل کەخۆی دەبینییەوە لەگرەنتی ئەمنی و هاوکاری ئەمریکا بۆ پەرەپیدانی پرۆگرامێکی ناوکی مەدەنی لەگەڵ توانستی پیتاندنی یۆرانیۆم. بایدن سەرگرتنی ئەگەری رێککەوتنێکی لەو جۆرەی بەلاوە باشە کە بتوانێت دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست جێگیر بکات و هەڕەشەکانی ئێرانیش خامۆش بکات. دینیس رۆس، دیپلۆماتکارێکی پێشووی ئەمریکا بەئاژانسی فرانس پریسی راگەیاندووە، ئیدارەی بایدن سووریشن لەسەر ئەوەی کە هەژمونی واشنتن جارێکی تر لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسەپێننەوە کەتێیدا چین پەرەیسەندووە. «داواکارییەکانی سعودیە لەئیدارەی بایدن گەورەیە، بەڵام روونە کەئیدارەی بایدن پێشوازیان لەبیرۆکەکە کردووەو ئامادەن دەرئەنجامێک بەرهەمبهێنن»، دینیس رۆس وای وت کەپێشتریش دانوستانکارێکی ئاشتی بووە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. واشنتن دەتوانێت رێککەوتنەکە بهێنێتە بوون؟ هێشتا دیار نییە کە رێککەوتنی واشنتن-ریاز لەسەر بابەتی ئەمن و ئاسایش چی دەبێت. دامەزراوەی توێژینەوەی بەرگری بۆ دیموکراسی پێشنیازی ئەوەیکردووە کە رەنگە واشنتن بیر لەوەبکاتەوە ریاز بکاتە «هاوبەشێکی گەورەی بەرگری» یان هاوپەیمانێکی گەورە لەدەرەوەی ناتۆ». بەڵام هەر رێککەوتنیکی لەو جۆرە لەگۆنگرێس بە ئاسانی تێناپەڕێت و لەلایەن ئەندامانی کۆنگرێسەوە بەربەستی بۆ دروستدەکرێت بەوپێیەی کە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی هەفتەی پێشوو رایگەیاند بەرپرسانی ئەمریکا دەیانەوێت پەیماننامەیەکی هاوبەشی بەرگری لەنێوان یابان و کۆریای باشور ئەنجامبدەن کە رووبەڕووی بەرهەڵستی تووند دەبێتەوە لەلایەن کۆنگرێس. سعودیە دەڵێت پرۆگرامە ناوکییەکەی ئاشتیخوازانە دەبێت، هەرچەندە لەچاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ فۆکس نیوز بن سەلمان وتی ئەگەر ئێران چەکی ناوکی بەدەستبهێنێت ئەوا «ئێمەش دەبێت بەدەستی بهێنین». بەڕەچاوکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەسعودیە، هەر رێککەوتنێک کە پەیوەندییەکانی ئەمریکا زیاتر قووڵ بکاتەوە لەگەڵ سعودیە بەربەستێکی گەورەی بۆ دروستدەبێت. «یاسادانەرانی ئەمریکا نابێت هەرگیز رێ بە رێککەوتنیکی ئەمنی بدەن کەسوپای ئەمریکا پەیوەست بکات بەوەی خوێن بڕژێت لەپێناو پاریزگاریکردن لەدیکتاتۆرییەکی دڕندە»، عەبدوڵا عەلود، بەڕێوبەری رێکخراوی (فریدەم ئینیشەتیف) کە بارەگاکەی لەواشنتنە، وای وت. ئەی فەلەستینییەکان چیان بەسەردێت؟ لەمێژە سعودیە دەڵێت دان نانێت بەئیسرائیل بەبێ چارەسەرێکی دوو دەوڵەتی بۆ ململانێی ئسیرائیل-فەلەستین و نیشتەجێکردنێکی دادپەروەرانە بۆ ئاوارەکانی فەلەستین. گفتوگۆکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەسەرەتاوە تەرکیزی لەسەر هەندێک بابەتی تر بوو، بەڵام لەم دواییانەدا گۆڕانکاری بەسەردا هات. لەمانگی ئابی ئەمساڵ، سعودیە باڵیۆزی خۆی بۆ ناوچەکانی فەلەستین راگەیاند و لەو کاتەشەوە هەردوولا شاندیان بۆ لای یەکتر ناردووە. باڵیۆزەکە لەکەرتی خۆرئاوا بارەگای نییەو تەنها سیمبولییە. لەچاوپێکەوتنەکەیدا، بن سەلمان وتی کە دۆزی فەلەستینییەکان «زۆر گرنگە» بۆ سعودیە. «دەبێت ئەو پرسە چارەسەر بکەین، پێویستە ژیانی فەلەستینییەکان ئاسان بکەین»، بن سەلمان وای وت. لەڕاپۆرتێکدا رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل کە لەزاری دوو بەرپرسی دەسەڵاتی خۆجێی فەلەستینییەکان وەریگرتووە دەڵێت، دەسەڵاتی خۆجێی فەلەستین بەمەرج رازی دەبێت رێککەوتنەکەی نیوان ئسیرائیل و سعودیە بکرێت ئەوەیش ئەوەیە کە ئیسرائیل کردە تاکلایەنەکانی رابگرێت لەکەرتی خۆرئاوا لەبەرامبەردا ئەوانیش دەست لەهەندێک کاری خۆیان هەڵدەگرن دژی ئیسرائیل کە سکاڵاکانیانە لەدادگای نیودەوڵەتی تاوانەکان دژی ئیسرائیل. یەکێک لەسەرچاوەکان ئەوەی بە رۆژنامەکە وتووە کەکردە تاکلایەنەکانی ئیسرائیل خۆی دەبینێتەوە لەبنیادنان و دروستکردنی ناوجەی نیشتەجێبوون و هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر شارە فەلەستینییەکان لەگەڵ توندوتیژی دژی فەلەستینییەکان. دیار نییە کە ناتانیاهۆ دەستبەرداری کۆمەڵێک شتی گرنگ و گەورە ببێت لەپێناو رێککەوتنەکەدا. «نازانم ئەگەر ئەوە رووبدات، بەڵام ئەم رێککەوتنە تاقیکارییە بۆ هەموو بەهرەمەندی و زیرەکییەکانی ناتانیاهۆ»، دینیس رۆس وای وت. دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵوێستیان چی دەبێت؟ ناساندنی ئیسرائیل لەلایەن سعودیەوە کەشوێنی دوو پیرۆزترین پێگەی ئیسلامە، دەبێتە پارێزگاری بۆ ئەو وڵاتانەی بەشدارن لە رێککەوتننامەی ئاشتی. بەڵام ناوو پێگەی سعودیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەوێتە بەر هێرشی جەماوەری و میدیایی بەوپێیەی رقئەستوری دژی ئیسرائیل لەناوچەکدا قووڵە. مانگی رابردوو دەرکەوت وەزیری دەرەوەی لیبیا چاوی کەوتووە بەهاوتا ئیسرائیلییەکەی کە بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و لەئەنجامدا وەزیری دەرەوەی لیبیا لەپۆستەکەی دووخرایەوە. ئەم رووداوانەو هاوشان لەگەڵ پاڵپشتی ناوخۆیی لەسعودیە بۆ فەلەستینییەکان بەدڵنیاییەوە لەمێشکی سەرکردەکانی سعودیەدایە. «پێکهێنانی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل پێش ئەوەی تەلئەبیب دەستبەرداری کۆمەڵێک شتی بەرچاو ببێت بەهایەکی وەهای نییە بۆ بەرژەوەندی نیشتمانی و ئەمنی سعودیە»، هیشام ئەلغەنام، ستوونوس لەگۆڤاری ئەلمەجالەی سعودی وای وت.
هاوڵاتی ئهمڕۆ كۆتا رۆژی پێنجهمین كۆنگرهی یهكێتی له شاری سلێمانی بهڕێوهدهچێت و دوای ئهوهی كارهكانی دهنگدان لهسهر پهیڕهوی ناوخۆ تهواودهكرێت کە پەیڕەوەکە 15 دەسەڵاتی بە سەرۆکی یەکێتی داوە و ئهندامانی سهركردایهتی ههڵدهبژێردرێن و ئهنجومهنهكان یهكلایی دهكرێنهوه. بەشی پێنجەمی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، کە رۆژی پێنجشەممە،28-9-2023 لە دووەم رۆژی کۆنگرەی پێنجەمی ئەو حیزبە بڵاوکرایەوە و بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، 29ـی ئەیلوولی 2023 پەسندبکرێت، تایبەتە بە ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان هاوکات هەر ئەمڕۆ ئهندامانی سهركردایهتی ههڵدهبژێردرێن و ئهنجومهنهكان یهكلایی دهكرێنهوه. تهلار لهتیف، وتهبێژی پێنجهمین كۆنگرهی یهكێتی ڕایگەیاندووە هەر ئهمڕۆ دهنگ لهسهر ناوی ئهنجومهنهكان و ژمارهی ئهندامانیان دهدرێت كه سێ ئهنجومهنن، پێكهاتون له (ئهنجومهنی سهركردایهتی، ئهنجومهنی باڵا، ئهنجومهنی پشتیوانی)، بهڵام یهكهمجار ئهندامانی ئهنجومهنی سهركردایهتی ههڵدهبژێردرێن كه ژمارهیان له نێوان 50 بۆ 60 ئهندامن. بەگوێرەی ئەو پەیڕەوەی دوێنێ پێنجشەممە بڵاوکرایەوە "هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە کۆنگرە، لەسەر بنەمای لیستی داخراو دهبێت ، ئەو لیستەی زۆرترین دهنگی هێنا سەرجەم كورسییەكان دهباتەوه. ئەگەر تەنها یەك لیست هەبوو بە دهنگدانی ئاشكرا دهنگی پێدهدرێت. دوای کۆنگرە سەرۆكی یەكێتی بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجومەن دەکات و سەرپەرشتی یەکەم کۆبونەوە دەکات. بەڵام لهبارهی ئهوهی كه لهناو كۆنگرهدا لیستی سهركردهكان ههیه، وتهبێژی پێنجهمین كۆنگرهی یهكێتی باسی لهوهكرد، "ئهو شتانه له كۆنگرهدا نییه و ههر شتێك روبدات به رێككهوتنه و رهزامهندی ههمو لایهنهكانی لهسهره، بهڵام بۆ پرسی ههڵبژاردن دهبێت بهپڕۆسهیهكی دیموكراسیانه بێت بهپێی پهیڕهوی ناوخۆ، واتا پهیڕهو چ بڕگهیهكی لهسهر ههڵبژاردن پهسهندكرد دهبێت بهوشێوهیه بێت، ئهسڵن كاك بافڵ خۆشی حهزی بهو شتانه نییه و لیست و لیستكاری نییه". هاوکات سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی یەکێتی لە رەشنووسی پەیڕەودا، لە پێناسەی سەرۆکدا هاتووە: "سەرۆک، راگری یەکدەنگی و یەکڕیزی یەکێتییە و کاردەکات بۆ پاراستن و جێبەجێکردنی پەیڕەوی ناوخۆ و یەکڕیزی و یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی سەرجەم ئۆرگانەکان و نوێنەرایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەن لە ناوەوە و لە دەرەوە و لەبەردەم دامودەزگا حکومی و یاساییەکاندا." پەیڕەوەکە 15 دەسەڵاتی بە سەرۆکی یەکێتی داوە، لە نێویاندا سەرپەرشتیکردنی کاروباری دارایی و پەیوەندییەکان، سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی، دەستنیشانکردنی گوتەبێژ و هاوئاهەنگیکردن لە نێو ئەنجوومەنەکە. ئەوەی دەبێتە سەرۆکی یەکێتی دەبێت چوار مەرجی تێدا بێت: - تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت. - ناو و ناوبانگی باشی هەبێت و شارەزا بێت لە سیاسەتدا. - لانیکەم 10 ساڵ خەباتی سیاسیی و رێکخراوەیی لە ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبێ دابڕان هەبێت. - بەهیچ تاوانێکی ئابڕووبەر حوکم نەدرابێت. مادەی 28ـی پەیڕەو باسی هەڵبژاردنی سەرۆکی یەکێتی دەکات کە لە کۆنگرە دەبێت و ئەگەر تاکە بەربژێر بێت ئەوا دەنگدان بە ئاشکرا دەبێت، بەڵام ئەگەر لە بەربژێریک زیاتر بۆ ئەو پۆستە هەبێت، هەڵبژاردن بە نهێنی و ئازاد و زۆرینەوەی دەنگەکان دەبێت. مادەی 29ـی پەیڕەو کە باسی راسپاردنی کەسێک بۆ راپەڕاندنی کارەکانی سەرۆک دەکات ئەگەر سەرۆک ئامادەنەبوو، هەروەها دەستلەکارکێشانەوەی بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پەسند دەکرێت. ئەگەر سەرۆک لە پۆستەکەیدا نەما، مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە 60 رۆژدا سەرۆکێکی دیکە بە کاتی هەڵدەبژێرێت. ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی یەکێتی: مادەی 30ـی پەیڕەوەکە باسی ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەکات، کە بە گوێرەی پەیڕەوەکە 15 دەسەڵاتی دەبێت: - بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی بڕیار و سیاسەتەکانی یەکێتی. - سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی دەکات و لەکاتی وەک یەکبوونی دەنگەکان، دەنگی سەرۆک یەکلاکەرەوەیە. - سەرپەرشتی کاروباری دارایی و پەیوەدنییەکان و هەر کاروبارێکی دیکە دەکات، کە لەچوارچێوەی دەسەڵاتەکانی بێت. - نوێنەرایەتیی یەکێتی لە دەرەوە و ناوەوە دەکات. - هاوئاهەنگی لەنێوان ئەنجوومەنەکانی سەرکردایەتی، پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی و ئەنجوومەنی پشتیوانی دەکات. - رێککەوتنە سیاسییەکان دوای پەسندکردنی لە سەرکردایەتیی یەکێتی واژۆ دەکات. - گشتاندنی رێسا پەسەندکراوەکانی سەرکردایەتی دەکات. - ئامادەکردنی راپۆرتی ساڵانەی سیاسی و رێکخراوەیی بۆ پێشکێشکردنیان لە کۆنگرە و دیدارەکان. - مەکتەبێکی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەی پێکدەهێنێت، بەرپرسە لە رێکخستنی کارە کارگێڕییەکانی سەرۆک، بە رێسایەک پێکهاتە و بەشەکانی دیاریدەکرێت. - دەزگای دارایی، مەڵبەندی دیراساتی گشتی، ناوەندی کاروباری یاسایی، پەیوەندییەکانی بەغدا و عێراق، پەیوەندییەکانی دیکەی یەکێتی راستەوخۆ بە سەرۆکەوە دەبەسترێنەوە. - لەنێو سەرکردایەتیی یەکێتی گوتەبێژ دیاریدەکات. - فەرمانی دامەزراندن لە پۆست بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی یەکەمی سەرجەم دامودەزگاکانی مەکتەبەکانی یەکێتی دەردەکات. - پارێزەری سامان و موڵک و داهاتی یەکێتی دەبێت و نابێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی و کەسوکارەکەی بەکاریانبهێنێت. - پابەند دەبێت بە پەیڕەوی ناوخۆ و بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی. - هەر ئەرک و دەسەڵاتێکی دیکە لەم پەیڕەوەدا بۆی دیاری بکرێت.
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتی پۆلیسی پارێزگای ههولێر رایگهیاند كه لهسهر رووداوی هێرشكردنه سهر گهنجهكه، ئهفسهرێك و پۆلیسێك دهستبهسهر كراون و رووبهڕووی لێكۆڵینهوه دهكرێنهوه. پۆلیسی هەولێر لەبارەی هێرشکردنە سەر مێرمنداڵێک لەلایەن پۆلیسێکەوە لە رۆژی مەولوود، رایدەگەیێنێت، لە بەرامبەر ئەو "رەفتارە نابەجێیە" ئەفسەرێک و ئەو پۆلیسە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە دەستبەسەرکراون و لیژنەى لێکۆڵینەوەیان لە سەر پێکهێنراوە و بەپێى یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. لە ڕاگەیەندراوەکەی بهڕێوهبهرایهتی پۆلیسی ههولێر هاتووه "سهبارهت بهو گرته ڤیدیۆیهی بڵاوكراوهتهوه له بارهی ئهو پۆلیسهی له رێورهسمی یادی له دایكبوونی پێغهمبهری ئیسلام پێشهوای مرۆڤایهتی و فهخری كائینات حهزرهتی محهمهدولمستهفا (دروودی خوای لهسهر بێت) له سهر قهڵای ههولێر به شێوهیهكی ناشایسته مامهڵه لهگهڵ گهنجێك دهكات و پهلاماری دهدات، بهپێویستی دهزانیین بۆ ههموو لایهكی روونبكهینهوه كه له كاتێكدا كه ژمارهیهكی زۆری هاوڵاتییانی شاری ههولێری پایتهخت به چالاكی و شێوازی جیاواز لهو رۆژه پیرۆزهدا خۆشهویستی خۆیان بۆ پێغهمبهری ئیسلام دهردهبڕی له نێو سهنتهری شار، له ههمانكاتدا كۆمهڵێك گهنج له سهر قهڵاتی ههولێر به ئهنجامدانی چهند كردار و رهفتارێكی ناشایسته هاوڵاتیانیان ناڕهحهت و بێزاركردبوو". پۆلیس دهڵێت: "بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئهو بارودۆخه و ئیجرائات وهرگرتن لهگهڵ ئهو گهنجانه، پۆلیس رهوانهی شوێنهكه كران" ئهوهشی خستووهتهڕوو كه "بهڵام بهداخهوه لهلایهن یهكێك له پۆلیسهكان بهشێوازێكی ناشایسته پهلاماری یهكێك له گهنجهكان درا". بهڕێوهبهرایهتی پۆلیسی ههولێر ئاشكرایكردووه كه "له بهرامبهر ئهو رهفتاره نابهجێیه ئهفسهرێك و ئهو پۆلیسه لهلایهن بهڕێوهبهرایهتیهكهمانهوه دهستبهسهركراون و لیژنهی لێكۆڵینهوهیان له سهر پێكهێنراوه و بهپێی یاسا مامهڵهیان لهگهڵدا دهكرێت". راشیگهیاندووه كه "هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشهویستی شارهكهمان دڵنیا دهكهینهوه هیچ كهسێك له سهرووی یاساوه نییه".
هاوڵاتی بەهۆی تەقینەوە لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی فەرماندەیی سپیلک سێ پێشمەرگە برینداربون. ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2023، لەکاتی خاوێنکردنەوەی کۆگەیەکی تەقەمەنی لەنێو بارەگای فەرماندەیی سپیلک گولـلە تۆپێک تەقییەوە و بەهۆیەوە سێ پیشمەرگە برینداربوون. رووداوەکە کاتژمێر 5:40ی ئێوارەی ئەمڕۆ روویداوەو بەهۆی تەقینەوەکەوە سێ پێشمەرگە برینداربونە و لە ئێستادا گواستراونەتەوە نەخۆشخانەی خەلیفان و چارەسەری پێویست وەردەگرن. بە گوێرەی زانیارییەکان لهكاتی تهقینهوهی گوللـه هاوهنهكه دهنگێكی گهوره بیستراوه و ژمارهیهك چهك و تهقهمهنی دیكهش تهقیونهتهوه.
شەنای فاتیح بەپێی ساڵنامەی ئەمساڵی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاربوو لە ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٣ دەرگای هۆڵەكانی خوێندن بكرێنەوە، بەڵام بەهۆی دابەشنەكردنی مووچەوە مامۆستایان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كردو داوای دابەشكردنی مووچەی سێ مانگ دەكەن. رۆژی ٢٤ی ئەیلول وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان خشتەی مووچەی مانگی تەمموزی بڵاوكردەوەو لە ١٠ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣ كۆتایی دێت، چارەنووسی دابەشكردنی مووچەی مانگەكانی ئاب و ئەیلولیش دیار نیە، بەپێی خشتەكە رۆژی شەممە ٣٠ی ئەیلوول مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەشدەكرێت. ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لەبەیانننامەیەكدا باس لەوەدەكەن كەڕۆژی یەكی تشرینی یەكەم پاش دابەشكردنی مووچەكانیان گردبوونەوەیەكی بەرفراوان ئەنجامدەدەن. ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی لەبەیاننامەیەكدا رایانگەیاند: «مامۆستایان، فەرمانبەران، مووچەخۆرانی مافخوراو لای هەمووان ئاشكرایە دەسەڵاتی تاڵانكاری هەرێم رۆژ دوای رۆژ بێباكانەتر مامەڵە لەگەڵ گرفتەكانی مووچەخۆران و هاووڵاتیاندا دەكات، بۆیە بەپێویستی دەزانین هەنگاوو ناڕەزەتیەكانمان توندترو فراوانتر بكەین، لەم پێناوەشدا بەپێویستی دەزانین ئەم هەنگاوانە بگرینەبەر». ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی دەشڵێن:» رۆژی شەممە 30 ئەیلولی ٢٠٢٣ پاش وەرگرتنی مووچەی وەزارەتی پەروەردە، بایكۆت لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان دووپاتدەكەینەوەو خۆپیشاندان و گردبونەوەی بەرفراوان ئەنجامدەدەین، كات و شوێنی خۆپیشاندان و گردبونەوەی سەرجەم شارو شارۆچكەكان دوای راوێژ لەگەڵ گروپ و دەستە ناڕازییەكانی تر دیاری دەكەین». بەوتەی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی، بەم نزیكانە گردبوونەوەو ناڕەزایەتیەكانیان دەبەنە بەغدادی پایتەختی عێراق و داوا لەحكومەتی عێراق دەكەن مووچەو بژێوی هاووڵاتیانی هەرێم نەكاتە قوربانی گەندەڵی و ناشەفافیەكانی دەسەڵاتدارانی هەرێم و حكومەتی عێراق راستەوخۆو لەڕێگەی كارتی بانكیەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابەشبكات. هاوكات رۆژی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٣ ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: مووچە مافێكی بنەڕەتی هەر كەسێكە كەكار بكات، بەڵام هەموومان دەزانین لەچەند هەفتەی رابردوودا چۆن لەلایەن بەغداوە مامەڵە لەگەڵ مافەكانی هەرێمی كوردستاندا كرا. وتیشی: ئەم قۆناغە سەختە تێدەپەڕێت و داواكارم لەو ناوچانەش كەبایكۆتی دەوامیان راگەیەندووە پڕۆسەی خوێندن بەردەوامی پێبدەن، چونكە داخستنی دەرگای خوێندنگەكان چارەسەری كێشەكان ناكات. مامۆستایەكی نارازی پێی وایە لەهەرێمی كوردستان پارە بۆ مووچە هەیە بەڵام حكومەت بەئەنقەست دابەشی ناكات عادل حەسەن، مامۆستای ناڕازی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: بەداخەوە لەئێستادا داواكاری سەرەكی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كورتبووەتەوە لەداواكردنی مووچەی مانگەكانی تەمموزو ئاب، چونكە ئێمە پێمانوایە پارە لەهەرێمی كوردستاندا هەیەو داهاتی ناوخۆ زۆر لەوە زیاترە كەبەشی دوو مووچە بكات و بەپێی وتەی وەزارەتی دارایی مانگانە داهاتی ناوخۆ نزیكەی ٣٢٠ ملیارە، هیوادارین دەسەڵاتدارانی هەرێم مووچەخۆران نەكەنە قوربانی گەندەڵی و ناشەفافی سیاسەتی ئابووری و حكومڕانیان. وتیشی: پێموایە ئەگەر ئەم مووچەیە مووچەی مانگی ئابیش بووایە مامۆستایان بەدڵێكی فراوانەوە دەچوونەوە ناوەندەكانی خوێندن، بەپێی ئەو رێككەوتنەش دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا كردوویانە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی سێ مانگیان دەفەوتێت. ئەو مامۆستا ناڕازییە دەشڵێت: چارەنووسی خوێندن مەترسی لەسەر نابێت و ساڵانی رابردووش بایكۆتمان كردووەو رێژەی دەرچوون لەسنووری پارێزگای سلێمانیدا زیاتر بووە لەسنووری پارێزگای هەولێرو دهۆك، هەروەها ساڵی ٢٠١٦ زۆرترین بایكۆتكراو ساڵی ٢٠٢٠یش بەهۆی كۆرۆناوە كەمترین دەوام كراو لەهەردوو ساڵەكەدا خوێندن هەژماركرا. «داواكاری سەرەكیمان بریتییە لەدابەشكردنی مووچەی مانگەكانی تەمموزو ئاب، ئەگەر بێت و بكەوینە مانگی 10وە رەنگە داواكارییەكانمان گۆڕانكاریان بەسەردا بێت و ببێتە دابەشكردنی مووچەی مانگەكانی تەمموزو ئاب و ئەیلول، هەروەها هەنگاوی ئایندەشـمان بریتییە لەوەی كەڕوودەكەینە بەغداد چ بەوەفد بێت یان ناڕەزایەتییەكان، رۆژی یەكشەممەش بڕیارمانداوە خۆپیشاندان ئەنجامبدەین لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان». عادل حەسەن وای وت. جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان دەڵێت مامۆستایان بەناچاری بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەكەن ئەگینا بایكۆت چارەسەر نییە. عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: بایكۆتی دەوام بەشێوەیەكی گشتی لەلایەن مووچەخۆرانی هەرێمەوە بڕیارێكی خۆرسكانەیە لەئەنجامی كەمتەرخەمی حكومەتی هەرێم بووە بۆیان و كەڵەكەبوونی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی نیشتیمانیان دێت كەدەیان هەزار خانەنشینی نایاسایی بەپلەی سەربازی باڵاو چەندین بندیواری لێكەوتەوە. جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان وتیشی: ئەمە وایكرد كەمووچەخۆرانی راستی باجی ئەم هەڵەیە بدەن و مامۆستایان بەناچاری بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن بكەن، ئەگینا بایكۆت چارەسەر نییەو ئومێدەوارین حكومەتی هەرێمی كوردستان بەزووترین كات چارەسەری ئەم بارودۆخە بكات. « ئێمە وەك یەكێتی مامۆستایان پشتیوانی سەرجەم داخوازییەكانی مامۆستایان دەكەین و جێی خۆیەتی هەموو لایەك پشتیوانیان بین و دەستخۆشیان لێبكەین چونكە داواكارییەكانیان تەنها داواكاری مامۆستایان نییەو داواكاری سەرجەم فەرمانبەرانە، بۆیە حكومەت پێویستە هەنگاوی جددیتر بنێت و بەزووترین كات مووچەی مانگی ئابیش دابەشبكات بۆ ئەوەی مامۆستایان بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن» عەتا ئەحمەد وای وت. جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان باس لەوەشدەكات ئەمجارە مووچە ٥٢ رۆژ دواكەوتووەو مامۆستایان قەرزێكی زۆریان لەسەرەو بەو بارودۆخ و دڵەڕاوكێوە ناتوانن بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن، بۆیە دابەشكردنی مووچەی مانگەكانی تەمموزو ئاب تاكە گرەنتییە بۆ ئەوەی بەزووترین كات دەوامی خوێندنگاكان دەستپێبكاتەوە. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی كە لەوەزارەتی داراییەوە دەستی كەوتووە وەزارەتی پەروەردە مانگانە پێویستی بەنزیكەی ١٥٠ ملیار دینار هەیە بۆ دابەشكردنی مووچە. مریەم قادر، مامۆستای یەكێك لەئامادەییەكانی شاری سلێمانییەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: پاش دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمموز ناچینەوە هۆڵەكانی خوێندن و بایكۆتكردن بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی حكومەت داواكارییەكانمان جێبەجێدەكات، هەروەها دەمانەوێت چارەنووسی مووچەكانی دیكەش بزانین و بەزووترین كات حكومەت مووچەیەكی دیكەش دابەشبكات. وتیشی: بایكۆتكردن زیانێكی زۆر بەپڕۆسەی خوێدن و خوێدنكار دەگەیەنێت، بەڵام هۆكارەكە بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە، داواكارین بێنە سەر خەت و مووچە دابەشبكرێت و گرنگی بەكەرتی پەروەردە بدرێت ئەوكاتیش مامۆستایان بەدڵسۆزییەوە دەچنەوە ناوەندەكانی خوێندن.
دلێر عەبدوڵڵا نەوەی نوێ كار لەسەر ئەو داوایانە دەكاتەوە كە لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵیەوە رەتكراوەتەوەو لەهەوڵی ئەوەدان بەڕێگەو شێوازی نوێ داواكان زیندوو بكەنەوە، بەتایبەت سكاڵای راگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان. ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش رەخنە لەنەوەی نوێ دەگرێت و پێیوایە كەبێ هیچ لێكۆڵینەوەیەك سكاڵا تۆمار دەكەن و كێشەو گرفت دروستدەكەن. لەپاش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ساڵی 2021ی عێراق و گەیشتنی نەوەی نوێ بەبەغداد، ئەو حزبە هەوڵەكانی چڕتركردووەتەوە لەدژایەتیكردنی یەكێتی و پارتی و لەماوەی دووساڵی رابردوودا هەشت سكاڵای یاسایی لەدادگای فیدڕاڵی تۆماركردووە. كە لەحەوت سكاڵایاندا شكستی هێناو لەدواهەمین سكاڵادا توانیان سەركەوتن بەدەستبهێنن و دادگا ناچاربكەن وەڵامی سكاڵاكەیان بداتەوە كە دژی درێژكردنەوەی ماوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان تۆماریان كردبوو. سكاڵاكەی ئەمجارەی نەوەی نوێ، دژی درێژكردنەوەی ماوەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بوو، كە تێیدا داوا لەدادگای فیدڕاڵی كرابوو بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەكان بدات. لەوبارەوە سەرچاوەیەك لەنەوەی نوێ بەهاوڵاتی وت «ئەنجومەنەكان لەساڵی 2019 ەوە بەسەرچوون، بێ هیچ بنەمایەكی یاسایی ماوەیان درێژكراوەتەوەو ئەندامانیان موچەی مانگانە لەسەر قوتی خەڵك وەردەگرن، ئامانجی ئێمە دروستكردنی دەوڵەتی موئەسەسیە، چونكە كە رێز لەیاساو رێنماییەكان گیرا، ئەوا بنەماكانی دەوڵەتی موئەسەسی دادەمەزرێن، جگەلەوەش ئەم بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵی دەبێتە بنەمایەك بۆ راگرتنی هەر هەوڵ و نیازێكی تر كە لەداهاتوودا بدرێت بۆ درێژكردنەوەی نایاسایی پەرلەمان و ئەنجومەنەكان، یان هەر بڕیارێكی تر كە رەهەندی یاساییان نییەو بەزۆر دەسەپێنرێت. واتە هیچ كەسێك جارێكی تر جورئەتی ئەوە ناكات دەست بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی دەزگاكانی پەرلەمان و ئەنجومەنەكان ببات.» پێشتر نەوەی نوێ حەوت سكاڵای رەتكرایەوە، بەو هۆیەوە رەخنەیەكی زۆری لێگیراو واباسكرا كە ئەو سكاڵایانە هەوڵێكە بۆ شەرعیەتدان بەبڕیارەكانی حكومەتی هەرێم. لەوبارەوە سەرچاوەكەی نەوەی نوێ بەهاوڵاتی وت «ئەو داوایانەی دەڵێن گوایە رەتكراوەتەوە، وانییە. رەتنەكراوەتەوە. دادگا دەڵێت لەتایبەتمەندی ئێمە نییە، رەتكردنەوەو دۆڕان جۆرێكە كەدادگا بڕیار بدات كە بڕیاری ماوە درێژكردنەوەكان دەستووری و یاسایین، ئەوكاتە دەكرا پێمان بوترێن دۆڕاوین. زۆر بەئاشكرا دادگای فیدڕاڵی دەڵێت لەتایبەتمەندی ئێمە نییە. واتە سكاڵاكان یاسایین و جێی خۆی گرتووە، بەڵام لەتایبەتمەندی دادگای فیدڕاڵی نییە. بۆیە ئەو هەڵمەتانەی دژی ئێمە دەكرێت یەك مەبەستی هەیە، ئەویش لێدانە لەنەوی نوێ.» لەئێستادا ئەنجومەنەكان دەوامیان تێدا ناكرێ و دادگای باڵای فیدڕاڵیش ماوەی 60 رۆژی دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام بەپێی وتەی ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا ئەو وادەیە كەمە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و هۆشداریشی دا بەدروستبوونی بۆشاییەكی گەورەی كارگێڕی لەپارێزگاكاندا، لەوبارەوە ئەكرم شەریف ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر لیستی یەكێتی بەهاوڵاتی وت «ئێستا ئەنجومەنەكان نەماون، كێ هەڵدەستێ بەڕایی كردنی كاروباری رۆژانەی خەڵك؟ كێ و كام جیهەت گرفتە بەردەوامەكانی خەڵك چارەسەر دەكات؟ بەپێی بڕیارەكە دەبێت لەماوەی 60 رۆژدا هەڵبژاردن بكرێت، دەی كە زەمینە لەبارنەبێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن چی بكرێت باشە؟ دڵنیابە لە 60 رۆژی تردا هەڵبژاردن ناكرێت. كەواتە بۆشاییەكی زۆر دروستدەبێت و لەئەستۆی ئەوانەیە كە دیراسەیان نەكردووە.» پاش بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی عێراق، وا بڵاوكرایەوە كەپێویستە تەواوی ئەو مووچانە بگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت كە لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەكانەوە لەماوەی درێژكردنەوەدا وەرگیراون، بەڵام شارەزایەكی یاسایی پێی وایە كەئەوە هیچ بنەمایەكی نییە. لەوبارەوە عەبدولقادر ساڵح عەبدول راوێژكاری یاسایی بەهاوڵاتی وت «سەرەڕای ئەوەی لە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیدا بابەتی مووچە نەهاتووە، بەڵام بەبڕوای ئێمە ئەندامانی ئەنجومەنەكان لەبەرئەوەی پەیڕەوی دەقێكی یاساییان كردووەو ئەو دەقە یاساییە مافی مانەوەی پێداون وەك ئەندامانی ئەنجومەنەكەو هەروەها لەبەرئەوەی لەو ماوەیەدا ئەركی وەزیفیان ئەنجامداوە، بۆیە ئەگەر وەك كرێی هاوتاش بێت شایستەی ئەو مووچەیە دەبن و نابێت لێیان وەربگیرێتەوە. چونكە ناكرێت ئەندامانی ئەنجومەن بەرپرسیارێتی هەڵەی پەرلەمان بگرنە ئەستۆ، بۆیە لەوبارەوە دادوەری كارگێڕی لەعێراق چەندین بنەمای یاسایی هەیە كەسەقامگیرن لەسەر ئەم بابەتە.» ئەم هەوڵەی نەوەی نوێ، بووەتە جێی رەخنەی لایەنەكانی دەسەڵات و ئەوان پێیان وایە كەدیراسەی دۆخەكە نەكراوەو دەبوو خوێندنەوەی ورد بكرایە بۆ هەوڵەكەیان، لەوبارەوە ئەكرەم شەریف بەهاوڵاتی وت «بەڕێزان لەنەوەی نوێ فراكسیۆنیان هەبوو لەپەرلەمان ئەوكاتەی كە تەمەنی ئەنجومەنەكان درێژكرایەوە بۆ تانەیان لێنەدا، نەوەی نوێ ئەگەر تانەی داوەو دەعواكەی بردەوە ئەی كەی هەڵبژاردن دەكرێت و ئەو بۆشاییە بەكێ دەسپێریت؟ ناكرێت مەسیری ئەم وڵاتە بسپێرین بەقەدەر. بەڕاستی ئەمانە بەسۆزو عاتیفەو موزایەدەی سیاسی ئیش دەكەن، بەڕاستی ئەوە ناكرێت، ئەوە پێویستی بەوردەكاریی بوو، دەبێت دیراسە بكرایە. ئەوان كێشەیەكیان دروستكردووەو چارەسەریان لا نییە، ماعقول نییە ئەم كێشەیە دروستكراوەو چارەسەریشت لانییە بۆ ئەوەی چاكی بكەیت.» بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، نەوەی نوێ كار لەسەر زیندووكردنەوەی سكاڵا رەتكراوەكانی دەكات و لەهەوڵی ئەوەدایە دووبارە ئەو سكاڵایانە بجوڵێنێتەوە، بەڵام بەپێی رێنمایی و راسپاردەی یاسایی و بەشێوازو تایبەتمەندی جۆری سكاڵاكە، لەوبارەوە سەرچاوەكەی نەوەی نوێ بەهاوڵاتی وت «یەكێتی و پارتی لەهەوڵەكانی ئێمە نیگەرانن، ترسیان لەسكاڵاكانی ئێمە هەیەو لەهەندێكیاندا بەتایبەت سكاڵای پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران سەرۆكی حكومەت خۆی بەشەخسی دەستوەردانی كردووە، بەتایبەت لەپرسی راگرتنی پلەبەرزكردنەوی فەرمانبەران، چونكە بڕە پارەكەی زۆرەو نزیك دەبێتەوە لە پێنج ملیار دۆلار. بۆیە بەو داوایە زۆر نیگەران بوون و بەفەرمی پەیوەندیان بەدادگاوە كردووە تا سكاڵاكان رەتبكرێنەوە. ئەو سكاڵایەمان كە لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە وەرنەگیرا، رەوانەی دادگای كارگێڕی كراوەو لەوێوە كاری لەسەر دەكەین». نەوەی نوێ لەساڵی 2022 سێ داوایان بەژمارەكانی (27 ، 156 ، 160) تۆماركردووەو لەمساڵیشدا چوار داواكاری تریان بەژمارەكانی (72 ، 109 ، 123 ، 134) تۆماركرد، بەڵام سەرجەمیان رەتكرانەوەو داواكاری هەشتەمیان كە لەلایەن رێبوار ئەوڕەحمانەوە تۆماركرا قبوڵكراو دادگای فیدڕاڵی بڕیاری لەسەردا. لەئێستاشدا چەند حزب و كەسایەتییەك هاوشێوەی نەوەی نوێ سكاڵای یاسایی دژی بڕیارو رێنماییەكانی حكومەت و پەرلەمان تۆماردەكەن و سكاڵاكردن بووەتە نەریتێكی حزبی و لایەنەكانی دەسەڵاتیش ئەم هەوڵە بەدژایەتیكردنی قەوارەی هەرێم لەقەڵەمدەدەن.
هاوڵاتی رۆژنامەیەکی بەریتانی رایگەیاند ئێران یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ روسیا کەمدەکاتەوە لە جەنگی ئۆکرانیا و ئەو فرۆکە بێ فرۆکەوانانەی ئێران دروست دەکات بەشێک لە پارجەکانی لەو ئەوروپا دەکڕێت. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی دەربارەی پڕچەککردنی رووسیا لە لایەن ئێرانەوە، ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە خۆی بە دوور بگرێت لە پڕچەککردنی رووسیا لە جەنگی ئۆکراین. گاردیەن بەڵگەیەکی ٤٧ لاپەڕەیی بڵاوکردووەتەوە کە ئۆکرنیا مانگی رابردوو خستییە بەردەم ئەندامانی گرووپی ٧ ئێران و تێیدا هاتووە چیتر ئێران " توانای دابینکردنی پێویستییەکانی رووسیا و زیاتر دابینکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی" لە جەنگی ئۆکرانیادا نییە. بە پێی ئامارەکانی ئۆکرانیا کە لەم راپۆرتەدا هاتووە، تەنها لە سێ مانگی رابردوودا، 600 هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر شارەکانی ئۆکراین ئەنجامدراوە. لە سەرەتای جەنگی رووسیا- ئۆکراین ەوە، ئێران بە یەکێک لە دابینکارانی چەکی بەتایبەت و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، ناوی هاتووە و فشارە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواییەوە بۆ سەر تاران زیاتر بووە بەوەی دەست لە یارمەتیدانی رووسیا هەڵبگرێت. سەرەڕای هەموو ئەو بەڵگانەی لە بەردەستتدان و ئۆکرانیا و وڵاتانی رۆژئاوایی دەیخەنەڕوو، ئێران سوورە لەسەر ئەوەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆ جەنگی ئۆکراین نەگەیاندۆتە دەست رووسیا. حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران مانگی ئابی رابردوو لە تۆکیۆ پێتەختی یابان وتی :" ئێمە هەرگیز فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانمان بە رووسیا نەفرۆشتووە یان نەمانداوە پێیان بەوەی لە جەنگی ئۆکراین بەکار بهێن". هەروەها وتی :" تاران هەوڵی ئەوەیە لە رێگای وتووێژەوە و بە رێکاری سیاسی کۆتایی بەم جەنگە بهێنرێت". لەم راپۆرتەکەی ئۆکرانیادا هاتووە کە ئێران هێڵی بەرهەمهێنانی چەک و چۆڵی سەربازی گواستۆتەوە بۆ "کارگەیەکی سووری" ، بەڵام لە ئێستادا دەیەوێت لە ناوچەی ئالابۆگا، لە تەتەرستان دەست بکات بە بەرهەمهێنان و دروستکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان. رێکەوتی ٥ی تەمووزی ٢٠٢٣ رادیۆ فەردا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە لەسەر هاوکاری سەربازی ئێران و رووسیا و لەو راپۆرتەدا باسی لەوە کرد کە ئیران و رووسیا دەیانەوێت فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی شاهد لە ناوچەی ئالابۆگای تەتەرستان دروست بکەن. ئالابۆگا کەتۆتەوە کۆماری خۆبەڕێوەبەری تەتەرستان لە ١٣٠٠ کیلۆمەتری رۆژهەڵاتی مۆسکۆ و زیاتر لە ٣ هەزار کیلۆمەتر لە تارانەوە دوورەوە لە ٢٠ ساڵ لەوە پێشەوە وەک ناوچەیەکی تایبەتی ئابووری راگەیەندراوە. لە راپۆرتەکەی گاردیەن باس لەوە کراوە، ٥٢ پارچەی کارەبایی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهدی ١٣١ و ٥٧ پارچەی شاهدی ١٣٦ بەرهەمی کۆمپانیا ئەورپییەکانە کە کۆماری ئیسلامی بەکاری دەهێنێت. لەم راپۆرتەدا ناوی پێنج کۆمپانیای ئەورووپایی لەوانە کۆمپانیایەکی بەریتانی هاتووە کە لقێکی کۆمپانیاکە لە پۆڵەندایە و ئەو پارچانە بەرهەم دەهێنن و دەگاتە دەست کۆماری ئیسلامی بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهدی ١٣١ و شاهدی ١٣٦ کە لە جەنگی ئۆکراین لە لایەن رووسیاوە بەکار هێنراون.
هاوڵاتی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایگەیاند بەغدا 200 ملیار دیناری دیکەی خستە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان. لە راگەیاندراوێکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "ئەمڕۆ پێنجشەممە 200 ملیار دیناری دیکە لەلایەن بانکی بازرگانی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی حکومەتی هەرێمی کوردستان." لەئێستادا حکومەتی هەرێم تەواوی ئەو 700 ملیار دینارەی لەبەردەستدایە کە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەری رێککەوت بۆ ماوەی سێ مانگ. ناردنی 700 ملیار دینار بۆ ماوەی دوو مانگی تر بەردەوام دەبێت.
تەلار لەتیف، وتەبێژی کۆنگرەی یەکێتی روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە کۆنگرەی یەکێتی بڵاو کردەوە و رایگەیاند ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن "ناراستن و درۆیە." بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی ئەیلولی 2023، لە چەند پێگە و سۆشیال میدیا و کەناڵێک هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گرژی لەنێوان چەند پاسەوانێکی چەند بەرپرسێکی یەکێتی لە رۆژی دووەمی کۆنگرەی حیزبەکە روویداوە و برینداریش هەیە. بەشێکی تریش لەوانەی هەواڵەکەیان بڵاوکردەوە رایانگەیاند کە روداوێک لە کۆنگرە رویداوە لە شوێنی بەرزکەرەوە و یەکیک لە ئەندامانی کۆنگرە قاچی لە بەرزکەرەوەکە گیراوە و برینداربووە و چەند کەسێکی تریش بەهۆی روداوەکەوە برینداربوون. لەسەر ئەم هەواڵانە تەلار لەتیف دەڵێت، "لە چەند كەناڵ، پەیج و سۆشیاڵ میدیاییەك هەواڵی روودانی گرژی و شەڕ لە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی بڵاوبووەتەوە، بۆ هەموولایەكی رووندەكەینەوە كە ئەو هەواڵە سەرلەبەری درۆیەو ناڕاستە، ئەندامانی كۆنگرە و لیژنە تایبەتمەندەكان سەرقاڵی بەڕێوەچونی كارەكانی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن."
مدیایەکی بەریتانی رایگەیاند، دەستپیکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەمزوانە نابێت و کیشەی دارایی بوونی هەیە بەپێچەوانەی ئەوەی کە بەرپرسانی عێراق و تورکیا دەیڵێن کە کیشەی تەنکنیکی بوونی هەیە، دەشڵێت تورکیا بە قەرز پارەی داوە بە هەرێمی کوردستان و ئێستا ئەو پارەیەی دەوێتەوە. پێگەی ئارگسی بەریتانی لە راپۆرتێکیدا لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای عێراقییەوە رایگەیاند، هەناردەی نەوتی هەرێم بەمزوانە دەستپێناکاتەوە چونکە تورکیا ناتوانێت ئەو پارەیە بدات کە لەسەریەتی و دادگای ژوری بازرگانی نێودەولەتی لە پاریس بەسەریدا سەپاندووە بۆیە کێشەکە کیشەیەکی لۆجستی نییە و بابەتەکە "ئاڵۆزە." لە مانگی ئازاری ئەمساڵ ژوری بازرگانی نێوددەوڵەتی لە پاریس بڕیاریدا کە دەبێت ئەنقەرە یەک ملیار و 900 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بداتە بەغدا بەهۆی ئەوەی لەنێوان 2014-2018 بەنایاسایی بازرگانی بە نەوتی هەرێمی کوردستانەوە کردووە و پێشێلی گرێبەستەکەی لەگەڵ عێراق کردووە. هەرچەندە لایەنی عێراقی و تورکی باس لەوە دەکەن کە بۆری نەوتی جەیهان کێشەی تەکنیکی هەیە و بەمزوانە چارەسەر دەبێت، بەڵام سەرچاوەکە دەڵیت "کێشەکە داراییە چونکە تورکیا ناتوانێت ئەو پارەیە بدات." لە هەفتەی رابردوو ئالپئەرسەلان بایرەکتار، وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، بۆریی نەوتی کەرکوک-جەیهان ئامادەیە دوای چاککردنەوەی هەڵە تەکنیکییەکان بەهۆی زیان لێکەوتنی بەهۆی بومەلەرزەوە. بەپێی وتەی سەرچاوەکە، یەکێتی تر لە کیشەکان ئەوەیە پێشتر "تورکەکان برێک پارەیان بە قەرز داوە بە کوردەکان بۆ ئەوەی تورکیا بەشێک لە پشکی هەناردەی نەوتی دەست بکەوێت لە رێی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا، بەڵام ئێستا تورکیا ئەو پارەیەی دەوێتەوە." بەپێی وتەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، زیانی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم تا ئێستا شەش ملیار دۆلارە.
هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئاوارەبوونی دانیشتوانی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ بەرەو ئەرمینیا بەردەوامە و دواترین ئامار ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی هەرێمەکە، ناوچەکەیان چۆڵکردووە. بەپێی هەواڵەکەی رۆیتەرز کە لە زاری سەرکوەزیرانی ئەرمینیا وەریگرتووە، زیاتر لە 65 هەزار کەس لە هەرێمەکەوە روویان لە ئەرمینیا کردووە، ئەمەش زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی هەرێمەکە کە ژمارەیان 120 هەزار کەسە. ئاوارەبوونی نەژادە ئەرمەنییەکان دوای ئەوە هات کە هەفتەی رابردوو ئازربایجان لە ئۆپەراسیۆنێکدا توانی تەواوی هەرێمەکە کۆنتڕۆڵ بکات و دانیشتوانی ناوجەکە ترسی ئەوەیان هەیە کە رووبەرووی پاکتاوی نەژادی ببنەوە هەرچەندە کە بەرپرسانی ئازربایجان هۆشداریانداوە کە وەک هاوڵاتیی "یەکسان" مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ماوەی سێ دەیە بوو هەرێمەکە لە ژێر دەسەڵاتی نەژادە ئەرمەنییەکاندا بوو هەرچەندە هەرێمەکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە بەشێک لە ئازربایجان ناسراوە.
هاوڵاتی وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل بۆ هاوڵاتی ئەوە ئاشكرادەكات، ئەو شەڕەی لەدێرەزوور بەڕێوەدەچێت و بۆ دووەم جار سەریهەڵداوەتەوە هیچ پەیوەندییەكی بەعەشیرەتەكانەوە نییە، بەڵكو پیلانی هاوبەشی توركیاو سوریایە دژ بەڕۆژئاوای كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكەی. هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند سەرجەم ئەو چەكدارانەیان وەدەرناوە كەچوونەتە شارۆچكەی زیبان لەپارێزگای مەیادین كە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی سوریادایە، ئەوەش لەكاتێكدایە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) قەدەغەی هاتوچۆی لەچەند ناوچەیەكی پارێزگای دێرەزوور راگەیاند دوای ئەوەی كە شەڕ لەنێوان هێزەكانی هەسەدەو هۆزە عەرەبەكان روویداوە كەتێیدا 22 كەس كوژراون. ناوەندیی میدیایی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئاماژەی بەوەكردووە هێزەكانیان لەئێوارەی رۆژی دووشەممەوە هێزێكی سوپای رژێمی سوریایان وەدەرناوە كە چوونەتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لەشارۆچكەی زیبان سەر بەشاری مەیادین، كەدەكەوێتە رۆژئاوای رووباری فوڕات، ئەویش دوای دوو كاتژمێر لەپێكدادانی سەربازی لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئەو هێزەی سوپای سوریا كەهاووڵاتیانی مەدەنییان بۆ خۆحەشاردان و شەڕ بەكارهێناوەو چوونەتە ناو چەند ماڵ و مزگەوتێكەوە. هەسەدە ئەوەشی خستووەتەڕوو: لەپێكدادانەكاندا 20 سەربازی سوریا كوژراون و 31 ی دیكەش برینداربوون، بەوتەی هێزەكانی سوریای دیموكرات رژێمی سوریا بۆ پشتیوانی ئەو چەكدارانە بەتۆپی دوورهاوێژ هێزەكانیانی بۆردوومان كردووە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون لەكۆنترۆڵكردنی شارۆچكەی ئەلزیبان. لەلایەكی دیكەوە روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، لەپێكدادانی هەسەدەو هۆزە عەرەبەكان 64 قوربانی بوونی هەیەو 22 كەس كوژراون كە 18 كەسیان سەر بەهۆزە عەرەبەكانن و سێ كەسیان سەر بەهەسەدەن، ئەمە جگەلەوەی 42 كەسی مەدەنی، 26 چەكداری هۆزە عەرەبەكان و 12 ئەندامی هەسەدە برینداربوون. بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەكانی سوریا، هەسەدە لەچەند شارۆچكەیەكی پارێزگای دێرەزوور، بەتایبەتی شارۆچكەی زیبان، قەدەغەی هاتووچۆی راگەیاندووە بەبێ ئەوەی وادەی كۆتایی هاتنی دیاری بكات، ئەمە لەكاتێكدایە كە رۆژی دووشەممە شەڕ لەنێوان هەردوولا دەستیپێكردەوە دوای ئەوەی كەهەسەدە لەسەرەتای ئەم مانگەدا كۆتایی بەشەڕو پێكدادانەكان هێنا. لەبارەی ئەو هێرشانەوە، سیامەند عەلی وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل بەهاوڵاتی وت:»رۆژی دووشەممە ژمارەیەك چەكداری نزیك لەڕژێمی سوریا لەڕۆژئاوای فوڕاتەوە دەربازی رۆژهەڵاتی فوڕات بوون و هێرشیان كردەسەر ژمارەیەك لەهێزەكانی ئێمە، لەئەنجامدا شەڕی قورس روویداو پاشان هێزەكانمان ئەو هێزانەیان گەمارۆداو گورزێكی كوشندەیان لێوەشاندن، بەهۆیەوە سێ هەڤاڵی ئێمە شەهیدبوون،بەدیاریكراویش شەڕەكە لەشارۆچكەی ئەلزیبان بوو، بەهۆیەوە قەدەغەی هاتوچۆ لەو ناوچەیە راگەیەندرا». وتیشی:»ئێستا رەوشەكە ئارامەو شەڕڤانەكانی ئێمە دەستیان بەئۆپەراسیۆن كردووە لەو ناوچەیە لەبەرئەوە دەتوانین بڵێین وردە وردە رەوشەكە ئارام دەبێتەوە و رێوشوێنەكان ئاسایی دەبنەوە، ئەو چەكدارانە بەناوی عەشیرەتەوە شەڕ دەكەن بەڵام لەڕاستیدا ئەوانە عەشیرەت نین و گرێدراوی رژێمی سوریان، لەكاتێكدا كوڕو كچی ئەو عەشیرەتانە بەشێكیان لەناو هێزەكانی سوریای دیموكراتدان، بەڵام بەشێكیان لەلایەن رژێمی سوریاوە بەكاردەهێنرێن». وتەبێژی یەپەگە دەشڵێت:»هەر هێرشێك لەهەرێمی دێرەزوورو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی سوریاوە دەكرێت بەپێی پیلانێكی مەترسیدارە لەلایەن توركیاو رژێمی سوریاوە، بەڵام هەم هەسەدەو هەم هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەبارەت بەو پیلانانە هۆشیارەو رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر». بەپاساوی دەستگیركردنی فەرماندەیەكی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور بەناوی ئەبو خەولە لەسەر پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و گەندەڵی لەلایەن هەسەدەوە، لەكۆتایی مانگی ئاب شەڕ لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و هۆزە عەرەبەكان دروستبوو كەتێیدا چەكدارە عەرەبەكان بەهاوكاری سوپای سوریا چەند ناوچەیەكیان داگیركرد، بەڵام دواتر هەسەدە لە ئۆپەراسیۆنێكدا سەرجەم ناوچەكانی كۆنترۆڵكردەوە.
