هاوڵاتی لیژنه‌ی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی ئه‌منی عێراق و ئێران ڕایگەیاند: ڕێکەوتنی ئەمنی عێراق و ئێران بە تەواوی جێبەجێکراوە. بەپێی بەیاننامەی لیژنەکە "لەسەر بنەمای پابەندی نێوان عێراق و ئێران بە دەقی رێککەوتنی ئەمنی هاوبەش، بە هەماهەنگی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، تەواوی بارەگاکانی نزیک سنوری ئێران کە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی ئێرانەوە بەکاردەهێنران، دورخرانەوە و گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی دور لە سنورەکان". ئاماژە بەوەشکراوە، "تەواوی گروپەکان لە چەکداماڵراون و وەکو پەنابەر بەپێی رێنماییەکانی کۆمسیۆنی پەنابەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و هێزەکانی پاسەوانی سنوور براونەتە سەر سنووری عێراق و دەشڵێت، "ئەو رێککەوتنە دەکرێتە بنەمای چارەسەرکردنی ناکۆکییە سنوورییەکان." ئەوەشیان خستوەتەڕو، "سەرجەم ئەو هێزانە بۆ ناوچەیەک دور لە سنوری عێراق و هەرێم گواستراونەتەوە و چەککراون، ئەوەی گرنگە ئەوەیە گفتوگۆ و تاوتوێکردنی پرسەکان، باشترین رێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان." ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی 19ی مانگی (ئازار/3)ی ئەمساڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رێککەوتنێکی ئەمنیان بۆ چەککردن و دورخستنەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان واژۆکرد.

هاوڵاتی بەرپرسانی لیبیا داوا لەرۆژنامەنووسان دەکەن شاری دەرەنای لیبیا بە جێبهێڵن و نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوای لێکۆڵینەوە لە هۆکاری داڕمانی بەنداوی دێرنە دەکات. وەزیری فڕۆکەوانی مەدەنی لە حکومەتی رۆژهەڵاتی لیبیا هیشام ئەبوشەکیوات بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، بەرپرسانی وڵات داوایان لە رۆژنامەنووسان کردووە شاری دەرەنا بەجێبهێڵن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ژمارەییەکی زۆری رۆژنامەنووس لەو شارەن و کارەکانی تیمی فریاگوزارییان قورس کردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمەش هەوڵێکە بۆ ئەوەی تیمەکانی رزگارکردن کارەکانییان بە شێوەیەکی ئاسانتر و کاریگەرتر ئەنجام بدەن". ئەمڕۆ چەندین دەزگای راگەیاندن رایانگەیاند، بەرپرسانی لیبیا داوایان لە رۆژنامەنووسان کردووە شاری دەرەنا بەجێبهێڵن. هاوکات فەرحان حەق جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتدارانی جیهانە کە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری داڕمانی بەنداوی دێرنە لە لیبیا بکەن کە بەهۆیەوە هەزاران هاوڵاتی گیانیان لەدەست داو ژمارەیەکیش بێسەروشوێن بون. جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەشکرد، هیوادارن ئەو پشتگیرییە مرۆییانەی کە بۆ زیانلێکەوتوانی لیبیا نیشاندراوە بکرێتە هاوکاری دارایی و بۆیان بنێردرێت. دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممەی هەفتەی رابردوو، بەهۆی زریانی دانیاڵەوە، دوو بەنداو لە لیبیا تەقییەوە، کاتێک لافاو دروست بوو، بووە هۆی ڕاماڵینی باڵەخانەکان و گیان لەدەستدانی هەزاران کەس. هەروەها دەسەڵاتدارانی لیبیا بڵاویان کردەوە، کە بەلایەنی کەمەوە 2300 کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها  تامر رەمەزان، بەرپرسی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور و مانگی سوور گوتی: 10 هەزار کەس بێسەروشوێن بوونە لە ئەنجامی لافاوەکەی شاری دەرەنا.    

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئازه‌ربایجان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی دژه‌ تیرۆری له‌ قه‌ره‌باغ ڕاگه‌یاند كه‌ به‌ وته‌ی خۆی ئامانجی سه‌پاندنی فه‌رمانه‌، به‌وه‌ش شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان هێزه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ و ئه‌رمینیا ده‌ستیپێكرده‌وه‌. وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان هۆکاری شەڕەکە دەخاتە ئەستۆی هێزەکانی ئەرمینیا و دەڵێت، "سوپای ئەو وڵاتە ژمارەیەک پێگەی سەربازی سوپای ئازەربایجانی تۆپباران کردووە و ئەویش لە بەرامبەردا دەستی بە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە کردووە بۆ ئەوەی ژمارەیەک لە هێزە سەربازییەکانی ئەرمینیا ناچار بکات لە سنوورەکەمان بکشێنەوە".  لە وڵامدا وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا بڵاویکردەوە، ئەو تۆمەتەی دەدرێتە پاڵ سوپای وڵاتەکەی دوورە لە راستییەوە.  هاوکات لاى خۆیەوە ئاژانسى هەواڵى ئازەربایجان (ئازەرتاج) بڵاویکردوەتەوە؛ ئەو گروپە چەکدارە نایاساییانەى ئەرمینیا کە بەشێوەیەکی کاتی لەژێر بەرپرسیارێتی هێزەکانی ئاشتیپارێزی روسیادان و لە خاکی ئازەربایجان چالاکن، بە هاوەن پێگەکانی سوپای ئازەربایجان بە ئاراستەی پارێزگای ئەگدەم بۆردومان دەکەن. ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە ئازەربایجان وەڵامى بۆ ئەو هێرشانە دەبێت و جەختیش دەکەنەوە، ئامانجیان تەنها تێکشکاندنى ئامانجە سەربازییەکانە و هیچ زیانێک بە هاوڵاتییان و ژێرخانى ئابورى وڵاتەکە نییە. ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی ئازه‌ربایجان له‌كاتێكدایه‌ مه‌شقه‌كانی هاوبه‌شی هاوبه‌شی هه‌ڵۆی ئه‌مریكا و ئه‌رمینیای 2023 دوێنێ ده‌ستیپێكرد و تا سبه‌ینێش به‌رده‌وام ده‌بێت. لە 27ی ئەیلوول تاوەکو 10ی تشرینی دووەمی 2020، جەنگی ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ هەڵگیرسا. لەو جەنگەدا زیاتر لە دوو هەزار و 700 هاووڵاتیی ئەرمینیا لە سەرباز و مەدەنیی کوژران و لە بەرامبەردا زیاتر لە دوو هەزار و 700 هاووڵاتیی ئازەربایجانیش لە سەرباز و مەدەنی کوژران. 

هاوڵاتی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە، سەبارەت بە هێرشەکانى  تورکیا لە باشووری کوردستان، بە تایبەت هەرسێ هێرشەکەى هەولێر و سلێمانی و شنگال ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختى لەوە کردووەتەوە، "هێرشەکان لە بەهێزی دوژمن نییە، بەڵکوو بە پشتیوانی خیانەتکارانە." ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 19ی‌ ئه‌یلولی 2023 هاوسه‌رۆكایه‌تی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆماجڤاگێن كوردستان "كه‌جه‌كه‌" راگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌ كه‌ "ده‌وڵه‌تی تورك هێرشه‌كانی زیاتر كردووه‌، له‌م دواییانه‌دا له‌ سلێمانی و هه‌ولێر هێرش ئه‌نجامدرا، دوو ڕۆژ پێش ئێستا له‌ ڕۆژئاوا و شه‌نگال هێرش ئه‌نجامدرابوون. ئه‌و هێرشانه‌ شه‌هیدیان لێكه‌وته‌وه‌". هاوسه‌رۆكایه‌تی كه‌جه‌كه‌ ده‌ڵێت: "به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و هێرشانه‌دا په‌نجه‌ی خیانه‌ت بوونی هه‌یه‌. ئه‌و هێرشانه‌ نه‌ك به‌ هێزی دوژمن، به‌ڵكوو به‌ پشتیوانی خیانه‌تكاران ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌و هێرشه‌ خیانه‌تكارانه‌یه‌ شه‌هیدیان لێده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ئازاره‌، به‌ڵام راستیه‌". کەجەکە ئاماژەى بەوەش کردووە: " پەیوەندی بارزانییەکان و دەوڵەتی تورک خیانەتێکی ئاشکرایە و هەموو ئەو هێرش و شەهیدبوونانەش بەو هۆیەوەیە، دەبێت هەموو کەس ئەو ڕاستیە ببینێت و قەبوڵی بکات". دەقی ڕاگەیەندراوەکەی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە: وەک ئەوەی کە ڕای گشتی هەستی پێکردووە، دەوڵەتی تورک هێرشەکانی زیاتر کردووە، لەم دواییانەدا لە سلێمانی و هەولێر هێرش ئەنجامدرا، دوو ڕۆژ پێش ئێستا لە ڕۆژئاوا و شنگال هێرش ئەنجامدرابوون و شەهیدیان لێکەوتەوە، لەلایەکی ترەوە دەوڵەتی تورک بە بێوچان لە دژی بزوتنەوەکەمان و گەریلا هێرش ئەنجام دەدات، گەریلا لە دژی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک خۆڕاگریی دەکات، لە کەسایەتی ئەوانەی لەو هێرشانەدا تیرۆرکراون و شەهید بوون، هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی بە ڕێز و پێزانینێکی گەورەوە یاد دەکەینەوە، دڵسۆزی و وەفاداریمان بە تێکۆشان و یادی شەهیدان دووپات دەکەینەوە، بە دڵنیاییەوە گەلی وڵاتپارێزی کوردستان بەهۆی هەموو ئەو کردەوانەوە لێپێچینەوە لە دوژمن و ئەو خیانەتکارانە دەکات کە لەگەڵ دوژمن کار دەکەن. بەداخەوە لە هەموو ئەو هێرشانەدا پەنجەی خیانەت بوونی هەیە، ئەو هێرشانە نەک بە هێزی دوژمن، بەڵکوو بە پشتیوانی خیانەتکاران ئەنجام دەدرێت، ئەو هێرشە خیانەتکارانەیە شەهیدیان لێ دەکەوێتەوە زۆر بە ئازارە بەڵام ڕاستیە، پەیوەندی بارزانییەکان و دەوڵەتی تورک خیانەتێکی ئاشکرایە و هەموو ئەو هێرش و شەهیدبوونانەش بەو هۆیەوەیە، دەبێت هەموو کەس ئەو ڕاستیە ببینێت و قەبوڵی بکات، ئەگەر ئەو دۆخە زیاتر چاوپۆشی لێ بکرێت و هەڵوێستی پێویست بەرامبەر نەگیرێتە بەر، ئەو کاتە وەک گەل ئێمە دەکەوێنە دۆخێکی بە ئازارتر و خراپتر. ئەگەر هەڵوێستی پێویست بەرامبەر بە خیانەت نیشان نەدرێت، ئەو داوەی لەسەر خیانەت سازکراوە دەگاتە ئەنجام، کوردێک نییە کە نەزانێت ئەو داوە چییە، ئەو داوە پلانی دەوڵەتی تورکە بۆ کۆتاییهێنان بە کورد و کوردایەتی لە رێگەی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەوە، دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە ئەو پلانە جێبەجێ دەکەن، سیاسەتی بنچینەیی دەوڵەتی تورک مەگەر ئەوە نییە؟ ئاشکرایە کە ئەوەیە، ئەوانەی لەگەڵیان دەجوڵێنەوە هاوکاری ئەو پلانەن ئەوەش ئاشکرایە. هەر بۆیە دەڵێین؛ سەرباری ئەوەی دەبینرێت کە پەیوەندی بارزانییەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورک هاوکاری و خیانەتە، ئەو دۆخە بە بەرجەستەیی باس ناکرێت و هەڵوێستی پێویست نیشان نادرێت، تائەم ساتە بە دڵنیاییەوە ئەوە نەکراوە، بەم جۆرە ڕێگریی لەوە کراوە کە گەل هەڵوێست و ناڕەزایەتی بەهێز لە بەرامبەر خیانەت نیشان بدات. دوای ئەوەی هاکان فیدان سەردانی عێراق و باشووری کوردستانی کرد و دیداری ئەنجامدا، هێرشەکان زیاتر بوون، ئەو ڕووداوانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە هەرێمی برادۆست ڕوودەدەن دەریدەخەن کە پلانی نوێ جێبەجێ دەکرێن و دەخوازرێت کە دەوڵەتی عێراقیش لەو پلانەدا بەشداری پێ بکرێت، لە هەرێمی برادۆست هەوڵ دەدرێت بچنە ناو گۆڕەپانەکانی گەریلاوە، فشار دەخرێتە سەر گەل کە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، ئاشکرایە کە ئەمە ئامادەکارییە بۆ هێرش و بەشێکە لە پلانی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک، ئەوەی لە کەرکووکیش دەکرێت بەشێکە لەو پلانە. بە پێچەوانەی بانگەشەکانی بارزانیەکان ئەو هەوڵانە بۆ ڕزگارکردنی کەرکووک نییە، بەڵکوو لە پای وەرگرتنی پشکێک لە نەوتی کەرکووک، ڕادەستکردنییەتی بە دەوڵەتی تورک، ئەو پلانەی لەسەر کەرکووک جێبەجێ کراوە پلانێکی دەوڵەتی تورکە. لەبەر ئەوە دەوڵەتی تورک بە چەند وتەی ناڕەزایەتی بچوک ڕووداوەکە پەردەپۆش دەکات، چونکە دەوڵەتی تورک خاوەن مامەڵەکردنێکی بەو جۆرە نییە کە بیەوێت کەرکووک وەک بەشێک لە کوردستان، کێشەکانی چارەسەر بکرێن، پلانی دەوڵەتی تورک بریتیە لە داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی تەواوی باشووری کوردستان. بارزانی بە تەواوەتی لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە تێوەگلاون، خۆی پێویست ناکات کە باس لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک و مامەڵەکردنیان بەرامبەر بە کوردان بکرێت، دەبێت ئیتر ئەو ڕاستییەی بارزانیەکان لەلایەن هەموو کوردانەوە ببینرێت، بە وتنی ئەوەی بارزانی و پەدەکە کوردن، ئەو ڕاستیە وەک پێویست نابینرێت، هەروەها دۆخێکی دەرونیش خوڵقێنراوە، ئەمە لە کاتێکدایە بارزانییەکان هیچ ئامانج و نیگەرانییەکیان بۆ کوردستان نییە، تەنیا چەند شاری کوردستان لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندا بێت، ئەو ناوچانە بەڕێوە ببەن و لەپێناو خۆیان بەکاریبهێنن، ئەوەی تر بەلایانەوە گرنگ نییە، لە پێناو خواردنی خێر و بێری چەند شارێک سەرجەم ناوچەکانی دیکەی کوردستان بەلای ئەوانەوە ئامێر و کەرەستەیەکی بازرگانی و سات و سەودایە. ئەگەر بەو جۆرە نەبوایە و مەراقیان کوردستان بوایە، ئایا هاکان فیدانیان لە باوەش دەگرت؟ هاکان فیدان بکوژە، هەموو ڕۆژێک لێکدانەوە بۆ ئەوە دەکات کە چۆن دەتوانێت باشتر کوردان بکوژێت، لە هەموو لایەک خوێنی کوردان دەڕێژێت، بارزانی پێشوازی لە بکوژێکی بەم جۆرە دەکات و لە ئامێزی دەگرێت و دەبنە هاودەمی، ئەو دۆخە بە تەنیا بەسە بۆ ئەوەی درک بە ڕاستی بارزانیەکان بکرێت. ئێمە دەمانەوێت ئەوە بە جۆرێک دەستنیشان بکەین، ئەگەر تا ئێستا لە دژی خیانەت هەڵوێستێکی ڕاست و پێویست نیشان بدرایە و ڕێگریی لە ناڕەزایەتی گەل نەکرایە، دۆخەکە نەدەگەیشتە ئەم ئاستە، دوژمن نەیدەتوانی بکەوتایە ناو پلانێکی هێرشبەرانەی بەم جۆرە، ئەو هەموو ئازارە نەدەچێژران و زیانی گیانی نەدەهاتنە ئاراوە، هۆکاری ئەوەش بە دڵنیاییەوە ئەوەیە کە ڕۆشنبیران، نوسەران و هونەرمەندان کە هۆشمەندی، دەنگ و ویژدانی کۆمەڵگان، ڕێکخراوەکان و پارتی و دامەزراوەکان لە دژی خیانەت هەڵوێستی پێویستیان نیشان نەداوە. ئەو دۆخە بوێری بە خیانەت دەبەخشێت و دەبێتە مایەی ئەوەی خیانەت ڕۆژ لە دوای رۆژ قووڵتر ببێتەوە، ئەو ڕاستیە دەبێت ببینرێت، دەبێت هەموو کەس پرسیار لە خۆیان بکەن، کە خیانەت ئەو ئازایەتیە لە کوێوە وەردەگرێت و بە دوای وەڵام بۆ ئەو پرسیارە بگەڕێن، ئەگەر ئەوە بە شێوەیەکی بێ شک و گومان بکرێت ئەو کاتە هەموو کەس ئەنجامێکی دەست دەکەوێت.  

هاوڵاتی کۆنگرەیی نەتەوەیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئیدانەی "تیرۆرکردنی" ئەندامێکی کرد لە هەولێر و رایگەیاند کە دەستدرێژی بۆ سەر ئۆفیسی کەنەکە دەستدرێژییە بۆ سەر تەواوی خاکی کوردستان و ئاسایشی هەولێر.  

هاوڵاتی  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پەیامێکی سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکەی سەر فرۆکەخانەی عەربەت بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە بە زووترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکوڵینەوەیەکی ورد لە هۆکار و چۆنیەتی روداوەکە بکەن، دەشڵێت، "سەرکۆنەی هەر جۆرە پێشێلکردنێکی سەروەریی خاکی کوردستان و عێراق دەکەین." دوێنێ دووشه‌ممه‌ بە درۆن هێرشکرایەسەر فرۆخانەی کشتوکاڵی عەربەت لەکاتی مەشقی هێزەکانی دژەتیرۆر و هێزێکی تر، لە ئەنجامدا سێ ئەندامی دژەتیرۆر و سێ کەسی تر شەهیدبوون. لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ئەو درۆنەی هێرشەکەی پێ ئەنجامدراوە لە سنوری تورکیاوە هاتووەتە نێو عێراق. لەسەر هێرشەکە مەسرور بارزانی دەڵێت، "روداوەکەی فرۆکەخانەی عەربەت دڵگرانی کردووین. پێویستە بە زووترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکوڵینەوەیەکی ورد لە هۆکار و چۆنیەتی ئەم رووداوە بکەن و راستیەکان ئاشکرا بکرێن." سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتیشی،  "سەرکۆنەی هەر جۆرە پێشێلکردنێکی سەروەریی خاکی کوردستان و عێراق و هەموو کارێکی نایاسایی دەکەین کە دەبێتە هۆی شێواندنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان."

هاوڵاتی  لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ئەو درۆنەی هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەتی پێ ئەنجامدراوە لە سنوری تورکیاوە هاتووەتە نێو عێراق و بەغدا "مافی خۆیەتی سنورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنێت." لیوا یەحیا رەسوول لە راگەیاندراوێکدا باسی لە هێرشەکەی دوێنیی سەر فرۆکەخانەی عەربەت کرد و دەڵێت، "پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە کاتژمێر05:00 درۆنێک لە سنوری تورکیاوە هاتە نێو ئاسمانی عێراق و فڕۆکەخانەی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومانکرد." لیوا یەحیا رەسوڵ دەشلێت، هێرشەکە "بووە هۆی شەهیدبوونی سێ لە پاڵەوانانی دەزگای دژەتیرۆر و برینداربوونی سێ کەسی دیکە." وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق هۆشداری دەدات کە هێرشی لەو جۆرە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و تێکدانەی ئاسایشی ناوچەکەیە و "عیراق مافی خۆیەتی سنورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابنێت." لیوا یەحیا رەسوڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو پێشێلکارییە چەندبارەبووانە لەگەڵ پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی باشی نێوان وڵاتان ناگونجێت و هەڕەشە لە پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی عێراق لە دامەزراندنی پەیوەندیی سیاسی و ئابوری و ئاسایشی باش و هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێیەکانی دەکات."

هاوڵاتی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند "بەتوندی سەركۆنەی ئەو هێرشەی سەر هێزەكانی دژە تیرۆری كوردستان دەكەم لە ناحیەی عەربەت.  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند "بەتوندی سەركۆنەی ئەو هێرشەی سەر هێزەكانی دژە تیرۆری كوردستان دەكەم لە ناحیەی عەربەت. ئەمە پێشێلكردنێكی دیكەی سەروەری خاكی عیراقە كە لەڕێی فرۆكەی بێ فرۆكەوانەوە ئەنجامدراوە بۆ سەر هێزەكانی دژە تیرۆر، لە كاتێكدا ئەو هێزە سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانی ئاسایی و رۆژانەی خۆیان بوون" . ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "بەداخەوە لەم روداوەدا سێ هەڤاڵی قارەمانی گەلەکەمان شەهیدکران و سێ هەڤاڵی دیکەشمان برینداربون، پرسە و سەرخۆشی ئاراستەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدەکان دەکەین". وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووەقوباد تاڵەبانی داوا لە  لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ دەکات بێنە سەرخەت و" کار بکەن بۆ رێگریکردن لەوەی جارێکیتر ئەو پێشێلکارییانە دووبارە نەبنەوە."  دەقی راگەیەندراوەکەی قوباد تاڵەبانی: بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی سەر هێزەکانی دژە تیرۆری کوردستان دەکەم لە ناحیەی عەربەت. ئەمە پێشێلکردنێکی دیکەی سەروەری خاکی عیراقە کە لەڕێی فرۆکەی بێ فرۆکەوانەوە ئەنجامدراوە بۆ سەر هێزەکانی دژە تیرۆر، لە کاتێکدا ئەو هێزە سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانی ئاسایی و رۆژانەی خۆیان بوون . بەداخەوە لەم رووداوەدا  سێ هەڤاڵی قارەمانی گەلەکەمان شەهیدکران و سێ هەڤاڵی دیکەشمان بریندار بوون. پرسە و سەرخۆشی ئاراستەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدەکان دەکەین و جەختدەکەینەوە کە؛ هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر هێزێکی قارەمانی کوردستان کە ئەرکیان پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کوردستانە و رۆڵێکی بنەڕەتیشیان هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا.  داوا دەکەین لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بێنە سەرخەت و کار بکەن بۆ رێگریکردن لەوەی جارێکیتر ئەو پێشێلکارییانە دووبارە نەبنەوە. هەروەها داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی کوردستان دەکەم لێکۆڵینەوەی ورد بکەن بۆ دەرخستنی تەواوی راستییەکان و ئاشکرا کردنیان بۆ رای گشتی خەڵکی کوردستان. قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران  

هاوڵاتی بافڵ تاڵەبانی "بە توونترین شێوە" سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت دەکات و دەڵێت، ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و سلێمانییە. بافڵ جەلال تاڵەبانی له‌ په‌یامێكدا له‌باره‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت، رایگه‌یاند، "بە توندترین شێوە سه‌ركۆنه‌ی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە سلێمانی دەکەین كە شەهیدبون و برینداربونی شەش پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری كوردستانی لێكەوتەوە". ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "‎ئەم کردەوە تاوانکارییە بەئاشکرا بەزاندنی سنوری هەرێم و عێراقە و لەچوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە کە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە". بافڵ تاڵەبانی پرسە و سەرەخۆشیی لە کەسوکار و خانەوادەی قوربانیان دەکات و دەڵێت، "‏‎وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان بۆ کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی هەر سێ شەهیدی قارەمانی دژەتیرۆر کە شەهیدی ئارامیی کوردستانن، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم. هەروەها دەستبەجێ داوای راگرتنی ئەم ھێرشانە دەکەین و داوا لە حکومەتی عێراقیش دەکەین کە ئەرکی دەستووریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عێراق بە کوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و چیتر رێگە بەم پێشلکارییانە نەدرێت."  بافڵ تاڵەبانی ‏‎داواش "لە هەموو دۆستانمان، وڵاتانی جیهان و سەرجەم ئازادیخوازان" دەكات هەڵوێستی جدییان هەبێت و "هاودەنگمانبن بۆ راگرتنی ئەم كردەوە تیرۆریستیانە، ئێمەی كورد كە لە ساڵانی رابردوودا پێشڕەوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆربووین و قوربانیی گەورەمان داوە، ناكرێت بكرێینە ئامانجی كردەوەی تیرۆریستیی لەمشێوەیە." سه‌رۆكی یه‌كێتی ئه‌وه‌شی نوسیوه‌، "‏‎پشت بەخوای گەورە و ئێوە پێکەوە بەسەر ئەم دۆخەشدا زاڵدەبین و بە یەكگرتووییمان سەقامگیریی لە هەرێمەكان بەرقەرار دەكەین و رووبەڕووی هەموو ئاڵنگارییەكان دەبینەوە".

هاوڵاتی پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت؛ بەتوندیی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییانە دەکەن کە ئەمڕۆ کرانە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت و، بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەولێرو، هەموو ئەو سنوربەزاندن و پەلاماردانانەیشی؛ لە ڕابردودا کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان. . هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ئه‌مشه‌و له‌ په‌یامێكدا له‌باره‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی كشتوكاڵی عه‌ربه‌ت، رایگه‌یاند، "بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ بەتوندیی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییانە دەکەین؛ کە ئەمڕۆ کرانە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت و بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەولێرو هەمو ئەو سنوربەزاندن و پەلاماردانانەیشی؛ لە ڕابردودا کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان". ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "هاوخەمیی و پەژارەو پرسەی فەرمیی خۆمان بۆ شەهیدانی ئەم ڕوداوە نەخوازراوانە دەردەبڕین و هیوای چاکبونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین". هەروەها داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات کۆتایی بە ناکۆکییە ناوخۆییەکان بهێنن و، خۆیان و وڵاتەکەمان لە هەر ململانێیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بەدوربگرن و شکۆو سەروەریی نیشتمانیی وڵات؛ بپارێزن.

هاوڵاتی دژە تیرۆری یەکێتی لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی فڕۆکەخانەی عەربەت رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: هەر لایەن و جاسوسێک هاوکاری ئەم هێرشەبوبێت،  رووبەڕووی سزای دەکەینەوە. دژە تیرۆری یەکێتی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ / ٩ / ٢٠٢٣ پاشنیوەڕۆ فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت لە سلێمانی لەلایەن داگیركەران و ناحەزانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان كرایە ئامانج كە بەداخەوە 3 هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری كوردستان شەهیدبوون و 3 پێشمەرگەی تریشمان برینداربوون". هەروەها هۆشداری دەدات "هەموولایەكی رووندەكەینەوە لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستیپێكردووە كە بەچاوساغی نۆكەرانی بێگانەو سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجام درا بێ سزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسوسێك هاوكاربووبێت رووبەڕووی سزاو یاساو ویژدانی نەتەوەكەمانی دەكەینەوەو تۆڵەی شەهیدەكانمان لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی گەشیان بەهەدەربڕوات". دەشڵێت "بۆ رایگشتی رووندەكەینەوە لەبەر سەلامەتی رێڕەوی لێكۆڵینەوەكان زانیارییەكان بە شاراوەیی دەهێڵینە وەو لەداهاتوودا راستییەكان بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئاشكرادەكەین".

لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی عەربەت، نۆ کەس کوژراون کە شەش کەسیان لە هێزی دژەتیرۆرن. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، نۆ کەس لە هێرشەکەی ئەمڕۆی فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت کوژراون کە شەش کەسیان سەر بە هێزەکانی دژەتیرۆرن و سێ کەسی تریش کە هێشتا دیار نییە سەر بە چ هێزێکن کوژراون. پێشتر سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەرێم بە هاوڵاتی راگەیاند، رووداوەکەی عەرەبەت بەهۆی تەقینەوەیەک بووە لەکاتی مەشقی چەند هێزێک و چەند شەهید و بریندارێک هەیە.

هاوڵاتی  ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، شەش کەس لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر فرۆکەخانەی عەربەت کوژراون.  رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی و بەرپرسێکی ناوخۆیی هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە بەبێ ئاماژەدان بە هۆکار و چۆنیەتی هێرشەکە.  پێشتر سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەرێم بە هاوڵاتی راگەیاند، رووداوەکەی فرۆکەخانەی عەرەبەت بەهۆی تەقینەوەیەک بووە لەکاتی مەشقی چەند هێزێک و چەند شەهید و بریندارێک هەیە.  ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد، هێزەکانی ئاسایش خەریکی لێکۆڵینەوەن لە روداوەکە. 

ئەندامێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە هاوڵاتی راگەیاند، کەسێک چووەتەسەر بارەگاکەیان لە هەولێر و تەقەی لە ئەندامێکیان کردووە، بەوهۆیەشەوە ئەو ئەندامە گیانی لەدەستداوە. ئەو ئەندامەی کەنەکە کە شەهیدکراوە ناوی "دەنیز جەودەت"ە و بەپێی وتەی سەرچاوەکە لە کاتژمێر دووی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر "ئەو کەسە تەقەی لە دەرگای بارەگاکە داوە و ئەویش دەرگاکەی کردووەتەوە و بە دەمانچە لە سەری داوە و رایکردووە، لە ئێستادا تەرمەکەی لە دادی پزیشکییە لەو هەولێر." هاوکات وتیشی، "دەنیز جەودەت ئۆفیسی کەنەکەی بەڕێوە دەبرد لە شاری هەولێر کە مۆڵەتی فەرمی هەیە لە هەرێمی کوردستان." کەنەکە دەڵێت روداوەکە هەوڵێکی تیرۆر بووە و لەبارەیەوە شکوروڵا حەمەدەمین، ئەندامی کەنەکە رایگەیاندووە،  "لەکاتێکدا کە تەنیا هەڤاڵ دەنیز لە بارەگا بووە، کەسێکى نەناسراوو چووەتە ژوورەوەو لەلای دەرگای بارەگاکە هەڤاڵ دەنیزی تیرۆر کردوە و هەڵهاتووە، بۆیە ئەمە کردەوەیەکی تیرۆری بووە."

هاوڵاتی  سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەرێم بە هاوڵاتی راگەیاند، رووداوەکەی عەرەبەت بەهۆی تەقینەوەیەک بووە لەکاتی مەشقی چەند هێزێک و چەند شەهید و بریندارێک هەیە.  ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد لە روداوەکە چەند شەهید و بریندارێک هەیە و هێزەکانی ئاسایش خەریکی لێکۆڵینەوەن لە روداوەکە.  ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لە فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت کەوتەوە و هاوڵاتیانی ناوچەکە دەڵێن گوێیان لە دەنگێکی بەهێز بووە. بەپێی هەندێ زانیاری سەرەتایی بە درۆن هیرش کراوەتەسەر فرۆکەخانەکە، بەڵام سەرچاوەکەی ئاسایش ئەو دەنگۆیەی پشتراستنەکردەوە و رەتیشینەکردەوە.