شێرکۆ جه‌وده‌ت بۆ ‌هاوڵاتى: ئه‌وانه‌ى باسى ریفۆرم ده‌که‌ن له‌ناو یه‌کگرتوو له‌وانه‌یه‌ پڕۆژه‌که‌یان ریفۆرمخوازیی نه‌بێت

10 مانگ لەمەوپێش



سازدانى: ئارا ئیبراهیم

ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کگرتوو ده‌ڵێت حزبه‌که‌ى له‌کۆنگره‌ى هه‌شته‌مدا ده‌یه‌وێت گه‌نجان بێنێته‌ پێشه‌وه‌و  ده‌بێت گۆڕانکارى جه‌وهه‌رى رووبدات.

شێرکۆ جه‌وده‌ت، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کگرتووى ئیسلامى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، ده‌ڵێت «هیچ کۆنگره‌یه‌ک ناتوانێت سه‌د له‌سه‌دى ده‌نگه‌ ناڕازییه‌کان کۆتایى پێ بهێنێت، گه‌شه‌کردنى یه‌کگرتووش به‌شه‌خسێک و دووان چاره‌سه‌ر نابێت».

هه‌روه‌ها جه‌خت ده‌کاته‌وه‌ تائێستا سێ که‌س خۆیان بۆ پۆستى ئه‌منیدارى گشتى یه‌کگرتوو کاندید کردووه‌و ئه‌وانیش (ئه‌بوبه‌کر کاروانى، هادى عه‌لى، هیوا میرزا) و ده‌شڵێت «مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین له‌کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى باسى ئه‌وه‌ى نه‌کردووه‌ خۆى کاندید ده‌کاته‌وه‌ یان نا».

ناوبراو باسى ئه‌وه‌ش ده‌کات ئه‌وانه‌ى خۆیان وا پێناسه‌ کردووه‌ که‌ ریفۆرمخواز بن، مه‌رج نییه‌ پڕۆژه‌که‌یان ریفۆرمى بێت.

هاوکات، ئه‌وه‌ش روونده‌کاته‌وه‌ که‌پڕۆژه‌یه‌ک هه‌یه‌ ژماره‌ى ئه‌ندامانى سه‌رکردایه‌تى یه‌کگرتوو له‌ (35) که‌سه‌وه‌ زیادبکرێت بۆ (41 یا 43) که‌س، ئه‌وه‌ش کۆنگره‌ بڕیارى له‌سه‌رده‌دات و یه‌کلایده‌کاته‌وه‌.

هاوڵاتى: یه‌کگرتوو (28 و 29)ی مانگ کۆنگره‌ ده‌به‌ستێت باس له‌وه‌ده‌کرێت سێ که‌س (ئه‌بوبه‌کر کاروانى، هادى عه‌لى، هیوا میرزا) خۆیان کاندیدده‌که‌ن بۆ پۆستى ئه‌منیدارى یه‌کگرتوو؟ ئایا سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین باسى ئه‌وه‌ى کردووه‌ خۆی کاندید ده‌کاته‌وه‌؟

شێرکۆ جه‌وده‌ت: مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین له‌کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تیدا باسى ئه‌وه‌ى نه‌کردووه‌ خۆم کاندید ده‌که‌مه‌وه‌، به‌ڵام ده‌رگاى خۆپاڵاوتن بۆ پۆستى ئه‌میندارو ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى تا رۆژى کۆنگره‌ کراوه‌ ده‌بێت، هه‌ر ئه‌و ناوانه‌ى جه‌نابتان باستان کرد باسى ئه‌وه‌یان کردووه‌ خۆیان بۆ پۆستى ئه‌میندارى گشتى یه‌کگرتوو کاندید ده‌که‌ن و تا رۆژى کۆنگره‌ بوار هه‌یه‌ بۆ خۆپاڵاوتن و تا ئه‌وکاته‌ش بوار هه‌یه‌ که‌سێک خۆى بکێشێته‌وه‌ له‌ خۆکاندیدکردنى.

هاوڵاتى: ئه‌بوبه‌کر کاروانى کاندیدى ئه‌میندارى گشتى بۆ کۆنگره‌ى هه‌شته‌مى یه‌کگرتوو، له‌چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى ده‌ڵێت ئاراسته‌ى جیاواز له‌ناو یه‌کگرتوودا هه‌یه‌و شکڵ و شێوه‌یان بۆ ئه‌م کۆنگره‌یه‌ گرتووه‌؟

شێرکۆ جه‌وده‌ت: مه‌سه‌له‌ى جیاوازى له‌بیروبۆچوون ئه‌سڵه‌ن ئه‌وه‌ زه‌روره‌ته‌و حاڵه‌تێکى سروشتییه‌، هه‌ر حزبێکى زیندوو بێت ده‌بێت بۆچوونى جیاوازى تێدا بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بۆچونى جیاوازى تێدا نه‌بێت نائاساییه‌.

وا نایبینم باڵێک له‌ناو یه‌کگرتوو بیه‌وێت ریفۆرم بکات و باڵه‌که‌ى دیکه‌ نه‌یانه‌وێت ریفۆرم بکرێت، ئه‌وانه‌ به‌دیدى من وا نییه‌، مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌وه‌ى ره‌خنه‌ى گرت ریفۆرمخوازه‌و ئه‌وه‌ى ره‌خنه‌ى نه‌گرت ریفۆرمخواز نییه‌و دژى ریفۆرمه‌و واى نابینم، مه‌سه‌له‌که‌ جیاوازی بیروبۆچوونه‌ بۆ کاراکردنه‌وه‌ى باشترکردنى یه‌کگرتوو، ئێستا ئه‌و جیاوازییه‌ یه‌کێک له‌گه‌ڵ که‌سێکى دیکه‌ جیاوازه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌وه‌ى ره‌خنه‌ى گرت پێى بوترێت ریفۆرمخوازى ناو یه‌کگرتوو، ئه‌وه‌ى ره‌خنه‌ نه‌گرێت دژى ریفۆرمه‌.

هاوڵاتى: به‌ڵام که‌ یه‌کگرتوو له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان له‌سه‌دا 50%ی ده‌نگه‌کانى که‌مى کرد، ئه‌وانه‌ى خۆیان به‌ ریفۆرمخواز ده‌زانى داواى له‌سه‌رکارلادانى ئه‌و که‌سانه‌یان کرد که‌به‌رپرس بوون له‌و شکسته‌و یه‌کگرتوو ئیجرائاتى نه‌کرد به‌رانبه‌ریان؟

شێرکۆ جه‌وده‌ت: ئه‌و مه‌وزوعى ریفۆرمخوازو نا ریفۆرمخوازه‌ ته‌عبیرێکى هه‌ڵه‌یه‌، ئه‌وانه‌ى باسى ریفۆرمخوازى ده‌که‌ن له‌ناو یه‌کگرتوو پڕۆژه‌که‌یان له‌وانه‌یه‌ ریفۆرمخوازى نه‌بێت، ئه‌وه‌ش حاڵه‌تێکى ته‌بیعییه‌ زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى کۆنگره‌ یه‌کلایده‌که‌نه‌وه‌و ده‌نگى له‌سه‌ر ده‌ده‌ن، کۆنگره‌ نوێبوونه‌وه‌یه‌و ئه‌ندامانى کۆنگره‌ زۆرینه‌ به‌کام لادا ده‌که‌وێت ئه‌وه‌ سه‌رده‌که‌وێت.

گۆڕانکارى جه‌وهه‌رى ده‌بێت له‌ناو یه‌کگرتوودا رووبدات، یه‌کگرتوو هه‌موو ده‌رئه‌نجامه‌کانى ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ که‌بوترێت که‌موکوڕییه‌کانى خۆى بووه‌، به‌ڵام دۆخه‌که‌و واقعه‌که‌ دافعى سه‌ره‌کى بووه‌، خۆمان ده‌زانین له‌هه‌رێمى کوردستاندا شتێک نییه‌ به‌ناوى سیاسه‌تکردن به‌دامه‌زراوه‌یى، سیاسه‌تکردن لاوازە وه‌کو حکومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌روه‌رى یاسا، هێشتا له‌هه‌رێمى کوردستاندا نه‌گه‌شتووین به‌هه‌نگاوى دیموکراسى.

هاوڵاتى:ده‌وترێت سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین جێگرى قبوڵ نییه‌، به‌ڵکو یاریده‌ده‌رى قبوڵه‌ بۆ ده‌ڤه‌ره‌کانى سلێمانى و هه‌ولێرو دهۆک، کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ ده‌سه‌ڵات و ئه‌رکه‌کان دابه‌ش بکرێت؟

شێرکۆ جه‌وده‌ت: کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ یه‌کگرتوو زیاتر موئه‌سه‌ساتى و به‌دامه‌زراوه‌یى ئیش بکات، گه‌شه‌کردنى یه‌کگرتوو به‌شه‌خسێک و دووان چاره‌سه‌ر نابێت.

کارى دامه‌زراوه‌یى یانى دابه‌شکردنى ئه‌رک و ده‌سه‌ڵاته‌کان و دابه‌شکردنى کاره‌کان که‌بڕیارى جه‌ماعى و میهه‌نییه‌ت بێت و داڕشتى پلان و ستراتیژ بگرێته‌وه‌و پێکه‌وه‌ کارکردن له‌خۆده‌گرێت، ئه‌وکاته‌ دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌شه‌خسه‌نه‌ دروستده‌بێت و دوور ده‌بێت له‌بڕیارى تاکه‌که‌سى.

هاوڵاتى: تاچه‌ند کۆنگره‌ى هه‌شته‌مى یه‌کگرتوو ده‌نگى ناڕازى کادرانى یه‌کگرتوو کۆتایى پێده‌هێنێت؟

شێرکۆ جه‌وده‌ت: هیچ کۆنگره‌یه‌ک ناتوانێت سه‌د له‌سه‌دى ده‌نگه‌ ناڕازییه‌کان کۆتایى پێبهێنێت، چونکه‌ جارى واهه‌یه‌ له‌وانه‌وه‌ ناڕازییه‌که‌ هه‌ندێک زانیارى لا نه‌بێت که‌تێده‌گات ناڕه‌زایه‌تییه‌که‌ى نامێنێت، یا جارى واهه‌یه‌ ناڕازییه‌که‌ له‌سه‌ر حه‌قه‌و پێویسته‌ گوێى لێبگیرێت، به‌ڵام ره‌نگه‌ بوارو ئیمکانیات نه‌بێت بۆ ره‌واندنه‌وه‌ى ناڕه‌زایه‌تییه‌که‌ى، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئایا کۆنگره‌ى یه‌کگرتوو ده‌بێته‌ پێچێکى گرنگ له‌داهاتووى یه‌کگرتوودا به‌ره‌و کارابوون و کاریگه‌رى زیاترى هه‌بێت له‌ساحه‌که‌یا، ئه‌و ئامانجه‌ گرنگه‌ به‌رجه‌سته‌ ببێت.

هاوڵاتى: چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ک پێشکه‌ش کراون که‌ژماره‌ى ئه‌ندامانى سه‌رکردایه‌تى یه‌کگرتوو له‌ (35) که‌سه‌وه‌ بۆ (41 یا 43) که‌س زیاد بکرێت، ئه‌مه‌ له‌پێناو هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى گه‌نجانه‌ یا کپکردنه‌وه‌ى ده‌نگى ناڕازییه‌کان؟

شێرکۆ جه‌وده‌ت: پڕۆژه‌یه‌ک هه‌یه‌و بایه‌خدانى سه‌رکردایه‌تى یه‌کگرتووه‌ به‌هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى گه‌نجان، ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى ژماره‌یان زیادبکرێت و له‌کۆنگره‌دا بڕیارى له‌سه‌ر ده‌درێت و ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ به‌شێک له‌په‌یڕه‌و له‌کۆنگره‌دا، زیادکردنى ئه‌ندامانى سه‌رکردایه‌تى (41 بۆ 43) که‌س باس ده‌کرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار