په‌رله‌مانتارێکى یه‌کگرتوو بۆ هاوڵاتى: سکاڵام له‌سه‌ر شه‌ش که‌سى پارتى تۆمارکرد

یه‌کێکیان په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى پارتییه‌

3 مانگ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

په‌رله‌مانتارێکى یه‌کگرتوو ئاشکراى ده‌کات که‌ سکاڵاى یاسایى له‌سه‌ر شه‌ش که‌س تۆمار کردووه‌ که‌ یه‌کێکیان مه‌لا جیهاد ئه‌ندامى فراکسیۆنى پارتییه‌و ئه‌وانى دیکه‌ کارمه‌ندى ئاسایش و فریاکه‌وت و کارمه‌نی کارگێرین.

‌ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ هه‌ڵز ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" دواى ئه‌وه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا له‌ ژماره‌یه‌ک لێدوان و چاوپێکه‌وتنى ڕۆژنامه‌نووسیدا به‌رپرسه‌ پارتییه‌کانى دهۆک تۆمه‌تى جیاجیان بۆ دروست کردووم ئه‌مڕۆ سکاڵام له‌سه‌ر شه‌ش که‌س تۆمار کردووه‌ له‌ دادگاى دهۆک".

ناوبراو وتیشى:" سکاڵاکان له‌سه‌ر تۆمه‌تى خیانه‌ت و قسه‌ى ناشرین له‌لایه‌ن دوو کارمه‌ندى پۆلیسى موکافه‌حه‌(فریاکه‌وتن) و کارمه‌ندێکى دیکه‌ى ئاسایشه‌ له‌گه‌ڵ دوو کارمه‌ندى کارگێرى".
هه‌روه‌ها هه‌ڵز ئه‌حمه‌د جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ سکاڵاى یاسایى له‌سه‌ر مه‌لا جیهاد، ئه‌ندامى فراکسیۆنى پارتى تۆمار کردووه‌ که‌ له‌ که‌ناڵه‌کانى K24 و که‌ناڵى رووداو باسى کردووه‌ که‌ خانوو سه‌یاره‌م هه‌یه‌، وتیشى:" ئه‌وانه‌ وا ده‌زانن خۆیان به‌ حوشتر هاتوچۆ ده‌که‌ن و ئێمه‌ به‌ ئوتومبێل".

په‌رله‌مانتاره‌که‌ى یه‌کگرتوو ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ هێشتا هه‌ندێ که‌ناڵى راگه‌یاندن ماون که‌ سکاڵایان له‌سه‌ر تۆمار بکات، وتیشى:" به‌ڵگه‌م هه‌یه‌و له‌ لایڤێکدا ئه‌و کارمه‌ندانه‌ ده‌رده‌که‌ون که‌ ته‌خوینم ده‌که‌ن و قسه‌ى نه‌شیاو ده‌ڵێن و تۆمه‌تبارم ده‌که‌ن به‌وه‌ى ئیش بۆ وڵاتێکى ئیقلیمى ده‌که‌م".

هه‌ڵز ئه‌حمه‌د، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ رێکاره‌ یاساییه‌کانى به‌رده‌وام ده‌بێت، وتى:" کارمه‌نده‌که‌ى ئاسایش ته‌له‌فونى بۆ کردووم و بێ منه‌تى ده‌ربڕیوه‌ له‌وه‌ى که‌ سکاڵاى یاسام له‌سه‌ر تۆمار کردووه‌، ئه‌مانه‌ ئه‌گه‌ر که‌سێکى گه‌وره‌ له‌ پشتیانه‌وه‌ نه‌بێت ناتوانن ئه‌وا قسه‌ بکه‌ن".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار