پڵنگ زیادبووە و شێرەکەی بازیانیش ھەڵاتووە.. کەسێکی‌تر گوێی لەنەڕەی شێرەکە بووە

پۆلیس دەڵێت بڵنگ روو لەزیادبوونە بەڵام پێدەچێت شێرەکەی بازیان هەڵهاتبێ، یان بەرەڵاکرابێ چونکە خاوەنەکەی بۆی بەخێونەکراوە

یەک مانگ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی، لاڤین مەحمود

پۆلیس دەڵێت پێدەچێت شێرەکەی بازیان کەفەیسبوکی تەنیوە، لەباخچەی سەرمایەدارێک هەڵهاتبێ، یان بەرەڵاکرابێ، چونکە بۆیان بەخێونەکراوە، رێکخراوێکی سروشتی رەخنە دەگرێت لەشێوازی گەڕان بەدوای شێرەکەدا لەڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە لەکاتێکدا تیمی ڤێتەرنەرییان لەگەڵ نەبووە.

دوای ئەوەی پیاوێکی بەتەمەن لەگەڵ هاوژینەکەی لەگوندی چاڵەڕەشی سنوری شارۆچکەی بازیان شێرێک دەبینن هەرزوو پۆلیسی دارستانی لێ ئاگادار دەکەنەوە، دواتر پۆلیسی دارستان لەڕێگەی فڕۆکەوە دەگەڕێن بۆ شێرەکە، ماوەی چەند رۆژێکە ئەم بابەتە بۆتە باسی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لەلایەن هاووڵاتیانی ناوچەی سنوری بازیان ترسی دروستکردووە.

هێمن کەمەرخان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێکیدا بەهاوڵاتی وت «تائێستا نازانین ئەم شێرە لەکوێیە، بەڵام بەپێی بوچوونەکانی خۆمان ئەگەری هەیە هی سەرمایەدارێک بووبێت لەباخی ئەو هەڵهاتبێت».

شایەتحاڵەکان بەپۆلیسی دارستانیان وتووە شێرەکە فێری دەستەخۆری بووە هاوشیوەی ئاژەڵی تری ماڵی، بۆیە پۆلیس پێیوایە کە پێدەچێت شێرێکی دڕندە نەبێت و ماڵی بێت.

هێمن باسی لەوەشکرد کەئاگادارن لەسنوری دهۆک و سلێمانی سەرمایەدار هەیە کە باخی هەیەو پێدەچێت ئاژەڵی پڵنگ یان شێریان کڕیبێت بۆ بەخێوکردن.

رێکخراوێکی سروشتی رەخنە دەگرێت لەشێوازی

گەڕان بەدوای شێرەکەدا لەڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە

 

جگە لەو پیاوە جوتیارەی کە دەڵیت لەنزیک بازیان بینیویەتی، بەپێی وتەی پۆلیس دارستان رۆژێک دواتر کەسێکی تر لەگوندەکانی نزیک تەیناڵ لە رۆژئاوای سلێمانی گوێی لەنەڕەی بووە، ئەوە تەنها دوو بەڵگەیە کە پۆلیس پشتی پێ دەبەستێت.

هێمن کەمەرخان وتی «تاوەکو ئێستا لەگەڕانداین و مەفرەزەکانمان بەدوایدا دەگەڕێن، دووبارە بەکۆپتەرەکە خۆم جارێکی تر بەدوایدا دەگەڕێم، ئێمە بەردەوام کێوماڵی ئەو شوێنانە ئەکەین کەئەگەری هەیە شێرەکەی لێبێت».

ئەگەرچی هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی شاخاوییە بەڵام کەمتر گیانداری دڕەندەی لێیە بەوپێیەی خەڵکی هەمیشە لەناوچەکاندا نیشتەجێبوون، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا پڵنگ دەرکەوتوون.

بۆ یەکەمجار لەساڵی 2011 پڵنگێکی دەگمەن لەو کامێرایانەدا دەرکەوت کەڕێکخراوی سروشتی عێراق ریکۆردی کردبوو، دوای گەڕانێکی زۆر لەڕێگەی کامێرای جێگیرکراو بۆ دۆزینەوەی ئاژەڵی کێوی لە یاکانی کوردستان، دوای چەند ساڵێک یەکێ لەو پڵنگانە بەکوژراوی لەناوچەی چیای پیرەمەگرون دەدۆزرێتەوە.

پۆلیسی دارستانی سلێمانی دەڵێت لەسنووری بەڕێوبەرایەتیەکەیان پڵنگ بوونی هەیەو رووی لەزیادبوون کردووە، بەڵام جاری یەکەمە کە دەبیستن لەم سنورەدا شێر هەبێت، هەروەها پڵنگ لەسنوری گوندی گلیانە لەسنوری هەڵەبجەو قەرەداغ و پیرەمەگرون بینراون.

لەچەند مانگی رابردوودا پڵنگێک لەپیرەمەگرون کوژرا دوای ئەوەی هاووڵاتیەک زیان بەر مەڕوماڵاتەکەی کەوتبوو لەناوچەکە زەهری کردبوو بەپارچەیەک گۆشتەوە بۆ گورگەکان، بەڵام پڵنگەکە خواردبووی.

هێمن کەمەرخان وتی «هەندێک لەو سنورانەی کەگومان دەکرێت هەندێک لەو ئاژەڵانەی لێدەژیت ناومان ناون ئاژەڵی شەرمن، تەنها لەکاتی شەودا بۆ نێچیرەکەی خۆی دەردەچێت، ئەویش خۆی دەپارێزێت لە دەستی مرۆڤەکان، هیچیان زەرەروزیانیان بەر هاووڵاتی نەگەیاندووە، تەنها گورگ و ئەو پڵنگەی لەو سنورەدا کە باسمکرد مەڕوماڵاتی خواردبوو».

رێکخراوی سروشتی عێراق لە 2004ەوە دامەزراوەو لە ٢٠٠٧-ەوە لەکوردستاندا کاردەکەن و لەساڵی ٢٠١١ بۆ یەکەم جار وێنەی پڵنگیان ریکۆرد کرد لەسنووری پارێزگای سلێمانی.

هانا ئەحمەد رەزا، بەڕێوەبەری پڕۆژەی پاراستنی گیاندارە شیردەرەکان لەڕێکخراوی سروشتی عێراق بە هاوڵاتی وت «دیارە ئەم شێرە سروشتیی نیە، یان لەباخچەی کەسێکەوە هەڵهاتووە، یاخود ئەو کەسەی خاوەنی بووە چیتر نەیتوانیوە بەخێوی بکات بەهۆکاری ئەوەی شێر پێویستی بەخواردنی زۆرە، یان کە حەجمی گەورە دەبێت رەنگە مەترسی زیاتر بێت بۆ خاوەنەکەی و کەسێکیان نەدۆزیبێتەوە رایبگرێت و چەندین هۆکاری شاراوەی تریش هەیە کەئێمە نایزانین».

وتیشی «خەڵکەکە زۆر دڵنیان لەوەی کە بینیویانە شێرە، ئەگەر وابێت چەندین لێکەوتەی لێ دەبێتەوە، یەکێک لەوانە مادام فڕۆکە جوڵێنرابوو نەدۆزراوەتەوە، دیارە شێرەکە توانای ئەوەی هەیە خۆی بشارێتەوە یاخود ئەوانەی گەڕاون نەیانزانیوە پشکنینەکە بکەن، بۆیە نەدۆزراوەتەوە».

هەروەها وتی «هەموو گیانەوەرێک ئەگەر دەستەمۆش بکرێت توانای ئەوەی هەیە پارێزگاری لەخۆی بکات و لەهەر شوێنێک هەست بەمەترسی بکات پەلاماردەدات، چارەسەری ئەوەی کە بگیرێت و بەڕەڵا بکرێتەوە لەشوێنێکی دوورەدەستدا، ئەوە چارەسەر نیەو ناشبێت بکرێت، چونکە ژینگەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بۆ شێر گونجاو نیە.»

ئاماژەی بەوەشکرد «هەر گیانەوەرێک دەستەمۆ بکرێت پێویستە لەسەر ئەوکەسە کە خواردنی بۆ بهێنێت، چیتر کە لەسروشتدا نەبووبێت فێر نەکراوە کە چۆن راوی خواردن بکات، لەبەرئەوەش کەخواردنی ئەمان گۆشتە بەتەنها ئاسان نیە بمێننەوە، یان بەبێ ئەوەی خواردنێکیان دەستبکەوێت بژین، ئەگەر برسی بێت ئەگەری هەیە ببێتە کێشە، رەنگە بچێتە ناو ماڵەکانەوە بۆ ئەو ئاژەڵانەی خەڵکەکە رایانگرتووە، لەوکاتەدا بەرکەوتەی لەگەڵ خەڵکەکەدا دەبێت و ئەوە خۆی مەترسییە، ئەگەریش خواردنی دەستنەکەوێت مردار دەبێتەوە».

جەختی لەوەشکردەوە کەپێویستە گرتنی ئەو شێرە بەشێوەیەکی زانستی بێت و نەبێتە سترێس بۆ شێرەکە، «ئەگەر بدۆزرێتەوە ئەو تیمی فڕۆکانەی کە دانرابوو زۆر هەڵەبوو، لەبەرئەوەی تیمی ڤێتەرنەرییان لەگەڵدا نەبوو، ئەگەر شێرەکەیان بدۆزیایەتەوە من نازانم کە چیان دەکرد، یەعنی تەقەیان لێدەکردو دەیانکوشت یان شەبەکەیان بۆ فڕێدەدا».

وتیشی شیوازی گەڕانەکە بەدوایدا «هەڵە بووە» چونکە ئەگەر سترێسی بۆ دروست بکرێت رەنگە مرداربێتەوە.

 رەخنەشی لەوەگرت کەتیمەکە پزیشکی ڤێتەرنەرییان لەگەڵ نەبوو بۆ بێهۆشکردن.

هەروەها وتی «سەیرم لێدێت لەیەکەم رۆژ کۆپتەریان بەرزکردۆتەوە، ئیتر ئێستا هیچ هەواڵێکی تر نیە».

وتیشی «ئێمە وەک رێکخراوی سروشتی عێراق چەندین دەورەمان کردۆتەوە بۆ پسپۆڕانی ڤێتەرنەری مامۆستای زانکۆی ڤێتەرنەری کە چۆن گیانەوەری کێوی بێهۆش بکەن».

شێر (١٠ بۆ ١٥) رۆژ دەتوانێت بێ خواردن بژێت، هانا وتی «ئەگەر خواردنیش بخوات دەبێت خەڵکی سنورەکە بزانێت کە ئاژەڵیان خوراوەو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداربکەن، تەنها چارەسەر بۆ ئەوەی ئەو شێرە بگیرێتەوە ببرێتە کوێ، ئەوە نابێت بگەڕێنرێتەوە سروشت».

بەوتەی رێکخراوەکە شێر لەساڵی (50)کانیشەوە لەعێراق و کوردستان نەبینراوە، چونکە ژینگەکەی لەبار نیەو حەزیان لەشوێنی نزماییەو چاویان دورببینێت بۆ بینینی نێچیرو شوێنکەوتنی نەک کەژو کێو.

ئەو رێکخراوە ماوەی چەند ساڵێکە کامێرای جێگیر دادەنێن بۆ بینینی گیاندارە دەگمەنەکان.

سەربارەت بەکامێرای جێگیرکراو بۆ ئاژەڵە کێوییەکان هانا وتی «لەبەرئەوەی گیاندارەکە سەری لێتێکچووە بەردەوام ئەڕوات ئەگەر کامێرای شاراوەشی بۆ دابنێیت ئەوە زەحمەتە بگەڕێتەوە، ئەگینا کامێرای شارەوامان هەیەو بەردەوام دەبێت چاودێری بکرێت و رەنگە کامێراکانیش بدزرێن، ئێمە بەکامێراکانمان نزیکەی (١٥) جۆر شیردەرمان وێنە گرتووە لەهەرێم و عێراقیش تەنها گیانەوەری پشیلەی حەجم گەورە پڵنگە».

نۆ ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکم جار توانرا وێنەی یەکەم بڵنگ بگیرێت لەلایەن رێکخراوێکی تایبەت بەگیانداران لەناوچەی قەرەداغ.

سەبارەت بەو پڵنگەی پیرەمەگرون کە لەماوەی رابردوو کوژرا، وتی «ئەو پڵنەگەش رەنگە هەواڵەکە وا دیاربێت کە یەکەم جارە پڵنگ دۆزرابێتەوە بەڵام بۆ شاخی پیرەمەگرون یەکەم جارە پڵنگمان ریکۆرد کردبێت هەتا نەشگەڕێیت نازانیت چەنێک هەیە، بەتایبەت پڵنگی نێرە ماوەی دوورودرێژ دەڕۆن و لەیەک شوێن بەتەنها نامێننەوە»

وتیشی «ئەمانە رەنگە تەنها پیایدا رۆشتبن نەمابنەوە، ئاسان نیە بێ بەدواداچوون بڵێیت ئەم پڵنگە هی پیرەمەگرونە، رەنگە لەشاخی ترەوە هاتبێت، دەمێکە دەزانین لەزنجیرە چیای ئاسۆس خەڵک پڵنگیان بینیوە گوێیان لێببوە، لەبەرئەوە پڵنگ خواردنی سەرەکی ئاژەڵی کێوییەو لەهەر شوێنێک ئاژەڵی کێوی هەبێت بەتایبەتی دارستانی چرو بەردەڵانی سەختی لێبێت ئەگەری هەیە کەپڵنگیش بەکاری بهێنێت و پیایدا بڕوات و بۆ مێینە بگەڕێت، بەڵام ناتوانیت بێ داتا بڵێیت کە لەوێ دەمێنێتەوە».

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار