پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لەتوركیادا گەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار

لەسایەی ئەردۆغان و باغچەلی لەهەفتەی رابردوودا 123 بەرپرس و ئەندامی هەدەپە دەستگیركراون

3 ساڵ لەمەوپێش




 

هێمن حەسەن

 

لەسایەی ئەردۆغان و باغچەلی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لەتوركیادا گەیشتووەتە ئاستی مەترسیدارو زیاتر لە (16) هەزار بەرپرس و ئەندام و لایەنگرانی هەدەپە لەزیندانەكانی توركیادان و رۆژانە دەیانی دیكەیان لێ دەستگیردەكرێت.

تا دێت فشارەكان و دەستگیركردنی بەرپرس و پەرلەمانتارو ئەندامانی پارتی ئاشتی و دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەتوركیا فراوانتر دەبێت، ئەردۆغان بەپۆلیس و دادگا رووبەڕووی ئەو پارتە بووەتەوە، بەڵام هەدەپە رووبەڕووی ئەو هەوڵانە دەبێتەوە.

لەدوای پڕۆسەی ئاشتی لەتوركیاو بەدیاریكراویش لەدوای كوژرانی دیلەكانی توركیا لەچیای گارە لەسەرەتای ئەمساڵدا حكومەتی توركیا بەبڕیاری رەجەب تەیب ئەردۆغان هەڵمەتێكی فراوانی دەستگیركردنی بەرپرس و پەرلەمانتارو ئەندامانی هەدەپەی دەستپێكردووە.

لەئێستادا هەڵمەتی دەستگیركردنی هەدەپەییەكان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی و رۆژ بە رۆژیش ئەو فشارانە فراوانتر دەبێت و دۆسییەكی (٦٠٠) لاپەڕەیی لەدادگای دەستوری توركیا لەدژی ئەو پارتە كراوەتەوە.

لەیەك هەفتەی رابردوودا تائێستا (١٢٣) بەرپرس و ئەندامی هەدەپە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە كە لەناویان پەرلەمانتار»فاروق گەرگەرلی ئۆغڵو» هەیە، ئەمە تازەترین هەڵمەتی دەستگیركردنی هەدەپەییەكانە.

فەلەكناس ئۆجای كە پەرلەمانتاری هەدەپەیە لەپەرلەمانی توركیا باس لەوە دەكات كەهەڵمەتی دەستگیركردنی بەرپرس و ئەندامانی هەدەپە بڕیاری سیاسییەو لەلایەن ئەردۆغانەوە دەردەچن و دادگاكانیش بۆ دژایەتی گەلی كورد بەكاردەهێنێت، پێشیوایە تەنیا كورد لەژێر ئەو هەڵمەتەدا نییە، بەڵكو هەموو لایەنە كۆمەڵایەتییەكان و سیاسییەكانی دەرەوەی ئەكەپە لەژێر هێرشدان.

 فەلەكناس ئۆجا لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»لایەنگرانی هەدەپە لە لایەنگرانی هەموو پارتەكانی تر بەرپرسیار و هۆشیارترن، زیندان گەلی ئێمەی نەترساندوەو ناشی ترسێنێت، ئێوە بینیتان نەورۆزی ئەمساڵ بەملیۆنان كەس لە هەموو توركیا لەگۆڕەپانەكاندا دژایەتی سیاسەتەكانی زوڵم و ستەمیان كردو پشتگیرییان لەهەدەپە كرد.»

بەپێی ئامارێك كە هاوڵاتى لەژووری ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی هەدەپە وەریگرتووە لەدوای كۆتایی هاتنی پرۆسەی ئاشتی لەتوركیاو لەساڵی 2015ەوە لەباكوری كوردستان (16) هەزار و (600) بەرپرس و پەرلەمانتارو سەرۆك شارەوانی و ئەندامی پارتەكە دەستگیركراون.

لەو ژمارەیە سێ هەزار و (٦٩٥) ئەندامی پارتەكە لەزینداندان كەتێیاندا (٩٣) سەرۆك بەشی ویلایەت و (١٩٤) سەرۆك بەشی بەڕێوەبەرایەتییەكان، (١٩) ئەندام پەرلەمانتاری ئێستاو پێشووی و (٢٣) ئەندامی كۆمەڵەی جێبەجێكردن، (٢٥) ئەندام لە ئەنجومەنی پارتەكەو زیاتر لەهەزارو (١٥٠) سەركردە لەلقەكانی هەدەپە لەشارو شارۆچكەكان و كەسانی دیكەی ئەو پارتەی تێدایە.

لەئێستادا بە بڕیاری حكومەت و پەرلەمانی توركیا حەوت پەرلەمانتار و (١٥) ئەندامی لیژنەی جێبەجێكردنی هەدەپەی وەك بارمتە گرتووەو كارەكانیان راگیراوە، ئەوانیش لەژێر هەڕەشەی دەستگیركردن و دوورخستنەوەدان.

وەزارەتی ناوخۆی توركیا زیاتر لە (100) ئەندامی پارتەكەیان لەئەنجومەنی شارەوانیەكان لەپۆستەكانیان دوورخستووەتەوە و (١١٩) ئەندامی دیكەشیان لەشارەوانییەكان دەستگیركردووە و دووانیشیان لێ زیندانی كردوون.

رەمزیە یاشار سەرۆك شارەوانی یوكسەكۆڤا بووەو ئێستا لەكارەكەی دوورخراوەتەوە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت» هەدەپە سەركەوتنی مەزنی لە شارەوانیەكان بەدەستهێنا، بەڵام ئەكەپە شارەوانییەكانی داگیركردو كوتادەی بەسەر دەنگی گەل و دیموكراسیدا كرد، هەموو ئەمانە داگیركارین و ترسە لەهەپەدەپە».

هەروەها یاشار پێشیوابوو دوورخستنەوەی سەدان سەرۆك شارەوانی و دەستگیركردنیان گەلی كورد لەهەڵبژاردنی داهاتوو سارد ناكاتەوەو ناشی ترسێنێت، بۆیە پێشبینی دەكات كە ئەمجارە هەدەپە سەركەوتنی زیاتر تۆمار دەكات و هاوپەیمانیەتی ئەپەكەو مەهەپە تووشی شكستی گەورە دەبنەوە.

سەرەتای مانگی رابردوو داواكاری گشتی كۆماری داوای دۆسییەكی دیكەی لەدژی هەدەپە كردەوە كە رێگە بەچالاكی سیاسیی (600) كەس نەدرێت كە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار هاوسەرۆكانی هەدەپەشی تێدایە.

لەدۆسییەكەدا داوا كراوە ماوەی پێنج ساڵی تەواو چالاكی و كاری سیاسی لە (600) سیاسی كورد قەدەغە بكرێت كە لەنێویاندا ئەم كەسانە هەن، سەڵاحەدین دەمیرتاش، سڕی سورەیا ئۆندەر، سەباحات تونجەل، فیگەن یوكسەكداغ شەنئۆغڵو، پەروین بوڵدان، سەزای تەمەللی، میتحەت سانجار، مەرال دانش بەشتاش، نورسەل ئایدۆغان، سەلما ئرماك، ئەرتوغرول كویركچو، ئایهان بیلگەن، لەیلا زانا و ئەحمەد تورك.

هەر بەپێی ئەو ئامارەی كە لەهەدەپەوە دەست هاوڵاتى كەوتووە لەدوای ساڵی ٢٠١٥وە نزیكەی (300) هەزار گەنجی كورد لەباكوری كوردستان بەهۆی هەڕەشەو فشارەكانەوە روویان لەئەوروپاو هەرێمی كوردستان كردووە كە لەناویاندا (170) هەزاریان ئەندامی هەدەپە بوون و پەرلەمانتاریشیان تێدایە كە ناسراوترینیان» عوسمان بایدەمیر»ە.

رۆژنامەی حوڕیەتی توركی مانگی شوباتی ئەمساڵ بڵاویكردەوە كە وەزارەتی ناوخۆی توركیا دەستیكردوە بەدروستكردنی دوو زیندانی گەورە، یەكێك لەشاری ئامەدی باكوری كوردستان و ئەوی تریش لە ئەستامبوڵ كە جێگای سەدان هەزار زیندانی دەبێتەوەو دەبنە گەورەترین زیندانی توركیا.

عومەر چەلیك ئەندامی رێكخراوی مافی مرۆڤ لەشاری ئامەد لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت» پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لەتوركیادا گەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار، خەڵكانێكی زۆر بەتایبەت گەلی كورد بەناڕەواو بەیاسایەكی سیاسی دەخرێنە زیندانەوە، كاتێكیش زیندانی دەكرێن و نادادپەروەرانە حكوم دەدرێن، لەزینداندا لە هەموو مافێك بێبەشە».

 چەلیك جەختی لەوەكردەوە لەزیندانەكاندا كە زۆرینەیان كوردن لەهەر ژوورێكدا سێ ئەوەندەی رێژەی ئاسایی خۆی زیندانی تێكراوەو زیندانییەكان لەبارودۆخێكی خراپ ژیان بەسەردەبەن بەهۆی نەبوونی جێگاوە.

تەنیا لەمانگی رابردوودا پەرلەمانی ئەوروپا سێ جار داوای لەتوركیا كرد كەهەڵمەتی دەستگیركردنی هەدەپە رابگرێت و سەڵاحەدین دەمیرتاش و پەرلەمانتارەكانی دیكە ئازاد بكات، هاوكات دادگای یەكێتی ئەوروپا مانگی رابردوو دووجار بڕیاری بێتاوانی دەمیرتاشی دەركرد، بەڵام توركیا رەتیكردەوە ئازاد بكرێت.

هەفتەی رابردوو جارێكی دیكە دادگای سزا قورسەكانی ئەدەنە سزای چوار ساڵ و شەش مانگ زیندانی بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش پەسند كرد، هاوكات داواكاری گشتی توركیا داوای سەپاندنی شەش ساڵ و هەشت مانگ زیندانی بۆ پەرلەمانتاری هەدەپە «فاروق گەرگەرلی ئۆغڵو» دەكات كەهەفتەی رابردوو دەستگیركرا.

ئیبرو جونای وتەبێژی هەدەپە ئاماژە بەوە دەكات كە هەڵمەتێكی دەستگیركردن و توندوتیژی ناڕەوا لەسەر پارتەكەی هەیە و زیندانەكانی توركیا پڕكراون لەئەندامانی هەدەپەو ئازادیخوازانی كورد.

ئیبرۆ جونای لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»دەسەڵاتی ئەكەپەو مەهەپە دەیەوێت سیاسەت و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی توركیا بێ هەدەپە دیزاین بكات، چونكە ئەوان دەزانن ئەگەر هەدەپە هەبێت ناتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوو سەركەون، بۆیە ئەوان هەڵمەتی دەستگیركردن و داخستنی هەدەپە بەڕێوە دەبەن».

هاوكات وتەبێژەكەی هەدەپە ئەوەشی دووپاتكردەوە كەچەند هەڵمەتی دەستگیركردن و زیندانیكردن لەسەر هەدەپە بێت دەستبەرداری پارتەكەو مافەكانی گەلی كورد نابن و ئامادەن تادوا ئەندامیان بچنە زیندان بۆ بەرگریكردن لەمافی گەلی كوردو رووبەڕووبوونەوەی سیاسەتەكانی ئەردۆغان و باخچەلی.

هەڵمەتی دەستگیركردنی بەرپرس و ئەندامانی هەدەپە بەشێوەیەكی بەرنامە بۆداڕێژراو لەدوای كودەتاكەی 2016وە دەستیپێكرد، سەرجەمی بیانووی ئەو هەموو دەستگیكردن و دورخستنەوەو زیندانیكردنەش تۆمەتی هاوكاریكردن و بانگەشەكردن و ئەندام بوونە لەپارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كە توركیا لەدژی بەرپرسانی هەدەپە لەپۆستە حكومییەكاندا بەكاریدەهێنێت

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار