ئەو رۆژنامەنووسە هۆڵەندیەی لەسەر پەکەکە دەستگیرکرا بۆ ‌هاوڵاتی دەدوێت

«پەکەکە لەئێستادا خەونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی تێپەڕاندوە»

فرێدریکە گیردینک

6 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: ‌هاوڵاتی

فرێدریکە گیردینک، ژنە ڕۆژنامەنوس و نوسەرێکی هۆڵەندیە و بۆ ماوەی نزیکەی 10 ساڵ تەنها ڕۆژنامەنوسی بیانی بوە کە لەشاری ئامەدی باکوری کوردستان جێگیربووە. دوای دەستگیرکردن و دەرکردنی لەتورکیا لەساڵی ٢٠١٥دا، دووبارە دەگەڕێتەوەو لە ٢٠١٦دا وەک ڕۆژنامەنوسێکی بیانی ماوەی ساڵێک لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە بەسەردەبات. لەئێستادا کتێبێکی بەناوی «ئەم ئاگرە هەرگیز نامرێت – ساڵێک لەگەڵ پەکەکە» بڵاوکردۆتەوە کە لەمانگی پێنجی ئەمساڵدا بەزمانی هۆڵەندی چاپکراوە.

ئەم کتێبەی دەبێت بەدوەم کتێبی لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بەدۆزی کورد، پێشتر کتێبێکی بەناوی «ڕەشەکوژی ڕۆبۆسکیەوە» چاپکردوەو لە چاوپێکەوتنێکی پێشتریدا لەگەڵ ‌ لەساڵی ٢٠١٤دا ڕایگەیاند کە «ئەردۆغان بەرپرسە لەڕەشەکوژیەکە».

لەچاوپێکەوتنێکی تایبەت بە ‌هاوڵاتی دا هۆکاری دەرکردنی لەتورکیا و چیرۆکی ساڵێک ژیان لەگەڵ پەکەکەو بیروڕاکانی لەسەر تورکیاو پەکەکەو هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.

‌هاوڵاتی: هۆکاری دەستگیرکردن و دەرکردنت لەتورکیا چیبوو؟

فرێدریکە: دوای ئەوەی لەسێپتەمبەری ٢٠١٥دا لەگەڵ گروپێکدا خۆپیشاندانێکمان کردو  بەربەستێکی مرۆییمان دروستکرد لەناوچەی یوکسیکۆڤا لەشاری هەکاری، لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی تورکیاوە دەستگیرکراین و ئاگادارکراینەوە ئەو ناوچەیەی ئێمە لێیبوین هاتنە ناوەوە بۆی قەدەغەبوە. لەڕاستیدا من ئاگاداری ئەوە نەبووم کەچونە ناوچەکە قەدەغەبوە، ڕەنگە گەر بمزانیبایە نەچومایەتە ئەوێ، لەوانەشبوو هەر ڕۆشتبام! بەهەرحاڵ ماوەی دوو شەو لەگەڵ ٣٠ کەسی تر بەو هۆکارە دەستگیرکراین.

دوابەدوای بەربوونم، بەتۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و با ری مەدەنی و مەترسییەک لەسەر تەندروستی گشتی» لەلایەن دوو جەندرمەی تورکەوە برام بۆ ڤان و لەوێوە بەرەو ئیستەنبوڵ و سواری فڕۆکەیەک کرام و نێردرامەوە بۆ ئەمستەردام.‌هاوڵاتی: کەی گەڕایتەوەو چۆن پەیوەندیت بەپەکەکەوە کرد؟

فرێدریکە: دەمویست بگەڕێمەوە بۆ باکوری کوردستان. دوای دوو مانگ لەدەرکردنم، لەنۆڤەمبەری ٢٠١٥دا گەڕامەوە. کاتێک گەڕامەوە بیرۆکەیەکی شێتانەم بۆ هات کەساڵێک لەگەڵ پەکەکە بەسەربەرم و کتێبێک لەو بارەیەوە بنوسم. یەکەم ڕۆژنامەنوسی بیانیم کە بۆ ماوەیەکی وا دوورودرێژ لەگەڵ پەکەکە مابێتمەوە. هەوڵمداوە لە کتێبەکەمدا وەک ڕۆژنامەنوسێک هۆکاری چەکهەڵگرتنی پەکەکەو هەبونی ژنێکی زۆر لەو هێزەداو باسی منداڵەکانی تەمەنیان ژێر 18 ساڵە لەو هێزەدا بخەمەڕوو.

پەکەکە لەبەرانبەر مانەوەو کارکردن لەسەر کتێبەکەم وەک ڕۆژنامەنوسێک لەگەڵیان تەنها یەک داواکارییان لێم هەبوو ئەوەش ئەوەبوو کە لەو ڕێنماییە ئەمنیانە لانەدەم کە بۆم دادەنێن و منیش داواکەیانم جێبەجێکردو کێشەیان لەگەڵم نەبوو. زیاتر هەوڵمدەدا لەگەڵ گەریلاکان بدوێم وەک لەفەرماندەرەکانی پەکەکە، بەڵام لەگەڵ هەندێک لە پلەباڵاکانیش قسەمکردووە.

‌هاوڵاتی: ڕات چیە بەرانبەر بەفیکری پەکەکە؟ پێت وانیە بەدروشمی وەک «بێ سەرۆک ژیان نابێت» شێوازێک لە شەخسپەرستی و چەقبەستوویی فیکری لەنێو ڕێخراوەکەدا بونی هەبێت؟

فڕێدریکە: پەکەکە توانی فیکری سیاسیی خۆی لەساڵی نەوەتەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بگۆڕێت دوای ئەوەی بینیان چۆن سۆسیالیزم لەمەیدانی سیاسیدا فەشەلی هێناو بوو بەهۆکاری دروستبوونی حوکمی تۆتالیتاری و ڕەشەکوژی. گۆڕانکاری فیکری لەپەکەکەدا زۆر ڕوویداوە، هەتا پەکەکە لەئێستادا خەونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی تێپەڕاندوە. بەڕای من پەکەکە گۆڕانکاری فیکری بەردەوامی بەخۆیەوە دیوەو هیوادارم ڕۆژێک ببینم دەوڵەتێکی تورکیا نەختێک وەک ئەوان بتوانن لەهەڵەو شکستەکانی خۆیانەوە فێرببن و واز لەو فیکرە فاشیستەیان بهێنن.

زۆر لەگەڵ گەریلاکاندا لەسەر دروشمی  «بێ سەرۆک ژیان نابێت دواوم». ئەوان زیاتر وەک کەسێک بیر لە ئۆجالان ناکەنەوە و چەمکی سەرۆک وەک هەموو ئەو بیروباوەڕو پرینسیپانە دەبینن کەئۆجالان دروستیکردوە. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کەسەرۆک نەمێنێت ئەمانیش نامێنن، دروشمەکە سومبولی فیکری ئۆجالان و بەرخودانە. هەندێک لەگەریلاکان وا هەستدەکەن کەبون بەپەکەکە ژیانێکی نوێیان پێبەخشراوە و ئەمەش بەهۆی ئۆجالانەوە بووە.

‌هاوڵاتی: ئایا پەکەکە منداڵی ژێر ١٨ ساڵان وەک گەریلا وەردەگرێت؟ ڕات لەسەر ئەمە چیە؟

فرێدریکە: چاپتەرێکی کتێبەکەم تایبەتکردووە بەم باسە. بەکورتی، کاتی خۆی وامدەزانی هەرکەسێک بچێتە چیاکان و ببێت بەپەکەکە لەوێ شەڕ دەکات و دەکوژرێت. بەڵام لەڕاستیدا سەرانسەری کوردستان ئاشتی تێدا نیەو حوکمی زۆرداری لەهەموو جێیەک هەیە. باشوری کوردستان لەم ڕووەوە جیاوازیی هەیە بەڵام لەوێش سیستەمی حوکمڕانی گەرەنتی ژیانێکی ئازاد ناکات، بۆ نمونە گەر لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەکاندا نەبیت ئەگەری بەدەستخستنی کارێکی باشت کەمە.

گەریلاکان دەڵێن لە ١٤ و ١٥ ساڵیەوە دەکرێت یەکێک ببێت بەگەریلا، ئەمە لەوانەیە لای ئێمە فیکرێکی بێمانابێت بەڵام ئەوان پێیان وایە تاکەمتر لەسیستەمی سەرمایەداری بمێنیتەوە زیاتر دەستەمۆی دەستی سەرمایەداری دەبیت. کاتێک قسەم لەگەڵ جەمیل بایک کرد ئەمەی ڕەتکردەوەو وتی ئێمە لەئێستادا گەریلاکانمان تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٣٥ ساڵانن. بەڵام لەڕاستیدا دەستنانێن بەڕووی خەڵکی ژێر هەژدە ساڵەوە گەر زۆر منداڵ نەبێت بەڵام سەرەتا وانەیان پێدەوترێت و ڕاهێنانیان پێدەکرێت تادەگەنە تەمەنی ١٨ ساڵان ئینجا دەبرێنە بەرەی شەڕ. یاسایە کەهیچ گەریلایەک لە ەرەی شەڕ نیە کەژێر ١٨ ساڵان بێت.

هاوڵاتی: ڕات چیە بەرانبەر پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیاو پەکەکە؟ هەرێم چۆن دەتوانێت هاوسەنگی ڕابگرێت لەنێوان پاڵپشتیکردنی کوردانی باکورو بەرژەوەندیەکانی لەگەڵ تورکیادا؟

فرێدریکە: پەیوەندی هەرێم و تورکیا جێی شەرمە. بارزانی سەربەخۆیی دەوێت بەڵام بەتەواوی پەیوەستە بەتورکیاوە. گەر ئەردۆغان بیەوێت سبەی دوکانی شمەکەکانی کوردستان بەتاڵ دەکات، هەرێمی کوردستان تەواو دەستی بەستراوەتەوە. هەرێم ڕێگا دەدات سوپای تورکیا بێت لەهەرێمدا مانۆڕی سەربازی بکات و هێرش بکاتە سەر دێهاتە کوردەکان. باخوێنەران ئەم هەڵسوکەوتەی هەرێم هەڵبسەنگێنن.

هەرێمی کوردستان ناتوانێت هاوسەنگی بەم شێوەیە ڕابگرێت. گەندەڵی هێندە سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستانی تەنیوە کە بەهیچ شێوەیەک ناتوانن پاڵپشتی گەلەکەیان لە باکور بکەن. هەموو وشەیەکی پاڵپشتیی باشور بۆ باکور، هەموو شاندێکی باکور کەدەیبینن، شانۆییەک زیاتر هیچی تر نیە. گەر گۆڕانکاریەکی سەرتاسەری لەباشور ڕوونەدات ئەمە ناگۆڕدرێت، منیش پێشبینی گۆڕانکاریەکی وا ناکەم.

 

پرۆفایل

فرێدریکە گیردینک لەساڵەکانی نێوان ١٩٨٨ و ١٩٩٢دا لەهۆڵەندا کۆلێجی ڕۆژنامەوانی خوێندوەو دوابەدوای ئەوە لەچەند گۆڤارێک لەهۆڵەندا کاری کردوە.

لەساڵی ٢٠٠٠-ەوە وەک ڕۆژنامەنوسێکی سەربەخۆ دەستی بەکارکردوە.

ساڵی ٢٠٠٦ ڕوودەکاتە تورکیاو لەوێ لەچەند شارێکی جیاواز کاردەکات و دوایی دەچێتە ئامەدو وەک تاکە ڕۆژنامەنوسی بیانی لەوێ کاردەکات.

لەساڵی ٢٠١٦-٢٠١٧ ماوەی ساڵێک وەک ڕۆژنامەنوسێک مایەوە لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە.

ئێستا لەهۆڵەندا جێگیرەو خاوەنی دوو کتێبە لەسەر کورد:

-ڕەشەکوژی ڕۆبۆسکی (٢٠١٤)

- ئەم ئاگرە هەرگیز نامرێت – ساڵێک لەگەڵ پەکەکە (٢٠١٨) کە لەئێستادا بەهۆڵەندی چاپدەکرێت و بەمنزیکانە بڕیارە بۆ ئینگلیزی وەربگێڕدرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار