قۆناغی پاش هێرشی مووشەکی.. ئێران رێگای دەرچوون دەگرێت
5 ساڵ لەمەوپێش
ئامادەکردنی: هاوکار جەلال
پاش چەندین مانگ لەگرژییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران، کەدەگەڕێتەوە بۆ مانگی مایسی ٢٠١٩، دوای چەندین گەڕی هەڕەشەو جەنگی ساردو میدیایی؛ دواجار گرژی راستەوخۆی نێوانیان لەکۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩و سەرەتای کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ پێی نایە قۆناغێکی ئاڵۆزتر. گرژییەکان تەنها سزا ئابورییەکانی ئەمریکا نییە، بەڵکو هەوڵەکانی ئێرانیش بۆ بێزارکردنی ئەمریکا بەهێرشکردنە سەر کەشتییەکانی لەکەنداوی عومان، خستنە خوارەوەی درۆنێکی ئەمریکی لەمانگی حوزەیران و زیاتر لەدەستەیەک هێرش بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا لەعێراق.
بەرپرسانی کۆشکی سپی پێیان وایە؛ زۆر کاریان لەپێشە بۆ ئارامی جیهان. دوا پێشهاتەکانیش پێمان دەڵێت؛ وادیارە ئێران مەسجەکەی وەرگرت و نایەوێت گرژییەکان زیادبکات لەناوچەکە، پاش تۆڵەکردنەوەی کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودسی شۆڕشی ئیسلامی ئێران قاسم سولەیمانی، کە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە کاتێک کۆماری ئیسلامی (١٨) موشەکی ئاڕاستەی دوو بنکەی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق کرد. راستییەکە ئەوەیە هیچ قوربانییەک دەرنەکەوت کە هەژماربکرێت لەئەنجامی هێرشی ئێرانییەکان.
لەئێوارەی رۆژی چوارشەممە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لەشاشەی تەلەفزێۆنەوە پەیامێکی بڵاوکردەوەو وتی « ئێران بێدەنگ دەردەکەوێت، ئەمەش شتێکی باشە بۆ لایەنەکانی ناوچەکە کەنیگەران بوون». هەروەها وتی « بۆ ماوەیەکی زۆرو گەڕانەوەی بەهەمانشێوەی ١٩٧٩ نەتەوەکان دەبوو ئارامبگرن لەسەر وێرانکاری و هەڵسوکەوتە ناجێگیرەکانی ئێران لەناوچەکەو سەرووتر، ئەو رۆژانە تێپەڕین».
لەکاتێکدا زۆرێک لەشارەزایان پێشبینییان کرد، کەئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە چاوەڕێ دەکات، بەڵام کەمتر لەهەفتەیەک چاوەڕێی کردو پێچەوانەکەی ئەنجامدا. هەروەها شارەزایان پێشبینی ئەوەشیان کرد کەسەرکردەکانی ئێران ئامانجیان رەتکردنەوەیەکی قایلکەر بوو بۆ هەر کردارێک، دواتر بەشانازییەوە باسیان لەو تۆڵەسەندنەوەیە دەکرد.
ئێلشیڤا ماکلیس، مامۆستای زانکۆی (بار ئێلان) لەشاری رامات لەوڵاتی ئیسرائیل و پسپۆر لەکاروباری عێراق، ئێران و ئیسلامی شیعە، پێش هێرشەکەی ئێران بەڕۆژنامەی (جویش نیوز سیندیکات JNS)ی وت « ئەوە روونە کەئێران شتێک دەکات لەپاش هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر رەمزو پێکنەرێکی گرنگی کۆماری ئیسلامی. پرسیارەکە ئەوەیە کەی و چۆن؟»
هەروەها ماکلیس وتی « ئێران ناخوازێت راستەوخۆ هیچ کاردانەوەیەک یاخود گرژییەک ئەنجامبدات و هەوڵدەدات ئەوەندەی بکرێت دەستی خۆی پیس نەکات، بەڵکو کاربکات لەڕێگەی بریکارە جیاوازەکانی لەناوچەکە.» بەڵام لەوکاتەدا پێچەوانەکەی ئەنجامدا.
سەبارەت بەهەڕەشەکانی ئێران لەمەڕ «خاپورکردنی شارەکانی تەلئەبیب و هەیفا» راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل یعقوب ئەمیدرۆر لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە لەلایەن پەیمانگای جوو بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رێکخرابوو بە (JNS) وت : ئیسرائیل پێش ئەوەی هیچ بڕیارێک بدات پێویستە چاوەڕێ بکات و ببینێت چی روودەدات.
هەروەها وتیشی «ژیرانە نییە» گفتوگۆ لەسەر بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل بۆ هەرهێرشیکی ئێران بکرێت.
روونیشیکردەوە؛ کە بۆ ماوەیەکی زۆرە ئیسرائیل لەڕووبەڕووبوونەوەدایە لەگەڵ ئێران لەسوریا، هەروەها نیازیان وایە؛ لەهەر هەلومەرجێکدا کەهەستییان کرد بەهێزن شەڕی زەمینی بکەن و ئامانجی سەرەکییان وەستاندنی ئێرانە لەبیناکردنی مەکینەی شەڕ لەسوریا. «لەئەگەری روودانی هەر هێرشێک نابێت بڕیاری پێشوەختە بدەن.»
یۆل گۆزانسکی توێژەر لەپەیمانگای دیراساتی ئاسایشی نەتەوەیی بەڕۆژنامەی (جویش نیوز سیندیکات JNS)ی وت؛ ئەو باوەڕی وایە کوشتنی قاسم سولەیمانی بڕیارێکی باش بوو، زۆر دواکەوت، دەبوو دەیەیەک پێش ئێستا لەناوببرایە. ئەو بڕیارە ژیانی زۆرێکی پاراست بەتایبەتی عەرەب.
مردنی سولەیمانی گۆڕانکارییەکان لەیەمەن خێرا دەکات، کەدەتوانێت هانی حوسییەکان بدات بچنە دانووستان لەگەڵ سعودیە. ئەمە بەهەموو شێوەیەک پڕۆسەکە خێراتر دەکات.
بەر لەهێرشەکەی ئێران بۆ سەر دوو بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا لەعێراق، گۆزانسکی پێشبینی کرد وتی « ئێران دەیەوێت بەشێوەیەک تۆڵەبکاتەوە، کەئەمریکا توڕەو بێزار نەکات.» دواتر بینیمان ئەم بۆچوونەی گۆزانسکی وەڕاست گەڕا.
توێژەرەکە وتیشی هیچ لایەک خواستی شەڕی نییە، ئێران ئامانجی تۆڵەسەندنەوەیە بەشێوەیەک کە زۆر نەرم بێت و ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکاش بۆ رێگایەک دەگەڕێت پشێوی دروستنەبێت و هۆکارێکی هەبێت بۆ وەڵامنەدانەوە. هەتا ئێستا هیچ هاوڵاتی و سەربازێکی ئەمریکی نەکوژراون، ئەوە خاڵێکی ئەرێنییە بۆ ئەمریکا کاردانەوەی نەبێت.
ئەگەر ئێران سەربازێکی ئەمریکا بکوژێت؛ ترەمپ ناچارە وەڵامی هەبێت، ئێرانیش ئەوە دەزانێت، بۆ ئەو مەبەستە هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی دووربێت لەو بەربەرەکانێیە.
کۆتایی ئامانجی پڕۆژە ٢٠، ٣٠، ٥٠ ساڵییەکەی ئێران
لەهەمانکاتدا ئەمریکا خەریکی پڕۆژەی وەستاندنی چەکی ناوەکییە. لەلێدوانێکیدا دۆناڵد ترەمپ رۆژی چوارشەممەی ٨ی کانوونی دووەم ٢٠٢٠، رایگەیاند «ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ راستەوخۆ سزای ئابووری زیاتر دەسەپێنێت بەسەر رژێمی ئێران.»
هەروەها ترەمپ هەڕەشەی لێدانی (٥٢) ئامانجی ئێرانی کردو وتی ئەمریکا هێزی سەربازی زیاتری بڵاوەپێکردووە، لەئەگەری کاردانەوەی ئێران. مەبەستی ئامادەبوونی هێزێکی ئاسمانی ئەمریکایە لەویلایەتی یووتاه، وەک نمایشێکی سەربازیی دەریخست کەتیمێکی (٥٢) فڕۆکەیی جۆری F-35AII Lightning پێشکەوتووترین فڕۆکەی جەنگییە لەئەمریکا، کە یەک لەدوای یەک دەگەنە ئامانجەکانیان.
لەساڵی ٢٠٠٧، کاتێک فەرماندەی سوپای پارێزگاری شۆڕشی ئێسلامی ئێران عەبدولڕەزا شەهلایی، کە لەهێرشێکی هێزەکانی ئەمریکا لەیەمەن کوژرا، گوایە لەکوشتنی حەوت سەربازی ئەمریکایی بەرپرسیار بووە، کە لەو هەفتەیەدا بەتوندی لەمیدیاکان باسی لێوەدەکرا، دواتر ئەمریکا ئامادەیی چارەسەری نیشاندا.
دامەزرێنەرو بەڕێوەبەری کارگێڕیی سەنتەری ئەمریکی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ راپۆرت و شیکاری سێت فرانتزمان، بە(جویش نیوز سیندیکات JNS)ی وت “ئامانجی هێرشەکەی ئێران سەرەتا بۆ نمایشە کەخاوەنی تەکنەلۆجیایەو دەتوانێت هێرش بکاتەسەر بنکەکانی ئەمریکا.»
لەهەمانکاتدا، ئێران خۆی بەدوور دەگرێت لەقوربانیدان، چونکە کاتێک یەکێک لەمیلیشیاکانی بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوشت، لەتۆڵەی ئەوەدا ئەمریکا دوو دەستە لەئەندامانی میلیشیاکانی کوشتەوە. کاتێک ئێران ستافێکی ئەمریکی کوشت؛ پەیامێکی دا بەئەمریکا کە ناوچەکە جێبهێڵن، بەڵام ئەمریکا پەیامێکی جێهێشت کەدەتوانێت هەمان شت دووبارەبکاتەوە.
ئێران دەیەوێت دڵنیابێت لەگەڕانەوەی سەر بڵندی لەمەڕ مردنی سولەیمانی بەبێ روودانی شەڕی گەورە لەناوچەکە، بەڵام ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دەزانن کەدەتوانێت هێرش بکاتەسەر دامەزراوە نەوتییەکان لەسعودیە، وەک ئەوەی لەڕابردوودا ئەنجامیدا.
فرانتزمان پێی وایە ئێران هۆکاری پشێوی ناوچەکەیە بەدرێژایی (٤٠) ساڵ، هەروەها تاران دەیەوێت وڵاتانی عێراق، لوبنان و یەمەن دابەشبکات لەڕێگەی بریکارەکانییەوە.
ناکۆکی و پێکدادان لەناوچەکە لەبەرژەوەندی ئێران نییە، بەڵکو بەردەوامی پڕۆسەی کۆنتڕۆڵی ئەو وڵاتانە لەبەرژەوەندی ئێرانە.
هەر شەڕێکی قورس لەناوچەکەدا دەتوانێت ئامانجی پڕۆژە (٢٠، ٣٠، ٥٠) ساڵییەکەی ئێران پەکبخات، بۆیە دەبێت وریا بێت.
سەرەڕای خۆهەڵکێشان و خۆ بەگەورە زانینی، ئێران دەزانێت کەتوانای جەنگی رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکای نییە، دەبێت بەوریاییەوە مامەڵە بکات، لەبەرئەوەی نایەوێت دوژمنایەتی ئەو ئیدارەیە بکات.
سەرەنجام
ژینگەی سیستمی کۆمەڵگەی نێودەڵەتی لەم قۆناغەدا پەیوەستدارە بەجوڵەی ئەکتەرەکانی. لەڕوانگەی بیردۆزی ریالیزمەوە دەکرێت رووداوەکانی پەیوەست بەپرسی نێوان ئەمریکا-ئێران لەڕێگەی جوڵەکانیانەوە پێشبینی بکرێت. کردەوەکانی ئێران نیشانمان دەدات، کەدەخوازێت بگەڕێتەوە دۆخی ئاسودەیی ئەویش بریتییە لەجەنگی بریکاری و خۆی دەپارێزێت لەجەنگی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا. لەهەمانکاتدا لەپێداگیرییدا دەمێنێتەوە لەسەر خواستەکانی کەهەوڵدانە بۆ وەدەرنانی هێزەکانی ئەمریکاو بێزارکردنیان لەڕێگەی گروپی جیاوازو پشێوی دروستکردن لەناوچەکە. هاوکات ئەرکی سەرەکی ئەمریکا هێشتنەوەی وڵاتانی ناوچەکەیە لەهەمان دۆخدا، پاشان ترسی راستەقینەی ئەمریکا جەمسەرێکی گەورەی جیهان کەڕوسیایە نەک ئێران.
سەرچاوەکان:
1.https://www.clevelandjewishnews.com/jns/post-missile-attack-iran-takes-off-ramp-as-america-aims/article_10c52c15-12dc-53fe-bfec-27636db34f3b.html
2.Post-missile attacks, Iran takes an off-ramp as America aims for de-escalation - JNS.org